|
سازدانی:
زانیار محه‌مه‌د
زانیار محه‌مه‌د: چیرۆك ده‌یه‌وێت چیبكات؟
په‌راوێزه‌كان بنووسێته‌وه؟ راستییه‌كان بڵێت؟ مانای
دیكه به‌رهه‌مبهێنێت؟ چیرۆك ئه‌رك به‌رهه‌مدێنێت؟ یان
ئه‌رك چیرۆك دروستده‌كات؟
یوسف عیزه‌دین: دیاره بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م
پرسیاره، ناچارین بگه‌ڕێینه‌وه بۆ راڤه‌كردنی
لایه‌نێكی خودی نووسین وه‌ك گه‌مه‌یه‌كی داله‌كان.
ئه‌مه جگه له‌هه‌وڵدان بۆخستنه رووی هه‌موو ئه‌و
نهێنی و په‌نهانانه‌ی كه‌پاش گه‌مه‌ی نووسین
به‌هه‌موو جوداكاری و جیاوازییه‌كانه‌وه له‌نێو
ده‌قدا خه‌فه‌و شاراوه‌یه، خۆدان
له‌گه‌مه‌یه‌ك كه‌قه‌وله پێوه‌ندییه سروشتی و
ئاساییه‌كانی مابه‌ینی شتگه‌لێكی دیاریكراو یان
نادیاریكراو تێكبدات، قه‌وله ده‌ستكاری پێوه‌ندی
نێوان نزیكبوونه‌وه و ته‌بابوونی ره‌گه‌زه‌كان بكات
و ئه‌و چه‌مكانه هه‌ڵبگێڕێته‌وه كه‌تاكڕه‌هه‌ندانه
سه‌یر ده‌كرێن و چه‌ندین شتی دیكه‌ش. بۆیه كاتێك باس
له‌كرده‌ی نووسین ده‌كه‌ین ده‌بێت ئه‌وه له‌پێشچاو
بگرین، كه خۆمان له‌قه‌ره‌ی كرده‌یه‌كی ناجێگیر و
پڕ گومان ده‌ده‌ین. سه‌ره‌تا بۆئه‌وه‌ی زۆر
په‌لنه‌هاوین و له‌ئاست وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌دا
بمێنینه‌وه، ده‌كرێت كه‌مێك له‌و پێوه‌ندییه بدوێین
كه‌زمان و ئاخافتن له‌گه‌ڵ نووسین هه‌یانه، یان
به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌گه‌ر كۆڵه‌كه‌یه‌كی سه‌ره‌كی
نووسین زمان بێت ئه‌وه خودی زمان له‌بگره‌و به‌رده‌و
پێكدادان
و ململانێدایه له‌گه‌ڵ ئاخافتن. یه‌كێك له‌و
پرسیارانه‌ی كه‌هه‌رده‌م بۆته جێی خواس و باس
ئه‌وه‌یه كه ئاخۆ زمان و ئاخافتن كامیان پێش
ئه‌ویتریان ده‌كه‌وێت؟ یان گرنگی و كاریگه‌ری
هه‌ریه‌كێكیان له‌سه‌ر ئه‌ویتریان تا چ ئاستێك بڕ
ده‌كات، یان پێوه‌ندی ئاخافتن به‌نووسینه‌وه و
چه‌ندین پرسیاری دیكه كه‌دیاره تاوتوێكردن و په‌ی
پێ‌بردن و پرسیاركردن له‌باره‌یانه‌وه به‌شێكه
له‌به‌رایی ئه‌و كرده‌یه‌ی كه‌پێی ده‌گوترێت نووسین.
كاتێك ئاخافتنی گوتاربێژێك راسته‌وخۆ بیركردنه‌وه‌و
مه‌به‌ستی كه‌سه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت له‌وه‌ی كه‌پێش
وه‌خت مه‌به‌ستی بووه بیڵیت. به‌لاَم ئه‌مه
له‌نووسیندا وانییه و ده‌بێت بزانین نووسین چه‌ند
له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی ناوه‌كی نووسه‌ر دێته‌وه یان
چه‌ند لێی دووره، له‌نووسیندا ئاخافتن نائاماده‌یه،
به‌ڵام كاتێك ده‌ڕوانیته ئاخافتن به‌تایبه‌ت
له‌ده‌ربڕینی گوتارێكدا ده‌بینیت به‌نووسینه‌وه
به‌نده‌و نموونه‌ی لێده‌خوازێ و به‌و شێوه‌یه‌ش
نووسین له‌نێو ئاخافتندا خۆی ده‌پارێزێت ته‌نانه‌ت
له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا خۆی به‌رهه‌مدێنێته‌وه‌و ئاخافتن
ده‌كاته شتێكی لاوه‌كی، ره‌نگه ئه‌مانه‌و زۆر شتی
تر ئه‌گه‌ر رووكه‌شیانه تێیبڕوانین، به‌چه‌شنێكی تر
بێنه پێش چاومان. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌پێویسته له
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كه‌تاندا بگوترێت ئه‌وه‌یه
كه به‌بێخۆدان له‌هه‌موو ئه‌و گێرمه‌و كێشه‌یه‌ی
كه‌له ئاستی جیاجیا و جۆراوجۆردا زمان و ئاخافتن و
نووسین پێكه‌وه گرێده‌دات، یان جیاوازییه‌كانی
نێوانیان ده‌خاته‌روو، سه‌رباری زۆر شتی تریش
كه‌په‌یوه‌سته به‌نهێنی و په‌نهانه‌كانی
ئه‌وانه‌وه، ئاسته‌مه به‌شێوه‌یه‌كی راشكاوانه و
روون بتوانین باس له‌كرده‌ی نووسین به‌گشتی و خودی
نووسینی نێو ژانره ئه‌ده‌بییه‌كان بكه‌ین.
"رۆلان پارت" سیسته‌می ریزكردنی ده‌فره‌كانی
نانخواردنی له‌خوانێكی دیاریكراو به‌ئاخافتن و
دابونه‌ریتی خوانه‌كه‌شی به‌زمان داناوه و
به‌پێچه‌وانه‌ی"دی سۆسۆر"سیمۆلۆژیای كردۆته
به‌شێكی زانستی زمان، چونكه به‌بۆچوونی ئه‌و ئێمه
له‌هه‌موو جۆر و چه‌شنێكی ئاماژه‌كاندا زمان
ده‌دۆزینه‌وه و هه‌ر به‌ڕای ئه‌ویش تێكست سوود
له‌چه‌مكی زمانی تاكه‌كه‌س وه‌رده‌گرێت.
به‌لاَم(جاك لاكان) به‌چه‌شنێكی تر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ
زمان ده‌كات، پێیوایه نه‌ست ته‌نها شوێنی
غه‌ریزه‌كان نییه، به‌ڵكو شوێنێكی تایبه‌تیشه بۆ
ئاخافتن و زمان و به‌ڕای ئه‌و خودی نه‌ست زمانێكه‌و
بونیادی خۆی هه‌یه.
راشكاوانه ده‌توانین بڵێین پێوه‌ندی زمان و ئاخافتن
و نووسین، پێوه‌ندییه‌كی ساكار و ساده نییه به‌ڵكو
تابڵێیت ئاڵۆزه. بۆ نموونه كاتێك تێورییه‌كی
نووسراو ده‌چێته نێو رایه‌ڵه‌كانی ئاخافتنه‌وه و
قسه‌و باسی له‌سه‌ر ده‌كرێت، یان كه ده‌بێته گوتار
و له‌زمانی گوتاربێژه‌كانه‌وه ده‌خرێته روو، بۆی
هه‌یه زۆر له‌تێكسته نووسراوه‌كه دووربكه‌وێته‌وه
و ره‌نگه له‌گشتاندنیدا سه‌تحیبوون وساده‌ییه‌كی
ترسناك له‌خۆبگرێت، یان ببێته شتێكی سامناك و زۆر
جیاواز له‌وه‌ی له تێكسته نووسراوه‌كه‌دا هاتووه،
چونكه ئاخافتن ناتوانێت به‌ده‌ر له‌خۆسه‌پاندنی
به‌سه‌رگوێگردا ئیدامه به‌خۆی بدات. ئه‌و
ئیختیاره‌ی كه گوێگر هه‌یه‌تی زۆر جیاوازتره له
ئیختیاری خوێنه‌ر، ئاخافتن له‌كه‌شێكی خووڵقێنراودا
به‌ڕێوه ده‌چێت و زۆرتریش زیاد له‌كه‌سێك ئاماده‌گی
ده‌بێت. به‌لاَم خوێندنه‌وه كارێكی تاكه‌كه‌سییه و
خوڵقاندنی كه‌شه‌كه‌ش په‌یوه‌سته به‌خودی
تاكه‌كه‌سێكه‌وه كه‌خوێنه‌ره، له‌هه‌ر كاتێكدا
كه‌مه‌به‌ستی بێت ده‌توانێت ده‌ستی لێهه‌ڵبگرێت و
هه‌ر كاتێكیش كه‌بیه‌وێت ده‌توانێت بچێته‌وه سه‌ری.
ده‌قه ئاینییه نووسراوه‌كان سه‌رباری كۆنییان،
ئاسان لێ تێنه‌گه‌یشتنیان، زۆری میتافۆر و سه‌جع و
په‌ره‌گرافی عه‌جایب و وشه‌و دێڕی سه‌یروسه‌مه‌ره و
ئه‌و هه‌موو راڤه‌و ته‌ئویل و شرۆڤه‌یه‌ی
كه‌بۆیانكراوه‌و بۆیان ده‌كرێت، ئه‌وه‌نده‌ی له‌نێو
دووتوێی ده‌ق و زمانی نووسیندا بمێننه‌وه ره‌نگه
به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌دێنه نێو ئاخافتن و له‌میانه‌ی
گوتار‌و وه‌عزه‌وه ده‌خرێنه روو، ترسناك نه‌بن. هه‌ر
بۆ نموونه كاتێك ده‌ڕوانینه ئه‌زموونی میستیكی
وسۆفیستیكیانه‌ی سۆفییه‌كان، تا ئه‌و ئاسته‌ی
نه‌هاتۆته نێو ئاخافتنه‌وه و له‌نێو دنیای په‌نهان
و نهێنییه‌كاندا هه‌ڵده‌سووڕێت، نه‌بۆته هیچ گرفتێك و
مه‌رجه‌عه شه‌رعییه‌كان ده‌ستیان نه‌داوه‌ته
دژایه‌تی كردنی، به‌ڵام كاتێك بۆته بابه‌تی
ئاخافتن و قسه‌و له‌دنیای بوونی وه‌ك ئه‌زمونێكی
تایبه‌ت، یان نووسراو هاتۆته ده‌رێ، تووشی پێكدادان
و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌خت بۆته‌وه، كه زیاتر
به‌كوژرانی زاتی موته‌سه‌ویف و موریدانی كۆتایی
هاتووه. ئه‌گه‌ر حه‌للاج به‌نموونه بهێنینه‌وه
ده‌بینین ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه ناكوژرێت كه كتێبێكی
وه‌ك"ته‌واسین" ی نووسیوه، كتێبێكی ته‌نها ده
لاپه‌ڕه‌یی كه‌هه‌موو ته‌سه‌وره ته‌قلیدییه‌كانی
ئایین سه‌راوژێر ده‌كات، به‌تایبه‌تیش له‌به‌شی"تاسین
ئه‌لئه‌زه‌ل و ئه‌لئیلتیباس"دا توانیویه‌تی
تراژیدیای ئیبلیس له‌روانگه‌یه‌كی زۆر جیاوازه‌وه
بخاته روو، شایانی باسیشه ئه‌م نووسینه‌ی حه‌للاج
یه‌كێكه له‌و نووسینه ناوازه‌و ده‌گمه‌نانه‌ی كه
به‌ئاسانی خۆی به‌ده‌سته‌وه نادات و ره‌نگه
ئاسته‌میش بێت به‌سانایی بهێنرێته نێو زمانی
ئاخافتنه‌وه‌و ساده‌بكرێته‌وه، په‌نهان و ته‌مومژێكی
تێدایه كه‌ده‌توانێت پارێزگاری له پێكهاته‌ی
نووسینه‌كه بكات، وه‌ك "ولیه‌م ئه‌مبسۆن" یش
ده‌ڵێت:"ته‌مومژاوی بوون سه‌نگینه ماده‌م پشتگیری
ئاڵۆزكردنی بیرۆكه ده‌كات". جا سه‌یره ئاخافتن و
قسه‌ی كه‌سانێكه ده‌بنه گه‌واهیده‌ری لادانی
حه‌للاج له‌شه‌رعی ئیسلام، یان خودی ئاخافتنه‌كانی
حه‌للاج و كه‌شفكردنی نهێنی ئه‌زمونه‌كه‌یه‌تی
له‌رێی وتووێژ و گوتنه‌وه، كه ده‌یگه‌یه‌نێته ئه‌و
چاره‌نووسه تراژیدییه، ئه‌مه جگه له‌كه‌شفبوون و
ده‌ركه‌وتنی راوبۆچوونه‌كانی به‌تایبه‌ت ده‌رحه‌ق
به‌حه‌جكردن. ناكرێت ئه‌و راستییه له‌به‌رچاو
نه‌گرین، كه‌خودی ئه‌فسانه‌ی حه‌للاج تا ئه‌و
ساته‌ی ده‌بێته نووسین له‌نێو ئاخافتندا
ده‌مێنێته‌وه‌و خۆیده‌پارێزێت، دواتر ده‌بێته
بابه‌تی شیعری عه‌تار و ئیبن ئه‌لخه‌یر و رۆمی و
حافیزی شیرازی و ئه‌وانی تر، واته وه‌ك
ئه‌فسانه‌یه‌ك باڵایی و تۆكمه‌بوونی خۆی
له‌نووسیندا ده‌دۆزێته‌وه.
نابێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێت كه له روانگه‌ی
میتافیزیكییه‌كانه‌وه هه‌رده‌م ئاخافتن ده‌خرێته پێش
نووسین، هه‌ر خودی ئایینه‌كانیش له قسه‌و
ئاخافتنه‌وه هاتوونه‌ته بوون، جا ئه‌گه‌ر ئاخافتنی
خوداوه‌نده‌كانیش بووبێت له‌گه‌ڵ نێردراوه‌كانی،
پاشتر بوونه‌ته نووسین، له‌كاتێكدا نووسینه
ئاینییه‌كان پاش به‌سه‌رچوونی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی
كه‌به‌بێ پرسیاركردن جێگه‌ی قبووڵبووه، ده‌ركه‌كانی
خوێندنه‌وه‌ی راڤه‌كارییان له‌نێو هاله‌ی پیرۆزیدا
كڵۆمداوه و ئه‌وه‌ی كه‌مه‌به‌ست بووه له‌رێی
ئاخافتنه‌وه واعیزو مورشیده‌كان گه‌یاندوویانه،
به‌زاڵكردنی ئاخافتنیش مۆنۆسێنترالیزم به‌رقه‌رار
ده‌بێت. هه‌ر بۆیه ته‌نها رێگه‌یه‌ك كه كڵێسا
ده‌یخاته پێش "گالیلۆ" ئه‌وه‌یه كه‌په‌شیمان
بێته‌وه له‌تێزه‌كه‌ی، واته به‌به‌رچاوی
خه‌ڵكییه‌وه بڵێت زه‌وی به‌ده‌وری خۆردا
ناسووڕێته‌وه و تێورییه‌كه‌ی خۆی به‌درۆ بخاته‌وه،
دیاره گالیلۆش واده‌ڵیت و له مردن رزگاری ده‌بێت،
لێره‌دا ده‌بینین ئه‌و حه‌قیقه‌ته زانستییه‌ی كه
گالیلۆ پێی گه‌یشتبوو پێویستی به‌ئاخافتن و وه‌عز
نه‌بوو، په‌شیمان بوونه‌وه‌ی خودی خاوه‌ن
تێورییه‌كه‌ش هیچی له‌مه‌سه‌له‌كه نه‌گۆڕی. له
روویه‌كی تریشه‌وه كه ده‌ڵێین قسه‌كردن و ئاخافتن،
مه‌به‌ستمان ئه‌وده‌نگه‌یه كه له‌نێو نووسیندا
بوونی نییه. " ژاك دریدا" یه‌كێكه له‌و
بیرمه‌ندانه‌ی كه‌هه‌وڵی به‌رجه‌سته‌كردنی
نه‌بوونی ده‌نگ و بێده‌نگی له‌نووسیندا داوه یان
بابڵێن په‌ی پێبردووه، ته‌نانه‌ت لای ئه‌و نووسین
ده‌بێته یه‌كه‌مین تێرم و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی
نووسینه‌وه‌ی پێش ئاخافتن ده‌دات، له‌روانگه‌یه‌كی
ته‌فكیكییه‌وه هه‌موو پێودانگه مه‌ییوو و
راوه‌ستاوه‌كانی پێشووتر ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه‌و
هه‌وڵ ده‌دات زمانێك بونیادبنێت
له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌لگۆی نووسینی فۆنیمی و
ئه‌و چه‌شنه نووسینه‌ی له‌نێو ئاخافتندا
ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ی
كه‌ئه‌و كردی دژایه‌تییه‌كی به‌رچاو بوو
له‌گه‌ڵ بوونی سێنته‌رالیزمی میتافیزیكی، كه‌خودی
رۆژئاوا به‌پێی ئه‌م میكانیزمه‌یه تا ئه‌مساته
وه‌خته‌ش به‌ڕێوه ده‌چێت. "ژاك دریدا" پێی وایه
كه‌ده‌بێت نووسین له‌نووسه‌ره‌كه‌ی ئازاد كرێت تا
ره‌هه‌نده ده‌لالی و مه‌عریفییه‌كانی بكه‌وێته
روو، بێگومان ده‌بێت كار بۆ كۆتایی هێنان به‌و
بێده‌نگییه فیساگۆرییه بكرێت كه‌به‌بێ پرسیاركردن
ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت قبووڵیه‌تی. ئه‌مه جگه
له‌وه‌ی كه‌ده‌بێت بڕوانینه بوونی مرۆڤ
له‌ده‌ره‌وه‌ی نووسین، زمان، ته‌نانه‌ت ئاخافتنیش و
له‌لایه‌كی تریشه‌وه پێوه‌ندی زمان و ئاخافتن و
نووسین له‌گه‌ل دنیادا بخه‌ینه ژێر پرسیاره‌وه و
به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه. ده‌بێت هه‌وڵبده‌ین له‌پێوه‌ندی
زمان به‌توندوتیژییه‌وه و پێوه‌ندی توندوتیژی
به‌زمانه‌وه تێبگه‌ین، ئه‌مه جگه له‌توندوتیژی
زمانی نووسین وه‌ك "ژاك دریدا" توندوتیژی
له‌نووسینه‌كانیدا ده‌باته‌وه بۆ پێكهاته‌ی
زمانه‌وانی زمانی فه‌ڕه‌نسی و به‌كاربردنی ئه‌و
زمانه له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه. لێره‌وه ئه‌گه‌ر
بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر پرسیاره‌كه‌تان ئه‌وه به‌پێویستی
ده‌زانم گوته‌یه‌كی رۆماننووس" ئیبراهیم ئه‌لكه‌ونی"
به‌نموونه بهێنمه‌وه كه‌ده‌ڵێت:( ئێمه ئه‌و شتانه
ده‌بینین كه نابێت ببینرێت و ئه‌و شتانه‌ش نابینین
كه‌ده‌بێت ببینرێت). له‌میانه‌ی ئه‌م گوته‌یه‌وه
لایه‌نێكی تری كرده‌ی نووسینمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت
دیاره به‌سه‌رجه‌م ژانره‌كانییه‌وه ئه‌ویش بینین و
نه‌بینینه، بینین و نه‌بینیش له ئاخافتندا یان
نووسیندا له‌رێی زمانه‌وه گوزارشتی لێده‌كرێت و
ئه‌میش بۆ خۆی لایه‌نێكی جه‌نجاڵی تری پرۆسێسی
نووسینه. "ئۆڤید" شاعیرێكی رۆمانی بووه‌و
له‌سه‌رده‌می ئیمپراتۆر"ئه‌گستس"دا ژیاوه سه‌باره‌ت
به‌نووسین ده‌ڵێت:" نووسین وه‌ك سه‌ما وایه له‌نێو
تاریكی‌دا"، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی
كه‌ده‌ڵێت:"نووسینه‌كانم ئه‌شكه‌نجه‌یاندام"، ئه‌م
شاعیره یه‌كێكه له‌و نووسه‌ره به‌دبه‌ختانه‌ی
كه‌به‌چه‌شنێكی زۆر نالۆژیكی تاوانباركرا به‌وه‌ی
كه هۆكاری تێكشكانی سوپای رۆما به‌رانبه‌ر
به‌به‌ربه‌ره‌كان، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بوونی شیعره
ئیباحییه سێكسییه‌كانی ئه‌و، هه‌ر بۆیه شار
به‌ده‌ركراو دوورخرایه‌وه‌و نێردرایه شوێنێكی دوور
له‌مه‌ده‌نیه‌ت، تا مردیش نه‌یانهێشت بگه‌ڕێته‌وه.
لێره‌وه جارێكی تر ده‌توانین ئه‌وه ببینینه‌وه
كاتێك نووسین دێته نێو ئاخافتنه‌وه به‌ده‌ر
له‌كاریگه‌ری راسته‌قینه‌ی، هه‌رده‌م كه‌سانێك هه‌ن
ده‌توانن له‌میانی ئه‌وه‌ی كه‌ده‌گوترێت ته‌سه‌ووری
زۆر شتی تر بكه‌ن، شیعره‌كانی ئۆڤید له‌وجۆره
نووسینانه نه‌بوون ته‌نها له‌نێو دنیای نووسیندا
بمێننه‌وه یان تایبه‌ت بن به‌خوێنه‌رێكی دیاریكراو،
به‌ڵكو له‌سه‌ر زاری خه‌ڵكی بوون و به‌ته‌واوی
چووبوونه نێو ئاخافتنه‌وه.
بۆ ناساندنی هه‌ر ژانرێكی ئه‌ده‌بی، به‌تایبه‌تیش
وه‌ك له‌پرسیاره‌كه‌دا هاتووه چیرۆك،
پێموانییه راستبێت به‌پێی پێودانگ و تێڕوانین
و كڵێشه‌سازییه‌كی ته‌قلیدی وحازر به‌ده‌ست
په‌لبهاوین بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی، یان هه‌وڵ بۆ
دۆزینه‌وه‌ی پێناسه‌ی ئیتمۆلۆژی و جۆره‌كانی تری
پێناسه‌كان بده‌ین. ره‌نگه من وه‌ك خۆم نه‌مه‌وێت
بزانم ئاخۆ چیرۆك ده‌یه‌وێت چیبكات، په‌راوێزه‌كان
ده‌نووسێته‌وه، راستییه‌كان ده‌ڵێت یان هه‌ر شتێكی
تر. ره‌نگه نه‌مه‌وێت هه‌ر وه‌ك چۆن ته‌سه‌وور و
تێڕوانینێكی ئایینی له‌پشت هه‌موو ئه‌و دنیابینییه
میتافیزیكییه‌ی كه‌ده‌بێت له‌وێوه بڕوانێته میتۆد و
پره‌نسیپی ئایینه‌كه‌ی، كه‌چی دێت و هه‌موو ئه‌و
دنیایه بچووك ده‌كاته‌وه یان بابڵێین كورتی
ده‌كاته‌وه و له‌نێو كۆمه‌ڵێ دابونه‌ریت و چه‌شنی
جلوبه‌رگ و سیمگه و سیمبۆل و بونیادی په‌رستگه‌كان و
ئێكسسواره‌كانی نێویدا جێی ده‌كاته‌وه. ره‌نگه
نه‌توانم هیچ ژانرێكی ئه‌ده‌بی كورتبكه‌مه‌وه یان
بچووكی بكه‌مه‌وه ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی من
جێگیرییه‌ك له كایه ئه‌ده‌بییه‌كاندا نابینم،
ئه‌ده‌بیات دنیایه‌كی شڵۆق و ناجێگیر و گۆڕاوی
هه‌یه ته‌نها به‌ناو هێنان و ئاماژه پێدان ناگه‌ینه
مه‌غزای ئه‌وه‌ی كه‌له قووڵایی ئه‌ده‌بیاتدا
ده‌گوزه‌رێ، ته‌نانه‌ت ناوهێنانی ژانرێك به‌ناوێك و
ئه‌ویتر به‌ناوێكی تر جێی مشتومڕه، كێیه
به‌حیكایه‌ت ده‌ڵێت حیكایه‌ت و به‌چیرۆكیش چیرۆك، یان
بۆ وای پێده‌گوترێت. كاتێك گوێبیستی حیكایه‌ته
سه‌رزاره‌كییه ناوازه‌كان ده‌بین ناكرێت سه‌رسام
نه‌بین به‌كارێك كه‌سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌مین
گێڕانه‌وه‌ی نادیار و ونه، ده‌نگو سه‌دای
گێڕه‌ڕه‌وه به‌راییه‌كانی نه‌زانراوه، ده‌بینیت
له‌و كاتانه‌دا چۆن دوای زنجیره گێڕانه‌وه‌ی یه‌ك
له‌دواییه‌كی ئه‌و جۆره حیكایه‌تانه ده‌كه‌وین،
به‌چه‌ندین شێوه ته‌سه‌ووری یه‌كه‌مین كه‌س ده‌كه‌ین
كه‌گێراِویه‌تییه‌وه، حه‌ز ده‌كه‌ین بزانین
له‌سه‌ره‌تادا فڵانه حیكایه‌ت چیبووه، بۆ گوتراوه‌و
ده‌یان پرسیاری تر كه‌به‌ده‌ر له‌ویستی خۆمان
به‌مێشكماندا ده‌گوزه‌رێت. مانه‌وه‌ی ساڵانێكی دوور
و درێژی ئه‌و حیكایه‌تانه له‌ده‌ره‌وه‌ی نووسین
پرسیارمان لادروست ده‌كات، ته‌نانه‌ت هه‌یانه
به‌ئاسانی له‌نووسینه‌وه‌یدا، خۆ به‌ده‌سته‌وه
نادات، مه‌به‌ستم له‌و جۆره نووسینه‌وه‌یه‌یه
كه‌وه‌ك چه‌شنێك له گواستنه‌وه له‌نێو دنیای
ئاخافتنه‌وه بۆ دنیای نووسین به‌كارده‌هێنرێت. ئه‌و
ده‌مه ره‌نگه ئه‌و چه‌شنه نووسینه‌وه‌یه بیكاته
شتێكی تر، له‌كاتێكدا به‌ده‌ماو ده‌مكردن و
سه‌فه‌ركردنیان له‌شوێنیكه‌وه بۆ شوێنێكی تر
به‌چه‌ندین شێوه گۆڕدراون و هه‌ر ده‌شگۆڕێن،
به‌بێئه‌وه‌ی بزانین چه‌ند گۆڕدراون یان چه‌ندی تر
له‌داهاتوودا ده‌گۆڕدرێن، یان هه‌ندێ حیكایه‌ت
به‌چه‌شنێك ماونه‌ته‌وه كه‌زۆرجار گومان ده‌كه‌ین هیچ
گۆڕانێكی به‌سه‌ردا هاتبێت. له‌هه‌مووشی سه‌یرتر
ئه‌وه‌یه زۆرێك له‌م حیكایه‌تانه پاش نووسینه‌وه‌یان
سیحری یه‌كه‌مجاری خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و ره‌نگه
له‌روانگه‌یه‌كی میتافۆرییه‌وه بمرن، زۆرجار
ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی كه‌ره‌نگه ئه‌م حیكایه‌تانه
خۆیان له‌بنه‌ڕه‌ته‌دا نووسرابێتن و ئێمه
به‌نووسینه‌وه‌یان نووسینی یه‌كه‌مجار و بنه‌ڕه‌تی
ئه‌وانمان تێكدابێت، بۆیه له‌خۆڕا نییه "دریدا"
به‌شوێن نووسینی به‌رایدا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌و نووسینه‌ی
ده‌كه‌وێته پێش نووسینه‌وه. هه‌ست ده‌كه‌ین زۆرێك
له‌و حیكایه‌تانه‌ی كه‌ماونه‌ته‌وه به‌شێكن له
رۆحی راوییه‌كانی، یان رۆحی حیكایه‌ته‌كان
بوونه‌ته به‌شێك له‌رۆحی راوییه‌كان. حیكایه‌ت و
گێرانه‌وه سیحر‌و ته‌لیسمی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه،
ئه‌تمۆسفێر و تۆپۆگرافیای تایبه‌تیان هه‌یه،
هه‌میشه ئه‌وانن نه‌ك هه‌ر زه‌مه‌ن وه‌ك ئێمه لێی
حاڵیبووین تێپه‌ڕده‌كه‌ن، به‌ڵكو ده‌توانن نه‌فیبكه‌ن
و بیسڕنه‌وه، ده‌توانن ئه‌وداڵی گه‌ڕانمان بكه‌ن،
خۆشییه‌كی بێكۆتامان پێبه‌خشن، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵمان
بدوێن، یان وامان لێبكه‌ن له‌گه‌ڵیان بدوێین. "عه‌قاد"
ده‌رهێنه‌ری فیلمی"په‌یام" له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا باس
له‌وه ده‌كات چۆن له‌دوا به‌شی فیلمه‌كه‌یدا، ئه‌و
به‌شه‌ی كه په‌یامبه‌ر دوا وه‌سیه‌ت و وته‌ی خۆی
به‌موسڵمانان راده‌گه‌یه‌نێت، نه‌یتوانیوه هه‌موو
ئه‌و خه‌ڵكه پێكه‌وه بخاته گریان تا به‌ڕێكه‌وت
له‌یه‌كێك له‌بازاڕه‌كاندا حیكایه‌تخوانێك ده‌بینێت
كه‌به‌ته‌واوی له‌كاتی گێڕانه‌وه‌ی
حیكایه‌ته‌كانیدا گوێ‌گران سه‌رسام ده‌كات و
له‌ناخه‌وه ده‌یانهه‌ژێنێت، هه‌ر بۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌و
حیكایه‌تخوانه رێكده‌كه‌وێت له‌رێی گێڕانه‌وه‌وه
ئه‌و ژماره زۆره‌ی ئه‌كته‌ران پێكه‌وه بخاته
گریان، دیاره وه‌ك له‌فیلمه‌كه‌دا دیاره ئه‌و
حیكایه‌تخوانه چ توانایه‌كی هه‌یه و به‌بێ ئه‌ویش
هه‌رگیز ئه‌و به‌شه‌ی فیلمه‌كه هێنده تراژیدی
نه‌ده‌بوو. له‌كاتێكدا حیكایه‌تخوانی بێتواناو
حیكایه‌تی ناشرین و بێپێز، ده‌رفه‌تی مانه‌وه‌یان
نییه و ره‌نگه نه‌شبووبێت و نه‌شبێت. به‌لاَم
چیرۆكنووسی بێ‌توانا و چیرۆكی ناشرین و بێپێز هه‌بوون
و ده‌شبن، لێره‌وه زۆر شتمان بۆ روونده‌بێته‌وه
ته‌نانه‌ت پێ‌بزانین یا نه‌زانین گه‌یشتووینه‌ته
خاڵێكی زۆر كریتیك له جیاوازی ئه‌و دوو دنیایه،
دنیایه‌ك كه‌ناچاری گوێگرتنت ده‌كات و دنیایه‌ك
ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت بیڵێت تێكستی نووسراوه‌و خوێنه‌ر
ئیختیاری خوێندنه‌وه یان نه‌خوێندنه‌وه‌ی هه‌یه،
له حیكایه‌تدا حیكایه‌تخوان بوونی هه‌یه‌و به‌بێ
ئه‌و حیكایه‌ت چێژی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات، واتا
ئه‌گه‌ر كه‌سێكی بێ‌توانا له‌هونه‌ری گێڕانه‌وه‌دا
بیگێڕێته‌وه حیكایه‌ته‌كه سیحر‌و ته‌لیسم و
جوانییه‌كانی خۆی له‌ده‌ستده‌دات، كه‌چی له
چیرۆكدا خوێنه‌ره خۆی له‌میانه‌ی خوێندنه‌وه‌وه
چیرۆكه‌كه له‌زه‌ینیدا به‌رجه‌سته ده‌كات و
به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان نووسه‌ر غائیبه و ده‌بێت
غائیبیش بێت. "رۆلان پارت" ده‌ق ده‌كاته بنه‌مای
سه‌ره‌كی لێكۆڵینه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی،
بیۆتیكا كاری به‌وه نییه نووسه‌ر مه‌به‌ستی
چیبووه و بیری له‌چیكردۆته‌وه."پارت"
له‌كتێبی"پله‌ی سفری نووسین"دا ئاماژه
به‌نووسینه‌كانی هێمنگوای و ئه‌لبێر كامۆ ده‌دات
له‌و رووه‌وه كه‌هه‌وڵدانێكن بۆ نزیك بوونه‌وه
له‌نووسینی سپی یان نووسین له‌پله‌ی سفردا، چ وه‌ك
ساده‌یی و چ وه‌ك نزیكردنه‌وه‌ی نووسین
له‌بێلایه‌نی و خه‌فه‌بوون و خامۆشی، به‌لاَم دیاره
ئه‌مه‌ش مه‌حاڵه چونكه خودی ئه‌و جۆره نووسینانه‌ش
ده‌بێته شێوازێكی نووسین، ناشكرێت ته‌سه‌ووری
نووسین له‌ده‌ره‌وه‌ی شێواز و فۆرمێكی تایبه‌تدا
بكه‌ین. روودانی كرده‌ی نووسینیش له‌كایه‌و
مه‌ودایه‌كی زه‌مه‌نیدا ئیشكالێكی تره، به‌واتای
په‌یوه‌ست بوونی به‌مێژوویه‌كی دیاریكراوه‌وه،
مێژوویه‌ك كه‌خۆی جێگه‌ی پرسیاره."فاسكیز"
ده‌ڵێت:(له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر پێوه‌ندی نێوان چه‌شن و
جۆره جیاجاكانی كۆمۆنیته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان
له ره‌هه‌ندی زه‌مه‌ندا، له‌پێوه‌ندییه‌كانی
گردكردنه‌وه‌و كه‌ڵه‌كه‌بوون زیاتر نه‌بێت، ئه‌وه هیچ
جۆره پێوه‌ندییه‌كی راسته‌قینه له‌نێوان ئه‌و
كۆمۆنیتانه‌دا بوونی نامێنێت و له‌گه‌ڵ نه‌مانی ئه‌و
پێوه‌ندییانه‌ش مێژوو بوونی نامێنێت). مێژوو
ناشرینترین پانتاییه‌كه كه‌ناچارین له‌باره‌یه‌وه
بدوێین یان ئاماژه‌ی پێبده‌ین، گه‌رچی وه‌ك خۆی
بوونێكی سه‌ربه‌خۆی نییه ئه‌وه ئێمه‌ین
ده‌ستنیشانی ده‌كه‌ین، ته‌نانه‌ت زۆرجار بۆی
ده‌گرین، شانازی پێوه ده‌كه‌ین، بیری ده‌كه‌ین و
زۆر شتی تر. سه‌یرم له‌و نوووسه‌رانه دێت مێژوو به‌و
چه‌شنه ده‌بینن كه‌هه‌یه، واته هه‌بوونێك
كه‌له‌دووتێی به‌ڵگه‌نامه‌و كتێب و ده‌ستنووس و
شوێنه‌وار و شته‌كانی تردا ماوه‌ته‌وه، پێم سه‌یره
كه‌سێك به‌ڕاستی پێی وابێت بۆ نموونه"سه‌لاحه‌دینی
ئه‌یوبی" پیاوچاكه،ئازایه،قاره‌مانه و ده‌یان شتی
تر، به‌لاَم نه‌زانێت ئه‌م پیاوه ده‌رئه‌نجامی
نه‌دانه‌وه‌ی خاچێكی مه‌سیحییه‌كان كه‌موسڵمانه‌كان
له‌شه‌ڕدا ده‌ستیانكه‌وتبوو، بووه مایه‌ی سه‌ربڕینی
سێهه‌زار كه‌سی موسڵمان كه‌لای مه‌سیحییه‌كان
ده‌ستبه‌سه‌ربوون، به‌بێئه‌وه‌ی هیچ باكی پێی
هه‌بێت. به‌لامه‌وه سه‌یره كه‌سێك پێی وابێت سمكۆی
شوكاك سه‌ركرده‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی بزوتنه‌وه‌ی
ناسیۆنالیستی كورده، وه‌ك ئه‌وه‌ی كتێبه‌كانی
مێژوو به‌ئێمه‌ی ده‌ناسێنن، به‌ڵام نه‌زانێت ئه‌م
پیاوه شارێكی كوردنشینی وه‌ك مه‌هابادی
فه‌رهودكرد، پێچه‌وانه‌ی هه‌موو داب و نه‌ریتێكی
میوانداری"مار شه‌معون" ی میوانی كوشت و چه‌ندین
نموونه‌ی تر كه‌ته‌نها له‌چه‌ته ده‌وه‌شێته‌وه،
موزه‌یفی مێژوو یان زه‌یفی نووسینه‌وه‌ی
كتێبه‌كانی مێژوو له‌راده‌یه‌كدایه كه جێگه‌ی
پێكه‌نینه، ئه‌گه‌ر بڕوانینه هه‌ندێك له‌و كتێبه
مێژووییانه‌ی ئێستا له‌قوتابخانه‌كانی هه‌رێمدا
ده‌خوێندرێت، ده‌ستكاریكردن و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی زۆر
رووداوی نزیك ده‌بینیته‌وه، جا چجای ئه‌و
رووداوانه‌ی كه ساڵانێكیان به‌سه‌رداچووه، ئه‌مه
جگه له‌وه‌ی جیاواز له كتێبه‌كانی مێژووی هه‌موو
دنیا، هه‌ر كه‌سایه‌تی و زاتێكی سیاسی كه‌ئاماژه‌ی
پێدراوه، به‌تایبه‌ت میره‌كان به‌وه‌سفی ئازایه‌تی
و مه‌ردایه‌تی و پیاوچاكیان ده‌ستی پێكردووه، زۆر
گه‌ڕاوم له‌یه‌كێك له‌و كتێبه مێژووییانه‌ی خۆماندا
پیاوخراپێك ببینمه‌وه، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت لایه‌نه
نێگه‌تیفه‌كانیانم بكه‌وێته به‌رچاو، به‌ڵام چنگم
نه‌كه‌وت، هه‌رچی میرو به‌گ و ئاغا و شێخ و سه‌رۆك
خێڵ و هۆز و تیره‌مان هه‌بووه و هه‌یه هه‌مووی
پیاوچاكبوون . جا ئه‌ده‌بێكیش كه‌له‌مڕۆدا هه‌یه،
به‌شێكی كه‌می نه‌بێت ئه‌گینا زۆربه‌ی نه‌یتوانیوه
سنووری ناشرینییه‌كانی مێژوو تێپه‌ڕ بكات. به‌ڵكو
هه‌ر به‌ریتمی ئه‌و ناشرینییه‌و دووباره‌كردنه‌وه‌ی
ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه هه‌وڵی خۆسه‌پاندن ده‌دات. هه‌ر
بۆ نموونه رۆمانی"به‌فر"ی "ئۆرهان پامووك" یه‌كێكه
له‌و رۆمانانه‌ی كه‌ته‌جاوزی مێژووی سه‌رده‌ستی
پێناكرێت و ناتوانێت به‌پێچه‌وانه‌ی شه‌پۆله‌كانه‌وه
مه‌له‌بكات و ده‌توانین بڵێین توانی ببێته یه‌كێك
له‌نووسینه ئه‌ده‌بییه ناشرینه‌كانی دنیا. بۆیه
له‌خۆڕا نییه نووسه‌رانی وه‌ك كافكا و بۆرخیس،
هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌پێشتر هه‌یه‌و زانراوه لای
ئه‌وان تووشی وه‌رچه‌رخان ده‌بێت ده‌گۆڕدرێت،
سه‌باره‌ت به ناجێگیری شوێن وكات، مێژوو، زه‌مه‌ن و
ته‌وزیفكردنی له‌نووسیندا ده‌توانین له چیرۆكه‌كانی
بۆرخیس-دا
به‌روونی بیبینینه‌وه. ره‌نگه بۆ ناسینی
چیرۆك پێویست بێت پاش "ئێدگه‌ر ئالن پۆ" بگه‌ڕێینه‌وه
بۆ لای بۆرخیس، ئه‌وكات زۆر شتمان بۆ كه‌شف ده‌بێت،
به‌و پێیه‌ی ته‌كنیكێكی لوغزئامێز وگرێچنێكی
دووباره بۆوه‌ی ناكۆتا به‌كارده‌هێنێت بۆ
به‌ده‌ستهێنانی سه‌رسامی به‌رانبه‌ر به بوون و
زینده‌گی، جدییه‌تی ئه‌و نووسه‌ره له‌نێوه‌ندی
ناماقووڵی و نالۆژیكی شته‌كاندا هه‌وڵدانێكه بۆ
رامكردنی ئاسته‌م، یان سه‌لماندنی ئاسته‌م، سه‌یره
نووسین ببێته هه‌وڵێك بۆ سه‌لماندنی مه‌حاڵ و
ئاسته‌م، بگره شتێكی جوانیشه به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر
خۆت بده‌یت له‌ئه‌رگۆمێنته جه‌وهه‌رییه‌كانی
ئیشكالییه‌تی سروشتی جیهان و مه‌عریفه‌و زه‌مه‌ن و
خود و زۆر شتی تریش. ده‌توانین بڵێین هه‌موو ژانره
ئه‌ده‌بییه‌كان به‌ده‌ر له‌ماهییه‌ت و پێناسه و
پێودانگه ته‌قلیدییه‌كان، بۆ خۆیان پرسیارن، بۆ
ده‌بێت هه‌بن، یان تا كه‌ی ده‌بن و ده‌گه‌نه كوێ.
ئاخۆ ده‌كرێت پۆلێنبكرێن و جیابكرێنه‌وه، یان ئه‌گه‌ر
له‌روانگه‌یه‌كی لاكانییه‌وه تێیی بڕوانین ئاخۆ
داواكاریین، دیاره نه‌ك وه‌ك تێركردنی هه‌ندێك
پێداویستی، به‌ڵكو وه‌ك هێماكردنێك بۆ چه‌شنێك
له‌ئاماده‌بوون و ئاماده‌نه‌بوون، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین
له‌بنه‌ڕه‌تدا"بانگكردنی ئه‌ویتره"ه‌و گه‌ڕانه
به‌شوێن خۆشه‌ویستیدا، یان تۆ بڵێی بتوانین بڵێین
نوسین حه‌زه، دیاره وه‌ك هیگڵیش سه‌باره‌ت به‌حه‌ز
ده‌ڵێت:(حه‌ز حه‌زێكه له‌حه‌زی یه‌كێكی دیكه،
به‌مانای حه‌زكردن له‌دانپێدانانی كه‌سێكی دیكه).
یان ئه‌مانه هیچیان نین و شتێكی تره، هه‌ر بۆ
نموونه وه‌ك لای "سارتر" بۆ ده‌ربڕینی قێزه‌و
لای"كامۆ"هیچی و لای"بیكیت"بێهوودده‌یی.
زانیار محه‌مه‌د:چیرۆكه‌كان با له‌خه‌یاڵه‌وه هاتبن و
نووسرابنه‌وه، به‌ڵام ئاخۆ به‌شێك نین له‌دنیای
ئێمه؟ یاخود چیرۆكه‌كان خاوه‌نی دنیایه‌كی
سه‌ربه‌خۆن؟
یوسف عیزه‌دین: كاتێك دوو كه‌س ده‌یانه‌وێت بیر
له‌یاده‌وه‌رییه‌كی هاوبه‌شی خۆیان بكه‌نه‌وه،
ئه‌وه بێگومان به‌پشت به‌ستن به‌توانای
وه‌بیرهاتنه‌وه، ره‌نگه هه‌ردووكیان هه‌مان
یاده‌وه‌ری هاوبه‌شیان به‌هه‌مان شێوه
بیرنه‌كه‌وێته‌وه و نه‌كرێت هه‌ردووكیان وه‌ك یه‌ك
وبه‌هه‌مان شێوه و له‌هه‌مان گۆشه‌نیگاوه بیهێننه
پێشچاویان و له‌زه‌ینیاندا به‌رجه‌سته‌ی بكه‌ن.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی وه‌یادهێنانه‌وه‌ی
یاده‌وه‌رییه‌ك كه‌مجار ته‌نانه‌ت لای كه‌سانی
ئاساییش وه‌ك خۆی دێته‌وه یاد، زۆر هۆكار هه‌ن
كارده‌كه‌نه سه‌ر پرۆسێسی وه‌بیرهێنانه‌وه‌و
بیركردنه‌وه له هه‌ر شتێك كه‌پێَشتر روویدابێت،
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌رێكی زۆری تێكه‌ڵكاری و
له‌بیرچوونه‌وه و ئاوێزانبوونی خه‌ون
به‌یاده‌وه‌رییه‌كی ریالیتی هه‌یه، ئه‌مه جگه
له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست بێت یاده‌وه‌رییه‌كه
بگێڕدرێته‌وه، ئه‌وا جارێكی تر به‌ویست یان به‌ده‌ر
له‌ویستی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ده‌یگێڕێته‌وه قابیل
به‌گۆڕان و تێكدان و پاش و پێشخستنه، ده‌كرێت بڵێین
هه‌ست و نه‌ستی كه‌سه‌كه و زۆر هۆكاری سایكۆلۆژی
رۆڵیان هه‌یه له‌بیناكردنێكی سه‌رله‌نوێی ئه‌وه‌ی
كه‌وه‌بیرده‌هێنرێته‌وه. له‌رۆژهه‌ڵاتدا جیاوازی
گێڕانه‌وه‌كان زۆر زیاتر‌و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاوتر
ده‌كه‌وێته پێشچاو، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی
كه‌كۆمه‌ڵێك كه‌س پێكه‌وه ده‌ڕواننه رووداوێك.
سه‌باره‌ت به‌مه باسێك هه‌یه كه‌گوایه
ئینتلیجنسێكی ئینگلیز له‌یه‌كێك له‌شاره‌كانی
رۆژهه‌ڵات، به‌چاوی خۆی رووداوی كوشتنی زه‌لامێك
ده‌بینێت، به‌ڵام دواتر هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی
رووداوه‌كه‌ی نه‌بینیبێت كاتێك به‌جیاجیا ده‌ست
ده‌كات به‌پرسیاكردن له‌و خه‌ڵكانه‌ی كه
رووداوه‌كه‌یان بینیوه، ده‌بینێت هه‌ریه‌كه‌ی شتێكی
جیاوازی له‌ویتر بۆ ده‌گێڕێته‌وه، ئیتر هه‌یانه
ئه‌وه‌نده‌ی پێوه ده‌نێن كابرا سه‌رسام ده‌كه‌ن،
به‌ڵام پاش چه‌ند رۆژێك كه‌ده‌پرسێته‌وه سه‌یر
ده‌كات، كار له‌كار ترازاوه و رێك رووداوه‌كه بۆته
حیكایه‌تێكی خه‌یاڵی كه هیچ پێوه‌ندییه‌كی
به‌راستی رووداوه‌كه‌وه نییه. ئه‌مه بۆخۆی
نموونه‌یه‌كی ئاشكرایه له‌حه‌زی شاراوه‌ی مرۆڤ
به‌گشتی و
خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتییش به‌تایبه‌تی بۆ
گێڕانه‌وه و ته‌نانه‌ت گۆڕینی ئه‌وه‌ی كه‌به‌چاوی
خۆی بینیویه‌تی، ئه‌مه له‌كاتێكدا كه‌مه‌رج نییه
دوو كه‌س یان چه‌ند كه‌سێك، رووداوێكی ترسناكی
دیاریكراو وه‌ك یه‌كتر ببینن، ترس له‌و حاڵه‌تانه‌دا
كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر بینین هه‌یه،
سه‌رباری هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌نێو كه‌سی بینه‌ردا
په‌نهان و شاراوه‌یه، له‌رووی سایكۆلۆژییه‌وه زۆر
حاڵه‌تی سه‌یر هه‌یه هه‌ر بۆ نموونه جۆرێك له
هه‌لوه‌سه هه‌یه وا له‌و كه‌سه‌ده‌كات كه‌ئه‌و
حاڵه‌ته‌ی تێدا به‌دیده‌كرێت، جه‌سته‌ی خۆی به‌ده‌ر
له‌خۆی و له‌حاڵه‌تی جووڵاندا ببینێت..."پاولۆ
كۆییلیۆ" ده‌ڵێت:(وه‌یادهاتنه‌وه‌ی ساته‌وه‌ختێكی
پڕترسی رۆژگارێكی به‌سه‌رچوو به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی
كه‌وابكات له‌گه‌ڵ هاتنی هه‌ر به‌یانییه‌كی نوێ‌دا
هه‌مان رۆحی پڕ له‌ترس و تۆقین له‌تۆدا دووباره
ببێته‌وه). نابێت ئه‌و راستیه‌شمان له‌یاد بچێت
كه‌هه‌موو شته‌كان وه‌ك یه‌ك لای كه‌سه جیاجیاكان
مه‌ئلوف یان نامه‌ئلوف نین. ئه‌مه له‌نێو شارستانیه‌ت
و ژیاره جیاجیاكانیشدا ده‌بینرێته‌وه، یه‌كه‌مجاری
بینینی شته‌كان سیحر‌و سه‌یر وسه‌مه‌ره‌یی خۆی
هه‌یه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار ترس و ترسناكییش
له‌خۆده‌گرێت، ترسان وخۆ شاردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی
گونده‌كانی زۆر شوێن كاتێك بۆ یه‌كه‌مینجار
ئۆتۆمبیلیان دیوه، یان به‌سه‌رهاتی ئه‌و ئاغایه‌ی
بۆ یه‌كه‌مینجار
تفه‌نگی بنیوه‌و بۆ ئه‌وه‌ی كه بزانێت
به‌ڕاست مرۆڤ ده‌كوژێت له‌سه‌ر یه‌كێك له‌پیاو
ماقووڵه‌كانی خۆی تاقیكردۆته‌وه‌و كوشتویه‌تی دواتر
له‌به‌ر سه‌یری ئه‌و شته‌ی كه‌بۆیه‌كه‌مینجاره
ده‌یبینێت و شاگه‌شكه‌بوونی ئاگای له‌وه نه‌ماوه
كه‌سێك له‌به‌رده‌میدا له‌خوێنی خۆیدا گه‌وزاوه.
هه‌ندێ شارستانیه‌ت هه‌بوون زاناكانی
له‌سه‌رده‌مێكدا زۆر راستی زانستی‌یان كه‌شفكردووه،
كه له‌ئێستاشدا جێگه‌ی سه‌رسامییه، به‌ڵام له‌نێو
خودی ئه‌و شارستانییه‌تانه‌دا له‌و كاته‌شدا جێگه‌ی
سه‌رسووڕمان نه‌بووه و ئاسایی بووه. هه‌روه‌ك
شارستانییه‌تی هندییه‌كانی باكووری هندستان و
به‌تایبه‌تیش له‌سه‌رده‌می گۆپتادا، زانایانی ئه‌و
شارستانیه‌ته له‌و كاته‌دا و پێش هه‌موو زانایانی
شارستانییه‌ته‌كانی تر، گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و
راستییه‌ی كه‌گه‌ردوون بێكۆتایه‌و توانیویانه
مه‌ودای درێژی ده‌وری زه‌وی بخه‌مڵێنن كه هیچ
جیاوازییه‌كی وای له‌گه‌ڵ پێوانه‌ی ئه‌مڕۆدا نییه.
ته‌نانه‌ت هیندییه‌كان به‌تایبه‌ت باوه‌ڕدارانی"شیڤا"
یه‌كه‌مین میله‌تێكن بگره تائێستاش كه‌توانیبێتیان
وه‌ك پێوه‌ندییه‌كی دوولایه‌نه‌ی ئاسایی بڕوانه
پێوه‌ندی سێكسی ژن وپیاو و هه‌رگیز سێكس كردن وه‌ك
تاوان و گوناه سه‌یر نه‌كه‌ن و هچ جۆره وشه‌یه‌كی
وه‌ك زینا و فاحیشه‌و هه‌موو ئه‌و وشانه‌ی بۆنی
نێرسالاری لێدێت له‌فه‌رهه‌نگ و زمانیاندا نه‌بێت،
جیاواز له‌هه‌موو كولتووره‌كانی تر سێكس لای ئه‌وان
كارێك
نییه بۆ زه‌لیلكردنی مێینه، یان بۆ
به‌زه‌لیل بینیی مێینه. ئه‌گه‌ر ئێمه وه‌ك
نامه‌ئلوفێك بڕوانینه ئه‌وه‌ی ئه‌وان، به‌لاَم
ئه‌مه لای ئه‌وان شتێكی مه‌ئلوفه، هه‌روه‌ك چۆن
تێڕوانینی نائاساییانه‌ی ئێمه بۆ فێستڤاڵی"كاسیا
جا" كه به‌مه‌به‌ستی رزگاربوون له‌شته خراپه‌كان و
دوورخستنه‌وه‌ی تاریكی وه‌ك هێمایه‌كی هێزه
شه‌ڕانگێزه‌كان، له‌شه‌وێكدا هه‌موو
باوه‌ڕدارانی"شیڤا" مۆم داده‌گیرسێنن، ده‌چنه سه‌ر
لوتكه‌ی چیاكان و ئاگرده‌كه‌نه‌وه، نه‌گۆڕانی ئه‌م
قه‌ناعه‌ته‌شیان له‌مڕۆدا ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌و
كه‌شه‌یان و چه‌ندین كه‌شی له‌و چه‌شنه ده‌كاته
شتێكی نائاسایی.
بۆیه له‌هه‌وڵی وه‌لاَمدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كه‌تاندا
كه ئاماژه‌تان -دنیای ئێمه- داوه، ده‌مه‌وێت بڵێم
ئه‌م دنیایه‌ی ئێمه بۆ خۆی شوێنێكی نائاسایی و پڕ
له‌دنیایه‌ك خورافات و ئه‌فسانه و سیحر و شه‌عوه‌زه‌و
شتی له‌و بابه‌ته‌یه، هێشتاكه چه‌ندین دره‌خت و شاخ
و رووبار و په‌رستگه‌و نزرگه‌و مه‌زارو شوێنجێگه‌ی
به‌ناو پیرۆز له‌دنیادا هه‌ن و به‌رده‌وام خه‌ڵكانێكی
به‌ژماره یه‌كجار زۆر روویان تێده‌كه‌ن و هه‌موو ئه‌و
گۆڕانكارییه مه‌عریفی و زانستی و فیكرییانه‌ی
كه‌له‌دنیادا هه‌ر له‌سه‌رده‌می رێنیسانسه‌وه
روویانداوه‌و رووده‌ده‌ن كاریان نه‌كردۆته سه‌ر
زه‌ینی هیچ كامێك له‌وانه‌ی كه‌ئاسته‌مه باوه‌ڕ
بكه‌یت هێشتاكه ئه‌مانه سه‌رباری بوونی
راسته‌قینه‌یان له‌دنیای ئه‌مڕۆدا به‌ئه‌قڵیه‌تی
كه‌سانی هه‌زارساڵ له‌مه‌وپێش ده‌گوزه‌رێن، ئه‌مانه
كه‌مینه نین به‌ڵكو رێژه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵكانی
دنیان، گڵۆباڵیزم و میدیا و سینه‌ما و ته‌نانه‌ت
به‌شێكی به‌رچاوی ژانره‌كانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ریش
له‌خزمه‌ت پاراستنی هه‌موو ئه‌و باوه‌ڕ و ته‌قلیده
سه‌یر و سه‌مه‌رانه‌دایه. چی له‌وه سه‌یرتر هه‌یه
مرۆڤ به‌بێگوێدانه ئه‌وه‌ی له‌دنیای مه‌عریفه‌و
زانست‌دا ده‌گوزه‌رێت، هه‌ڵگری چه‌ندین خورافات و
بیرۆكه‌ی میسیۆلۆژی و قه‌ناعه‌تی ئایینی سه‌یر و
سه‌مه‌ره بێت، له‌هه‌مووشتێكیش زیاتر بره‌وی
پێبدرێت. وه‌ره تۆ بڕوانه مه‌رگ، له‌كاتێكدا
پرۆسه‌یه‌كی بایه‌لۆژی زۆر ئاسایی و حه‌تمییه،
به‌لاَم زۆرینه‌ی خه‌ڵكی دنیا سه‌رباری زانینی
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به‌مه‌رگه‌وه، كه‌چی هێشتاكه
ده‌ستبه‌رداری وه‌هم و خه‌یاڵی ژیانه‌وه‌ی پاش
مه‌رگ نه‌بوون، باشه به‌چی بزانین ئێمه
له‌سه‌رده‌می فیرعه‌نه‌كاندا یان سه‌رده‌مه
به‌سه‌رچووه‌كانی ئه‌و جۆره تێڕوانینانه‌دا ناژین،
به‌چی بزانین دنیا گۆڕاوه و ئێمه له‌چاخێكی تردا
ده‌ژین له‌كاتێكدا ئاستی تێڕوانینی مرۆڤ بۆ شته
هه‌ستیاره‌كان هه‌مان ئاستی تیڕوانینی
سه‌رده‌مانێكی به‌سه‌رچوو بێت. تۆ بڵێی مانه‌وه‌ی
هه‌موو ئه‌وه‌ی مرۆڤ پێش هه‌زاران ساڵ به‌ده‌ر
له‌لۆژیك و زانست و پێی گه‌یشتووه، له‌ئه‌نجامی
ترسی مرۆڤ له مه‌جهول تا ئه‌م ساته‌وه‌خته
مابێته‌وه. ره‌نگه"باسكال" به‌خۆڕا نه‌ڵێت:(
ئه‌وه‌ی له‌رزم لێدێنێت بێده‌نگی ئه‌به‌دیی فه‌زا
ناكۆتاكانه). ئیدی زۆربه‌ی ئه‌وه‌ی له‌مڕۆدا له‌م
دنیا به‌ناو مۆدێرن و میكرۆڤیزیۆنیه‌دا رووده‌دات،
شتگه‌لێكی ناماقووڵ و عه‌جایبن، له‌نێو جه‌رگه‌ی
رۆژئاوادا"ساتانیسته‌كان" په‌یداده‌بن و چه‌ندین
گه‌نجی خوێنده‌وار راده‌كێشن و دواجار به‌و په‌ڕی
قه‌ناعه‌ته‌وه ئاماده‌كرێن ببنه قوربانی كه‌شێكی
خورافی و سه‌رببڕدرێن، یان خۆیان
بكوژن."ئیلۆهیم"ییه‌كان گروپێكی ترن و به‌هاریكاری
چه‌ندین ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ته‌مای دروستكردنی
شوێنجێگه‌یه‌كی یه‌كجار سه‌یرن، بۆ
پێشوازیكردنی"ئیلۆهیم" ئه‌وده‌مه‌ی له‌ئاسمانه‌وه
به‌سه‌ردان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر زه‌وی. ئه‌مانه
باوه‌ڕیان وایه پاش مردن "ئیلۆهیم"له‌رێی
كڵۆنكردنیانه‌وه دروستیان ده‌كاته‌وه، واته ته‌نها
ئه‌وانه دروست ده‌كرێنه‌وه كه‌سه‌ر به‌و گروپه‌ن و
ده‌توانن جارێكی تر بژێنه‌وه، ئه‌ندامانی ئه‌م
گروپه‌ش كه‌سانێكی نه‌خوێنده‌وار نین، زووربه‌یان
دكتۆر و ئه‌ندازیار و خاوه‌ن بڕوانامه‌ن و له‌سه‌رجه‌م
وڵاتانی دنیادا نوێنه‌ریان هه‌یه، كۆبوونه‌وه‌ی
تایبه‌تیان هه‌یه، سه‌ما و كه‌شی سێكسییان هه‌یه،
دنیایه‌ك لایه‌ن و هێز له‌پشت كه‌والیسه‌وه پشتگیریان
لێده‌كات، له‌پشت هه‌موو ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌و
هاوچه‌شنه‌كانیان ده‌یكه‌ن دنیاك شتی شاراوه و
نهێنی هه‌یه. ئێمه له‌رۆژگارێكدا ده‌ژین تا
بینه‌قاقای نغرۆی وه‌هم و خورافه‌یه، نغرۆی تیرۆر
و كوشت و كوشتارێكی بێ وێنه‌یه، ته‌نانه‌ت
گوته‌كه‌ی"دۆركهایم"یش به‌درۆ ده‌خاته‌وه
كه‌ده‌ڵێت:(له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی پرۆسه‌ی شارستانیبوون
ژماره‌ی كوشتن كه‌م ده‌بێته‌وه و روو
له‌كه‌مبوونه‌وه ده‌كات له‌پێناو). به‌ڵام ئه‌مه
وه‌ك ئێمه له‌ئێستادا ده‌یبینین كه‌ی وایه، ئه‌مه
جگه له‌وه‌ی پرۆسه‌ی گۆڕانی دنیا له‌لایه‌ن
زلهێزه‌كانه‌وه پرۆسه‌یه‌ك نییه حیساب بۆ تاكه كه‌س
و مافه‌كانی مرۆڤ و ئه‌و شتانه‌ی تر كه‌هه‌رخۆیان
بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن بكات. به‌ناوی گۆڕینی دنیا و
میلله‌تانه‌وه ره‌ئیس عه‌شیره‌ت و هێزه‌كانی جه‌هل و
داكۆكیلێكه‌رانی چاخه تاریكه‌كان و جه‌للاده‌كان و
ده‌یان هێزو لایه‌نی ناشرینی تر، له‌جێی
جه‌للاده‌كه‌ی تر داده‌نێنه‌وه و ئه‌وه‌ی گورزی
كوشنده‌ی به‌ر ده‌كه‌وێت كه‌سه ئاساییه‌كانن، ئه‌و
كه‌سانه‌ی ئه‌ندامی پێكهاته‌ی هۆز و تیره و خێڵ و
ده‌سته و تاقمه ئایینییه‌كان نین، ئه‌وه‌ی گورزی
به‌ر ده‌كه‌وێت خه‌ڵكێكی خوێنده‌واره، كه‌ده‌بێت
له‌مه‌و دوا به‌پێی دڵی دنیایه‌ك گه‌وره پیاو و
گروپ و تاقم هه‌ڵسوڕێ، بیربكاته‌وه، بنووسێت.
ئه‌مه‌یه ئه‌و دیموكراسیه‌ته‌ی كه پێشتر
بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرا، ئه‌مه‌یه گڵۆباڵیزم له‌جێی
دیكتاتۆرێك سه‌دان دیكتاتۆری بچكۆله‌ت بۆ دروست
ده‌كات، له‌جێی ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان له‌زیندانه‌كاندا
بكوژرێن، له‌په‌ناو پاساره‌كاندا ده‌كوژرێن و هه‌ر
كه‌سیش نازانێت چۆن كوژراون، ئه‌مه ئه‌و دنیا
نوێیه‌یه كه‌به‌ناوی ئازاكردنی ئافره‌تانه‌وه، له
پێودانگه كۆمه‌ڵایه‌تییه دواكه‌وتووه‌كان، به‌ناوی
رزگاركردنی له خێزان، باوك،برا،مێرد، ده‌یكاته
بوونه‌وه‌رێك كه‌له‌هه‌موو شوێنێكدا ده‌بێت چاوه‌ڕێی
ئه‌وه بێت په‌لامار بدرێت، بفڕێندرێت،ده‌ستدرێژی
سێكسی بكرێته سه‌ر و هه‌ر ئه‌م دنیایه‌شه ده‌یكاته
بابه‌تی فیلمه سێكسییه‌كان. دیاره هه‌ر ئه‌م
سیسته‌مه‌ی ئێستای دنیاشه ده‌یه‌وێت به‌ته‌واوی
خۆشه‌ویستی مابه‌ینی مرۆڤه‌كان نه‌هێڵێت، بۆ هه‌موو
شتێك ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی موزه‌یه‌ف بدۆزێته‌وه. خودی
ئه‌و سیسته‌مه‌ی كه‌ئێستا حوكمی دنیا ده‌كات
پێویستی به‌زۆرترین ژماره‌ی كوژراوه، پێویستی
به‌بوونی تیرۆر و تیرۆریستانه.له‌م هه‌موو جانجاڵی
و ئاشووبه‌دا ده‌بێت ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرین
كه‌كرده‌ی نووسین هه‌ر له‌م دنیایه‌دا ده‌گوزه‌رێ،
به‌و مانایه نا كه‌ده‌بێت ببێته ئاوێنه‌ی ئه‌م
واقیعه ناشرینه، به‌و مانایه‌نا كه‌ده‌بێت
وێنه‌یه‌كی فۆتۆگرافی واقیعمان پیشان بدات، كه‌س
پێویستی به‌بینینی ده‌قاوده‌قی هه‌موو ئه‌و شتانه
نییه كه‌له‌دنیادا روو ده‌دات، میدیاكان به‌زیاده‌وه
ئه‌مه ده‌كه‌ن، بگره به‌دووباره‌كردنه‌وه‌ی چه‌ندین
جاره‌ی وێنه‌ی كوژراو و لاشه پارچه‌پارچه‌كراوه‌كان
و دیمه‌نی كوشتارگه‌كان، هه‌موو ئه‌مانه‌یان كرده
شتگه‌لێكی ئاسایی و مه‌ئلوف. ئه‌مڕۆ دنیا هێنده‌ی
گه‌وره‌بوونی هه‌وڵی بچووك بوونه‌وه ده‌دات،
هێنده‌ی قه‌ره‌باڵغ بوونی هه‌وڵی خۆچۆڵكردن ده‌دات،
هێنده‌ی زۆربوونی هۆكاره ته‌كنه‌لۆژییه‌كانی بینین
و وێنه‌گرتن و وێنه پیشاندان، هه‌وڵی نه‌بینین و
سڕینه‌وه‌ی وێنه جوانه‌كان و پیشان نه‌دانیان
ده‌دات. كاتێك"پیته‌ر زلۆته‌ر دایك" ده‌ڵێت:(من سه‌ر
به‌و گروپه فه‌لسه‌فییه‌م كه‌گاڵته‌جاڕی
ده‌نووسمه‌وه). به‌خۆڕایی واناڵێت و هه‌روه‌ها
سه‌رپێیش خۆی له‌كایه‌ناسی و گڵۆباڵگه‌رایی
نه‌داوه. بۆیه بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت ئه‌مڕۆ ئێمه
له‌دنیایه‌كی ترسناك و دزێودا ده‌ژین، دنیایه‌كی
بێله‌نگه‌ر و ناهاوسه‌نگ و نابه‌رابه‌ر، دنیایه‌ك زۆر
ترسناكتره له‌و جه‌نگه‌ڵه‌ی مرۆڤی به‌رایی تێدا
ژیاوه. به‌ڵام هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌له‌باره‌ی دنیاوه
ده‌یزانین و ده‌یبینین، یان راڤه‌ی ده‌كه‌ین و
لێیورده‌بینه‌وه، هه‌موو ئه‌و لۆژیك و سنوورانه‌ی
پێشكرده‌ی نووسین هه‌ن، له‌ئاست موجازه‌فه‌ی
نووسه‌رێكدا بۆ كه‌شفكردنی مه‌جهول و خستنه رووی
نه‌زانراوه‌كان ده‌سته‌وسانن. پێموایه نووسه‌ری جدی
جا له‌هه‌ر ژانرێكی ئه‌ده‌بیدا خۆی تاقیبكاته‌وه،
وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی ناڕوانێته فۆرمالیته‌و
ناوه‌ڕۆكی شته‌كان، به‌ساده‌یی ناتوانێت مامه‌ڵه
له‌گه‌ڵ ریالیته‌و ئیماژی حه‌قیقه‌تی شته‌كان بكات
وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ن، ئه‌گه‌ر وابن ،چونكه خودی
حه‌قیقه‌ت وه‌ك چه‌مكێك یه‌كێكه له‌چه‌مكه هه‌رده‌م
ناجێگیر و شلۆقه‌كان. ئاشكرایه ونبوونێك یان
وێڵبوونێك له‌كرده‌ی نووسینی ئه‌ده‌بیدا هه‌یه،
ته‌نانه‌ت زۆرجار ده‌سته‌وسانی و بێهووده‌ییه‌كی
قووڵ ئاماده‌یی هه‌یه كه‌دواجار خوێنه‌ر ده‌باته‌وه
بۆ نێو پاساژه تاریك و ترسناكه‌كانی ناخ.
ئه‌ده‌بیاتێك كه‌به‌گشتی جوانی ده‌به‌خشێت، كار
له‌تۆپۆگۆافیایه‌كی خه‌یاڵیدا ده‌كات كه‌زه‌مه‌ن،
شوێن و هه‌موو شته نه‌ویستراوه‌كانی تێدا فه‌رامۆش
ده‌كرێت. نووسینه جوانه‌كان ته‌لیسم و سیحر و
ئه‌تمۆسفێری تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، گه‌ڕان و
ئه‌وداڵبوونی تێدایه كه زۆرجار به‌گه‌ڕان و
ئه‌وداڵبوونی سۆفییه‌كان
ده‌چێت."شبلی"ده‌ڵێت:(ئه‌مه مه‌جنونی به‌نی
عامیره، ئه‌گه‌ر له‌باره‌ی له‌یلاوه پرسیاری
لێكرابا، ده‌یگوت من له‌یلا-م، له له‌یلا-دا خۆی
غایب ده‌كرد تا دیمه‌نی له‌یلا بهێڵیته‌وه،
له‌هه‌موو مانایه‌ك غایب ده‌بوو بێجگه له‌له‌یلا و
هه‌موو شته‌كانیشی به‌له‌یلا ده‌بینی). له‌قوڵایی
ئه‌ده‌بیاتی جدی و جوان‌دا، له‌ده‌ستدان و
نه‌بینینه‌وه‌ی شتێك یان شته‌كان هه‌یه، كرده‌ی
نووسینیش وه‌ك گه‌ڕانی مه‌جنونه به‌شوێن له‌یلادا،
عه‌شق و سه‌وداسه‌ریی نووسه‌ره مه‌جنون ئاساكانه
كه‌ده‌یانه‌وێت له‌یلا-یه‌كی نه‌بوو بدۆزنه‌وه، یان
ده‌یانه‌وێت له‌یلا-یه‌ك بدۆزنه‌وه كه‌ئه‌وان پێیان
وایه هه‌یه. به‌بۆچوونی من بۆ رامكردنی
جوانییه‌كی نه‌بینراو، ده‌بێت به‌شوێن پێوه‌ندییه
نهێنی و په‌نهانه‌كانی نێو شته‌كاندا بگه‌ڕێین،
به‌شوێن دۆزینه‌وه‌ی خه‌یاڵێكی بێكۆتادا ئه‌وداڵ
بین، دووركه‌وینه‌وه له‌رۆتیناتی واقیع و هه‌وڵ
بده‌ین دنیایه‌ك له‌تاڵه‌هه‌وداكانی تیشك و ته‌م و
شته نه‌بینراوه‌كان بچنین، ئاشكراشه ئه‌گه‌ر
دروستكردنی دنیایه‌كی جیاوازی ئه‌ده‌بی لای
نووسه‌رانی ته‌قلیدخواز و مۆمیاكراو و عه‌نتیكه‌و
داوه‌ڵه‌كانی دنیای به‌ناو رۆشنبیریی ئه‌مڕۆ وه‌هم
بێت، ئه‌وه لای نووسه‌رانی موجازیف و موغامیری
رێگه مه‌جهوله‌كان، نه‌بینراوه‌كان،
كه‌شفنه‌كراوه‌كانی ئه‌ده‌بێك كه‌بیه‌وێت جوان و
چێژبه‌خش بێت، خودی ئه‌م دنیا ئه‌ده‌بییه ناشرینه‌ی
ئه‌وان، واقیعێكه كه‌ده‌مێك ساڵه سه‌رده‌می
به‌سه‌رچووه و بۆته مۆدێلێكی یه‌كجار كۆن. ئه‌مه
نه‌ك هه‌ر لای ئێمه به‌ڵكو له‌دنیادا وایه،
ته‌نانه‌ت له‌بواری هونه‌ریشدا، ده‌رهێنه‌ری
به‌توانای جه‌زائیری"محه‌مه‌د ئه‌لئه‌خزه‌ر حه‌مینا"
خاوه‌نی فیلمی"به‌سه‌رهاتی ساڵه‌كانی پشكۆ"،
سه‌باره‌ت به‌هونه‌ری جه‌زائیری ده‌ڵێت:" هونه‌ری
جه‌زائیری له‌زه‌لكاودایه" ئیدی لای ئێمه‌ش زۆر
كه‌سانی وریامان هه‌ن، ئه‌و زه‌لكاوه ده‌بینن كه
ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردی تێدا ده‌گه‌وزێت. ئیدی
هه‌ش به‌سه‌ر نێوه‌ندی رۆشنبیری وڵاتێك كه پاره‌ی
خه‌یاڵی بۆ فێستڤاڵی بێ‌مانا و یادكردنه‌وه‌ی
نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده مۆمیاكراوه عه‌نتیكه‌كانی
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر سه‌رف ده‌كات، له‌كاتێكدا هه‌موو
ئه‌وه‌ی كه‌له‌گه‌ڵیان نییه به‌ئه‌دیب و
هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌رانه‌وه
به‌ر نه‌فره‌تی فه‌راعینه‌ی به‌ناو رۆشنبیری
ئه‌وان كه‌وتوون و ده‌كه‌ون.
زانیار محه‌مه‌د:خه‌یاڵ چی به‌سه‌ر چیرۆك ده‌هێنێت؟
ئاخۆ ئه‌وه‌ی خه‌یاڵ به‌چیرۆكی ده‌كات، فیڵكردنێكی
ئیستاتیكی نییه؟
یوسف عیزه‌دین: له‌نێو زۆرێك له‌حیكایه‌ت و
ئه‌فسانه‌كاندا ئاوێنه‌یه‌ك هه‌یه دنیات پیشان
ده‌دات، نه‌زانراوه‌كانت پێده‌ڵێت، ئامۆژگاریت ده‌كات،
سه‌رباری زۆر شتی تر. ئه‌مه شتێكی خه‌یاڵییه،
به‌ڵام ئاخۆ
سه‌یر نییه ته‌كنه‌لۆژیا له‌مڕۆدا ئه‌م
خه‌یاڵه‌ی به‌چه‌شن و شێوه‌یه‌ك كردبێته واقیع. یان
كاتێك ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ زۆرێك له‌تێورییه‌كان،
ده‌بینین چۆن پێشوه‌خت له‌منداڵدانی یۆتۆپیادا دروست
بوون، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له‌چه‌مكی هیترۆتۆپیاكه‌ی
"میشێل فۆكۆ" تێبگه‌ین، ده‌بینین به‌تێڕوانینی نێو
ئاوێنه‌یه‌ك ده‌چێت كه‌كه‌سێك به‌تێڕوانینی ده‌گاته
حه‌قیقه‌تی بوونی شته‌كان و به‌ڵام له‌هه‌مان
كاتیش‌دا نه‌بوونیان چونكه ناتوانێت ته‌جاوزی ئه‌و
خاڵه بكات كه شته‌كانی له‌وێدا پیشان ده‌ده‌ن.
شێوان و شپرزه‌ییه‌ك هه‌یه له‌زه‌ینی مرۆڤدا،
سڕینه‌وه هه‌یه، قه‌ناعه‌تی نامۆ و سه‌یر هه‌یه،
نازانم ئێمه چه‌ند ده‌توانین قه‌ناعه‌ت
به‌مه‌سیحییه‌كی باوه‌ڕدار بكه‌ین كه‌مه‌سیح زیندوو
نابێته‌وه، یان ئه‌وه‌ی كه‌له‌باره‌ی
قدیسه"ڤیرۆنیكا"ه‌وه باسده‌كرێت راستی نییه‌و
ته‌نها چیرۆكێكی خه‌یاڵییه، دیاره ناتوانین چونكه
باوه‌ڕیان وایه"ڤیرۆنیكا"ئه‌و ئافره‌ته‌یه
كه‌به‌ده‌سته‌سڕه‌كه‌ی ده‌مووچاوی مه‌سیحی سڕیوه‌و
وێنه‌ی ده‌مووچاوی مه‌سیح له‌سه‌ر ده‌سته‌سڕه‌كه‌ی
ماوه‌ته‌وه. ئاخۆ ئه‌مانه‌و چه‌ندین نموونه‌ی تر،
راستین، خه‌یاڵن، وه‌همن، خورافه‌ن، فێڵن. باشه خۆ
ئه‌مانه له‌لایه‌ن ئایینه‌كانه‌وه به‌ناوی راستی و
حه‌قیقه‌ته‌وه پێشكه‌شی خه‌ڵكی كراون و خه‌یاڵێكی
ئه‌ده‌بی نین، به‌ڵام له‌روویه‌كه‌وه خه‌یاڵێكی
ئێسته‌تیكین بۆ جوانكردنی ئه‌و جۆره باوه‌ڕانه و
شاردنه‌وه‌ی ناشرینییه‌كانیان، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی
ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره خه‌یاڵاته
له‌ئایینه‌كاندا بۆ به‌رگرتنه له‌بیركردنه‌وه‌و
پرسیاركردنی لۆژیكی، چونكه باوه‌ڕه ئایینی و
خورافییه‌كان له‌دنیای لۆژیكیدا ناتوانن بمێننه‌وه‌و
تێك ده‌شكێن، ده‌بێت له‌پشت ئه‌فسانه‌و خه‌یاڵات و
خورافاتدا خۆیان بشارنه‌وه. به‌ڵام رۆژ به‌رۆژ
ژماره‌ی باوه‌ڕدارانی هه‌موو ئه‌م شتانه له‌زۆر
بووندایه، لێره‌دا نامه‌وێت باس له‌وحیكمه‌ته بكه‌م
كه‌له‌پشت ئه‌م به‌ره‌وپێش چوونه‌یاندا هه‌یه، ئه‌مه
شتێكیش نییه تایبه‌ت بێت به‌كۆمه‌ڵگه
دواكه‌وتووه‌كان، بڕوانه گروپی"داودییه‌كان"ی
ئه‌مریكا، كۆمۆنیتییه‌كی سه‌ر به‌خۆیان هه‌یه
بانگه‌شه بۆ فره‌ژنی ده‌كه‌ن، منداڵانیان به‌چه‌شنێك
په‌روه‌رده ده‌كه‌ن كه‌هه‌میشه به‌ڕك و كینه‌وه
بڕوانێته دنیای ده‌ره‌وه و ئاماده بێت
له‌داهاتوودا به‌رپه‌رچی سوپای بابل بداته‌وه كه
به‌ته‌سه‌ووری ئه‌وان له‌هه‌ر ئان و ساتێك‌دا بۆیان
هه‌یه هێرش بكه‌نه سه‌ریان، ئه‌مه جگه
له‌خۆشه‌كردنی منداڵان بۆ به‌رگه‌گرتنی لێدان و
ئه‌شكه‌نجه كه‌هه‌ر له‌منداڵییه‌وه له‌لایه‌ن باوان
و مامۆستا ئایینییه‌كانه‌ی خۆیانه‌وه رووبه‌ڕووی
ده‌بنه‌وه، ئه‌مه‌و زۆر شتی تریش سیمای هه‌وڵدانی
ئه‌و گروپه‌یه بۆ دووباره‌كردنه‌وه‌ی مێژوو و
دروستكردنه‌وه‌ی توندڕه‌ویی و ده‌مارگیرییه‌ك بۆ
به‌گژداچوونی هه‌موو ئه‌وه‌ی كه له‌دنیادا هه‌یه،
سه‌رباری خۆچه‌كداركردن و مه‌شقكردن.
له‌كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی پێشوودا پاش په‌نجاویه‌ك
رۆژ له‌به‌رگری باڵێكی سه‌ر به‌و گروپه، هێزه
حكومییه‌كانی ئه‌مریكا توانیان به‌رگرییه‌كه‌یان
دابمركێننه‌وه ئه‌ویش پاش سوتاندنی ئه‌و كڵێسایه‌ی
كه‌له‌نێویدا بوون و كوژرانی زۆربه‌یان. باشه
ئه‌گه‌ر دنیای راسته‌قینه پڕبێت له‌ده‌یان نموونه‌ی
له‌و چه‌شنه، پڕ بێت له‌وێنه‌و په‌یكه‌ری سه‌ركرده‌و
سه‌رۆكه خوێناوییه‌كان، پڕ بێت له‌و هێمایانه‌ی مرۆڤ
زه‌لیل ده‌كه‌ن، پڕ بێت له‌و گوتار و وه‌عزانه‌ی رۆح
ژه‌هراوی ده‌كه‌ن، پڕ بێت له‌سه‌مای سیاسییه‌كان،
وه‌ك"میلان كۆندێرا" له‌رۆمانێكیدا له
زمانی"بۆنتۆڤین"ه‌وه ئاماژه‌ی پێده‌دات و باس
له‌وه ده‌كات كه سیاسه‌تچییه‌كانیش له‌پێناو
گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات سه‌ما ده‌كه‌ن، ئاشكراشه
هه‌لوه‌سه و هستیریای ده‌سه‌ڵات گرتنه ده‌ست، دنیا
وێران ده‌كات، ده‌نگ و ره‌نگی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ
ده‌گۆڕێت، چه‌ندین داستان و ئه‌فسانه و حیكایه‌تی
بوونی خۆیمان پێئه‌زبه‌ره ده‌كات، سه‌دان جار
له‌ناوه‌وه تێكمان ده‌شكێنێت. بۆیه ئاخۆ سه‌باره‌ت
به خه‌یاڵی"بۆرخیس"له‌چیرۆكی"یۆتۆپیای پیاوێكی
ماندوو"دا، ده‌توانین بڵێین فێڵه له‌واقیع، كاتێك
سه‌باره‌ت به‌نه‌مانی ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ته‌كان
له‌زه‌مه‌نێكی یۆتۆپیایدا له‌زمانی كه‌سایه‌تییه‌كی
چیرۆكه‌كه‌یه‌وه، به‌رانبه‌ر
به‌پرسیاری"حكومه‌ته‌كان چی‌یان لێبه‌سه‌ر
هات؟"،ده‌ڵێت":(به‌ره‌به‌ره پشتگوێخران، حكومه‌ته‌كان
داوای هه‌ڵبژاردنیان ده‌كرد، باجیان كۆده‌كرده‌وه،
ده‌ستیان به‌سه‌ر سامانه‌كاندا ده‌گرت، فه‌رمانی
گرتنی خه‌ڵكیان ده‌رده‌كرد، سانسۆریان ده‌سه‌پاند،
ئیدی له‌سه‌ر زه‌وی كه‌سێك نه‌ما گوێڕایه‌ڵیان بێت،
رۆژنامه‌كان ده‌ستبه‌رداری بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی
كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ته‌كان و وێنه‌كانیان بوون،
هه‌ر بۆیه ده‌بوو سیاسییه‌كان ئیشێكی شه‌ریفانه
بدۆزنه‌وه، هه‌ندێكیان بوونه كه‌سی كۆمیدی و
هه‌ندێكی تریشیان بوونه بانگه‌شه‌خوازی ئیمانی
باش).
زانیار محه‌مه‌د: به‌گشتی چیرۆك له‌سه‌رو
واقیعه‌وه‌یه یان به‌پێچه‌وانه‌وه، له‌ژێر تارمایی
و سالاریی واقیعدایه؟
یوسف عیزه‌دین: ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ده‌بینین هه‌موو
ئه‌و ناوهێنان و چه‌مك و زاراوه و ناوانه‌ی
كه‌له‌گڤتوگۆكه‌ماندا به‌كارمانهێنا، پێش ئه‌وه‌ی
هه‌ر شتێك بن ناون، جا ده‌بێت پرسیار له‌وه بكه‌ین
ئاخۆ ناو چه‌ند له‌نێو واقیعدایه یان له‌ده‌ره‌وه‌ی
واقیع و ده‌بێت واقیعیش بۆ خۆی چیبێت. "هانیباڵ"
و"كارتاجه" دوو ناون كه‌له‌دووتوێی كتێبه‌كانی
مێژوودا تێكه‌ڵ به كۆمه‌ڵێك رووداو تائێستا
ماونه‌ته‌وه. به‌ڵام چۆن ناوێك، ناوێك به‌خۆكوشتن و
ونبوونی هانیباڵ له‌چیاكانی ئاڵپ_دا و رووخاندن و
وێرانكردن و سڕینه‌وه‌ی هه‌موو سیمایه‌كی ژیاری و
كولتووریی"كارتاجه"به‌ده‌ستی رۆمانییه‌كان هه‌یه‌و
ماوه. نه‌مانی"هانیباڵ"و سڕینه‌وه‌ی ته‌واوی
سیمای شارێكی وه‌ك"كارتاجه" به‌چه‌شنێك
كه‌سه‌ربازه رۆمانییه‌كان یه‌ك ساڵی ره‌به‌ق
خه‌ریكی ده‌رهێنانی هه‌ر به‌رد و دارێك بوون
كه‌پێشتر له‌و شاره‌دا هه‌بوو، هۆكاری مانه‌وه‌ی
ئه‌فسووناوییانه‌ی ئه‌و دوو ناوه‌ن جیاواز له‌هه‌ر
ناوێكی تر. به‌ڵام ئه‌مه تێڕوانینێكی سه‌رپێییانه‌و
رووكه‌شیانه‌یه، كاتێك بته‌وێت بیانهێنیته نێو
دنیای ئه‌ده‌به‌وه‌و ته‌وزیفیان بكه‌یت. به‌بێ
ته‌جاوزكردنی ته‌لیسمی ئه‌و دوو ناوه وه‌ك ئه‌وه‌ی
هه‌ن، ناكرێت كار بۆ بینینی دیوێكی دیكه‌ی شته‌كان
بكه‌یت. هه‌روه‌ك چۆن به‌بێ ته‌جاوزكردنی ناوی
ژانره ئه‌ده‌بییه‌كان، ناتوانین له‌ماهیه‌ت و
خه‌سڵه‌ته‌كانی تێبگه‌ین، خۆزگه هه‌موو ئه‌وه‌ی
له‌دنیای ئه‌ده‌بیاتدا ده‌گوزه‌رێ بێ‌ناو بووایه.
كاتێك له‌مابه‌ینی دوو ناوی وه‌ك چیرۆك و واقیعدا
قه‌تیس ده‌بین، ناكرێت نه‌شڵه‌ژێین، به‌تایبه‌ت
كه‌پرسیارێكمان رووبه‌ڕِووده‌كرێته‌وه، چونكه هه‌ر
یه‌ك له‌ئێمه وه‌ك خۆی ده‌یان پرسیاری هه‌یه،
نووسینی ئه‌ده‌بی هێنده‌ی تێڕامان و
بیركردنه‌وه‌یه، زۆر له‌وه زیاتریش بینینه،
روانینه، كه‌شفكردن و گه‌ڕانه. ته‌نانه‌ت ئه‌مه
نه‌ك هه‌ر له‌ئه‌ده‌بیاتدا به‌ڵكو له هه‌ندێ
له‌بواره‌كانی تری نووسینیشدا هه‌ر وایه،
به‌تایبه‌ت بواری سایكۆلۆژی، بۆنموونه
ئه‌وداڵبوونی هه‌ندێك له سایكۆلۆژیسته غه‌یره
رۆژهه‌ڵاتییه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی هێزو سیحری ئه‌و
دێڕه‌ی"تاریقی كوڕی زیاد" كه‌توانی له‌میانه‌ی
گوتنییه‌وه ئیسپانیا داگیربكات سه‌رسامی كردم،
ئه‌مه گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی جوانه بۆ دۆزینه‌وه‌ی
په‌نهان و نهێییه‌كانی شكستی خۆرئاوا
له‌زه‌مه‌نێكدا، جا ئه‌م پیاوه پێش گوتنی ئه‌و دێڕه
سیحرییه‌ی گره‌وی جه‌نگی پێبرده‌وه، شتێكی تری
كرد، شتێكی بێوێنه ئه‌ویش سووتاندنی هه‌موو
كه‌شتییه‌كان بوو، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو چه‌كداره‌كانی
"تاریقی كوڕی زیاد"ی سه‌ره‌تا شڵه‌ژاند و دواتر پاش
زانینی ئه‌و راستیه‌ی كه‌له‌یه‌ك رێگاچاره زیاتریان
له‌به‌رده‌ستدا نییه ئه‌ویش سه‌ركه‌وتنه،سه‌ركه‌وتن.
ده‌بینین چۆن ئه‌و جۆره ئه‌قڵیه‌تانه ده‌یانه‌وێت،
سه‌ره‌داوی بێهێزی و تێكشكانی خۆیان له‌زه‌مه‌نێكدا
له‌كاریگه‌ری دێڕێكه‌وه یان كردارێكه‌وه به‌ده‌ست
بهێنن و زۆر به‌جدییه‌ته‌وه كار بۆ كه‌شفكردنی ئه‌و
هێزه شاراوه‌یه ده‌كه‌ن، كه زۆر له‌ژماره‌ی
چه‌كداره‌كانی "تاریقی كوڕی زیاد " زیاتر و
له‌باڵایان به‌رزتر و له‌قه‌ڵافه‌تیشیان گه‌وره‌تر
بووه. ئه‌ده‌ب به‌بێ خوڵقاندنی فانتازیاو
ئه‌تمۆسفێرێكی تایبه‌ت ئاسته‌مه جوان بێت و توانای
راكێشانی خوێنه‌ری هه‌بێت، گرنگی فانتازیاش
له‌وه‌دایه ئه‌و جیهانه‌ی كه‌ده‌یخووڵقێنێت وه‌ك
دنیایه‌كی راسته‌قینه و هه‌بوو ده‌یهێنێته
پێشچاومان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جودایه له‌لۆژیك و یاسا
سروشتییه‌كان، چونكه فانتازیا وه‌ك ره‌گه‌زێكی
گرنگی ژانره ئه‌ده‌بییه‌كان لۆژیك و یاسای خۆی
هه‌یه. "ئه‌پته‌ر" ده‌ڵێت:(له‌قوڵایی فانتازیای
گێڕانه‌وه‌ی نوێ‌دا، گومانێك له شوێنی ئه‌و دنیایه
هه‌یه كه‌حیكایه‌ت به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات، ئاخۆ ئه‌م
دنیایه‌یه یان دنیایه‌كی تر، هه‌ر ئه‌م پرسیاره‌شه
وا له‌هاملێت ده‌كات سه‌باره‌ت به‌تارمایییه‌كه
نه‌زانێت، ئاخۆ وه‌همه یان شه‌یتانه یاخود فریشته،
یان باوكه مردووه‌كه‌یه‌تی). خوێندنه‌وه‌ی
ئه‌ده‌بیاتی فانتازی موجازه‌فه‌ی خوێنه‌ری ده‌وێت،
بۆ خۆدان له پاساژ و
میتافۆره‌كان و گریمانه سه‌یر وسه‌مه‌ره‌كان و
وه‌دووكه‌وتنی ئه‌وه‌ی كه‌له‌پانتایی په‌ره‌گراف و
دێڕه‌كاندا ئه‌ندێشه‌كراوه و هاتۆته بوون. دیاره
ده‌بێت ئه‌ندێشه‌كردن و وه‌همیش جیا بكه‌ینه‌وه،
"كۆلردج" یه‌كێكه له‌وانه‌ی وه‌هماندن و
ئه‌ندێشه‌كردنی جیاكردۆته‌وه، چونكه تۆ ته‌نها
له‌رێی ئه‌ندێشه‌كردنه‌وه ده‌توانیت ده‌قێكی
ئه‌ده‌بی بخوڵقێنیت."دانتی" فانتازیای به‌خه‌ونی
ئه‌قڵ شوبهاندووه، خه‌ون سه‌رچاوه‌یه‌كی بێكۆتایه،
له‌خه‌وندا ته‌جاوزی سیسته‌م و یاسا و رێساكان
ده‌كرێت، هه‌روه‌ك چۆن له‌ئه‌ده‌بیاتی جوان و جدیدا
ته‌جاوزكردن ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كییه. له‌خه‌وندا
ناشوێن و نازه‌مه‌ن هه‌یه، بێباوه‌ڕی هه‌یه، ترسان
هه‌یه، ده‌نگ و سه‌داو ده‌نگدانه‌وه هه‌یه،
سه‌فه‌ری بێكۆتاو ركی بێ‌سنوور و خۆشه‌ویستی سه‌یر و
سه‌مه‌ره‌ی تاراده‌ی تواندنه‌وه و سووتان و
فه‌نابوون هه‌یه، خه‌ونه كه‌ئێمه ده‌باته نێو
وێڵگه‌كانه‌وه و ونمان ده‌كات."بۆرخیس"ده‌ڵێت:(خه‌ون
داهێنانه، هه‌روه‌ك چۆن بێداریش داهێنانه،به‌ڵام
خه‌ون هه‌مووی له‌خوده‌وه دێت، له‌كاتێكدا بێداری
زۆری له‌ده‌ره‌وه دێت و سه‌رچاوه‌كه‌ی خود نییه،
هه‌ربۆیه جیاوازی جه‌وهه‌ریی خه‌ون و بێداری
له‌وه‌دایه، ئه‌زموونی خه‌ون ده‌توانیت خۆت
بیخووڵقێنیت و دایبهێنیت چونكه له‌خوده‌وه دروست
ده‌بێت). كاریگه‌ری واقیع له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب، ته‌نانه‌ت
ئه‌گه‌ر جۆره ئه‌ده‌بێك هه‌وڵیش بدات واقیع وه‌ك خۆی
بخاته روو، به‌ڵام دواجار واقیعێكی گریمانكراوه،
مه‌گه‌ر له‌هه‌ندێ قوتابخانه‌ی ئه‌ده‌بیدا كتوومت
خۆی بێت. كاتێك"گریگۆر سامسا" ده‌بێته قالۆنچه بۆ
ئه‌وه نییه خوێنه‌ر باوه‌ڕبكات كه به‌ڕاستی ئه‌و
بۆته قالۆنچه. "كافكا" ئه‌م بنه‌ما ناماقوڵه
لۆژیكییه‌ی بۆ كه‌شفكردنی دنیای ناوه‌وه‌ی
پاڵه‌وانه‌كه خستۆته گه‌ڕ، ئه‌گینا بوونی"گریگۆر
سامسا" به قالۆنچه به‌بێ خستنه رووی ئه‌وه‌ی
پێشتر به‌سه‌ریدا هاتووه‌و ئه‌وه‌ی دواتر به‌سه‌ریدا
دێت هیچ مانایه‌كی نییه، له‌كاتێكدا له‌گۆڕانیدا
هه‌موو یاسا سروشتییه‌كان پشت گوێده‌خرێت كه‌چی
ناتباته نێو دنیایه‌كی ئه‌فسانه‌یی یان سیحریی
به‌ڵكو له‌م دنیایه‌دا ده‌تهێڵێته‌وه، خۆی گرنگی
ئه‌و ده‌قه‌ش له‌وه‌دایه.
زانیار محه‌مه‌د:له‌چیرۆكی(به‌سه‌رهاتی سه‌گێك
له‌سێبه‌ره‌كه‌یدا) حاڵه‌تی گه‌ڕان هه‌یه، ته‌نانه‌ت
گه‌ڕان به‌دووی نهێنی رووداوه‌كانی رابردوودا، ئایا
ئه‌م چیرۆكه رابردوو ئاشكرا ده‌كات له‌پێناو دیتنی
هه‌نووكه‌دا؟ یان هه‌نووكه هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه بۆ
ئه‌وه‌ی له‌رابردوو بگات؟
یوسف عیزه‌دین: پێموایه ئاناتۆمیكردن و ئه‌نالیزی
ده‌ق له‌لایه‌ن خودی نووسه‌ره‌وه یه‌كێكه له‌كاره
سه‌خته‌كان، بگره زۆرجاریش كارێكی بێمانایه،
"ژاك دریدا" گوته‌یه‌كی جوانی هه‌یه سه‌باره‌ت
به‌نووسین كه ده‌ڵێت:(دواجار هه‌موو ئه‌وه‌ی
كه‌نووسیوومانه ئیدی هی ئێمه نییه‌و له‌ئێمه
به‌ده‌ره‌و به‌ده‌ر له‌ویست و خواستی ئێمه
ده‌كه‌وێته جووڵه‌و ده‌بزوێ...پاش نووسینی كتێبێك
ده‌بمه تارمایی و هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌وون
بوووبێتم، چونكه شوێنه‌وارێكم بۆ داهاتوو جێهێشتووه
كه‌من تێیدا مردووم). هه‌ر له‌م بۆچوونه‌ی دریدا-وه
ده‌گه‌ینه ئه‌و راستییه‌ی كه‌نووسه‌ر پاش نووسین، بۆ
خۆی بوونه‌وه‌رێكی ونبووه، تارماییه و چه‌شنی
پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ تێكستدا ده‌گۆڕێت. پێم سه‌یره هه‌ن
ده‌توانن به‌دوورودرێژی باس له‌كه‌سایه‌تی و
رووداوه‌كانی نێو ده‌قه‌كانیان بكه‌ن و ته‌نانه‌ت
به‌رگریش له‌كه‌سایه‌تی و رووداوه‌كانی نێو
نووسینه‌كانیان بكه‌ن و ره‌تی ئه‌وانه بده‌نه‌وه
كه‌به‌پێچه‌وانه‌ی تێڕوانینی ئه‌وان له‌ده‌قه‌كانیان
حاڵی بوون. من ناڵێم نووسه‌ر بۆی نییه هیچ
له‌باره‌ی ده‌قێكی خۆیه‌وه بڵێ، به‌ڵام نه‌ك ئه‌و
چه‌شنه گوتنه‌ی كه‌تاراده‌یه‌ك له‌ئه‌ده‌بیاتی
كوردیدا باوه، له‌نووكه‌وه هه‌موو ئه‌وه‌ی
كه‌نووسیوویه‌تی وه‌ك خۆی بۆت ده‌گێڕێته‌وه، ئیدی
شتێك له‌باس و خواس و حیكایه‌تی چۆنیه‌تی نووسین و
گینگڵدان و بگره‌و به‌ره رۆحییه‌كانی خۆشی تێكه‌ڵ
ده‌كات، شێلگیرانه داكۆكی له‌هه‌موو ئه‌وه ده‌كات
كه‌نووسیوویه‌تی، به‌چه‌شنێك هه‌ست ناكه‌یت باس
له‌ده‌قێكی ئه‌ده‌بی ده‌كات، ده‌قێك كه‌هه‌رچییه‌كی
له‌سه‌ر بگوترێت ئاساییه، چۆن بخوێنرێته‌وه
ره‌وایه. هه‌ندێ له‌وچه‌شنه به‌رگریانه به‌رگری
خاوه‌ن موڵكێكت بیر ده‌خاته‌وه له‌موڵكه‌كه‌ی،
به‌رگری بازرگانێكت بیر ده‌خاته‌وه له باره‌كه‌ی،
به‌رگری سیاسییه‌كه‌ت بیرده‌خاته‌وه له‌حیزبه‌كه‌ی.
من خۆم وه‌ك خوێنه‌رێك ئازادم له‌وه‌ی ده‌قێك چۆن
ده‌بینم، ئه‌گه‌ر گیرۆده‌ی خوێندنه‌وه‌یم نه‌كات،
كێشم نه‌كات، چێژم پێنه‌به‌خشێت، وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ
به‌دواداچوونی مه‌گه‌ر به‌ناچاری و به‌زۆر
بیخوێنمه‌وه، ئه‌گینا هیچ وام لێناكات خۆم نغرۆی
خوێندنه‌وه‌ی بكه‌م. من وه‌ك خوێنه‌رێك سه‌ربه‌ستم بۆ
نموونه چۆن دیوانه‌كه‌ی "مه‌حوی" ده‌خوێنمه‌وه،
یان بۆ هه‌موو شیعره‌كانی به‌هی ئه‌و نازانم، بۆ
نموونه ناكرێت باوه‌ڕ بكه‌م، شیعری"ستایشی
خودا"و"پاڕانه‌وه له‌خودا" یه‌ك شاعیر نووسیبێتی،
یان بۆ گاڵته‌جاڕییه به‌لامه‌وه كه‌سێك
به‌ناوی"حاجی میرزا عه‌بدوڵڵا كۆیی" له جێی
"مه‌حوی"وه‌ك ئه‌وه‌ی شتێكی گرنگی كردبێت
هه‌ڵسابێت و پاش مه‌رگی"پاڕانه‌وه له‌خودا" نیوه
ناچڵه‌كه‌ی ئه‌وی ته‌واو كردبێت، ئه‌و كه‌سه
به‌خۆی بزانێت و نه‌زانێت بۆ هه‌تا هه‌تایه ئه‌و
شیعره‌ی مراند، كێده‌زانێ مه‌حوی بۆ ته‌واوی
نه‌كردووه یان ره‌نگه ته‌واوی كردبێت و ونبووبێت،
یان ره‌نگه په‌شیمان بووبێته‌وه له‌نووسینی،
چه‌ندین گریمان و ئه‌گه‌ر له‌و شیعره نیوه‌ناچڵه‌دا
په‌نهانه، ده‌یان پرسیار هه‌ن كه به‌ته‌وانه‌بوونی
ئه‌و شیعره ده‌ورووژان، كه‌چی وه‌ره تۆ هه‌موو
ئه‌مانه بكوژه و له‌جێی ئه‌و ته‌واوی بكه.
هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی "مه‌حوی" پێش مردنی ناوبراوی
كردبێته وه‌كیلی خۆی و وه‌سیه‌تی بۆكردبێت
و گوتبێتی توخوا ئه‌گه‌ر مردم ئه‌م شیعره‌م بۆ ته‌واو
بكه، دیاره شتی واش له‌ئه‌ده‌بدا نه‌بووه و نابێت.
دیاره ئه‌و كه‌سه پێی وابووه چاكه‌یه‌كی زۆر
گه‌وره له‌گه‌ڵ"مه‌حوی"ده‌كات، هه‌روه‌ك چۆن پاش
مردنی كه‌سێكی ناسیاو هه‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌و زاته
قه‌رزێكی هه‌بێت بۆی ده‌ده‌نه‌وه، یان كارێكی
به‌نیوه‌ناچڵی به‌جێهێشتبێت بۆی ته‌واو ده‌كه‌ن و
زۆر نموونه‌ی دیكه‌ی له‌و چه‌شنه، ئیدی نامه‌وێت
لێره‌دا له‌وه زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و جۆره
ئه‌قڵیه‌تانه قسه بكه‌م، كه‌هه‌ر شتێك بن
ئه‌قڵیه‌تی ئه‌ده‌بی نین و ئه‌و جۆره كه‌سانه‌ش
ئه‌دیب نین و ئه‌ده‌بیاتی كوردیش تابینه قاقای پڕه
له‌وجۆره ناوانه. پرسیاره‌كه‌تان تایبه‌ته
به‌زه‌مه‌ن و پێوه‌ندی رابردوو به ئێستاوه و
به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، ئه‌گه‌ر به‌چه‌شنێكی تر
بڕوانمه پرسیاره‌كه‌تان، وه‌ك تێكدانی ئه‌و
پێوه‌ندییه‌ی له‌نێوان زه‌مه‌نه جیاجیاكاندا هه‌یه،
رابردوو، ئێستا، ته‌نانه‌ت داهاتووش. دیاره بۆ
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارێكی له‌و چه‌شنه ناتوانین
بگه‌ڕێینه‌وه بۆ كلاسیكی فیزیا، ماته‌ریالیزمی
میكانیكی و تێڕوانینی
"نیوتن" و زۆری دیكه‌ش بۆ زه‌مه‌ن، ره‌نگه هه‌بێت
بڵێت باشه ئه‌مه چ پێوه‌ندییه‌كی به‌ئه‌ده‌به‌وه
هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كتێبی"زانست و جیهانی
نوێی""هوایتهێد" بخوێنینه‌وه، ده‌بینین چۆن تێز و
ته‌رحه میكانیكییه‌كان له‌سه‌رده‌می بوونی
ئه‌ده‌بیاتی رۆمانتیكدا چ كاردانه‌وه‌یه‌كی
هه‌بووه، چۆن رۆمانتیكییه‌كان دژایه‌تیان كردووه،
له‌رووی به‌ئه‌بستراكردنی سروشت و زۆر شتی تره‌وه.
كه‌باس له شوێنی ره‌ها، زه‌مه‌نی ره‌ها، سكونی
ره‌ها، جووڵه‌ی ره‌ها كراوه، ئه‌وه
له‌به‌رانبه‌ریشی رایه‌ك هه‌یه كه‌پێی وایه سكون و
هاوسه‌نگی و جووڵه‌ی شته‌كانیش له‌گه‌ردووندا ته‌نها
شتێكی رێژه‌ین. ئه‌و تێڕوانینه‌ی كه‌پێی وایه
زه‌مه‌ن حه‌قیقه‌تێكی موتڵه‌ق و واقیعییه
له‌گه‌ردووندا، ده‌مێك ساڵه له‌ژێر
پرسیاردایه."لابلاس" ده‌ڵێت:(ئه‌گه‌ر گریمانی ئه‌وه
دابنێین ئه‌قڵیه‌تێك هه‌یه، ده‌توانێت خێرایی هه‌موو
ئه‌تۆمێكی ماته‌ریالی گه‌ردوون بزانێت و شوێنی
له‌موتڵه‌قدا له‌هه‌موو ساته‌كانی زه‌مه‌ندا به‌دی
بكات، ئه‌وه ده‌توانێت رابردوو و ئێستا و داهاتووی
گه‌ردوون له‌یه‌ك كاتدا ببینێت). "ئه‌نیشتاین" فیزیای
به‌ته‌واوی له‌شوێن و زه‌مه‌نی موتڵه‌ق رزگاركرد و
توانی بگاته ئه‌و راستییه‌ی شوێن و زه‌مه‌ن رێژه‌ین
سه‌باره‌ت به‌ڕێڕه‌وی رووداوه‌كانی دنیای
ماته‌ریالی. بۆیه سه‌یر نییه كاتێك
ده‌بینین"ئووڕكۆیكده‌ن" له‌لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یدا
به‌ناوی"ئه‌نیشتاین و كافكا" باس له‌كاریگه‌ری
ئه‌نیشتاین ده‌كات به‌سه‌ر"كافكا"ه‌وه، وه‌ك له
چاوپێكه‌وتنێكی تردا ئاماژه‌م پێداوه‌و نامه‌وێت
لێره‌دا بچمه‌وه سه‌ری.لای"هیگڵ" جه‌ختكردنه سه‌ر
زه‌مه‌ن بۆ ناساندنی خه‌سڵه‌تی سۆبژێكتیڤی سروشته‌و
جه‌ختكردنه سه‌ر شوێنیش بۆ بۆ ناساندنی خه‌سڵه‌تی
ئه‌بژێكتیڤییه‌تی و پێی وایه زه‌مه‌ن روویه‌كه
له‌هه‌بوون و هه‌موو شتێك له‌زه‌مه‌ندا رووده‌دات.
بۆیه گرنگی پرسیاره‌كه‌تان له‌وه‌دایه
كه‌توانیوتانه خۆتان له‌چه‌مكێكی زۆر هه‌ستیار
بده‌ن، كه چه‌ندین راڤه و شرۆڤه و تێڕوانین
هه‌ڵده‌گرێت و دنیایه‌ك شت ده‌ووروژێنێت.
وه‌ك نموونه‌یه‌ك كاتێك ده‌ڵێین"هۆمیرۆس"
هه‌ست ناكه‌ین باس له‌كه‌سێكی مردوو ده‌كه‌ین،
به‌ڵكو واده‌زانین باس له‌كه‌سێكی زیندوو ده‌كه‌ین،
ته‌نانه‌ت له‌زیندووه‌كانیش زیندووتر. باشه ئه‌م
پیاوه ئه‌گه‌ر مردبێت ئه‌ی چۆن ماوه، لێره‌وه
پێوه‌ندی ناو و زه‌مه‌نمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌ك
پێشتریش ئاماژه‌مان پێدا هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌باسی
ده‌كه‌ین ناون و هه‌شن ده‌توانن مه‌وداكانی زه‌مه‌ن
تێپه‌ڕ بكه‌ن. كاتێك ده‌ڵێین چاخاكانی سه‌هۆڵبه‌ندان،
چاخه‌كانی به‌ردین، ده‌یان ناوی تری له‌وجۆره‌ش،
ده‌بینین به‌رجه‌سته‌ی زه‌مه‌نێكمان بۆ ده‌كه‌ن
كه‌له‌ئێستادا نییه. دواجار به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان
ئێستا و ئاینده‌ش هه‌ر رابردووه. چونكه هه‌موو
ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه زۆر خێراتر له‌ته‌سه‌ووری ئێمه
به‌ره‌و ته‌واوبوون و كۆتایی ده‌چێت. ته‌نانه‌ت وه‌ك
زانست ئاماژه‌ی پێده‌دات ئه‌م گه‌ڕۆكه‌ی
كه‌له‌سه‌ری ده‌ژین، ته‌مه‌نی چه‌ند درێژ بێت دواجار
هه‌ر ژیان له‌سه‌ری ده‌بێت بگاته كۆتا. "سامۆیل
بیكیت" وه‌ك نووسه‌رێك كه‌گه‌یشتۆته ترۆپكی
ئیماژینه‌یتیڤیی و توانیویه‌تی كاراكته‌ری
ئه‌نتیمیمه‌تیك و مۆتیف داخراو و بێكردار بخووڵقێنێت،
یه‌كێكه له |