|
سازدانی: سامان كه‌ریم
سامان كه‌ریم: به‌ڕای تۆ گه‌نج كێیه؟ ئایا
پێوه‌رێكی ئه‌وتۆمان هه‌یه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی
له‌چینه‌كانی تر؟
یوسف عیزه‌دین: بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵدانمان بۆ
راڤه‌كردنی ئه‌م پرسیاره‌و پرسیاره‌كانی دیكه‌ش تا
راده‌یه‌ك روون بێت و تووشی ئیلتیباس و كۆمه‌ڵێك
ئیشكال نه‌بین، ده‌بێت له‌ده‌ستپێكدا بانگهێشتێكی
"فۆكۆ" وه‌بیر خۆمان بهێنینه‌وه كه داوا له
روناكبیره‌كان ده‌كات ده‌ستبه‌رداری بیر و بۆچوون و
ته‌رحی گشتگیر و پێشبینیكارانه بن.. وه‌ك ده‌ڵێت:
(هێشتاكه ئه‌وانه‌ی نووسین و ئاخافتن ده‌كه‌نه
پیشه، پێغه‌مبه‌ری یه‌هودییه‌كان و حه‌كیمی
گریكییه‌كان و یاسادانه‌ری رۆمانییه‌كان ده‌كه‌نه
پێشه‌نگ و نمونه‌ی خۆیان). بۆیه ناكرێت
مامه‌ڵه‌یه‌كی ره‌ها و تاك ره‌هه‌ندانه له گه‌ڵ هیچ
جۆره پرسیارێكدا بكرێت، ئێمه له‌به‌رده‌م
هاوكێشه‌یه‌كی كیمیایی دۆش دانه‌ماوین، تا
به‌خوێندنه‌وه‌ی زیاتر و هاریكاری پسپۆڕان و زانینی
خودی یاسای هاوكێشه‌كه بتوانین، ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی
بده‌ین به‌ده‌سته‌وه، به‌ڵكو له‌ڕووی
ئه‌نتۆلۆژییه‌وه له ئاست ئاڵۆزترین بوونه‌وه‌ردا
راوه‌ستاوین كه مرۆڤه و به‌تایبه‌تیش قۆناغێكی
دیاریكراوی ئه‌و بوونه‌وه‌ره كه گه‌نجییه؟
له‌ڕووی سایكۆلۆژیشه‌وه قۆناغی گه‌نجێتی وه‌ك
بۆدلێر ده‌ڵێت:
(
گه‌نجێتیم بێجگه له‌گه‌رده‌لوولێك كه‌لێره‌و له‌وێ
هه‌ڵیده‌كرد، هیچی دیكه نه‌بوو!؟)
گه‌رچی گه‌نجێتیش وه‌ك سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی دیكه‌ی
مرۆڤ، قۆناغێكی جێگیر و زۆر خایه‌ن نییه، به‌ڵكو
راگوزه‌ره‌و هێنده نابات بۆ گه‌وره‌یی و دواتریش
به‌ره‌و مه‌رگ هه‌ڵده‌كشێت. ئه‌م قۆناغه هه‌ستیاره
بوركان ئاسایه، به‌درێژایی بوونی سیسته‌م و
ده‌سه‌ڵات و شارستانییه‌ته‌كان رووبه‌ڕووی
گه‌وره‌ترین دژایه‌تی بۆته‌وه، ره‌نگه سازدانی
جه‌نگه به‌رده‌وامه‌كان به‌شێكی ئه‌و گه‌مه‌یه‌ی
ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌رانی سیسته‌مه‌كان بووبێت بۆ
رزگاربوون له‌و هێزه‌ی كه‌له‌نێو گه‌نجاندا ده‌جمێت و
باشترین رێگه‌چاره بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی گۆڕه‌پانی
جه‌نگه‌كان بووه، كه‌هه‌ر له‌وێدا خودی گه‌نجێتی
كۆتایی پێهاتووه، پێش ئه‌وه‌ی قسه له‌سه‌ر
گه‌نجانی ئه‌مڕۆ بكه‌ین ده‌بێت ئاگاداری مێژووی
گه‌نجانی چاخه جیاوازه‌كان بین، دیاره به‌نێر و
مێشه‌وه، به‌ڵام نابێت ئه‌و راستیه‌شمان له‌یاد بچێت،
هه‌رچۆن سه‌رجه‌م شته‌كان لێوانلێون له‌حیكایه‌تی
نێرینه‌كان و مێ له‌په‌راوێزدایه، ئاواش مێژووی
گه‌نجانی چاخه جیاجیاكان تا ئه‌م ساته‌وه‌خته،
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی مێژووی نێره گه‌نجه‌كانه،
قسه‌و باسێكی ئه‌وتۆ ده‌رباره‌ی مێینه گه‌نجه‌كان
نییه، به‌درێژایی مێژوو ئه‌وه‌ی له‌هه‌موو
جه‌نگه‌كاندا له نێر زیاتر رووبه‌ڕووی ترسناكترین
ده‌ستدرێژی بوونه‌ته‌وه مێینه‌كان بوون، ئاخۆ هه‌ر
ئه‌وان نه‌بوون كراونه‌ته جاریه‌و كه‌نیزه‌ك و له
بازاڕه‌كانی نه‌خاسه‌دا فرۆشراون. "ئیبن
به‌تووته"ی گه‌ڕیده
له‌گه‌شتنامه‌كه‌یدا باس له‌وه ده‌كات چۆن
خۆی و براده‌ره‌كانی له سه‌ر كیژێكی منداڵی
ته‌مه‌ن 8-12ساڵ به‌شه‌ڕهاتوون و دواتریش "ئیبن
به‌تووته" سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له‌وه‌ی ئه‌و كیژه
بكاته كه‌نیزه‌كی خۆی و ئه‌مه‌ش به‌مانای سێكس دێت
له‌گه‌ڵ منداڵانێكی كچ، كه تائه‌مڕۆ درێژه‌ی
هه‌یه‌و هه‌رئه‌وه‌نده نییه له كۆمه‌ڵه
دواكه‌وتووه‌كاندا له ڕێی شه‌رعه‌وه پیاوانێك
ده‌ستیان به‌و منداڵه مێینانه بگات، به‌ڵكو خودی
ئه‌و دنیایه‌ی كه به پێشكه‌وتوو تاریفی خۆی
ده‌كات و باس له مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كات، باشترین
ته‌رویج بۆ سێكس كردن له گه‌ڵ منداڵه مێیه‌نه‌كاندا
ده‌كات و بێشوومار سایتی پۆرنۆ و كه‌ناڵی بۆ ئه‌و
مه‌به‌سته خستۆته گه‌ڕ، دیاره له‌مه‌دا حاڵی
نێرینه‌كانیش له‌وان
باشتر نییه. هه‌ر بۆیه قسه‌كردن له گۆرانی
دنیا وه‌ك خودی ناوه‌ڕۆكی تێڕوانینی بۆ سه‌رجه‌م
به‌ها مۆڕاڵییه‌كان، تووشی ئیشكالی ئه‌وه‌مان ده‌كات
كه ئه‌و گۆڕانه‌ی ده‌بینیرێته‌وه زیاتر فۆرم و
مۆدێله، ئه‌گینا هه‌ر خودی ئه‌وه‌ی كۆنترین
سیسته‌می مرۆڤایه‌تی پیاده‌ی كردووه، هێشتاكه له
نێوه‌ڕۆكدا وه‌ك خۆی پیاده ده‌كرێت، گه‌رچی له
فۆرم و خۆ نمایشكردندشیدا جیاواز بێت. ده‌بینین
كه‌رسته‌و ئامڕازه‌كانی جه‌نگ گۆڕاون، به‌ڵام ئامانج
و مه‌به‌ست له هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ، هیچ جیاوازییه‌كی
له گه‌ڵ كۆنترین جه‌نگدا نییه، ئه‌مه بێجگه
له‌وه‌ی جه‌نگی كۆن و نوێ ته‌نها له ڕێی
زیانبه‌خشین و كوشت و كوشتاره‌وه ده‌توانن بگه‌نه
ئامانجی خۆیان. پێوه‌ندییه‌كانی خێزان له‌سه‌رده‌مه
كۆنه‌كانه‌وه تا ئێستا هیچی ئه‌وتۆی تێدا
نه‌گۆڕاوه، ئاخۆ هه‌ر بچووكترین خانه‌ی جه‌سته‌ی
سیسته‌مه گه‌وره‌كه نییه‌و ئامانج له بوونی
پاراستنی موڵكایه‌تی و تێكشكاندنی خودی تاكه‌كانی
نییه، به‌تایبه‌تیش منداڵان و گه‌نجان كه به‌هێزترین
گورزیان به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌ویش سنوورداركردنی
ئازادییه‌كان و ته‌ئدیبكردن و هه‌ڕه‌شه‌لێكردن و لێدان
و ئه‌شكه‌نجه‌دان و...تاد. باشه هه‌ر ئه‌مه‌ش نییه
وه‌ك "فۆكۆ" ئاماژه‌ی پێده‌دات له زیندانه‌كاندا
به‌رانبه‌ر به‌سه‌رپێچی كاران په‌یڕه‌و ده‌كرێت.
زیندان و قوتابخانه‌و هه‌موو شته‌كانی دیكه‌ش
كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی باڵاده‌ستبوونی سیسته‌م
و ده‌وڵه‌تن، ئه‌شكه‌نجه‌دان و هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌و
ترساندنیش به مه‌به‌ستی ره‌تدانه‌وه‌و ته‌ئدیبكردن
كارێكی سه‌ره‌كی هه‌موو ده‌زگاكانن،
به‌خێزانیشه‌وه، ئیدی دواجار هه‌موو ئه‌وه‌ی كه
هه‌یه بۆ پاراستنی سیسته‌مه، جا ئه‌و سیسته‌مه
هه‌ر چییه‌ك بێت، زۆر سه‌ره‌تایی بێت یان زۆر
پێشكه‌وتوو، باشترین شێوازی هه‌ندێك له‌خێڵه
سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ راگه‌یاندنی ئه‌وه‌ی كه مێرد
منداڵانێك بوونه‌ته گه‌نج و دواجاریش بوونه‌ته پیاو،
ئه‌شكه‌نجه‌دانیانه، دیاره له هه‌مووشی سه‌یرتر
ده‌بێت ئه‌وانه‌ی كه‌به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه
ئه‌شكه‌نجه ده‌درێن خه‌نده‌و خه‌نینه‌وه سه‌ر لێویان
جێ نه‌هێڵێت، ئه‌گینا ده‌بنه گاڵته‌جاڕی
كۆمه‌ڵه‌كه‌یان و له نێویدا جێیان نابێته‌وه،
ئائه‌مه‌یه ساده‌ترین مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گه‌نجان،
هه‌ر ئه‌مه‌شه وامان لێده‌كات بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه
كه به درێژایی مێژوو گه‌نج وه‌ك تاكێكی جودا سه‌یر
نه‌كراوه، به‌ڵكو وه‌ك قۆناغێكی په‌ڕینه‌وه، كه
پێویسته له پێناو به‌رهه‌مهێنان و وه‌چه
خستنه‌وه‌و پاراستنی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی و زۆر شتی تر،
به‌زووترین كات گه‌وره بێت، بۆیه سه‌یركردنی گه‌نج
له‌و روانگه‌یه‌وه بووه كه ئاخۆ كه‌ی گه‌وره
ده‌بێت، نه‌ك له‌و ته‌مه‌نه‌دا پێویستی به‌چییه،
حه‌ز و ویسته‌كانی كامانه‌ن و زۆر شتی تریش؟!.
ده‌بێت جارێكی دیكه‌ش ئه‌وه وه‌بیر خۆمان
بهێنینه‌وه، كه هه‌وڵدانمان بۆ راڤه‌كردن رێژه‌ییه،
ئه‌گینا وه‌ڵام و ته‌رحی حازر به‌ده‌ست و سه‌پاندنی
ئه‌م تێوریی و ئه‌و تێوریی و شته‌كانی دیكه
بێمانان.. "لویس فیناس" ده‌ڵێت:
(هیچ كاتێك بێجگه له‌وه‌همه‌كان شتێكی دیكه‌م
نه‌نووسیوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نامه‌وێت بڵێم
كه‌ئه‌م وه‌همانه دوورن له‌حه‌قیقه‌ته‌وه، باوه‌ڕم
وایه ده‌كارێت وه‌هم له‌نێو حه‌قیقه‌تدا بخرێته كار
و ده‌رئه‌نجام حه‌قیقه‌ته‌كانیش بخرێنه نێو گوتاره
وه‌همییه‌كانه‌وه، به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌گه‌ینه گوتارێك
كه شتێكی نامه‌وجود دروست ده‌كات، شتێك كه
ته‌وه‌هومی ده‌كه‌ین، ئێمه له واقیعێكی
سیاسییه‌وه ته‌وه‌هومی مێژوو ده‌كه‌ین، كه زیاتر
ده‌یكاته شتێكی حه‌قیقی، ته‌وه‌هومی سیاسه‌تیش
ده‌كه‌ین كه بوونی نییه له گۆشه نیگای
حه‌قیقه‌تێكی مێژووییه‌وه.)
سامان كه‌ریم: وه‌كو ئاشكرایه له ئێستادا گه‌نجی
كورد به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نائومێدن و هه‌ندێكیان
سه‌ری خۆیان وه‌كو به‌ختیار عه‌لی ده‌ڵێت بۆ ناشوێن
هه‌ڵده‌گرن، هه‌ندێكیتر خۆیان له ناو ده‌به‌ن یان
شتی خراپ، هۆكاری نائومێدبوونی گه‌نج له‌م
واقیعه‌دا چییه؟
یوسف عیزه‌دین: دیاره پێشتریش له دیمانه‌یه‌كدا
ئاماژه‌م به‌گوته‌یه‌كی "كیركیگارد"داوه سه‌باره‌ت
به‌وه‌ی كه ئه‌و كه‌سانه خاوه‌نی ئومێدن و
به‌خته‌وه‌رن كه ته‌نها بیر له ساته‌وه‌ختێكی
هه‌نووكه‌یی ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌گینا ئه‌وانه‌ی بیر له
ڕابردوو یان له داهاتوو ده‌كه‌نه‌وه ناكرێت
به‌خته‌وه‌ر بن.
ئه‌قڵیه‌تێكی ته‌قلیدی قایل به هه‌موو ئه‌وه‌ی كه
هه‌یه، له‌هیچ ئان و زه‌مانێكدا پرسیارێكی
كه‌ینونه‌یی، مه‌عریفی، فه‌رهه‌نگی، كولتووری،
لادروست نابێت و ده‌سته‌و سانه له ئاست زانراوه
دووباره‌كراوه كرچ و كاڵه‌كاندا. ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ی
كه باڵاده‌سته له نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا هه‌روه‌ك
زۆر كۆمه‌ڵگه‌ی دیكه، ئه‌قڵیه‌تییه‌كی كه‌ڕو لاڵه،
مه‌گه‌ر ته‌نها بتوانێت سه‌یری ئه‌وه بكات كه له
ده‌ورو به‌ری ده‌گوزه‌رێت، راستیه‌كه‌ی بۆ خۆی
راهاتووی ته‌نها سه‌یركردنه‌و به‌س. ئیدی له نێو
ئه‌و سیسته‌مه خێڵه‌كییه كوردییه‌ی كه تا ئه‌م
ساته‌وه‌خته كورد نه‌یتوانیوه ده‌ستبه‌رداری بێت،
به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه خێڵ تێكه‌ڵ به هه‌موو دام
و ده‌زگاو پرۆسه‌كانی كۆمه‌ڵگه بووه‌و یه‌كانگیره
له گه‌ڵ تێڕوانین و فیكری باڵاده‌ست و له‌مێژینه‌ی
كورد‌و به‌بێ مل كه‌چكردنی تاكه‌كانیش بۆ ئه‌م
سیسته‌مه فیوداڵییه خێڵه‌كییه، چانسی مانه‌وه‌و
گوزه‌رانیان ئاسته‌مه. هه‌ر له نێو خێزانی
كوردییه‌وه ئه‌م ئینتیمایه بۆ خێڵ و پێكهاته‌كانی
دیكه ده‌ست پێده‌كات و به‌م چه‌شنه به‌رده‌وام
ده‌بێت. ره‌نگه به‌شێكی كه‌می گه‌نجه
هۆشمه‌نده‌كان دژ به‌م سیسته‌مه بن و پێكدادانیان له
گه‌ڵیدا هێنده‌ی تر بێ هیوایان بكات، هه‌رچه‌ند
زۆرێك له‌و گه‌نجانه‌ی كه سه‌رباری هۆشمه‌ندیشیان
به‌و واقیعه‌ی كه هه‌یه، به‌ڵام پاش ده‌رچوونیان
له وڵات، ده‌بینین نه‌ك هه‌ر پرۆژه‌كه‌یان سه‌باره‌ت
به‌گۆڕینی ئه‌وه‌ی كه هه‌یه لا گه‌ڵاڵه نه‌بووه،
به‌ڵكو له نزیكترین فرسه‌تیشدا ئاماده‌ی
گه‌ڕانه‌وه‌ن بۆ نێو باوه‌شی ئه‌و سیسته‌مه‌و بگره
زۆریشیان په‌شیمان ده‌بنه‌وه له‌وه‌ی كه ڕۆژێك له
ڕۆژان دژایه‌تیشیان كردووه، ئیدی گه‌نجێكی
هه‌ڵهاتوو نێر بێت یان مێ پاش ماوه‌یه‌ك
ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و به‌هه‌مان پێودانگه‌كانی جاران كچ
ده‌خوازێت، یان شوو ده‌كات و به‌هه‌مان رێچكه‌ی
جارانی باو و باپیرانی خۆیدا رێده‌كات، ئه‌مانه‌و
چه‌ندین راستی تر هه‌ن. ئه‌و گه‌نجانه‌ی
له‌سه‌رده‌مێكی گه‌نجێتیدا پارت و رێكخراوێكیان
دروستكردووه، تا پیریش بوون هیچ كاتێك ئاماده
نه‌بوون رێ به گه‌نجانی دیكه بده‌ن تا بێنه
پێشه‌وه‌و شوێنه‌كانی ئه‌وان بگرنه‌وه، مه‌گه‌ر مردن
ئه‌و شوێنانه‌یانی پێ چۆڵ كردبێتن. كاتێك سه‌یری
لێدوان و قسه‌كانی ئه‌و گه‌نجانه ده‌كه‌یت له
سه‌رده‌می گه‌نجێتیاندا، ده‌بینیت تا ئه‌و په‌ڕی
باس له دژایه‌تی كۆنه‌خوازی و ده‌سه‌ڵاتی
فیوداڵیانه‌ی باوانی كورد و ناشیرینیه‌كانی
عه‌شره‌ت و خێڵ و میراته ناشیرینه‌كانی كورد
ده‌كه‌ن، به‌ڵام دواتر هه‌ر خۆیان بوونه‌ته
ناشیرین‌ترین ده‌سه‌ڵات، ئه‌م جۆره نمونانه به‌بێ
جیاوازی له ڕاسته‌وه بۆ چه‌پ به‌دیده‌كرێن..
ته‌نانه‌ت نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی و رووناكبیری
كوردیش له دژایه‌تی گه‌نجه‌كاندا درێغی
نه‌كردووه، به‌تایبه‌ت سه‌رده‌مانێك كه ئه‌م هه‌موو
كه‌ناڵی بڵاوكردنه‌وه‌و سایتانه نه‌بوو، ئاسته‌م بوو
گه‌نجێك بابه‌تێكی بڵاوبكرێته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌شدا كه له‌مڕۆدا هه‌رچۆنێك بێت ده‌كارێت
له‌ڕێی هه‌ندێك كه‌ناڵه‌وه بیر و بۆچوون و
ته‌رحه‌كانی خۆی بگه‌یه‌نێت، ده‌بێت بڵێین
چیكردووه، یان چ پرسیارێكی خستۆته روو؟!.
هه‌روه‌ك چۆن قسه‌كردنی منداڵان له باره‌ی
گه‌نجانه‌وه شتێكی سه‌یره، ئاواش قسه‌كردنی
به‌ته‌مه‌نه‌كان ده‌رباره‌ی گه‌نجان سه‌یرو
سه‌مه‌ره‌یه، ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی پێی ده‌گوترێت
گه‌نج خۆی ده‌یه‌وێت بڵێت چی؟!.. پرۆژه‌ی چییه؟!..
چۆن بیر ده‌كاته‌وه؟!.. ئه‌گه‌ر بێده‌نگه بۆ
بێده‌نگه؟!.. ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كی هه‌یه‌و
وه‌ڵامی پێنادرێته‌وه بۆ قبووڵی ده‌كات؟!.. له
كاتێكدا گه‌نجێتی ته‌مه‌نێكه‌و به‌سه‌ر ده‌چێت؟!..
راسته هه‌موو ئه‌مانه سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی و
سیاسی و فه‌رهه‌نگی لێی به‌رپرسیاره؟َ!.. به‌ڵام
ئاخۆ ئه‌م سیسته‌مه هه‌ر وا به‌خۆشی ده‌گۆڕێت؟!..
ئه‌ی ئه‌گه‌ر گۆڕا چی جێی ده‌گرێته‌وه؟!..
راستییه‌كی من وه‌ك خۆم دژ به‌هه‌موو ئه‌وانه‌م كه
گه‌نجان له ده‌وری دروشمه ره‌نگاو ره‌نگه‌كانی
خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه‌و دواتریش له پێناو
مه‌رامه‌كانیاندا ئاماده‌ن زۆرترین ژماره‌یان تووشی
گێچه‌ڵ بكه‌ن، بگره به‌كوشتیشیان بده‌ن؟!.. هه‌روه‌ك
چۆن رۆژگارێك له پێناو به‌ده‌ستهێنانی ئه‌مڕۆیه‌كدا
هه‌زاران گه‌نج به‌كوشتدران، به‌ڵام ئاخۆ ئه‌گه‌ر
له‌مڕۆدا وه‌ك گریمانێك هێزێكی غه‌یبی زیندوویان
بكاته‌وه‌و بڵێت: سه‌یر بكه‌ن ئه‌مه ئه‌و رۆژه بوو
ئێوه له پێناویدا گیانی خۆتان به‌ختكرد، ئاخۆ
كامیان په‌شیمان نابێته‌وه، كامیان نه‌فره‌ت له
خۆیان ناكه‌ن. به‌كارهێنانی گه‌نجان فێڵیكی زۆر
كۆنی ده‌سه‌ڵاتداران و دواتر لایه‌نه سیاسییه‌كان
بووه بۆ گه‌یشتنه مه‌رامیان، هه‌موو ئه‌وه‌ی
"ناپیلیۆن" به‌گه‌نجانی فه‌ڕه‌نسای كرد، ئه‌گه‌ر له
ڕۆژگارێكیشدا مانادار و پڕ مه‌غزا بووبێت، ئه‌وه
له‌مڕۆدا جێگه‌ی نه‌فره‌ته. هه‌ڵخڕاندنی گه‌نجان
له ده‌وری ئایدیۆلۆژیا جیاجیاكان شتێكی ترسناك و
بێمانایه.. زۆر لایه‌ن هه‌ن به‌ناوی به‌رگری له
گه‌نجان، به‌كاریان ده‌هێنن بۆ مه‌رامی دیكه، زۆر
نووسه‌ر و كه‌ناڵیش هه‌یه به‌ناوی داكۆكی له مافی
گه‌نجان، گه‌نجان له ده‌وری خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه‌و
ئه‌مانه‌و زۆر نمونه‌ی تر. هه‌روه‌ك چۆن بوون
به‌مۆدێلی به‌رگری له مێینه بۆته قسه‌و باس و
ده‌قی نووسینی زۆرێك له‌وانه‌ی له ڕاستیدا تا سه‌ر
ئێسك دژ به‌مافه‌كان و داواكارییه‌كانی مێینه‌ن..
بوونی هه‌موو ئه‌مانه‌و نه‌بوونی وه‌ك یه‌كه، گرنگ
ئه‌وه‌یه ئه‌وان بۆخۆیان چیان ده‌وێت
داواكارییه‌كانیان كامه‌یه، چی‌یان ده‌وێت و
ته‌رحه‌كانیان كامه‌یه، سه‌یره كه‌سانی تر له جێی
ئه‌وان قسه‌بكات، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كێن ئه‌وانه‌ی
له‌بری ئه‌وان قسه‌ده‌كه‌ن و خۆیان كردۆته
ده‌مڕاستی ئه‌وان. ئیدی ئێمه له ڕۆژگارێكدا ده‌ژین
ئه‌وانه‌ی سه‌دان جار ده‌ستدرێژی سێكسیان كردۆته
سه‌ر ئاژه‌ڵان ئه‌مڕۆ باس له‌مافه‌كانی ئاژه‌ڵان
ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی مێینه‌كانی نێو خێزانه‌كانی
خۆیان به‌ده‌ستیانه‌وه زه‌لاله‌تیانه پێشه‌نگن له
به‌رگری له مافه‌كانی مێینه‌و...تاد.
سامان كه‌ریم: كوردستان و عێراق به‌گشتی تاوه‌كو
ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا‌و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت
خێزانه‌كان بارێكی ئابووری گونجاو و باشیان
نه‌بووه‌و نییه، گه‌نجیش وه‌كو تاكێك له كۆمه‌ڵگه
كاریگه‌ری ئه‌م بارودۆخه‌ی به‌سه‌ره‌وه‌یه، به‌ڕای
جه‌نابتان ئه‌م هه‌ژارییه گه‌نج به‌ئاقارێكی خراپ‌دا
نابات؟ بۆ نموونه هه‌ندێك كاری نایاسایی وه‌كو دزی
و رێگری و ته‌نانه‌ت كاری تیرۆریستیش؟!
یوسف عیزه‌دین: ئه‌گه‌ر بڕوانینه به‌شێكی
به‌رفراوانی دنیای میدیاتیكی ئه‌مڕۆ به‌هه‌موو
كایه‌و بواره‌كانییه‌وه، ده‌بینین تا چه‌ند كار بۆ
شێواندنی لایه‌نی مۆڕاڵی گه‌نجان ده‌كرێت. هه‌ر زۆر
ده‌مێكه به‌شێكی هه‌ر زۆری ئه‌و فیلمانه‌ی
ته‌رویجی بۆ ده‌كرێت تایبه‌تن به ته‌شویقكردنی
كوشتن و دزی و...تاد.
بێشوومار سایت هه‌ن كه تایبه‌تن به‌پۆرنۆ، یان
چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی كاری تیرۆریستی و
دروستكردنی بۆمب و شتی له‌و بابه‌تانه. ئیدی به
به‌رنامه كار بۆ دروستكردنی دڕنده‌یه‌ك ده‌كرێت،
له‌و بوونه‌وه‌ره‌ی كه پێی ده‌گوترێت گه‌نج!؟..
ئه‌و هێزانه‌ی كه كۆنتڕۆڵی دنیایان كردووه، كاریان
به‌بوونی هێمنی و ئاشتی و دنیایه‌كی ئارام
مه‌یسه‌ر نابێت، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه ئیشیان به
نانه‌وه‌ی پشێوی و نا ئارامی و كێشه‌و گرفت و
پانیكه، كه هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه له سیناریۆ فۆبیا
ئامێزه‌كانیاندا جێده‌كه‌نه‌وه، له گه‌ڵ
كاڵبوونه‌وه‌ی كاریگه‌ری سیناریۆیه‌ك و په‌كه‌وتنی
له ڕووی كاریگه‌رییه‌وه، سیناریۆیه‌كی دیكه دێنه
پێش، تا كار گه‌یشته سه‌ر قڕكردن و كوشتن و
سووتاندنی باڵنده‌كان به‌ناوی ئه‌نفلۆنزای
باڵنده‌وه، زۆر سانا خه‌ڵكێكی زۆری دنیایان
هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند و تووشی پانیكیان كردن له‌و
بوونه‌وه‌ره به‌سته‌زمانانه‌ی كه به‌بێ بوونی
ئه‌وان دنیا زۆر بێماناتر و ناشیرینتر ده‌بێت،
نامه‌وێت له بابه‌ته‌كه لابده‌م و بچمه سه‌ر باس و
خواسی ئه‌و سیناریۆیه‌ی به ناوی ئه‌نفلۆزای
باڵنده‌وه له دنیادا ته‌رویجی بۆ كرا، به‌ڵام هه‌ر
بۆ نوكته پێم خۆشه باسی ئه‌وه بكه‌م هه‌موو ئه‌و
گۆشته زۆره‌ی
په‌له‌وه‌ره‌كان كه له زۆرێك ماركێته‌كانی
دنیادا له كاتی گه‌رمه‌ی بڵابوونه‌وه‌ی
هه‌واڵه‌كه‌دا نه‌فرۆشران و كه‌ڵه‌كه بوون و دواتر
گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌لێوه‌ی هاتبوون،
جارێكی تر و پاش ماوه‌یه‌ك به‌ناوی ماركه‌یه‌كی
نوێی باوه‌ڕپێكراوه‌وه، كه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م شوێن و
ئه‌و شوێن به‌دانانی ئه‌و ماركه باوه‌ڕ پێكراوانه
پاره‌یه‌كی خه‌یاڵیان چنگ كه‌وت، هه‌مان گۆشتی
په‌له‌وه‌ره‌كانی پێشوو هاتنه‌وه بازاڕ و خه‌ڵكی
به‌و په‌ڕی قه‌ناعه‌ته‌وه گرانتر له‌جاران ده‌ستیان
دایه كڕینی. ئه‌مه به‌شێكه له ته‌كنیكی ئه‌و
پڕوپاگه‌ندانه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتداران به‌پشتگیری
كه‌ناڵه‌كانی میدیا، ده‌توانن كۆنتڕۆڵی خه‌ڵكیی پێ
بكه‌ن، ئیدی ئه‌مه وه‌ك نمونه‌یه‌ك و ده‌كرێت
له‌مه‌شه‌وه بڕوانینه هه‌موو نمونه‌كانی دیكه‌ی،
وه‌ك سیناریۆی نزیك بوونه‌وه‌ی قیامه‌ت و
په‌یوه‌ستكردنی به‌گه‌رداو و گه‌رده‌لول و تۆفان و
تووسونامییه‌كانه‌وه، تا ده‌گاته سیناریۆی ئێیدز
كاتێك پێویست بێت به‌كار بهێنرێت، ئه‌گینا له‌م ساڵدا
سه‌رباری كۆبوونه‌وه‌ی نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌ترسناكی ئێیدز له‌مڕۆداو
نه‌بوونی بودجه‌ی پێویست بۆ فریاكه‌وتنی چوار
یه‌كی تووشبووانی ئه‌و ده‌رده كوشنده‌یه، كه‌چی
له میدیاكاندا كرا به‌ژێر لێوه‌وه‌و هه‌ر باسیش
نه‌كرا، چونكه له‌مڕۆدا كار بۆ ته‌رویج بۆ چه‌شنه
سێكسێك ده‌كرێت كه‌سروشتی سێكس وه‌ك پێداویستییه‌كی
مرۆیی تێپه‌ڕده‌كات و ده‌بێته كاڵا و له‌بازاڕی
گه‌رمی كاپیتالیزمدا باشترین هۆكارێكه بۆ راكێشانی
زۆرترین توریست بۆ ئه‌م شوێن و ئه‌و شوێنی دنیا، له
كاتێكدا له هه‌شتاكاندا به‌مه‌به‌ستی ترساندن و
پاڵنان به‌زۆرترین ژماره خه‌ڵكدا بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ
نێو ئایین و باوه‌ڕه كۆنه‌كان و پته‌وكردنی خێزان و
شتی له‌م جۆره به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجار ترسناك له
میدیاكاندا گه‌وره كرا. كه‌واته ئێیدز وه‌ك خۆی
چه‌ند هه‌بێت و چه‌ند ترسناك بێت، ئه‌وه نییه كه
له میدیاكاندا باس ده‌كرێت، نه ئه‌و كاته‌ی كه
گه‌وره ده‌كرێت، یان ئه‌و كاته‌ی كه بچووك
ده‌كرێته‌وه‌و ده‌خرێته په‌راوێزه‌وه.
ترسناكی میدیاش و كاریگه‌ریشی له‌و گه‌مه
ترسناكه‌یدایه كه ده‌توانێت هه‌موو كاتێك كۆنتڕۆڵی
زۆرترین ژماره‌ی خه‌ڵكی پێبكات. ئه‌گه‌ر
بگه‌ڕێمه‌وه بۆ پرسیاره‌كه‌تان و به له به‌ر
چاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه له دنیادا ده‌گوزه‌رێ و وه‌ك
هه‌واڵ به خێراترین شێوه پاش سازاندن و گونجاندنی
له گه‌ڵ مه‌رامه‌كانی كۆنتڕۆڵكارانی دنیا
ده‌خرێته روو، ئه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و راستیه‌ی كه
ناكرێت به‌شێوه‌یه‌كی ته‌قلیدی و وه‌ك جاری جاران
له شته‌كان بڕوانین.
سامان كه‌ریم: ئایا چی ده‌ڵێیت ده‌رباره‌ی ئه‌م دوو
وشه‌یه( گه‌نجی ناو حیزب) و ( گه‌نجی ده‌ره‌وه‌ی
حیزب ) ئایا شتێك هه‌یه به‌م ناوه‌وه؟ ئه‌گه‌ر
هه‌یه چ جیاوازییه‌ك له‌نێوانیاندا هه‌یه؟
یوسف عیزه‌دین: پێوه‌ندییه‌كانی تاك و ئه‌وانی تر،
له ڕوانگه‌ی هایدگه‌ر- ه‌وه، هه‌رچه‌نده تاك
هه‌وڵی خۆ رزگاركردن بدات و مه‌به‌ستی بێت سه‌ربه‌خۆ
و ئازاد بێت، به‌ڵام دواجار ده‌ربازبوونی له
پێودانگه‌كان ده‌بێته ئاسته‌م و كاتێك ده‌زانێت
كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ری دیكاتۆرێكه‌وه، دیكاتۆرێكی
بێ‌ناو، هه‌ر ئه‌مه‌شه هایدگه‌ر ناوی ده‌نێت" ئه‌وان"
یان ئه‌وانی تر. به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌تاك بۆ خۆی نابێته
بابه‌تی بوون، به‌ڵكو "ئه‌وان"ن بابه‌تی بوون، ئیدی
"من" ونبووه له گێرمه‌و كێشه‌ی ژیانێكدا كه هیچ
ئیختیارێكی نییه له هه‌ڵبژاردنیدا. "ئه‌وان"
دیزاینێكی به‌رفراوان و باڵاده‌ستی ده‌ره‌وه‌ی
ئێمه‌ن، كه ده‌توانن ئیگۆ، تاك به‌رنه ده‌ره‌وه‌ی
خۆی و بیكه‌نه یه‌كێك له"ئه‌وان"، بۆیه بوونی
هه‌ر یه‌كێكمان به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان بوونێكی
وابه‌سته‌و تێكشكاوه له ڕووی ملكه‌چبوونی بۆ
"ئه‌وان".
سامان كه‌ریم: رێبوار سیوه‌یلی له چاوپێكه‌وتنێكیدا
ده‌ڵێت:( گه‌نج تاكه ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه‌ی
په‌رته‌وازه‌یه )، ئایا به‌ڕای تۆ تاكه‌ی ئه‌م
په‌رته‌وازه‌ییه به‌رده‌وام ده‌بێت؟ ئایا گه‌نج
ئاڵته‌رناتیڤی هه‌یه بۆ ده‌سه‌ڵات؟
یوسف عیزه‌دین: دیاره ئه‌و گوته‌یه‌ی ( رێبوار
سیوه‌یلی) كه به نموونه هێناوتانه‌ته‌وه، به‌و
پێیه‌ی ئاگاداری سیاقی پێشتر و دواتری نیم، ناكرێت
هیچ له‌باره‌یه‌وه بڵێم!؟.. به‌ڵام ئه‌گه‌ر
به‌ئه‌بستراكتی بڕوانینه گوته‌ی( گه‌نج تاكه
ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه‌ی په‌رته‌وازه‌یه)، ئه‌وه
پێویسته هه‌ڵوێسته‌ی له ئاستدا بكه‌ین!؟.." هێربێرت
ده‌ین" له وتارێكیدا به‌ناوی" هه‌ندێك بیرۆكه
سه‌باره‌ت به‌ڕادیكالیزمی خوێندكاران"، باس له
خۆپیشاندان و پرۆتێستۆكانی مانگی نیسان و مایسی
ساڵی 1998- ی خوێندكارانی زانكۆی"كۆلۆمبیا"
ده‌كات، هه‌ر له هێرشكردنیان بۆ سه‌ربینای زانكۆ و
كۆلێژه‌كان و تا سوتاندنی فایل و دۆسێ و شته‌كانی
تر و به بارمته‌گرتنی كارمه‌ندانی زانكۆ و زۆر شتی
دیكه‌ی له‌و جۆره ده‌كات. له میانی وتاره‌كه‌یدا
ئاماژه به‌وه ده‌كات ئه‌و چه‌شنه بزووتنه‌وانه تا
كوێ بڕده‌كات، كه دیاره رێگه پێدانی سنوورداره‌و
له ئاستێكدا ده‌سه‌ڵات به‌توندی وه‌ڵامیان
ده‌داته‌وه. به‌ڵام به‌ده‌ر له‌مانه راستیه‌ك
هه‌یه، ئه‌ویش پاش روودانی چه‌ندین جۆر و چه‌شنی
ئه‌و شێوه پرۆتێستۆ و رووبه‌ڕووبوونه‌وانه‌ی
خوێندكاران یان گه‌نجان له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، چیان
به‌ده‌ست هێنا، ئاخۆ ده‌كرێت یاخی بوونێكی
نێگه‌تیفمان پێ باش بێت، كه هیچ ستراتیژێكی نه‌بێت
و مه‌به‌ست ته‌نها پشێوی بێت؟!.. ئه‌مانه‌و زۆر
پرسیاری تر هه‌ن كه ئێخه‌مان پێده‌گرێت و
راڤه‌كردنی كارێكی سه‌رپێی و ئاسان نییه‌و له‌م
ده‌رفه‌ته‌شدا ناكرێت یه‌كاڵای بكه‌ینه‌وه!؟.
كاتێك گه‌نجان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن تاریف بكه‌ین، ئه‌وه
بێگومان ده‌یانكه‌ینه ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی سیاسی بۆ
ده‌سه‌ڵات، واته باڵاده‌ستبوونی ده‌سه‌ڵاتێكی تر،
هه‌رچه‌نده تائێستا ده‌سه‌ڵاتێكی وا له دنیادا
باڵاده‌ست نه‌بووه، به‌ڵام له گریمانێكدا ئه‌گه‌ر
توانی خۆی ببێته ده‌سه‌ڵات، چی رووده‌دات؟! چۆن
ئیدامه به‌خۆی ده‌دات؟! تاكه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌بێت و
له‌چ ئان وساتێكدا شوێن بۆ گه‌نجانی دیكه چۆڵ
ده‌كات، كێن كارێزماو ئۆتۆریته‌ی ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه
گه‌نجانه‌یه، ئاخۆ هه‌ر بوونی ئه‌وان وه‌ك كارێزماو
ئۆتۆریته، تێكشكاندنێكی دیكه‌ی خودی ئیگۆی
فه‌ردانیه‌تی گه‌نجان نییه؟! تاچه‌ند ئه‌مانه
به‌ڕاستگۆیی ده‌مێننه‌وه؟! یان چی وایان لێده‌كات
به‌ڕاستگۆیی بمێننه‌وه، ئه‌گه‌ر وه‌ك گریمانێك شتێك
هه‌بێت ناوی راستگۆیی بێت!؟ ئه‌مانه‌و ده‌یان
پرسیاری تر ده‌كرێت بخرێنه ڕوو.. یان وه‌ك هه‌موو
جارێك مه‌به‌ست له فریودانی گه‌نجان و
هه‌ڵخراندنیانه بۆ هاتنه سه‌ركاری له‌وه‌و دوای
لایه‌ن و كه‌سانێكی پشت كه‌والیس، ئایا تائێستا
هه‌موو سیناریۆكانی به كارهێنانی گه‌نجان هه‌ر وا
نه‌بوون!؟
سامان كه‌ریم: دروستبوونی رێكخراوی ناوه‌ندی
مه‌ده‌نی و گه‌نجانه هه‌وڵێكه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی
ئومێد بۆ گه‌نج یاخود خه‌ساندنی توانا‌و دووباره
راكێشانه‌وه‌ی گه‌نجه بۆ كۆشی حزب؟
یوسف عیزه‌دین: به‌و پێیه‌ی ئاگاداری كار‌و
هه‌ڵسووڕانی ئه‌و رێكخراوه مه‌ده‌نیانه نیم،
ناتوانم هیچی له‌باره‌وه بڵێم.
به‌ڵام ده‌كرێت له تێڕوانینمان بۆ ئه‌مڕۆی دنیا،
راڤه‌ی شته‌كان بكه‌ین ئه‌وه‌نده‌ی مه‌زه‌نده‌ی
ده‌كه‌ین و وه‌ك بۆچوونێك بیخه‌ینه‌ڕوو، ئه‌گینا
پێداگرتن له سه‌ر بیرۆكه‌یه‌ك و خستنه‌ڕووی وه‌ك
شتێكی ره‌ها دۆگماتیگه‌و هیچ سوودێكی نییه. هه‌ن
پێیان وایه كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆ مرۆڤایه‌تی له
رۆژهه‌ڵاته‌وه بۆ رۆژئاوا، له باكوره‌وه بۆ باشوور،
كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ری ئیرۆس و
به‌كاربردنه‌وه(استهلاك)، هه‌موو ئه‌و كۆمپانیا‌و
شه‌ریكه گه‌ورانه‌ی بوونه‌ته ده‌سه‌ڵات و ئه‌وه‌ی
ده‌یانه‌وێت له‌ڕێی ته‌حه‌كوم كردن به بازاڕه‌وه
ده‌یسه‌پێنن. بۆیه له دنیای زلهێزه‌كان و
كاپیتالیزمه گه‌وره‌كاندا باسێك نییه تایبه‌ت
به‌مرۆڤ و مافه‌كانی بێت، قسه‌یه‌ك له باره‌ی
جوانی و ناشیرینی دنیاوه ناكرێت، سوود و قازانج و
سه‌یركردنی مرۆڤ وه‌ك به‌كابه‌رێك بابه‌تی ئه‌مڕۆی
ئه‌وانه. كوشتنی سه‌ربازه ئه‌مریكییه‌كان و
پێویستیان به‌تابووتێكی یه‌خچاڵئاسا بۆ
گوێزانه‌وه‌یان بۆ ئه‌مریكا، به‌شێوه‌یه‌ك كه بۆگه‌ن
نه‌كه‌ن، بووه مایه‌ی كردنه‌وه‌ی كارگه‌یه‌كی
تایبه‌ت به‌دروستكردنی ئه‌و جۆره تابووتانه له
شارێكی سنووری توركیا، كه له چاوپێكه‌وتنێك
له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ر و كارمه‌ندانی ئه‌و
كارگه‌یه‌دا، له جێی ده‌ربڕینی نیگه‌رانیان
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هه‌ر دروسكردنێكی تابووتێكی زیاد
به‌واتای كوژرانی مرۆڤێك دێت، جا ئه‌و مرۆڤه
هه‌ركێیه‌ك بێت و به‌چ مه‌به‌ستێك كوژرابێت، به‌ڵام
خاوه‌نه كارگه‌و كارمه‌ندانی شوكری خوایان ده‌كرد
كه ئاوا ئیش زۆر بووه‌و بازاڕیان كه‌وتۆته گه‌ڕ و
داواكاربوون له خوا كه ڕزقیان نه‌بڕێت، چونكه
بژێوی خۆیان و منداڵیانی له سه‌ره.. ئه‌مه‌یه
گاڵته‌جاڕی ئه‌و بوونه‌وه‌ره خۆویسته‌ی كه پێی
ده‌ڵێن مرۆڤ؟!
له‌مڕۆدا
ده‌سه‌ڵات هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته لۆكاڵییه نییه كه
ده‌بینرێت، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتێكی میدیاتیكی
به‌رفراوان و باڵاده‌سته، به‌بێ تێكشكاندنی ئه‌و
ده‌سه‌ڵاته خودی هیچ ده‌سه‌ڵاتێك كه هێزه‌كانی
دنیا هه‌وڵ بۆ مانه‌وه‌ی ده‌ده‌ن تێك ناشكێت.
ئه‌گه‌ر بڕوانیته ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له دنیای
سیسته‌مه‌كاندا هه‌یه ده‌بینیت خوازراوه‌و هه‌مووی
لاسایكردنه‌وه‌ی یه‌كێكی تره‌و مه‌به‌ستیش له
بوونیان رێ خۆشكردنه بۆ زیاتر هه‌ڵسوڕانی
سه‌رمایه‌و قازانجی زیاتر.
سامان كه‌ریم: ره‌وتی رۆشنبیری و مه‌عریفی ئێستای
گه‌نج چۆن ده‌بینیت؟ ئایا ئومێدبه‌خشه بۆ ئه‌وه‌ی
كاریگه‌ری له سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست بكات و وای
لێبكات بگۆڕێت؟
یوسف عیزه‌دین: "هۆبز" پێی وایه ده‌سه‌ڵات
دڕنده‌یه‌كه بۆ خۆی و ته‌نها یاسایه‌كی
هه‌وڵدانیه‌تی بۆ ترساندن و تۆقاندنی
به‌رانبه‌ره‌كه‌ی، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی به‌ڕای
ئه‌و مرۆڤ دڕنده‌و گورگێكه دژ به مرۆڤه‌كانی تر و
هه‌موو كارێكی به‌كۆمه‌ڵ و خۆیه‌كخستنی له‌وه‌وه
سه‌رچاوه ده‌گرێت كه له شتێك ده‌ترسێت و له گه‌ڵ
نه‌مانی ئه‌و ترسه‌شی ده‌بێته‌وه به‌گورگه‌كه‌ی
جاران و لای "هۆبز" ده‌سه‌ڵات درێژكراوه‌ی
ده‌سه‌ڵاتی باوك و خێزان و ئه‌وانی تره. ئیدی
ده‌بێت ئه‌وه له بیری خۆمان بسڕینه‌وه كه له‌م
دنیایه‌دا ده‌سه‌ڵاتێك هه‌بێت بگۆڕێت به‌مانای
گۆڕان؟!.. ئه‌مانه هه‌مووی ته‌وه‌هومه ئه‌گینا
حه‌قیقه‌تی ئه‌و پرۆسێسه‌ی ده‌سه‌ڵات خۆی تێدا
به‌رهه‌مدێنێته‌وه زۆر جیاوازه‌و به‌ده‌ره له خه‌ون
و خه‌یاڵه
تۆباوییه‌كانی ئێمه. ده‌سه‌ڵات كاژ
داده‌ماڵێت، وه‌ك فۆرم خۆی نوێ ده‌كاته‌وه،
بانگه‌شه‌ی گۆڕان ده‌كات، به‌ڵام له ڕاستیدا
ناگۆڕێت، ده‌سه‌ڵات هه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌و نابێته شتێكی
تر، ده‌سه‌ڵات له‌ناو ده‌برێت ئه‌گینا گۆڕانی له‌سه‌ر
داوای ئه‌م و ئه‌و مه‌حاڵه.
سامان كه‌ریم: كاریگه‌ری كولتووری داخراو چییه
له‌سه‌ر گه‌نج؟ ئایا ته‌كنۆلۆژیاو به‌كارهێنانی
له‌لایه‌ن گه‌نجه‌وه هه‌وڵێك نییه بۆ
رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی داخراو؟
یوسف عیزه‌دین: كۆمه‌ڵگه‌ی داخراو و كۆمه‌ڵگه‌ی
كراوه بۆ خۆیان تێورین؟!.. كام كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه‌ی
ئه‌وروپاو ئه‌مریكایه ئه‌و گه‌نجانه ده‌كاته
سه‌رباز و دواتر ده‌یاننێرێته ئه‌م شوێن و ئه‌و
شوێنی دنیا تاوه‌كو بكوژرێن، سه‌قه‌ت و نووقسان بن..
تۆ بڵێی ئه‌وانه له‌نیعمه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی
كراوه هه‌ڵهاتبێتن؟! یان ئه‌و گه‌نجانه‌ی ئه‌وروپاو
وڵاتانی پێشكه‌وتووی دیكه، به‌قه‌ولی كه‌سانێك
سه‌ر به‌كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه، چی ناچاریان ده‌كات
تلیاك و به‌ن و حه‌شیش به‌كار بهێنن؟! چی وایان
لێده‌كات په‌نا بۆ سه‌یرترین كرده‌ی سێكسی به‌رن،
چی وا له نێره‌كان ده‌كات ببنه "گه‌ی" و نێر
سواری خۆیان بكه‌ن؟!
من پێم وایه دابه‌شكردن و جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌م دنیا
ناشیرینه‌ی ئه‌مڕۆ هێنده كارێكی ئاسان نییه.
سامان كه‌ریم: ئایا توند و تیژبوونی گه‌نجان له
كاتی داواكردنی مافه‌كانیاندا( بۆ نموونه خۆ
پیشاندانه‌كانی كه‌لار )، به‌شتێكی سروشتی
گه‌نجانه‌ی ده‌بینی، یاخود ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری
ده‌ره‌كی له سه‌ره بۆ نموونه وه‌ڵام نه‌دانه‌وه
له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه؟
یوسف عیزه‌دین:
"تۆرین" باس له شكستی راپه‌ڕینی 1968ده‌كات
و پێی وایه كه خوێندكاران نه‌یانتوانیوه سوود له‌و
هه‌ل و مه‌رجه وه‌ربگرن كه بۆیان هاتۆته پێش، تا
بتوانن سیسته‌می ئه‌و ده‌م بگۆڕن. "تۆرین" پێی وایه
ماده‌م ته‌كنۆلۆژیا له ده‌ست كۆمه‌ڵێك كه‌سی
ته‌كنۆكرات و زانا‌و موكته‌شیفه‌كاندایه، كه‌واته
سروشتییه ئه‌وانه ببنه چینی ده‌سه‌ڵاتدار و
كاریگه‌ریان له سه‌ر كۆمه‌ڵگه هه‌بێت، به‌م پێیه‌ش
پێناسه كۆنه‌كانی پۆلێنكردنی چینایه‌تی ته‌نها له
مابه‌ینی كرێكار و سه‌رمایه‌داردا نامێنێته‌وه..
ئه‌گه‌ر سه‌ران و باڵاده‌ستانی به‌ڕێوه‌بردنی
ته‌كنۆلۆژیا به‌و شێوه‌یه هه‌موو شتێكیان
كۆنتڕۆڵكردبێت، كه‌واته توانای بڕیاردانیشیان له
هه‌موو بڕیارده‌ره‌كانی دیكه‌ش كاریگه‌رتره.
سامان كه‌ریم: ده‌سه‌ڵات ویستویه‌تی گه‌نج به‌چ
ئاراسته‌یه‌كدا به‌رێت؟ ئه‌ی ئایا رۆشنبیران ئه‌ركیان
چییه بۆ ئاراسته‌كردنی گه‌نجان به‌شێوه‌یه‌كی
باشتر؟ ئایا رۆشنبیرانی ئێمه تا ئێستا ئه‌م كاره‌یان
كردووه؟
یوسف عیزه‌دین:
قسه‌كردن له سه‌ر كایه‌ی رۆشنبیری قسه‌كردن
نییه له سه‌ر پێكهاته‌یه‌كی لێكچوو و هاوشێوه.
"گرامشی" یه‌كێكه له‌و رۆشنبیرانه‌ی كه پێی وایه
كتێبی "میر" ی "مه‌كیاڤیلی" پێش مانیفیستۆی
"ماركس" كه‌وتووه، چونكه به‌ڕای ئه‌و كتێبی"میر"
گوزارشت لێكه‌ری خه‌ڵكی ئیتالیایه بۆ دروستكردنی
ده‌وڵه‌ت.. به‌ڵام ئاخۆ ئه‌مه وایه؟!
یان كاتێك رۆشنبیر و نووسه‌رێكی وه‌ك" ئیسماعیل
بێشكچی" پێی وایه:" دیكتاتۆریترین حكومه‌تی كوردی
باشتره له دیموكراسیترین حكومه‌تی ناكوردی".. ئاخۆ
ئه‌گه‌ر له‌مڕۆدا پرس به‌گه‌نجان و خه‌ڵكانی كوردستان
بكه‌ین، ئاخۆ چه‌ندیان ئه‌م گوته‌یه‌یان پێ وایه؟!.
تێڕوانینی رۆشنفیكران و نووسه‌ران تاك ره‌هه‌ند و
لێكچوو نین، تا بزانین ئه‌مانه چیان بۆ گه‌نجان
پێیه؟َ!. فره ره‌هه‌ندی بیر و بۆچوونه‌كان و
جودایی ته‌رحه‌كان و مه‌ودای به‌رفراوانی راڤه‌كان
زۆر له‌وه گه‌وره‌ترن سنوورداریان بكه‌ین و بزانین
په‌یامی ئه‌وان بۆ گه‌نجان چییه؟! گه‌نجان ئه‌گه‌ر
چاوه‌ڕێی مانیفیستۆیه‌ك بكه‌ن تا له‌وێوه ده‌ست
پێبكه‌ن، ئه‌وه نابێت هیچیان لێ چاوه‌ڕوان بكه‌ین،
به‌درێژایی مێژوو ئه‌وانه‌ی په‌یڕه‌ویان له
مانیفیستۆكان كردووه نه‌گه‌یشتوونه‌ته هیچ؟!
سامان كه‌ریم: ئایا گه‌نجی ئێمه توانیویه‌تی پرسیار
دروست بكات؟ ئه‌گه‌ر توانیویه‌تی بۆچی نه‌یتوانیوه
گۆڕانكاری بكات؟
یوسف عیزه‌دین: بوون"كه‌ینونه" هاوشێوه‌ی
بارسته‌یه‌كی ماته‌ریالی نییه تا به‌رده‌وام
بتوانین له ڕووی فیزیایی و كیمیاییه‌وه دۆخه‌كانی
ده‌ستنیشان بكه‌ین، به‌ڵكو بوون بۆ خۆی جووڵه‌یه،
ئه‌گه‌ر له‌خاڵێكدا به‌جێگیرمان زانی هێنده نابات
ده‌بێته شتێكی تر و له قاڵبنادرێت، هه‌روه‌ك چۆن بۆ
راڤه‌كردن و شیكاركردنیشی پێودانگ و ته‌رح و بۆچوونه
ته‌قلیدییه‌كان دادمان ناده‌ن، چونكه ئێمه هه‌میشه
له ئاست نه‌زانراوێكدا راوه‌ستاوین كه ئه‌ویش
كه‌ینونه‌یه!؟.
پێوه‌ندی
بوونی ئێمه به‌دنیاوه، له هه‌ر كاتێكدا دنیا لامان
بووه بابه‌تێكی ده‌ره‌كی، ئه‌وه هه‌ستكردنمان به
دنیا لاواز ده‌بێت یان نامێنێت، چونكه ئه‌و ده‌م
دنیا ده‌بێته دنیای ئێمه!؟.
دنیا
ئه‌و كۆمه‌ڵه شت و دیاردانه نییه كه سه‌رپێی
په‌ی پێده‌به‌ین. بۆ تێگه‌یشتن له‌و بوونه‌ی كه
ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی خۆمان، ده‌بێت راڤه‌ی
بوونی خۆمان كردبێت و لێی حاڵی بووبێتین، ئیشكالی
زۆرێك له ته‌رحه فه‌لسه‌فییه‌كان له‌وه‌دایه بوون
وه‌ك خۆی و مه‌عریفه‌ی ئێمه سه‌باره‌ت به‌بوون
تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن، به‌م شێوه‌یه‌ش بوون ده‌بێته
چه‌مكێكی ئه‌قڵی ئه‌بستراكت. زانست یه‌كێكه له‌و
بوارانه‌ی له گه‌ڵ بوونی مرۆڤدا هاتۆته كایه‌وه‌و
هه‌یه، له گه‌ڵ نه‌مانی بوونی مرۆڤیش وه‌ك
گریمانێك له ڕۆژگارێكدا نامێنێت!؟
پرسیاركردنێك كه ته‌جاوزی شته سه‌رزاره‌كی و
پێویستییه ئانییه‌كان نه‌كات، پرسیارێكی نه‌زۆكه..
له كاتێكدا بوونی پرسیاره گرنگ و گه‌وره‌كان له
ناخه‌وه‌ڕا خۆی له قه‌ره‌ی بوون و دنیا ده‌دات و
رێنیسانسی ئه‌وروپاش چه‌شنێك بوو له‌و ته‌وژمه
گه‌ورانه‌ی كه پرسیاره‌كان دروستیان كرد‌و دواتریش بۆ
خۆی بووه ده‌یان پرسیار. پرسیاركردنی گه‌نجان
ئه‌گه‌ر هه‌بێت، ده‌بێت بڕوانرێته ئه‌و دنیابینییه‌ی
له پشت ئه‌و پرسیارانه‌وه هه‌یه، ده‌بێت سه‌یری
ئه‌ودیوی پرسیاره‌كانیان بكه‌ین، ئه‌گینا پرسیاره
سه‌تحی و سه‌رزاره‌كییه‌كان بوون و نه‌بوونیان وه‌ك
یه‌كه.
سامان كه‌ریم: په‌یوه‌ندی گه‌نج و ده‌سه‌ڵات له
كوردستاندا چۆن ده‌بینیت؟
یوسف عیزه‌دین: وه‌ك خۆم به‌هۆی دابڕانمه‌وه له
واقیعی كوردستان ئاگاداری نیم.
سامان كه‌ریم: گه‌نج و راهاتن له‌سه‌ر خواردنه‌وه
كهولییه‌كان و مادده بێهۆشكه‌ره‌كان بۆچی
ده‌گه‌ڕێنیته‌وه؟ كه‌مته‌رخه‌می كۆمه‌ڵگه‌یه یان
نابه‌رپرسێتی ده‌سه‌ڵات؟
یوسف عیزه‌دین: دیاره پێشتر له سیاقی هه‌وڵدانمان
بۆ راڤه‌كردنی پرسیاره‌كانتان تاڕاده‌یه‌ك شتێكمان
سه‌باره‌تی خسته‌ڕوو.
سامان كه‌ریم: ئایا ململانێی نه‌وه‌ی كۆن و نه‌وه‌ی
نوێ له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا هه‌یه؟
یوسف عیزه‌دین: ئه‌گه‌ر هه‌شبێت ململانێیه‌كی
سه‌تحییه و ئه‌قڵیه‌تی كوردی به‌نه‌وه‌ی نوێ و
كۆنییه‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی خاڵی هاوبه‌شیان
زیاتره وه‌ك له خاڵی جیاوازی، گه‌رچی له ڕوو و
لێره‌و له‌وێ باس له‌و ململانێیه ده‌كرێت، وه‌ك
ئه‌وه‌ی ته‌وژمێكی نوێ به‌ڕێوه بێت و بۆ گۆڕینی
ئه‌قڵییه‌تی سه‌له‌فیانه، به‌ڵام هێشتاكه
كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و مرۆڤی كورد ئه‌وه‌یه كه له
ڕشته‌ی مرواری- دا باسكراوه، كامه گۆڕانكاری و
ته‌وژمی فیكری و مه‌عریفی پایه‌كانی پێشووی
هه‌ڵته‌كاندووه، به‌هه‌رحاڵ له كۆتایشدا هێنده‌ی
كه ده‌بێت بگوترێت ئه‌وه‌یه، ئه‌م باسه ئه‌گه‌ر
قه‌ول بێت قسه‌ی له سه‌ر بكرێت زۆر له‌وه زیاتر
هه‌ڵده‌گرێت كه له‌م ده‌رفه‌ته‌دا به‌مه‌به‌ستی
كردنه‌وه‌ی ده‌ركه‌كانی پرسیاركردن خۆمان لێدا.
*تێبینی:
ئه‌م دیمانه‌یه به‌شێكه له‌پرۆژه‌ی كتێبێك
كه‌له‌لایه‌ن" سامان كه‌ریم" ه‌وه
سازكراوه‌و دواتر له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك دیمانه‌و بابه‌تی
تردا به‌چاپ ده‌گات.
|