ئه‌نجومه‌نی قه‌ڵه‌می کوردستانی ئێران

وتار
 
  ئێمە لە رەمەزانیشدا مرۆڤدۆست نه‌بووین
Home
فارسی
English
 

حهمهی ئهحمهد ڕهسوڵ

رەمەزان مانگێکە موسڵمانان پراکتیکى تەواوەتى و سەرتاسەرى فەرزەکان و سوننەتەکان و ئەرکەکانى خۆیان بەرامبەر خوداى کردگار و میهرەبان جێبەجێدەکەن. حیکمەتێکى گەورەى تێدایە کە مرۆڤ دانبەخۆیدا بگرێت و لە سپێدەوە تا زەردەپەڕو ئێوارە نە نان بخوات نەئاو بخواتەوە و نەهیچ کردارێکى ناشرین و نەخراپەکارى بکات! بەکورتى حیکمەت و پەندى گەورەى رەمەزان لەوەدایە مرۆڤى خواناس و باوەڕدار، واز لەشەهوانییەتە غەریزییە بێشوومارەکانى زاتى خۆى بێنێ، لەپێستى خراپە و بەدکارى مرۆڤێکى بەد بچێتە دەرەوە و پۆشاکى فریشتەیەکى پاک و چاک بپۆشێت، ببێتە مرۆڤێکى تەواو و کامڵ، خاڵى بێت لە درۆ و دزى و گزى و فزى و دڵپیسی و داوێن پیسی و کوشت و کوشتار!! رەمەزان لابورێکى سی (30) ژوورییە و مرۆڤى گوناهبار پیایدا تێپەڕدەبێ، ياخود بە ئاوێکى پاک خۆى بسمیل دەکات و خۆى لەگوناه و لە خراپەکارى پاک دەکاتەوە، جارێکى دیکە پەیمان بەخۆى و بە یەزدان دەداتەوە کە ئیدى مرۆڤێک بێت، رێز لەمرۆڤى بەرامبەرى خۆى بگرێت، یەکسانى و برایەتى پیادە بکات و ئیدامە بەژیانێکى پڕلەقەناعەت و موحیبەت و رێز و ئاسوودەیی و هێمنى بدات، چ باشی و چاکەیەکى بۆ خۆى و خێزانەکەى دەخوازێت، بۆ هاوسێ و بۆ هاوڵاتى و هاونیشتمانییەکەى خۆشی داخوازبێت و رۆژانە بە کردار و بە هەڵوێست نوومایشی بکات!


رەمەزان بۆ ئەو هۆکارە ئافەریدە و فەراهەمکراوە، کە ئیدى تاکەکانى نێو کۆمەڵگا (بەتایبەت دەوڵەمەند و خوا پێداوەکان) پێویستە بیر لەهەژاران و نەداران بکەنەوە، پێویستە چێژى ئازار و ئەشکەنجەى برسێتى و تینووێتى مرۆڤە هەژار و برسییەکان بەکردارەکى هەست پێبکەن و لەرووى ماددى و مەعنەوییەوە دەستى هاریکارییان بۆ درێژ بکەن و بە براى هاوتاى خۆیانیان بزانن. لەلایەکى دیکەشەوە، پێویستە لە مانگى رەمەزاندا کار و کاسبی بەوپەڕى ویژدان و دادپەروەرى و مرۆڤدۆستانەوە بەڕێوە ببرێت، پێویستە تەرازووەکان لەراستى و لەهەقەوە نزیک بن، کەس گزى و فزى و دزى لە براى هاووڵاتى و هاوشاریی خۆى نەکات، کەس سوێندى درۆ و تەڵاقی سێبەسێ لەسەر سەلکە پیازێک یان سێ چڵ کەرەوس نەخوات، کەس چاوى برسی و زەقی ئەهریمەنانەى خۆى نەبڕێتە نامووس و حەرەمى ماڵى هاوسێ و هاوکارى خۆى، کەس چاڵ بۆ برا و خۆشکى خۆى هەڵنەکەنێت!


ئەمانە و گەلێکى دیکە نییەت و حیکمەتى راستەقینەى مانگى رەمەزان دەگەیەنن و پێویست وابوو ئیدى لەکۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا لە دواى رەمەزانیش، دۆخى چاکەخوازى و خێرخوازى و مرۆڤدۆستى لەبرەودا بووایە. پێویست وابوو یەکسانى و برایەتى و ئازادى و ئاسوودەیی و دادپەروەرى و سەروەریی یاسا لەوپەڕى سەرفرازى و بەرکەماڵیدا بووایە. پێویست بوو لە هەر گەڕەکێکدا (حاتەم تەى) یان پیاوى چاکە خواز و بەخشندەى لەشێوەى (کەریمى عەلەکە و عەلى کەمال و رۆبن هوود و سەعالیک) و چەندەها پیاوى مەزنى بەخشندە و فریادڕەس و خێرخوا، دیوەخانى گەورە و مزگەوتەکان و کڵێساکان (لەشێوەى کاریتاس /کەخێرخواز و بەخشندەن لەئەوروپا) بۆ هەژار و بۆ رەش وڕووت و برسییەکان بخەنە سەر گازى پشت و دەرگاکانیان واڵا بکردایەتەوە، هەر هیچ نەبێت لەمانگى رەمەزاندا، بەو کار و کردەوە چاکە هەڵبسانایە و دیاردەى برسێتى و بێکارى و هەژارى کە رادە و رێژەیان زیاد لەهەموو ساڵێک ،ئەمساڵ لەوپەڕیدایە و دیاردەى هەژاریی ژێر هێڵی هەژارى لە کوردستانەکەماندا سەریانهەڵداوە و وەدەرکەوتوون!


بەڵام بەداخەوە ئەوەى لەکوردستانى ئازاد و زەنگیندا دەیبینین، جێی ئومێدبەخشین و گەشبینى نییە، لەهیچ گەڕەکێکدا مزگەوتێک یان دیوەخانێک یان ماڵێک یاخود دوکانێک بەدیناکەیت، کە هیچ کام لەم دەوڵەمەندە ملیۆنێر و ملیاردێرانەمان یان هیچ کام لەم بەرپرس و مەسئولانەى خۆمان کە شەق لە ملیۆن دینار دەدەن، تاقە یەک هەژار تێر ناکەن و تاقە یەک پەرداخ "لەم وشکە ساڵییە قاتو قڕییە ى كوردستاندا" بەسەر هیچ تینووییەکدا نابەخشنەوە! کەواتە مانگى رەمەزانیش ناتوانێت و نةيتوانى هیچ رۆڵێکى ئەوتۆ بگێڕێت و دەوڵەمەند و بەرپرسە ملیاردێرەکانمان هانبدات، مرۆڤدۆست و بەخشندەبن، بیریان لاى مرۆڤى برسی و هەژار و تینووبێت، بەزەییان بە منداڵ و ژن و پیرى بێنەو و فڕێدراو و پەراوێزکراوى سەرشەقام و کۆڵانەکانى ئەم کوردستانە هەتیوەدا بێتەوە، کەواتە بۆ هەموومان ئاشکرابوو کە هیچ باوەڕ و خوداپەرستى و ئایین و ویژدان و مۆڕاڵێکی بەرز و جوان، یان هیچ شێوە فەلسەفە و رێبازێکى مرۆڤدۆستى و ئینسانى و کوردایەتى لەویژدان و لەمێشک و لەدەروونى ئەم بەرپرس و دەوڵەمەندە کوردانەدا نەماوە. بۆ پاسادانى راستى ئەم قسەیەش فەرموو لەبەرنامەکانى تەلەفزیۆن و کەناڵە ئاسمانییەکان بڕوانن کەتەنها پێشبڕکێ و قومارخانەن بۆ بردنەوە و دۆڕاندنى خەڵکى، هاندانى تاکى کورد بوو كە ببنە قومارچی و تەنها (هامەر و دۆلار) یان لە بیربێت و بەو مانگى رەمەزانە برە و بە قومارکردن بدرێت و پیاوانى ئایینى ژێرسێبەرى دەسەڵاتیش، پارووى چەور لە بەردەم سپلیتدا لووش دەدە! تاقە یەک بەرنامەى شەرمن هەبوو  کە بەربانگ لەگەڵ هەژارانى ژێر هێڵى سفرى هەژاریدا بکات و بڕى پارەى بەخشراویش زۆر کەم بوو  لە جێگەى نەبووان بوو! کە ئةوةش مایەى شەرمەزارییە بۆ مرۆڤدۆستى!

چەند ساڵێکە، هەر کە مانگى رەمەزان دێتە پێشێ ئیدى نرخى شتوومەک و خۆراک و کاڵا لەبازاڕدا ئاگردەکەنەوە و دووقات گرانيدەکەن و حکومەتیش وەکو نەعامە، سەرى لەنێو خۆڵ و قووڕى بۆگەنى کوردستاندا وندەکات و کۆنترۆڵەکان و غەرامە و بەرپرسیارێتى خۆى و سزادانى سەرپێچی کاران دەخاتەوە نێو قاسە زێڕین و دیگیتاڵەکانى خۆى و نقەى بۆ ناکات !


لە رەمەزاندا نەتاکى کوردى فرۆشیار و نه‌ کاسب، نە دەوڵەمەند و نە مەسئول و بەرپرس و نە پیاوانى ئایینى کورد و نە مزگەوتەکان و نە کڵێساکان هیچیان ئەوەندەى خوالێخۆشبوو (کەریمى عەلەکە)ى سلێمانى (کە
فەلە و کریستیان بووە) بەخشندەنین و ناتوانن پەرداخێک ئاو بکەن بەدەمى تینووییەکەوە! چونکە هەموومان پێکەوە پەیمانمان داوە پارە و دۆلار دۆستبین نەک مرۆڤدۆست!
نەکەسمان روومان لەخوایە و نەکەسمان بڕوادار و باوەڕ پتەوین ...!
hemea.rasoel961@yahoo.com

 





info@qelem.com