زمانی شیعریی، زمانی سینه‌مایی له (قه‌سیده/فیلم)ی (له ده‌روازه‌ی قه‌برستانی مه‌عمه‌ل قیڕدا) ی ئیسماعیل به‌رزنجی عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا (3-4) دیمه‌نی سێیه‌م دیمه‌نی سێیه‌م كه له ونبوونی زێوان به وشه‌ی (وادێم) ده‌ست پێده‌كات، وه‌ك شوێن‌و كات هه‌مان شوێن‌و كاتی دیمه‌نی دووه‌مه‌و به دركاندنی كاری وادێم به‌ره به‌ره له كامیرا نزیك ده‌كه‌وێته‌وه، تا دواجار له رسته‌ی (به ماتی ده‌ست له كێلان وه‌ردێنم) شاشه‌ی كامیرا داگیر ده‌كات. له‌و دیمه‌نه‌دا بینه‌ر هه‌ست به‌وه ده‌كات كه (شاعیر/كاراكته‌ر) زۆرترین هه‌وڵ بۆ به پیرۆز راگرتنی ئه‌و سه‌ردانه خه‌رج ده‌كات، چونكه نه‌ك هه‌ر نایه‌وێت ده‌ستكاری شته‌كان بكات، به‌ڵكو نایه‌وێت له خه‌وی قوڵیش به ئاگایان بێنێت. ئه‌وه‌ی له‌و سه‌ردانه كه به تامه‌زرۆییه‌وه پێی هه‌ڵده‌سێت ده‌ست له كێل وه‌رهێنانه. كه‌واته له دوای ده‌سپێكی ئه‌و دیمه‌نه به وا دێم ئیتر رسته‌ی (به شه‌قاوی له‌رزۆكاوی) ته‌نها ته‌عبیر له له‌رزه‌ی جه‌سته، به‌رامبه‌ر مه‌رگی (ئه‌و) ناكات، به‌ڵكو ده‌نگیش ده‌له‌رزێ، ئه‌گه‌ر له‌رزینی جه‌سته وه‌ك كامیرا دیمه‌نێكی راسته‌وخۆی حاڵه‌تی ناوه‌وه‌و ئازاری ویژدان‌و شپڕزه‌ییمان پێبناسێنێ، ئه‌وه وه‌ك ده‌لاله‌ت ته‌عبیر له ته‌نیایی (شاعیر/كاراكته‌ر) ده‌كات‌و هه‌ر له‌وێشه‌وه رابردوو دێته ناوه‌وه، به‌و مانایه ده‌نگی له‌رزۆكی (به‌رزنجی) وه‌ك رابردوو به جه‌سته‌ی (ئه‌و)ه‌وه ده‌لكێ، هه‌ر له‌وێشه‌وه درككردنی ته‌نیایی خۆی به رسته‌ی ده‌ست له كێلان وه‌ردێنم ده‌ڕه‌وێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر مانای یه‌كه‌می ئه‌و رسته‌یه ره‌واندنه‌وه‌ی ته‌نیایی بێت، مانای دووه‌م خۆی له چێژی گێڕانه‌وه‌دا هه‌ڵده‌گرێته‌وه. یه‌كه‌میان: ترس له‌خۆ ده‌ركردنه. دووه‌میان: هه‌ڵگری جۆرێكه له شه‌به‌قییه‌ت‌و به فیكره‌ی جه‌سته‌وه به‌نده. كه‌واته (كێل) وه‌ك چۆن ده‌لاله‌تی (باڵا) له‌خۆ ده‌گرێت، په‌یوه‌ندیكردنی (ئه‌و)یش به ژیان ده‌گه‌یه‌نێت. (بۆ به دواداچوونی فیكره‌ی جه‌سته، ده‌شێ خوێنه‌ر بۆ قه‌سیده‌ی "من هه‌میشه له‌وێوه دێم"ی شاعیر بگه‌ڕێته‌وه، كه ده‌ڵێت: له حه‌وشه‌كه‌دا، دوو جار كراسی سپی له به‌ر كرد، جارێكیان بۆ من‌و ئه‌ویتریش بۆ قه‌بر). كه‌واته ده‌نگی له‌رزۆكی (به‌رزنجی) له دیمه‌نی سێیه‌مدا له لایه‌ك ترسه له ته‌نیایی، له لایه‌كی دیكه مماره‌سه كردنی چێژی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، وه‌ك چۆن به رووه‌كه‌ی دیكه‌ش ئه‌و هه‌نگاونانه‌ی (به‌رزنجی) رووه‌و چێوره‌مه‌ی جوانه‌مه‌رگ ته‌عبیر له جوله‌ی سینه‌مایی ده‌كات. ده‌مه‌وێت بڵێم: ئه‌وه‌ی وه‌رگر به له‌رزۆكاوی ده‌یبینێت، ده‌شێ فێڵێكی سینه‌مایی بێت به‌رامبه‌ر (بینین/هه‌ست)و (بیستن/خه‌یاڵ)، ئه‌و قسه‌یه‌شمان به‌وه پشت راست ده‌كه‌ینه‌وه كه له‌و دیمه‌نه‌دا هه‌ست به داخستنی مانا ده‌كه‌ین. واته له پشت (نه خۆڵ، نه به‌رد، نه پنجه گیا...) جگه له مۆنتاژ كردنی گرته‌كان‌و خزینی وێنه نه‌بێت، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی دیكه‌ی شیعری وجودی نییه، یان به مانایه‌كی دیكه له پشت ئه‌و وێنه‌یه به قه‌د ئه‌وه‌ی (بینین/هه‌ست) ده‌خرۆشێ، ئه‌وه‌نده (بیستن/خه‌یاڵ) داده‌خرێت، یان به مانایه‌كی دیكه ئه‌و وێنه‌یه دوای كاتی ئێستا ده‌كه‌وێ، ده‌بێته قوربانی ره‌هه‌ندی سێیه‌م تا بۆ وێنه‌ی سروشتی به كامیراگیراو بگۆڕدریًَت. هه‌روه‌ها ده‌شێ له رێگه‌ی ئیقاعی گرته‌كانه‌وه جوانكاری جوله (وا دێم، به شه‌قاوی له‌رزۆكاوی، رووه‌و چێوره‌مه‌كه‌ت هه‌نگاو ده‌نێم، نه خۆڵ ، نه به‌رد، نه پنجه گیای سه‌ر دڵت، هیچیان وه‌ئاگا ناهێنم، به ماتی ده‌ست له كێله‌كان وه‌ردێنم) به‌رجه‌سته بكه‌ین، ئه‌و جوانكارییه به قه‌د ئه‌وه‌ی ئاسۆیه‌كی نوێ به‌رامبه‌ر (بینین) ده‌كاته‌وه‌و سه‌ر به زمانی سینه‌ما‌و ته‌جریده، ئه‌وه‌نده به شیعرییه‌ت‌و خه‌یاڵه‌وه به‌ند نییه. كه‌واته جوانكاری جوله سه‌ر به یۆتۆپیای مۆسیقای سینه‌ماییه، یۆتۆپیایه‌ك كه هه‌ستی جوله‌كردن ده‌وروژێنێت. هه‌ر له رێگه‌ی مۆسیقای ئه‌و دیمه‌نه‌شه‌وه زمانی سینه‌ما به‌رفره‌وان ده‌بێت، وه‌ك چۆن هه‌ر له‌وێشه‌وه ده‌شڵه‌ژێ، شڵه‌ژانی زمان، ته‌عبیر له ده‌لاله‌ته جێبه‌جێ نه‌كراوه‌كان ده‌كات، به‌و مانایه‌ش ئه‌و (ده‌نگه ده‌نگ)ه به په‌رۆش‌و له‌رزۆكاوییه‌ی (به‌رزنجی) زێتر داپۆشینی ئاماژه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت. بۆیه له مانا راده‌كات‌و به جوله‌یه‌كی نادیار ده‌كه‌وێته نێو رووداوه‌وه، به‌رجه‌سته كردنی رووداو ته‌عبیر له گه‌یاندنی هه‌واڵ‌و كه‌وتنی شیعرییه‌ت ده‌كات. ئه‌و خاڵه زمانی سینه‌مایی تۆختر‌و زمانی شیعری كاڵتر نیشان ده‌دات. دیمه‌نی سێیه‌م كه وه‌ك خۆ ئاماده‌كردنێك بۆ دیمه‌نی چواره‌م خۆی ده‌نوێنێ، ده‌شێ دوو كرده‌ی دیكه له نێو (ژیان/ئه‌زموونكردن) بخاته روو، یه‌كه‌میان: له رووی ده‌لالییه‌وه ده‌كه‌وێته نێو (خراپ ئه‌زموونكردن)و منی مازۆخی رابه‌رایه‌تی ده‌كات، له رووی كامیراییه‌وه شه‌قاوی له‌رزۆكاوی ته‌عبیری لێ ده‌كات. دووه‌میان: له رووی ده‌لالییه‌وه ده‌كه‌وێته نێو (باش ئه‌زموونكردن)و به منی نێرگزییه‌وه ده‌لكێت، به‌ڵام له رووی كامیراوه به گرته‌ی هیچیان وه‌ئاگا ناهێنم به‌نده. ئه‌گه‌ر خراپ ئه‌زمونكردن بۆ ناوه‌ندیاری شیعری (ده‌نگ، ره‌مز، نووسین، سپێتی) بگه‌ڕێته‌وه، باش ئه‌زموونكردن بۆ ناوه‌ندیاری سینه‌مایی(كامیرا، سرووشتی رووناكی، مامه‌ڵه‌كردن، كیمیاگه‌ری، ئامێره‌كانی دیكه..) ده‌گه‌ڕێته‌وه. لێره‌دا ده‌مه‌وێت بڵێم درێژبوونه‌وه‌ی رووه سۆزئامێز‌و بریقه‌داره‌كه‌ی ئه‌و (قه‌سیده/فیلم)ه به قه‌د ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به كرده‌ی دووه‌مه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌نده به كرده‌ی یه‌كه‌مه‌وه به‌ند نییه. ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له كرده‌ی سینه‌مایی ماوه‌ی نێوان بینه‌ر‌و وێنه له رێگه‌ی جوله‌ی خه‌ڵه‌تێنه‌وه نامێنێت، له‌وێشه‌وه به یارمه‌تی مۆسیقا وا ده‌كات بینه‌ر له حاڵه‌تی گرتنی گۆشه‌ی نیگای دیمه‌نه‌كان تێكه‌ڵ به كامیرا بێت، نه‌ك به مانا‌و خه‌یاڵی زمان. به‌مجۆره وێنه‌ی شیعری ده‌بێته قوربانی جوله‌ی منی كامیرایی‌و بۆ وێنه‌ی به كامیرا گیراو ده‌گۆڕێت. دیمه‌نی چواره‌م دیمه‌نی چواره‌م به گرته‌ی (به ناڵه‌یه‌كی حه‌زین ده‌چرپێنمه گوێت) ده‌ست پێده‌كات، هه‌ڵبه‌ته ئه‌و گرته‌یه وه‌ك شوێن گۆڕستان‌و وه‌ك زه‌مه‌ن ده‌كه‌وێته ئێستای (قه‌سیده/فیلم)ه‌وه‌و گرته‌كه ته‌واوی شاشه‌ی داگیر كردووه، به‌ڵام دواتر له جوله‌یه‌كی ته‌كنیكیدا له توێی ئیقاعێكی پرسئامێز كامیرا ئاسۆی بینینی بۆ رابردوو (به‌یه‌كه‌وه ژیان) ده‌گوازێته‌وه، به‌ڵام وه‌ك شوێن ته‌عبیر له ماڵ (واته ژیانی منی زیندوو‌و ئه‌وی جوانه‌مه‌رگ) ده‌كات. كۆی گرته پرسئامێزه‌كانی دیمه‌نی چواره‌م ده‌كه‌وێته نێو ئیقاعێكی نه‌رم‌و هێمن، ئیقاعی نه‌رم‌و هێمن فه‌زای بیرخستنه‌وه ده‌كاته‌وه‌و زێتر سه‌ر به لاواندنه‌وه‌یه، وه‌ك چۆن له‌و دیمه‌نه لاواندنه‌وه‌ش ده‌كه‌وێته نێو مه‌نه‌لۆگه‌وه. (بارستاركۆ)ی (ئیتاڵی) ئیقاع به به‌رهه‌می جوانكاری جوله داده‌نێت، ئه‌و پێیوایه ئیقاع ئاسۆیه‌كی نوێ به‌رامبه‌ر بینین ده‌كاته‌وه‌و ده‌بێته تایبه‌تمه‌ندی زمانی سینه‌مایی‌و كۆدی گێڕانه‌وه له‌خۆ ده‌گرێت. ئه‌گه‌ر به‌شێك له په‌یوه‌ندی زمانی (فیلم/قه‌سیده) به زمانی سینه‌مایی ئه‌وه بێ كه له ئیقاعدا خۆی ده‌نوێنێ، به‌شێكی دیكه‌ی له مه‌نه‌لۆگه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت. مه‌نه‌لۆگ له هونه‌ری سینه‌ماییدا سیسته‌مێكی ته‌عبیرییه‌و میكانیزمی به‌رهه‌مهێنانی كۆی ئه‌و ده‌لاله‌تانه‌یه كه (ده‌رهێنه‌ر/شاعیر) له رێگه‌ی (حاڵه‌تی ده‌روونی/ته‌كنیك) ده‌یخاته روو، هه‌ر له‌وێشه‌وه بینه‌ر ده‌خاته گه‌مه‌یه‌كی سیحرئامێز، ئه‌گه‌ر به جۆرێك ئه‌و میكانیزمه له هونه‌ری سینه‌مایی ناساندنی فه‌زا شاراوه‌كانی كاراكته‌ر له‌خۆ بگرێت‌و نیازی تایبه‌تی له پشته‌وه بێت، به دیوه‌كه‌ی دیكه هونه‌رێكه له هونه‌ره‌كانی كێشكردن‌و تێوه‌گلانی وه‌رگر. به‌ڵام له رووی ده‌لالییه‌وه خوێنه‌ر له خوێندنه‌وه‌ی مه‌نه‌لۆگه‌كانه‌وه هه‌ست ده‌كات ئه‌وه‌نده‌ی به‌رچاو خستنی دیمه‌نه هه‌ڵبژارده‌كان كاری له سه‌ر كراوه، ئه‌وه‌نده ئاماژه‌ی شیعری‌و شیعرییه‌ت فه‌رامۆش كراوه. وه‌ك گوتمان به‌شێكی زۆری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان سینه‌ما‌و شیعر ده‌كه‌وێته سه‌ر ره‌وانبێژی‌و رووناكییه‌وه، به‌و مانایه (به‌رزنجی) ده‌یه‌وێت زۆرترین رووناكی بخاته سه‌ر هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له پێكه‌وه ژیان‌و ئه‌زموونی ناوه‌كی، رووناكی خستنه سه‌ر ئه‌زموونی ناوه‌كی به هه‌موو مانایه‌ك ته‌عبیر له به گشتیكردن ده‌كات، هه‌ر له‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌شه‌وه گه‌مه له‌گه‌ڵ هه‌ستی سۆزئامێزی (بینه‌ر/خوێنه‌ر) ده‌كات‌و له نێو ئه‌زموونی ناوه‌كی خۆی ده‌یتوێنێته‌وه. لێره‌دا له‌و به‌ر چاو خستنه سیسته‌می سینه‌مایی رۆڵی گرنگی بینیووه، چونكه (( له فیلم‌دا "بینه‌ر" خۆی به كاراكته‌ری هاوێنه به‌راورد ده‌كات‌و له‌وێشه‌وه خۆی تێكه‌ڵ به "چیرۆكبێژ" ده‌كات)) . هه‌ر له‌وێشه‌وه هه‌ستێكی جوله‌ئامێز به‌ره‌و ژانوژوواری دیمه‌نه هه‌ڵبژارده‌كانی به یه‌كه‌وه ژیان (من‌و ئه‌و)مان ده‌كاته‌وه، بڕوانه: (-كوا مه‌قاماتی راكشان؟-كوا جگه‌ر كێشانی پێش چوونه نێو جیگا؟-كوا له‌عابه‌كانی زیلان؟-كوا فاتوره‌ی ئاو‌و كاره‌با؟-كوا كاسێتی (القلب یعشق كل الجمیل)؟-كوا پاكه‌تی سۆمه‌ری بولگاری؟-كوا بالیفه گه‌وره‌كه‌مان؟-كوا به‌تانییه دوو نه‌فه‌رییه‌كه‌مان...) هه‌ڵبه‌ته گوتنی مه‌قامات‌و كرده‌ی راكشان نه‌ك هه‌ر ته‌نها له بنه‌ڕه‌تدا وێنه‌یه‌كی به كامیرا گیراومان پێده‌به‌خشێت، به‌ڵكو هه‌ستی وه‌رگریش به‌و جوله‌یه ده‌خرۆشێنێ (به‌كار هێنانی وشه‌ی "خرۆشاندن" به مانا سێكسییه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به وشه‌ی "راكشان" ده‌كات). به گشتی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌و سه‌ربرده‌یه‌ی (به‌رزنجی) زه‌مه‌ن به مه‌كان، ئێستا به رابردوو گرێ ده‌دات، كۆی ئه‌و گرێدانه‌ش به جوله‌ی سه‌ردانی گۆڕستانه‌وه ده‌لكێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له هه‌ر سێ دیمه‌نی سه‌ره‌تا، كامیرا ئه‌سڵی یه‌كه‌م بگه‌یه‌نێت، ئه‌وه له‌م دیمه‌نه كامیرا كۆمه‌ڵێك گرته ده‌گرێ، كه له حاڵه‌تی دووه‌م‌و كۆپیكراوی ئه‌سڵن. به‌ڵام (به‌رزنجی) به وشه‌ی پرسی (كوا) درككردنت له رێگه‌ی وڕوژانی هه‌ستی وه‌رگر هه‌مان جوله‌ی ئه‌سڵ‌و یه‌كه‌میان تێدا دووباره بكاته‌وه. وشه‌ی (كوا) له‌و مه‌نه‌لۆگانه‌دا كارێكی گرنگ له ئه‌ستۆ ده‌گرێ، ئه‌ویش له لایه‌ك خستنه جوله‌ی وێنه‌كانه له لایه‌كی دیكه ئاسانكاری بۆ كامیرامان ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی كامیرا له شوێنێكی دیاریكراو جێگیر بكات. -كوا مه‌قاماتی راكشان؟ -كوا جگه‌ر كێشانی پێش چوونه نێو جیگا؟ -كوا رۆمانی (مرحبا ایها الحزن) -كوا له‌عابه‌كانی زیلان؟....هتد. له كۆی ئه‌و گرتانه‌دا راسته‌وخۆ به‌شێكی زۆر له وه‌همی كامیرا ده‌كه‌وێته سه‌ر مۆنتاژ به‌و مانایه‌ش وه‌ك (كاركۆفسكی) پێیوایه رۆڵی مۆنتاژ به شێوه‌یه‌كی گونجاو رۆڵی ته‌وزیفكردنی جوله‌یه، هه‌ر له‌وێشه‌وه ئه‌ساڵه‌ت‌و قوڵایی ناوه‌ڕۆك (كه لێره‌دا سه‌ردانیكردنی گۆڕی جوانه‌مه‌رگه) ده‌گه‌یه‌نێت. به‌و مانایه ئه‌وه (ده‌رهێنه‌ر/شاعیر)ه، له هه‌ڵبژاردنی گرته‌و وێنه‌كاندا بیروڕای خۆی ده‌سه‌پێنێت، هه‌ر له‌وێشه‌وه منی نێرگزی به پێی یاسای بینین ده‌رده‌كه‌وێته‌وه، یاسای (بینین/هه‌ست) له سینه‌مادا له قه‌ڵه‌مباز دێته به‌رهه‌م‌و نابه‌رده‌وامی حوكمی به سه‌ردا ده‌كات، به‌رده‌وامبوونی هونه‌ریش له سینه‌مادا له سه‌ر ته‌جاوزكردنی ئه‌و نابه‌رده‌وامیه راده‌بێته‌وه، هه‌ر له‌وێشه‌وه به دیمه‌نی پێنجه‌م ئاشنامان ده‌كات. |