لە چ شوێنێکى ئەم دنیایەدا مافى ژنان و
پیاوان یەکسانە؟ لەکام وڵاتى ئەم جیهانەدا بەشێوەیەکى باش
لەڕووى تەندروستى و پەروەردەییەوە بایەخ بە ژنان دراوەو وەکو
پیاوان شانسى پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە لەڕووى سیاسی، ئابوورى
و گشت بوارە جیاجیاکانى ژیاندا؟
ڕێکخراوى کۆڕى ئابوورى جیهانی، لەم
بارەیەوە ڕاپۆرتێکى بەدواداچوونى لە بارەگاکەی خۆیان لە وڵاتى
سویسرا ئەنجامداوەو بەمجۆرە چەند وڵاتێکى هەڵسەنگاندوە:
لەنێوان (58) وڵاتدا کە لە لیستى ئەم ڕێکخراوەدا ناویان هاتووە
وڵاتى سوید لە ریزى پێشەوەو میسریش لەڕیزى خوارى خوارەوەى
لیستەکەدا دانراوە. ژنانى سویدى لەڕووى پەروەردەیى و
خزمەتگوزارى تەندروستیدا شانسێکى باشیان هەیەو، لەکۆمەڵگەیەکى
تێگەیشتوو زانست پەروەردا ژیان دەگوزەرێنن. هەروەها بەشێوەیەکى
ئاسایى وڵاتانى
ئەسکەندیناڤیەکان بە پلە پێنج دانراون و لەڕیزى سەرەوەى ئەم
لیستەدان. ژنان
لەم وڵاتانەدا هەمیشە سودمەند بوون لە یاساى پاراستنى مافەکانى
مرۆڤ.
هەروەها نیوزلەندا، کەنەدا، بەریتانیایش
پلەى بەرزیان بەدەستهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا پلەى نیوزلەندا بە
هۆى کەمى دەرفەتى کارکردن بۆ ژنان تێیدا، لە ئاستى پلەکەى
دابەزاندوە. بەریتانیاش بەهۆى کەمى بایەخدانیان بە تەندروستی و
سەلامەتی ژنانەوە پلەیەکى نزمى پێدراوە. ئەم ڕیکخراوە وتى:
چاودێریکردنى ژنان لەسەردەمى سکپڕیداو پاراستنى تەندرووستى
کۆرپەلەو دایک، یەکێکە لەئەرکە هەرەگرنگەکانى حکومەتى هەر
وڵاتێک.
ئەوەى
بۆتە مایەى سەرسوڕمان لەم لیستەدا دەستنیشانکردنى ناوى هەندێک
وڵاتى زلهێزە کە ناویان لەڕیزى خوارى خوارەوەى ئەم لیستەدا
هاتوە. بۆنموونە ئەمەریکا
پلەى هەڤدەهەمى بەدەست هێناوەو نەیتوانیوە لەم لیستەدا
پلەیەکى بەرز بەدەست بێَنێت. بەپێى ئەم ڕاپۆرتە لە ئەمەریکا
ژنان بە درێژاى ئەو ماوەيەى کەناتوانن بچنە سەر کار، بەهۆى
گرفتى منداڵبوونەوە زۆربەى کات تا کاتى گەڕانەوەیان بۆ
سەرکارەکانیان مووچەیان پێنادرێت! ئەم کێشەیەش بۆ ژنان ئەبێتە
هۆى بێبەشبوون و دواکەوتنیان لەپیشەکەیان و رووبەڕووى دژوارى
تەندروستى و هەژارى و دووچارى پەشێوى دەروونیی دەبنەوە.
هەروەها جێگاى سەرسوڕمانە کە بەنگلادش لەنێوان وڵاتە
ئیسلامیەکاندا بەرزترین ئاستى پلەى بەدەست هێناوەو لە پێش هندو
پاکستانەوەیە. هۆکارى ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە کچان
لەوڵاتانى هندو پاکستاندا زۆر کەمتر لەکوڕان دەنێردرێنە بەر
خوێندن.
هەروەها
یابان لەگەڵ ئەوەى کە وڵاتێکى دەوڵەمەندیشە بەڵام لە
لیستەکەدا ناوى لەخوار چینەوە دانراوە، چونکە ژنانى کارمەند لە
ژاپۆن پارەیەکى زۆر کەمتر لەپیاوان وەردەگرن. ئەمجیاوازیەى
ژاپۆن، تەنانەت ژنە سیاسەتمەدارەکانیش دەگرێتەوە. رێکخراوى
بەدواداچوونى کۆڕى جیهانى ئابوورى ئاماژەى بەوەشداوە ئەو
وڵاتانەى کە پلەیەکى باشیان بەدەستهێناوە لەڕووى یەکسانى نێوان
ژنان و پیاواندا لەم لیستەدا زۆربەیان ئەو وڵاتانەن کە کە
لەبارێکى ئابوورى زۆر خراپدان.
لە کۆتایدا ئەم ڕێکخراوە ئاماژەى بە خاڵێکى
گرنگ داو وتى: ئێمە لەو باوەڕەداین ئەو وڵاتانەى رێگرن لە
گەشەى تواناکانى نیوەى کۆمەڵى دانیشتوانەکەى خۆیان، لەڕاستیدا
ئەو وڵاتانە زيان لە گەشەى ئابوورى وڵاتەکەى خۆیان دەدەن.
شوباتى 2009
سەرچاوە: سایتىbbc