دیمواکرسی ئێرانی و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی
ره‌سوڵ سه‌فه‌ریانی
به درێژایی
مێژوو چۆنیه‌تی ژیانی ئینسان و ئه‌وه‌ی که ئینسان ده‌بێ چۆن بژی،
گه‌وره‌ترین و سه‌ره‌کیترین پرسیاری به‌رده‌م فه‌یله‌سوفان بووه و
هه‌ر به‌م ئاقاره‌شدا تا ئه‌مرۆ به پێی هه‌لومه‌رجی سه‌رده‌م و
راده‌ی زانیاری ئینسانه‌کان و گه‌شه‌کردنی عه‌قڵ و هزریان
جوابه‌کان گۆرانکاریان به‌سه‌ردا هاتووه و رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ به
پێی ژیانی ئابوریی ئینسانه‌کان و چۆنیه‌تی که‌ره‌سه
ده‌رهێنه‌ره‌کان و ئاڵوگۆره‌کانی، شێوه‌ی وه‌ڵامه‌کانیش
گۆڕانکارییان وه‌رگرتوه و جار له‌گه‌ڵ جار مافه‌کانی ئینسان رونتر
کراونه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ هه‌ر نوێکردنه‌وه‌یه‌کیشدا ئینسان وه‌ک
تاک زه‌قترکراوه‌ته‌وه و زیاتر گرنگیی پێدراوه، رێزه‌کانی پتر
بوون و مافه‌کانی سه‌قامگیرتر و ده‌سدرێژیش بۆ ئه‌و مافانه
له‌لایه‌ن هه‌ر که‌س و گروپێگه‌وه سزای بۆ دانراوه.
ئه‌و مرۆڤه‌ی
که سه‌رده‌مێک له‌شه‌ڕدا ده‌گیرا ده‌کرایه کالا و وه‌ک کۆیله
ده‌فرۆشرا، یا به بۆنه‌ی ره‌گه‌زیه‌وه هه‌مان چاره‌نوسی توش
ده‌بوو، وای لێهات که مافی ژیانی ئازادی بۆ به‌رچاو گیرا، به‌ڵام
هێشتا هه‌ر به‌نیسبه‌ت توێژی ده‌سه‌ڵات دار و باڵاده‌ست وه‌ک
ره‌عیه‌ت و مێگه‌ل سه‌یر ده‌کرا، له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ئایین و
داسه‌پاندنی یاسای ئایینی ئه‌و باره که‌مڕه‌نگترکرایه‌وه، به‌ڵام
ئینسان هه‌ر عه‌بد و کۆیله‌ی یاساکانی خوا و به‌ڕیوه‌به‌رانی ئه‌و
یاساگه‌له بوو.
تا پێش
سوقرات زانایان و فیلسوفان له‌سه‌ر ئه‌م ڕایه بوون که چون کۆڕه
ئینسانیه‌کان خاوه‌ن کلتور وداب و نه‌ریتێکن که تایبه‌ته به کات
و شوێنی دیاریکراوه، ناکرێت که فورم و شێوه‌یه‌کی دیاریکراو و
گونجاو بۆ سه‌رجه‌م ئینسانه‌کان دابنرێت. به‌ڵام سوقرات بڕوای
وابوو که سه‌ره‌ڕای جۆراوجۆری فه‌رهه‌نگه‌کان و جیاوازی داب و
نه‌ریته ئینسانیه‌کان، ده‌بێ ئه‌وه بزانین که هه‌میشه له
نێوانی چاکه و خراپه، که‌رامه‌ت وره‌زاله‌ت،عه‌داڵه‌ت و
نابه‌رابه‌ریدا جیاوازی جدی هه‌یه
و ئه‌رکی فه‌لسه‌فه و فیلسوفان رونکردنه‌وه و پیشاندانی
حه‌قیقه‌ته به ئینسانه‌کان بۆ گه‌یشتن به حکومه‌تێکی عادڵانه و
سه‌عاده‌تی ئینسانی. پاش ئه‌و ئه‌فلاتون بڕوای به بلیمه‌تگه‌رایی
و تێکه‌ڵاوی عه‌قل و حکومه‌ت بوو. پێیوابوو که تاقمێکی که‌م
له‌ئینسانه‌کان خاوه‌ن هزر و هۆشی تایبه‌تن و هه‌ر ئه‌وانیش
ئه‌توانن ببنه رێبه‌ر و حاکمی ئینسانه‌کان. له‌لای ئه‌فلاتون
ته‌نیا ئه‌خلاق و زانسته که ئه‌توانێ به‌ر به بێعه‌داله‌تی
بگرێت، وه هه‌ر ئه‌و بلیمه‌تانه‌ی کۆمه‌ڵگان که ئه‌توانن فێری
زانست و ئه‌خلاق ببن.
ئه‌وه‌ی که
پێوه‌ندی نێوان قو‌دره‌ت و حکومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌خلاق و ئایین
و حه‌قیقه‌ت چۆن ده‌بێ ببێت، پرسیاری فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی له 25
سه‌ده‌ی رابردودا بووه. ئارلیوس ئاگوستینوس له سه‌ده‌ی چواره‌می
زاینی‌دا به که‌ڵک وه‌رگرتن له ئاموژگارییه‌کانی مه‌سیح،
فه‌لسه‌فه‌ی "مافی خودایی" بوونی حکومه‌تی
سیاسی پێشکه‌ش کرد و له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه بوو که
تێکه‌ڵاوی مه‌زهه‌ب له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات ئینسان به‌ره‌و
سه‌رکه‌وتنی ئه‌خلاقی ده‌بات و ده‌بێته هۆی به‌رده‌وامی حکومه‌ت.
ئه‌و هۆی روخانی ئیمپراتوره‌کانی رومی، لادان له فه‌رمانی خودا
ده‌زانی. ئه‌م تزه‌ی ئاگوستینوس بووه هۆی ده‌سه‌ڵاتی ئایین و
کلیسا له سه‌ده‌کانی ناوه‌راستتدا و باڵی به‌سه‌ر هه‌موو دونیای
رۆژائاوادا کێشا و 9 سه‌ده‌ی خایاند تا ده‌لاقه‌کانی رونێسانس
رۆشنایی دا به دونیای ره‌ش و تاریک کراوی غه‌رب.
نزیک به 2
سه‌ده دوای سه‌رهه‌ڵدانی بیرۆکه‌ی "مافی خودایی" بوونی حکومه‌ت
له لایه‌ن ئاگوستینوسه‌وه، له دونیای رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستیشدا
ئایینی ئیسلام له‌دایک ده‌بێت. ئیسلام له‌سه‌ره‌تاوه به‌م
بیرۆکه‌وه دێته دونیا و تا کۆتایی خه‌لافه‌تی خوله‌فای راشدین،
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئایینی هه‌ر یه‌ک بوو، وه له ده‌ست خوله‌فادا
بوو.پاش ئه‌وان به‌ره به‌ره حکومه‌ته‌کان سه‌ره‌ڕای پێڕه‌وی له
یاسا ئیسلامییه‌کان به‌ڵام به هۆی به‌شدار نه‌بوونی رێبه‌ره
ئایینیه‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا، له‌سه‌ر ئه‌م بروایه
که "بازنه‌ی نه‌بووه‌ت داخراوه" له‌راستیدا دین له ده‌سه‌ڵات
دور خرابووه‌وه و ه‌ک باوه‌ڕێکی شه‌خسی له خانه‌قاکان و
مزگه‌وته‌کان و قوتابخانه‌کاندا ده‌گوترانه‌وه و تێکه‌ڵاوی
کاروباری ده‌سه‌ڵات نه‌ده‌بوون. هه‌رچه‌ن به بۆنه‌ی خۆ به حاکمی
ئیسلام زانینی حکومه‌ته‌کانه‌وه زۆر جار باوڕمه‌ندانی دینی و
عارفانی تواوه له ولایه‌تی زاتی خودادا به تاوانی بدعه‌ت و
لادان له ئیسلام توشی ئازار و ئه‌شکه‌نجه و حه‌تتا مه‌رگیش
هاتوون. به‌ڵام تا ده‌هات ئه‌م دوو باڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵگا
له‌یه‌ک دوور ده‌که‌وتنه‌وه.ئه‌مه‌ش هۆکه‌ی ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ
ئه‌م ره‌وایه‌ته‌ی ئه‌هلی سوننه که ده‌ڵێت: زه‌مانی پێغه‌مبه‌ر
چون خۆی سه‌رچاوه‌ی شه‌ریعه‌ت و نؤێنه‌ری خودا بوو، وه ده‌ستوراتی
شه‌ریعه‌ت راسته‌و خۆ ده‌گه‌یشته حکومه‌ت ئه‌و حکومه‌ته و
حکومه‌تی خوله‌فا که راسته‌وخۆ ده‌ستوراتی شه‌رعیان له
پێغه‌مبه‌ر وه‌ر گرتوه ،شه‌رعی و شایانی نوێنه‌ری خودا بوون ،پاش
ئه‌وان بازنه‌ی نه‌ببوه‌ت داخراوه و که‌س له رێگای وه‌حیه‌وه
ناتوانێ مه‌رجه دینیه‌کانی ده‌سه‌ڵات جێبه‌جێ بکات. خه‌لافه‌تی
هه‌لبژارده کرایه خه‌لافه‌ت میراتی و حکومه‌ته ئیسلامیه‌کان
بوونه ئیمپراتوری ئیسلامی.
ئێرانیش تا
سه‌رده‌می طاهریان یه‌کێ بوو له وڵاتانی ژێر سولته و ده‌سه‌ڵاتی
ئیمپراتوری ئیسلامی. له‌ده‌وره‌ی سامانیان و بنه‌ماڵه‌ی شیعه
مه‌سله‌کی آل بویه‌دا، له ئێران بزوتنه‌وه‌یه‌کی رزگاری خوازی
هه‌ڵی کرد و توانی وڵات له سولته‌ی ئیمپراتوری ئیسلام رزگار بکات
و جارێکی‌تر سه‌ربه‌خۆیی خۆی وه‌ده‌س بێنێته‌وه.
له روانگه‌ی
شێعه‌وه ئیمامان که میراتبه‌رانی پێغه‌مبه‌ری سه‌رچاوه‌ی فه‌یزی
نه‌ببوه‌تن، جێگران و درێژه‌ده‌رانی راسته‌قینه‌ی حکومه‌تن. به‌ڵام
له‌نه‌بوونی ئه‌واندا هه‌موو حکومه‌ته‌کان داگیرکراو و ناشه‌رعین.
له لای شیعه ئیمامان خاوه‌ن دوو لایه‌نی ڕێبه‌ری سیاسی و دینین،
به‌م شێوه دیانه‌ت و سیاسه‌ت تێک ده‌ئاڵێن .به بڕوای موحه‌قێقین
ئه‌م بڕوایه زۆرتر وه‌رگیراو له بیرۆکه‌یه‌کی ئێرانی باستانه
که ده‌ڵێت "شا خاوه‌ن شکۆی ئیزه‌دییه" ،یانی بڕوایێکی ئێرانیه
تا ئیسلامی.
بۆ ده‌رچون
له بازنه‌ی به‌ستراوی، نه‌بوونی ئیمامان وناشه‌رعی بوونی
حکومه‌ت، به‌ده‌س غه‌یری ئیمامانه‌وه، عارفه ئێرانیه‌کان به
که‌ڵک وه‌رگرتن له حکمه‌تی خوسره‌وانی ئێرانی باستان و جێگۆڕکێی
"ئیمامه‌ت" و"ولایه‌ت" بازنه‌که‌یان کرده‌وه و به‌م شێوه
ولایه‌ت کرایه
درێژه‌ی رێگای نببووه‌ت. ئه‌م چه‌مکه تا ده‌وره‌ی سه‌فه‌ویه‌کان
هر وه‌ک ولایه‌تی مه‌عنه‌وی و ئیرشادی خه‌لک باسی لێده‌کرا و
تێکه‌ڵاوی سیاسه‌ت نه‌ده‌بوو. "سهروردی"
له " المشارع و المطارحات " دا ئاماژه به چوار عارفی
ئێرانی ( حلاج، ابولحه‌باس قه‌ساب ،بایزیدو ابولحه‌سه‌ن خرقانی)
ده‌کات و ده‌ڵێ که ئه‌مانه له سه‌رده‌می ئێرانی ئیسلامی‌دا
درێژه‌ده‌رانی میراتدارانی حکمه‌تی خوسره‌وانی پێش ئیسلام بوون،
ئه‌و هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "حه‌سه‌نی به‌سری و ذوالنون میسری و
سه‌هلی ته‌سته‌ری و بایزید شبلی و... له پێغه‌مبرانی به‌نی
ئیسرائیڵ پایه‌به‌رزتر و گه‌وره‌ترن"، ئه‌م وته‌یه جێگه و پایه‌ی
وه‌لی له باوڕی عارفانی ئێرانی وه‌ک ئه‌ودا ده‌گه‌یێنێ.
ئه‌م بیرۆکه
عارفانه له‌سه‌رده‌می سه‌فه‌ویه‌کانه‌وه له لایه‌ن زانایان و
عالمانی ئیسلامیه‌وه کێشرایه نێو بازنه‌ی سیاسه‌ت . سه‌ید نعمت
الله جزایری
له‌کتێبی "غواص اللثالی" ده‌ڵێ شا ته‌هماسبی سه‌فه‌وی چاوی به
محقق ثانی ده‌که‌وێت و پێی ده‌ڵێ: تۆ له من شایانتر و ره‌واتر به
سه‌لته‌نه‌تی چون تۆ نایبی ئیمامی ، منیش ده‌بمه فه‌رمانبه‌ری تۆ
...
ئه‌م باسه
له سه‌رده‌می قاجاره‌کاندا هێز و گوڕێکی پتری گرت وعالمانی دینی و
مه‌راجعی ته‌قلید شانبه‌شانی حکومه‌ته‌کان له کۆمه‌ڵگادا
حکومه‌تیان ده‌کرد و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی به‌رفراوان
بوون.حه‌یده‌ری ئامولی له کتێبی" جامعالاسرارومنبع الانوار"دا
هه‌وڵ ئه‌دات که به نزیک کردنه‌وه‌ی روانگه‌ی سوفیه‌کان و
شێعه‌کان رێگه بۆ تێکه‌ڵاوی و جێ‌گۆرکێی یه‌کجاری ولایه‌ت بۆ ناۆ
سیاسه‌ت و پێک هێنانی نه‌زه‌ریه‌ی ولایه‌تی فه‌قیه و ده‌ڵێ: له
نێو فرقه‌گه‌لی ئیسلامی‌دا که‌س به‌قه‌د سۆفی قینی له شێعه
نه‌بوه و که‌سیش به قه‌د شێعه ئینکاری سۆفی نه‌کردوه ،به‌ڵام
ئه‌م دوژمنایه‌تیه له نه‌زانین بووه چون هه‌ر دینێک زاهیر و
باتنێکی هه‌یه، رواڵه‌تی ده‌بێته شه‌ریعه‌ت و باتنیشی ده‌بێته
حه‌قیقه‌ت.شێعه زاهیری ئیسلامه و سوفیه‌ش باطنی دینی ئیسلام.
به‌م شێوه مانای ولایه‌تی مه‌عنه‌وی و روحانی سوفییه
گوێزرایه‌وه بۆ نێو بار و بواری سیاسی و ده‌سه‌ڵات و دونیه‌وی.
شاکانی
قاجاریش ئاگاداری قودره‌تی مه‌لاکان و باڵی دینی کۆمه‌ڵگا بوون،
بۆیه هه‌ۆڵیان ئه‌دا تا بتوانن ره‌زایه‌ت و پشتیوانی ئه‌وانیان
له‌پشت بێت. له لایه‌کیتریشه‌وه روناکبیران و لایه‌نگرانی
گۆرانکاری و پێشکه‌وتنیش بۆ سه‌رخستنی بیر و بۆچونه‌کانیان
پێویستیان به یارمه‌تی و پشتیوانی باڵی رۆحانی و ئاینی
ده‌سه‌لاتداری کۆمه‌ڵگا بوو. هه‌ر بۆیه جگه له میرزافه‌تحعه‌لی
ئاخوندزاده ،روناکبیران علمانی و رؤشنبیرانی دینی و لایه‌نگرانی
سکۆلاریش بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن مه‌رام و بۆچونه‌کانیان ببه‌نه نێو
خه‌ڵک و توشی تۆمه‌تی کفر و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ دین نه‌بن،
مه‌رامه‌کانیان به‌ناوی ئاین، یان لانی که‌م به‌رواڵه‌ت ئایینی
پیشان ده‌دا.
ئه‌م کێشه
وای کرد له روناکبیرانی سه‌رده‌می مه‌شروته که ،بؤ
نوێکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای ئێران و ئاماده‌کاری بۆ دامه‌زراندنی
حکومه‌تی مه‌شروته و سه‌قامگیر کردنی ده‌سکه‌وته مه‌ده‌نییه‌کانی
رۆژئاوا له ئێرانی ئیسلامی، هه‌موو قانونه مه‌ده‌نییه‌کان، به
ره‌نگ و بۆی ئیسلامی برازێننه‌وه. ئه‌م کاره‌ش ده‌بووه هۆی
دابه‌زین و که‌مکردنی باری مانایی و حقوقی قانونه‌کان و له
باشترین حاله‌تیشدا ،ئه‌گه‌ر داشبمه‌زرایێت، جیاوازیێکی فراوانی
له‌گه‌ڵ قانونه‌کانی مافی مرۆف و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌بوو. بۆ
نمونه ئازادی قه ڵه‌م و به‌یان به "امربه معروف و نه‌ی از منکر"
مانا ده‌کراوه که ثقه‌الاسلام تبریزی له "ره‌ساله‌ی لالان "دا
ده‌نوسێ " مشروطه طلب آزادی قلم و آزادی بیان میخواهد، یعنی قدرت
امر به معروف و نه‌ی از منکر".
سه‌ره‌ڕای
دابه‌زاندن و که‌م کردنه‌وه‌ی باری مانایی قانونه‌کان، به‌شێک له
مه‌لاکانی سه‌رده‌م دژی مه‌شروته و مه‌شروته‌خوازان بوون و ئه‌م
کاره‌یان به فێڵێک ده‌زانی له لایه‌ن دونیای مه‌سیحییه‌ته‌وه بۆ
له‌ناوبردنی ئیسلام و به شه‌ڕی دینییان له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا. به‌ڵام
به‌شێکیشیان که لایه‌نی زۆرینه و به‌ده‌سه‌ڵآتی باڵی دینی
کۆمه‌ڵگا بوون وێڕای چاودێری و رێک خستنی قانونه‌کان له‌گه‌ڵ
ئیسلام، مه‌شروته‌یان به قازانجی ئیسلام ده‌زانی و به هه‌لێک بۆ
به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی لایه‌نی سیاسی ده‌سه‌ڵات و کونترۆڵی
سه‌ڵته‌نتیان داده‌نا.
ده‌ستێوه‌ردانی زانایانی دینی له کاروباری قانونی و حکومه‌تی بوه
هۆی ئه‌وه‌ی که به‌ر به ته‌سویب و ده‌رکردنی قانونگه‌لی علمانی و
عه‌قلی بگیردرێ و سه‌رچآوه‌ی هه‌موو قانونه‌کانی مه‌شروته
شه‌رێعه‌تی ئیسلام بوو. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که
به‌جێگه‌ی کونترۆل و که‌م کردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیستبدادی شاهی
،لایه‌نی ئایینی باڵی به‌سه‌ر باری سیاسی وڵآتیشدا کێشا و وێڕای
به لاڕێدا بردنی ئامانجه‌کانی مه‌شروته و مودێرنیته، ره‌گی
کێشه سه‌ره‌کیه‌کانی ئه‌مڕۆش داکوترا .
پاش
مه‌شروته هه‌لێکی کورتیتر بۆ ئێران هه‌ڵکه‌وت که خۆی له کۆت و
به‌نده‌کانی ئایین رزگار بکات، به‌ڵام ئه‌ویش به‌بۆنه‌ی نادمکراتیک
بوونی چه‌په‌کان ونه‌نواندنی نه‌رمی له لایه‌ن موسه‌دیقه‌وه
به‌رانبه‌ر به رۆژئاوا ،قوربانی پیلانی زلهێزه‌کان کرا.
ئێستا پاش
سه‌ده‌ونیوێک و تێپه‌راندنی سێ شۆڕش ،له کاتێکدا که دونیا پاش
تێپه‌ڕاندنی سه‌ده‌ی بیست خاوه‌ن 76 وڵاته که دیموکراسی تیایاندا
سه‌قامگیر بووه و له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنه‌کانی دونیا گونجاون و مافی
مرۆف وه‌ک سه‌ره‌کیترین مافه‌کان و قانونه‌کان تیایاندا
ناسراوه.وڵاته‌که‌ی ئێمه له هه‌وڵی بوژاننه‌وه و رێنسانسی
سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌که‌مدایه. دوای سه‌ده‌ونیوێک ململانێی نێوان
مودێڕنیته وسوننه‌ت و ئایین،ئه‌مڕۆ باڵی ئایین زاڵترین رۆژه‌کانی
ده‌سه‌ڵاتی تێده‌په‌ڕێنێت و هه‌موو درگاکانی دیالوگی داخستوه و
رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ بازنه‌ی خۆییه‌کان ته‌نگتر ده‌بێته‌وه وگوشار و
هه ڕه‌شه بۆ سه‌ر نیهاده مه‌ده‌نیه کرچ و کاڵه‌کان پتر ده‌بێت.
ئه‌مه‌ش له ڕاستیدا ڕێگه بۆ دوباره‌بوونه‌وه‌ی نه‌زه‌ریه‌ی ابن
خلدون له‌سه‌ر شه‌رحی تاریخ خۆشده‌کات. ابن خلدون له‌سه‌ر
ئه‌مبڕروایه بوو که هه‌میشه بۆ لابردنی شا یا حاکمێکی زالم
گروپێک له‌ده‌ور که‌سێک کۆده‌بنه‌وه و له‌سه‌ر ئه‌ساسی
عه‌سه‌بیه‌تی توند له‌گه‌ڵ حاکمی زالم تێک هه‌ڵده‌چن و له ئاکامدا
به زه‌بری خه‌ڵک حاکم ده‌روخێت، ماوه‌یه‌ک باشه و پاشان هه‌مان
ده‌ور دوپات ده‌بێته‌وه ،هه‌میشه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌ر هێرش و
تێکهه‌ڵچونێکدا ته‌مه‌دون و شارستانییه‌تێک کاول ده‌کرێت."گوته"
نوسه‌رو شاعیری ئاڵمانی سه‌ده‌ی 19 ده‌ڵی هۆی شۆڕشێکی گه‌وره
هه‌رگیز به‌ئه‌ستۆی خه‌ڵک نیه ،هۆی سه‌ره‌کی شۆڕشه‌کان
حکومه‌ته‌کانن.
ئه‌مرۆش وه‌ک
سه‌رده‌می مه‌شروته، بگره گه‌لێک زیاتر له‌وکاته‌ش سه‌رچاوه‌ی
هه‌موو یاساکان شه‌ریعه‌تی ئیسلامه ،بۆیه سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی
ڕوناکبیران و بیرمه‌ندانی بواری ڕرؤشنبیری و لایه‌نگرانی مافی مرۆڤ
و خوازیارانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، هێشتا نه‌ته‌نیا سه‌رکه‌وتنێکی
ئه‌وتۆ بۆ به‌ره‌و پێکهاتنی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی وه‌ده‌س نه‌هاتوه
به‌ڵکو، شاهیدی که‌مکردنه‌وه‌ی بازنه‌ی
چالاکییه‌مه‌ده‌نیه‌کانیشین.به‌راستی بۆچ وایه؟ ده‌بێ چ بکرێت؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، ده‌بێ به کورتی ئاماژه به
مانا‌و شوناسه‌کان و مه‌رجه‌کانی دیموکراسی بکه‌ین.
له روانگه‌ی
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیه‌وه ،دیموکراسی یا خه‌ڵلک مه‌زنی یانی ئه‌وه‌ی
که خه‌ڵک وێڕای توانایی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری خۆیان، شایانی
چاودێری و کونتروڵی حکومه‌تیشن.حکومه‌ت
پێکهاته‌ی ئیراده و خواستی خه‌ڵکه، ره‌عیه‌ت و خه‌ڵکی
ده‌رجه یه‌ک و دوو نامێنێ و هه‌موو شارۆمه‌ندن و له‌ڕ وانگه‌ی
قانوندا مافی به‌رابه‌ریان هه‌یه. ده‌وڵه‌ت به‌رپرسه له
پاراستنی مافه‌کانیاندا.مافی هه‌ڵبژاردن و خۆ پاڵاوتنیان ببێت و
هه‌ڵبژێردراوه‌کان و په‌رپرسانی حکومه‌تی و هه‌ر هه‌موو ده‌وڵه‌ت
وه‌ڵامده‌ر بێت له به‌رانبه‌ر پرسیاره‌کانی خه‌ڵکدا. ئه‌مانه و
بوونی نیهاد و ئورگانه مه‌ده‌نییه‌کان که هێڵی نێوان ده‌وڵه‌ت و
خه‌ڵکن و کاریان کونتروڵی ده‌وڵه‌ته، رێز دانان بۆ ده‌ستوری جیهانی
مافی مرؤڤ، مافی دروستکردن و دانانی رێکخراوه‌ی سیاسی ومه‌ده‌نی ،
ئازادی قه‌ڵه‌م و را ده‌ربڕین و رۆژنامه‌وانی ،نیشانه‌کان و
پێداویستیه گرینگه‌کانی دیموکراسین. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه
دیموکراسیناسان بوونی "که‌شوهه‌وای گشتی"ش به یه‌کێ له
سه‌ره‌کیترین پایه‌کانی ده‌موکراسی ده‌زانن که بریتیه له پێک
هێنانی شه‌رایه‌ت و که‌شو هه‌وایه‌ک که زانایان و خاوه‌ن ڕاکانی
بواری سیاسه‌ت بتوانن تیدا موشکلات و کێشه سیاسیه‌کان بده‌نه
به‌ر ره‌خنه و لێکۆڵینه‌وه ،بۆ گه‌یشتن به رێگاگه‌لی نوێ و
دروست کردنی هه‌وای دیالۆگ و پێشکه‌شکردنی پێشنیار‌و رێگا چاره‌کان.
بۆ گه‌یشتن
به وه‌ها هه‌ل و مه‌رجێک و پێک هێنانی وه‌ها کۆمه‌ڵگایه‌ک
له‌ئێران، ڕا و بۆچونی جۆراوجۆر هه‌یه، هه‌رکه‌سه‌و تاوانی گیر و
گرفته‌کانی سه‌ر رێگای دیموکراسی ئێران به ئه‌ستۆی لایه‌نێک یا
لایه‌نگه‌لێک ده‌خات. خاوه‌نانی ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵناسی ئابووری پیان
وایه ئیستبدادی شه‌رقی و کۆبونه‌وه‌ی شه‌دیدی قودره‌تی سیاسی و
ئابووری و بڕیارده‌ری له ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، شه‌رایه‌تی
جوگرافی و گه‌شه نه‌کردنی باری سه‌نعه‌تی، نه‌بوون یا کز بوونی
فه‌رهه‌نگی دیموکراتیک له ره‌فتاری گشتی ئێرانیاندا. له‌روانگه‌ی
مودێرنیسته‌کانه‌وه ،گیانسه‌ختی سوننه‌ت له به‌رانبه‌ر
نوێگه‌رایی و تازه‌بوونه‌وه‌دایه. که تاقمێک له خاوه‌نانی ئه‌م
روانگه پیانوایه که رۆڵی ئایین و روحانییه‌ت سه‌ره‌کیترینه
،بڕێکیان خه‌تاکه ده‌خه‌نه‌پاڵ کمونیسته‌کان و هه‌ندێکیشیان
ده‌ڵێن که شێوه‌ی مودرنیزه‌کردنی ئێران له زه‌مانی شادا که
به‌دور له به‌شداری خه‌ڵک و به‌سه‌رکوت وزۆر جێبه‌جێی ده‌کرا هۆی
سه‌ره‌کی وه‌دوا که‌وتنی دیموکراسی ده‌زانن.
دوکتور عه‌لی
میرسپاسی پێیوایه که یه‌کێ له هۆکانی سه‌رنه‌که‌وتن و له‌جێ
ماننه‌وه‌ی سکولاره‌کان و لایه‌نگرانی مودێرنیته له ئێران‌دا،
نه‌بوونی ره‌خنه و لێکۆڵینه‌وه چ به‌رانبه‌ر به یه‌کتر، چ روله
روناکبیرانی دینی، هه‌ر وه‌ها به که‌م گرتنی نه‌زه‌راتی
رۆشنبیرانی ئایینیه. میرسپاسی ده‌ڵێ: ئێمه پێویستیمان به‌وه‌یه
که له‌سه‌ر لانی که‌مێک ساخ بینه‌وه و وفاقمان ببێت تا بتوانین
ماناکردنوه‌کانمان وردتر بێت و جیاوازییه‌کانمان له‌گه‌ڵ یه‌ک
باشتر بزانین .بۆ گه‌یشتن به‌م وفاقه ده‌بێ ته‌واوی لایه‌نه چه‌پ
و ئیسلامی و سکولار و ... وه‌ڵامێکی روون بۆ ئه‌م پرسیارانه
دابنێن، کۆمه‌ڵگای سه‌عاده‌تمه‌ند چیه؟ له‌وه‌ها جامعه‌یه‌کدا تاک
چ جێگایه‌کی هه‌یه؟ کۆمه‌ڵ چ جێیه‌کی هه‌یه؟پێوه‌ندییه‌کانیان
چیه؟ده‌وله‌ت چیه ؟ دین چیه؟ پێوه‌ندی نێوان ئه‌مانه چۆنه؟
واڵتر
بنیامین ده‌ڵێ: تێکۆشان بۆ هونه‌ری ره‌سه‌ن، پیشانده‌ری ڕوانگه‌ی
موحافزه‌کارانه و ئه‌شرافییه. ئه‌مڕۆ بۆ وه‌رگرتنی روانگه‌ی
مودیڕن و دیموکراتیک ،ده‌بێ مه‌فاهیمی وه‌ک "هویت ایرانی" یان
"اصالت فرهنگی" بدرێته به‌ر لێکۆلینه‌وه و ره‌خنه، چون داهاتوی
ئێران به وه‌ها گوفتمانێک که له‌سه‌ر "اصالت " و "هویت"
دامه‌زرابێت نه له‌گه‌ڵ دیموکراسی کۆکه و نه له‌گه‌ڵ
مودێرنیته.
جا بۆ
کۆکردنه‌وه و کورت کردنه‌وه‌ی باسه‌که ده‌بێ بڵێین که به
سه‌رنج دان به پێداویستیه‌کان و مه‌رجه‌کانی سه‌قامگیر کردنی
دیموکراسی و پێک هاتنی کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی، یه‌که‌م ده‌بێت دین
له‌ده‌سه‌ڵات دوور بخرێته‌وه. تا ئینسان به‌شێوه‌ی ئازاد و ره‌ها
سه‌یر بکرێت، به‌م شێوه مافه‌کانی په‌سه‌ندکراوی نه‌ته‌وه
یه‌کگرتوه‌کان له‌وڵاتدا به‌بێ پاشگر و پێشگرێکی زیادی،
داببه‌زێندرێت.ژن و مافه‌کانی وه‌ک ژنی واقعی و به‌دوور له کۆت و
به‌ندی ئایینی و ڕه‌ها له زنجیره‌کانی کولتوری پیاوسالاری سه‌یر و
پێناسه بکرێت. به‌بڕوای بڕێک له زانایان ژن ئه‌وه‌نده گرینگه
که ئه‌توانین بڵێین که پرسی دیموکراسی له ئێران‌دا پرسی ژنه. ژن
وه‌ک مه‌حه‌کی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و پێناسه‌ی سه‌ره‌کی راده‌ی
سه‌رکه‌وتنی کۆمه‌ڵگاکان پیشانده‌دات له بواری
مه‌ده‌نییه‌تدا.جیاکردنه‌وه‌ی حه‌وزه‌ی خسوسی له حه‌وزه‌ی گشتی
یه‌کێکه له بناغه‌کانی دیموکراسی. شیلا بن حبیب فیلسوفی ئه‌مریکی
حه‌وزه شه‌خسیه‌کان به‌م سێ به‌شه ده‌زانێ.1 ـ به‌شی ئیمانی دینی
و ویجدانی ئه‌خلاقی 2 ـ به‌شی گۆڕینه‌وه‌ی کالا و پێوه‌ندیه
ئابورییه‌کان 3 ـ به‌شی پێوه‌ندیه شه‌خسییه عاتفیه‌کان و سێکس و
زه‌واج و ..`.
کۆمه‌ڵگا سوسیالیستیه‌کان به بیرمه‌ندانی وه‌ک هگل و مارکسه‌وه،
وه کۆمه‌ڵگا دینیه آرمانخوازه‌کان بڕوایان به جیاکردنه‌وه‌ی
ئه‌م دوو به‌شه‌نیه. سروش، له‌گه‌ڵ جودایی ئه‌و دوو حه‌وزه نیه
و به له‌به‌ر چاوگرتنی نه‌زه‌ریه‌ی ماکس ویبر پێیوایه،
بایه‌خه‌کان و ئه‌خلاقه دینیه‌کان ئه‌توانن ببنه هێڵی پێوه‌ندی
نێوان زانیاری و نیهاده‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان.
ریچارد رورتی
فیلسوفی ئامریکایی له‌م باره‌یه‌وه بیرمه‌دندان به دوو به‌ش
داده‌نێ 1 ـ بیرمه‌نده که‌ناییه‌کان 2 ـ عه‌قڵ سه‌لیمیه‌کان .
که‌ناییه‌کان سێ شوناسیان هه‌یه 1 ـ هه‌میشه شک له دوایین وشه
ده‌رکراوه‌کانی خۆیان ده‌که‌ن و هه‌ستیارانه ده‌ڕواننه قسه‌کانی
که‌سانیتر. 2ـ له‌وباوڕه‌دان که ئیستدلاله زبانیه‌کان قه‌ت
نابنه هۆی نه‌مانی شک
3 ـ نه‌زه‌ریه ده‌رکراوه‌کانیان قه‌ت سه‌ربه‌خۆ له خۆیان
نین و به مانای ته‌واوی حه‌قیقه‌ت نین و ئه‌گه‌ر کێشمه‌کێشێک
هه‌بێ له نێوان کۆن و نوێدایه نه‌ک له نێوان حه‌قیقه‌ت و
خه‌تادا.
ئه‌مڕۆ
به‌شێک له روناکبیره دینیه‌کانی ئیرانیش که به‌رێفۆرمخواز
ناسراون،له‌سه‌ر ئه‌وبڕوایه‌ن که باس له لابردنی دین
به‌ته‌واوه‌تی کارێکی نامومکینه ،بۆیه پیان وایه که ده‌بێ باسی
له که‌مره‌نگ کردنه‌وه‌ی رۆڵی دین باشتره، به بڕوای ئه‌وان ئه‌م
که‌مڕه‌نگ کردنه‌وه‌ی سێبه‌ری ئایین به‌سه‌ر قانونه‌کان و
سیاسه‌تدا ده‌بێته رێگه‌خۆشکه‌ری ئه‌وه‌یه که له‌داهاتودا
،ئاسانتر دین له ده‌سه‌ڵات دوور بخرێته‌وه. جا ئه‌م بۆچونه تا
چه‌نده توانای له‌کۆمه‌ڵگادا بۆ گۆڕانکاری ببێت
یان چه‌نده توانیویه‌تی کاریگه‌ر بێت ؟ وه‌ڵامه‌که‌ی
داده‌نێم بۆ خوێنه‌ران ،به‌ڵام ئه‌م بۆچونه‌ش ته‌نیا به‌یانی
تاکتیکێکه بۆ گه‌یشتن به یه‌که‌م باسی سه‌ره‌کی یانی
جیاکردنه‌وه‌ی ئایین له ده‌سه‌ڵات.بۆ گه‌یشتن به‌م مه‌به‌سته‌ش
وه‌ک "مه‌لکه‌م خان" له ژماره‌ی 12 قانوندا ده‌ڵێت :"ما آدمیان
میخواهیم این رسم یاغیگری و خون ریزی را از تاریخ ایران منسوخ
نمایم، اسلحه مدافعه ما در صحت کلام ماست. " ئیتر له سیستمی
ئیستبداد ـ شۆڕش و ئاژاوه ـ ئیستبداد، پێره‌وی ناکه‌ین و ئێران
ئێستا له سه‌رده‌می په‌سا شۆڕشدایه. بچوک
و
ته‌نگتر بوونه‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێستاش نیشانه‌ی زۆر بوونی
لایه‌نگرانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیه، پێمان ده‌ڵێت هه‌موو رۆژێ
به‌رده‌وام له لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵاتی دینی که‌مده‌بێته‌وه،
بۆیه له‌بازنه‌ی بڕوا پێکراوانی ده‌سه‌ڵاتی دینی ده‌رده‌چن.
ئه‌وه‌ی ئێستا پێویسته شه‌هامه‌تی مه‌ده‌نیه، یانی راوه‌ستان له
به‌رانبه‌ر زوڵمدایه، جا به‌نیسبه‌ت هه‌رکه‌سه‌وه بێت. وه‌ک
ڤۆڵتێری فه‌رانسه‌وی رو له یه‌کێ له موخالیفانی ده‌ڵێت:
"سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی من و تۆ وه‌ک یه‌ک بیر ناکه‌ینه‌وه و تۆ دژی
بڕواکانی منی، به‌ڵام من ئاماده‌م گیانم بده‌م تا تۆ بتوانی
ئازادانه قسه‌که‌ت بکه‌ی."ئێمه‌ش ده‌بێ مانوونه‌ناسانه وێڕای رێز
بۆ موخالیفه‌کانمان، له‌به‌رانبه‌ر زاڵماندا تا ته‌سلیمی دوا
که‌سیان له‌به‌رانبه‌ر قسه‌ی حه‌قماندا ده‌بێ به‌شێوه‌ی
مه‌ده‌نیانه راوه‌ستی
و کۆیله‌گای مه‌ده‌نی
بکه‌ینه کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی.
سه‌رچاوه که‌ڵک لێوه‌رگرتوه‌کان:
مردم سالاری
چالشهای سرنوشت‌ساز
محسن حیدریان
خشونت . حقوق
بشر .جامعه مدنی
د . محمد رضا نیکفر
حاکمیت
وآزادی
د. رامین جهانبگلو
ایران در
جستجوی مدرنیته
"
"
"
"
مشروطه
ایرانی و پیش زمینه‌های ولایت فقیه
ماشالله آجودانی
دموکراسی یا
حقیقت
د، علی میرسپاسی
.
|