|
له‌به‌ر ڕۆشنایی ٢١ فێبرواری، ڕۆژی جیهانی زمانی دایك
زمانی كوردی، هۆكار و ئه‌ركه‌كانی به‌ره‌وپێش چوون
پێناسه
ڕۆژی ٢١ی فێبرواری له ساڵی ١٩٩٩ه‌وه له‌لایه‌ن
یونسکۆ - ڕێکخراوی که‌لتوری و ڕاهێنانی نه‌ته‌وه
یه‌کگرتووه‌کانه‌وه وه‌ک ڕۆژی جیهانی زمانی دایک
ناسراوه. ڕۆژی جیهانی زمانی دایک له‌لایه‌ن
ئه‌ندامانی یونسکۆوه به‌رز ده‌نرخێندرێ و بۆ ڕێزگرتن
له بوون و بره‌و پێدان و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی
زمانه‌کان بۆنه و یادکردنه‌وه‌ی جۆراوجۆر ده‌گیرێ.
له‌ڕاستیدا زمان و ئاخاوتن به زمانی دایک، یه‌کێکه
له مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤ و له جاڕنامه‌ی
گه‌ردوونی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا به ڕه‌سمی
ناسراوه. ڕۆژی جیهانی زمانی دایکیش هه‌لێکه بۆ
پاراستن و به‌رگری کردن له زمانه‌کان، به‌تایبه‌ت
ئه‌و زمانانه که مه‌ترسی سڕینه‌وه و له‌نێوچونیان
له‌سه‌ره.
مێژووی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک
ڕۆژی جیهانی زمانی دایک له‌لایه‌ن جوڵانه‌وه‌ی ڕۆژی
زمانه‌وه وه‌ک ڕۆژێکی جیهانی ناسراوه. مێژووی ئه‌م
ڕۆژه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی ١٩٥٢ که ئه‌و کات، پاش
سه‌ربه‌خۆیی هێند له ساڵی ١٩٤٦ و پاشان جیابوونه‌وه‌ی
پاکستان له هێند، هێشتا وڵاتی به‌نگلادش له پاکستان
جیانه‌ببوه‌وه و له‌ڕاستیدا پاکستان له دوو به‌ش پێک
ده‌هات، پاکستانی ڕۆژهه‌ڵات که به‌نگلادشی ئێسته‌یه
و پاکستانی ڕۆژئاوا که بریتیه له پاکستانی
ئه‌مڕۆکه. ئه‌و کات زمانی ڕه‌سمی له هه‌ر دوو به‌شی
ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتی پاکستان یه‌ک زمان واته زمانی
ئۆردوو بوو. له ساڵی ١٩٥٢ گرووپێک خوێندکاری زانکۆی
به‌نگلادشی" که‌مپه‌ینێکیان خسته‌ڕێ بۆئه‌وه‌ی که
زمانی به‌نگالیش وه‌ک زمانی ویلایه‌ته‌کانی ڕۆژهه‌ڵات
به‌کاربهێنرێ. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی ئه‌وکاته‌ی
پاکستان، واته ژنڕاڵ موحه‌مه‌د عه‌لی جیناح، ئه‌م
داوایه‌ی به‌ڕه‌سمی نه‌ناسی و ڕایگه‌یاند که زمان
ناگۆڕدرێ و به‌پێی بڕیاری کۆبوونه‌وه‌ی گشتی له ٢١ی
مارسی ١٩٤٨
زمانی ئوردوو زمانی ڕه‌سمی هه‌ردوو به‌شه‌که
ده‌بێ. پاشان له ڕۆژی ٢٠ی فێبرواری داوای جێبه‌جێ
کردنی یاسای ١٤٤ی کرد. خوێندکاران ئه‌وبانگه‌شه‌یان
ڕه‌ت کرده‌وه و بانگه‌وازی مانگرتنێکی گشتیان کرد له
ڕۆژی ٢١ی مانگ و وتیان ئێمه ده‌ست له داوای خۆمان
هه‌ڵناگرین و له هه‌مان کاتیش دا هیچ یاسایه‌ک پێشێل
ناکه‌ین. سه‌رله‌به‌یانی ٢١ی مانگ ده‌وڵه‌ت فه‌رمانی
ته‌قه‌کردنی دا به پۆلیس. پۆلیسی دا‌کا ته‌قه‌ی له
خوێندکارانی زانکۆ کرد و له ئه‌نجامدا چه‌ند
خوێندکارێک کوژران. به‌م بۆنه‌وه ئه‌م ڕۆژه وه‌ك
ڕۆژی جیهانی زمانی دایك دیاری كراوه.
خه‌ڵاتی لینگواپاکس
خه‌ڵاتی لینگواپاکس له‌لایه‌ن ئنیستیتۆی لینگواپاکس
ه‌وه به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکه‌وه
ده‌به‌خشرێ به‌و زانا و لێکۆڵه‌ره‌وانه‌ی که له
بواری زمانه‌وانی و زمانناسیدا توێژینه‌وه‌یان هه‌یه.
ئه‌م خه‌ڵاته له ساڵی ٢٠٠٢ه‌وه به‌خشراوه به ٩
مامۆستای زانکۆ له وڵاتانی جۆراوجۆر (هه‌ندێ ساڵ
به‌خشراوه به دوو مامۆستا) و له ساڵی ٢٠٠٥ه‌وه
ته‌نها یه‌ک که‌س براوه‌ی خه‌ڵاته‌که بووه.
ڕۆژی جیهانی زمانی دایک له ڕوانگه‌ی نه‌ته‌وه
یه‌کگرتووه‌کانه‌وه
نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ئاماژه‌ی به مێژووی ڕۆژی
جیهانی زمانی دایک کردووه که له‌سه‌ره‌وه باس کرا.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ که زمان گرینترین ئامرازه بۆ
پاراستن و هێشتنه‌وه‌ی میراتیه هه‌ست پێکراو و هه‌ست
پێنه‌کراوه‌کان. ده‌بێ هه‌موو هه‌نگاوێک بۆ
بره‌وپێدانی زمانه‌کان له لایه‌نه جۆراوجۆره‌کاندا
بخرێته گه‌ڕ و ئه‌م هه‌وڵانه ته‌نها بۆ جۆراوجۆری
ڕاهێنان یان هاندانی زمانه‌وانی نه‌بێ، به‌ڵکو ده‌بێ
هه‌نگاوێک بێ بۆ په‌ره‌پێدانی وشیاری زمانه‌وانی و
سونه‌ته که‌لتوورییه‌کان له هه‌موو جیهاندا و بوار
خۆش بکات بۆ بنچینه‌یه‌ک که تێگه‌یشتن، هه‌ڵکردن و
دیالۆگی لێ بکه‌وێته‌وه.
ڕۆژی جیهانی زمانی دایک له‌لای یونسکۆ
یونسکۆ ئاماژه به‌وه ده‌کات که
٦٠٠٠ - ٧٠٠٠ زمان قسه‌یان پێده‌کرێ. زیاتر
نیوه‌ی ئه‌و زمانانه له مه‌ترسی دان. بۆ وێنه ساڵی
٢٠٠٧ به هۆی مردنی تاکه که‌سێکه‌وه له ناو
سورپێسته‌کانی ئه‌مریکادا، زمانێک له‌نێوچوو.
به‌مه‌ستی پاراستن و ده‌وڵه‌مه‌ند کردنی زمانه‌کان
ڕۆژێکی جیهانی وه‌ک ڕۆژی جیهانی زمانی دایک ناسراوه.
یونسکۆ هه‌ر ساڵه دروشم یان بابه‌تێك بۆ یاده‌وه‌ری
ڕۆژی جیهانی زمانی دایک هه‌ڵده‌بژێرێ. ئه‌م ساڵ جگه
له یادکردنه‌وه‌ی ڕۆتینی ساڵانه‌ی ڕۆژی زمانی دایک،
ساڵی ٢٠٠٨ وه‌ک ساڵی زمان له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه
یه‌کگرتووه‌کانه‌وه دیاری کراوه و سکرتێری نه‌ته‌وه
یه‌کگرتووه‌کان له مانگی مه‌ی ٢٠٠٧ ئه‌مه‌ی
ڕاگه‌یاند، بۆیه ئه‌مساڵ گرینگیه‌کی دوو ئه‌وه‌نده‌ی
هه‌یه و دروشمی ئه‌مساڵی یونسکۆ بۆ بیره‌وه‌ری رۆژی
زمانی دایک بریتیه له "زمانه‌کان گرینگن". هه‌رتک
ئه‌م یادکردنه‌وانه به یه‌ک جار به‌ڕێوه‌ده‌چێت و
بانگی هه‌موو ئه‌ندامان ده‌کرێ بۆ بابه‌تی بوون و
گرینگی ئه‌م کێشه.
به‌ڕێز "کۆیچیرۆ ماتسورا" سکرتێری یونسکۆ په‌یامێکی
ناردووه بۆ یادکردنه‌وه‌ی ٢٠٠٨ و ئاماژه به گرینگی
و پێویستی له ئاوڕدانه‌وه له زمانه‌کان کردووه.
زمانی دایک له‌لای کورد
له‌ڕاستیدا یه‌کێک له ئامرازه‌کانی دیاری کردنی
شوناسه و جیاوازی بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك، زمانه.
زمان جگه له‌وه‌ی که پێویستی سه‌ره‌تایی مرۆڤ بۆ
پێوه‌ندی گرتن دابین ده‌کات، ئامرازێکه بۆ ده‌ربڕینی
هه‌ست و خۆشی و ناخۆشی و توڕه‌یی و ئازار و چێژه‌کان.
زمانیش وه‌ک هه‌ر زانستێکی تر په‌ره‌ی سه‌ندووه‌و
بۆته خاوه‌ن ده‌یان لق و بوار و قۆناخی تایبه‌تی. بۆ
وێنه زمانی فه‌لسه‌فه له‌گه‌ڵ زمانی ئابووری یان
زمانی شێعر له‌گه‌ڵ زمانی ته‌کنۆلۆجیا جیاوازی زۆریان
هه‌یه. زمان بۆ په‌ره‌سه‌ندن و گه‌یشتن به لوتکه،
جگه له ڕه‌وتی سروشتی و هه‌ستان و که‌وتنی خۆی،
پێویستی به پشتگیری و یارمه‌تی هه‌یه. به‌بڕوای
زمان‌ناسان گه‌وره‌ترین پشتگیری بۆ زمانێک، پشتیگیری
و یارمه‌تی سیاسیه، واته ده‌وڵه‌ت یان
ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی و حکوومی زمانێک به ڕه‌سمی
بناسێنێ و به‌کاری بهێنێ و له سیسته‌مه‌ی په‌روه‌رده
و ڕاهێنان دا زمانی نوسین و خوێندن بێت. کاتێک زمان
له په‌یڕه‌و و کاری ڕۆژانه‌دا ببێته پڕاکتیک و
پرۆڤه بکرێ، نه‌وه و گه‌لێک له‌گه‌ڵی ڕادێن که
به‌شێکی جیانه‌کراوه له
هزر، زانیاری و بیركردنه‌وه‌ی ده‌بێت و له ڕێگای ئه‌و
زمانه‌وه هه‌ست و خواست و حه‌زه‌كانی خۆی ده‌رده‌بڕێ.
به‌هه‌مان ڕاده ده‌بێته كانگایه‌ك بۆ داهێنان و نوێ
كردنه‌وه و دووباره به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی زمان. پاش
ئه‌وه پشتگیری ئابوری، زانستی، كۆمه‌ڵایه‌تی و هتد
جۆره‌كانی تری پشتیگیری و یارمه‌تی ده‌رن كه ده‌بنه
هۆی گه‌شاوه‌یی و زیندوو بوونی زمانێك. كه لێره‌دا
ناچمه سه‌ر ورده‌كارییه‌كانی هه‌ركام له‌م
لایه‌نانه.
کورد
به‌درێژایی مێژوو و بوونی خۆی، خاوه‌نی زۆر شتی
تایبه‌ت به خۆی بووه. بۆ وێنه خاک، مێژوو، زمان،
ده‌وڵه‌ت، که‌لتوور و هتد.
به‌ڵام
مێژووی زمانی كوردی وه‌ك مێژووی نه‌ته‌وه‌ی خاوه‌نی،
به‌رده‌وام توشی به‌ربه‌ست و سنور و ئاسته‌نگی بووه.
جگه له‌وه‌ی كه خزمه‌ت و هه‌وڵ نه‌بووه بۆ گه‌شه‌و
ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی له‌لایه‌ن سیسته‌مێكی ڕه‌سمیه‌وه،
به‌پێچه‌وانه
خواستێكی سیستماتیزه له ئارادابووه بۆ
سڕینه‌وه و له‌ناو بردنی ئه‌و زمانه. له ڕوانگه‌ی
منه‌وه هۆکاری جۆراوجۆر بوونه‌ته هۆی مانه‌وه و
گه‌شه‌ی زمانی کوردی. لێره‌دا ئاماژه به
گرینگ‌ترینیان ده‌كه‌م.
یه‌كه‌م:
زمانی كوردی زمانێكی كۆن، ڕه‌سه‌ن، ده‌وڵه‌مه‌ند،
نه‌رم و ڕێك و پێكه.
به‌پێی ئه‌و
لێكۆڵینه‌وانه‌ی كه مامۆستایانی زمان و هۆگرانی زمانی
كوردی كردوویانه زمانی كوردی خاوه‌ن مێژووییه‌كی كۆن و
دوورودرێژه و له ڕه‌وتی په‌ره‌سه‌ندنی خۆیدا قۆناخی
جۆراوجۆری بڕیه‌وه و توانیویه‌تی خۆی به‌رهه‌م
بهێنێته‌وه.
دووهه‌م:
هه‌ڵكه‌وته و جوگرافیای كوردستان.
كوردستان به هۆی تایبه‌تمه‌ندی خۆی له بواری سروشت و
جوگرافیادا، به‌ته‌واوه‌تی ده‌سته‌مۆی دارگیركه‌ر و
بێگانه نه‌بووه. زۆرێك له ناوچه سه‌ربه‌رز و
شاخاوییه‌كانی كوردستان به ده‌ست لێنه‌دراوه‌یی و
كچیه‌تی ماونه‌ته‌وه و ئاسه‌واری پیشه‌سازی و
گۆڕانكاری تێیاندا زۆر كه‌مڕه‌نگ بووه. ئه‌مه‌ش بۆته
هۆی ئه‌وه‌ی كه له بواری زمانیش دا هه‌مان ڕواڵه‌تی
سروشتی و ڕه‌سه‌نی خۆی بپارێزێ. زۆره‌ێك له وشه كۆن
و مانابه‌خشه‌كان له زاری پیره‌پیاو و پیرێ ژنانی
گونده‌كانه‌وه ده‌بیسترێ و له‌هه‌مان كات دا
به‌نه‌بوونی ئه‌وان مه‌ترسی له‌بیر كردنی ئه‌و وشانه
و زمانی ڕه‌سه‌نیش هه‌یه.
سێهه‌م
: مامۆستایان و خۆبه‌خشانی زمانی كوردی
یه‌كێك له نگینه دره‌وشاوه‌كانی كۆمه‌ڵگا و كیانی
كوردی، هۆگران و ئاشقانی زمانی كوردیین. به‌ڕاستی
توێژێكی خه‌مخۆر و دڵپاك و بێ ئیدیعا به‌رده‌وام قۆڵی
هیمه‌ت و شه‌ره‌فیان بۆ پاراستنی زمانی كوردی
هه‌ڵماڵیه‌وه و به‌بێ هیچ چاوه‌روانی و
ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك گه‌وره‌ترین خزمه‌تیان به
زمانه‌كه‌مان كردووه. به‌ڕاستی كاتێ هه‌موو شتێك له
خزمه‌ت قه‌ده‌غه و سڕینه‌وه و لاواز كردن و له‌بیر
كردنی زمانی كوردی دا بووه و ئێسته‌ش هه‌یه، ئه‌گه‌ر
هه‌وڵ و هیمه‌تی مامۆستایان نه‌بوایه، ئێسته چی له
زمانی كوردی به‌جێ ده‌ما؟
چواره‌م
: تایبه‌تمه‌ندییه تاقانه‌ییه‌كانی كوردی
یه‌كێك له
خاڵه ئه‌رێییه‌كانی زمانی كوردی نزیك بوونی شێوه‌ی
نوسین و وتنیه‌تی. واته زمانی قسه‌كردن و نوسین زۆر
له‌یه‌كه‌وه نزیكه. ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم
ته‌نها یه‌ك پیت هه‌یه له زمانی كوردیدا كه
ده‌وترێ، به‌ڵام شێوازێكی تایبه‌ت بۆ ئه‌و پیته له
نوسین دا نیه. ئه‌ویش پیتی ن، كاتێ به پڕی یان تۆخی
ده‌وترێ، بۆ وێنه وشه‌ی مانگا، یان مانگ، یان كانگا،
لێره‌دا ن له لوت دا ده‌وترێ و له‌گه‌ڵ پیتی ن له
وشه‌ی بۆ وێنه نان دا جیاوازی هه‌یه، به‌ڵام
هه‌ردووكیان به‌یه‌ك شێوه ده‌نوسرێن.
حه‌قیقه‌تێكی ڕوون هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه زمانی
كوردی پێویستی به گۆڕانكاری، چاكسازی و ده‌وڵه‌مه‌ند
كردن هه‌یه. پێویسته كاری بنه‌ڕه‌تی و ئاكادمیك له
ئاستێكی به‌ربڵاودا بكرێ.
ئه‌و كاره هه‌نووكه‌ییانه‌ی كه ده‌بێ بۆ زمانی كوردی
بكرێن ئه‌توانن ئه‌مانه بن.
١- ستاندارد كردنی زمانی كوردی
به‌داخه‌وه
به‌هۆی نه‌بوونی سیسته‌مێكی په‌روه‌رده‌یی یه‌كسان و
ئاكادمیك، زمانی كوردی توشی سه‌رلێشێوان و
جۆربه‌جۆرییه‌كه‌ی بێ سه‌ره‌وبه‌ره بووه. ده‌كرێ
بڵێین به ژوماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كوردی ده‌نوسن،
زمانی كوردیشمان هه‌یه. هه‌ر كه‌سه‌و وشه‌و
ده‌سته‌واژه‌كان به شێوازی خۆی ده‌نوسێ. ڕه‌نگه
زمانێكی گشتی و وێكچوو هه‌بێ، به‌ڵام ئه‌و زمانه
نه‌بۆته زمانێكی گشتی و هه‌موان به‌وه نانوسن. بۆیه
ده‌بێ زمانێكی تاك و یه‌كشێوه جێ بخرێ و له‌هه‌مان
كاتیش‌دا به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له‌ناو خوێنه‌ر و
نوسه‌ری كوردی دا پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ بكرێ و بره‌وی
پێبدرێ.
٢- توێژینه‌وه و ڕوونكردنه‌وه‌ی مێژووی زمانی كوردی
یه‌كێك له‌و ئه‌ركه مێژوویی و پێویستانه‌ی كه ده‌بێ
بۆ زمانی كوردی بكرێ، خستنه‌ڕووی ڕابوردوو و
به‌ڵگه‌نامه‌كانه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ده‌بێته
گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك بۆ سه‌رچاوه به‌نرخه‌كانی زمانی
كوردی، ڕێگایه‌ك ده‌بێ بۆ سه‌لماندنی مێژووی كۆنی
كورده‌واری و به‌ده‌ست هێنانی ماف له ئاستێكی
به‌رفراوان تردا. له‌ڕاستیدا وشیاربوون و ئاگاداربوون
له ڕابوردوو ڕێگه‌خۆشكه‌ر ده‌بێ بۆ داهاتوو. ئه‌گه‌ر
ڕۆشنبیریی مرۆڤ پشت ئه‌ستوربێ به مێژوویه‌كی
دره‌وشاوه، متمانه ده‌به‌خشێ به نه‌ته‌وه‌یه‌ك و
ئۆمێد و توانا بۆ بڕینی هه‌نگاوه‌كانی داهاتوو و
دیتنه‌وه‌ی ئاسۆ نوێیه‌كان قایم تر و پته‌وتر ده‌بێ
٣- پاكژ كردنه‌وه‌ی زمانی كوردی
زمانی كوردی له بواری نوسین و له‌سه‌ر كاغه‌ز پاك و
پاراو و ده‌وڵه‌مه‌نده، به‌ڵام به‌شی هه‌ره زۆری
كورد، جا به پێی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی چ به‌شێكی كوردستان
بێ، له زمان و دیالۆگی ڕۆژانه‌دا وشه و ناو و
ده‌سته‌واژه‌ی فارسی، عاره‌بی یان توركی به‌كاردێنێت.
زۆرجار ناو یان وشه‌یه‌كی ده‌ره‌كی له كوردیدا به‌كار
ده‌برێ له‌لایه‌ن تاكی كورده‌وه، به‌ڵام له‌هه‌مان
كاتدا وشه‌ی جوان و پڕماناتر له كوردیدا هه‌یه. تاڵی
ئه‌م كێشه له‌وه‌دایه كه ڕۆشنبیر و نوسه‌ری كورد
بۆخۆشی توشی ئه‌م نه‌خۆشیه ده‌بێ. زۆرجار به‌كاربردنی
ده‌سته‌واژه‌ی نامۆ و سه‌رسوڕهێنه‌ر ته‌عبیر له
زانابوون و ڕۆشنبیری ده‌كات لای ئه‌وان.
نازانم، ڕه‌نگه ناوی بنێین ڕاهاتن، به‌ڵام
پێویسته، به‌تایبه‌ت توێژی ڕووناكبیر و پێشكه‌وتوو،
واز له نه‌ریت و خوی ناشیرین بێنێت.
٤- پاراستنی زمانی كوردی
به‌هۆی شه‌پۆلێكی خێرای به‌جیهانی بوون و هه‌ڵگیرانی
سنور و به‌ربه‌سته‌كان، جۆرێك له یه‌كپارچه‌بوون و
ده‌قوه‌رگرتن ده‌بینرێ. له سیسته‌می ئه‌مڕۆی
به‌رهه‌مهێنان و به‌كارهێناندا میدیا و پڕوپاگه‌نده‌ی
شمه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه چڕبۆته‌وه كه هه‌موو یه‌كجۆر
بن، یه‌كجۆر بیربكه‌نه‌وه، یه‌كجۆر بخۆن، یه‌كجۆر
بپۆشن، یه‌كجۆر.... هتد. له‌ڕاستیدا پیشاندانی جۆر یان
مۆدێلێك له كه‌سایه‌تیه كه مرۆڤه‌كان له‌ده‌ق
ده‌دا. دیاره كه‌لتور یان زمانیش له‌م هێرشانه
بێبه‌ش نین. به‌تایبه‌ت ئه‌و زمان یان كه‌لتورانه‌ی
كه چه‌كی به‌رگری و خۆ نوێ كردنه‌وه‌یان نه‌بێ، زۆر
زووتر سه‌رنه‌وی گلۆبالیزاسیۆن ده‌بن. دیاره ئه‌وه‌ی
من مه‌به‌ستمه به‌مانای كۆنه‌پارێزی یان چه‌قبه‌ستن
نیه، به‌ڵكو خۆسازدان و خۆگونجاندنه له‌گه‌ڵ دونیای
نوێ‌دا، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا تۆش گوڵێك بی له
گوڵه‌كانی باخچه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه، نه‌ك بژاكێی و
له‌بن دار و دڕكی دراوسێكاندا بخنكێی. تۆش قسه‌یه‌كت
ببێ بۆ كردن و شتێكت ببێ بۆ پێشكه‌ش كردن.
٥- بواره‌كانی تری زمانی كوردی
كوردی له زۆرلایه‌نه‌وه خاوه‌ن پاشه‌كه‌وتێكی زۆر و
ده‌وڵه‌مه‌نده. بۆ وێنه له زمانی شێعر، چیرۆك،
سروشت، حه‌ماسه و هتد كوردی بۆ وشه دانامێنێ و
توانایی زۆری هه‌یه. به‌ڵام هه‌ژراییه‌كی به‌رچاو له
بواره‌كانی تردا ده‌بیندرێ. بۆ وێنه زمانی كوردی له
پانتایی فه‌لسه‌فه، ئینتێرنێت، پیشه‌سازی، زانست و
هتد كاڵ و كرچ و ده‌سته‌وه‌ستانه. به‌داخه‌وه زۆرجار
ناچاره لاسایی زمانه‌كانی تر بكاته‌وه و ناو و
ده‌سته‌واژه‌كان پڕاوپڕ بگوێزێته‌وه بۆ ناو كوردی.
به‌بڕاوی من، جوڵانه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی داهێنان و
وه‌رگێڕان پێویسته. له‌وه‌ش گرینگتر خوێندنه‌وه و
تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌یه.
ته‌نها له‌و شێوازه‌دا ده‌توانین هه‌نگاوه‌كان
خێراتر بنێین و كه‌لێنه‌كان پڕ بكه‌ینه‌وه.
ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا ئاماژه‌ی پێكرا، ته‌نها
ڕیزبه‌ندییه‌ك بوو له هۆكار و ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌و
بارودۆخه‌ی كه ئێسته زمانی كوردی تێیدایه. دڵنیام
كه دووان له‌سه‌ر پانتاییه‌كی وه‌ك زمان و به‌تایبه‌ت
زمانی كوردی، زۆر له‌وه زیاتر هه‌ڵده‌گرێ و پێویستی
به لێكۆڵینه‌وه و تێڕامانی زیاتر هه‌یه. هیوادارام
مامۆستایانی ئازیز كات و هه‌وڵی زیاتر بۆ
ده‌وڵه‌مه‌ندتر كردنی زمانی كوردی ته‌رخان بكه‌ن.
بۆ زانیاری زیاتر له سه‌ر مێژووی زمانی كوردی، سه‌یری
ئه‌و وتاره‌ی خواره‌وه بكه‌ن كه نوسه‌ری ئه‌م
بابه‌ته وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر كوردی.
مێژووی زمانی كوردی
سه‌رچاوه:
له سایتی یونسكۆ و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه‌ڵك
وه‌رگیراوه.
مانگی فێبرواری ٢٠٠٨
پاشكۆ: ئافیشی یونسكۆ بۆ ڕۆژی جیهانی زمانی دایك له
ساڵی ٢٠٠٨
|