|
یوسف
عیزه‌دین
هیچ
شتێك له‌مڕۆدا نییه له شڵه‌ژان و شێواندن
به‌ده‌ربێت، هه‌روه‌ك چۆن هیچ شتێكیش نییه دوور بێت
له‌جه‌هل و ئیلتیباسه‌وه.
(ئیمبیرتۆ ئیكو)
"گه‌ردوون
بۆیه هه‌یه تا ببێته بابه‌تی كتێبێك. " مالارمێ
نووسین و خوێندنه‌وه‌و راڤه‌كارییه‌كانی ئیكۆ ئاسایی
نین، هه‌روه‌ك چۆن سه‌تحی و راگوزه‌ریش نین، رۆچوونه
نێو قووڵاییه‌كانی ئه‌وه‌ی كه ئیكۆ ده‌یه‌وێت بیڵێت،
چه‌ند ئاسان بێته پێش چاو ئه‌وه‌نده‌ش ئاسته‌م و
قورسه، واپێده‌چێت ئه‌و پیاوه حیكایه‌تخوانی
زه‌مه‌نێكی دیكه بێت و پاش هه‌ڵسانه‌وه‌ی له‌مه‌رگ
به‌چه‌شنی تارمایی گه‌ڕابێته‌وه‌و مه‌به‌ستی بێت
له‌مڕۆدا گاڵته‌جاڕی دنیامان به‌و په‌ڕی
جدییه‌ته‌وه بۆ باس بكات، عه‌به‌سێكی سه‌یر
له‌قووڵایی نووسینه‌كانی ئه‌و زاته‌دا هه‌یه،
ره‌نگه به‌خوێندنه‌وه‌یان بگه‌ینه ئه‌وه‌ی كه
ئیدی ئێمه هه‌موو شتێكمان دۆڕاندووه‌و ئه‌وه‌ی كه
ده‌شیكه‌ین ئیدامه‌دانه به‌ژیان و گوزه‌رانێكی
ساخته، كه‌خودی كه‌سانی ده‌سه‌ڵاتدار و سیاسی تێدا
بوونه‌ته حیكایه‌تخوان و حیكایه‌ته بێ پێزه‌كانی
خۆیانمان بۆ ده‌گێڕنه‌وه، ئیكۆ پێی وایه "بوش"
له‌مڕۆدا خۆی كردۆته شه‌هره‌زاد و هه‌ر
له‌داگیركردنی ئه‌فغانیستانه‌وه هه‌ر رۆژه‌ی
حیكایه‌تێكمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌و وه‌ك شه‌هره‌زادیش به
مه‌به‌ستی دوورخسته‌نه‌وه‌ی رۆژی له‌ناوچوونی
ده‌بێت ئیدامه به‌حیكایه‌ته‌كانی بدات.
ئیكۆ به‌مه‌به‌ستی خستنه‌ڕووی ئه‌و شكست و كه‌وتنه
مه‌عریفی و فه‌رهه‌نگییه‌ی كه‌له‌م چاخه‌دا
ده‌بینرێت رۆده‌چێته نێو قووڵاییه‌كانی مێژوو، هێزی
مێژوو لای ئه‌و هێزیكی ساخته‌یه‌و هێنده‌ی مه‌به‌ست
له نووسینه‌وه‌ی مێژوو تێكشكاندنی تاك و حیساب
بۆنه‌كردن و راگوزه‌ركردنی به‌سه‌ر رووداوه‌كاندا
به‌بێ هیچ راڤه‌كارییه‌ك، هیچ مه‌به‌ستێكی دیكه‌ی
تێدا نابینرێته‌وه، مێژوو لای ئه‌و دیزانێكی
ئینتلیجینسیای چاخه‌كانه هه‌ر له ئۆگستینه‌وه تا
ئێستا..
ساته‌وه‌ختی رۆچوونی ئیكۆ بۆ مێژوو ساته‌وه‌ختێكی
جیاوازه له‌گه‌ڵ خودی مێژوو خۆی، گومانكردنی ئیكۆ
له‌سه‌رجه‌م ئه‌وه‌ی كه له باره‌ی مێژووه‌وه
هه‌یه، گومانێكی بارگاوییه به‌ئه‌رگۆمێنت،
گومانكردنی له ئۆلۆمپیاتێك كه له سه‌رده‌مانێكی
پێشوودا هه‌بووبێت، مایه‌ی پرسیاره.. گومانكردنی
له‌و سه‌رچاوانه‌ی به‌ناوی خستنه‌ڕووی
راستیه‌كانه‌وه شته‌كانمان بۆ ده‌گێڕنه‌وه، تا ئه‌و
راده‌یه‌ی كه‌له‌مڕۆدا له‌ڕێی دنیای میدیاتیكه‌وه
مێژووی راسته‌قینه‌و خه‌یاڵ به‌چه‌شنێك تێكه‌ڵ
بووه كه‌لێك جیاكردنه‌وه‌ی له‌یه‌كدی بۆته
ئاسته‌م، ئیكۆ باس له‌وه ده‌كات چۆن خوێنه‌رانی
به‌ریتانیا به‌پێی راپرسییه‌ك كه‌له‌ئێستادا كراوه
"رۆبن هود" یان پێ كه‌سایه‌تییه‌كی ریالیستییه
نه‌ك"ریچارد- ی شێر دڵ" كه‌له‌جه‌نگی
مه‌سیح-ئیسلامی سه‌رده‌می سه‌لاحه‌دین- دا
گه‌وره‌ترین رۆڵی هه‌بوو، ئه‌مه و زۆر نمونه‌ی تر
كه‌سه‌رنجی نوسه‌رێكی وردبینی وه‌ك ئیكۆ به‌لای
خۆیدا راده‌كێشێت و هه‌موو ئه‌مانه‌ش لای ئه‌و
پرسیاره‌و تێكه‌ڵ به‌دنیای بیركردنه‌وه‌و نووسینی
ده‌بێت، له‌زۆربه‌ی وتاره‌كانیدا ئاماژه
به‌كێشه‌كانی ئه‌مڕۆی دنیا ده‌دات، بۆ نمونه
له‌وتارێكیدا سه‌باره‌ت به‌ئایین كه‌ئاخۆ یه‌كمان
ده‌خات یان لێكمان جودا ده‌كاته‌وه، بۆچوونێكی
نووسه‌ری پۆرتوگالی "خۆسێ ساراماگۆ" به‌نموونه
ده‌هێنێته‌وه كه‌ده‌ڵێت:"هیچ ئایینێك رۆژێك له‌رۆژان
سه‌ركه‌وتوو نابێت له‌یه‌كخستنی خه‌ڵكدا، به‌ڵكو
به‌پێچه‌وانه‌وه تائێستا هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌موو
كێشه‌و كاره‌ساته‌كانه، به‌و هه‌موو سه‌ربڕین و
ئه‌شكه‌نجه‌دانه رۆحی و جه‌سته‌ییه دڕندانه‌یه‌ی
كه وشه له‌ئاستیدا ده‌سته‌وسانه‌و تاتوانێت
گوزارشتی لێبكات... ئه‌گه‌ر هه‌موومان مولحید
بووینایه له‌دنیایه‌كی زۆر ئاشتیخوازانه‌دا
ده‌ژیاین"
ته‌نانه‌ت ئیكۆ ئاماژه‌ش به‌وه ده‌دات كه كۆڵه‌كه‌ی
سه‌ره‌كی نازییه‌كان له تێفیكریندا
ده‌سته‌واژه‌ی"خوا له‌گه‌ڵمانه" ده‌گرێته خۆی،
هه‌روه‌ك چۆن فاشییه‌كانیش له‌لایه‌ن سوپایه‌ك
له‌راهیب و قه‌شه‌وه دروشمه‌كانیان پیرۆزكرا.
ئیكۆ كه‌سێكی بیرمه‌نده‌و پرسیاره‌كانی سه‌باره‌ت
به‌ڕه‌هه‌نده جوداكان هێجگار گرنگن و جیاناكرێنه‌وه
له دنیای ئه‌ده‌بی ئه‌و، به‌تایبه‌تیش رۆمان
كه‌توانی پاش سێرڤانتیس به‌موجازه‌فه‌یه‌ك
له‌دنیای نووسینی رۆمان‌دا بێته نێو دنیای رۆمان
نووسین، ئه‌و پیاوه له ته‌مه‌نی چل و شه‌ش ساڵیدا
ده‌ستی دایه نووسینی یه‌كه‌مین رۆمانی خۆی،
ئه‌وه‌ی كه تایبه‌ته به‌سه‌رگوزشته‌ی ئه‌و ده‌سته
دانه نووسینی رۆمانه‌ی هه‌رچه‌نده وه‌ك رێكه‌وتێك
دێته پێش چاو، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌و ده‌مه‌ی
له‌دنیادا وه‌ك لێتۆژه‌رێكی سیمیۆلۆژی ناسرابوو،
ئه‌و به‌بێده‌نگی یه‌كێك بوو له‌شه‌یداكانی دنیای
ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌تیش شه‌یدای دنیای نووسینی
بۆرخیس و ماركیز..
كاتێك ده‌زگایه‌كی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئیتالی ئه‌و و
چه‌ند نووسه‌رێكی دیكه‌یان بانگهێشت كرد بۆ نووسینی
رۆمانی پۆلیسی به‌بێگوێدانه ئه‌وه‌ی نووسه‌ر
رۆماننووسسه یان نا، چونكه له‌و ده‌مه‌دا رۆمانی
پۆلیسی خوێنه‌رێكی زۆری هه‌بوو.
ئیكۆ له‌ساڵی 1978دا له‌بیرۆكه‌یه‌كی ساناوه
ده‌ستیكرد به نووسینی یه‌كه‌مین رۆمانی، ئه‌و
بیرۆكه‌یه‌ش وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: "ئاره‌زوویه‌كم هه‌بوو
بۆ ژه‌هراوی كردنی راهیبێك"، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی
وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێده‌دات شاره‌زایی ئه‌و
له‌چاخه‌كانی ناوه‌ڕاستدا و نه‌شاره‌زایی
له‌چاخه‌كه‌ی خۆی وای لێده‌كات، زه‌مه‌نی
رووداوه‌كان بگوێزێته‌وه بۆ ئه‌و زه‌مه‌نه و
له‌وێوه ده‌ست پێبكات، سه‌باره‌ت به‌ناونانی
رۆمانه‌كه‌شی به"ناوی گوڵ" ده‌ڵێت: "ناونیشان
ده‌بێت بیروهزر بشێوێنیت نه‌ك له‌قاڵبی بدات".
نووسینی ئه‌و رۆمانه له لایه‌ن ئیكۆ- وه به
گه‌ڕانێكی نائاسایی ده‌ست پێده‌كات به‌شوێن وێنه و
دیمه‌نه له بیركراوه‌كان، یان له
نه‌بیرنه‌كراوه‌كان.. گه‌ڕان به‌نێو كۆریدۆر و
پاساژه‌كانی مێژوویه‌كی ئه‌ندێشه‌كراو، یان
مێژوویه‌كی واقیعی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست..
هه‌ڵدانه‌وه‌ی سه‌دان كتێب و گه‌ڕان به‌شوێن ناوی
شوێن و كه‌سایه‌تی و ژه‌هر و شته‌كانی دی.. گه‌ڕان
به‌نێو دنیای گومان و نایه‌قین.. ورده‌كاری ئیكۆ له
كاركردندا له ورده‌كاری كاركردنی وه‌ستاكانی
سیرامیكی شاری ئه‌لیساندریای زێدی نووسه‌ر ده‌چێت،
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی رۆمانه‌كه به‌چه‌شنێك له
سینه‌ماگرافیا له لایه‌ن زۆر كه‌سه‌وه ده‌ناسێنرێت،
هه‌موو ئه‌وانه‌ی رۆمانه‌كه‌یان خۆێندبۆوه، كاتێك
رۆمانه‌كه‌یان به‌فیلم بینی به‌و چه‌شنه‌ی له‌كاتی
خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌دا چێژیان بینیبوو، چێژیان
له‌فیلمه‌كه نه‌بینی و پێیان وابوو خودی رۆمانه‌كه
زۆر زیاتر ته‌سوویری بووه له‌فیلمه‌كه و باشتر و
جوانتر ماجه‌را و وێنه و دیمه‌نه‌كانی پیشانداوه.
ئیكۆ- ی یاخی له‌هه‌موو پێودانگه ته‌قلیدییه‌كان،
له" شكست" دا باس له‌ده‌سه‌ڵاتی ئیدمانی زمان
ده‌كات، وه‌ك كرده‌یه‌ك كه‌به‌رانبه‌ر بۆ خه‌ڵاتاندنی
ئه‌ویتر ده‌یكات و به‌مه‌به‌ستی سڕكردنی
به‌كاریده‌هێنێت، بۆیه ده‌ڵێت:
"ره‌نگه
زمان كرده‌یه‌كی خودی گرنگ بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌شدا مرۆڤ له‌هه‌موو كه‌وتنێكدا پێویستی
پێیه‌تی"
|