وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: جه‌مال ئه‌حمه‌دزاده
مناڵه‌کان سڵاوتان لێ بێت ، دڵته‌نگم بۆ هه‌مووتان ، لێره
شه‌و و رۆژ به خه‌یاڵ و بیره‌وه‌رییه‌کانتان هۆنراوه‌ی ژیان
ده‌هۆنمه‌وه و هه‌موو رۆژێک له جیاتی ئێوه رۆژباش به
هه‌تاو ده‌ڵێم. له په‌نا و په‌سیوی ئه‌م دیواره به‌رزانه‌وه
له گه‌ڵ ئێوه به‌خه‌به‌ر دێم ، له گه‌ڵ ئێوه پێده‌که‌نم و
له گه‌ڵ ئێوه خه‌و ده‌مباته‌وه. هه‌ندێک جاریش"شتێک له
وێنه‌ی دڵته‌نگی"هه‌موو له‌شم داده‌گرێ.
خۆزگه ده‌کرا وه‌ک رابردوو ماندوو له گه‌شت وسه‌یران که
ناومان نابوو گه‌شتی زانستی ، ماندوو له گشت هه‌را
وهوریایه‌کان ، ته‌پ و تۆزی ماندوویه‌تیمان له گه‌ڵ روونیی
کانیاوی گوند له بیر بکردایه ، خۆزگه ده‌کرا وه‌ک جاران
گوێمان رادێرابایه بۆ"ده‌نگی پێی ئاو" (2) و له‌شمان
بسپاردایه به لاواندنه‌وه‌ی گوڵ و گیا و له گه‌ڵ سه‌مفۆنیای
جوانی سروشت پۆلی وانه‌که‌مان سازبدایه و کتێبی
بیرکاریه‌که‌مان به هه‌موو نادیاره‌کانیه‌وه(مجهول) (3)
بخستبایه ژێر به‌ردێکه‌وه چوونکه کاتێک باوا نانێکی له
سفره‌دا نیه بیبه‌خشێ پێمان ئیدی
چ فه‌رق ده‌کا به شوێن سێ و له سه‌دا چوارده‌وه بین یان
سه‌د و له سه‌دا چوارده. وانه‌ی زانستیشمان به هه‌موو
گۆڕانکاریه شیمیایی و فیزیایی یه‌کانی دونیاوه بنابایه‌ته
لایێکه‌وه و به ئاواتی گۆڕانکارییه‌ک له جۆری"ئه‌شق و
موعجیزه"له گه‌ڵ شنه‌ی بادا په‌ڵه هه‌وره‌کانی ئاسمانمان
به‌ڕێ بکردبایه و چاوه‌رێی ئه‌و چه‌شنه له گۆڕانکارییه‌مان
بکردبایه که کورشی هاوپۆله‌که‌تانیانی له قوتابخانه‌وه
نه‌گوازتبایه‌ته‌وه بۆ کرێکاری و له ته‌مه‌نی مێرمنداڵیدا
له به‌رزایی بیناوه بۆ به‌ده‌ستهێنانی نان به‌ر
نه‌دابایه‌ته خواره و بۆ هه‌میشه به‌جێی نه‌هێشتباینایه ،
چاوه‌رێی گۆڕانکاریه‌ک که بۆ هه‌مووان له جه‌ژنی نه‌ورۆزدا
جووتێ که‌وشی نوێ و ده‌ستێک جلی باش وسفره‌یه‌کی پڕ له نوقڵ و
شیرینی پێبوایایه.
خوزگه ده‌کرا دیسانه‌وه و دوور له چاوی چاوه‌دێری مرچ و
مۆنی قوتابخانه به سه‌ر ئه‌لف وبێی کوردیماندا
بچوباینایه‌ته‌وه و بۆ یه‌کتری به زمانی زگماکیمان
هونراوه‌مان بهۆنیبایه‌ته‌وه و گۆرانیمان بچڕیبایه و پاشان
ده‌ست له ناو ده‌ستی یه‌کتری هه‌لپه‌ڕینایه و هه‌ڵپه‌ڕینایه
و هه‌ڵپه‌ڕینایه.
خۆزگه ده‌کرا له ناو کوڕه‌کانی پۆلی یه‌کدا هه‌روا
گۆڵچی بوومایه و ئێوه‌ش له خه‌یاڵی به رۆناڵدۆ
بوونتاندا گۆڵتان له مامۆستاکه‌تان بکردبایه و یه‌کتریتان
له ئامێزبگرتبایه ، به‌ڵام داخه‌که‌م نازانن له وڵاتی
ئێمه‌دا ئاوات و ئاره‌زووه‌کانمان پێشتر له‌چوارچیوه‌ی
ره‌سمه‌کانمان تۆزی فه‌رامۆشیان لێده‌نیشێ. خۆزگه ده‌کرا
دیسانه‌وه پێی چه‌قاوی بازنه‌ی (عمو زنجیر باف) (4) کچانی
پۆلی یه‌ک بوومایه ، ئه‌و کچانه‌ی که ده‌زانم له ساڵانی
داهاتوویاندا له ده‌فته‌ره‌کانی بیره‌وه‌ریاندا ده‌یاننووسی
خۆزگه کچ نه‌بوومایه.
ده‌زانم گه‌وره بوون ، مێردیش ده‌که‌ن به‌ڵام بۆ من هه‌ر ئه‌و
فریشته پاک و بێ گه‌ردانه‌ن که هێشتا"جیگا ماچی
ئاهورامه‌زدا"به نێوچاوانی جوانتانه‌وه دیاره و ده‌بیندرێ.
راستی کێ هه‌یه بزانێ ئه‌گه‌ر ئێوه فریشته‌کان له دایکبووی
ره‌نج و هه‌ژاری و کوێره‌وه‌ری نه‌بوونایه ، قاقز به
ده‌سته‌وه بۆ که‌مپینی ژنان واژوتان کۆ نه‌ده‌کرده‌وه وه
یان ئه‌گه‌ر له‌م سووچه له "خاکی فه‌رامۆشکراوی خوا"یه‌دا
نه‌هاتبانایه دونیا ، ناچار نه‌بوون له ته‌مه‌نی سیازده
ساڵیدا چاو پڕ له فرمێسک و حه‌سره‌ت و که‌سه‌ر"له ژێر تارای
سپی بووکێنی" بۆ دوایین جار ماڵئاواییتان له قوتابخانه
بکردبایه و"چیرۆکی تاڵی ره‌گه‌زی دووهه‌م بوون"تان به هه‌موو
جه‌سته‌تانه‌وه ته‌جروبه بکردبایه. ئه‌ی کچانی نیشتمانی
ئاهورا ، سبه‌ی که ویستتان له داوێنی سروشتدا ریحانه بۆ
مناڵه‌کاندا بچنن یان له وه‌نه‌وشه تاجی گوڵینه‌نه‌یان بۆ
ساز بکه‌ن حه‌تمه‌ن باسی پاکی یه‌کان و شادی یه‌کانی
منداڵیتانیان بۆ بکه‌ن.
ئه‌ی
کوڕانی سروشتی هه‌تاو ده‌زانم چیتر ناتوانن له گه‌ڵ
هاوپۆله‌کانتاندا دانیشن ، گۆرانی بچڕن و پێبکه‌نن چوونکه
پاش"کاره‌ساتی بوون به پیاو"تازه ئه‌وجا "خه‌می
نان"به‌رۆکتان پێ ده‌گرێ ، به‌ڵام له بیرتان بێت پشت نه‌که‌ن
له ئاوازتان ،
هۆنراوه‌تان
،له‌یلاکانتان و خه‌یاله‌کانتان و منداڵه‌کانتان فێر بکه‌ن بۆ
نیشتمانه‌که‌یان بۆ ئه‌مرۆ و سبه‌ینێکانیان مناڵێک له
ره‌گه‌زی"هۆنراوه و باران" بن.
به با و به
هه‌تاوتان ده‌سپێرم و تا سبه‌ینێیه‌کی نه زۆریش دوور وانه‌ی
ئه‌شق و راستگۆیی به ئاواز بۆ
نیشتمانه‌که‌مان بڵێنه‌وه.
هاوڕێ و هاوگه‌مه و مامۆستای سه‌رده‌می منداڵیتان
فه‌رزاد که‌مانگه‌ر- زیندانی ره‌جایی
له شاری که‌ره‌ج
9.12.1386
سه‌رچاوه: پیک ایران
(1)
وانه‌ی یه‌که‌می پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی زمانی فارسی
(2)
ناوی هۆنراوه‌یه‌کی درێژی سۆهراب سپێهریه
(3)
مجهول زاراوه‌یه‌که له زانستی بیرکاری و فیزیادا که‌ڵکی
لێوه‌رده‌گیرێ و منای نادیار ده‌دا
(4)
گه‌مه‌یه‌کی مناڵانه‌یه