|
هادی محه‌مه‌دی
Hadi_m1974@yahoo.com
- وه‌ك ده‌زانین روانگه و بۆچوونی جۆراوجۆر له‌مه‌ڕ
ماركسیزم ئاراسته‌كراوه، هه‌ر له روانگه‌كانی
كائۆتسكی و بێرنشتاین، هه‌تا لێنینیزم، مائۆئیزم،
كاسترۆئیزم، تیتۆئیزم و لایه‌نگرانی ئه‌نوه‌ر خوجه
ده‌رك و بۆچوونی جیاوازیان له ماركسیزم ئاراسته
كردووه، جگه له وانه‌ش دوو قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت
و بوداپێست خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه،
ئێوه وه‌ك كه‌سێكی شاره‌زای ئه‌م بواره له‌مه‌ڕ
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی و، كوردهواری
به‌تایبه‌تی، چ دیسكۆرس و خوێندنه‌وه‌یه‌كی چه‌پی
ــ ماركسیستی به گونجاو ده‌زانن؟
ــ هه‌ر وه‌ك خۆتان باستان كرد ماركسیزمیش وه‌ك
مه‌كته‌به فكرییه‌كانی دیكه جۆراوجۆر و
فره‌چه‌شنییه، وه‌ك چۆن لیبراڵیزم یهكچهشن نیه،
به‌ڵكوو چه‌ندین جۆر لیبراڵیزم هه‌یه، یان وه‌ك چۆن
تیۆری دیموكراسی یه‌كده‌ست نیه، ماركسیزمیش هه‌ر
وایه، ئێوه ناوی چه‌ند فۆرمی ماركسیستیتان هێنا
كه له مێژووی ماركسیزم دا ده‌وریان بووه. ماركسیزم
هه‌میشه له گۆڕان دایه، ئێستاش ده‌گۆڕدرێ، به‌ڵام
ئایا مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه كه كام یه‌ك له‌م ره‌وتانه
بۆ رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست گونجاوه؟
- مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه به له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی
ناوچه‌كه، ئێوه كام ره‌وتی چه‌پ به شیاو ده‌زانن،
یان ره‌نگه بۆ خۆتان روانگه‌یه‌كی جیاوازتان هه‌بێت؟
ــ من ماركسیزم وه‌ك سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆژی، یان
فه‌لسه‌فه‌ی چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینم، كه
ئه‌ویش چینی كرێكاره، كه له مێژووی جیهاندا
چینێكی تازه‌یه، ماركسیزم خۆی بانگه‌شه ده‌كات كه
كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤ له‌و كاته‌وه كه به‌سه‌ر
چینه‌كاندا دابه‌شكراوه، فه‌لسه‌فه، سیاسه‌ت،
ئایدیۆلۆژی، هونه‌ر، زمان و هه‌موو تێكۆشانی فكری
مرۆڤ پێوه‌ندی قووڵیان له‌گه‌ڵ چینه
كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هه‌یه. كه‌وابوو، ماركسیزم
پێیوایه كه فه‌لسه‌فه و ئایدیۆلۆژی چینێكی
تایبه‌ته نه هی هه‌موو چینێك، كه ئه‌ویش چینی
كرێكاره. چینی كرێكار هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تی نوێیه
كه بێجگه له هێزی كاری خۆی هیچی دیكه‌ی نیه،
وه‌ك چۆن چینی بورژوا سیاسه‌ت، فه‌لسه‌فه و
ئایدیۆلۆژی خۆی هه‌یه و بۆ رێكخستنی ده‌وڵه‌ت و
ئابوری كۆمه‌ڵگه شێواز و به‌رنامه‌ی تایبه‌ت به
خۆی هه‌یه و جڤاتی سه‌رمایه‌داری به جڤاتێكی
ته‌باو سازگار ده‌زانێ، ماركسیزمیش وه‌ك فه‌لسه‌فه
و ئایدیۆلۆژی چینی كرێكار پێیوایه كه
سه‌رمایه‌داری ناتوانێ كێشه‌كانی مرۆڤ چاره‌سه‌ر
بكا‌و وڵامی پێویستیه‌كانی بداته‌وه. ماركسیزم
پێیوایه كه سیستمی سۆسیالیستی و سه‌رئه‌نجام
سیستمی كۆمۆنیستی ئالترناتیڤی سه‌رمایه‌دارییه. من
وای ده‌بینم كه له 15 ساڵی رابردوودا و له‌پاش
روخانی سۆڤیه‌ت و ئوروپای رۆژهه‌ڵات (بلوكی
سۆسیالیستی) هێرشێكی زۆر كراوه‌ته‌سه‌ر ماركسیزم و
كۆمۆنیزم، ئێستا زۆر كه‌س له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش
نا‌وێرن باسی سۆسیالیزم و ماركسیزم بكه‌ن. هێرشه‌كه
وابوو كه ده‌یانگوت له كێشه‌ی نێوان سه‌رمایه‌داری
و سۆسیالیزم دا سۆسیالیزم دۆڕاندویه و
سه‌رمایه‌دای سه‌ركه‌وتووه. یانی ئه‌وه كه
سه‌رمایه‌داری كۆتایی مێژووه، پێیان وایه كه
مرۆڤایه‌تی ناتوانێ بورژوازی تێپه‌ڕێنێ. وه‌ها
باسێك هاته‌گۆڕێ، زه‌ختێك كه پێشتر هه‌بوو له دژی
ماركسیزم، زۆر توندوتیژ بووه، دیاره زۆربه‌ی
ماركسیسته‌كانیش یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و بلوكی
رۆژهه‌ڵاتیان به ماركسیزم نه‌ده‌زانی، پێیان وایه
شۆڕشی ئۆكتۆبر كه ساڵی 1917 روویدا ره‌وتێكی
راسته‌قینه بوو كه گه‌لێ ده‌سكه‌وتی هه‌بوو،
به‌ڵام نه‌یتوانی سه‌ركه‌وێ و سه‌رمایه‌داری
سه‌رله‌نوێ گه‌ڕایه‌وه، هه‌ر به‌مهۆیه زۆربه‌ی
ماركسیسته‌كان خۆیان یه‌كێتی سۆڤیه‌تیان به
سۆسیالیست نه‌ده‌زانی، به‌ڵام ئه‌و باسه كرا كه له
كێشه‌ی نێوان ئه‌و دوو بلوكهدا سه‌رمایه‌داری
بردیه‌وه و سۆسیالیزم دۆڕاندی. گۆڕانێكی گرنگی
دیكه كه له10 تا 15 سالی رابردوودا روویدا، ئه‌وه
بوو كه تیۆری پۆست مۆدێرنیزم و پۆست ستراكتورالیزم
له دنیای ئاكادیمیك دا سه‌ریهه‌ڵدا و دواتر
په‌ره‌ی سه‌ند و ئه‌مانه‌ش دوباره هێرشیان
كرده‌سه‌ر ماركسیزم. ئه‌گه‌ر لیبراڵیزم به‌درێژایی
150 ساڵ خه‌بات له دژی ماركسیزم سه‌رنه‌كه‌وتبوو
و، ماركسیزم توانیبووی ره‌خنه‌ی زۆر جدی له
لیبراڵیزم بگریت، ئێستا پۆست مۆدێرنیزم به‌شێوه‌یه‌كی
ئالۆز هه‌ر ئه‌و كاره‌ی لیبراڵیزم دوپات ده‌كاته‌وه
و له‌گه‌ڵ ماركسیزم دژایه‌تی ده‌كات. ئێستا له
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ر وه‌ك وڵاتانی دیكه‌ی
دنیا زۆربه‌ی روناكبیران به‌ره‌و پۆست مۆدێرنیزم
چوون. به‌ڵام من كه به روانگه‌ی ماركسیستی چاوی
لێده‌كه‌م، پێموایه كه پۆست مۆدێرنیزم فۆرمێكی زۆر
ئاڵۆزی لیبراڵیزمه، زۆربه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی كه
لیبراڵیزم هێناویه‌ته ئاراوه، پۆست مۆدێرنیزم
به‌شێوه‌یه‌كی دیكه له‌دژی ماركسیزم
دهیهێنێتهگۆڕێ. كه‌وابوو ئێستا كێشه‌ی نێوان
ماركسیزم و ئایدیۆلۆژی دیكه زۆر كێشه‌یه‌كی
جدییه، به‌ڵام له جارانیش زۆر ئالۆزتر بووه.
خه‌باتی ئایدیۆلۆژیك ئێستا تایبه‌تمه‌ندی خۆی
هه‌یه، ئه‌وه كه ده‌ڵێن ماركسیزم ده‌وری داچووه،
من ده‌ڵێم ئه‌ی بۆچی لیبراڵیزم ده‌وری ماوه، بۆچی
هێشتا له دنیای سیاسه‌ت دا، له دنیای ئاكادمیك و
له هه‌موو شوێنێك لیبراڵیزم هه‌ر له جان لاك هه‌تا
مایكل ئیگناتیف - كه باسی كوردستانیشی كردووه-
ده‌وری هه‌یه، بۆچی لیبراڵیزم كه فه‌لسه‌فه‌یه‌كی
كۆنه و نزیكه‌ی 350 ساڵ مێژووی هه‌یه كون
نه‌بووه، به‌ڵام ماركسیزم كه له‌و نوێتره و 150
ساڵ میژووی هه‌یه، به كۆنه ده‌زانن. مه‌سه‌له‌ی
كۆنبوون و تازه‌بوون پێوه‌ندی به زمه‌نه‌وه نیه
و زیاتر مه‌سه‌له‌یه‌كی فكری و سیاسیه.
- مانویل كاستێڵز له كتێبی كۆمه‌ڵگه‌ی تۆڕی (The
network society)
دا ده‌ڵێ له سه‌رده‌می ئهنفۆرماسیون دا سه‌رمایه
له رێگه‌ی تۆڕه‌كانه‌وه رۆژ له دوای رۆژ خۆی
تۆكمه و یه‌كپارچه ده‌كا، به‌ڵام چینی كرێكار
به‌رده‌وام پرژوبڵاو ده‌بێ و ناسنامه‌ی كۆیی خۆی
ئه‌دۆڕێنێ، چونكه سه‌رمایه‌داری مۆدێرن پێویستی
به هێزی تاكی كرێكار هه‌یه، نه هێزی
كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و، به‌رێزتان ئه‌م بۆچونه‌ی
كاستێڵزتان پێ چۆنه؟
ــ من پێم وایه تكنۆلۆژی تازه‌ی پێوه‌ندییه‌كان و
ئهنفۆرماسیون له گۆڕینی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا
ده‌وری هه‌یه، یانی هه‌م له گۆڕینی چینی كرێكار
و هه‌م له گۆڕینی چینی بورژوادا ده‌ور ده‌بینێ،
به‌ڵام من پێم وانیه ئه‌م تكنۆلۆژییه توانیبێتی
پێوه‌ندی ده‌سه‌ڵات له نێوان چینه‌كاندا به
یه‌كجاری بگۆڕێ، له‌مه‌ڕ پێوه‌ندی نێوان ژن و
پیاویش، هه‌ندێ له فمێنیستهكان ده‌یانگوت تكنۆلۆژی
ئه‌نتێرنێت پێوه‌ندی نێوان دوو جنس ده‌گۆڕێ. له‌مه‌ڕ
چینی كرێكاریش ئه‌م باسه كراوه. من ئه‌م پرسیاره
دێنمه‌گۆڕێ، ئێستا كه چاو له دنیا ده‌كه‌ین، زۆڵم و
زۆر و چه‌وساندنه‌وه، وه‌حشیگه‌ری ده‌وڵه‌تان و
هێزه سیاسییه‌كان زیاتر له هه‌ر كاتێك
ده‌ركه‌وتووه، برسێتی له هه‌موو كات زیاتر بووه،
سه‌یری ئامار بكه‌ن: رۆژانه چه‌ند كه‌س له برسان
ده‌مرن، ساڵانی ده‌یه‌ی1960 ساڵانه 10 هه‌زار كه‌س
له دنیادا له برسان ده‌مردن، ئێستا رۆژانه زیاتر
له 20 هه‌زار كه‌س به‌تایبه‌ت مناڵان له‌به‌ر
برسیه‌تی و به‌دخۆراكی ده‌مرن. ساڵانه نزیكه‌ی 2
ملیون كچ له ته‌مه‌نی 10 تا 15 ساڵه ره‌وانه‌ی
بازاڕی له‌شفرۆشی ده‌كرێن. دزین و كوشتنی ژنان به
مه‌به‌ستی بازرگانی زۆر زیادی كردووه، كویلهداری
له برزیل، هندستان، هه‌روه‌ها له سودان و هه‌ندێ
وڵاتی ئه‌فریقایی دوباره سه‌ری هه‌ڵداوه. دنیا
قه‌ت به‌مجۆره زوڵم و زۆر و چه‌وسانه‌وه‌ی
به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه. ساڵانه له دنیادا نزیكه‌ی
هه‌زار ملیارد دۆلار خه‌رجی چه‌ك و چوڵ ده‌كرێ. من
ئه‌م پرسیاره دێنمه ئاراوه، له دنیایه‌كی ئاوادا
كه هێزی ده‌سه‌ڵاتداران، یانی ژماره‌یه‌كی كه‌م
له ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌وڵه‌ته‌كانیان زۆرینه‌ی
دنیای به‌فراوان ده‌چه‌وسێننه‌وه، پێوه‌ندی تازه‌ی
ئهنفۆرماسیۆن چۆن ده‌توانێ پێوه‌ندی نابه‌رابه‌ری
ده‌سه‌ڵات بگۆڕێ؟ من ده‌ڵێم پێوه‌ندی ئهنفۆرماسیۆن
نه هه‌ر ناتوانێ پێوه‌ندی نابه‌رابه‌ری ده‌سه‌ڵات
(پێوه‌ندی چینایه‌تی) بگۆڕێ، به‌ڵكوو وه‌ها
پێوه‌ندیه‌ك زیاتر به‌رهه‌م دێنێته‌وه و زیاتر دوپات
و توندوتیژی ده‌كاته‌وه. به‌ڵام ره‌نگه ئه‌م
پرسیاره بێته ئاراوه: ئێستا كه ئهنفۆرماسیۆن و
زانیاری زوره و ئه‌نتێرنێت جیاوازی نێوان زاڵم و
چه‌وساوه‌ی تێكداوه، چینی كرێكار چون ده‌توانێ بۆ
ئامانجی خۆی تێبكۆشی؟
ــ لێره‌دا مه‌به‌ستی كاستێڵز ئه‌وه‌یه كه له
رێگه تۆڕه ماڵیه‌كانی سه‌رمایه‌وه، سه‌رمایه رۆژ
له دوای رۆژ هێز و ده‌سه‌ڵاتی خۆی زیاتر و
تۆكمه‌تر ده‌كات، به‌ڵام چینی كرێكار پرژوبڵاو
ده‌بێت، چونكه ئه‌مڕۆ سه‌رمایه‌داری نیازی به
هێزی كۆیی كار نه‌ماوه، وه‌ك ده‌زانین له
سه‌رده‌می ماركس و ته‌نانه‌ت نیو سه‌ده پاش ئه‌ویش،
سه‌رمایه‌داری پێویستی به‌وه هه‌بوو كه كۆمه‌ڵێكی
به‌رین له كرێكاران كۆبكاته‌وه و له كارگه و
كارخانه‌كان كاریان پێبكات، به‌ڵام ئه‌مرۆ به‌هۆی
ئامێره‌كانی تكنۆلۆژی وه‌ها نیازێكی نه‌ماوه،
كه‌وابوو لێره‌دا ده‌بینین كه چینی كرێكار و هێزی
كۆیی ئه‌م چینه پێویستی خۆی ئهدۆرێنێ و له
درێژه‌ی وه‌ها ره‌وتێك دا هه‌م نیازه تاكیه‌كان و
هه‌م وزه و توانا تاكییه‌كان بره‌و په‌یدا ده‌كه‌ن.
دیاره من لێره‌دا نكۆڵی له وته‌كانی ئێوه ناكه‌م،
ئاكامه خراپ و نگهتیڤهكانی بورژوازی زۆر له
وه‌ش كه ئێوه باستان كرد، زیاتره. به‌ڵام ده‌مه‌وێ
وته‌یه‌كی ئاگنش هلێر شاگردی ج. لوكاچتان وه‌بیر
بێنمه‌وه، ئه‌و ده‌ڵێ به‌هۆی سته‌م و
چه‌وسانه‌وه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر، چینی كرێكار نیازه
ئینسانیه‌كان فه‌رامۆش ده‌كا و ته‌نیا له بیری
نیازه‌كانی مانه‌وه (نیاز بقا) دایه، یانی لێره‌دا
ده‌بێ له بواری ئپیستمۆلۆژیك چاوپۆشی بكه‌ین و
بچینه بواری ئهنتۆلۆژیكهوه، وه‌ك ده‌زانین
نیازه‌كانی به‌قا (خواردن، خواردنه‌وه، خه‌وتن،
سێكس) له ئاژه‌ل و مرۆڤ دا هاوبه‌شن، ده‌مه‌وێ
ئه‌وه بڵێم چینی كرێكار هێنده ده‌چه‌وسێته‌وه،
به‌تایبه‌ت له وڵاتانی خۆماندا كه ته‌نیا له‌بیری
مانه‌وه دایه، یانی ئه‌ندێشه و مه‌عریفه‌ی
نه‌ماوه و له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵان جیاوازی ئه‌وتۆی
نیه، هه‌ر چین یان گرووپێكیش كه خاوه‌ن ده‌رك و
وشیاری نه‌بێت ئیتر چۆن ده‌توانێ بڕیار بدا‌و
هه‌لومه‌رجێ خۆی بگۆڕێ. جگه له مانه‌ش لوكاچ
باسی پرسێكی تر ده‌كات، ئه‌و ده‌ڵێ له كۆمه‌ڵگه‌ی
بورژوازی 1920دا دیارده‌ی رفیكاسیۆن په‌ره‌ی
سه‌ندووه و هه‌موو كۆمه‌ڵی بورژوازی و ته‌نانه‌ت
چینی كرێكاریشی گرتۆته‌وه، یانی لوكاچ ده‌ڵێ
چینی كرێكار تووشی شتئاساییreification
/ هاتووه و خاوه‌ن ئه‌و وشیاریه نیه كه بتوانێ
چینی خۆی رێك بخات و كۆمه‌ڵگه‌ی بورژوازی
بروخێنێت. ئێوه ئه‌م دیاردانه چۆن راڤه ده‌كه‌ن؟
ــ له‌مه‌ڕ به‌شی یه‌كه‌می باسه‌كانت كه وتت
سه‌رمایه‌داری خۆی تۆكمه و یه‌كپارچه ده‌كات،
ده‌بێ بڵێم له نیوه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م
دا سه‌رمایه‌ی جۆراوجۆری نه‌ته‌وه‌یی تێكه‌ڵاو
بوون، وه‌ك ژاپۆن و ئه‌مریكا، یان چین و ئه‌مریكا،
به‌ڵام من پێم وایه پرۆسه‌یه‌ك هه‌یه له دنیای
سه‌رمایه‌داری دا ئه‌ویش ناكۆكی نێوان
سه‌رمایه‌دارانه، من پێم وایه ئه‌و ناكۆكیه ته‌واو
نه‌بووه، دوو شه‌ڕی گه‌وره‌ی جیهانی هه‌ر دوویان
به‌رهه‌می ناكۆكی وڵاتانی سه‌رمایه‌داری بوون. من
پێم وایه ئێستاش ئه‌و ناكۆكیه هه‌یه، زۆر هه‌وڵ
ده‌ده‌ن كه به‌شێوه‌یه‌كی هێمنانه ناكۆكیه‌كان
چاره‌سه‌ر بكه‌ن. بۆ نموونه ناكۆكی نێوان روسیا و
ئه‌مریكا، ئه‌مریكا و چین، ژاپۆن و ئه‌مریكا،
به‌بره‌كانی ئاسیا، ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا،
ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌مریكای لاتین، من پێم وایه
ئه‌م ره‌وتی ناكۆكیه له دنیای سه‌رمایه‌داریدا
كۆتایی نه‌هاتووه و ئه‌گه‌ری شه‌ڕ و ناكۆكی
له‌ئارادایه.
له‌مه‌ڕ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانتان سه‌باره‌ت به
چینی كرێكار، پێویست ناكا هه‌موو كرێكاران له
كارخانه‌دا بن. هه‌ر ئه‌و سیستمه پێوه‌ندییه كه
پێكهاتووه ده‌توانێ كرێكارانی پرژوبڵاو یه‌ك بخات
و خه‌باته‌كه‌ی جیهانی بكاته‌وه. ده‌بێ ئاماژه
به‌وه‌ش بكه‌ین كه دنیا ده‌گۆڕدرێ، پێوه‌ندی نێوان
چینه‌كان ده‌گۆڕدرێ و ته‌نانه‌ت خودی چینه‌كانیش
ده‌گۆڕدرێن، به‌ڵام من به‌و ئاكامه نه‌گه‌یشتووم كه
به‌هۆی ئه‌و ئاڵوگۆڕانه پرسی خه‌باتی چینایه‌تی
نێوان كرێكار و سه‌رمایه‌دار ته‌واو بووه. من ده‌ڵێم
ئه‌م خه‌باته تووشی گۆڕان هاتووه، به‌ڵام هێشتا
له‌نێوان دوو سیستم دا ناكۆكی قووڵ له‌ئارا دایه.
له‌مه‌ڕ باسه‌كه‌ی ترت. ئه‌و باسه ئێجگار گرنگه.
به‌رای منیش له روانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی
ماركسیستیه‌وه گه‌وره‌ترین پرس پێوه‌ندی نێوان ماده
و وشیارییه، وشیاری یانی ئه‌وه كه من خاوه‌ن
وشیاریم، تۆ خاوه‌ن وشیاریت، هه‌موو مرۆڤه‌كان
وشیاریان هه‌یه. وشیاری خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی مرۆڤه
و زینده‌وه‌رانی
دیكه خاوه‌ن وشیاری نین، مرڤ بۆوه‌ی خاوه‌ن زمانه
و سروشت و ژینگه‌ی خۆی ده‌گۆڕێ و ئه‌و شتانه‌ی كه
سروشت نه‌یداوه‌تێ به‌رهه‌می دێنێ، ته‌نیا
بوونه‌وه‌رێكه كه ده‌توانێ رووكار تێپه‌رێنێ، له
نهێنیه‌كان تێ‌بگا و سه‌رخان و ژێرخان ببینێ، یانی
تێكڕای كۆمه‌ڵگه و پێوه‌ندییه‌كان ده‌رك و شرۆڤه
بكا‌و داهاتوویه‌ك بخولقێنێ، كه دۆخی ئێستا ئه‌و
ده‌رفه‌ته‌ی پێنادات. وشیاری به‌هۆی تیۆری،
فه‌لسه‌فه، چه‌مكه‌كان، مێژووناسی و زانستی دیكه
پێكدێ و وه‌كوو هه‌موو دیارده‌كان خه‌سڵه‌تی
چینایه‌تی هه‌یه. ماده، یانی دنیایه‌ك كه له
ده‌ره‌وه‌ی زه‌ینی من و تۆ دایه. بۆ وێنه ئه‌م
شوێنه كه ئێمه لێی دانیشتوین به‌شێك له ماده‌یه.
ده‌نگی موسیقایهك یان جریوه‌ی باڵنده‌یه‌ك،
ئه‌وانه‌ش به‌شێكن له ماده. ماده ته‌نیا شته ره‌ق
و به‌رهه‌سته‌كان نیه. پێوه‌ندی نێوان وشیاری و
ماده به‌مجۆره‌یه كه مرۆڤ به‌پێچه‌وانه‌ی
حهیواناتیتر دنیا به‌پێی پلان و به‌رنامه ده‌رك
ده‌كا و ده‌یگۆڕێ. بۆ وێنه ئه‌م ژووره ئێمه
تێیدان سروشت نه‌یخولقاندووه، به‌ڵكوو ئێمه به‌پێی
پلان و به‌رنامه دروستمان كردووه. مه‌به‌ستم
ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر وشیاری له ماده پێشكه‌وێ
یان به باشی ده‌ركی بكات، ده‌توانێ به‌پێی ئه‌و
ده‌رك و مه‌عریفه دنیا و دۆخی خۆی بگۆڕێ، یانی
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه چینی كرێكار ئایدیۆلۆژی
خۆی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نیه كه
هه‌ر كه‌س بوو به كرێكار ئیتر وشیاری سۆسیالیستی
هه‌یه. ده‌كرێ بڵێین زۆربه‌ی كرێكارانی دنیا
خاوه‌ن وشیاری چینایه‌تی نین. جا له‌مه‌ڕ وته‌كه‌ی
لوكاچ من ئاوای ده‌بینم كه چینی كرێكار له دنیادا
له چاو پێشوو زۆرتر بووه، زیاتریش ده‌چه‌وسێته‌وه،
به‌ڵام خاوه‌ن وشیاری و حیزبی خۆی نیه. سیستمی
سه‌رمایه‌داریش له نه‌بوونی ئه‌و وشیاری و
رێخراوهیهدا زیاتر له‌ت و كوتی ده‌كا و
ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌سه‌پێنێ. له‌ئه‌نجامدا
ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و شته‌ی كه وتت: پرسی
"وشیاری چینایه‌تی". تا كاتێ كه وشیاری
چینایه‌تی نه‌بێت خه‌باتی نێوان چینه‌كان به
قازانجی بورژوازی ته‌واو ده‌بێت.
ــ با چه‌مكێكی تری ج. لوكاچ باس بكه‌ین، له وتاری
ماركسیزمی ئۆرتۆدوكس دا ده‌نووسێ: "ئه‌گه‌ر
وایدابنێین كه توێژینه‌وه‌كانی هاوچه‌رخ به‌كرده‌وه
نادروستی هه‌موو تێزه‌كانی ماركسیان سه‌لماندوه،
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش هه‌ر ماركسیستێكی "ئۆرتۆدۆكس"ی جدی
ده‌توانێ هه‌موو ئه‌نجامه‌كان به بێمه‌رج قه‌بووڵ
بكات و هه‌موو تێزه تایبه‌ته‌كانی ماركس ره‌ت
بكاته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت بۆ ساتێكیش له
ئۆرتۆدۆكس بوونی خۆی پاشگه‌زبێته‌وه. كه‌وابوو،
ئۆرتۆدۆكس بوون به مانای وه‌رگرتنی ساویلكانه‌ی
ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كانی ماركس نیه، یان به مانای
"بڕوا" به چه‌ند تێزێك، یان شرۆڤه‌ی كتێبێكی "پیرۆز"
نیه. ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌یه، ئۆرتۆدۆكس بوون له
ماركسیزم‌دا ته‌نیا به مێتۆده‌وه به‌ستراوه..."،
به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م خاڵه هه‌ره گرنگه،
ماركسیسته‌كانی وڵاتی ئێمه ئه‌وه ساڵگارێكه له
قاڵبی هه‌ندێ چه‌مكی قه‌تیسدا خۆیان یه‌خسیر
كردووه، به‌ڕێزتان ئه‌م دیارده‌یه چۆن راڤه‌ده‌كه‌ن؟
ــ راسته، من پێم وایه به‌كارهێنانی ماركسیزم
كارێكی ئێجگار سه‌خت و ئاڵۆزه، به‌پێچه‌وانه‌وه
فێربوونی لیبراڵیزم بۆ كه‌سێك كه لیبراڵ نه‌بێت،
كارێكی زه‌حمه‌ت نیه، به‌ڵام فێربوونی و
به‌كارهێنانی ماركسیزم هه‌ر دووی زه‌حمه‌ته، بۆچی؟
چونكه ماركسیزم هه‌ر وه‌ك له‌مه‌ڕ مێتۆد باست كرد،
به‌پێی مێتۆدی دیالكتیك پێكهاتووه، ئێمه له
ژیانی عاده‌تی خۆماندا ناتوانین دیالێكتیكی
بیربكه‌ینه‌وه، به‌شێك له دیالێكتیك
ئه‌وه‌یه كه ئێمه گۆڕان وه‌ك به‌رهه‌می ناكۆكی
ببینین، یانی له هه‌ر شتێك‌دا ناكۆكی هه‌یه، بۆ
وێنه من ده‌بێ له ژیانی خۆمدا ناكۆكی ببینم،
ناكۆكی نێوان من و هه‌موو شتێك، ناكۆكی فكری من
له قوناغه‌كانی ژیانمدا، كه‌وابوو له هه‌موو
دیارده‌كانی دنیادا ناكۆكی ده‌بینرێ. ئێمه ده‌بێ
یه‌كێتی و ناكۆكی نێوان دیارده‌كانی ژیان ببینین،
ئه‌وه‌ش هه‌ر ئه‌و شته‌یه كه پێی ده‌ڵێن "یه‌كێتی
دژه‌كان/ وحدت اچداد". یانی ئه‌وه كه دیارده‌كان
پێكه‌وه ده‌ژین، له كاتێكا كه دژی یه‌كترن، دنیا
به‌مجۆره دیتن كارێكی ئێجگار سه‌خته. كه‌وابوو
ئه‌وه‌ی لوكاچ باسی ده‌كات، راسته. ئێمه ده‌بێ
گرنگی به مێتۆدی دیالێکتیکی بده‌ین.
بۆ وێنه دوو چینی كرێكار و بورژوا پێكه‌وه په‌یدا
بوون، پێكه‌وه ده‌ژین و، له هه‌مان كاتدا دژی
یه‌كترن. له روانگه‌ی دیالێکتیکیه‌وه چینی كرێكار
ده‌توانێ بورژوازی بسڕێته‌وه و سیستمی خۆی
بخولقێنێ. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ش ئاسان نیه و پێویستی
به كار و خه‌باتێكی ئێجگار ئاڵۆز هه‌یه. كه‌وابوو
كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی ئێمه له رۆژهه‌ڵاتی
ناوه‌ڕاست ئه‌وه بووه كه حیزبه ماركسیسته‌كانی
ئێمه نه‌یانتوانیوه به‌شێوه‌ی دیالێکتیکی
بیربكه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ش هه‌ر تایبه‌ت به وڵاتانی
ئێمه نه‌بووه، زۆرێك له ماركسیسته‌كانیش تووشی
ئه‌و كێشه‌یه هاتوون، ته‌نانه‌ت ستالینیش تووشی
هه‌ڵه‌ی گه‌وره هاتووه. بۆ وێنه ستالین نوسراوه‌ی
ماتریالیزمی مێژوویی و ماتریالیزمی دیالێکتیکی
نووسیوه، كه سه‌رده‌مێك زۆر بره‌وی هه‌بوو، به‌ڵام
هه‌ر ئه‌م به‌رهه‌مه له لایه‌ن ماركسیسته‌كانه‌وه
زۆر ره‌خنه‌ی لێگیراوه و به‌تایبه‌ت مائۆ ره‌خنه‌ی
جدی لێگرتووه و گوتویه: ستالین نه‌یتوانیوه
ماركسیستی بیربكاته‌وه. ئه‌وه‌ش بڵێم له‌نێو خودی
ماركسیستهكانیشدا له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ی كه پێوه‌ندی
مێتۆد له‌گه‌ڵ تیۆری چۆن بێت، خه‌باتی جدی له‌ئارا
دایه. هیوادارم توانیبێتم وڵامی پرسیاره‌كه
بده‌مه‌وه، یان ئه‌گه‌ر به‌لارێدا چووم ساغم
بكه‌نه‌وه.
ــ سۆپاستان ده‌كه‌م، زۆر باش بوو...، پرسێكیتر: ماركس
له بابه‌تێكدا له‌مه‌ڕ كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی پۆڵۆنی
و ئیرله‌ند ده‌ڵێ: "هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك
نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر بچه‌وسێنێته‌وه زنجیره‌كانی
كۆیله‌تی خۆی پته‌و ده‌كا و ناحه‌سێته‌وه"، به‌ڵام
له كوردستانی خۆمان زۆرێك له چه‌په‌كان ئه‌م
وتهیانه فه‌رامۆش كردووه و به‌كرده‌وه چوونه‌ته
خزمه‌ت سیاسه‌ته‌كانی میله‌تی باڵاده‌ست و میله‌تی
بنده‌ستی خۆیان له‌بیر كردووه، یان ته‌نانه‌ت
دژایه‌تی بزاڤی رزگاری نه‌ته‌وه‌ییش ده‌كه‌ن، ئێوه
ئه‌م دیارده‌یه چۆن ده‌بینن؟
ــ من ئه‌م دیارده‌یه ئاوا ده‌بینم، ئه‌وانه‌ی كه
ماركسیزم فێرده‌بن و خۆیان به چه‌پ و سۆسیالیست
ده‌زانن به ئاسانی ناتوانن خۆیان له زه‌ختی بیری
كۆنی لیبراڵی یان فیۆداڵی رزگار بكه‌ن. بۆ وێنه
زۆرێك له پارته كۆمۆنیسته‌كانی وڵاتی ئێمه و
وڵاتانی‌تر سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به تیۆری دژی
سیستمی پاتریاركین، به‌ڵام له كرده‌وه و
لێكدانه‌وه‌دا پیاوسالارانه ده‌جووڵێنه‌وه. كه
دێته سه‌ر پرسی ماركسیستی و سته‌می
نه‌ته‌وایه‌تیش هه‌ر وان. بۆ وێنه ماركسیستێكی فارس،
یان تورك، یان عه‌ره‌ب، به قسه داكۆكی له رزگاری
نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه پرسی پراتیك
دێته‌ئاراوه، تێیدا ده‌مێنیته‌وه. یان زۆرێك له
كوردانی ماركسیست ناتوانن پێوه‌ندی نێوان پرسی
نه‌ته‌وه‌یی و پرسی چینایه‌تی لێكبده‌نه‌وه و
له‌پڕ ده‌بن به ناسیۆناڵیست، یانی زۆر كه‌س ناتوانن
له چینی خۆیان، له نه‌ته‌وه‌ی خۆیان، یان له
ره‌گه‌زی خۆیان جیاببنه‌وه و روانگه و
به‌رژه‌وه‌ندی چینی چه‌وساوه ره‌چاو بكه‌ن.
لێره‌وه من پێم وایه ئه‌گه‌ر ماركسیسته‌كان له‌گه‌ڵ
فمێنیستهكان به‌راورد بكه‌ین، پرسه‌كه زیاتر روون
ده‌بێته‌وه. زۆربه‌ی ژنانی دنیا وشیاری
فمێنیستییان نیه. ده‌بێ فێر ببن. ماركسیسته‌كانیش
هه‌ر وان، له پێشدا ده‌بێ تیۆری فێربن، خۆ كه‌س به
ماركسیستی له‌دایك نابێت. ده‌بێ تیۆری و
فه‌لسه‌فه فێر بێت. به‌ڵام له پرۆسه‌ی فێربووندا و
له پرۆسه‌ی خه‌باتدا ده‌بێ له چینی كۆمه‌ڵایه‌تی
خۆیان جیاببنه‌وه، من ئه‌م پرسه ئاوا ده‌بینم.
ــ ده‌وڵه‌تی مۆدێرن فۆرماسیۆنێكی تازه‌یه كه
له‌سه‌ر بناغه‌ی سێ فاكته‌ری تكنۆلۆژی، دیمۆكراسی
و ناسیۆناڵیزم پێكدێ، ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌م بۆچوونه
سه‌یری وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه‌ین،
ده‌بینین له هیچ وڵاتێكدا ده‌وڵه‌تی مۆدێرن
پێكنه‌هاتووه، چونكه هیچ ده‌وڵه‌تێكی ئه‌م
ده‌ڤه‌ره هاوكات خاوه‌ن ئه‌و 3 فاكته نین،
به‌تایبه‌ت له كوردستان دۆخه‌كه ناله‌بارتره و
گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگه له هه‌ر سێ بواره‌كه‌دا،
لاوازتره. به‌ڕای ئێوه گه‌شه‌ی ئابووری و
گه‌شه‌ی چینی ناوه‌ڕاستی كۆمه‌ڵگه چ
پێوه‌ندییه‌كیان له‌گه‌ڵ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی
نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه؟
ــ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كه‌م جار له بریتانیا
په‌یدا بوو، دواتر له فه‌رانسا، له ئه‌مریكا، له
كانادا و هه‌ندێ وڵاتی دیكه‌ی ئه‌وروپادا.
ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی به‌رهه‌می خه‌باتی چینی
بورژوایه، فۆرمی ده‌وڵه‌تی چینی بورژوایه كه
ماركسیسته‌كان پێی ده‌ڵێن دیموكراسی بورژوایی.
به‌ڵام ناوی دیكه‌شی هه‌یه، پێی ده‌ڵێن
Popular democracy""،
یانی دیموكراسی گه‌لی، یان دیموكراسی لیبراڵی.
دیاره پرۆسه‌ی په‌یدابوونی چینی بورژوازی و
خه‌باتی سیاسی و ئایدیولۆژیك له وڵاتانی وه‌ك
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆر دواكه‌وتووه. له‌م
ناوچه‌یه خه‌باتی سیاسی بۆ دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی
مۆدێرن هه‌م ده‌سكه‌وتی هه‌بووه هه‌م نه‌یبووه. بۆ
وێنه له ئێران شوڕشی مه‌شروته بزاڤێكی زۆر گرنگ
بوو، چونكه ده‌یویست ده‌وڵه‌تێكی مۆدێرن له چه‌شنی
بریتانیا، یان فه‌رانسا، دامه‌زرێنێ. من پێم وایه
كاتێ باسی چینی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ین تا
راده‌یه‌ك دێته‌وه سه‌ر تكنۆلوژی. تكنۆلۆژی له
ئه‌وروپا ده‌وری گرنگی گێڕا، به‌ڵام له رۆژهه‌ڵاتی
ناڤین تكنۆلۆژی نه‌بووه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بینه‌وه
سه‌ر چینی بورژوازی ئه‌و وڵاتانه و بزانین بۆچی
نه‌یانتوانی وه‌ك بورژوازی ئه‌وروپا پرۆسه‌كه
سه‌ربخه‌ن، ده‌بینین زۆر لایه‌نی هه‌یه: یه‌كه‌م
ئه‌وه كه چینی بورژوازی له‌م وڵاتانه كاتێ
په‌یدا بوو كه بورژوازی رۆژاوا ده‌سه‌ڵاتی
كولونیالی به‌سه‌ریاندا هه‌بوو. كه‌وابوو ئه‌م چینه
نه‌یتوانی وه‌ك بورژوازی ئه‌وروپایی بێته
مه‌یدانی مێژوو و ئه‌و خه‌باته فكرییه به‌رێوه
ببات كه بورژوازی ئه‌وروپا ئه‌نجامی دا. بورژوازی
رۆژهه‌ڵاتی ناڤین له‌ڕووی كولتوریشهوه نه‌یتوانی
خه‌باتی خۆی سه‌ربخات. چینی بورژوازی ئه‌وروپا
چه‌كی رۆژنامه و چاپه‌مه‌نی به‌ده‌سته‌وه گرت،
له ئه‌وروپا سنوری نێوان دین و ده‌وڵه‌تیان لێك
جیاكرده‌وه. له وڵاتی ئێمه تا راده‌یه‌ك هه‌وڵ بۆ
ئه‌م پرسه درا، به‌ڵام سه‌رنه‌كه‌وت. وڵاتانی
رۆژاوایی له خه‌باتی خۆیاندا له دژی كۆمۆنیزم له
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دینیان به‌كارهێنا. نه‌یانهێشت
له وڵاتانی ئێمه پرۆسه‌ی جیایی دین له ده‌وڵه‌ت
به ئه‌نجام بگات. ئه‌مریكا له ئێران بۆ دژایه‌تی
كۆمۆنیزم و جبهه‌ی ملی داكۆكی له هێزه دینیه‌كان
كرد. هه‌ندێ جار له توركیا و ئه‌فغانستانیش هه‌ر
وایان كرد. ئه‌وه بوو كه به هۆی ده‌ستێوه‌ردانی
زلهێزه‌كان پرۆسه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی
بورژوایی له وڵاتانی ئێمه به نێوه‌چڵ مایه‌وه
و سه‌رنه‌كه‌وت. نامه‌وێ هه‌موو كێشه‌كان بخه‌مه
ئه‌ستۆی سه‌رمایه‌داری جیهانی، به‌ڵام ده‌مه‌وێ
ئه‌وه بڵێم كاتێ رۆژاوا له سه‌ده‌ی 17و 18دا
ویستی دنیای مۆدێرنی خۆی بخولقێنێ، نه ئاسیا و
نه ئه‌فریقا ده‌ستیان تێوهرنهدا. به‌ڵام له
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وڵاتانی زلهێزی رۆژاوایی
هه‌موو بزاڤێكی ئازادیخواز و لایه‌نگری دیمۆكراسیان
تێك‌شكاند.
ــ وه‌ك ده‌زانین جیهانیبوون دیارده‌یه‌كی ئاڵۆز و
پارادوكسیكاڵه، له‌لایه‌كه‌وه هێز و هه‌ژموونی
ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی كزدهكا و له‌لایه‌كی
تره‌وه، گوڕ و تینێكی تازه به هێز و بزاڤی
فه‌رهه‌نگی و نه‌ته‌وه‌یی بنده‌ست و ناسنامه‌خواز
ده‌به‌خشێ، ئێوه ئه‌م دیارده‌یه چۆن پێناسه
ده‌كه‌ن؟ ئایا ده‌كرێ نه‌ته‌وه‌ی كورد وه‌ها
ده‌رفه‌تێك بقۆزێته‌وه و ناسنامه‌ی سیاسی ــ
كولتوری خۆی بچه‌سپێنێ؟
ــ من پێم وایه ئاڵۆگۆڕی 10 تا 15 ساڵی رابردوو
پێوه‌ندی نێوان گه‌لی كورد و وڵاتانی ده‌وروبه‌ری
گۆڕیوه، به‌ڵام له دنیای ئاكادمیكدا باسێك ده‌كه‌ن
كه گویا سنوره‌كانی ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه تا
ڕاده‌یه‌ك لاواز بووه و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ كه‌س
ده‌ڵێن له‌ناوچووه. دیاره له یه‌كێتی ئه‌وروپادا
له‌نێو خۆیاندا سنوره‌كانیان لابردووه. ئه‌گه‌رچی
هێشتا زۆر سنوریتر ماون، به‌ڵام سنوری ره‌سمی نێوان
وڵاتانیان لابردووه. به‌ڵام سنورێكی گه‌وره‌تریان
دروست كردووه. یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆته ده‌وڵه‌تێك
كه ئێستا خه‌ریكن هه‌موو یاساكانی وه‌رگرتنی
په‌نابه‌ر هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه و مافه‌كانی
په‌نابه‌ران پێشێل ده‌كه‌ن. خه‌ریكن سنوری یه‌كێتی
ئه‌وروپا پته‌وتر ده‌كه‌ن. ئه‌مریكاش سنوره‌كانی خۆی
به‌ته‌واوی داخستووه، ته‌نانه‌ت سنوری هاوبه‌ش
له‌گه‌ڵ كانادا كه پێشتر زۆر كه‌مڕه‌نگ بوو، ئێستا
به وریایی پارێزگاری لێده‌كرێ، به‌جۆرێك كه
له‌نێوان ئه‌مریكا و كانادا له‌سه‌ر پرسی سنوره‌كان
كێشه دروست بووه. به‌ڵام له ناوچه‌ی خۆمان
هاتوچۆی سنوره‌كان ئاسانتر بووه، كورده‌كانی ئێران
و ئێراق به‌ئاسانی هاتوچۆی یه‌كتر ده‌كه‌ن، دۆخی
سنوره‌كان تا راده‌یه‌ك گۆڕاوه. به‌ڵام من پێم وایه
هێشتا ده‌وڵه‌ت ده‌سه‌ڵاتی خۆی راگرتووه. پێوه‌ندی
ده‌سه‌ڵات له‌نێوان كورد و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا هێشتا
نه‌گۆڕاوه و ئالوگۆڕ له‌م بواره‌دا پێوه‌ندی
به‌وه‌وه هه‌یه كه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه دیموكراتیزه
بكرێن. هه‌ر به‌وجۆره‌ی كه له ئه‌وروپا دیموكراسی
بورژوایی توانی سنوره‌كانی خۆی لاببات، ئه‌گه‌ر
له ناوچه‌ی ئێمه‌ش و له‌و وڵاتانه كه كوردی تێدا
ده‌ژی دیموكراسی پێڕه‌و بكرێت، سنوره‌كان
كه‌مڕه‌نگتر ده‌بن. ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی دیالێکتیکی
چاوی لێبكه‌ین ده‌بینین كه یه‌كێتی ئه‌وروپا سنوره
ناوخۆییه‌كانی لابردووه، به‌ڵام بۆ خۆی سنورێكی
گه‌وره‌تر و به‌رفراوانتری دروست كردووه. ئه‌وه‌یه
پێوه‌ندی دیالێکتیکی نێوان سڕینه‌وه‌ی سنوری كۆن
و دروست كردنی سنوری نوێ. ئه‌وه‌ش دیارده‌یه‌كی
تازه نیه، لێنین ساڵی 1914 باسی ئه‌وه‌ی كرد كه
سه‌رمایه‌داری هه‌م سنووری نه‌ته‌وه‌یی پێكدێنێ و
هه‌م ئه‌م جۆره سنورانه تێكده‌شكێنێ.
ــ وه‌ك ده‌زانین زۆربه‌ی حیزبه كوردیه‌كان
به‌رنامه‌ی پێشووی خۆیان كه زیاتر خودموختاری بوو
گۆڕیوه و فیدراڵیزمیان هه‌ڵبژاردووه، به‌رێزتان
به‌له‌به‌ر چاوگرتنی هه‌لومه‌رجی ناوچه‌كه سیستمی
فیدراڵی چون لێكده‌ده‌نه‌وه؟
ــ وه‌ك ده‌زانین فیدراڵیزم پێشینه‌یه‌كی دێرینی
هه‌یه، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی (nation
state)
یان دیموكراسی بورژوایی، یان دیموكراسی
لیبراڵی، ئه‌م ده‌وڵه‌تانه به چه‌ندین شكڵ دروست
كراون، یه‌كیان شێوه‌ی فیدراڵی له چه‌شنی
حكومه‌تی ئه‌مریكایه، یه‌كیان ده‌وڵه‌تی یه‌كگرتوو
له چه‌شنی وڵاتی فه‌رانسایه. ئه‌م دوانه هه‌ر
دوویان فۆرمی به‌رێوه‌بردنی نه‌ته‌وه‌یه. هه‌ر
دوویان فۆرمی ده‌وڵه‌تی دیموكراسی بورژواین، له
كوردستان و له عێراقیش هه‌م ده‌كرێ به‌شێوه‌ی
ئه‌مریكا بێت، هه‌م به‌شێوه‌ی فه‌رانسا. من پێموایه
فۆرمه‌كه له‌خۆیدا ئه‌وه‌نده گرنگ نیه، به‌ڵكوو
ئه‌و دیموكراسیه كه ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌بات گرنگه،
جا هه‌م ده‌توانێ دیموكراسی بورژوایی بێت، هه‌م
ده‌توانێ دیموكراسی سۆسیالیستی بێت. چونكه یه‌كێتی
سۆڤیه‌تیش له كاتی خۆیدا به‌شێوه‌ی فیدراڵ
به‌رێوه‌ده‌برا. كه‌وابوو، من پێم وایه پرسی گرنگ
ئه‌وه‌یه كه كام چین ده‌وڵه‌ت پێكدێنێ و ده‌وڵه‌تی
پێكهاتوو گرنگی به به‌رژه‌وه‌ندی كام چین ده‌دات؟
من ئه‌م شتانه‌م بۆ گرنگه. به‌ڵام تا ئێستا له ئێران
و كوردستان زیاتر گرنگی به فۆرمی فیدراڵی
به‌ناوه‌رۆكی دیموكراسی بورژوایهوه دراوه و
ناوه‌رۆكی سۆسیالیستی مه‌به‌ست نه‌بووه. فیدراڵیزم
ره‌نگه بتوانێ هه‌ندێ ناكۆكی نێوان نه‌ته‌وه‌كان
چاره‌سه‌ر بكات، یان چاره‌سه‌ری نه‌كات، ئه‌مه به‌و
پرسه‌وه به‌ستراوه كه ده‌وڵه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار تا چ
راده‌یه‌ك چه‌پ و پێشكه‌وتنخواز بێت... بۆ وێنه له
كانادا ده‌وڵه‌تێكی بورژوا دیموكراتیك له‌سه‌ر كاره،
ئه‌وانیش كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه، پارێزگای
كۆبێك فه‌رانسی زمانن و ده‌یانه‌وێ له كانادا
جیاببنه‌وه، خهریكیشن جیاده‌بنه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌م
كاره بكه‌ن ده‌وڵه‌تی فێدراڵ به ئه‌رته‌ش و سوپا
و زه‌بر و زه‌نگ و‌ڵامیان ناداته‌وه، به‌ڵكوو
ناچاره له‌گه‌ڵیان دیالۆگ بكا‌و به ئاشتی
جیاببنه‌وه. یان له چێكسڵواكی دوو نه‌ته‌وه
هه‌بوون، زۆریش لێك نزیكبوون، ئه‌وه‌نده جیاوازییان
نه‌بوو، ویستیان جیاببنه‌وه، به‌شێوه‌ی هێمنانه و
بورژوا دیموكراتیك جیابوونه‌وه. به‌ڵام مودیلی
بورژوا دیموكراتیك شێوازی تریشی هه‌یه. ئه‌ویش
كوشتار و توندوتیژییه و ده‌توانێ به‌م شێوه‌یه
پێش به جیابوونه‌وه بگرێت. راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه
كه له وڵاتانی ئێمه‌شدا ئه‌گه‌ری هه‌ر دوو
شێوازه‌كه له‌ئارا دایه. بۆ وێنه من پێم وایه
باڵه‌كانی نێو حكومه‌تی عێراق، چ جه‌عفه‌ری، چ
چه‌له‌بی و چ عه‌لاوی هیچیان بورژوا دیموكراتیك نین
و ناتوانن دیموكراسی بورژوایی له شێوه‌ی كانادا
و فه‌رانسا به‌كاربێنن. من له‌ئاست سیاسه‌تی
ئه‌وانه زۆر ره‌شبینم. من پێم وایه ئه‌و
فیدراڵیزمه‌ی كه به‌و یاسا و ده‌ستوره‌وه له
عێراق دروست ده‌كرێ جۆری فیدراڵیزمی بورژوا
دیموكراتیك له چه‌شنی كانادا و فه‌رانسا نیه.
جۆرێكی تره، بهمبۆنهوهیه كه ده‌ڵێم خودی
فۆرمی فیدراڵی ئه‌وه‌نده گرنگ نیه. به‌ڵكوو
نێوه‌رۆكی دیموكراتیك كه ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه
ده‌گرێ گرنگتره.
ــ كه‌وابوو ئێوه پێتانوایه فۆرمی فیدراڵی
ده‌توانێ هه‌م ناوه‌رۆكی پێشكه‌وتنخوازانه‌ی هه‌بێ
و هه‌م ناوه‌رۆكی دواكه‌وتوانه؟
ــ به‌ڵێ.
ــ منیش پێم وایه كه فۆرمی فیدراڵی فۆرمێكی
پێشكه‌وتووه كه ته‌نیا له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆكی
پێشكه‌وتنخوازانه دێته‌وه، یانی ئه‌گه‌ر ناوه‌رۆك
دواكه‌وتوانه بێت فۆرمه‌كه‌ش داده‌ڕزێنێ و له‌ناوی
ده‌بات.
ــ من پێم وایه فیدراڵیزم له خۆیدا ناتوانێ
پێشكه‌وتنخوازانه بێت، به‌ڵكوو ده‌بێ ناوه‌رۆكێكی
دیموكراتیكی هه‌بێت.
ــ ئاسۆی ره‌وتی روداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
و پرۆژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره چۆن
ده‌بینن، به‌ڕای ئێوه ره‌وتی روداوه‌كان له‌م
ده‌ڤه‌ره چ شێواز و ئاراسته‌یه‌ك به‌خۆوه ده‌گرێت؟
ــ من پێم وایه پرۆژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناڤینی
حكومه‌تی بوش پرۆژیه‌كی ته‌واو كۆنه‌په‌رستانه و
دژی ئازادی و دیمۆكراسییه و ئامانجی ئه‌وه‌یه
كه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریكا به یه‌كجاری به‌سه‌ر
ناوچه‌كه و دنیادا بسه‌پێنێ. بۆوه‌ی ناكۆكی خۆی
له‌گه‌ڵ دژبه‌رانی وه‌ك روسیا، چین و ئه‌روپا
ده‌بینی و ده‌یه‌وێ ئه‌و ناكۆكیانه چاره‌سه‌ر
بكات. چونكه ئه‌و ناكۆكیانه گرنگن و تادێ
په‌ره‌ده‌ستێنن و گه‌لانی ناوچه‌ش له ئاخێز دان و
له دژی حكومه‌ته‌كان خه‌بات ده‌كه‌ن، بۆ دژایه‌تی
له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌باته و سه‌ركوتكردنی، پرۆژه‌ی
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان وه‌ڕێخستووه. به‌ڵام من پێم
وایه تا ئێستا سه‌رنه‌كه‌وتووه و سه‌رناكه‌وێ، له
زۆر شوێنی دنیا دژایه‌تی ده‌كرێ و سه‌رئه‌نجام
ناتوانێ سه‌ركه‌وێت.
ــ ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه بكه‌م كه له سه‌رده‌می
شه‌ڕی سارددا بلوكی رۆژاوا له جنوبی یه‌كێتی
سۆڤیه‌ت كه‌مه‌ربه‌ندی ئه‌منی دروست كرد، یانی بۆ
پێش‌گرتن له كۆمۆنیزم هه‌ر له توركیا تا ئێران و
ئه‌فغانستان داكۆكیان له ده‌وڵه‌تانی دیكتاتۆری و
توتالیتری ئیسلامی كرد. به‌ڵام ئێستا
ستراتژیستهكانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا به‌و ئاكامه
گه‌یشتوون كه تاقه دوژمنی دنیای تاكجه‌مسه‌ری
بورژوازی، ئیسلامی سیاسیه، چ له فۆرمی شیعه‌ی
كۆماری ئیسلامی‌دا و، چ له فۆرمی سونی تاڵیبان و
ئه‌لقاعیده‌دا، هه‌روه‌ها ئه‌وان ده‌ڵێن ویروسی تیرۆر
و رشهكوژی له زه‌لكاوی خه‌فه‌قان و دیكتاتۆری
حكومه‌ته ئیسلامیه‌كانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵی، یانی به‌و
ئاكامه گه‌یشتوون كه ده‌بێ رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست
دیموكراتیزه بكرێت، هه‌ر له‌م پێوه‌ندیه‌دا زۆرێك له
حیزب و لایه‌نه‌كانی ناوچه‌كه‌ش پێیانوایه كه
ده‌بێ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی بیانی و ره‌وتی
ئالۆگۆڕهكان خۆیان رێكبخه‌ن، نه به‌و مانایه كه
ببن به پاشكۆ و پێره‌وی زلهێزه‌كان، به‌ڵكوو به‌و
مانایه كه له یه‌ك خه‌تدا جۆرێك هاوئاهه‌نگی دروست
بكه‌ن و یه‌كتر ساغ بكه‌نه‌وه. ئێوه ئه‌م پرسه چۆن
ده‌بینن؟
ــ به‌ڵێ له قسه‌دا ده‌وڵه‌تانی بوش و بلێر باسی
ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئێستا كێشه‌ی گه‌وره تیرۆریزمی
ئیسلامی و فهندهمهنتاڵیزمی ئیسلامیه و
رێگه‌چاره‌ش ئه‌وه‌یه كه دیكتاتۆری له ناوچه‌كه‌دا
نه‌مێنێ. به‌ڵام به‌ڕای من ده‌یانه‌وێ ئه‌و
وڵاتانه‌ی تیرۆریزمی ئیسلامی تێدایه ئه‌هوه‌ن
بكه‌نه‌وه و ئه‌گه‌ر بكرێ رژیمی ئیسلامی لیبراڵ
بێننه سه‌ركار. به‌ڵام بۆیان گرنگ نیه رژیمی تازه
ئیسلامی بێت یان ئیسلامی نه‌بێت، ده‌وڵه‌تی بوش و
ده‌وڵه‌تانی پێشووی ئه‌مریكاش دۆستی حكومه‌تی
عه‌ره‌بستان بوون و قه‌ت بۆیان گرنگ نیه كه ژن له
عه‌ره‌بستان ئه‌وپه‌ڕی سته‌می لێده‌كرێ، بۆیان گرنگ
نیه كه دین له عه‌ره‌بستان وه‌ك دین له چاخی
نێوه‌ڕاست له ئه‌وروپادا كانگای به‌رفراوانی زۆڵم
و سته‌مه و دین و ده‌وڵه‌ت تێكه‌ڵاون. قه‌ت ئه‌م
شتانه‌یان بۆ گرنگ نه‌بووه و نیه. یان له وڵاتانی
تر، بۆ وێنه له میسر، دیكتاتۆریه‌كی سیكۆلار
له‌سه‌ر كاره، به‌ڵام ئه‌مریكا ساڵانه 3 میلیارد
دۆلار ده‌دات به میسر تا ئه‌م ده‌وڵه‌ته دیكتاتۆریه
درێژه به ده‌سه‌ڵاتی خۆی بدات. كه‌وابوو من پێم
وایه ئه‌وان هه‌ر به قسه ئه‌و شتانه ده‌ڵێن و
به‌رنامه‌ی راسته‌قینه‌یان بۆ دیموكراتیزه كردنی
ناوچه‌كه نیه. سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریكا
له‌سه‌ر ناوچه‌كه به بوونی ده‌وڵه‌تانی دیموكراتیك
له ناوچه‌كه‌دا ئیمكانی نیه. ئه‌گه‌ر له‌م وڵاتانه
ده‌وڵه‌تی دیموكرات هه‌بن له‌ئاست زوڵم و سته‌می
ئه‌مریكا دژایه‌تی ده‌كه‌ن. به‌ڕای من ئه‌م دوو شته
له‌گه‌ڵ یه‌ك ناكۆكن.
ــ له كۆتاییدا ده‌مه‌وێ باسی مه‌سه‌له‌یه‌ك بكه‌م
كه له‌نێوان جه‌نابت و مامۆستا مه‌سعود محه‌مه‌د
پێكهات. پێم وایه ساڵانێك لهمهوپێش له‌سه‌ر هه‌ندێ
پرسی فكری له نێوانتان ناكۆكی هاته ئاراوه،
ئه‌ڵبه‌ت من له چه‌م و خه‌می مه‌سه‌له‌كه ئاگادار
نیم، به‌ڵام له‌م بابه‌ته‌وه مامۆستا مه‌سعود
محه‌مه‌د كتێبێكی به‌م عنوانه نووسیوه: "بۆ ئه‌میر
حه‌سه‌نپور له هه‌ر كوێیه‌ك بێت"، پێمان خۆشه
به‌كورتی باسی ئه‌وه‌ش بكه‌ن؟
ــ من ساڵی 1976 له ده‌ره‌وه‌ی وڵات خه‌ریكی
نوسینی تێزه‌كه‌م بووم له‌مه‌ڕ زمانی كوردی
ستاندارد. ئه‌وكات نامه‌م بۆ كۆڕی زانیاری كورد
نووسی كه بڵاوكراوه‌كانیان بنێرن بۆم. مامۆستا
مه‌سعود محه‌مه‌د ئه‌وكات سه‌رۆكی كۆڕی زانیاری
كورد بوو، كۆمه‌ڵێك كتێب و گۆڤاری بۆ ناردم و له
نامه‌یه‌كدا پێی گوتم كه بیروڕای خۆم له‌مه‌ڕ
بڵاوكراوه‌كانی كۆڕ ده‌رببڕم. یه‌كێ له‌و
بڵاوكراوانه كتێبه‌كه‌ی خۆی بوو سه‌باره‌ت به
حاجی قادری كۆیی، من خوێندمه‌وه و نامه‌یه‌كم
بۆی نارد، له‌و نامه‌یه‌دا نوسیبووم كتێبه‌كه‌ت
كتێبێكی باش و به‌نرخه، به‌ڵام سه‌باره‌ت به
بۆچوونی تۆ له‌مه‌ڕ فیۆداڵیزم له كوردستان ره‌خنه‌م
هه‌یه، تۆ پێت وایه ده‌ره‌به‌گایه‌تی له كوردستان
نیه و من پێم وایه هه‌یه و له سیستمی فیۆداڵی
ئه‌وروپا و وڵاتانی‌تر ده‌چێ. مامۆستا ئه‌م شته‌ی
پێ باش نه‌بوو و له‌م قسه‌یه زۆر تووڕه بوو. دواتر
من گه‌ڕامه‌وه ئێران و ئیتر له ده‌ره‌وه‌ی وڵات
نه‌بووم. به‌ڵام ئه‌و نه‌یده‌زانی من له كوێم. بۆیه
كاتێ كتێبه‌كه‌ی ده‌رخست به‌و ناوه بڵاوی
كرده‌وه. هه‌رچه‌ند كتێبه‌كه‌ی وڵامی ره‌خنه‌كه‌ی
من ده‌داته‌وه و له زۆر شوێنی كتێبه‌كه باسی من
ده‌كات، به‌ڵام ته‌واوی كتێبه‌كه ره‌خنه‌یه‌كه له
دژی بیر و بۆچوونی چه‌پ له كوردستاندا. هه‌ربه‌م
هۆیه ئه‌و كتێبه‌ش هه‌ر به‌و مه‌به‌سته سودی لێ
بینراوه و چ له ئێران و چ له كوردستانی عێراق
چه‌ندین جار چاپكراوه و وه‌ك به‌رهه‌مێك له دژی
بیری چه‌پ به‌كارهێنراوه. به‌داخه‌وه من خۆم كاتم
نه‌بووه تا وڵامی ئه‌و كتێبه بده‌مه‌وه، جاروبار
به‌كورتی باسم كردووه، به‌ڵام پێم خۆشه ئه‌گه‌ر
ده‌رفه‌تم هه‌بێ به وردی وڵامی بده‌مه‌وه.
ــ له دوایی دا ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌كتان هه‌بێت؟
ــ زۆر خۆشحاڵم بۆ ئه‌و پرسیارانه‌ی هێناتهگۆڕێ. من
په‌یامێكی تایبه‌تم نیه، به‌ڵام پێموایه دنیا
به‌ره‌و ناخۆشی ده‌ڕوات، زوڵم و زۆر یه‌كجار زۆر
بووه. من ده‌ڵێم ده‌بێ ئه‌و هێزانه‌ی له به‌ره‌ی
ئازادی و یه‌كسانی خوازیدان یه‌كبگرن. دنیایه‌كی
زۆر ناخۆشمان له پێش دایه. من پێم وایه 10 تا 20
ساڵی داهاتوو زۆڵم و زۆر و چه‌وسانه‌وه له ئێستا
زۆر زیاتر ده‌بێت. ئێستا له ناوچه‌ی خۆماندا هێزی
ئێجگار وه‌حشی و دڕنده هاتوونه‌ته گۆڕه‌پانی
سیاسه‌ت. بڕوانن رۆژانه له عێراق چ رووده‌دات.
هه‌موو رۆژێك سه‌دان كه‌س ده‌كوژرێن و بریندار ده‌بن.
یان له ئه‌فغانستان وێڕای توندوتیژی و كوشتار چ
زۆڵمێك له ژنان ده‌كرێت. له هه‌لومه‌رجی ئاوادا
ده‌بێ هێزه پێشكه‌وتن خوازه‌كان له دژی
ئه‌مپریالیزم و له دژی كونهپهرستی یه‌كبگرن. من
ناڵێم جیاوازی سیاسی و ئایدیولۆژیك وه‌لانێن.
به‌ڵام ده‌ڵێم زه‌مانێكی سه‌خت و دژوارمان له پێش
دایه، ده‌بێ گه‌شه به هاوكاری و هاوپشتی هێزه
پێشكه‌وتن خوازه‌كان (چ لیبرال، چ نه‌ته‌وه‌گه‌را، چ
كۆمۆنیست و ئاناریشت) بده‌ین.
سلێمانی، پاڵاس، هاوینی 2005
|