وتووێژ


ئه‌نسکلۆپێدیای ناسیۆنالیزم

وتووێژ له‌گه‌ل حسێن قوربانی و سابیر ئاریا

ئا: خه‌بات رۆحانی

ئه‌نسکلۆپێدیای 1500 لاپەڕەیی ناسیونالیسم لە لایەن چەند ڕوناکبیر و وەرگێڕی ڕۆژهەڵاتی لە دەستی وەرگێڕان دایە ئەم ئه‌نسکلۆپێدیایه‌ له‌ ژێر چاودێری ئێلێکساندێر ماتیل به‌رهه‌م هێنراوه‌‌ و بە داخوازی ده‌زگای توێژینه‌وه‌ و بڵاوکردنه‌وه‌ی موکریانی لەلایەن ئەم بەڕێزانەوە بۆ دەوڵەمەند کردنی کتێبخانەی کوردی لە دەستی ئەنجام دایە بۆیە لە وتووێژێک لەگەڵ بەڕێز سابیر ئاریا، یەکێک لەم وەرگێڕه‌رانه‌ و بەڕێز حسێن قوربانی، نووسەر و ڕوناکبیر سەبارەت بەم پرۆژەیە وتووێژێکمان هەبوو.

• بەڕێز کاک سابیر ئاريا دەکرێت لە سەرەتادا کورتەیەک لە ئەزموونی خۆتان لە نووسین و وەرگێڕان لە چاپەمەنیەکانی ڕۆژهەڵاتدا بومان باس بکەن؟

• سابیر ئاريا:

من سەرەتا کاری وەرگێڕانی خۆم بە وەرگێڕانی کورتە چیرۆک دەست پێ کرد چەند کورتە چیرۆکێکم لە نووسەرانی گەورەو بەرچەڵەک کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو مەنسووری یاقوتی و عەلی ئەشرەفی دەرویشیانم وەرگێڕایەوە سەر زمانی کوردی کە لە بەڵاڤۆکەکاندا بڵاو کرایەوە بەڵام خۆم زۆرتر هۆگری فەلسەفە و کۆمەڵناسی سیاسی بووم هەر بۆیە لەم بوارەشدا بەشێوەیه‌کی شێلگیرانەتر دەستم کرد بە وەرگێڕان کە چەند وتارێکم لە نووسەرانی بەناوبانگی ئێرانی و بیانی وەرگێڕایەوە کە لە ڕۆژنامەکانی سیروان و ڕۆژهەڵات و ئاسۆدا بڵاو کرانەوە هەروەها بۆ خۆشم چەند وتارێکم لە بەستێنی فەلسەفەدا نووسی کە زۆرتر لەسەر ئەندیشەی مارکسیستی و قوتابخانەی فرانکفورت بەتایبەت ئەندیشەکانی بیرمەندی گەورە هێربێرت مارکۆزە بوو.

• وەرگێڕانی وەها ئه‌نسکلۆپێدیایه‌کی دەوڵەمەند بۆ ئێوە چەندە گرینگ و چەندە پڕ زەحمەتبووە؟
• سابیر ئاريا:

بێگومان وەرگێڕان کارێکی وەها گەورەو گرنگ بۆ من هەم گرنگ بوو وە هەم پڕ زەحمەت چۆنکوو باسی ئەم کتێبە لەسەر ناسیونالیسم بزاڤەکان کەسایەتیەکان و مژارەکانە کە باسێکی زۆر گرنگ و هەستیارە بەتایبەت بۆ ئێستەی کوردستان کە پرسی ناسیونالیسم پرسی گرنگ و پڕ دەنگە. ئەم کتێبە لە سێ بەرگ پێک هاتووە کە بەرگی سێهەمی بەدەستی منەوەیە بەرگی سێهەم لە پانسەد و حەفتاد و یەک لاپەڕە پێک هاتووە کە نزیک حەوت مانگە بەردەوام لەسەری کار دەکەم کە نزیک بە سێسەد و پەنجا لاپەڕەیم وەرگێڕاندۆتەوە و هەوڵ دەدەم لە زووترین کات پاشماوەکەشی وەرگێڕم بۆ سەر زمانی کوردی و هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیک دا بە دەستی خوێنەرانی بگات

• کاک حسێن بەخێر هاتنتان دەکەین، ئێوە چ پێویستیەک دەبینن بۆ بزاڤی وەرگێڕان لە کوردستاندا؟ وەرگێڕان دەتوانێت چ کاریگەریەکی هەبێ لەسەر ئاستی ڕۆشنبیری کوردستاندا؟

• حسێن قوربانى:

دیارە وەرگێڕان نەک تەنها بۆ گەلەکەمان گەلی کورد، بەڵکوو بۆ هەموو نەتەوەکان، بۆ هەموو گەلان تەنانەت پێشکەوتووترین گەلانیش پێویستە، بۆ ئەوەی کە ئاگاداربن لە ڕەوتی فێکری و زێهنی و ئەدەبیات و هۆنەر و زانستی گەلانی تر. لەڕاستی دا وەرگێڕان پێویستیه‌کی مرۆڤیە بۆئەوەی کە هەموو ئێنسانەکان لە هەموو شوێنەکاندا و هەموو گەلەکان بە باشی لێک تێبگەن بەرهەم و بەهرەمەندیەکانی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا ئاڵوگۆڕ بکەن. دیارە وەرگێڕان بۆ گەلانی دواکەوتووتر واتە گەلانی جیهانی سێهەم و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە هۆی جۆراوجۆرەوە لە کاروانی زانست زۆرتر بەجێماون پێویستیه‌کی زۆرترە تاکوو بتوانن لە دەسکەوتی گەلانی پێشکەوتووتر وە گەلانێ کە خاوەنی شارستانیەتێکی مرۆڤی ترن باشتر کەڵک وەربگرن ئەمە بەتایبەتی بۆ خەڵکی کوردستان پێویست ترە وەکوو گەلێک کە هیشتا وەکوو پێویست نەیتوانیوە لە هەموو پارچەکانی دا ئەوجۆرەی کە پێویستە بێ بە خاوەنی ئەدەبیات و زانست و کتێبخانەی دەوڵەمەندی شیاوی خۆی، ئێمە ئەگەر بین گەلی کوردستان لەگەڵ گەلانی دراوسێمان دا بەراورد کەین دەبینین کە ئەگەر لە باشوور بە دوور بینەوە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دا تەنانەت کەمتر تاکەکان لەگەڵ زمان و ئەدەبی خۆیاندا بەباشی ئاشنان، بۆیە بەبڕوای من وەرگێڕان بۆ خەڵکی کوردستان، بۆ دەوڵەمەند کردنی کتێبخانەی کوردی وە بۆ ئەوەی کە بەهرەمەند بێ لە زانست و شارستانیەتی گەلانی پێشکەوتوو وە بۆ ئەوەی خۆی بگەیێنی بە ئەو ئاستەی پێشکەوتوویی گەلانی تر زۆر زۆر پێویستە.

• ئاستی نووسین و وەرگێڕان لە کوردستاندا بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بە تایبەتی، ئێوە چۆنی هەڵدەسەنگێنن؟

• حسێن قوربانى:

ئەگەر ئێمە بین لە بابەتی ڕێژەییەوە هەڵیسەنگێنین دیارە لە دەیەی ڕابردوودا ئاستی وەرگێڕان چۆتە سەرەوە، واتە زۆر کەس لەوانەی کە هەست بە دڵسۆزیان کردووە دەستیان داوەتە وەرگێڕان، دیارە ئەو پرۆژەیە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانی زۆری لێ کراوە بەڵام وەک دەزانین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دا بەتایبەت لە دەیەی ڕابردوودا گەشەی سەندووە کە وەکوو ئاماژەم پێکرد بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پشتیوانیەی کە لەودیو لەم چەشنە پرۆژانە دەکرێت بەڵام ئەگەر لە بابەتی چۆنیەتیەوە ئاستی وەرگێڕان هەڵسەنگێنین، لە ڕاستی دا بە هۆی ئەوەی کە زۆرکەس دەستێوەردانی کردووە، زۆر کەس بە هۆی جۆربەجۆرەوە، بۆ دڵسۆزی بێت یان بۆ بەدەسهێنانی هەندێک بەهرەمەندی مادی بێت دەستیان بە وەرگێڕان کردووە کە ئەمە بۆ خۆی بۆتە هۆی ئەوەی زمانێکی ڕێک و پێک لە وەرگێڕان دا نەبینین وە هەرکە بۆ خۆی تەنانەت دەست بکات بە وشە تاشین و بەکارهێنانی وشە و بۆیە جۆرێک سەرلێشێوایی لە خوێنەر دا دروست دەبیت کە بۆ نموونە بۆ خوێندنەوەی هەر دەقێک تۆ دەبێت لەگەڵ فەرهەنگۆکی ئەوکەسەی کە وەریگێڕاوەتەوە وە یا ئەو کەسەی کە نووسیویەتی ئاشنا بیت کە ئەوە بۆخۆی دیارە جۆرێک سەرلێشێواوی دروست کردووە وە ئەوە لە ڕاستی دا خاڵی لاوازی وەرگێڕانە لە هەموو بەشەکانی کوردستان دا کە دەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێ.

• دیارە وەرگێڕانێکی بەهێز پێویستی بە شارەزاییەکی تەواو هەیە لە هەردوو زماندا بە تایبەت وەک دەزانین دۆزینەوەی هاوتای گونجاو و ڕەسەن بۆ چەمک و مژارەکان بەمەبەستی وەرگێڕانێکی بەهێز ئەستەمە ئێوە چیتان کردووە؟

• سابیر ئاريا:

بێگومان وایە ئەمە کتێبێکە کە لە لایەن چەند وەرگێڕێکی فارسەوە وەرگێڕدراوەتەوە کە هەر هەموویان ئاماتۆرن و ئەزموونێکی ئەوتۆیان لە بوواری وەرگێڕانەوە نیە بۆیە نەیانتوانیە ئەم کتێبە بە باشی وەربگێڕنە سەر زمانی فارسی هەندێک جار تۆ دەبینی کە دەقەکە یەکجار ئاڵۆزەو مانایێکی ئەوتۆی نیە و خوێنەر تووشی گێژی دەکات یان ئەم وەرگێڕەرانە نەیانتوانیوە بۆ ووشە فەلسەفی و کۆمەڵناسیەکان هاوتایه‌کی شیاو و ناسراو بهێننەوە وە پڕە لە زۆر وشەو دەستەواژەی وەها کە تۆ لە وەرگێڕانەکانی تری لەم چەشنەدا نایبینی بۆیە بەڕاستی دەبێ وەرگێر هەندێجار سەرەتا دەقە فارسیەکەی ڕاست بکاتەوە دوایی وەری بگێڕێتەوە سەر زمانی کوردی خاڵێکی تریش ئەوەیە کە چون ئەم کتێبە هەر بەشێکی لە لایەن کەسێکەوە وەرگێڕدراوەتەوە، هەر کەسێک بۆ خۆی بە سەلیقە و شێوازی خۆی وەریگێڕاوەتەوە بۆیە هاوئاهەنگیەکی وا لە ناو دەقەکەدا نیە و دەقێکی یەکدەس و ڕەوان نیە ئەمەش تۆزێکی دیکە کارەکە دشوارتر دەکاتەوە و تۆ دەبێت دەقی وەرگێڕانەکەت یەکدەس و ڕەوان کەیتەوە، خاڵێکی تریش ئەوەیە کە لە کوردستاندا تا ئێستا لێژنەیەکی پسپۆڕ و تایبەت نیە بۆ ئەوەی بۆ وشە فەلسەفی و زانستیەکان هاوتایەکی گونجاو بدۆزێتەوە کە وەرگێڕ لەوە پەیڕەوی بکات، زۆر جار وەرگێڕەکان بە زەوق و سەلیقەی خۆیان بۆ ووشەکان و مژارەکان هاوتا دادەتاشن کە ئەمە دەبێتە هۆی سەرلێشێواوی هەم خوێنەری کورد و هەم وەرگێڕانیش دشوارتر دەکاتەوە کە من تا ئەوێ کە ئێمکانی هەبووە هەوڵم داوە لەو هاوتایانە کەڵک وەرگرم کە تا ڕادەیەک ناسراون و بۆ خوێنەری کورد ئاشنایە

• وەها وەرگێڕانێک پێویستیەکی تایبەتی بە ئەو وشانە ئەبێت کە هاوتایەکی پڕ بە مانای لە سۆرانی دا پەیدا نابێت بۆیە بەڕای ئێوە تا چەندە دەتواندرێت لە بەکارهێنانی ووشە لە کرمانجی یان هەورامی یان کەلهۆڕی کەڵک وەر بگیردرێت وە ئەو شێوازە وەرگێڕانە کە وشە لە زمانێکی بیانی وەکوو عەرەبی کە بنچینەیەکی زمانی لەگەڵ کوردیدا نیە وە وەکوو ئینگلیزی زمانێکی هاوبەشی جیهانی نیە ئێوە چۆنی هەڵدەسەنگێنن؟

• حسێن قوربانى:

دیارە بەداخەوە لەبەر ئەوەی کە هێشتا ئەو جۆرەی کە پێویستە کاری وەرگێڕان و نووسین لە بوارە زانستی و دەقە ئەدەبی و فەلسەفی و کۆمەڵناسیەکان دا لە کوردی دا نەکراوە دۆزینەوەی هاوتا کە هابەش بێ و هەموو نووسەران و وەرگێڕەران، هەموو ئەوانەی کە کاری نووسین و وەرگێڕان دەکەن کەڵکی لێ وەربگرن کارێکی ئەستەمە،ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە: یەکەم ئەوەی کە هەرکە بۆ خۆی فەرهەنگۆکێکی تایبەتی هەبێت هەروا کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد وە دووهەم لەبەر ئەوەی کە زۆربەی نووسەران و ڕوشنبیران یان بە چاکی نازانن یان هێشتا نەگەیشتونەتە ئەو ئاستە لە وشیاری یان ئاگاداری و وشیاری و ئاشنایەتیان لەگەڵ زاراوەکانی تری زمانی کوردی دا نیە لەجیاتی ئەوەی کە لە دەوڵەمەندی ئەو فرەچەشنیە کەڵک وەربگرن وە وشەی باش لە زاراوەکانی تری کوردی دا بەتایبەتی کرمانجی و کەلهۆڕی و هەورامی کە بۆ خۆیان هەرکامەیان تاڕادەیەک زمانێکی دەوڵەمەندن، لە بابەتی وشە دا لە جیاتی ئەوەی لەوانە کەڵک وەربگرن هەندێ جار خۆدی وشە بیانیەکە بەتایبەتی عەرەبی یان فارسیەکەی بەکار دێنن، کە ئەوە بۆ خۆی جۆرێکی تر سەرلێشێوان دروست دەکات بۆ نموونە ئەگەر خوێنەرێکی کورد لەگەڵ زمانی عەرەبی دا یان لەگەڵ زمانی فارسی دا یان تورکی دا ئاشنایی نەبێت ئەو وشانە دەبینێت لەڕاستی دا تێناگات وە ئەوە بۆخۆی بەبڕوای من جۆرێ بێ دەربەستی و هەست نەکردن بە بەرپرسایەتیە وە ڕەنگە جۆرێ ناوچەگێرایی ش بێت وە لەڕاستی دا جۆرێک بەرتەسک کردنەوە و سنوردارکردنی دەوڵەمەندی زمانی کوردیە ئەمە بۆ خۆی دەبێتە هۆی سەرلێشێوانێکی زۆرتر لە نێوان ئەوانەی کە دەنووسن یان دەخوێننەوە یان وەرگێڕان دەکەن وە ئەبێتە هۆی گلەیی کردن و ئەبێتە هۆی ناڕەزایەتی ئەوانەش کە باشتر دەزانن یانێ ئاگادارن لەگەڵ زمانی کوردی وە دەزانن کە دەڵەمەند تر لەوەیە کە دەق وشەیەکی عەرەبی، لەبەر ئەوەی کە تۆ لە سۆرانیەکەی دا هاوتای بۆ نادۆزیتەوە یان نەتتوانیە بدۆزیتەوە، بەکار بهێنی. بەبڕوای من کارێکی زۆر ناشیرینە وە دەبێت بەری پێ بگیردرێت

• وەکوو دەزانین نەتەوەی کورد پێویستیەکی یەگجاری هەیە بە فەرهەنگێستانێکی زمانەوانی کە بەداخەوە تا ئێستا هیچی بۆ نەکراوە ئێوە هۆکارەکانی ئەم کەم تەرخەمیە لە چی دا دەبینن و بۆ ئەبێ ئێمەی کورد وەکوو هەموو نەتەوەکانی جیهان خاوەنی فەرهەنگستانی زمانەوانی نەبین؟
• حسێن قوربانى:

لەڕاستی دا وەکوو ئاماژەتان پێ کرد نەتەوەی کورد وەکوو هەر نەتەوەیه‌کی تر پێویستی بە بوونی فەرهەنگستانێکی ڕێکو پێک و زانستی هەیە بۆ پارێزگاری کردن لە زمانی کوردی بۆ پێشگیری کردن لە پرشو بڵاوی لە وەرگێڕان و لە نووسین دا، بۆ دۆزینەوەی هاوتا ڕێک و پێکە زانستیەکان. هۆکارەکەی لە باشووری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی بەرپرسان بەتایبەتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانا وە بەداخەوە دەتوانین بڵێین وەزارەتی ڕۆشنبیری تەنانەت بەشێکی بچووکیشی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان نەکردووە چ بگاتە بەوەی کە هەوڵ بۆ دامەزراندنی فەرهەنگستانێکی کوردی بدات. بۆیە سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵ و پشتیوانیەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیکا بۆ پارێزگاری کردن لە زمانی کوردی بەڵام بەداخەوە وادیارە هێشتا دەرکیان بە پێویستی وەها دامەزراوەیەک نەکردووە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دا بۆ نموونە لە ڕوژَهەڵاتی کوردستان دا ڕووناکبیران و ئەوانەی کە بەرپرسن لەو کارووبارەدا بۆ خۆیان دەتوانن ئەو کارە بکەن وە بە گشتی نەبوونی فەرهەنگستان ڕەنگە بگەڕێتەو بۆ ئەوەی کە هێشتا دەرکێکی ڕێک و پێک و ڕاستەقینە لە لایەن بەرپرسان و تەنانەت هەندێجار ڕۆشنبیرانیشەوە نەکرابێ بۆ دامەزراندنی وەها دامەزراوەیێک

• حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها حکومەتی کوردیە ئەم پرۆژانە لە ئاستی حکومەتەکان بەر دێت بۆیە بەتایبەت لە پارچەکانی کەی کوردستان دا ناتوانین ڕووناکبیران بە بەرپرسی ئەم ئەرکانە بزانین

• ‌حسێن قوربانى:

دیارە ڕووی ئێمە لە حکومەتی کوردستان وە بەتایبەتی دەزگاکانی پێوەندی دارە بۆ نموونە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەتانێت ئەو کارە بکات ئەوە زۆر پێویستە وە بەرپرسترین دەزگاو دامەزراوە لە کوردستان دا حکومەتی هەرێمە، وە ئەگەر ئەو کارە نەکات لە ڕاستی دا ئەرکی مێژوویی خۆی بەجێ نەهێناوە و دیارە هێشتا دەرکیان بەو ڕاستیە نەکردووە کە بۆ یەکدەست کردن و ستاندارد ڕاگرتنی زمانی کوردی بۆ دۆزینەوەی هاوتاکان لە زمانی کوردی دا وە بۆ ئەوەی زمانی کوردی لەو پرشو بڵاوییە لە وەرگێڕان و نووسین دا ڕزگاری بێت دەبێ حەتمەن لەبیری دامەزراوەیێکی ڕێک و پێکی وەها دابن کە بتوانێ ئەو ئەرکانە بەجێ بهێنێت

• وەرگێڕانی باش دەبێ چۆن بێت وە وەرگێڕ بە ڕای ئێوە تا چ ڕادەیەک دەبێت دەربەستی دەق بێت و تا چ ڕادەیەک دەربەستی مانا؟

• سابیر ئاريا:

کاری وەرگێڕان لەڕاستی دا کارێکی دژوارە بۆ ئەوەی تۆ دەبێت هەم دەربەستی دەق بیت هەم دەربەستی مانا و لە چوارچیوەیەکی تایبەت دا لا نەدەیت بەڕای من تا ئەوێ کە ئێمکانی هەبێ و نابێتە هۆی ئاڵوز بوونی مانا بەتایبەت لە دەقە زانستی و فەلسەفیەکان دا دەبێت دەربەستی دەق بیت بەڵام نابێت ئەم دەربەستیە بێتە هۆی ئەوەی کە وەرگێڕانێکی ئاڵۆز و ناڕەسەن و ناڕەوان بەدەستەوە بدەی لە وەرگێڕاندا دەبێت پێکهاتە و داڕشتنی ڕەستەیەک بڕووخێنیت و پێکهاتە و دارشتنێکی ڕەسەن و ڕەوان بخوڵقێنیت کە هەم دەربەستی مانا بێت هەم دەربەستی دەق بەڵام بە گشتی من لەو باوەڕەم دا کە نابێت نێوەرۆک بکەیتە قوربانی فورم بەڵکوو ئەم دوو لایەنە لە وەرگێڕان دا دەبێ لە پێوەندیه‌کی دیالێکتیک و هەمەلایەنە لەگەڵ یەکدا بن وە تۆ ئەوپەڕی ئەمانەت داری خۆت بەجێ بگەیێنیت هەم لە ئاست خوێنەردا هەم لە ئاست نووسەردا.

• حسێن قوربانى:

ئەڵبەتە کاک خەبات حەز ئەکەم بڵێم ئەو جۆرەی کە کاک سابیر ئاماژەی پێکرد دەبێ لە ئەو دەقانەی کە زانستی ترن ڕادەی دەربەست بوونت زۆرتر بێت بەڵام لەڕاستی دا وەرگێڕانی باش کە من وەکوو لە کارەکانی سابیر و ئەوانیش دا دیومە وەرگێڕانێکە کە هاوکات کە بە تەواوی مەبەستی نووسەر دەگەیێنێت لە عەینی حاڵدا خوێنەری دەقی دووهەمیش لەبەرچاو دەگرێت بۆ ئەوەی کە هەم بە سادەیی و سانایی تێ بگات هەم تووشی ئاڵوزی لە فام دا نەبێت وە ئەو وردەکاریانەی کە نووسەر مەبەستیەتی لە وەرگێڕانەکەدا دەبێت ڕچاو بکرێت

• وەک دەزانین کتێبخانەی هەر نەتەوەیه‌ک بەشێک لە ناسنامەی ئەو نەتەوەیە. ئێوە پێوەندی نێوان دەوڵەمەندی کتێبخانەی کوردی و ناسنامەی نەتەوایەتی کوردستان چۆن دەبینن؟

• سابیر ئاريا:

بێگومان دەوڵەمەندی کتێبخانەی هەر نەتەوەیێک ڕادەی گەشەمەندی و پێشکەوتنی فەرهەنگی و کولتوری ئەو نەتەوە دەگەیێنێ ئەگەر کورد خاوەن کتێبخانەیەکی دەوڵەمەند بێت دەتوانێت لە ئەزموونی وڵاتان و گەلانی تر که‌ڵک وەربگرێت و لەگەڵ ئەو گەلانەدا دانوستاندی فەرهەنگی و کولتوری هەبێت وە ببێتە خاوەن ناسنامەیەکی نەتەوایەتی پێشکەوتوو وە بە کەڵک وەرگرتن لە ئەندیشەو چەمک و مژارە پێشکەوتووەکان ناسنامەی نەتەوایەتی خۆی پتەوتر بکاتەوە وە بە دیدێکی کۆنکرێت و هەمە لایەنە سەیری شناس و هەبوونی خۆی بکات وە ئاستی ڕۆشنبیری خۆی بباتە سەرەوەو لەگەڵ پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان دا وشیارانە ڕووبەڕوو ببێتەوە و چێکەڵی خێڵەتی و نەریتی خۆی بشکێنێت و ببێتە پێشەنگی داهێنان و گۆڕان و هەنگاو هەڵهێنان بەرەو دێموکراسی لە ناوچەکەدا

• کاک حسێن ئێوە پێوەندی نێوان دەوڵەمەندی کتێبخانەی کوردی و ئاستی وشیاری کۆمەڵگای کوردستان چۆن دەبینن؟

• حسێن قوربانى:

بە بڕوای من بەشێکی زۆری دەگەڕیتەوە بۆ نێوەرۆکی ئەو بەرهەمانەی کە وەردەگێڕدرێتەوە وە هەروەها ڕادەی بڵاو کردنەوەی ئەوانە، بۆ نموونە پشتیوانی کردن لەو پرۆژانەی کە دەبێت وەر بگێڕدرێتەوە لە لایەن بە تایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەوەی کە کامە کتێب هان بدات بەتایبەتی ئەو دەزگا دێموکراتی و حێزبی و حکومیانەی کە ئەو کارەیان لەئەستۆیە دەبێت هەست بە ئەو بەرپرسایەتیە بکەن کە وەرگێڕانی کامە کتێب هان بدەن ئەو کتێبانەی کە بۆ بەهێز کردنی کۆمەڵگای مەدەنی، بۆ بەهێز کردنی وشیاری خەڵک بۆ بەهێز کردنی خەڵک لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و زانستی و ئەدەبی دا پێویستە دەبێ هان بدرێ. دیارە بەهێز کردنی ئەو دەستە لە وەرگێڕەران کە بە بەرپرسایەتیەوە کاری وەرگێڕان بۆ گەشە سەندوویی کۆمەڵگا دەکەن دیارە دەتوانێت کاریگەریەکی زۆرتری هەبێت وە دووهەم خاڵیش کە وتم ڕادەی بڵاوکردنی ئەو کتێبانەیە بۆ نموونە تۆ ئێستا دەبینیت خوێنەری کورد لە ڕاستی دا لە بەشەکانی تری کوردستان دا زۆر کەمن و توێژی ڕووناکبیر دەگرنەوە وە کەمتر کۆمەڵانی خوارترەوەی خەڵک کاری نووسین دەکەن بۆیە بەبڕوای من لایەنێکی تر کە دەکرێت کاریگەری هەبێت لەسەر کۆمەڵگا ئەوەیە کە تا چ ڕادەیەک دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئەمانە خەڵک هان دەدەن بۆ خوێندنەوەی کوردی ئەوەش بۆ خۆی دەتوانێ خاڵێکی زۆر گرینگ بێت ئێستە تۆ تەنها لە بەشی باشووردایە کە بە فراوانی دەبینیت کە خەڵک پێوەندیێکی چڕوپڕیان لەگەڵ زمانەکەی خۆیاندا هەیە ئەوە بۆ خۆی کارێکە کە دەبێ بە وردی لە لایەن ڕوناکبیران و بەرپرسانەوە بیرێکی لێ بکرێتەوە.