ئێستاش دیارترین شاعیران، نووسه‌ران و وه‌رگێرانی زمانی كوردی ئه‌و
كه‌سانه‌ن كه خۆیان به چه‌پ زانیوه
وتووێژ له گه‌ڵ نووسه‌ر و وه‌رگێڕ ناسر ئه‌مین نژاد
ئاماده کردنی فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
ناسری ئه‌مین نژاد نووسه‌ر و ورگێڕ خه‌ڵکی شاری بانه له
کوردستانی ئێرانه که ئیستا دانیشتووی وڵاتی ئاڵمانه. کاک ناسر
یه‌کێکه له‌و ده‌گمه‌ن قه‌ڵه‌م به ده‌ستانه‌ی که هه‌وڵ ده‌دا
به وه‌رگێڕانی ده‌قه ئۆرگیناڵییه چه‌پیه‌کان، په‌یوه‌ندێکی
راسته‌وخۆ له نێوان خوێنه‌ری کوردزمان و ره‌هه‌ند و ره‌وتێک له
بیری چه‌پ پێک بێنێ. جگه له‌مه ئه‌ده‌ب، لێكۆڵینه‌وه‌و
مێژوو ئه‌و بوارانه‌ی دیکه‌ن که کاک ناسر خۆی تێدا
ده‌بینێته‌وه‌و له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا چه‌ندین به‌رهه‌می
وه‌رگێڕدراوی پێشکه‌ش به خوێنه‌رانی کوردزمان کردووه. لێره‌دا
ده‌توانین ئاماژه به‌م به‌رهه‌مانه بکه‌ین: بژی زاپاتا(جان
شتاین بێک)، ئێمه هه‌رگیز چۆک داناده‌ین(فیدل کاسترۆ)، کار‌و
سه‌رمایه(یوهام مۆست)، ده‌وڵه‌ت(لنین)، کورته‌یه‌ک له ژیانی کارل
مارکس و پوخته‌یه‌ک له مارکسیسم(لنین)، پێگه‌یشتن به
سوسیالیزم،(هاری مگداف، فێرد مگداف)، دنیا به‌ره‌و کوێ
ده‌روات(مورته‌زای موحیت)، تیرۆر و ڕه‌شه‌کوژی ئاوه‌ڵدوانه‌ی
کۆمه‌ڵگای ئیسلامی(باقر موءمنی)، کورته‌باسێک له‌سه‌ر سوسیالیسم
(فریدریک ئینگێلس)، پانتوڵی سپی (یاشار که‌مال)، ماسییه‌کی ڕه‌شی
چکۆله (سه‌مه‌دی بێهره‌نگی)، کورته‌یه‌ک له ژیانی سۆردۆلۆڤ،
ناوه‌ڕۆکی ڕاسته‌قینه‌ی ئینجیله‌کان (کری وڵڤ/ محه‌مه‌دی قازی)،
کورده‌کان له ئیمپراتوری عوسمانی (جه‌لیلی جه‌لیلۆڤ/ کاوس
قه‌فتان). له‌م ده‌قه وتووێژییه‌دا هه‌وڵ ده‌درێ که له
نزیکه‌وه زیاتر له گه‌ڵ بیر و بۆچوون و هه‌ڵوێسته‌کانی کاک ناسر
له مه‌ڕ دنیای زمان، وه‌رگێڕان، بیری چه‌پ و باقی مه‌سه‌له‌کانی
دی ئاشنا ببین. هه‌ڵبه‌ت ره‌نگه ده‌قی ته‌رجه‌مه وه‌ک هه‌ر
ده‌قێکی دی زیاتر ده‌ربڕی بیر و بۆچوون و روانگه‌کانی وه‌رگێڕێک
بێت، به جۆرێک که ئیدی پێویست به لێدوانی راسته‌وخۆ نه‌بێت،
به‌ڵام وتووێژ به جۆرێک ده‌ربڕی رسته سپییه‌کانی په‌یوه‌ندی
نێوان وه‌رگێڕ و به‌رهه‌مه‌کانیه‌تی. ئه‌و رسته سپیانه‌ی که
وه‌رگێڕ و نووسه‌رمان زیاتر پێ ده‌ناسێنێ تا به‌رهه‌مه‌کانی.
ـــ زۆرتر به وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بیاتی سوسیالیستییه‌وه خه‌ریكی.
وه‌ك ترادسیۆنێك ده‌زانین ئه‌وانه‌ی كه زۆرتر به‌مكاره‌وه
سه‌ره‌قاڵن جیا له‌وه‌ی كه له‌باری ئیدئۆلۆژییه‌وه له خانه‌ی
چه‌پ قه‌رارده‌گرن، مه‌سه‌له‌ی هه‌ژاری و چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ به
ده‌ستی مرۆڤ زۆر به‌خۆیه‌وه مه‌شغوڵی كردوون. به‌ڵام واوه‌تر له
هه‌ستێكی ئینسانی به‌رامبه‌ر به مه‌سه‌له‌ی عه‌داڵه‌ت، ئه‌زموونی
به‌شه‌ر به‌داخه‌وه نیشانی داوه كه به‌ره‌ی چه‌پ به تایبه‌تی
كمونیستی به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو، زۆر له كاره‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو
نه‌بوون و زۆرجار خه‌ونه‌كانی به دژی خۆی هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه.
لێره‌دا نامه‌وێ بپرسم گوناح له تیۆرییه‌وه بووه یان خود
پراتیك. به‌ڵام حه‌ز ده‌كه‌م به‌ره‌و هه‌ره شته به‌ڕواڵه‌ت
بچووكه‌كانه‌وه بگه‌ڕێمه‌وه، بۆ وێنه سوسیالیزم و زمان. له
وڵاتێكدا كه هێشتا زۆربه‌ی خه‌ڵك ناتوانن به زمانی دایك پێوه‌ندی
له‌گه‌ڵ فكر به‌رقه‌رار بكه‌ن، ده‌كرێ ئایدیای سوسیالیسته‌كان،
یاخود هه‌ر ئایدیایه‌كی دیكه به‌جوانی ده‌رك بكرێ و ریشه
دابكوتێ؟
ـــ ده‌مه‌وێ به‌ر له‌وه‌ی له "شته به‌رواڵه‌ت بچووكه‌كانی
كۆتایی پرسیاره‌كه‌ته‌وه" ده‌ستپێبكه‌م، چه‌ند تێبینییه‌ك له‌سه‌ر
ده‌سپێكی قسه‌كانت ده‌رببڕم.
یه‌كه‌م. ئه‌گه‌ر ئێمه پێناسه‌ی سوسیالیسم یان كمونیسم به هه‌ست
و نه‌ستێكی رووتی ئینسانی دابڕاو له ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی
كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌لومه‌رج و هۆكاره‌كانی ئه‌و ژیانه
كۆمه‌ڵایه‌تیه ته‌نیا به مانای به‌زه‌یی پێداهاتنه‌وه‌یه‌كی
خێرخوازانه ده‌رحه‌ق به مرۆڤ بزانین، پێموایه حه‌قی ته‌واومان
به چه‌مكی سوسیالیسم یان كمونیسم نه‌دابێ. ئه‌وه ڕاسته كه
سوسیالیسم داڕماڵه له ئینسانگه‌رایی و هومانیزم، به‌ڵام ئه‌وه
هومانیزمێكه كه مرۆڤی وه‌ك تاكێكی رووت نا، به‌ڵكوو ئینسانی
كۆمه‌ڵایه‌تی به گشت، یان نه‌وعی كردنی ئینسانی مه‌به‌سته.
گه‌ره‌كیه‌تی ئینسان به شێوه‌یه‌كی بابه‌تیانه له شوێن و پێگه‌ی
مێژوویی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی دابنێ، ئه‌مه‌ش هیچ شتێك نیه جگه له
گه‌راندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ ئینسان. كاتێ ماركس ده‌ڵێ« مێژووی
ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤایه‌تی له به‌ره‌به‌یانی سوسیالیسمه‌وه
ده‌ستپێده‌كات» ئاماژه‌یه‌كه به‌و ڕاستییه. هه‌ر به‌م پێیه‌ش
سوسیالیسمی زانستی ته‌نیا له‌سه‌ر حه‌ز و ئامانجێكی مرۆڤ دۆستانه‌ی
رووت دانه‌مه‌زراوه، به‌ڵكو له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنه‌مای زانستیانه
و پته‌وی فه‌لسه‌فی، ئابووری و سیاسی ڕۆنراوه و
جگه له لێكدانه‌وه‌ی بابه‌تیانه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌ركی
هه‌وڵدانی جیدی بۆ ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی له بنیاتی كۆمه‌ڵگا و
نه‌هێشتینی كۆسپه‌كانی سه‌ررێی گه‌شه‌ی سه‌ربه‌ستانه‌ی ئینسانیشی
خستۆته ئه‌ستۆی خۆی.
دووهه‌م. ئێوه باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه
ئه‌زموونی به‌شه‌ر به‌داخه‌وه نیشانی داوه كه به‌ره‌ی چه‌پ به
تایبه‌تی كمونیستی به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو زۆر له كاره‌كانیدا
سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون و زۆرجار خه‌ونه‌كانی به دژی خۆی
هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه. ئه‌مه ئه‌گه‌رچی راستییه‌كیشی
له‌خۆ گرتووه، به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌م جۆره تاریكبینییه‌كیشی
تێدایه كه ره‌نگه زۆر له جێی خۆیدا نه‌بێ. ئه‌م ڕسته‌یه
ناراسته‌وخۆ ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه چونكا دنیابینی كمونیستی
له‌ته‌مه‌نی تا ئێستایدا ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی كه چاوه‌ڕوان ده‌كرا
به‌ده‌ستی نه‌هێناوه و
زۆرجار خه‌ونه‌كانی به دژی خۆی هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه، زه‌حمه‌ته
له داهاتووشدا رووی وه‌دیهاتن به‌خۆیه‌وه ببینێ.
من له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ره‌نجامه وشك و یه‌ك لایه‌نه‌دا نیم. ئه‌گه‌ر
ڕاستییه مێژووییه‌كان له‌ناو مه‌تن و به‌تنی راسته‌قینه‌ی خودی
رووداوه‌كانی جیهانیدا وردبكرێنه‌وه ده‌بینین كه: جووڵانه‌وه‌ی
سوسیالیسی و كمونیستی سه‌ره‌ڕای هه‌موو تێك‌شكان و هه‌ڵه‌و
كه‌موكووڕیه‌كانی چ له‌و وڵاتانه‌ی كه بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی
به ده‌سته‌وه بووه و چ له ئاستی جیهانیدا ده‌ستكه‌وتێكی
یه‌كجار زۆری له بواره‌كانی مافه كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و
ئابوورییه‌كانی خه‌ڵكی چه‌وساوه و زه‌حمه‌تكێش هه‌بوه و
هێناویه‌ته دیی، كه پێشتر خه‌ون و خه‌یاڵ بوون. ئه‌م
بزوتنه‌وه‌یه نه‌خشێكی حاشاهه‌ڵنه‌گری له داڕماندنی زنجیره‌ی
سیستمی داگیركاری (استعمار) و شكاندنی پشتی فاشیسم له شه‌ری دووی
جیهانیدا گێڕاوه. ئێستاش ده‌ورێكی گرینگ ده‌بینێ له گۆڕه‌پانی
خه‌بات و به‌ربه‌ره‌كانێی جیهانیدا و بۆ هێنانه‌گۆڕ و هه‌وڵدانی
به‌كرده‌وه له پێناو چه‌سپاندن و به‌دیهێنانی مافه‌كانی ژنان،
كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان، پشتیبانی هه‌مه لایه‌نه له
جوولانه‌وه ڕزگاریخوازه‌كان و نه‌ته‌وه چه‌وساوه‌كان، به‌شداری
بێ‌وچان له بزوتنه‌وه‌ی دژ به شه‌ر، دژ به نیولیبرالیسم،
پاراستنی ژینگه و داماڵینی بیچمی ریاكارانه‌ی سه‌رمایه‌داری و
كۆنه‌په‌رستی و دواكه‌وتوویی به گشتی.
نابێ ئه‌وه‌ش له‌بیر به‌رینه‌وه كه ئه‌م خه‌باته له مه‌یدانێكی
گه‌لێك نابه‌رامبه‌ردا به‌ڕێوه چووه و ده‌چێ. هه‌موو دنیای
ئیمپریالیستی و كۆنه‌پارێزی، هه‌ر له سه‌ره‌تای شۆرشی ١٧ی
ئوكتۆبره‌وه هه‌تا ئه‌مرۆ، له دژی بزوتنه‌وه‌ی سوسیالیستی
ده‌ستیان له هیچ گه‌له‌كۆمه‌كییه‌كی دژی ئینسانی و
جینایه‌تكارانه نه‌گێڕاوه‌ته‌وه. ته‌نیا ئه‌وه بخه‌ینه‌وه
بیرمان كه هێرشی گه‌له‌كۆمه‌كیانه‌ی ١٤ وڵاتی ئیمپریالیستی بۆسه‌ر
یه‌كه‌مین وڵاتی شۆڕاكان و هێرشی فاشیسم بۆسه‌ر ئه‌و وڵاته
چه‌نده زه‌ره‌روزیانی ماددی و ئینسانی، وه‌دواخستن و دوورخستنه‌وه
له ئامانجه‌كانی بۆ ئه‌و وڵاته "ساوایه" كه ده‌ستی دابووه
كارێكی گه‌وره‌ی مێژوویی به‌جێهێشت. ئابڵۆقه‌دان و په‌ڵپ و
بیانووی هه‌ر رۆژه‌ی به وڵاتانی دیكه‌ی سوسیالیستی و تازه
رزگاربوو، رووكارێكی دیكه‌ی ئه‌و سیما نابه‌رابه‌ره‌یه كه نابێ
له لێكدانه‌وه‌كاندا له‌بیر بچنه‌وه. هه‌ر ئێستا كوبای هه‌ژار
سه‌ره‌ڕای چه‌ندین جار هێرشی ڕاسته‌وخۆ زیاتر له ٤٠ ساڵه
خراوه‌ته ژێر توندترین ته‌حریم و هه‌ره‌شه‌ی ئیمپریالیستی. ئێستا
هه‌ر له‌و وڵاته‌ش به هه‌موو هه‌ژارییه‌كانیه‌وه، ئاستی ژیانی
تێكڕایی، به‌تایبه‌ت له بابه‌ت خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان،
خوێندن و بارهێنان و له‌ش‌ساغی و وه‌رزش و ...به‌رزتره له هه‌موو
وڵاتانی ده‌وروبه‌ری خۆی.
خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مجۆره تێبینییانه ده‌رحه‌ق به بزوتنه‌وه‌ی
سوسیالیستی راست بێ و دڵكرمۆڵی له تیوری و پراكتیكی ئه‌و
بزوتنه‌وه‌یه پێك بێنێ، ده‌بێ لانی كه‌م هه‌ر به‌م چاوه‌ش سه‌یری
بزوتنه‌وه‌كانی دیكه بكرێ. ئه‌گه‌ر ئاواش بچینه پێشه‌وه دنیا
له‌وه‌ش كه هه‌یه گه‌لێك تاریكتر ده‌بێ و هیچ رۆژنه‌یه‌كی هیوا
به ئاڵوگۆڕی قووڵی كۆمه‌ڵایه‌تی له ژیانی كۆمه‌ڵگادا نامێنێ و
مرۆڤ به‌ره‌و بێ‌باوه‌ری به هه‌موو شتێك، چده‌بێ با ببێ و نهلیزم
ڕاده‌كێشێ. ئێوه سه‌یر كه‌ن ته‌مه‌نی بزوتنه‌وه‌ی هاوچه‌رخی
رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد ده‌گه‌ریته‌وه بۆ لانی كه‌م٩٠ ساڵ،
به‌ڵام هێشتاش له هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه‌كانی خۆی دایه و ئاسۆی
سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاریشی گه‌لێك لێڵ و نادیاره. ئێوه سه‌یر كه‌ن
یه‌ك دوو ساڵ به‌ر له ئێستا سه‌د ساڵ به‌سه‌ر «شۆرشی مه‌شروته»ی
ئێران‌دا تێپه‌ڕی. هه‌موان ده‌زانین كه ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌و
شۆرشه به‌ده‌ستهێنانی ئازادی و به‌ڕێوه‌چوونی «ئه‌نجومه‌نه‌كانی
ئه‌یاله‌تی و ولایه‌تی» بوو. كه‌چی ده‌بینین
جووڵانه‌وه‌ی ئازادیخوازای بۆ شكاندنی زنجیری ئیستبداد و
سه‌ره‌ڕۆیی له‌و وڵاته هێشتا له نیوه‌ی رێگاشدا نیه. ئه‌گه‌ر
هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌و پێودانگه بپێورێن، ده‌بێ هه‌موو ئه‌و
ئاره‌زوه ئینسانییانه بخرێنه لاوه و فوویه‌ك له چرای هیوا به
سه‌ركه‌وتندا بكرێ.
ئه‌مانه هه‌موو ئه‌زموونێكی شیاوی ده‌رس‌لێوه‌رگرتنن و نیشانی
ده‌ده‌ن كه پێكهێنانی ئاڵوگۆڕی قووڵی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌تایبه‌ت
له وڵاتانی وه‌كو لای ئێمه، چه‌نده دژوار و چه‌توونه و چه‌نده
بیری ورد و پشوی درێژ و ئاماده‌كاری گه‌وره‌وگرانی ده‌وێ.
مرۆڤایه‌تی چاری نیه، ده‌بێ ئه‌و باره به مه‌قسه‌د بگه‌یه‌نێ و
كۆڵ نه‌دات و داری زۆرداری و چه‌وساندنه‌وه بنكۆڵ بكات و
دای‌ڕوخێنێ. ئه‌مه ئه‌ركێكه له‌سه‌ر رێگای بزوتنه‌وه‌ی
سوسیالیستیش و ده‌بێ به پشت به‌ستن به هه‌موو ئه‌زموون و
تاقیكارییه‌كان و خۆدوورخستنه‌وه له تاكره‌وی و وشكاڕۆیی، به
رابردوودا بچێته‌وه و ژیرانه نه‌خشه‌ی داهاتوو دابڕێژێ و هه‌نگاو
به هه‌نگاو به‌ره‌وپێشه‌وه رێگا ببڕێ.
ئه‌مجار با بێینه سه‌ر بابه‌ته "ورده‌كان"، زمان و پێوه‌ندیی له
گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی بیری سوسیالیستی و ئه‌ده‌بیاتی سوسیالیستی.
هه‌موان ده‌زانین كه زمان هیچ شتێك نیه جگه له ئامێرێك كه
مرۆڤ بۆ ده‌ربڕینی بیرومه‌به‌ست و تێڕوانینه‌كانی و بۆ دامه‌زراندی
ڕایه‌ڵه‌یه‌كی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری خۆی و مرۆڤی دیكه
به‌گشتی دایهێناوه. زمان یارمه‌تی به مرۆڤ ده‌دات هه‌تا زیاتر
ده‌وروبه‌ری خۆی بناسێ، بیری خۆی ده‌رببڕی و له بیر و تێڕوانینی
خه‌ڵكی دیكه‌ش بگات. كه له سه‌ره‌تادا زۆر ساده و روتین بووه و
تا هاتووه وه‌ك هه‌موو دیاره‌یه‌كی تری كۆمه‌ڵایه‌تی به پێی
هه‌لومه‌رجێك كه تێیدا بووه ئاڵوزتر و به‌ربڵاوتر بووه و پتر
گه‌شه‌ی ساندووه. به‌مجۆره زمان دیارده‌یه‌كی یه‌كجار و بۆ
هه‌میشه داڕێژراوی چه‌قبه‌ستووی هه‌تاهه‌تایی نیه، به
پێچه‌وانه ئه‌گه‌ر چه‌قی به‌ست و پێ‌به‌پێی پێویستییه‌كانی زه‌مان
نه‌چوه پێش و نه‌یتوانی خۆی له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانی كۆمه‌ڵ و
زانست‌دا بگونجێنی و فراژۆ ببێ، ئه‌وا ده‌بێته ئامێرێكی كولی
ناكارامه كه نه‌یتوانیوه خۆی له‌گه‌ڵ بیری نوێ و پێداویستی
تازه‌ی سه‌رده‌مدا نوێ بكاته‌وه. هه‌رچه‌ند ئه‌و ئامێره‌ش كول و
ده‌ستبه‌ستراو بێت، ئه‌وه‌نده‌ش به زه‌حمه‌تێكی زۆر ده‌توانێ
ئه‌ركی خۆی به ئه‌نجام بگه‌یه‌نێ.
زمانی كوردیش وه‌كو هه‌موو زمانه‌كانی‌تری دنیا له‌و چوارچێوه
گشتییه‌دا هه‌ڵناوێردرێ. ئه‌گه‌رچی بناخه‌یه‌كی پته‌و و خاوه‌نی
تایبه‌تمه‌ندی و قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی زمانه‌وانی خۆیه‌تی،
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وشدا و به‌داخه‌وه مه‌ودایه‌كی زۆری ماوه تا
به زمانه گه‌شه‌ساندووه‌كانی دنیا بگاته‌وه. ئه‌مه باسێكی
زمانه‌وانییه و جیی خۆیه‌تی زیاتر بكه‌وێته به‌ر لێكدانه‌وه‌ی
زمانناسه‌كان و پسپۆڕانی ئه‌و بواره و كه‌موكوڕی و گیروگرفته‌كانی
زیاتر بخه‌نه به‌ر چاوی كۆمه‌ڵ و شێوه‌ی ده‌ربازبوون له
كه‌ندوله‌نده‌كانی سه‌ر رێگای زمان پێشنیار بكه‌ن. لێره‌دا ئه‌من
وه‌ك كه‌سێك كه تا ڕاده‌یه‌ك خۆی به كاری وه‌رگێڕان و نووسینی
لێره‌وله‌وێوه خه‌ریك كردوه، ئاماژه به چه‌ند گیروگرفتێك
ده‌كه‌م كه خۆم له‌گه‌ڵیدا به‌ره‌ورووم و بێ‌گومانم كه گیروگرفتی
خه‌ڵكی دیكه‌شن. ئه‌م زمانه ئه‌گه‌رچی له ده‌ربڕینی ژیانی
ئاسایی كۆمه‌ڵگا و كون وكه‌له‌به‌ره‌كانی سروشت و هه‌ست و ده‌رونی
مرۆڤ تا راده‌یه‌كی زۆر ده‌ستی ئاوه‌ڵه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه
له بواره زانستییه‌كاندا زمانێكی ورد نیه كه بتوانێ
بێ‌پێچوپه‌نا واتا سیاسییه‌كان وه‌ك خۆی ده‌رببڕێ. یانی كردار و
وشه‌كانمان (افعال و لغات) زۆر كه‌من و به‌رته‌سكن. زۆرجار وه‌رگێر
و نووسه‌ر ناچار ده‌بێ بۆ ماناكردنه‌وه، یان ده‌ربڕینی واتایه‌كی
زانستی ــ فه‌لسه‌فی، ئابووری، سیاسی، تكنیكی و... ـــ په‌نا به
چه‌ندین وشه‌ی هاو واتا به‌رێ و ریزیان بكات تا كه‌مێك خۆی له
واتا راسته‌قینه‌كه نزیك بكاته‌وه. هه‌روه‌ها له‌بواری ڕێنووس،
خه‌ت و جۆری نووسین، ته‌نانه‌ت جۆری وتنه‌وه‌ی وشه‌كان و
نیشانه‌دانانی نێوان رسته‌كان (علامت‌گذاری) بشێوی و
ناهه‌ماهه‌نگییه‌كی یه‌كجار زۆر ده‌بیندرێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا
زۆرجار سێبه‌ری قه‌واره‌ی رسته‌سازكردنی فارسی، عه‌ره‌بی و توركی
پشووی نووسراوه‌كانی سوار كردووه و خۆی به‌سه‌ر نووسه‌ر و
وه‌رگێڕدا سه‌پاندووه و ناهێڵێ ره‌وتی نووسین به كوردییه‌كی
خۆماڵییانه به بێ شڵپوهوڕ و سه‌رسمدان بچێته پێشه‌وه.
به‌شێكی یه‌كجار زۆری ئه‌م گیروگرفتانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ
زه‌بروزه‌نگ و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌كی بێ‌پسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، به
گشتی تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و قه‌ده‌غه‌كردنی زمانی زگماك،
كه به درێژایی سه‌دان
ساڵی رابردوو له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كانی فارس و
تورك و عه‌ره‌ب به‌سه‌ر كوردا سه‌پاوه. بێ‌گومان ده‌ربازبوون له‌و
هه‌لومه‌رجه سه‌خت و دژواره ده‌توانێ درگا و بوارێكی له‌بار بۆ
گه‌شه و نه‌شه و به‌خۆدا هاتن بخاته به‌رده‌م زمانی كوردی.
قسه‌ی تێدا نیه كه ئه‌و زمانه‌ش وه‌ك هه‌موو زمانه‌كانی‌تری دنیا
ئه‌و تواناییه‌ی تێدایه و ده‌كارێ له بازنه‌ی خۆڕسكیدا بێته
ده‌ر و له ئه‌نجامی هه‌وڵ و ماندووبوونی یه‌كده‌ست و به كۆمه‌ڵی
زانایانی ئه‌و بواره به‌دانسته و زانستییانه رێگه‌ی هه‌ڵدان و
گه‌شه‌ی ئاسایی بپێوێ.
ئه‌وه‌ی كه داخوا
"له وڵاتێكدا كه هێشتا زۆربه‌ی خه‌ڵك ناتوانن به زمانی دایك
پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ فكر به‌رقه‌رار بكه‌ن، ده‌كرێ ئایدیای
سوسیالیسته‌كان، یاخود هه‌ر ئایدیایه‌كی دیكه به‌جوانی ده‌رك بكرێ
و ریشه دابكوتێ؟" ده‌بێ بڵێم به‌ڵی ده‌كرێ، به‌ڵام به
دووباره‌كاری و زه‌حمه‌تێكی زۆر. به‌ستنه‌وه‌ی قایمی ئه دووانه
به یه‌كتره‌وه كه به بێ یه‌كتر سه‌رنه‌گرێ یان ریشه
دانه‌كوتێ، له جێی خوی‌دا نیه. نابێ رێگا بده‌ین ئه‌و ئه‌سڵه
دروسته‌ی كه ده‌ڵێ زمان هه‌تا ده‌وڵه‌مه‌ندتر بێ، وردتر ده‌توانێ
بیر ده‌رببڕی، بگاته ئه‌و ئه‌نجامه ناڕاست و ڕاسیستییه‌ی كه
پێی‌وایه ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه زمانیان ده‌وڵه‌مه‌نتره بیر و
فكره‌كانیشیان ده‌وڵه‌مه‌نتره یان به پێچه‌وانه. ئه‌وه‌نده‌شی
خۆتان گوته‌نی كه بۆ "ئایدیا سوسیالیستییه‌كان" ده‌گه‌ڕیته‌وه،
پێموایه له كوردستاندا خاوه‌نی ڕه‌گوریشه‌یه‌كی چه‌سپاوه،
هه‌روه‌ها ئه‌ده‌بی سوسیالیستیش یان رئالیسمی شۆڕشگێرانه‌ش
جێگایه‌كی شیاو و كۆنی هه‌یه. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ژیانی
ڕاسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگا و له‌گه‌ڕدا بوونی ڕه‌وتی به‌رابه‌ریخواز و
شۆرشگێرانه و ڕاوه‌ستان له‌به‌رامبه‌ر زولم و زۆرداری كه له
هه‌ناوی ئه‌و ئایدیا سوسیالیستییانه‌وه رژاوه‌ته ناو
كۆمه‌ڵگاكه‌مانه‌وه. جا ئه‌گه‌ر كه‌موكورتیش بێ، ئه‌و قسه‌یه‌كی
دیكه‌یه و باسێكی‌تره.
ـــ هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ست ئه‌وه نیه كه ته‌نیا له پێویستی
زمانه‌وه به زه‌روره‌تی ناسیونالیسم بگه‌ین. ئه‌زموونی
وڵاتانێكمان له‌به‌ر ده‌ستایه كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه له
زمانه‌وه به زه‌روره‌تی ده‌وڵه‌ت نه‌گه‌یشتوون، به‌ڵام ده‌رفه‌تی
گه‌شه‌ی زمانیان هه‌یه. واته نامه‌وێ بڵێم كه هه‌ر زمانێك
له‌سه‌ره‌تادا ده‌بێ ده‌وڵه‌تی خۆی هه‌بێ، ئه‌وجار ده‌توانێ
پرۆڤه‌ی بیر بكا. من پێموایه هه‌ژاری زمان له بواری بۆ وێنه
ئایدیا سوسیالیستییه‌كان له ماددی بوونه‌وه‌ی ئایدیاكان یان خود
به گشتی بوونه‌وه‌ی به‌رگری ده‌كات. گرفتی چه‌پ له كوردستان
گرینگی نه‌دانی پێویسته به زمان له پانتایی ئه‌ده‌بیاتی
سوسیالیستیدا. تا زمان له‌م بارانه‌وه رێك و پێكتر بێت و
وه‌ستایانه هه‌ڵچنرابێت، بێ‌گومان قووڵایی ئه‌ندیشه‌ش پتر ده‌بێ.
جا به ڕای تۆ چه‌نده له‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه له‌م بوارانه‌دا
كراون به كوردی، توانیویانه هاوسه‌نگییه‌كی پێویست له‌نێوان
ئه‌ندیشه‌ی سوسیالیستی و زماندا چێ بكه‌ن؟
ـــ ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت ئه‌من له‌و پرسیاره‌دا له ده‌سته‌واژه‌ی
«زه‌روره‌تی ناسیونالیسم» جا به بۆنه‌ی زمانه‌وه یان هه‌ر شتێكی
تر، یاخود له زمانه‌وه به زه‌روره‌تی ده‌وڵه‌ت گه‌یشتن ناگه‌م.
ئه‌وه راست پشتگیری ده‌وڵه‌تی ده‌توانێ نه‌خشێكی كارای هه‌بێ له
ته‌ختكردنی كه‌ندوكۆسپه‌كانی سه‌ر رێگای گه‌شه‌ی زمان به‌ڵام
شه‌رتیش نیه هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی ده‌وڵه‌تی ئه‌و ئه‌ركه‌ی
خستبێته ئه‌ستۆی خۆی. له‌م بابه‌ته‌وه ناسیونالیسمی به
ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی كورد نمونه‌یه‌كی به‌رچاوه. ئێوه سه‌یر كه‌ن
ده‌سه‌ڵاتدارانی ناسیونالیستی كورد له ناوچه‌یه‌كی به‌رینی
كوردستاندا زیاتر له پانزه ساڵه ده‌سه‌ڵاتدارن، زیاتر له حه‌وت
ساڵه بووجه‌یه‌كی مۆڵی سه‌دان ملوێن دۆلارییان به ده‌سته‌وه‌یه
و جڵه‌وی هه‌موو كاروباره‌كانی ناوخۆیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، به‌ڵام
ده‌بینین كه ئه‌وه‌ی بیریان لێ‌نه‌كردۆته‌وه و به خه‌یاڵیشیاندا
نایه‌ت خزمه‌تكردن به زمانی كوردی و هه‌وڵدان بۆ لابردنی
كه‌ندوكۆسپه‌كانیه‌تی. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه به‌ڵكوو زمنیشیان تێكه‌ڵ
به كێشمه‌كێشی سیاسی ناوخۆ كردووه، به‌مجۆره ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی
زۆرتریشی خراوه‌ته به‌رده‌م. ئه‌گه‌رچی رۆژنامه و بڵاوكراوه‌ی
كوردی ده‌یان قات زیادی كردووه به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ته‌نگ
و چه‌ڵه‌مه‌كان هه‌ر له‌سه‌ر جێگای خۆیاندا ماونه‌ته‌وه، یان
هه‌ر هیچ نه‌بێ، كه‌م
نه‌كراونه‌ته‌وه، یان رێگا چاره‌یه‌ك بۆ نه‌خۆشیه‌كه‌نی
نه‌دۆزراوه‌ته‌وه، ئاشكرایه كه برینه‌كان و ئاسه‌واره‌كانیشی
هه‌ر به‌و ڕاده‌یه قووڵتر و ته‌شه‌نه‌ساندوو ماونه‌ته‌وه و
هه‌روا ده‌مێننه‌وه.
له‌بابه‌ت ماددی بوونی ئایدیا سوسیالیستییه‌كانیش ده‌بێ بڵێم كه
ئه‌مه بابه‌تێك نیه كه ته‌نیا پێوه‌ندی به زمانه‌وه هه‌بێت.
ئایدیا سوسیالیستییه‌كان یان هه‌ر ئایدیایه‌كی‌تر كاتێ ماددی
ده‌بێته‌وه و هێزی ماددی په‌یدا ده‌كات كه بچێته ناو
جه‌ماوه‌ره‌وه. ئه‌وه‌ش تا ڕاده‌یه‌كی زۆر پێوه‌ندی به‌و ده‌راو و
ده‌رفه‌تانه‌وه هه‌یه كه كه له‌به‌رده‌میدایه بۆ دزه‌كردنه
ناو كۆمه‌ڵگا و شوێن دانان له‌سه‌ر بیروڕای گشتی. ئه‌مه
به‌تایبه‌ت كۆسپێكی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر ئایدیا سوسیالیستییه‌كان،
چونكا بناخه‌ی ئه‌م تێڕوانینه له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنی زوڵم و
زۆرداری، چه‌وساندنه‌وه و بێ‌عه‌داڵه‌تی و به‌ره‌ورووبوونه‌وه
له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ملهوڕانه و پێكهێنانی ئاڵوگۆڕی قووڵی
كۆمه‌ڵایه‌تی دامه‌زراوه، كۆمه‌ڵگاكانی ئێمه‌ش به به‌رده‌وامی
به ده‌ست ئیستبداد و سه‌ره‌ڕۆییه‌وه ناڵاندوویه‌تی. داموده‌زگا
ده‌سه‌ڵاتداره‌كان تا توانیویانه هه‌موو فێڵوفه‌ره‌جێك و
زه‌بروزه‌نگێكیان بۆ پێش‌گرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و
بیروتێڕوانینانه به‌كارهێناوه. ده‌بینین هه‌ر كاتێكیش درزێك یان
بۆشاییه‌ك كه‌وتبێته قه‌واره‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی هه‌ر ئه‌م
ئایدیا سوسیالیستی و رزگاریخوازانه‌یه چه‌نده به
گه‌رمه‌گوڕییه‌وه له ناو كۆمه‌ڵگادا پێشوازی لێكراوه، مه‌ودای
ساڵه‌كانی نێوان ١٣٢٠ تا ١٣٢٧ و ١٣٢٩ تا ١٣٣٢ ، هه‌روها ٥٦ تا
١٣٦٠ی ئێران نمونه‌یه‌كی به‌رچاوی ئه‌و ڕاستییانه‌یه.
گومانی جیدیم له‌وه هه‌یه كه "به‌ره‌ی
چه‌پ به‌گوێره‌ی پێویست گرینگی به زمان نه‌دابێ" به تایبه‌ت له
رابردودا وا نه‌بووه و گرینگییه‌كی زۆریشی پێداوه. من پێموایه
به‌ره‌ی چه‌پ به گشتی ده‌ورێكی كارای هه‌بووه به‌تایبه‌ت له
زیندوكردنه‌وه و په‌ره‌دان به‌زمانی كوردی. ئێستاش دیارترین
شاعیران و نوسه‌ران و وه‌رگێرانی زمانی كوردی ئه‌و كه‌سانه‌ن كه
خۆیان به چه‌پ زانیوه، هه‌ر له گۆران و دڵزاره‌وه بگره هه‌تا
هێمن و قزڵجی، هه‌تا عه‌ره‌ب شه‌مۆ و جگه‌رخوێن، هه‌تا محه‌مه‌دی
مه‌لاكه‌ریم و حسامی و حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن و ده‌یانی دیكه‌ش
خزمه‌تێكی گه‌وره‌یان به زمانی كوردی كردووه.
ئێمه ده‌بێ به‌ره‌ی چه‌پ زۆر فراوانتر له به‌ستێنی رێكخراوه
سیاسیه‌كان ببینین. ئه‌وانیش ئه‌مرۆ به‌تایبه‌ت كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی
زۆر له‌بابه‌ت زمانی كوردییه‌وه ده‌كه‌ن. ئه‌وان زیاتر ئه‌مرۆ
زمانیان بۆ ته‌بلیغات و ئیعلام گه‌ره‌كه، پییان وایه هێند پێویست
به‌وه ناكات كه پێ‌مل به یاسا و ڕیسای زمانه‌وانییه‌وه بن.
به‌مجۆره خۆیان گوته‌نی گۆیا گه‌ره‌كیانه به زمانی "ڕه‌شایی"
خه‌ڵك قسه بكه‌ن. ئه‌مه كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی زۆره و ڕێگایه‌كی
چه‌وت كه ده‌بێ ڕاست بكرێته‌وه. ئه‌وه‌ی كه ئه‌مڕۆ زیاتر
به‌كاری ده‌به‌ن نه‌ك زمانی "ڕه‌شایی" خه‌ڵك به‌ڵكوو زمانێكی
كه‌چه روناكبیرانه‌ی دابڕاو له خه‌ڵك و دارمال له وشه‌ی نامۆی
فارسی و عه‌ره‌بی و بیانییه كه به بیانووی زمانی ساكاری ناو
كۆمه‌ڵگا بڵاوده‌كرێته‌وه. ئه‌مه زمانێكی زڕه و زیان به زمان
ده‌گه‌یه‌نێ. ئه‌مرۆ به‌تایبه‌ت ئه‌م زمانه نه‌زۆكه له
كوردستانی عێراقدا ده‌بیندرێ و به ڕاست جێگای داخه. وه‌رگێڕانی
وا بڵاوكراونه‌ته‌و كه "پیاو" به‌زه‌یی به نووسه‌ره‌كانیاندا
دێته‌وه. زمانێكی وه‌ها قورس و چه‌وتوچه‌وێڵ به‌كار ده‌به‌ن كه
به‌ڕاستی جێگای سه‌رسووڕمانه. زۆرجار مروڤ شك له‌وه په‌یدا
ده‌كات كه "وه‌رگێڕه‌كان" بۆخۆیان هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا له
بابه‌ته‌كان گه‌یشتبێتن. له‌م بابه‌ته‌شه‌وه جۆره تێبینییه‌كی
چه‌وت هه‌یه كه ته‌نیا «ناوه‌ڕۆك» به گرینگ ده‌زانێ و گوێ به
«شكڵ» واته لایه‌نی هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌كی نادات. ئه‌مه گه‌لێك
ناڕه‌وایه و له‌و باوه‌ڕه‌دام كه ئه‌گه‌ر كه‌سێك گوێ به زمان
نه‌دات و نه‌توانێ به قه‌وڵی ئێوه به رێكوپێكی بیخاته‌گه‌ر و
له‌م بابه‌ته‌وه ده‌ستی ئاوه‌ڵه نه‌بێت، ناشتوانێ و زۆر
زه‌حمه‌ته ناوه‌ڕۆكێكی به‌پێز به‌یان بكات و دایرێژێ.
ـــ به‌رهه‌مه فكرییه‌كان كه ده‌نووسرێن یان ته‌رجه‌مه
ده‌كرێنه‌وه زۆربه‌ی كات ره‌خنه‌گران یاخود خوێنه‌ران له‌سه‌ریان
ده‌نووسن و به‌جۆرێك له جۆره‌كان دێنه هه‌ڵسه‌نگاندن. به‌ڵام من
هه‌ست ده‌كه‌م له بابه‌ت ئه‌ده‌بیاتی سوسیالیستییه‌وه ئه‌گه‌ر
بتوانم بڵێم بێده‌نگییه‌ك له ئارادایه. جا چ له‌بابه‌ت زمانه‌وه
بێت یان ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی. به‌ڕای تۆ ئه‌مجۆره هه‌ڵوێست بۆچی
ده‌گه‌رێته‌وه؟ ئایا له لاوازی ڕه‌هه‌ندی رۆشنبیری ئێمه‌وه‌یه
یان ئه‌وه‌ی كه فكریش وه‌ك كالا مۆده‌ی خۆی ده‌وێ؟
ـــ پێمـوایه زۆرتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ "لاوازی ڕه‌هه‌ندی ڕۆشنبیری
ئێمه". هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌ته‌كان یان به گشتی «ڕه‌خنه‌گری» به
تایبه‌ت له دنیای نووسین و ئه‌ده‌بیاتدا به‌شێكی یه‌كجار گرینگه.
ئه‌مه بابه‌تێكی هونه‌ری ـ زانستی سه‌ربه‌خۆیه و چڕ‌وپڕ له گه‌ڵ
دنیای رۆشنبیریی گشتیدا پێكهه‌ڵپێكراوه. «ڕه‌خنه‌گری» جیاوازه
له «بیانووگری» و شه‌ره‌ده‌ندووكی تاكه كه‌سی و ئه‌گه‌ر به
ئاقارێكی زانستییانه و ئه‌جۆره‌ی كه لێی چاوه‌ڕوان ده‌كرێ
بڕواته‌پێش ده‌توانێ ده‌ورێكی كارای هه‌بێ له به‌ره‌وپێشه‌وه
چوون. لێكدانه‌وه، نرخاندن و دیاری كردنی هه‌ڵه و
كه‌موكوڕییه‌كان، هه‌روه‌ها قامك خستنه‌سه‌ر لایه‌نی به‌هێز و
لاوازی هه‌ر به‌رهه‌مێك ده‌توانێ ئاسۆی دیتنه‌كان بباته‌سه‌ر و
چاوگوێی خوێنه‌ر و ته‌نانه‌ت نووسه‌ریش زیاتر بكاته‌وه. ئه‌مه‌ش
به كه‌سێك یان كه‌سانێك ده‌كرێ كه شاره‌زای ئه‌و بواره بن،
بۆخۆیان به‌ته‌واوی سه‌ریان له‌و بابه‌ته ده‌ربچی كه ده‌یانه‌وێ
هه‌ڵسه‌نگێنن. ئه‌مه به‌داخه‌وه كه‌موكوڕییه‌كی جیدییه و هه‌ر
له كۆنه‌وه باڵی به‌سه‌ر ڕۆشنبیری كوردیدا گرتووه. ئه‌و
كه‌سانه‌ی كه له‌م بواره‌دا خه‌ریكن ژماره‌یان به په‌نجه‌ی ده‌ست
ده‌ژمێردرێ، ئه‌مه بۆشاییه‌كی گه‌وره‌یه. ئه‌مڕۆ «ڕه‌خنه‌گری»
بۆته یه‌كێك له پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی گه‌شه‌ی ڕۆشنبیری و
ده‌ورێکی کارا له به‌ره‌وپێشبردن و پوخته‌کردنی دید و بۆچوونه‌کان
ده‌گێڕێ. به‌داخه‌وه ئه‌م بابه‌ته گرینگه هێشتا به گوێره‌ی
پێویست جێگای شیاوی خۆی له لای ئێمه نه‌كردۆته‌وه و هێنده
بایه‌خی پێنادرێ که گه‌ره‌کیه‌تی. كه‌م گوێ هه‌یه كه تاقه‌تی
بیستنی «ڕه‌خنه»ی هه‌بێت، خێرا به دوژمنكاری و ناحه‌زیه‌تی
لێكده‌درێته‌وه. هه‌ر ئه‌مه‌ش ڕاده‌ی پێكگه‌یشتن و لێكگه‌یشتن
که‌م ده‌کاته‌وه. به‌داخه‌وه ئه‌مه نه‌ك هه‌ر له بواری
ئه‌ده‌بی و بیروبڕوایی، به‌ڵكو له مه‌یدانی سیاسیش‌دا به‌ربێنكی
كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی گرتووه. رێكخراوه سیاسییه‌كانیش تاقه‌تی بیستنی
«ره‌خنه»یان نیه، وای لێهاتووه كه زیاتر هێزی باسكیان ده‌وێ
هه‌تا بیری تیژی پرسیارگه‌رانه. ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌م نه‌ریته
قه‌ڵبه‌ش وای كردووه كه پاش به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌ك،
ئاوری چه‌ند به‌ره‌كی خۆش ده‌بێ و پارچه‌پارچه‌بوون و ئینكه‌به‌ری
دژ به یه‌كتر ده‌ست پێده‌كات.
ـــ تا ئێستا جۆری كمونیستی باوترین جۆری چه‌پی لای ئێمه بووه.
چه‌پی مامناوه‌ندی كه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ چه‌مكی بازار و
دموكراسی خۆی له چه‌پی كمونیستی دوور ده‌خاته‌وه، تا ئێستا
نه‌یتوانیوه وه‌ك كمونیسم حزووری به‌هێزی ئایدئۆلۆژیكی هه‌بێ.
هه‌ڵبه‌ت ئێستا له‌باری سیاسییه‌وه دۆخه‌كه گۆڕاوه. واته
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه به كرده‌وه زۆر حیزب و لایه‌ن خۆیان به‌لانی
كه‌م له میرات و سریمه‌كانی كمونیسم دوور خستۆته‌وه، به‌ڵام
هێشتا له‌باری فكرییه‌وه چه‌پی مامناوه‌ندی قورسایی چه‌پی
كمونیستی نیه و نه‌یتوانیوه خۆی به گوێره‌ی پێویست تئوریزه
بكات. تا ئه‌و جێگایه‌ی سه‌رنجم دابێت جه‌نابیشیت له چه‌پی
كمونیسمه‌وه ته‌رجه‌مه ده‌كه‌ی. پرسیار ئه‌وه‌یه كه پێت وانیه
بۆ ئه‌وه‌ی ته‌كانێك له ئه‌ده‌بیاتی سوسیالیستی بدرێت ئێمه‌ش لانی
كه‌م پێویستمان به ڕاگوێستنی ته‌جروبه‌ی چه‌پ له قاڵبی چه‌پی
مامناوه‌ندی له وڵاتانی ئوروپاوه هه‌یه؟
ـــ به‌كارهێنانی زاراوه‌ی «چه‌پ» ئاوا به گشتی و دابه‌شكردنی به
چه‌پی سوسیالیستی و چه‌پی كمونیستی پێموایه پڕ به پێستی خۆی
نیه. ده‌زانم ئه‌مڕۆ بۆته «هه‌ڵه‌یه‌كی باو». ئه‌وه له تێڕێك
ده‌چێ كه هه‌موو شتێكی تێدایه و له‌سه‌ری نووسراوه «چه‌پ»، ئه‌و
حیزبانه‌شی تێدا جێ‌ده‌بێته‌وه كه ته‌نیا ناوی سوسیالیزمیان
به خۆیانه‌وه لكاندووه، ئه‌گه‌رچی«راست»ترین هه‌ڵوێست و
سیاسه‌تیشیان له ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌شدا هه‌بێ. به‌مئاوایه
بڕۆینه پێش، ده‌بینین زۆر حیزبی وه‌كوو «سوسیالیستی توركیه» و«
كاری ئینگلستان» و باڵێك له مه‌شروته‌خوازه‌كانی ئێرانیش ده‌بنه
چه‌پ. ئه‌مه زوڵمێكی گه‌وره‌یه ده‌رحه‌ق به‌و ملوێنه‌ها
ئینسانه‌ی كه خۆیان به چه‌پ زانیوه و له‌پێناو كۆمه‌ڵگایه‌كی
عادڵانه‌ی ئینسانی‌دا خه‌باتیان كردووه و تێكۆشاون و گیانی خۆیان
له‌و پێناوه‌دا به‌خت كردووه. من پێموایه «چه‌پ» ڕوانگه‌یه‌كی
فیكرییه كه له‌سه‌ر "دنیابینی سوسیالیزمی زانستی" دامه‌زراوه و
بڕوای به به‌رابه‌ری ئینسانه‌كان هه‌یه و بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی
بێ‌چه‌وساندنه‌وه‌ی ئینسان به ده‌ستی ئینسان تێده‌كۆشێ و نیزامی
سه‌رمایه‌داری به كۆتایی جیهان و چاره‌نووسی له‌چار نه‌هاتووی
مرۆڤایه‌تی نازانێ. ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش ته‌واو ورد نه‌بێ، به‌ڵام من
مه‌به‌ستم له چه‌پ ئه‌وه‌یه.
هه‌ر وه‌ک پێشتریش
ئاماژه‌م پێ‌کرد ملهوڕی و ئیستبدادی رۆژهه‌ڵاتیی گرفتی سه‌ره‌کی
کۆمه‌ڵگاکانی ئێمه‌یه و کۆسپی جیدییه له‌سه‌ر رێگای گه‌شه‌ی
فیکری و به‌ره‌وپێشچوونی کۆمه‌ڵگا. ئه‌م بارودۆخه ناله‌باره
ده‌ره‌تانی هه‌لسوڕانی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، رۆشنبیری یه‌کجار زۆر
به‌رته‌سک کردۆته‌وه مه‌ودا بۆ ئه‌وه نیه که تێبینی و روانگه
جۆربه‌جۆره‌کان به ئاراسته‌یه‌کی مه‌نتقیدا بڕواته پێش و بڵاو
بێته‌وه و پراکتیزه بکرێ. ئه‌وه‌ش که کراوه به دزه دزه و
نیوه و نیوه‌چڵی و به سه‌قه‌تی چۆته پێش. ئاشکرایه که
بارودۆخێکی ئه‌وتۆ ده‌توانێ گه‌وره‌ترین زه‌بر له وشیاری
کۆمه‌ڵایه‌تی به‌گشتی بسره‌وێنێ. له هه‌لومه‌رجێکی ئه‌وتۆدا كه
هه‌ر قسه‌یه‌کی جیاواز له بیروروانینه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی،
هه‌ر خواستێکی ئازادیخوازانه و دموکراتیک، هه‌ر ناره‌زایه‌تییه‌ک
له دژی هه‌لومه‌رجی ناله‌باری بژی‌و و گوزه‌ران باسی سه‌ر بێت و
شه‌ق و تێهه‌ڵدان و کوشتن و بڕینی به دواوه بێت، ئاشکرایه که
ڕه‌وته فکرییه‌کانیش به گوێره‌ی پێویست ناتوانن خۆ ده‌ربخه‌ن،
فراژۆ ببن و به قه‌ولی ئێوه ماددی ببنه‌وه. ئه‌م وه‌زعه به
جۆرێکه که ته‌نانه‌ت وه‌چه‌کانیش ناتوانن ئه‌زمونه‌کانی خۆیان
ئاڵوگۆڕ بکه‌ن. تازه ئه‌مه هێشتا هه‌ر له چوارچێوه‌ی
قسه‌شدایه، ده‌نا هیچ کام له‌و ڕه‌وته سیاسی و فکرییانه جا چ
چه‌پی تۆخ یان مام ناوه‌ندی نه ده‌سه‌ڵاتی به ده‌سته‌وه بوه و
نه توانیویه‌تی به کرده‌وه
خۆی بخاته به‌ر ده‌م تاقیکاری و خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگا بتوانن
چاو له ئاکار و کرگاره‌کانی بکه‌ن. دیاره هه‌تا ئه‌م گرفته
هه‌بێ ڕه‌وته فکرییه‌کانیش هه‌ر ده‌توانن به نیوه و نیوه‌چڵی
له بۆشاییه‌کاندا که پێک دێت ده‌رفه‌ته‌کان بقۆزنه‌وه و که‌مێک
خۆ ده‌رببڕن. ئه‌گه‌رچی ئێستا به هۆی گه‌شه‌ساندنی به‌رچاوی
هۆکاره‌کانی ڕاگه‌یاندن تا ڕاده‌یاکی زۆر کۆسپه‌کانی به‌ر ده‌م
ڕاگوێزاندنی تاقیکارییه‌کانی مرۆڤایه‌تی و پێوه‌ندی نێوان
تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵ زیاتر بوه، به‌ڵام دیسان نابێته ئه‌وه‌ی
که جه‌ماوه‌ر به گشتی بتوانێ بۆخۆی پرۆڤه‌ی ئه‌و رێبازه
فکرییانه بکات، هه‌ڵیسه‌نگێنێ و له ڕه‌وتێکیی دیموکراتیکدا
جیاوازییه‌کانیان بناسێ و به ئه‌زمونی خۆی هه‌لسوکه‌وتیان
لێكبداته‌وه.
ئه‌وه‌ی که "چه‌پی مام ناوه‌ندی" له‌چاو چه‌پی کمونیستی قورسایی
ئه‌وتۆی فکری نییه، پێموایه گرفته‌که له چه‌پی به قه‌ولی
ئێوه مامناوه‌ندی خۆی دایه. چونکا ئه‌م فکره خۆی له ده‌رونی
خۆیدا دووفاقی یان پارادۆکسێکی له‌خۆی گرتووه و نه‌یتوانیوه
وڵامێکی تیوریکی یان پراکتیکیش به‌و پارادۆکسانه بداته‌وه. ئێوه
ده‌ڵێن جیاوازییه‌کانی ئه‌م چه‌په له گه‌ڵ چه‌پی کمونیستی له
چه‌مکه‌کانی بازار و دموکراسیدایه. جا له راستیدا گرێی سه‌ره‌کیش
هه‌ر له‌م چه‌مکانه‌دایه، سنوری نێوان چه‌پ و راستیش هه‌ر ئه‌م
دوو چه‌مکه‌یه، شاده‌ماری عه‌داڵه‌تخوازی و به‌رابه‌ریش هه‌ر ئه‌م
دوو چه‌مکه‌یه. گرێی سه‌ره‌کی یان باشتر بڵێم مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی
له سوسیالیسم و چه‌پدا هه‌مان مه‌سه‌له‌ی خاوه‌نیه‌تی یان
مالکییه‌ت له لایه‌ک و شکڵی بازار و دموکراسی له لایه‌کی
دیکه‌یه. ئایا دموکراسی ده‌توانێ به‌ستێنی ئابوریش بگرێته‌وه و
ئینسانه‌کان ده‌راوی ئه‌وه‌یان هه‌بێ که بتوانن
پێداویستییه ماددییه‌کانیان دابین بکرن و برسییه‌تی و هه‌ژاری و
بێ ئیمکاناتی بڕستیان لێ نه‌بڕێ؟
چه‌پێ مامناوه‌ندی نه‌ک هه‌ر له کۆمه‌ڵگای ئێران به‌ڵکو له
ئاستی جیهانیشدا نه‌یتوانیوه خۆ له‌و دووفاقییه ده‌ربهاوێژێ و
و‌ڵامیان پێ‌بداته‌وه. ده‌ری خستوه که مه‌ستی له بازار هه‌مان
بازاری سه‌رمایه‌دارییه که سه‌ر له چه‌وساندنه‌وه،
ناعه‌داڵه‌تی و پاماڵ بوونی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری دانیشتوانی
کۆمه‌ڵگا و که‌ڵه‌که‌بوونی سه‌رمایه‌ش له لای ژماره‌یه‌کی که‌می
دانیشتوانی کۆمه‌ڵگا که خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکیشن، ده‌ردێنێ.
دیاره ئه‌مه کیشه‌یه‌کی
فکری جیدییه و من به‌ش به حاڵی خۆم زۆر به قازانجێ ده‌زانم که
بوارێکی به‌رفراوان له کۆمه‌ڵگاکه‌ماندا هه‌بێ تا بکرێ هه‌ركام
له‌و روانینه فکرییانه بتوانن له به‌ربه‌ره‌کانێیه‌کی ئاسایی‌دا
جێگای شیاوی خۆیان له کۆمه‌ڵگادا ببیننه‌ووه.
ـــ دیاره هه‌موو كه‌س به گوێره‌ی بیروخولیا و خه‌ونی خۆی ده‌ست
ده‌داته وه‌رگێڕان. به‌ڵام پێتان وانیه كه ئه‌مه مامه‌ڵه‌یه‌كی
ئایدیۆلۆژیانه‌یه له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕان و ئێمه له ڕاستیدا
پێویستمان به‌وه هه‌یه كه جۆره روانینێكی‌تری چه‌پ بهێنینه
ناو كۆمه‌ڵگای خۆمانه‌وه؟ لێره‌دا حه‌ز ده‌كه‌م ئاماژه به
هه‌ڵوێستێكی ئینگلس بكه‌م كه گرینگییه‌كی تایبه‌تی به
نووسراوه‌كانی بیریارانی سه‌ده‌ی ١٨ واته چه‌رخی رۆشنگه‌ری ده‌دا؟
ـــ ئه‌و راسته که به‌رهه‌می رۆشنبیریی به گشتی به‌جۆرێک
ئاوێنه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیروروانگه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کانیه‌تی.
ئه‌گه‌ر وا نه‌بێ ئه‌وه جێگای سه‌رسوڕمانه، ده‌نا هونه‌ری رووت،
به بێ دنیابینی به بێ ئه‌رکی کۆمه‌ڵا‌تی زۆر بڕ ناکات.
ته‌نانه‌ت زۆر که‌سی وه‌ک ئه‌حمه‌دی شاملو شتێک به هونه‌ر
ده‌زانێ که ئه‌رکێکی ئینسانی خستبێته سه‌ر شانی خۆی. یان ده‌بێژی
هونه‌ر ده‌بێ شه‌رم له‌وه بکات که شتێکی خونسا بێت. مه‌به‌ستم
ئه‌وه‌یه بڵیم که ئیدئۆلوژی و روانگه‌ی فکری بێ‌گومان شوێن له
سه‌ر کاره ئه‌ده‌بێ و فکرییه‌کان داه‌ده‌نێ، جا چ نوسین و
وه‌رگێڕان بێ یان هه‌ر بوارێکی دیکه‌ی رۆشنبیری. گومانیشم له‌وه‌دا
نیه که ده‌مارگیری، به‌رچاوته‌نگی و وشکارۆیی له هه‌ر شتێکدا و
له‌وانه‌ش ئیدئۆلوژی ده‌توانێ شوێنێکی یه‌کجار خراپ له‌سه‌ر
به‌رهه‌مه‌کان دابنێ. ئه‌مه کێشه‌یه‌که که به درێژایی مێژووی
نوسین بیرومێشکی ئینسانه‌کانی به‌خۆیه‌وه خه‌ریک کردووه. کێشه‌ی
سه‌ره‌کی له‌و چه‌مکه‌دا له‌وه‌دایه که داخوا هونه‌ر ده‌بێ
ره‌ساڵه‌ت و به‌رپرسیاره‌تیش له پێناو کێشه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگادا
هه‌ڵگرێ، یان هونه‌ر ده‌بێ له‌پێناو هونه‌ردا بێ و به‌س.
ئه‌وه‌ی که ئێمه پێویستیمان به روانگه‌یه‌کی چه‌پی دیکه هه‌یه
و ده‌بێ بیهێنینه گۆڕێ، ئه‌مه روانینێکی مکانیکییه بۆ کێشه
سیاسی و فکرییه‌کان و بۆخۆشی جۆره وشکارۆییه‌کی تێدایه، له
ڕاستیدا ئه‌مه‌ش بۆ خۆی مامه‌ڵه‌یه‌کی ئیدئولۆژییانه‌یه. ئه‌م
چه‌په‌ش که ئێوه ده‌یڵێن، بۆخۆی ئیدئولۆژییه‌كه، بۆخۆی
فه‌لسه‌فه و تێڕوانین و به‌رنامه‌ی خۆی هه‌یه بۆ سیاسه‌ت، بۆ
ئابوری و بۆ کۆمه‌ڵگا به گشتی. ئه‌مه له لایه‌ك، له
لایه‌كی‌دیكه‌ش هه‌ر ئه‌م چه‌مكه‌ی كه ئێوه باسی ده‌كه‌ن و
ئێستا له‌گۆڕێدایه و به ناوی "چه‌پی نوێ" وه قسه‌ی لێده‌کرێ
له‌ڕاستیدا هیچ بابه‌تێكی تازه‌كوره نیه. کێشه‌ی بیروباوه‌ریی
نێوان ئه‌و دوو چه‌په شتێکی کۆنه و هه‌ر له سه‌ره‌تای
سه‌رهه‌ڵدانی خۆیه‌وه، له سه‌رده‌می مارکسه‌وه هه‌تا ئێستا
به شێوازی جۆربه‌جۆر له‌گۆڕێدا بووه. ئه‌م دوانه ئێستا ئه‌وه
نین که له سه‌ره‌تادا بوون، بێ گومان له داهاتوشدا ئاڵ‌وگۆڕیان
به‌سه‌ر دێت و ئه‌وه نابن که ئێستا هه‌ن. ئه‌مانه هه‌مووی
ئه‌زمونی مرۆڤایه‌تین، وڵامی مرۆڤایه‌تین بۆ چۆنیه‌تی دارشتنه‌وه‌ی
ژیان و به‌رێچون و شوێنی ئینسان له ناو کۆمه‌ڵگا. پێموایه ده‌بێ
له هه‌موو ئه‌زمونه باشه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی باشتری كۆمه‌ڵگا
كه‌ڵك وه‌ربگیردرێ. هه‌ر وه‌ک پێشتریش ئیشاره‌م پێ‌کرد زۆرم
پێ‌باشه مه‌جال هه‌بێ بۆ ده‌ربڕین و خۆ ده‌رخستنی هه‌موو
روانگه‌کان، له‌وانه ئه‌و چه‌په‌ش. ده‌بێ ده‌راوێکی کراوه بۆ
خه‌ڵک له‌ناو كۆمه‌ڵگادا هه‌بێ، هه‌تا بتوانن له مه‌یدانی کێشه
فکری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به بێ كۆسپ و له ته‌نگه‌تاوخستن
نه‌خش و ده‌وری خۆیان هه‌بێ، به‌شدار بن و بتوانن هه‌ڵبژێرن.
ـــ له کۆتاییدا
گه‌لێک سوپاستان ده‌که‌ین و ده‌ستتان خۆش بێت!
|