|
هادی محه‌مه‌دی
Hadi_m1974@yahoo.com
- سه‌باره‌ت به ئایدیۆلۆژی مشت‌ومڕێكی زۆر
له‌ئارادایه، له هه‌ندی نوسراوه‌دا هاتووه كه
ڕوانگه‌ی ماركس و ئنگڵس له‌مه‌ڕ ئایدیۆلۆژی وه‌ك
وشیاری بوت ئاسا (درۆنیه)، له‌گه‌ڵ ره‌وتی لێنینی
كه ماركسیزم به ئایدیۆلۆژی زانستی ده‌زانێ،
ناكۆكه. به‌ڕای ئێوه ئایدیۆلۆژی چیه؟
- من بیرمه‌ندێكی هزرڤان نیم، له راستیدا من زیاتر
زانستخواز و كۆمه‌ڵناسێكم كه تێده‌كۆشم له
تۆژینه‌وه‌كانمدا مێتودێكی به‌ڵگه‌مه‌ند بۆ
لێكدانه‌وه‌ی دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دابڕێژم،
كۆمه‌ڵناسێك كه له درێژه‌ی تۆژینه‌وه‌كانیدا به‌م
ئاكامه گه‌یشتووه كه پێكهێنانی زانستێكی
به‌ڵگه‌مه‌ند له‌مه‌ڕ دیارده ئینسانییه‌كان به بێ
فه‌لسه‌فه ئیمكانی نییه.
ده‌كرێ بڵێم من زیاتر مانا و نێوه‌رۆكم بۆ
گرنگه، هه‌تا وشه‌ناسی. ئه‌ڵبه‌ت ره‌نگه
تۆژینه‌وه‌ی ورد و وشه‌ناسانه‌ی چه‌مكی
ئایدیۆلۆژی له به‌رهه‌مه‌كانی ماركس، ئنگڵس، و
لێنین دا به‌و ئاكامه بگه‌ین كه له‌نێوان ئه‌م
بیرمه‌ندانه‌دا و له به‌رهه‌مه‌كانی خودی
ماركسیشدا، له‌مه‌ڕ ڕۆڵی ئه‌م وشه‌یه جیاوازی
زۆره. به‌ڵام ئه‌مه جێگه‌ی سه‌رسووڕمان نیه،
چونكه رۆڵی وشه‌كان له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی زه‌مه‌ن
گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و پێره‌وی بارودۆخ،
به‌رده‌نگان و ئه‌و ڕوانگه‌یه كه ده‌مانه‌وێ
راڤه‌ی بكه‌ین.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ئه‌وه‌ی زیاتر
بۆمن گرنگه، نێوه‌رۆكی ئه‌ندێشه‌ی ئه‌م
بیرمه‌ندانه و تێگه‌یشتن له‌م خاڵه‌یه كه ئایا
له‌نێوان چه‌مكی "ئایدیۆلۆژی زانستی"و بۆچوونی
ماركس له ئایدیۆلۆژی، جیاوازی هه‌یه؟ راشكاوانه
ده‌ڵێم من وه‌ها جیاوازییه‌كم قه‌بووڵ نیه.
یه‌كێ له گرنگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی
روانگه‌ی ماركس و ئنگڵس له‌م خاڵه دایه كه له
زانستی ئینسانی‌دا و له ده‌ركی مرۆڤ و ئه‌ندێشه‌ی
كۆمه‌ڵایه‌تیدا، داوه‌ری بابه‌تی له داوه‌ری به‌هایی
جیاناكرێته‌وه. تا كاتێ كه له كۆمه‌ڵی چینایه‌تی
دا به‌سه‌ر ده‌به‌ین داوه‌ری به‌هایی پێكهێنه‌ری
ئه‌ندێشه‌ی سۆسیۆلۆژیك هه‌میشه خه‌سڵه‌تێكی
تایبه‌تی هه‌یه و به وته‌یه‌كیتر، ئه‌مرۆ دارشتنی
زانستێكی مرۆڤی كه خه‌سڵه‌تی ئایدیۆلۆژیكی نه‌بێ
ئیمكانی نییه.
به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نیه كه هه‌موو
ئایدیۆلۆژییه‌كان بایه‌خی یه‌كسانیان هه‌یه. به‌ڵكوو
له هه‌ر سه‌رده‌مێكدا، ڕوانگه‌یه‌ك هه‌یه كه
پێشكه‌وتووترین و زانستیترین ڕوانگه‌یه، هه‌ر وه‌ها
جۆرێك ڕۆحیه‌ی به‌ڵگه‌مه‌ند و زانستی هه‌یه كه
به‌رده‌وام تێده‌كۆشێ ده‌سكه‌وته‌كان له‌گه‌ڵ
راستییه‌كان به‌راوورد بكا و له‌ئاست هه‌موو فكر و
ره‌خنه و ئه‌زموونێك كراوه بێت (ماركس له وڵامی
پرسیارێك، گرنگترین خاڵی مێتۆدی خۆی، ئه‌م شته‌ی
ئاوا پێناسه كردووه: "ده‌بێ له هه‌موو شتێ دوو دڵ
بین."). سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، له هه‌ر چاخێكدا
ئه‌ندێشه‌یه‌ك هه‌یه كه له هه‌موو فكره‌كانی تر
پێشكه‌وتووتر و زانستی تره، به‌ڵام چونكه ئه‌م
ئه‌ندێشه‌یه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ زانستی مرۆڤی
هه‌یه، هێشتا زۆر توخمی ئایدیۆلۆژیكی تێدایه. كه
هێشتا لایه‌نگرانی ناتوانن روونی بكه‌نه‌وه، به‌ڵام
سبه‌ینێ بیرمه‌ندانێكیتر پێشده‌كه‌ون و زانستێكی
پێشكه‌وتووتر ده‌خولقێنن و ئه‌م توخمانه روون
ده‌كه‌نه‌وه. له ئاكامدا هه‌ر ئه‌م ئه‌ندێشه كه
ئه‌مڕۆ به زانست ده‌ژمێردرێت، سبه‌ینێ ده‌بێته
ئایدیۆلۆژی. كه‌وابوو رێك به‌مهۆیه كه پێوه‌ندی
چڕوپڕی نێوان ئه‌ندێشه و كردار و ژیانی
كۆمه‌ڵایه‌تی، یه‌كێ له گرنگترین ده‌سكه‌وته‌كانی
ماركسه، بۆ ئه‌ندێشه‌ی دیالكتیكی تێگه‌یشتن له‌م
خاڵه پێویسته كه زانستیترین ئه‌ندێشه، هه‌میشه
مه‌رجداره و پێڕه‌وی دیدگایه‌كی تایبه‌ته،
دیدگایه‌ك كه ئه‌مڕۆ سروشتێكی تایبه‌تی هه‌یه و
سبه‌ینێ ده‌وری نامێنێ.
به‌رهه‌می گه‌وره‌ی لوكاچ - مێژوو و
وشیاری چینایه‌تی- هه‌ڵه‌ی سیاسی گه‌وره‌ی
تێدایه (وه‌ك هۆمێد به شۆرشی له‌ناكاو له ساڵی
1923دا) كه نووسه‌ر دواتر هه‌ڵه‌كانی ساغ
كردۆته‌وه. به‌ڵام له‌ڕووی مێتۆدۆلۆژیكه‌وه وه‌ك
گرنگترین ده‌سكه‌وتی ئه‌ندێشه‌ی زانستی و
دیالكتیكی ده‌ژمێردرێت. ره‌نگه ئێوه‌ش بزانن كه له‌م
كتێبه‌دا وتارێك هه‌یه به ناوی "سه‌رچوون له
ماتریالیزمی مێژوویی" له‌ڕاستیدا بۆوه‌ی كه لوكاچ
شۆرشی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر به نزیك زانیوه، پێی
وابووه كه ماتریالیزمی دیالكتیكی، یانی روانگه‌ی
چینی كرێكاریش له كۆمه‌ڵگه‌ی سۆسیالیستی دا
ده‌وری نامێنێ.
ده‌بێ بزانین كه له بواری زانستی ئینسانی‌دا هه‌ر
بانگه‌شه‌یه‌ك كه به‌ته‌واوی خۆی به زانستێ و
نائایدیۆلۆژیكی بزانێ، به دزێوترین جۆری دۆگماتیزم
ده‌گا و پێش به گه‌شه و تۆژینه‌وه ده‌گرێت. ده‌بێ
ئه‌وه‌ش زیاد بكه‌م كه جیاوازی من له‌گه‌ڵ لووی
شتراوس یان ئاڵتوسێر كه خۆی به ماركسیست ده‌زانێ،
ڕێك له‌م كه‌لێنه قووڵه دایه كه له‌نێوان
ئایدیۆلۆژی و زانست‌دا پێكی دێنن. ئه‌م كه‌لێنه له
روانگه‌ی شتراوس دا به‌شێوه‌ی دژایه‌تی نێوان زانست
و ئه‌ندێشه‌ی وه‌حشی و له روانگه‌ی ئاڵتوسێردا
به‌شێوه‌ی دژایه‌تی نێوان تیۆری و ئایدیۆلۆژی
ده‌رده‌كه‌وێ. یانی دژایه‌تی ئایدیۆلۆژی له‌گه‌ڵ
زانستێك كه ئه‌وان ئه‌مڕۆ گه‌شه‌ی پێده‌ده‌ن.
به‌ڕای من گرنگ ئه‌وه‌یه كه بیرمان له‌ئاست هه‌موو
ده‌سكه‌وته‌كانی ئه‌م زانسته كراوه بێ و به بێ
پێشداوه‌ری و نكۆلێكردن وه‌ری بگرین. به‌ڵام له
هه‌مان حاڵ‌دا له‌ئاست لایه‌نی ئایدیۆلۆژیكی ئه‌م
زانسته ڕوانگه‌یه‌كی ره‌خنه‌گرانه‌مان هه‌بێ و
به‌تایبه‌ت زانستی ئینسانی له هه‌ر جۆره توخمێكی
ئایدیۆلۆژیك جیانه‌كه‌ینه‌وه، چونكه وه‌ها كارێك به
دوگماتیزم ده‌گا و پێش به تۆژینه‌وه ده‌گرێت.
- ئایا پرسی له‌خۆنامۆیی پرسێكی فه‌لسه‌فی یان
كۆمه‌ڵناسانه‌یه، یان فه‌لسه‌فی ــ
كۆمه‌ڵناسانه‌یه؟ تیۆری چه‌نده ده‌توانێ بۆ زاڵبون
له ئاست له‌خۆنامۆیی یارمه‌تی پراتیك بدات؟
- من خۆم له هیچكام له نوسراوه‌كانمدا
ده‌سته‌واژه‌ی "له‌خۆنامۆیی"م به‌كارنه‌هێناوه.
چونكه پێم وایه ئه‌م وشه‌یه زۆر ئاڵۆزه و هه‌ر
كه‌سێك شتێكی جیاوازی لێ مه‌به‌سته. جگه له‌مه‌ش،
به‌ڕای من له‌ودیوی مشت‌ومڕ له‌مه‌ڕ له‌خۆنامۆیی
چه‌ندین پرسی واقعی زۆر گرنگ هه‌ن، به‌ڵام بۆ خۆم
پێم باشتره له‌جیاتی واژه‌ی له‌خۆنامۆیی باسی
شتئاسایی، بروكراسی، ئۆرگان سازی و تكنۆكراسی
بكه‌ین و له به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی زۆر
ئاڵۆزی له‌خۆنامۆیی خۆببوێرین. چونكه ئه‌م
ده‌سته‌واژه‌یه هه‌موو ئه‌و چه‌مكانه‌ی سه‌ره‌وه
ده‌گرێته‌وه.
له‌راستیدا هه‌ر جاره له جڤاتێك، له دۆخێكی
كۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌تدا، له‌نێوان پێویستیه‌كانی
مرۆڤ به وشیاری، تێگه‌یشتن، شادكامی و دۆخی واقعی
ژیانیاندا كه‌لێنێكی قووڵ پێكبێت، پرسی له‌خۆنامۆیی
سه‌رهه‌ڵده‌دات.
له شیكارییه‌كانی ماركس دا ئه‌م پرسه به‌ڕۆشنی
راڤه‌كراوه، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به‌شێوه‌ی گشتی
مێژوو ده‌رك بكه‌ین، تێده‌گه‌ین كه دۆخی
كۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌ت، به‌رده‌وام به‌رهه‌می
پێویستی چاره‌سه‌ركردنی چه‌ند پرسێكن. به‌ڵام زۆر
رۆشنه كه ده‌بێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه خێراكان،
هه‌ندێ پرس كه ره‌نگه رۆژێك چاره‌نووس سازبن،
وه‌لابكرێن. له‌م كاته‌دا مرۆڤه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ندێ
ئاسته‌نگ به‌ره‌وڕوو ده‌بن كه پێویستی و
هه‌ستیارییان هه‌ست پێده‌كه‌ن. له‌لایه‌كی تره‌وه،
چونكه كۆمه‌ڵگا به‌رده‌وام ده‌ڕواته پێش، ئه‌و
پێكهاته‌ی كه مرۆڤه‌كان پێشتر خولقاندویانه و له
چاخێكدا مانای شیاوی هه‌بووه، بۆ ژیانی
به‌ره‌یه‌كی دواتر كه له دۆخێكی جیاوازتردا
ده‌ژین، وه‌ك فۆرمێكی ته‌نگی لێ دێت...
له‌مه‌ڕ به‌شی دووهه‌می پرسیاره‌كه‌ت، به‌ڕای من
هه‌ر پرسێك كه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ژیانی ئینسانی و
كۆمه‌ڵگه و مێژوو هه‌بێ، ناتوانین به پرسێكی
فه‌لسه‌فی په‌تی، یان سۆسیۆلۆژیكی په‌تی بزانین:
به‌تایبه‌ت پرسی له‌خۆنامۆیی.
تایبه‌تمه‌ندی
بنه‌ڕه‌تی ئه‌ندێشه‌ی ماركسیستی له‌وه دایه كه
له‌گه‌ڵ هه‌ر چه‌شنه، كۆمه‌ڵناسییه‌كی نافه‌لسه‌فی
دژایه‌تی ده‌كا و له‌گه‌ڵ هه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه‌كی
نازانستی(تیۆری په‌تی) ناته‌بایه... من بۆیه
داكۆكی له فه‌لسه‌فه ده‌كه‌م چونكه بۆ ده‌ركی
ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی به پێویستی ده‌زانم. ده‌ركی
ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیش به تێكۆشانی پراتیكی له‌ناخی
ژیاندا به‌رهه‌م دێت. ماركس به‌رۆشنی ده‌ریخستووه
كه جیایی داوه‌ری بابه‌تی له داوه‌ری به‌هایی
ئیمكانی نیه و پرسی شرۆڤه‌كاری به‌ره‌و روانگه‌ی
فه‌لسه‌فی ده‌مانبات.
ده‌بێ
ئه‌وه‌ش زیاد بكه‌ین كه پرسی له‌خۆنامۆیی،
به‌مه‌رجێك كه مانایه‌كی رۆشنی هه‌بێت، وه‌ك
هه‌موو پرسێكی ئینسانی و كۆمه‌ڵایه‌تی، پرسێكی
كۆمه‌ڵناسی فه‌لسه‌فی، فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵناسانه،
كۆمه‌ڵناسی مێژوویی و فه‌لسه‌فه‌ی مێژووه.
- ئێوه له فه‌لسه‌فه‌دا زیاتر پرسی
مه‌عریفه‌ناسانه(ئپیستمۆلۆژیك)،
بوونناسانه(ئه‌نتۆلۆژیك) و لوژیكیتان بۆ گرنگه، یان
پرسی به‌هاناسانه؟
- له ڕوانگه‌ی دیالكتیكی دا، چه‌مكی فه‌لسه‌فی و
زانستی ته‌وه‌ری هه‌ر هه‌مان كاتێگوری
"گشتێتی"یه. هه‌ر وه‌ك پێشتر گوتم نابێ داوه‌ری
بابه‌تی له داوه‌ری به‌هایی جیابكه‌ینه‌وه.
به‌وته‌یه‌كی تر، به‌هاناسی سه‌ربه‌خۆ ئیمكانی
نیه. ده‌توانین له تۆژینه‌وه‌كاندا پرسی
به‌هاناسانه به‌شێوه‌ی كاتی جیابكه‌ینه‌وه، به‌ڵام
به‌هاناسی پێشكه‌وتوو له‌سه‌ر سروشت و هه‌ستی و
زانست ڕاوه‌ستاوه. به‌پێچه‌وانه‌وه، تۆژینه‌وه‌ی
فاكتی ئینسانی به بێ به‌هاكانی توێژه‌ر ئیمكانی
نیه. یانی له روانگه‌ی بیرمه‌ندی زانستی، یان
بیرمه‌ندی دیالكتیكی دا، لۆژیك جیا‌واز له
به‌هاناسی، تیۆری مه‌عریفه جیا‌واز له لوژیك، یان
به‌هاناسی جیا‌واز له لۆژیك و مه‌عریفه، بوونی
نیه.
ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م فكره تایبه‌ت به ئه‌ندێشه‌ی
ماركسیستی نیه. ده‌روونناس و لۆژیكزانی ناودار
"ژان پیاژه" كه زۆر كه‌م له ماركسیزم به‌ڵگه
دێنیته‌وه، له تۆژینه‌وه‌كانی خۆیدا به‌م ئاكامه
گه‌یشتووه كه لۆژیك ته‌نیا له‌سه‌ر ده‌روونناسی و
كۆمه‌ڵناسی پێكدێ و تۆژینه‌وه‌ی سۆسیۆلۆژیك و
سایكۆلۆژیك به بێ پراتیك و داوه‌ری به‌هایی
ئیمكانی نیه. له‌م پرسه‌شدا ده‌بێ جێگایه‌كی
تایبه‌ت به بوونناسی بدرێت. من له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه
كۆكم، به‌تایبه‌ت به‌وهۆیه كه ئه‌مڕۆ كاتێ باسی
ئه‌تتۆلۆژی ده‌كرێ، هایدگر و مه‌به‌ستی ئه‌و له
بوون مان بیردێته‌وه(هایدگر بۆ پێناسه‌كردنی بوون،
چه‌مكی گشتێتی به‌كاردێنێ). ته‌نانه‌ت ده‌مه‌وێ
بڵێم كه پرسی ئه‌نتۆلۆژیك گرنگترین پرسه، چونكه
به‌هاناسی و مه‌عریفه‌ناسی و لۆژیك ده‌گرێته‌وه.
به‌ڵام وشه‌ی بوونناسیش – وه‌ك چۆن له‌مه‌ڕ
ئایدیۆلۆژی وتمان- زۆر مانای جیا‌واز و ئاسۆی جیا‌واز
ده‌گرێته‌وه. كاتێ باسی بوونناسی ده‌كرێ زیاتر
جۆرێ له بوونناسی نامێژووی ئاراسته ده‌كه‌ن، یان
ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو مه‌به‌ست بێت – وه‌ك
دیدگای هایدگر – فه‌لسه‌فه‌ی مێژوویی دواكه‌وتوانه
و دژ به گه‌شه و دژ به هه‌ر چه‌شنه هیۆمانیزمێك
ئاراسته‌ده‌كه‌ن كه به‌پێی چه‌مكی ئلیته‌كان
راوه‌ستاوه.
كه‌وابوو، كاتێ باسی ئه‌نتۆلۆژی ده‌كرێ،
ده‌بێ ئه‌م چه‌مكه به‌مانای یاسا گشتییه‌كانی
مێژوو، دۆخی مرۆڤ له كۆمه‌ڵگه و له سروشت دا،
یانی مرۆڤ وه‌ك گشتێتی راڤه بكرێت، به‌ڵام نابێ
له‌بیرمان بچێ كه ئه‌نتۆلۆژی لق و پۆپی جیاجیای
هه‌یه، به‌ڵام جۆری مه‌به‌ستی ئێمه
ئه‌نتۆلۆژییه‌كی ئێجگار تایبه‌ته كه له‌گه‌ڵ
فه‌لسه‌فه‌ی زانستی مێژوو یه‌كێكه. من پێم باشه
له‌م بابه‌ته‌وه "ماتریالیزمی مێژوویی" به‌كار
بێنم.
- ئایا ده‌كرێ فه‌لسه‌فه به جۆرێك مرۆڤناسی
بزانین؟ ئایا نابێ فه‌لسه‌فه له درێژه‌ی گه‌شه‌ی
خۆیدا هاوكێشی خۆی له‌گه‌ڵ زانستی كۆمه‌ڵایه‌تی
بسه‌لمێنێت؟
- من پێم‌وایه كه فه‌لسه‌فه ده‌بێ به‌ره‌و جۆرێ
مرۆڤناسی بڕواته پێش. ئه‌ڵبه‌ت نه وه‌ك زانستی
سروشتی، یان تۆژینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌ره‌تایی،
به‌ڵكوو ده‌بێ له دۆخی ژیانی مرۆڤ به‌گشتی و
ئاڵوگۆڕه‌كانی مێژوو و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی
بتۆژێته‌وه.
كه‌وابوو، كاتێ تۆ كه ده‌ڵێی ده‌بێ فه‌لسه‌فه
هاوكێشی خۆی له‌گه‌ڵ زانستی كۆمه‌ڵایه‌تی
بسه‌لمێنێ، من – ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ئێوه‌م دروست
وه‌رگرتبێ - ئه‌م ڕه‌وته پڕ مه‌ترسی ده‌بینم.
فه‌لسه‌فه نابێ له كه‌نار زانستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا
گه‌شه‌بكات و زانستێك بێت له‌كه‌نار كۆمه‌ڵناسی و
مێژوودا. فه‌لسه‌فه جۆرێك مێتۆد، دیدگا و شێوه‌ی
تۆژینه‌وه‌ی فاكتی ئینسانییه كه ده‌بێ به‌قووڵی
به‌ناخی تێكڕای زانستی مرۆڤیدا رۆبچێ، فه‌لسه‌فه
تاقه هۆكارێكه كه به‌ڵگه‌مه‌ندبوون و زانستی
بوونی ئه‌م بوارانه هه‌موارده‌كات.
له‌ڕاستیدا فه‌لسه‌فه ته‌نیا كاتێك ده‌توانێ له
وشیاری سه‌رده‌م دوانه‌كه‌وێ و بۆ هه‌مووان گرنگ و
زیندوو بێ، كه هاوكات ئه‌ندێشه‌ی زانستی و
پراتیكی ئینسانی بگرێته‌وه. له زانستی ئینسانیشدا
ئه‌ندێشه‌ی زانستی و پراتیكی سیاسی
كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌نیا كاتێك سروشتی زانستی و
به‌ڵگه‌مه‌ندی خۆی بۆ ئه‌ندێشه‌ی سۆسیالیستی و،
سروشتی هیۆمانیستی خۆی بۆ كرداری كۆمه‌ڵایه‌تی
ده‌پارێزێ كه له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه پێوه‌ندی قووڵی
هه‌بێ و سه‌رئه‌نجام له‌نێوان فه‌لسه‌فه و زانست دا
جیاوازییه‌ك نه‌بێت.
- ئایا ده‌توانین باسی كاریگه‌ری پۆزه‌تیڤیزم
له‌سه‌ر ماركسیزم بكه‌ین؟ ئه‌م كاریگه‌رییه چه‌نده
كارسازه؟
بێگومان
ده‌توانین. له ئه‌وروپا، له پاش كۆچی ماركس تا
ساڵه‌كانی 1920 پۆزه‌تیڤیزم كاریگه‌ری قووڵی
له‌سه‌ر ماركسیزم هه‌بووه. (له ساڵه‌كانی 1920-
1926 بزاڤێك ده‌س پێده‌كا كه ده‌كرێ به
بوژاندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی دیالكتیكی رۆژاوایی
ناودێری بكه‌ین. نوێنه‌رانی ئه‌م ڕه‌وته، لوكاچ،
كارل كورش و ماركووزه بوون).
جێگای
سه‌رسوڕمانه كه بێجگه له به‌رهه‌مه‌كانی خودی
ماركس، كاتێ به‌رهه‌مه‌كانی پله‌خانوف، كائوتسكی،
و مهرینگ و ... ده‌خوێنینه‌وه، تێده‌گه‌ین كه
دیدگای ئپیستمۆلۆژیكی ئه‌م به‌رهه‌مانه كه‌لێنێكی
قووڵی له‌نێوان داوه‌ری واقعی و داوه‌ری به‌هایی،
له‌نێوان ئه‌ندێشه و پراتیكدا پێكهێناوه.
هاوكات له‌گه‌ڵ دوگماتیزمی ستالینی، ده‌بینین كه
سه‌رله‌نوێ پوزه‌تیڤیزم گه‌شه‌ده‌كا و به‌شێكی
به‌رین له ئه‌ندێشه‌ی ماركسیستی ده‌گرێته‌وه.
ئێستاش دووباره نیشانه‌یه‌كی ته‌واو سه‌رسووڕهێنه‌ر
و نائاسایی ده‌بینرێ: ده‌ركه‌وتنی هه‌وڵێكێ نوێ بۆ
بوژاندنه‌وه‌ی ماركسیزمی پۆزه‌تیڤیستی یان جۆرێك
پۆزه‌تیڤیزمی بنه‌ماخواز و دژه فه‌لسه‌فی، له سێ
به‌رهه‌می دۆستی من ئاڵتوسێر دا كه ئێجگار گرنگ،
پرشنگدار، وردبینانه و هاوكات جێگه‌ی ره‌خنه‌ن،
ده‌بینرێ. له كۆتایی دا پرسیوتانه ئایا ئه‌م
كاریگه‌رییه كارسازه؟ به‌كورتی ده‌بێ بڵێم كه
ئه‌م كاریگه‌رییه به‌رده‌وام كارسازه، چونكه
ده‌رگای دیالۆگ ده‌كاته‌وه، ئه‌ندێشه جیاوازه‌كان
له نیازی واقعی كۆمه‌ڵگه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن و
به‌مجۆره، به‌شداران به‌پێی كرداری كۆمه‌ڵایه‌تی،
به‌ره‌و قووڵ ئه‌ندێشی له‌مه‌ڕ پرسه‌كانی سه‌رده‌م
ده‌به‌ن. به‌ڵام ئه‌م كاریگه‌رییه كاتێ مه‌ترسی
هێنه‌ره كه باسێكی قووڵ و جدی دروست نه‌كاو هه‌ر
به كاریگه‌ری یه‌كلایه‌نه كۆتایی دێت.
به‌رده‌وام گوتوومه كه ئه‌ندێشه دیارده‌یه‌كی
تاكی په‌تی نییه و بۆ هه‌ڵوێستی ره‌خنه‌گرانه زۆر
پێویسته كه هه‌ر تاكێ دیدگای خۆی به‌شێوه‌ی رۆشن
و شێلگیرانه بپارێزێ و قه‌ت شه‌یدای مۆدی رۆژ و
پرستیژ یان ناوبانگی درۆینه‌ی خه‌ڵكی تر نه‌بێت.
به‌ڕای من ماركسیزم دۆكترینێكه كه له‌گه‌ڵ
ئێگزیستانسیالیزم و پۆزه‌تیڤیزم زۆر جیاوازه و هه‌ر
جاره كه تووشی دۆگماتیزم و سكۆلاستیزم ده‌بێت،
سه‌رهه‌ڵدانی فكر و فه‌لسفه‌ی دیكه و دیالۆگ
له‌گه‌ڵ ئه‌وان له گێژی و كاسی وشیاری
ده‌كاته‌وه. به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ ماركسیزم قه‌ت نابێ
بیر و ڕوانگه و مێتۆدی خۆی له‌بیر بكا و له
به‌رگی ماركسیزم دا فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ته‌واو جیاوازی
لێده‌رچێت.
- هۆی چیه كه ئه‌خلاق و جوانیناسی ماركسیستی
گه‌شه‌ی نه‌كردووه؟
- زۆر روشنه كه ئه‌م پرسه لایه‌نێكی گشتی تری
هه‌یه و پێوه‌ندی به دواكوتوویی زانستی
ماركسیستی و دوگماتیزمی ستالینییه‌وه هه‌یه.
ئه‌م پرسیاره پێویستی به شیكاریه‌كی
هه‌مه‌لایه‌نه هه‌یه. من پێم وایه كه ئه‌خلاق و
جوانیناسی زیاتر له بواره‌كانی تر خه‌ساریان دیبێ.
هه‌روه‌ها مه‌عریفه‌ناسی ماركسیستی و ده‌روونناسی
ماركسیستیش زۆر كه‌م گه‌شه‌یان كردووه.
ئه‌مه پرسێكی گشتییه و ده‌بێ بپرسین چ
هۆكارێك، ئه‌ندێشه‌ی ماركسیستی به‌ره‌و چه‌قین و
نسكۆ بردووه؟
چونكه باسی ئه‌خلاقتان كرد، ده‌مه‌وێ خاڵێك
زیاد بكه‌م. من پێم وایه كه بۆ ماركسیزم، ئه‌خلاقی
سه‌ربه‌خۆ، یانی كۆمه‌ڵێك داوه‌ری به‌هایی كه
له‌سه‌ر فاكتی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌سه‌ر داوه‌ری
بابه‌تی پێكنه‌هاتبێ، ئیمكانی نیه.
كه‌وابوو، ئه‌وه‌ی تۆ به ئه‌خلاقی
ماركسیستی ناوی ده‌به‌ی، من به پرسی كردارناسی
و، پێوه‌ندی نێوان ئه‌ندێشه‌ی فه‌لسه‌فی،
هیۆمانیزم و یاساكانی پراتیك پێناسه‌ی ده‌كه‌م...
-
به‌ڕای تۆ فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م چ
دسكه‌وتێكی گرنگی بۆ "خه‌زێنه‌ی" فه‌لسه‌فه
هه‌بووه؟
-
به‌ڕای من كاتێ كه مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی سه‌دی
بیسته‌م ده‌نوسرێت... ناتوانین ناوی دوو كه‌س
فه‌رامۆش بكه‌ین: لوكاچ و فرۆید.
لوكاچ ئه‌م
پرسه گرنگانه‌ی سه‌رله‌نوێ گه‌ڵاڵه كرد: بابه‌تی
گشتێتی، ئه‌م پرسه كه مرۆڤ له ناخی كۆمه‌ڵگه‌دا
ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رك ده‌كا و ئه‌وه كه
بكه‌ری ئه‌ندێشه و پراتیك، تاك نیه، به‌ڵكوو
كۆمه‌ڵێكه كه به‌شێك له‌م گشتێتییه پێكدێنێ.
به‌بێ ئه‌م ده‌سكه‌وته گرنگه‌ی لوكاچ،
ده‌ركی فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخی ئه‌وروپا دژواره.
به‌ڕای من به‌رهه‌مه‌كانی لوكاچ كاریگه‌ری
راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر هایدگر، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر
مانهایم هه‌بووه. یانی كاریان كردۆته سه‌ر دوو كه‌س
له گرنگترین نوێنه‌رانی فه‌لسه‌فه و ئه‌ندێشه‌ی
كۆمه‌ڵناسانه... له وڵامی گرنگترین بیرمه‌ندانی
فه‌لسه‌فی فه‌رانسادا، لویی ستروس، رۆلان بارت و
ریمۆن ئارون م ناوبرد، یانی ئه‌و بیرمه‌ندانه كه
زانستی كو‌لتور داده‌ڕێژن. به‌ڵام لوكاچ یه‌كه‌م
بیرمه‌ند بووه كه له چاخی ئێمه‌دا، پرسی گشتێتی
گه‌ڵاڵه كردووه و پیشانی داوه كه فه‌لسه‌فه
چه‌نده له زانستی به‌ڵگه‌مه‌ند نزیكه و هه‌ر
زانستێكی به‌ڵگه‌مه‌ندیش ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فی نه‌بێت،
زانستی نابێت.
له بواری سایكۆلۆژیك دا فرۆید ده‌سكه‌وتێكی
له‌وچه‌شنه‌ی هه‌بووه. فرۆید هه‌مان پرسی چه‌مكی
سه‌ره‌كی بنه‌ماخوازی گه‌شنده‌ی بۆ ناسینی
ئاڵوگۆڕی تاكی ئاراسته كردووه پرسێك كه لوكاچ
له‌پاش ماركس بۆ ناسینی كۆمه‌ڵگه به‌كاری هێناوه.
به‌ڕای من
تاقه لاوازی فرۆید كه زیاتر له به‌رهه‌مه‌كانی
ئه‌و دایه نه له رێبازی ئه‌ودا، ئه‌وه‌یه كه
فرۆید دێترمینیست بوو، یانی بنه‌ماخوازی گه‌شنده‌ی
ئه‌و ئاینده‌ی له‌به‌رچاو نه‌گرتووه و به‌رده‌وام
"ئێستا" نه به خواستی داهاتوو، به‌ڵكوو به رابردوو
ڕاڤه ده‌كات.
زور بیرمه‌ندی به‌ناوبانگ له قونابخانه‌ی لوكاچ دا
جێده‌گرن، به‌تایبه‌ت ماركووزه كه ئه‌مرۆ زیاتر له
پێشوو ده‌ناسرێت. هه‌ر به‌پێی ئه‌م چه‌مكی
گشتێتیه‌یه كه هایدگر ــ ئه‌ڵبه‌ت به‌پێی
روانگه‌یه‌كی كونسێرڤاتیڤ و ناهیومانیستی ــ
فه‌لسه‌فه‌ی وجودی خۆی داڕشتووه، فه‌لسه‌فه‌یه‌ك
كه له چه‌مكی گشتێتی جیاناكرێته‌وه.
به‌ڕای من
فه‌لسه‌فه‌ی ئێگزیستانسیالیزمی سارتر، به‌رله‌وه‌ی
كه بۆچوونێكی فه‌لسه‌فی نوێ له مێژووی
فه‌لسه‌فه‌دا بێت، جۆرێك تاكگه‌راییه كه ئه‌ڵبه‌ت
رۆڵێكی گرنگی گێڕاوه و ده‌ركێكی ئێجگار رۆشنی
له پرسه‌كانی ئه‌خلاقی تاكی بۆ ئێمه به دیاری
هێناوه.
به‌ڵام له كۆتاییدا ده‌بێ بڵێم كه به‌ڕای من
ئه‌مرۆ ئه‌ندێشه‌ی فه‌لسه‌فی په‌تی به‌ره‌و فه‌وتان
ده‌چێ و باس و دیالۆگی فه‌لسه‌فی راسته‌قینه له
بواری زانستی مرۆڤیدا شكڵ ده‌گرێت، له بوارێكدا كه
دیدگا گشتییه‌كان په‌ره ده‌ستێنن. ئه‌قڵگه‌رایی
فۆرماڵیستی توندڕه‌و یان شێوازه‌كانی ئه‌ندێشه‌ی
هاوشێوه‌ی ئه‌و، ره‌نگه كاتێك سه‌ركه‌ون كه
كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژئاوایی ببێته كۆمه‌ڵێكی تكنۆكرات و
رفا و ئاسایش بۆ هه‌موان دابین بكات ـ ئه‌ڵبه‌ت
به‌ومه‌رجه‌ی كه جه‌ماوه‌ر له هه‌ر جۆره وشیاری
رۆشنبیرانه ده‌ست هه‌ڵگرن و پرسه‌كانی هه‌ستی
له‌بیر بكه‌ن و ته‌نیا وه‌ك به‌كارهێنه‌ری په‌تی
بمێننه‌وه. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌گه‌ر
ئاڵوگۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕه‌وتێكی جیا‌واز بگرێته‌به‌ر
و خه‌باتگێڕان و بیرمه‌ندانی سۆسیالیست بتوانن
ئاڵوگۆڕی كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژاوایی به‌ره‌و
ئاراسته‌یه‌كی دیكه، به‌ره‌و جڤاتێكی
ئینسانی ببه‌ن، ئه‌وكات ده‌سكه‌وتی حه‌تمی
بیرمه‌ندانێك وه‌ك لوكاچ و ماركووزه و هه‌موو
ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ئه‌وان له بواری ناسینی
مرۆڤدا ره‌نگه فه‌لسه‌فه‌ی راسته‌قینه
ببوژێنێته‌وه.
|