بزربوونی چه‌مکی
رێبه‌ر له کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیدا
فه‌ڕۆخ
نێعمه‌تپوور
له‌م
بابه‌ته‌دا له ئاست سێ چه‌مکی رێبه‌ر، کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و
کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی راوه‌ستاوین. که‌واته بۆ چوونه ناو باسه‌که
به‌ر له هه‌ر شتێک پێویستیمان به پێناسه‌ی هه‌ر کامیانه،
پێناسه‌یه‌کی تا راده‌یه‌ک تێر و ته‌سه‌ل وه‌ها که بتوانێ ئیزنی
چوونه ناو په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌م سێ چه‌مکه‌مان بداتێ. پێناسه‌ی
چه‌مک، مه‌سه‌له‌یه‌که که هه‌ر له یۆنانی کۆنه‌وه له زه‌مانی
سوقراته‌وه مرۆ پێیه‌وه سه‌رقاڵ بووه و له نووسراوه‌کانی
ئه‌فلاتووندا ده‌بینین که چلۆن سوقرات پیش ده‌ستپێکردنی هه‌ر
گفتوگۆیه‌ک و ئاکام لێوه‌رگرتنی، چه‌نده له بابه‌ت پێناسه
هه‌ستیاره و وردبینی نیشان ده‌دات.
پێناسه‌ی
چه‌مکی رێبه‌ر
رێبه‌ر له
وشه‌دا به مانای رێ نیشانده‌ر دێت، که‌سێک که پێش ده‌که‌وێت و
رێگا پیشان ده‌دات. به گشتی ده‌توانین ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه
بده‌ینه پاڵ رێبه‌ر:
ـ رێبه‌ری
دیارده‌یه‌کی پێویستی ژیانی مرۆڤایه‌تییه.
ـ رێبه‌ر،
پێوه‌ندی به گروپه‌وه هه‌یه.
ـ که‌سی
هه‌ره چالاکی ناو گروپ یاخود کۆمه‌ڵگایه.
ـ له بابه‌ت
توانای زه‌ینییه‌وه له‌وانی دی سه‌رتره.
ـ خاوه‌نی
سریمه‌ی ده‌روونی و سایکۆلۆژییه به سه‌ر ئه‌وانی دی‌دا.
ـ له کاته
هه‌ستیاره‌کاندا توانای بڕیاردانی پتره.
ـ دروست
بوونی رێبه‌ر ته‌نیا به توانای تاکه‌وه نه‌به‌ستراوه، به‌لكوو
په‌یوه‌ندی به بارودۆخی
کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژویشه‌وه هه‌یه. واته رێبه‌ر هه‌ڵقوڵاوی
دۆخێکی تایبه‌ته.
هه‌ڵبه‌ت
له‌م پێناسه‌یه‌دا رێبه‌رمان ته‌نیا له چه‌مکی تاکه‌که‌سدا
پێناسه کرد، به‌ڵام له راستیدا چه‌مکی رێبه‌ر ده‌توانێ گشتیش
بێت، واته رێبه‌ر ده‌توانێ کۆمه‌ڵێک که‌س یاخود رێکخراوێکی سیاسی
بن، که ئیدی له‌م مانایه‌دا تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی سه‌ره‌وه بۆ
گشت راده‌گوێزرێ. رێبه‌ری چ مانایه‌کی تاکه‌که‌سی هه‌بێت و چ
مانایه‌کی گروپی، ئه‌وا له‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌دا شه‌ریکن. جگه
له‌مه رێبه‌ر ده‌توانێ مانایه‌کی رێژه‌ییشی هه‌بێ، واته کۆمه‌ڵێک
که‌س ده‌توانن له ئاستی رێبه‌ری ریكخراوێکدا بن و یه‌ک له‌وان
رێبه‌ری پله یه‌کی ئه‌وانی دیکه بێت. له دنیای ئه‌مرۆدا که
رێکخراوه سیاسیه‌کان دروست بوونه، ده‌بیستین که ده‌ڵێن به‌ش
یاخود ده‌زگای رێبه‌ری حیزب، که مه‌به‌ست له‌مه به‌شی کۆمیته‌ی
ناوه‌ندی و بۆرۆی سیاسیه، که له‌ناو ئه‌وانیشدا که‌سێک وه‌ک
به‌رپرس سه‌رپه‌رشتی ئه‌وانی دی ده‌کا. ئه‌گه‌رچی رێبه‌ری له
مانای تاکدا له گه‌ڵ رێبه‌ری له مانای کۆدا خه‌سڵه‌تی هاوبه‌شیان
هه‌یه، به‌ڵام هه‌رله‌و کاته‌دا تایبه‌تمه‌ندیی جیاوازیشیان
هه‌یه که دواتر ده‌چینه سه‌ری.
پێناسه‌ی
کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی
تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ئه‌مانه‌ن:
ـ
پانتاییه‌کی به دوور له ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ته.
ـ کۆمه‌ڵێک
دامه‌زراوه‌ی تایبه‌ته یاخود ئه‌و رێکخراوانه‌ن که له پێناو
داوا یاساییه‌کاندا چالاکی ده‌نوێنن.
ـ
کۆمه‌ڵگایه‌که که تێیدا سنوره‌کانی نێوان تایبه‌ت و گشت دیارن و
ئازادی، پلۆرالیسم، سه‌روه‌ری یاسا و دڵفراوانی تێیدا باڵاده‌ستن.
ـ خاوه‌ن
سیسته‌می کێبه‌رکێیه و هه‌ربۆیه ریکخراوه جۆربه‌جۆره‌کان
ده‌توانن له هه‌موو بواره‌کاندا به تایبه‌ت له بواری ده‌سه‌ڵاتی
سیاسی‌دا پێکه‌وه پێشبڕکێی یاسای بکه‌ن.
ـ له
ناوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵات سه‌ربه‌خۆییان هه‌یه.
ـ خه‌ڵک به
هیچ رێکخراوه‌یه‌که‌وه تا ئه‌به‌د نه‌به‌ستراونه‌ته‌وه‌و له
راستیدا ئه‌وه جۆری تێڕوانین و داوای دیاریکراوی ئه‌وانه که
دیاری ده‌کا ده‌نگ به کام رێکخراوه‌یه بده‌ن، نه‌ک جۆری تێڕوانین
و داوای رێکخراوه‌یه‌کی دیاریکراو.
ـ توندوتیژی له کێبه‌رکێدا بزره.
ـ خه‌ڵک به
بێ ترس ده‌توانن ره‌خنه له هه‌ر ئاستێکی ده‌سه‌ڵات بگرن و داوای
لێپرسینه‌وه‌ی لێ بکه‌ن.
ـ چه‌مکی
شارۆمه‌ند هاتۆته ئاراوه. هه‌ر وه‌ک ده‌زانین شارۆمه‌ند
به‌هره‌مه‌نده له کۆمه‌ڵیک ماڤی سیاسی، ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی و
که‌لتوری. دابین بوونی ئه‌م مافانه رێ بۆ به‌شداری چالاکانه‌ی تاک
له کۆمه‌ڵگادا ده‌ڕه‌خسێنێ. واته تاک هه‌م ده‌بێته خاوه‌نی ماف
و هه‌م خاوه‌نی ئه‌رک. ئه‌رک و ماف دوو دیارده‌ی پێکه‌وه گرێدراون
له چه‌مکی شارۆمه‌نددا.
ـ عه‌قڵ
سه‌رچاوه‌ی دارشتنه‌وه‌ی یاساکانه، نه‌ک دیارده‌کانی ده‌ره‌وه‌ی
عه‌قڵ، بۆ وێنه خوا، جادو یان هه‌ر بانبوونه‌وه‌رێکی دیکه.
پێناسه‌ی
کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی
له‌م مۆدێل
سازیانه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی که درێژدادڕێ نه‌بێ، هه‌ر به‌وه‌نده
وازدێنین که بڵێین کۆمه‌ڵگای سوننه‌تی له دوا پێناسه‌دا به
پێچه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و مودێڕنه و هه‌ر بۆیه ته‌واوی
ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی سه‌ره‌وه له‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا یان بزر
ده‌بن یان گه‌لێک که‌مڕه‌نگ ده‌بنه‌وه. ده‌ڵێین که‌مڕه‌نگ،
چونکه له کۆمه‌ڵگای سوننه‌تیشدا بۆ وێنه له ده‌وڵه‌تی عوسمانی
دا میرنشینه‌کان تا ئاستێکی زۆر وه‌ک ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی
سه‌ربه‌خۆییه‌کی باشیان هه‌بوو، به‌ڵام هه‌ندێ تایبه‌تیمه‌ندیی
وه‌ک ئه‌مه نابێته هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌و جیاوازییه رادیکاڵ و
بنچینه‌ییه‌ی که له نێوان کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و سوننه‌تیدا هه‌ن
له به‌رچاو نه‌گرین و له باری بایه‌خه‌وه بچوکی بکه‌ینه‌وه.
له راستیدا کۆمه‌ڵی مودێڕن به‌رهه‌می شۆڕشی پیشه‌سازی،
ته‌کنۆلۆژیا و ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه وه‌ک نوێترین یه‌که‌ی سیاسیه. ***
ئه‌مانه‌ی
که پێشکه‌ش کران ته‌نیا پێناسه و چه‌مکه لێکدابڕاوه‌کان بوون.
بێگومان ئه‌گه‌ر چه‌مکی رێبه‌ر له گه‌ڵ هه‌ر کام له دوو
چه‌مکه‌که‌ی دی لێک گرێبده‌ین و پێکه‌وه بیانشێلین و بمانه‌وێ شتی
دیکه‌ی لێ ساز بکه‌ین، ئه‌وا بێگومان به دیوێکی دیکه‌دا
ده‌که‌وین. که سه‌یری مێژوو ده‌که‌ین ده‌بینین که رێبه‌ر هه‌تا
بیره‌وه‌ری مرۆ ئیزن ده‌دا، هه‌بووه، که‌واته چه‌مکی رێبه‌ر
گه‌لێک کۆنتره. به‌ڵام وه‌ک چۆن ئه‌و دوو کۆمه‌ڵگایه جیاوازیی
بنه‌ره‌تییان پێکه‌وه هه‌یه، هه‌ر ئاواش کا‌تێک که چه‌مکی
رێبه‌ریان لێ نزیک ده‌که‌وێته‌وه، ئه‌وا ئه‌م چه‌مکه‌ش گۆڕانی لێ
به‌سه‌ر دێت و نێوه‌ڕۆکی جۆراوجۆر په‌یدا ده‌کا.
رێبه‌ر،
کۆمه‌ڵگای سوننه‌تی
رێبه‌ر له
کۆمه‌ڵگای نه‌ریتیدا به پێی پێناسه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی ئه‌م
کۆمه‌ڵگایه ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه وه‌رده‌گرێ:
ـ له باری
ده‌روونناسییه‌وه ئه‌و ده‌رفه‌ته به شێوه‌یه‌کی به‌رین هه‌یه
که رێبه‌ر پله و پایه‌ی خودایی پێبدرێ. ئه‌و گروپه‌ی که له پشت
سه‌ری رێبه‌ر راوه‌ستاوه، به فراوانی پرۆپاگه‌نده بۆ ئه‌م
مه‌سه‌له‌یه ده‌کاو خه‌ڵکیش که هێشتا له بارودۆخی پێش مودێڕندا
ده‌ژین به ئاسانی به پیر ئه‌م پرۆپاگه‌نده‌وه ده‌چن و
وه‌ریده‌گرن. رێبه‌ر
ئیدی لێره‌دا به دووره له هه‌ڵه، خاوه‌ن شکۆ و موقه‌ده‌سه،
هه‌ر شتێکی ده‌کا و ده‌ینوێنی له راستیدا مانایه‌کی گرنگی له
پشتدا راوه‌ستاوه (ئه‌وه ئه‌رکی لایه‌نگرانه که دواتر
که‌راماتی ئه‌و کرده‌وه به رواڵه‌ت سادانه لێک بده‌نه‌وه).
وه‌ک چۆن له ده‌قه ئایینیه‌کاندا ده‌گوترێ که خوا هه‌ڵه ناکا و
هه‌ڵه له راستیدا ته‌نیا مرۆ خۆی لێ به‌رپرسیاره، ئه‌وا له‌م
بۆچوونه‌شدا رێبه‌ر هه‌ڵه ناکا و گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کیش هه‌بێ ئه‌وا
هی ئه‌وانی تره که نه‌یانتوانیوه راستی و دروستی گوته و
کرده‌کانی رێبه‌ر ده‌رک که‌ن و جێبه‌جێی بکه‌ن، بۆیه به تووش
هه‌ڵه‌وه بوونه.
ـ وه‌ک چۆن
خودا ته‌نیا له وه‌سف و کرده‌کانیدا ده‌ناسین و قه‌ت په‌ی به
سه‌رچاوه‌ی ئه‌سڵی ئه‌م لێهاتووییانه نابه‌ین، ئه‌وا رێبه‌ریش بۆ
هه‌میشه دیاره‌ده‌یه‌کی به ته‌واوی نه‌ناسراو و ئاڵۆز
ده‌مێنێته‌وه که ده‌بێ به‌رده‌وام هه‌وڵی ناسینه‌وه‌ی بدرێ.
ئه‌ویش نه‌ک ناسینه‌وه‌یه‌کی عه‌قڵی، به‌ڵکو دووباره ناسینه‌وه‌ی
پیرۆزییه‌کانی. پرۆژه‌ی ره‌خنه لێره‌دا بزره.
ـ به هۆی
نه‌بوونی پلۆرالیزم له کۆمه‌ڵی نه‌ریتیدا، وێنای کۆمه‌لگا له
بابه‌ت رێبه‌ر وێنایه‌کی تاکڕه‌هه‌ندی و ناپلۆرالیستیانه‌یه. به
هۆی نه‌بوونی دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌کان که پێناسه‌ی
به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گروپه جۆربه‌جۆره‌کان ده‌که‌ن، رێبه‌ر ئه‌م
ئه‌رکه له ئه‌ستۆ ده‌گرێ. ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه که له
باری مافه‌وه دۆخێکی وه‌ها بێته پێش که تێیدا هه‌میشه رێبه‌ر
به‌خشنده‌ی بێ و خه‌ڵک وه‌رگر. په‌یوه‌ندیی عه‌قڵانی و چالاکانه‌ی
نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات لێره‌دا بزر ده‌بێ. (ماف نادرێ،
وه‌رده‌گیردرێ).
ـ وه‌ک
گوتمان رێبه‌ر توانای زه‌ینییه‌کی باشتری له چاو هاوڕێیانی ناو
گروپه‌که‌ی هه‌یه. له کۆمه‌ڵی نه‌ریتیدا پرۆپاگه‌نده‌ی ئه‌وه
ده‌کرێ که گوایا رێبه‌ر له چاو هه‌موو ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا
خاوه‌نی توانای زه‌ینییه‌کی باشتره! لێره‌دا سه‌رچاوه‌ی توانای
زه‌ینی نه راهێنان و کار و ماندوو بوونی پتری رێبه‌ر، به‌ڵکو
دیارده‌یه‌کی نادیاره. رێبه‌ر، وشیارتره چونکه هه‌ر له
ئه‌زه‌له‌وه بۆ رێبه‌ری خوڵقاوه! ته‌نانه‌ت کا‌تێک
ژیاننامه‌که‌یشی ده‌نووسرێته‌وه، وه‌ها ریزبه‌ندی دیارده‌کان
ده‌کرێ که به ناچار ده‌با رێبه‌ر ببا به رێبه‌ر! ده‌ستێکی
جادوویی له پشت رێبه‌ر بووه که ئه‌وی گه‌یاندووه‌ته ئه‌م
پله‌یه. له راستیدا ئه‌وه‌نده‌ی به شێوه‌ی ناراسته‌وخۆ ئه‌م
ده‌سته جادووییه له چێ‌کردنی که‌سایه‌تی رێبه‌ردا به‌رجه‌سته
ده‌کرێته‌وه، خودی رێبه‌ر وه‌ک مرۆیه‌ک به‌رجه‌سته
ناکرێته‌وه. لێکخشانی ئه‌به‌دی چه‌مکی خودا و رێبه‌ر!
ـ له
کۆمه‌ڵی نه‌ریتیدا دام و ده‌زگای تایبه‌ت هه‌ن بۆ به‌رده‌ام
به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی پیروزیی رێبه‌ر. ره‌خنه یاساخه! بینینی
رێبه‌ر له گۆشه‌نیگای دیکه‌وه بڤه‌یه! ئه‌وه‌ی ده‌گوترێ ده‌بێ
له‌وه پێش له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه یان گروپی په‌یوه‌ندیدار به
رێبه‌ره‌وه په‌سه‌ند بکرێ. به‌ڵام ئه‌م یاساخ کردنه ته‌نیا له
رێگای زه‌بر و زه‌نگه‌وه به‌ڕێوه ناچێ، به‌ڵکو پاراستنی ئه‌و
دۆخه ده‌روونناسییه‌ی که رێبه‌رێکی وه‌های تێدا سازده‌کرێ له
زه‌بر و زه‌نگ گرنگتره. که‌واته ده‌بێ کۆمه‌ڵگا هه‌میشه له
که‌ش و هه‌وای رێبه‌ردا بمێنێته‌وه. یه‌کێک له ئه‌رکه
گرنگه‌کانی ده‌زگای پرۆپاگه‌نده ئه‌م مه‌سه‌له‌یه. واته
به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی دۆخی سایکۆلۆژی که پێویسته بۆ چه‌سپاندنی
ئایدیای رێبه‌ر.
ـ له
کۆمه‌ڵی نه‌ریتیدا هه‌میشه توانای چێ‌کردنی رێبه‌ر پارێزراوه. پێش
ئه‌وه‌ی رێبه‌ر بمرێ، رێبه‌ری دی له چاوه‌ڕوانیدا راوه‌ستاوه!
دوای مردنی رێبه‌ر زۆر به ئاسانی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی رێبه‌ری
پێشوو بۆ رێبه‌ری نوێ راده‌گوێزرێ. لێره‌دا ده‌سه‌ڵات ده‌وری
سه‌ره‌کی ده‌بینێ (له چاو دۆخی شۆڕشگێڕی که هێشتا رێبه‌ر به
ده‌سه‌ڵات نه‌گه‌یشتووه).
ـ به هۆی
نه‌بوونی سیسته‌م و ده‌رفه‌ته مودێڕنه‌کان له کۆمه‌ڵی نه‌ریتی،
چه‌مکی رێبه‌ر ده‌ورێکی تایبه‌تی له سازکردنی یه‌کگرتوویی
کۆمه‌ڵگادا گێڕاوه. له نه‌بوونی ماڤی شارۆمه‌ندیدا که ده‌ورێکی
هه‌ره گرنگ له پاراستنی یه‌کیه‌تی وڵات‌دا و هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵگادا
ده‌گێڕێ، سازکردنی فاکته‌ری دیکه‌ی وه‌ک دیارده‌ی رێبه‌ر له سه‌ر
بنه‌مای ده‌روونناسی پێش مودێڕن، ده‌ورێکی گرنگی له پاراستنی
ده‌سه‌ڵاتدا بینیوه.
ـ له
کۆمه‌ڵگای نه‌ریتیدا رێبه‌ر و گروپه‌که‌ی بڕیاده‌ری سه‌ره‌کین و،
له راستیدا هیچ میکانیسمێکی په‌یوه‌ندی بۆ ئاڵ و گۆڕ کردنی بیروڕا
له نێوان خه‌ڵک و رێبه‌ر له ئارادا نیه. مافه‌کانی جه‌ماوه‌ر بۆ
رێبه‌ر راگوێزراون. کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی که شوێنی سه‌ره‌کی دابه‌ش
بوونی ده‌سه‌ڵات و کاریگه‌رییه‌کانی جه‌ماوه‌ر له سه‌ر
ده‌سه‌ڵاته، بزره.
رێبه‌ر،
کۆمه‌ڵگای مودێڕن
له کۆمه‌ڵی
مه‌ده‌نیدا رێبه‌ر خاوه‌نی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌یه:
ـ له
راستیدا وشه‌ی رێبه‌ر له گۆڕێ‌دا نه‌ماوه و له جیاتی ئه‌م
وشه‌یه چه‌مکی دی هاتووه‌ته ئاراوه، چه‌مکگه‌لی وه‌ک سکرتێر،
به‌رپرسی یه‌که‌می شورای به‌ڕێوه‌به‌ری، سه‌رۆک کۆمار، سه‌رۆک
وه‌زیران و شتی دیکه‌ی له‌م بابه‌ته. ته‌نانه‌ت حیزب و رێکخراوه
سیاسیه‌کانیش له ناو ریزه‌کانی خۆیاندا ئه‌م وشه‌یه به کار
ناهێنن. چونکه وه‌بیر هێنه‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان شوان و
مێگه‌له که تێیدا شوان دیاری ده‌کا که مێگه‌ل چ بکه‌ن و بۆ کوێ
بچن. که‌واته باس کردن له رێبه‌ر له کۆمه‌ڵی مودێڕندا خۆی له
خۆیدا پارادۆکساڵه، واته له گه‌ڵ خۆی هاودژیی هه‌یه. لێره‌دا
ده‌توانین باس له‌وه بکه‌ین که بۆچی وشه‌ی رێبه‌ر بزر بووه.
هۆکاره‌کانی بزر
بوونی وشه‌ی رێبه‌ر له کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیدا
له سه‌ره‌تاکانی
چێ‌کردنی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیدا به‌ره به‌ره مانای
وشه‌ی
رێبه‌ر له تاکه‌وه بۆ کۆ واته بۆ کۆیه‌ک که سه‌رپه‌رستی یان
سه‌رکردایه‌تی ره‌وتێکی پێیه راده‌گوێزرێ. ئه‌م راگواستنه،
یه‌که‌م قۆناغی دێمۆکراتیزه کردنی چه‌مکی رێبه‌ره. ئه‌م گۆڕانه
له خودی رێکخراوه‌دا رووده‌دات و هێشتا به مانای ئه‌وه نیه که
رێبه‌ر له گه‌ڵ کۆمه‌ڵگا که‌وتبێته په‌یوه‌ندێکی دوولایه‌نه‌ی
دێمۆکراتیک. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێویسته که کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی
به ته‌واوی دامه‌زرێ و بێته چێکرن. ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی
به ته‌واوی دانه‌مه‌زرێ، ئه‌وا سه‌ره‌ڕای راگواستن به‌ره‌و
رێبه‌ریی کۆ، هێشتا ئه‌گه‌ری رێبه‌ریی به مانا نه‌ریتیه‌کی به
به‌هێزی ده‌مێنێته‌وه. بۆ وێنه ده‌بینین که له حیزبێکدا
رێبه‌رایه‌تی فۆڕمی کۆی وه‌رگرتووه، به‌ڵام هێشتا هه‌ندێ که‌س
ده‌توانن رێبه‌ر به مانای نه‌ریتیه‌که‌ی بن. یان ئه‌وه‌ی که
خۆیان به رێبه‌ری خه‌ڵک بزانن. له‌م حاڵه‌ته‌دا رێبه‌ریی کۆی نوێ
ئه‌گه‌رچی به رواڵه‌ت مۆدێڕنه به‌ڵام جورئه‌تی ره‌خنه و
واوه‌ترچوونی له رێبه‌ره‌که‌ی خۆی نیه و ته‌نانه‌ت رۆژ به رۆژ
زیاتر پیرۆزی ده‌کا.
ده‌توانین
به گشتی هۆکاره‌کانی بزر بوونی رێبه‌ر له کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیدا
له‌م چه‌ند خاڵه‌دا چڕ که‌ینه‌وه:
ـ پلۆرالیسمی
فکری و سیاسی. جۆراوجۆریی فیکر و پرۆژه‌ی سیاسی، در‌فه‌تی
تاکڕه‌هه‌ندی فیکر و پرۆژه‌ی سیاسی له کۆمه‌ڵدا ده‌مرێنێ و رێگا
بۆ فراوانی و هه‌مه‌ره‌نگی دروست ده‌کا. ئه‌مه ده‌بێته هۆی
ئه‌وه‌ی که رێبه‌ر بنه‌مای ئۆتۆریته‌ی ره‌های خۆی له ده‌ست بدا و
چیدی نه‌توانێ مه‌ودایه‌کی دوور و درێژ له مێژووی کۆمه‌ڵگایه‌ک
داگیر بکا. مونیسمی سیاسی ده‌مرێ.
ـ پلۆرالیزمی
رێکخراوه‌یی له بواری سیاسی‌دا. هه‌مه‌ره‌نگی له بواری
رێکخراوه‌دا بنه‌مای رێکخراوه‌یی رێبه‌ر لاواز ده‌کا و ده‌رفه‌تی
ئیمپڕاتۆریه‌تی پرۆپاگه‌نده‌ی لێ ده‌ستینێته‌وه.
ـ پلۆرالیزمی رێکخراوه‌یی له بواره
ناسیاسیه‌کاندا. ده‌رفه‌ت بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی له رێگای
رێکخراوه جۆربه‌جۆره‌کانه‌وه، ده‌رفه‌تی ئیمپراتۆریه‌تی گوتار
له رێبه‌ر ده‌ستێنێ و ئیدی خه‌ڵک ناچار نین که بۆ سه‌رچاوه‌کانی
دیکه‌ی دابین کردنی
ماڤدا بگه‌ڕێن، بۆ وێنه روو له رێبه‌ر بکه‌ن.
ـ هۆکاری
سکۆلاریسم، لاوازیی پێگه‌ی سیاسی دین، به‌رجه‌سته بوونی عه‌قڵ،
گه‌شه‌ی زانست و چوونه سه‌ری ئاستی تێگه‌یشتوویی خه‌ڵک.
گه‌ڕانه‌وه بۆ عه‌قڵ ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که پرۆسه‌ی به‌شداریی
نوخبه و خه‌ڵک له بڕیاره‌کاندا بچێته سه‌رێ و به‌م شێوه‌یه
خۆبه‌خۆ سه‌رچاوه ناعه‌قڵانیه‌کانی وه‌ک دین و شتی دیکه‌ی له‌م
بابه‌ته لاواز ببن. عه‌قڵانی بوون هه‌روه‌ها ئه‌و دۆخه
ده‌روونناسیه پێش مودێڕنه ده‌کوژێ که تێیدا شته پیرۆزه‌کان
سه‌ریان هه‌ڵده‌دا. رۆڵی زانست له راستیدا له میتۆدی
بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤدا گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی دروست ده‌کا (هه‌رچه‌ند
ئه‌مه ده‌کرێ بۆ هه‌موو مرۆڤێک وا نه‌بێت). بیری زانستی هیچ
دیارده‌یه‌ک وه‌ک حه‌قیقه‌تی هه‌میشه نه‌گۆڕ سه‌یر ناکا و
به‌رده‌ام به پێی گه‌شه‌ی ئامرازه‌کان و وردبینیی پتری مرۆڤ
دیارده‌کان ده‌داته‌وه به‌ر لێکۆڵینه‌وه (بیری زانستی
دینامیکه). پۆپێر پێێ وایه که هه‌ڵه، تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌کیی
زانسته و زانست له رێگای به دیار خستنی لایه‌نه هه‌ڵه‌که‌نی
خۆیه‌وه به‌ره‌وپێش ده‌چێ. گه‌ر هه‌ڵه‌ی تیۆرێک ده‌رکه‌وت ئه‌وا
ئه‌و تیۆره لاده‌برێ و تیۆری دی جێی ده‌گرێته‌وه. لای وی له
راستیدا تیۆرێک زانستییه که پۆتانسیه‌لی ره‌دکردنه‌وه‌ی تێدا
بێت. ره‌چاو کردنی وه‌ها میتۆدێک له بیردا به‌و مانایایه که بۆ
مرۆڤ هه‌موو چه‌شنه دیارده‌یه‌ک خۆی له خۆیدا جێگای
لێپرسینه‌وه‌یه و ده‌کرێ مرۆ په‌یوه‌ندێکی ئه‌بستمۆلۆژیانه‌ی له
گه‌ڵ په‌یدا بکا، نه‌ک په‌یوه‌ندێکی ته‌نیا رۆحی، هه‌ستی و حیماسی.
هه‌ڵبه‌ت
بزربوونی چه‌مکی نه‌ریتیانه‌ی رێبه‌ر به‌و مانایه نیه که
کۆمه‌ڵگا ئامرازێکی گرنگی رێکخستنی کۆمه‌ڵی له ده‌ست دابێت. به
پێچه‌وانه‌وه له کۆمه‌ڵی مۆدێڕن‌دا له جیاتی ئه‌مه میکانیزمێک
دروست بووه که ئه‌نجامی په‌یوه‌ندی نێوان رێبه‌ری کۆ و
دامه‌زراوه مه‌دنیه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگایه. کۆمه‌ڵگا له رێگای
هاریکاری و گفتوگۆی نێوان رێبه‌ری کۆ و دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌کان
ئیش و کاره‌کانی خۆی راده‌په‌ڕێنێ.
قه‌یرانی چه‌مکی
رێبه‌ر له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا
کۆمه‌ڵگای
ئێمه له مانای گشتگیری خۆیدا له قۆناغی راگواستن له کۆمه‌ڵی
نه‌ریتیه‌وه به‌ره‌و کۆمه‌ڵی مۆدێڕنه. له وه‌ها حاڵه‌تێکی
راگواستندا هه‌موو چه‌مکه‌کان بێ گومان له حاڵه‌تی گۆڕان و
راگواستندان، که یه‌ک له‌وانه چه‌مکی رێبه‌ره. له کۆمه‌ڵێکی
وادا توخمه‌کانی هه‌ردوو کۆمه‌ڵگا ده‌بیندرێن، هه‌م رێبه‌ری
خودائاسامان هه‌یه و هه‌م فۆڕمی رێبه‌ری به شێوه‌ی کۆ. له یه‌ک
حیزب‌دا بۆ وێنه ده‌بینین که هه‌م ده‌زگای رێبه‌ری هه‌یه و هه‌م
له هه‌مان کاتدا مه‌یل به‌ره‌و چێکرنی رێبه‌ری نه‌ریتی. ئه‌گه‌ر
بڕوامان به‌م پرۆسه‌یه هه‌بێ که کۆمه‌ڵگا له نه‌ریته‌وه
به‌ره‌و مۆدێڕن ده‌چێ، ئه‌وا ئاینده‌ی ئێمه‌یش ده‌بێ وڵاتێکی
مودێڕن بێت. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئیدی ئێمه‌یش ناچار به چێكرنی
پێناسه‌یه‌کی نوێ له چه‌مکی رێبه‌رین. رێبه‌ری کردنی ئاڵوگۆڕ له
وڵاتی ئێمه گه‌ر خۆی له چه‌مکی مۆدێڕنی رێبه‌رایه‌تی (که
بزربوونی رێبه‌ره) نزیک نه‌کاته‌وه، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت سواری
شه‌پۆلی رووداوه‌کانی داهاتووش بێت و ببێته خاوه‌نیان، هێشتا
قه‌یران له گه‌ڵ خۆی به‌رهه‌م دێنێته‌وه و ناتوانێ وه‌ڵامده‌ری
پێویستییه‌کانی گۆرانێکی مۆدێڕن بن. رێبه‌رایه‌تی مۆدێڕن!
ئه‌مه‌یه یه‌کێک له پێویستیه گرنگه‌کانی کۆمه‌ڵی ئێمه به‌ره‌و
مۆدێڕنیزاسیون.
|