له پێنجه‌مین
فیستیواڵی فیلمی 100، فیلمی کوردی (وێنه‌ی به‌کۆمه‌ڵ) له
ده‌رهێنانی هیوا ئه‌مین نژاد، توانی دوو خه‌ڵاتی سه‌ره‌کی له
به‌شی ته‌نزدا به‌ده‌ست بێنێت. ئه‌م فیستیواڵه که تایبه‌ته
به‌و کورته‌فیلمه مینیماڵانه‌ی که که‌متر له 100 چرکه‌ن هه‌موو
ساڵێک له ئێران به‌رێوه ده‌چێ. ئه‌مساڵ 1300 فیلم له‌لایه‌ن
فیلمسازه‌کانی ئێرانه‌وه بۆ فیستیواڵ ناردرابوون که لێژنه‌ی
هه‌ڵسه‌نگاندن 94 فیلمی بۆ به‌شی کێبڕکێ دیاری کرد. ئه‌م
فیلمانه له رۆژانی 1_2 ره‌شه‌مه له سینه‌ما "سپیده"ی تاران
نمایش کران و رۆژی 3ی ره‌شه‌مه له ئاهه‌نگی کۆتایی
فیستیواڵه‌که و له ته‌لاری "ئه‌ندیشه" به به‌شداری زۆربه‌ی
ده‌رهێنه‌ره‌کان، ئه کته‌ره‌کان و ره‌خنه‌گه‌رانی سینه‌مای
ئێران به‌رێوه چوو. باشترین فیلمه‌کان له‌لایه‌ن لێژنه‌ی
داوه‌ری (ره‌زا کیانیان، سروش سیحه‌ت، حوسێن له‌تیفی) خه‌ڵات
کران. دیپڵۆمای شانازی و ته‌ندیسی(په‌یکه‌ری) زێوین و خه‌ڵاتی
نه‌قدی وه‌ک باشترین فیلمی فیستیواڵ به‌خشرا به هیوا ئه‌مین
نژاد. هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن داوه‌رانی لاویشه‌وه نیشانی
تایبه‌تی فیستیواڵ به‌هۆی گۆشه‌نیگای ساده و سه‌میمی، پێشکه‌ش
به فیلمی (وێنه‌ی به‌کۆمه‌ڵ) کرا. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه سایتی
قه‌ڵه‌م دیمانه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و سینه‌ماکار هیوا
ئه‌مین نژاد ساز دا.
بۆ ئاشنا بوونی زیاتر به به‌رهه‌مه سینه‌ماییه‌کانی
هیوا ئه‌مین نژاد سه‌ردانی ماڵپه‌ره‌که‌ی بکه به‌م ئادره‌سی
ئینته‌رنێتییه: http://www.yazda11.com/hiwa
قه‌ڵه‌م:
هیوا ئه‌مین نژاد، وه‌ک سینه‌ماکار و خاوه‌ن به‌رهه‌م له
چه‌ندین به‌رهه‌می جۆراوجۆر له بواری ده‌رهێنانی فیلم‌دا
ئه‌مجاره به فیلمێک که ماوه‌که‌ی له 40 چرکه‌دا بوو له
فیستیواڵی فیلمی 100 چرکه‌ییدا به‌شداریت کرد و خه‌ڵاته‌کانی
تایبه‌ت به‌م بواره‌ت وه‌رگرت. پرسیاری سایتی قه‌ڵه‌م له‌م
زۆنگه‌یه‌وه ئه‌مه‌یه که بۆچێ فیلمێکی 40 چرکه‌یی؟
هیوا:
له راستیدا پاش ئاشنا
بوون
و ناسینی مینیماڵیزم و نووسینی چه‌ند کورته چیرۆک، هه‌میشه
حه‌زم ئه‌کرد فیلمێک ساز بکه‌م که که‌متر له یه‌ک خووله‌ک
بێت. که ئه‌م حه‌زه‌م به بیرکردنه‌وه له بیرۆکه‌ی کورته
فیلمی(وێنه ی به‌کۆمه‌ل)و دارشتنی هاته دی. من باوه‌رم وایه
که مه‌وزوع فۆرم دیاری ئه‌کا. مه‌به‌ستم له‌وه‌یه که هه‌وڵم
نه‌داوه حه‌تمه‌ن فیلمێکی 40 چرکه‌یی ساز بکه‌م.
قه‌ڵه‌م:
فیلمی منیماڵ له
ژێر کارتێکه‌ری چاخی پۆست مۆدێرنیزم‌دا و چاخی کۆمه‌ڵگای
زانیاری که په‌یڕه‌وی ده‌کات له دیارده‌یه‌کی مۆدێڕن وه‌ک
"خێرایی"، پێت وایه چۆن ده‌توانێ خۆی پێناسه بکاته‌وه؟
هیوا:
ئه‌م پرسیاره ئه‌مخاته بیری وته‌یه‌کی لۆکاچ. به بروای ئه‌و،
گشت ژانێره هونه‌ری و ئه‌ده‌بیه‌کانی هه‌ر ده‌وره‌یه‌کی
مێژوویی له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و شێوه‌ی
ژیانی ئه‌و سه‌رده‌مه سازگاره. هه‌رچه‌ند ته‌مه‌نی
مینیماڵیسم به‌تایبه‌ت له بواری شێعر و چیرۆک ده‌گه‌رێته‌وه
بۆ مێژوویه‌کی زۆر کۆن تر وه‌ک هایکۆی ژاپۆنی، هێندی و
نووسراوه‌ی سه‌رده‌می کلاسیک. به‌ڵام ئه‌مه شتێکی روونه که
مینیماڵیسم په‌یڕه‌وی دیارده‌کانی سه‌رده‌می مۆدێڕنه و شێوه‌ی
حه‌زی ده‌ربڕینیشه له چاخی پۆستمۆدێڕندا. به‌تایبه‌ت له
بواری موسیقا و نه‌قاشییدا پۆستمۆدێڕنه‌کان مینیماڵیستیانه
به‌رخورد ئه‌که‌ن.
قه‌ڵه‌م:
پێت وایه هونه‌ری مینی‌ماڵ چ کاریگه‌رییه‌کی ده‌بێت له‌سه‌ر
ره‌وتی فیلمسازی و سینه‌مادا؟
هیوا:
من پێموایه مینیماڵیسم ژانێری سه‌ره‌کی هاوچه‌رخه. وه‌ک چۆن
خێرایی ژیان وایکرد که چیرۆکی مینی‌ماڵ زیاتر له رۆمانه چه‌ند
جڵدییه‌کان سه‌رنجی خوێنه‌ران رابکێشێ. پێشکه‌وتوویی
ته‌کنۆلۆژیا به‌تایبه‌ت له بواری ئامێره وێنه‌ییه‌کان
(موبایل، نێتبووک، ئینته‌رنێت، سه‌ته‌لایت، کامێراکان و....)
کارێکی کردوه که فیلمی مینی‌ماڵ زیاتر له جاران به‌های پێبدرێ.
بوونی چه‌ندین فیستیواڵی به‌ناوبانگ له ئاستی جیهانی و نمایشی
پرۆفێشێناڵی ئه‌م فیلمانه له سینه‌ماکان نیشانه‌ی ئه‌م
راستیه‌ن. بۆیه نیگای شاعیرانه "کۆتایی بزوێنه‌ر و
سه‌رسامگه‌ر"به‌هادان به سه‌بژه له‌به‌رامبه‌ر
ئه‌بژه" دا هه‌روه‌ها پێکهاته‌ی گێڕانه‌وه وه‌ک
بنه‌مای سیناریۆ "ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی فیلمی مینیماڵه که
زۆر کاریگه‌ره له‌سه‌ر ئیستاتیک و جوانناسی سینه‌مای
هاوچه‌رخ.
قه‌ڵه‌م:
به روانینێکی مینیماڵییه‌وه، دوا وته‌ت چییه بۆ سایتی
قه‌ڵه‌م؟
هیوا:
سپاس که
وتووێژه‌که‌تان مینی‌ماڵ بوو. هیوادارم له دنیای ئافڕاندنی
هونه‌ر و ئه‌ده‌بی کوردی‌دا ئه‌ندێشه و نیگای مینیماڵیزمی
پیناسه بکرێت نه‌ک هه‌ر که‌م و کورت کردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کان.
قه‌ڵه‌م:
زۆر سپاس و هیوای سه‌رکه‌وتنی زۆرترت بۆ ده‌خوازین.