وتوو وێژ له گه‌ڵ شاعیر‌و نووسه‌ر حه‌سه‌ن ئه‌مینی
ـ شێعر چۆن پێناسه ئه‌که‌ن؟
ـ
گه‌ڵێ وڵام هه‌یه‌و هه‌بوه بۆ ئه‌م پرسیاره
که روبه‌ڕووی هه‌رکه‌س بوه‌ته‌وه هه‌وڵی داوه وڵامێکی پڕ به
پێستی خۆی بۆ ببینێته‌وه،
مادام که رووبه‌ڕووی منیش بوه‌ته‌وه ده‌بێ بڵێم : له وشه‌دا
شێعر له شعووره‌وه هاتوه به‌ڵام که‌س به‌وه داناکه‌وێ که
وشه‌که له‌چییه‌وه هاتبێ و له کوێوه دامه‌زرابێت هه‌موو له
ژێر کاریگه‌ری ئه‌وه‌دان که به شێعر چی ده‌کرێت و له راستیدا چی
لێ دێته به‌رهه‌م؟! به بۆچوونی من شێعر:
کۆی عه‌قڵانییه‌ت، زاده‌ی
هه‌ست و هه‌بوونی گه‌نجینه‌ی وشه‌و شێوه چنین و ده‌ربڕینی
هونه‌ریانه‌یه، که له خودئاگای
هه‌ر مرۆفێکدا به نیسبه‌ت ئه‌و که‌سه‌وه کۆکراوه‌ته‌وه.
من له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه نیم له ناخودئاگاوه شێعر ئیلهام بکرێ
و ده‌رپه‌ڕێت! ئه‌وه‌ی که مرۆڤ خۆی له‌و حاڵه‌ته روحانی
وئاسمانییه‌دا ده‌بینێت شتێکی دیکه‌یه که نه‌ک هه‌ر شێعر
به‌شه‌کانی دیکه‌ی ژیانیش ئه‌گرێته‌وه که نموونه‌مان هه‌ر له
ئاخافتنه‌کانی رۆژانه‌دا زۆره ئه‌وه‌ی که ده‌ڵێ "دڵێکم ئه‌ڵێ بچم
نه‌چم، داویه له
دڵم بچم یان زۆر نموونه‌ی دیکه.
ئه‌وه‌مان له بیر نه‌چێت شێعر به‌رهه‌می نۆ مانگه‌و نۆ رۆژه‌ی
شاعیره، شاعیریش ئینسانه‌و له دایک بووی کۆمه‌ڵێک هه‌ست و حه‌ز و
خۆشه‌ویستییه و ناتوانێ له‌وه‌ی ئه‌یبینێ و له‌وه‌ی ئه‌یبیسێت بێ
به‌هره‌بێت! به شێوه‌یه‌کی دیکه‌ش جیاوازی شاعیروخه‌ڵکی ئاسایی
له‌وه‌دایه خه‌ڵکی ئاسایی راپۆرت له ره‌قیب یان ئه‌ده‌ن به‌ڵام
شاعیر گوزارشت له هه‌ر هه‌موو کۆمه‌ڵگا ئه‌داو ره‌نج ومه‌ینه‌تی
یه‌کان و خۆشی وبه‌شاره‌ته‌کان ئه‌ڵێته‌وه، به‌ڵام به زمانی
شێعره‌وه.
ـ له شێعردا فوڕم وناوه‌رۆک چ ده‌ورێک ده‌بینن؟
ـ
هه‌ر په‌یامێک که تۆ وه‌ری ئه‌گری یان به‌ڕێی ئه‌که‌یت له دوو
به‌شی فوڕم وناوه‌رۆک پێکهاتوه که ئه‌کرێ کورتی که‌ینه‌وه سه‌ر
دوو وشه‌ی چۆن وتن و چێ وتن. له شێعردا ئه‌م دوانه ئه‌بنه
لفه‌ودوانه، دیاره بۆچوون و بیروڕای زۆر هه‌یه له سه‌ر ئه‌م
بابه‌ته‌ونامه‌وێ سه‌ر له‌نوێ منیش هه‌مان شت دووپات که‌مه‌وه.
ئه‌وه‌ی که ده‌مه‌وێ زیادی بکه‌م ئه‌وه‌یه: که به‌لای منه‌وه
هه‌موو نووسه‌رو بێژه‌رو داهێنه‌رو خوڵقێنه‌رێک له گۆڕه‌پانی
هونه‌روئه‌ده‌بدا وه‌ک په‌یام یه‌ک شت ده‌ڵێن ئه‌ویش ئه‌مه‌یه
"چاکه چاکه وخراپه خراپ" پێم وانیه که‌س ببێ بڵێ زوڵم باشه و
زاڵم پیاوێکی چاکه، هه‌موو هه‌ر کۆمه‌ڵگایان هان داوه
دادپه‌روه‌رو لایه‌نگری هه‌ژار و بێ ده‌ره‌تانه‌کان بن، به‌ڵام له
چۆن وتندا جیاوازی هه‌یه، که ده‌بێ بیشبێت! که هه‌مان فوڕمه‌و
له‌راستیشدا جه‌وهه‌ره‌ی سه‌ره‌کی شێعر پێک دێنێت.
رووداوێک روو ئه‌دا وه‌ک
کوشتنی کچێک، وه‌ک کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه، وه‌ک دیتنی ره‌وت
وله‌نجه‌ی شۆخێک، یان بیستنی هه‌واڵێکی جه‌رگبڕ که ئه‌مه
ده‌بێته هه‌وێنی بابه‌تێک و بیانووی هونه‌ر نواندن. دیاره
مامۆستایه‌ک له قوتابخانه‌و مێحرابدا به‌شێوه‌ی سوخه‌نڕانی و
وته‌بێژی بۆچوونی خۆی ده‌رئه‌بڕێت، نقاشێک به په‌نجه‌ی
ئه‌یره‌نگێنێت و به زمانی ره‌نگ دێته ده‌نگ. شاعیرێکیش به شێعر
هه‌ستی خۆی ده‌ر ئه‌بڕێت. جا لێره‌دا که وشه‌ی شێعر دێته ئاراوه
چاوه‌ڕوانی یه‌که‌یش ده‌گۆڕدرێ و من وه‌ک خوێنه‌رێک ئه‌و
چاوه‌ڕوانییه‌م هه‌یه که تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی شێعر له هه‌ر
هه‌مان په‌یام دا له به‌رچاوگیرابێت!
نموونه‌یه‌ک؛ هه‌ر کات که خۆر هه‌ڵدێت یان ده‌که‌وێ له ئاخافتنی
ئاسایی‌دا ده‌ڵێن (که به‌یانی خۆر که‌وت) ئێسته شاعیرێکیش
ده‌یه‌وێ هه‌مان په‌یام به شێعر بگه‌یه‌نێت ده‌ی له روانگه‌ی
منه‌وه ئه‌گه‌ر شاعیره‌که‌یش هه‌ر ئه‌و ئاخافتنه سواو وئاساییه
بڵێته‌وه دیاره هونه‌رێکی نه‌کردوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وتی (که
به‌یانی گزنگ و زه‌وی ده‌سله‌ملان بوون) ئیتر لێره‌دا هه‌موو
خوێنه‌رو بیسه‌رێک ئه‌زانن که ئه‌م ده‌ربڕینه لایه‌نی فوڕم یان
جل وبه‌رگی هونه‌ری گۆڕاوه ئه‌گینا له په‌یامدا هه‌ر هه‌مان
پیره په‌یامی پێشوه.
نازانم بۆچی ئێمه ئه‌وه‌نده شته‌کان له خۆمان ئاڵۆز ئه‌که‌ین.
شێعر هونه‌ره‌و هونه‌ریش وشه‌یه‌کی یونانیه‌و به مانای "توانینی
چاک" ه پێم وابێ ساکارترین و له راستیشدا جوانترین شێوه که
باسی چمکی هونه‌ری کردبێ که شێعریش جه‌وهه‌ری سه‌ره‌کی یه‌که‌ی
هونه‌ره"تولستۆی" وتوویه‌تی که
ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر که‌سێک گورک ببینێ هونه‌ر نیه لێی بترسێ،
به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاته‌وه‌و له گه‌ڕه‌ک دا و له ناو دۆست
وهه‌ڤاڵانیدا سیما‌و هه‌یبه‌تی گورگه‌که‌ی گێڕاوه‌و ئه‌وانه‌ی
له‌ده‌وری دا گوێبیستی بوون
لێی ترسان ئه‌وه هونه‌ره!! که وای گێڕاوه‌ته‌وه ئه‌وان
که نه‌یشیان دیوه له گورگ ترساون. که‌وابوو ناوه‌رۆک بته‌وێ
ونه‌ته‌وێت هه‌ر هه‌یه له شێعردا فوڕمه که جوانکاری شێعری
ده‌نه‌خشێنێت. شاعیری کتێبی گوڵباران له باتی ئه‌وه‌ی درێژدادڕی
بکاو په‌یام شرۆڤه‌و شیبکاته‌وه‌و هیچێک بۆ خوێنه‌ر
نه‌ێه‌لێته‌وه، کاتێک ده‌یه‌وێ بڵێ: خۆره‌تاو به‌تیشک وتاوی
سه‌هۆڵی سه‌ر رێگاوبان ئه‌توێنێته‌وه به جوانی فوڕمی هه‌ر ئه‌و
په‌یامه ئه‌گۆڕێ وده‌ڵێ "کاتێ هه‌تاو به‌سته‌ڵه‌کی کرده‌گریان".
فه‌رهاد پیرباڵ ده‌ڵێ (ناوت نابه‌م نه‌با به بای ئه‌م وه‌رزه
ده‌رده‌داره هه‌ڵبزرکێی) دیاره ئه‌م نهێنیکارییه‌و ناو نه‌بردنه
گه‌ر ورد سه‌رنج بده‌ین ده‌بینین زیره‌کانه ناویشی بردوه و ده‌بێ
لایه‌نی به‌رانبه‌ری "گوڵ" بێت که به بای ده‌رده‌دار
هه‌ڵئه‌وه‌رێ! له شێعرێکی ئه‌خه‌وان سالس دا که گورگ وسه‌گ
پێکه‌وه چه‌له‌حانێ ئه‌که‌ن که گورگه‌که دێته قسه تۆ وه‌ک
بیسه‌روخوێنه‌رێک له ده‌وری قورسی نێوماڵیشدا سۆزی زریان وکڕێوه‌و
تۆفی کوێستان به جوانی هه‌ست پێ ده‌که‌ی، ئه‌مه ئه‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ سه‌ر ئه‌و توانایی و شاره‌زاییه که شاعیر به سه‌ر وشه‌دا
هه‌یه‌تی.
ئه‌مانه‌و ده‌یان و سه‌دان نموونه‌ی له‌م چه‌شنه هه‌یه که
ئه‌مه به‌شێک له فوڕم پێک دێنن و به‌شه‌کانی دیکه‌ی فوڕم
هه‌رکامه‌و ئه‌رکی خۆیان له ئه‌ستۆیه وه‌ک سڕینه‌وه‌ی
نیشانه‌کان(ئاشنایی زودایی) بواری دارشتن(ساختار) وگه‌لێ تکنیک و
سه‌لیقه‌ی دیکه.
ـ ده‌کار کردنی وشه‌ی ره‌سه‌ن وناره‌سه‌ن چۆن ئه‌بینی؟
ـ
وشه تاقه که‌ره‌سه‌ی به‌رده‌ستی شاعیره بۆ سازکردنی ئه‌و جۆلانێ
وباخچه‌و به‌راوه‌ی که نازدارانی تێدا ئه‌حه‌وێنێته‌وه، یان ئه‌و
چه‌ک و چۆڵه‌ی که به گژ نه‌یارانی گه‌ل وخاک و مرۆڤایه‌تیدا دای
ئه‌هێنێته‌وه، دیاره هه‌مووی وشه‌یه‌و
بێجگه له وشه هیچی دیکه شک نابات، به‌ڵام لێره‌یشدا
دیسان هه‌ر فوڕم ده‌وری سه‌ره‌کی ئه‌بینێت پێش هه‌موو شتێک وشه
تازه‌و کۆنه‌ی نیه‌و مڵکی که‌سیش نیه به‌ڵکوو گرێبه‌ست و
قه‌راردادی نێو قامووسی ئه‌و میلله‌ته‌یه که ئه‌وشاعیره به
زمانی ئه‌وان بابه‌ته‌که‌ی ئه‌هۆنێته‌وه، ئه‌وه‌ی که ئێمه شێعر
ئه‌ڵێین یان زمان ئه‌پارێزین؟!! خۆی جێی تێڕامانه؟!
قسه‌و باسی زۆر له‌سه‌ره
ئه‌گه‌ر ده‌ستبردن بۆ په‌ڕه‌ی ناسکی شێعر به مه‌به‌ستی پاراستنی
وشه‌ی ره‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌که‌ت و زیند راگرتنی زمانی زکماکی
گه‌له‌که‌ت بێت! دیاره لایه‌نی شێعریت دابه‌زاندوه‌و له‌وانه‌یه
له‌بیریشت به‌رێته‌وه ئه‌وتۆزقاڵه هه‌سته که دنه‌وهانده‌ری
ئه‌وکاته‌ت بوو شێعر بنووسی به‌ڵام ئه‌گه‌ر شێعر بڵێی وله‌و
نێوه‌یشدا بۆت ره‌خسابێت و توانی بێتت وشه‌یه‌کی جوان وره‌سه‌ن له
شوێنی خۆیدا دابنێی ره‌نگه کارێکی پیرۆزت کردبێت. له چیرۆکێکی
کاک حسه‌ین شێربه‌گی دا دیم له باتی "گوشی" ده‌ڵێ
(ته‌له‌یفوونه‌که زه‌نگی لێدا خێرا بیستۆکه‌که‌ی هه‌ڵگرت) که له
باتی گوشی( بیستۆک) ی هێناوه‌ته کایه‌وه که به لامه‌وه زۆر
جوان بوو.
له لایه‌کی دیکه‌وه گه‌ر چاو له پرسیاره‌که بکه‌ین ره‌نگه زۆر
گرینگ نه‌بێت بچیه شه‌ڕی ره‌سه‌ن وناره‌سه‌ن! یان ئه‌رکی سه‌رشانی
شاعیر نه‌بێت پارێزه‌ری زمان وداب ونه‌ریت و به گشتی وه‌ک
باخه‌وانێک فه‌رهه‌نگ وان بێت یان زمانه‌وان بێت.
به‌ڵام زۆر گرینگه که وه‌ک وه‌ستایه‌ک وشه له کوێدا وکه‌ی و
به چ مه‌به‌ستێک دابنێ و دایبه‌زێنێت، مه‌وله‌وی ئه‌ڵێت (فیراقت
قامه‌ت کردن وه‌که‌مان) هونه‌ر له هه‌ڵبژاردنی"فیراق وقامه‌ت"
دایه که وه‌ها شێعرێکی جوان ئه‌خوڵقێ ئاخۆ ئه‌گه‌ر مه‌وله‌وی
بیوتایه‌ت (دووریت باڵامی چه‌ماندوه‌وته‌و هه‌ر وه‌کوو گۆچان
وکه‌مان) هه‌رگیز ئه‌و تام وچێژه‌ی ئێستای بوو!؟ ئێسته با
که‌سانێک ببن وهه‌ر بڵێن وشه‌کان کوردی نین و عه‌ره‌بین! هه‌ڵبه‌ت
به‌ومانایه نیه که شاعیر هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی نیه‌و وشه‌ی
کوردی وه‌لاوه ئه‌نێت! لێره‌دایه هونه‌رو ده‌سه‌ڵات و تواناکانی
شاعیر خۆ ئه‌نوێنێت، له به‌شێکی دیکه‌یشدا ئێمه به حوکمی
ئه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگستانێکمان نیه شوێنێکی جێی باوه‌ڕ پێکراوی
هه‌موومان بێت نیمانه ئێمه وه‌کوو شاعیرونووسه‌ر ناته‌واوی
زمانمان هه‌یه، گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه زۆربه‌ی نووسینه‌کانی
ئه‌وانه‌ی باوه‌ریان به پاراستنی زمان وخزمه‌ته فه‌رهه‌نگی
یه‌کان هه‌یه ده‌بینین قاره‌مانی نێو چیرۆکه‌کانی چیرۆک‌نووسان و
ئاخافتنی زۆربه‌ی که‌سایه‌تیه‌کان هه‌ر هه‌موویان له فه‌زاو
مه‌کانێکی لادێ ودێهاته‌کاندا دوورناکه‌ونه‌وه که پوست
مودێڕنه‌کان پێیان وایه که‌م نووسه‌رانه ناسیونالیستێکی تۆخ
وبه‌رچاوته‌نگن! که‌چی ده‌بینین وایش نیه له به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه
زمانی شارستانی ومودێڕنمان لاوازه‌و گه‌ر بێتوو پاڵه‌وانێکت
سه‌ردانی نێو بازاڕ‌و شه‌قام و پاساژێک بکات به سه‌دان که‌ره‌سه
ده‌بینێ و پێی خۆشه بیکرێت، به‌ڵام به داخه‌وه ناوه‌که‌ی نازانێ
چی یه یان ئه‌گه‌ر بیش زانێت شک وگومانی هه‌یه هه‌ر ئه‌وه
بڵێته‌وه که خه‌ڵک ده‌یڵێن یان بۆ خۆی ناوێکی بۆ دیاری بکات؟!
ئه‌ویش فه‌رامۆش نه‌کرێت که ئێمه له گه‌ڵ میلله‌تانی دراوسێمان
وه‌ک فارسه‌کان له بابه‌تی زمانه‌وه گه‌لێ تێکڵاوی بنه‌ره‌تیمان
هه‌یه نموونه‌یه‌کی ساکار: باران له تاران ده‌بارێ ولای خۆیشمان
هه‌رده‌بارێ شێوه‌ی نووسینیشیان هه‌ر وه‌ک یه‌که شاعیر به چیدا
بزانێ کوردییه یان فارسییه!؟ ئه‌زانم هه‌موو ده‌ڵێن ده‌بێ ئه‌و
شاعیره ئه‌وه‌نده شاره‌زایی هه‌بێت به سه‌ر زماندا ئه‌وجار شێعر
بهۆنێته‌وه! ده‌ی ئه‌گه‌ر وابێ ده‌بێ هه‌موو کۆنینه‌ناس و
زمانه‌وانێک شاعیر بن!
من پێم وابێ سه‌به‌بی ئاڵۆزی وکێشه‌که به نسبه‌ت ئه‌م
پرسیاره‌ته‌وه ئه‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه وه‌کوو کورد
خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و ئاڵاوباڵای خۆمان نین که به‌شی ئه‌رته‌شی
پارێزده‌ری له سنووره‌کان وهه‌رێمی بکات و لایه‌نی فه‌رهه‌نگی جل
وبه‌رگی ره‌سه‌ن، زمانی ره‌سه‌ن، رسته‌ی ره‌سه‌ن، وشه‌ی ره‌سه‌ن،
زه‌ق کاته‌وه‌و لایه‌نی ئابووری پشتیوانی ئابووری خۆی بکات و به‌شی
مێعماریش به‌ردوخشتی خۆی بتاشێت و هه‌ر هه‌موویان پێکه‌وه
سیماوروخساری گه‌ل و وڵات بپارێزن.
که ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی ناوم بردن به ده‌سه‌ڵاته‌وه له
گۆڕه‌پانی کرده‌وه‌دا ببوایه‌تن ره‌نگه گه‌لێ چاوه‌روانی وئه‌رکی
نه‌ریتی داسه‌پاو به سه‌ر شێعردا نه‌مابایه یا خود
چاوه‌ڕوانییه‌کان ئاڵوگۆری به‌سه‌ردا بهاتایه وشاعیر شێعری هۆنی
بایه‌و دارتاش داری بتاشیایه‌و وه‌ستایش دیواری دانابایه! دیاره
شاعیریش به‌ره‌وبه‌رهه‌می ئه‌وکۆمه‌ڵگایه گه‌لێ جاریش له پێناو
گه‌شه‌و نه‌شه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی گیانیشی به‌خشیوه، به‌ڵام گه‌ر
ناشاره‌زایانه داواکاری هه‌بێت و ناشاره‌زایانه به‌رهه‌م پێش
که‌ش بکرێت هه‌ر ئه‌وه‌ی ئێستای لێ دروست ئه‌بێ که هه‌ر به کوردی
کردنی هێلکه‌ی کوردی وماستی کوردی ونانی کوردی. پێمان وایه
زمانمان پاراستوه! به گشتی ئێمه پێبه‌ندی سیاسین هه‌تا پێبه‌ندی
شێعروشاعیری!! شێعر ئه‌ڵین بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌تمان کردبێت که
ئه‌مه له مێژووماندا نیشانی داوه شێعریش وسیاسه‌تیشمان خه‌سار
کردوه چون له شوێنی خۆیدا نه‌مانکردوه.
که من پێم وایه وا چاکه قه‌ڵه‌م ده‌وری خۆی ئه‌وه‌نده بگێڕێ
که خاوه‌ن قه‌ڵه‌م تێ‌بگا له کام ژانده‌وه باشتر ئه‌توانێ هه‌ستی
خۆی ده‌رببڕێت گه‌ڵێ بابه‌ت هه‌یه ره‌نگه له شێعردا نه‌گونجێ
یان باڵی ناسکی شێعر توانای هه‌ڵگری ئه‌و فوڕم و ناوه‌رۆکه‌ی
نه‌بێت. چ ده‌بێت گه‌ر له سه‌رسه‌کۆیه‌کی تره‌وه له مینبه‌رو
تریبوونێکی دیکه‌وه ده‌نگ هه‌ڵبڕین و سکاڵا‌و دادوگازنده‌کانمان
گه‌یه‌نینه گوێی به‌رانبه‌ره‌که‌مان!؟
ـ له هونه‌روئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌ی کوردا بۆچی شاعیر زۆر‌و رێژه‌ی
لایه‌نگرانی زۆرتره؟
ـ یه‌کێک له خه‌ساره‌کانی بێ ده‌سه‌ڵاتی و سه‌ربه‌ست نه‌بوونی
هه‌ر گه‌ل ونه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌م به‌شه‌ی ئه‌ده‌بیاتدا خۆ ئه‌نوێنێت
ره‌نگه له لای گه‌لێ که‌س زۆر گرنگ نه‌بێت، به‌ڵام له راستیدا
نیشانه‌ی سه‌ره‌کی بێ ئاڵاوباڵایی
پێوه دیاره‌و به‌رده‌وامیش به درێژایی مێژوو بوه‌ته
کۆسپێک له به‌رده‌م گه‌شه‌و نه‌شه‌ی هونه‌روئه‌ده‌بیاتی کوردی.
نه‌ک هه‌رله لای ئێمه‌ی کورد، به‌ڵکوو له نێو هه‌موو میلله‌تێکی
جیهاندا هه‌روایه‌و وایش بوه. تۆ که هیچ بوارێک وده‌رفه‌ت
وده‌رتانێکی دیکه‌ت نه‌بوو بۆ ده‌ربڕینی نیازه‌ده‌روونی یه‌کانت
ناچاری له رێگه‌ی ئاسانترین و ره‌ساترین تریبوون ومینبه‌ره‌وه
پێوه‌ندی له گه‌ڵ خه‌ڵک بگری. هه‌ر وه‌ک مێژوومان ده‌ڵێت: هیچ
تریبوونێکی ئه‌وتۆ بۆ ئێمه له بواره‌کانی هونه‌ری وه‌ک شانۆ،
سینه‌ما، خۆشنووسی وێنه‌کێشان و وێنه‌گری نه‌ره‌خساوه بۆمان،
راسته ئه‌توانی دووربین وفڵچه‌یه‌ک وقه‌ڵه‌م خه‌تێک له گه‌ڵ خۆدا
هه‌ڵبگری به‌ڵام له‌وه گرنگتر هه‌بوون وره‌خسانی گۆڕه‌پان و شوێنی
پێوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ بینه‌روبیسه‌ردایه که به داخه‌وه نه‌مان
بوه. یان که‌ره‌سه‌و ئامرازی پێویست که به ده‌گمه‌ن تۆ وه‌ک
قوتابی یه‌ک ئه‌توانی دابینی بکه‌ی! بۆ کێشانی تابلۆیه‌ک ره‌نگ
وپارچه‌و چوارچێوه بۆ شانۆ جل وبه‌رگ ودیکۆڕو شوێن، بۆ مۆسیقا
ئامێر به‌ڵام بۆ شێعر تۆ ده‌توانی پاکه‌تی جگه‌ره‌که‌ت که ته‌واو
بوو له سه‌ر به‌رێکی کاغه‌زه‌که‌ی بینووسیته‌وه‌و به‌ره‌که‌ی
دیکه‌یشی بۆ جار وبه‌رهه‌مێکی دیکه دابنێیت!!
دیاره هه‌ر له نه‌بوونی ئه‌و فه‌زا نه‌ره‌خساوه‌یه که ئێمه چ
وه‌ک خوڵقێنه‌روداهێنه‌ر چ وه‌ک خوێنه‌روبیسه‌ر هه‌میشه حه‌زمان
له به‌رهه‌مێک بوه زوو به زوو له‌دایک ببێ وببێته مامه
ره‌حه‌ی که‌لیخان و کاروانچی و رێبواران رزگاربکات وله هه‌مان
کاتیش‌دا هه‌رزه‌کارێکی گه‌نم ره‌نگی ده‌نگ خۆش و هه‌روه‌ها پێاوێکی
پاڵتاو له‌به‌روچاویلکه له چاوی سیاسی بێت!
که ئه‌مه ئه‌گه‌ر له روانگه‌ی ره‌وانناسه‌کانه‌وه چاوی لێ
بکه‌ی هه‌ڵگری ئه‌و نه‌خۆشیه‌یه که ئێمه هه‌رگیز هه‌ست به
ئه‌منیه‌ت و ئاسایش ناکه‌ین وهه‌میشه وا ئه‌زانین هه‌ر ئێستا نا
تاوێکی دیکه دۆخه‌که وا نامێنێت و هه‌ر به قوت بوونه‌وه‌ی
میکروفۆنێک ده‌مانه‌وێ هه‌موو شته نه‌وتراو ونه‌کراوه‌کان بڵێین
وئه‌نجامی بده‌ین له به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه به شیری هه‌ڵه هه‌ڵ
وپه‌له‌په‌ل گۆچ کراوین و ناچاره‌ن رۆحێکی پارتیزانی وچریکی یان
به‌سه‌ردا زاڵ کردوین. هه‌ر بۆیه له سه‌ر جاده‌یه‌ک و ناو
قاوه‌خانه‌یه‌ک و بنه به‌ردێک و ته‌نانه‌ت ناو تاکسییه‌کیش
هه‌ر ئه‌وه‌نه هه‌لمان بۆ هه‌ڵکه‌وتبێت ویستوومانه
هه‌مووقسه‌کانی دڵی خۆمان بکه‌ین وه‌ک ده‌رزی پنسترین ویستوومانه
زوو به زوو شوێن دانه‌ر بێ و چه‌پڵه‌ی به په‌له‌ی خۆمان وه‌ر
بگرین.
دیاره له وه‌ها کات وساتێکدا ته‌نیا وته‌نیا شێعر ئه‌ویش له
شێوه‌ی نه‌زم ودورشمه‌که‌ی وڵامده‌رو هانده‌رو سووتێنه‌رو
رووخێنه‌ربوه! راسته‌و ئه‌وه حاشا هه‌ڵنه‌گره که له گوڤاره
وحه‌وته‌نامه‌کان که ناوه ناوه سه‌ر هه‌ڵ ئه‌ده‌ن و داده‌خرێن
هه‌میشه شێعر داباریوه به سه‌ریان دا، له‌م سه‌رده‌مه‌ی وێبلاک
وماڵپه‌ڕوئینترنێتیشدا هه‌مان شێوه به‌دی ئه‌کرێت، زۆر دوور
نه‌ڕۆین هه‌ر له شاری خۆماندا
بۆ نموونه سه‌ردانی به‌شی هونه‌ری ماڵپه‌ڕی چل چه‌مه بکه
لایه‌نی شێعر جێی نابێته‌وه، به‌ڵام وتارێکی لێکۆڵینه‌وه که
ئێمه وه‌کوو کورد له هه‌موو سه‌رده‌مێکدا پێویستیمان پێی بوه
به ده‌گه‌ن ده‌نووسرێت. بۆچی؟ چون له وتارێکی وادا ده‌بێ
به‌ڵگه‌و دیکومینت هه‌بێت ده‌بێ خوێندنه‌وه‌ی زۆرتر له
نووسینه‌که‌ت کردبێت ده‌بێ سه‌رچاوه بناسێنی!! به‌ڵام بۆ شێعر تۆ
ده‌توانی ده‌ڕابه‌ی چاوت داکێشیته خواره‌وه‌و له ده‌لاقه‌ی
نیوه‌تاکی په‌نجه‌ره‌که‌وه هه‌رچی پێت خۆش بوو بیڵێی
و دایبارێنی به سه‌ر بازاڕوکۆڵان و شه‌قام دا!! له به‌ر
ئه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه‌یه‌ک نیه و هه‌زارویه‌ک رێگه‌ی راکردن
وده‌ربازبوون و ته‌وجیهکردن هه‌یه.
ـ له لای هه‌ندێ که‌س ئه‌گه‌ر سۆزی نه‌ته‌وایه‌تی ورۆحی نیشتمانی
له شێعردا نه‌بینن به شێعری نازانن بیرورای ئێوه چۆنه؟
ـ
له کۆڕێکی ئه‌نجومه‌نه‌کاندا بوو جارێکیان به‌ڕێزێک ئه‌مه‌ی درکان
و وتی: که شێعر نابێ هه‌ر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێبکه‌ی که
کوردبێت وکوردایه‌تی بکات. که ئه‌وده‌م له کتێبخانه‌ی گشتی سه‌قز
کۆ ده‌بوونه‌وه‌و من بۆ خۆم یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی ئه‌و کۆڕه بووم
که ئه‌موت (شێعر بێ کاوه بڕوسقاوه) و وامان ده‌زانی هه‌ر
باسکردنی کورد‌و کوردستان ده‌بێته شێعرێکی جوان که توندترین
چه‌پڵه‌یشمان پێ وه‌رئه‌گرت و زۆر جار هه‌ر له به‌ر ئه‌وه له
سه‌فی تاکسی و نانیشدا رایان نه‌ده‌گرتین! که ئه‌گه‌ر هه‌ر باس
کردنی ئه‌و کێشه نه‌ته‌وایه‌تیه له وتارێکیشدا بوایه ده‌کرا
چه‌پڵه‌ی شیاوی خۆی پێ وه‌ربگریت! و رۆح وسیمای هونه‌ری شێعریش
که‌م ره‌نگ نه‌بێته‌وه، به‌کورتی، من له‌و بروایه‌دام ئه‌گه‌ر له
پشتی شه‌ڕگه‌یه‌کدا له خه‌سته‌خانه‌و نێو خه‌باتکارانی برینداردا
ئێواره‌شێعرێک سازبکرێ چاوه‌ڕوانی من وه‌ک بیسه‌روبینه‌رێک له
هه‌رکام له‌و خه‌باتکاره شاعێرانه ئه‌وه‌یه شێعر به پێوانه‌و
ئایه‌ره‌ی هونه‌ری یه‌وه بڵێن نه‌ک هه‌ر ئه‌وه زه‌ق کرێته‌وه
که وا ئه‌م به خوێن و گیانی به‌رزترین شێعری هۆنیوه‌ته‌وه!
ئه‌و کێشه‌یه‌یش باست کرد له کۆنه‌وه هه‌ر بوه وشاعیران به
رێچکه‌و رێبازی جیاوازه‌وه هاتوونه‌ته ئاراوه. ئه‌گه‌ر له
سه‌رده‌می خۆیدا و له کوردستانی گه‌رمێن حاجی قادری کۆیی هه‌ستی
نه‌ته‌وایه‌تی هێنایه‌وه نێو ئه‌ده‌بیات و فه‌رمووی:
(مه‌علوومه بۆچی حاجی
مه‌دحت ده‌کا به کوردی
با که‌س نه‌ڵێ
به کوردی نه‌کراوه مه‌دحی باری)
ته‌نانه‌ت له‌وه زیاتریش
شۆڕده‌بێته‌وه به ناخی باسه‌که‌داو له هاندانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک
داوله وه‌شاندنی تۆوی باوه‌ڕ به‌خۆ بووندا
ده‌ڵێ:
(گوردی شانامه پاکیان کورده
کافی ئه‌م ساف
وکافی ئه‌و ورده)
له لایه‌کی دیکه‌یشه‌وه
مه‌وله‌وی مان هه‌یه‌و
ئه‌وانه‌ی روانینی وه‌ک ئه‌ویان هه‌یه
که‌متر له به‌روبه‌ردرگای ماڵه‌باوکی عه‌نبه‌ر خاتوون
دوورکه‌وتوونه‌ته‌وه‌و له‌وانه‌یه له زیاره‌تی خانه‌قاو دیوانی
مه‌وله‌وی دا هیچ خه‌مێک و سته‌مێکی میللی هه‌ست پێ نه‌که‌ی!
به‌ڵام به حه‌ق لایه‌نی هونه‌ری یان ئه‌تباته لووتکه‌و هه‌زار
به هه‌زاره‌کانی هه‌ورامان.
له کوردستانی ئێرانیشدا "سه‌یفولقوزات وه‌ک باوکی شێعری
نه‌ته‌وایه‌تی ونیشتمانی چاولێ ده‌کرێ و ئه‌م شۆڕشه نیشتمانی یه
لێره‌یش بلێسه‌ی هه‌ر بوه دیاره هاوکات له گه‌ڵ"سه‌یفولقوزات"
یش دا"میسباح ئه‌ده‌ب" هه‌بوه که ئه‌و زۆرتر لایه‌نی فوڕم
وهونه‌ری به‌لاوه گرنگ بوه ئه‌وه‌یه ئێمه وه‌کوو کورد
ئه‌زموونی دوو روانگه‌ی جیاوازمان هه‌یه ئێستایش له‌م چاخ
وسه‌رده‌مه‌دا هه‌مان روانگه هه‌یه‌و هه‌ر یه‌ک به بۆچوونی خۆی
کاروکۆششی بۆ ئه‌کا. به‌ڵام لایه‌نێکی دیکه‌یش بۆ چوونێکی
جوانیتریش به‌رده‌وام
شان به شانی ئه‌م دوانه‌ی تر هه‌بوه‌وهه‌یشه ئه‌ویش:
تێکه‌ڵ کردنی فوڕم ومه‌حته‌وایه که له لێکدانه‌وه‌ی به‌رهه‌می
ئه‌و قه‌ڵه‌مانه‌ی که په‌یڕه‌وی ئه‌م بۆ چوونه‌ن ئه‌وه
ده‌سه‌لمێ که فورم ومه‌حته‌وا ته‌واوکه‌ری یه‌کترن که له
شێعره‌کانی مامۆستا "هێمن"، "شێرکۆ" و "په‌شێو" له‌م ده‌وروبه‌ره‌ی
خۆیشماندا "جه‌لال مه‌له‌کشا" ئاسۆ ئه‌مین گه‌ردیگلانی و...
دا ده‌یبین.
ـ سه‌بک وشێوازه‌وقاڵب هه‌تا چه‌نده گرینگی هه‌یه به‌لاته‌وه؟
ـ
سه‌رده‌مێک بوو له هه‌ر کۆڕێکی ره‌خنه‌وهه‌ڵسه‌نگاندن دا یه‌که‌م
پرسیار که رووبه‌ڕووت ئه‌بوه وه ئه‌وه بوو به چ سه‌بکێک
ئه‌نووسی؟ دیاره بیسه‌روبینه‌ر حه‌قی خۆیه‌تی بزانێت تۆ چۆن
ئه‌نووسیت به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ئێمه هه‌موو فکروزکرمان بکه‌ینه
ئه‌وه‌ی به کامه سه‌بک ده‌نووسیت یان نانووسیت؟ پێم وابێ باوی
نه‌ماوه له به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌بک وشێوازه‌کانی نووسینیش وه‌ک
هه‌موو سه‌بکه‌کانی دیکه‌ی ژیان له ئاڵوگۆڕدان هه‌ر که‌س به هه‌ر
شێوه‌یه‌ک که خۆی به باشی ئه‌زانێت ئه‌توانێت بنووسێت دیاره
ئه‌وانه‌ی شاره‌زای بواره‌نووسینه‌کان خۆیان ده‌زانن قه‌ڵه‌میان
له کوێ ئاو ئه‌خواته‌وه. ئه‌وه‌ی راستی بێت ئێمه پێش ئه‌وه‌ی
بنووسین ده‌بێ بخوێنینه‌وه‌و بزانین کۆمه‌ڵه‌که‌مان له گه‌ڵ چ
شێوه‌و سه‌بکێک له نووسیندا دێنه پێوه‌ندی گرتن ودیالۆکی نوسه‌رو
خوێنه‌ر دروست ده‌بێت؟
نه‌ک هه‌ر له نووسیندا به‌ڵکوو له به‌شه‌کانی دیکه‌ی وه‌ک
مێعماریدا ئێمه ده‌بینین شێوه‌مێعمارییه‌ک له‌م ساڵانه‌دا
گه‌یشته وڵات وناوچه‌که‌مان وهه‌رکه‌س خانووی ساز ئه‌کرد یه‌که‌م
پێشنیار‌و نیازی ئه‌وه بوو که چێشتخانه‌که‌ی بکاته ئوپێن که
وشه‌که ئینگلیزی یه‌و به مانای کراوه وبازه که پیاوی کورد
دوای ته‌واو بوون له‌نێو هاڵ و هۆده‌که‌دا پاڵی به جێوبانه‌که‌وه
ئه‌داو چای هه‌ڵدوقوڕان ته‌حه‌مولی ئه‌وه‌ی نه‌بوو که له پشوێن
به‌ره‌وژووری هاوسه‌ره‌که‌ی ومنداڵه مێ ینه‌کانی له
چێستخانه‌که‌وه لای میوانه‌کانی دیاربێت هه‌ر بۆیه ئێسته که
سه‌رنجی ئه‌وماڵانه ئه‌ده‌ی هه‌موویان به په‌رده‌و به
مه‌وجه‌کۆن گرتوویان وتازه لێیان بوه‌ته کورده‌نامووسی ئه‌گینا
به خشتی کاڵیش بوایه هه‌ڵیان ئه‌چنی!! که هه‌رئه‌م شێوه
مێعماری یه کاتی خۆی له ئورووپادا له به‌ر ئه‌وه‌ی ژن وپیاو
هه‌ردوو له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ به رۆژدا خه‌ریکی ئیش کردن بوون
مێعماران وتیان له به‌ر ئه‌وه‌ی بۆشای دووری رۆژانه که‌م
بکه‌ینه‌وه ئه‌و دیواره‌ی به‌ینی هاڵ وچێشخانه‌که‌یان لابه‌رین
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌تا ژنه‌که له کاتی هاتنه‌وه‌یدا هه‌تا
چێشت وچایی یه‌که ساز ده‌کا کات به فیڕونه‌چێ و ئه‌و دوو
هاوسه‌ره چاویان له یه‌که‌وه بێت. له شێوه‌ی جل وبه‌رگیشدا
هه‌مان شت هه‌یه شه‌ڵواری په‌نجه‌و پینه‌کراو که به تایبه‌ت
سه‌ر هه‌ردوو چۆک و سمته‌کان به قایش پینه‌کراوه کاتی خۆی
خوێندکاران له هاوده‌ردی کردن له گه‌ڵ کرێکاران وچه‌وساوه‌کاندا
له زانکۆکان‌دا وه‌ک حه‌ره‌که‌تێکی سیاسی له پێیان کرد نه‌ک بۆ
مودی کوڕانی ئێمه له ده‌وری "هه‌ڵۆ"و پاساژه‌کاندا!! له کاتی
شه‌ڕی عاله‌میدا "دادایسته‌کان" به نیشانه ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕین
له‌و شه‌ڕه وتیان ئێمه وه‌کوو نووسه‌ر رۆژانه ده‌ست ده‌که‌ین
به ناو ته‌لیسێک وشه‌دا هه‌رچی به‌ده‌ستمانه‌وه هات له ته‌نیشتی
یه‌ک دای ده‌نێین وه‌ک رۆژنامه بڵاوی ده‌که‌ینه‌وه وده‌ینووسین
ئه‌م سه‌بکه بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی سیاسی بوو نه‌ک ئه‌وه‌ی
ببێته سه‌بک ومنی کورد لێره ئه‌ده‌بیاتی پێ بکه‌م! که ئه‌گه‌ر
نووسه‌ری ئێمه به ئاگاهی وشاره‌زایی له سه‌بک وشێوازه‌کانیش
ئه‌وکاره بکا دیسان هه‌ر جێی شوکره!
رئالیست ورۆمانتیک و
سیالیزهن"شاڵاوی بیر" و... هه‌مووی له گۆڕه‌پانی زه‌ینی
خه‌ڵکی ئێمه‌دا ئه‌سپی خۆیان تاوداوه بۆ خه‌ڵک وخوێنه‌ر
ئاشنان، من ئه‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم دیاره هه‌موو سه‌بک وشێوازێک
هه‌یه به‌ڵام هونه‌ری نووسه‌ر له‌وه‌دایه هه‌تا بیدۆزێته‌وه که
به‌کام شێوه ئه‌توانێت پێوه‌ندی چڕ‌وپڕ له گه‌ڵ کۆمه‌ڵگاکه‌ی
دروست بکا. بۆ نموونه شاڵاوی بیر که گه‌لێ نووسه‌ری جیهانی وه‌ک"
گابریه‌ل مارکز" له "سه‌دساڵ ته‌نهایی "دا توانیویه‌تی له گه‌ڵ
گه‌لانی جیهان یه‌ک له‌وانه میلله‌ته‌که‌ی خۆی
پێوه‌ندی باشی پێ دروست بکات به‌ڵام ئاخۆ به‌و تاریفه که
له شاڵاوی بیر کراوه‌و به‌و مانایه تۆ ده‌توانی وده‌کرێت هه‌رچی
به مێشک‌دا هات له‌سه‌ر کاغه‌ز دایبه‌زێنی ده‌کرێ له لای ئێمه له
کوردستانی ئێران دا
ته‌نانه‌ت له نێو خه‌ڵکه‌که‌مان دا بوار بۆی ره‌خساوه یان نا؟
یان هه‌تا چه‌نده ئه‌و شێوازه توانیویه‌تی سه‌رکه‌وتوو بێت ؟
له بابه‌ت قاڵبیشه‌وه پێم وانه‌بێ رێگر بێت ئه‌وه ده‌سه‌ڵات
وتوانایی نووسه‌وروشاعیره که ده‌ری ئه‌خات هه‌تا چه‌نده
سه‌رکه‌وتوه له‌و بواره‌دا نه‌ک قاڵب،
به‌رهه‌می جوان له چوارچێوه‌و حوڕریه‌ت ناترسێت!
ـ
وه‌ک دواین پرسیار وه‌رگێران چی دێنێته ژوانی گه‌له‌که‌مان؟
ـ
وه‌رگێڕان وه‌ک له ناوه‌که‌یڕا دیاره‌وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مێکه له
زمانێکه‌وه بۆ زمانێکی دیکه ئه‌مه کارێکی پیرۆزه‌و باشترین
رێگه‌یه بۆ ئاشنا بوونی نووسه‌روشاعیر له ئاستی ئه‌ده‌بی
وهونه‌ری جیهان هه‌ر وه‌ها ناساندنی توانا‌و داهێنانه‌کانی شاعیران
و نوسه‌رانی گه‌له‌که‌مانه به جیهانێکی به‌ربڵاوتر. لێره‌یشدا
دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر سه‌لیقه‌وهه‌ڵبژاردن و ده‌سه‌ڵات
وتوانایه‌کانی شاعیرونووسه‌ر، که چی هه‌ڵبژێرێت بۆ وه‌رگێڕان؟!
له‌م رۆژانه‌دا گه‌لێ
بابه‌ت به تایبه‌ت بابه‌ته فکریه‌کان لێره‌وله‌وێ وه‌رگێڕه‌کان
وه‌ری ده‌گێڕن وکتێبخانه‌ی کورده‌واری پێ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌که‌ن
به‌ڵام ئاخۆ هه‌رگیز سه‌رنجی ئه‌وه‌یان داوه هه‌تا چه‌نده خه‌ڵک
خوێنه‌ریه‌تی ؟ له لایه‌کی دیکه‌یشه‌وه ئێمه شێعری "هه‌ڵۆی
به‌رزه‌فڕ" ی پووشکین مان هه‌یه که کاتی خۆی خانله‌ری وه‌ری
گێراوه‌ته سه‌ر زامه‌نی فارسی و مامۆستا هه‌ژارو سواره‌یش
کردوویانه‌ته کوردی که‌چی وه‌ک ده‌بینین هیچ که‌س هه‌ست به‌وه
ناکات که ئه‌م به‌رهه‌مه وه‌رگێرانه له‌وانه‌یه لای ئه‌وانه‌ی
هه‌ژار سیزمن به گوناحی بزانن ئه‌گه‌ر بڵێی وه‌رگێرانه، له
شێعره‌کانی عه‌بدوڵا په‌شێویش دا گه‌لێ بابه‌تی وه‌رگێڕان هه‌یه
له دیوانی مامۆستا قانع گه‌لێ شێعری ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی تێدایه که
هی ئیره‌ج میرازان و که‌س به ته‌رجومه‌ی نازانێت دیاره مه‌به‌ستم
ئه‌وه‌یه به‌رهه‌مێک که پڕ به پێسی نیازه ده‌روونی یه‌کانی
خه‌ڵک بوو زۆر به جوانی وه‌ر ئه‌گیرێت که ده‌بێ وه‌رگێڕانی ئێمه
ئه‌م خاڵه له به‌ر چاو بگرن.
ـ جارێکی دیکه سپاس بۆ به‌شداریت له‌م دیمانه‌یه‌دا
ـ
منیش سپاسی ئێوه‌و هاو‌ڕێیانت ده‌که‌م
ئاماده کردنی : دڵنیا محه‌ممه‌د ئه‌مینی
سه‌قز خه‌زه‌ڵوه‌ری 1386
|