وتووێژ


چاوپێکه‌وتن له‌ گه‌ڵ گیۆرگ لۆکاچ

و: هادى محەمەدى

 

 

ماڵى "لوکاچ"(1) لە نهۆمى سەرەوەى بینایەکى بەرز دەڕوانێتە چۆمى دانووب. کتێب دیوارەکانى داپۆشیوە. لەپڕ تێکڕاى بەرهەمەکانى هێگل و مارکس دەکەونە پێش چاوم. مێزى کارەکەى، بە گۆڤار و رۆژنامەى هەمەچەشن بە زمانەکانى هەنگارى، ئاڵمانى و فەرانسى داپۆشراوە. لوکاچ ماوەى 10 ساڵ لەم ژوورە کارى کردووە.

 وەک دەزانین لوکاچ وەزیرى کولتوورى حکومەتى "ئیمرەناگى" بوو. لە دواى لێکترازانى شۆڕشى هەنگاریا بۆ ماوەى چەند مانگێ بۆ رۆمانیا دوور خرایەوە. پاش گەڕانەوە، بۆ تەواوکردنى بەرهەمە فکرییەکانى، سەرلەنوێ دەست بەکار بۆوە. تا ئێستا یەکەم بەرگى دوابەرهەمى لە زیاتر لە هەزار لاپەڕەدا بە زمانى ئاڵمانى چاپ کراوە.

لوکاچ: من کارى ڕاستەقینەم لە تەمەنى 70 ساڵیدا دەست پێکردووە. دیارە لە یاسا مادییەکاندا زۆر دیاردەى دەگمەن پەیدا دەبن. لەم بابەتەوە من پێڕەوى ئپیکورم، ئەڵبەت منیش پیر دەبم. دەمێک ساڵان لە پێناو ڕێبازى ڕاستەقینەم هەوڵم داوە. سەرەتا "ئایدیالیست" بووم. پاشان بووم بە پێڕەوى هێگل. لە کتێبى "مێژوو و وشیارى چینایەتى"دا تێکۆشاوم لایەنگرى سۆسیالیزمى زانستى بم. ساڵانێکى دوور و درێژ لەم ڕێبازەدا بووم. توانیم هەر لە بەرهەمەکانى هۆمێر تا گورکى بخوێنمەوە. تا ساڵى 1930 تێکڕاى نوسراوەکانم لەمەڕ پرسەکانى رۆشنبیرى بوون. پاشان کارى سەرەتایى و تاقیکاریم دەست پێکرد...

 رەنگە سەیر بێت کە من 70 ساڵ بۆ نووسینى بەرهەمەکانم تێفکریوم. تەمەنى مرۆڤ  کورتە. سەیرى مارکس بکەن، تەنانەت ئەم بلیمەتە هەڵکەوتووەش تەنیا توانیویە گەڵاڵەیەک لە "مێتۆد" ی خۆى ئاراستە بکات. بەرهەمەکانى ئەو جوابى هەموو پرسیارەکان نادەنەوە. ئەو ڕۆڵەى سەردەمى خۆى بوو. من بۆ نووسینى بەرهەمەکانم لە بوارى جوانیناسیدا لە مێتۆدەکانى ئەو سوود وەردەگرم. دڵنیام ئەگەر مارکس ئەمرۆ زیندوو بایە، لە بوارى جوانیناسیدا شتى دەنووسى.

لەمەر دۆستانى سەردەمى لاوى لێیدەپرسم: ئایا "هایدگر"  و "شتفان گیورگە" ت دەناسى؟

  لوکاچ: من قەت نە "گیورگە"م ناسیوە و نە "هایدگر".

- دەڵێن "هایدگر" لەگەڵ نازییەکان پێوەندى هەبووە؟

  لوکاچ: پێویست بە وتن ناکات، هایدگر نازى بوو. لەم بارەوە هیچ گومانێکى تێدا نیە، جگە لەوەش ئەو بەردەوام کەسێکى کۆنەپەرست بوو.

- دۆستانى ئێوە کێ بوون؟

لوکاچ: لەگەڵ "ماکس ڤێبر"  زۆر نزیک بووم.

***

لوکاچ جلى کارى لەبەر دایە: پانتۆڵى ڕەش و کراسى خەنەیى. زراڤ و بچکۆڵەیە. رووگەش و سەرزیندووە. مرۆڤ نازانێ کە 82 ساڵ لە تەمەنى تێپەڕیووە. دەگەڕینەوە بۆ پرسەکانى سەردەم.

لوکاچ: من ئیتر بڕوام بە رێنوینى ڕوانگەکان لە جیهانى رۆژاوادا نەماوە، چ پۆزەتیڤیزم و چ ئێگزیستانسیالیزم. بەڕاى من باشتر وایە خەڵک بڕۆن بو بیستەمین جار بەرهەمەکانى ئەرەستوو بخوێننەوە.

- کۆمەڵناسیت پێ چۆنە؟

لوکاچ: بەرهەمەکانى "ڕایت میلز" م زۆر پێ باشە. ئەو ماناى ڕاستییەکانى دەرک کردبوو. لە کۆمەڵناسى ئەمریکادا نمونەیەکى دەگمەن بوو. بەڵام کۆمەڵناسیى ئەمریکایى قەت ڕازیم ناکات، بەڕاى من جیاکردنەوەى کۆمەڵناسى لە ئابوورى کارێکى ئاکادمیکە. وەها کارێک لە مارکسیزمدا ناڕەوایە.

- سەبارەت بە بەرهەمەکانى سەردەمى لاوێتى مارکس قسەى زۆر دەکرێ...

لوکاچ: ئەمە داهێنانى سەردەمى ئێمەیە. ئەوانەى پێیان وایە بەرهەمەکانى مارکس ناکۆکن تووشى خەیاڵات هاتوون. مارکس بەردەوام بەرهەمەکانى قووڵتر کرد. زیاتر لە هەر شتێ ڕاستییەکان سەرنجى ئەویان ڕادەکێشا. لە سەردەمى ئەرەستوو بەملاوە تەنیا مارکس ماناى لێکەبەستراو و دابڕاوى زانیوە. ئەمەش نە لە کتێبەکاندا، بەڵکوو لە دنیاى واقێعدا. بەمبۆنەوە من خەریکم "ئانتۆلۆژى کۆمەڵایەتى"  دەنووسمەوە. بەڵام "کۆمەڵناسی گرووپەکان"  بەمەبەستى چەواشەکارى داهێنراوە. بۆ نموونە ئایا دەکرآ بزاڤى "ژاکوبنیزم" لە گرووپى ژاکوبن جیابکەینەوە؟ لە کۆمەڵناسى دا پێویستە مرۆڤ بە قووڵى راستییەکان دەرک بکات. دەبێ هەر دیاردە و رووداوێک لە ناخى گشتێتیدا بگونجێنین، ئەگینا ڕەخنە و تۆژینەوەکانمان قسر دەردەچن... چۆن دەتوانین پێوەندى نیۆتۆن و لایبنیتز دەرک بکەین؟ ئەگەر راستییەکان لە ناخى پرۆسەى گشتێتى دا نەبینین، ناتوانین لە گەوهەر و مانایان تێبگەین.

- سەرەڕاى هەموو ئەمانە پرسى لەخۆنامۆیى چۆن لێکدەدەیتەوە؟

لوکاچ: پرسى "لەخۆنامۆیى" لە هەموو ژیارەکاندا هەبووە و ماوەى نیو سەدەیە کە بەشێوەى تازەتر سەریهەڵداوە. زۆر کەس پێیان ءایە ئەم پرسە ئاکامى تکنۆلۆژییە. بەڵام تۆژینەوەى پرسى "گشتێتی" دەریدەخات کە تکنۆلۆژى هێزێکى سەربەخۆ نیە، بەڵکوو ئاکامى بزاڤى هێزەکانى بەرهەمهێنانە و لەسەر بنەماى ڕێکخستنى کۆمەڵایەتى پێکهاتووە.

دەگەڕینەوە بۆ ئەدەبیات. دەپرسم: ستایلە تازە ئەدەبییەکانت پێ چۆنە؟

لۆکاچ:... شێوازى "گوتارى دەروونى" بەرهەمەکانى "جیمز جۆیس" و "تۆماس مان" لەبەر چاو بگرن. لە کارى جۆیس دا ئەم تکنیکە بەشێوەى گەوهەرى هەیە. بەڵام توماس مان ءەک مێتۆدێکى بنەڕەتى بۆ خولقاندنى شتێکى دیکە بەکارى دێنێ. زوربەى هەرە زۆرى ئەدەبى نوى،َ بەپێچەوانەى شکڵ و فۆرمى، هێشتا ناتورالیستییە و تەنیا تۆسقاڵێک لە رواڵەتى ژیان پیشان دەدات. نە گەوهەرى ڕاستییەکان.

- "شانۆى پووچى"ت پێچوونە؟

لوکاچ: پووچى هەر هەمان مێتۆدى "گروتسک" ە. هیچ شتێکى تازەى تێدا نییە. سەیرى بەرهەمەکانى "گویا" و "دومیە"  بکەن. لەم بەرهەمانەدا پووچى بەرهەمى دوو حاڵەتە: حاڵەتى سروشتى و ناسروشتى. "گروتسک" کاتێ مانا پەیدا دەکات کە لەگەڵ پرسێکى مرۆڤى پێوەندى هەبێت. لە بەرهەمى هەندێ لە نووسەرانى هاوچەرخدا پووچى لەگەڵ پرسى ئینسانى پێوەندى نییە، بەڵکوو وەک حاڵەتێکى سروشتى رەچاو کراوە. زۆربەى ئەم بەرهەمانە فۆرمێکى تازەن لە ناتۆرالیزم. یانى وەک وێنەیەکى خێرا رەهەندێکى ژیان دەردەخەن. "ئوجین ئونیل" بەمهۆیە شانۆنامە نوسێکى گەورەیە کە پێوەندى نێوان پرسى ئینسانى و "گروتسک" بە دیالکتیکێکى زیندوو پیشان دەدات... "سانپێرن"  گوتار دەروونى بۆ خەبات لە دژى "لەخۆنامۆیى" بەرهەمى فاشیزم بەکاردەبات. بەڵام لە بەرهەمەکانى "بێکت"دا ئەم خەباتە نابینرآ. بێکت لە ئاست "لەخۆنامۆیى" سەردەمى نوآ تەسلیم دەبێ.

ئایا بەپێى دۆخى سیاسى خۆت بەم ئاکامە گەیشتوویت؟

لوکاچ: هەرگیز. نووسەرێکى دیکە کە من خۆشم دەوآ "توماس وڵف" ە. بەرهەمەکانى ئەو خەباتێکە لە دژى "نامۆیى" لە ژیانى ئەمریکى دا... من نە ستایلێکى ئەدەبى دەپەرستم و نە ئایدیۆلۆژییەکى تایبەت ستایش دەکەم. ئەوەى من داکۆکى لێدەکەم "یەکێتى" مرۆڤە، من لەگەڵ ئەدەبیاتێک دژایەتى دەکەم کە ئەم یەکێتییە لەنێو ببات. من حاشا لە بایەخى کارەکانى جۆیس و پرۆست ناکەم. جۆیس بینەرێکى پایەبەرزە و پرۆست نوسەرێکى ئێجگار مەزنە. بەرهەمەکانى ئەو بەقووڵى کاردەکەنەسەر ئەدەبیات، چوونکە بەپێى دیالکتیکى رابردوو و ئێستا نووسراون. ئەمەش دەرفەتێکمان پێدەدات کە پرسى لەخۆنامۆیى لە بەرهەمەکانى دا دیارى بکەین. لە بەرهەمەکانى ئەودا رابردوو کاتێ ماناى راستینى خۆى پەیدا دەکا کە لەسەر داهاتوو کاریگەر بێت. من تەنیا باسى کۆمەڵگە ناکەم، بەڵکوو باسى تاکەکانیش دەکەم. "گەڕان بۆ زەمەنى ونبوو" کارى مرۆڤێکە کە بێ ئایندەیە. هەوێنى تێکڕاى ئەم بەرهەمەى پرۆست لە دوا بەشى "پەروەردەى ئێحساساتى" دایە، یانى ئەو کاتە کە "فریدریک مورو" رابردووى بیردێتەوە.

- لەمەڕ سارتر چى دەڵێن؟ 

لوکاچ: سارتر مرڤێکى زۆر ئێجگار زیندووە. لەو کاتەوە کە کتێبى "وشەکان"ى ئەوم خوێندۆتەوە، باشتر لە نوسڕاوەکانى تێدەگەم "وشەکان" چ بەرهەمێکى ستایش بزوێن! ئەم کتێبە پیشاندەرى سارترێکە کە قەت لەگەڵ راستییەکان پێوەندى نەبووە. من چاوەڕێم سارتر بە زەبرى راستییەکان وشیار بێتەوە. ئەو لە کاتى شەڕى ئەلجەزایردا دلێرتر بوو.

- لەمەڕ سارترى بیرمەند چى دەڵێن؟

لوکاچ: پاش نووسینى "بوون ء نەبوون" گەشەى کردووە. لە سۆسیالیزمى زانستى نزیکتر بۆتەوە. سەرەڕاى ئەمەش خاڵێکى لاوازى هەیە. کاتێ کە ژیان ناچارى دەکات ڕوانگەى خۆى بگۆڕى نایەوێ گۆڕانێکى بنەڕەتى پێکبێنێ. دەیەوێ وێنایەک لە "بەردەوامى" ئاراستە بکات. لە کتێبى "نرخاندنى ئەقڵى دیالکتیکى"دا سۆسیالیزمى زانستى قەبوڵ دەکات، بەڵام دەیەوێ مارکس لەگەڵ هایدگر ئاشت بکاتەوە. بڕوانە ناکۆکى تا کوێیە! لە سەرەتاى کتێبەکەدا سارترێک دەبینین، بەڵام لە کۆتایى کتێبەکەدا سارترێکى تر. سەیر کەن چەندە ناکۆکى لە مێتۆد و ئەندێشەى ئەو دایە!

- ئایا بەڕاى تۆ نووسەر ئەرکى کۆمەڵایەتى هەیە؟

لۆکاچ: ئێگزیستانسیالیستەکان بە هەڵە لەم پرسە گەیشتوون، مرۆڤ ناتوانێ شوێن و کاتى لەدایکبوونى دیارى بکات. ئێمە لە ئاست راستییەک داین کە بەپێچەوانەى ئێمە لە ئارا داییە و دەبێ یان قەبووڵى بکەین، یان رەتى بکەینەوە. مرۆڤ بوونەوەرێکى "بەرپرس" ە. ئا گوتن و نا گوتن بە مرۆڤەوە بەستراوە، بەڵام ئا گوتن و نا گووتن لەئاست ڕاستییەکان، ئەوجۆرەى کە هەن، لە ئیرادەى مرۆڤ سەربەخۆیە. ئەم راستیە دۆخى ئێستایە، ئەوە کە ئۆتۆمبیل لە شەقام دایە، یان هاوسەرەکەتان خۆش دەوێ و فڵان کەستان خۆش ناوآ لە ئیرادەى من وتۆ واوەترە. ئێمە تەنیا دەتوانین بە شەقام دا گوزەر نەکەین، یان هاوسەرەکەمان خۆش نەوێ. پێوەندى نێوان ئازادى دەروونى و پێویستى دەرەکى ئێجگار ئاڵۆزە. مارکس حاشاى لە ئازادى هەڵبژاردن نەکردووە. هەڵبژاردن بە کار دەست پێدەکات: بیناساز بەردێک هەڵدەبژێرێ. هەر ئەم هەڵبژاردنەش باشى و خراپى کارەکەى ئەو دیارى دەکات. لەڕاستیدا ئەو تەنیا دەتوانێ لەنێوان دوو بەرددا یەکیان هەڵبژێرێ. مافى هەڵبژاردنى برۆنز و ئاڵتونى نیە. پرسى ئازادى و پێویستى کۆمەڵایەتى لە ئاسۆى ئاڵوگۆڕى مێژوییدا دەردەکەوێت. ئەمە پرسێکى دیالکتیکییە. ئەگەر ئەم پرسە بەشێوەى ئابستراکت گەڵاڵە بکرێ ئاکامێکى چەوتى لێدەکەوێتەوە. من لەگەڵ سیستمێک کە ئەرکى ئەدەبیات دیارى دەکات دژایەتى دەکەم. لە سەردەمى دەسەڵاتى ستالین دا، کە مێتۆدى مارکسیزمى چەواشە دەکرد، من بیڕ و راى خۆم نەشاردەوە... بڕوام بە ئازادى نووسەر هەیە، بەڵام دەبێ لێک تێگەیشتن زاڵ بێت. ئەگەر کەسێ دۆخى سەردەم راڤەنەکات، ناتوانێ باسى ئازادى بکات. کاتێ لە وڵاتێکى سۆسیالیستى دا پێش بە بەرهەمى نوسەرێک دەگیرێ، من بە توندى دژایەتى دەکەم. بەڵام ئەم کارە بە ماناى لایەنگرانى لە ئازادى بورژوازى نیە... دەبێ ئەوەش بزانین کە ئازادى چاپەمەنى لە هەموو وڵاتێک دا رێژەییە. کاتآ کە نووسەر لە وڵاتانى بورژواییدا شت دەنووسآ، لەمپەر و ئاستەنگەکان دەناسآ و رێگەى ئاشتى و سازان دەزانآ. ئەم مکانیزمە زراڤە زۆر لە ئازادى دوورە. لە وڵاتانى سۆسیالیستى سیستمێک کە هەڕەشە لە ئازادى نووسەر دەکات، جۆرێکى ترە و توند و تیژەترە...


 

سەرچاوە:

ادبیات ء اندیشە، مێگفى رحیمى، نشر: کتاب بەزمان، ێێ 94- 105.