مرۆ
که چێژی خۆشه‌ویستی نه‌کات له ئازادییش بێ به‌شه
II
،
III
(II)
ڕه‌فتاری دایك و باوک
ره‌فتاروکرداری رۆژانه‌ی ئێمه گرێدراوه به ڕابردووی ئێمه،
رابردووی ئێمه‌ش هه‌رچی که هه‌یه داڕژاوه و گۆڕینی هه‌روا
ئاسان نییه، هه‌موو بیره‌وه‌ر‌ێکان له ئه‌نباری مێشك
کۆبوونه‌وه و به پێی نیاز کاتی خۆیان ده‌رده‌که‌ون. ئه‌و
کێشانه‌ی که له ژیانی ڕۆژانه بۆمان دێنه پێش، ده‌گه‌ڵ ئه‌و
ڕووداوانه‌ی که بۆمان هاتوونه پێش لێك گرێ ده‌درێنه‌وه و به
دوو قات بارگرانی ده‌خه‌نه سه‌ر شانمان بێ ئه‌وه‌ی که خۆمان
بڕیارمان له‌سه‌ر دابێت یا ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌ی تێدابێت. بۆ نموونه،
له‌کاتی گوێ ڕاگرتن له موزیك، یان گۆرانێك که له رابردوودا
بیستومانه، یان شوێنێك که سه‌ردانمان لێ کردووه‌و بیره‌وه‌ریمان
لێی هه‌یه، بێ هیچ ده‌سه‌ڵاتێك سه‌فه‌ر ده‌که‌ینه‌وه ئه‌و
شوێنه و ده‌گه‌ڕێینه‌وه لای ڕابردوو، ڕابردوویه‌ک که شاد و
ناشادمان ده‌کات، رابردوویه‌کی شیرین که ده‌بێته جێگای حه‌سره‌ت
و په‌شیمانی، رابردوویه‌کی تاڵیش ده‌بێته داخ و که‌سه‌ر له سه‌ر
دڵمان. کاتێك بیره‌وه‌ری خۆشمان له‌شوێنێك هه‌یه، حه‌ز ده‌که‌ین
یه‌کسه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه ئه‌و شوینه‌و به ڕاشکاوی لێره‌و له‌وێ
باسی بیره‌وه‌رێکه
بکه‌ین. به هه‌مان شێوه که بیره‌وه‌ری ناخۆشمان هه‌بێت، حه‌ز
ناکه‌ین باسی لێ بکه‌ین یان گوێمان لێ بێت. کۆمه‌ڵێك نه‌هێنی یان
ئێش وئازاری ده‌روونی له شوێنی خۆیان ڕاگیراون که حه‌ز ناکه‌ین
ئاشکرایان که‌ین، چونکه
هه‌ر خۆمان به شوێنیان ده‌زانین و
نه
که‌سیتر، ته‌نانه‌ت خۆمان ده‌زانین که ئه‌وان چین و باس له چی
ده‌که‌ن، ئه‌و نه‌هێنیانه‌ن که ده‌بنه هۆی مه‌ترسی لای هه‌ر
مرۆڤێك، داخۆ که ئاشکرا بن خه‌ڵك چ شتێکمان پێ دێژن؟ زۆر سه‌یره
ده‌بێ ئه‌و نه‌ونه‌هێنیانه چه‌ندێك گرینگ و سامناک بن؟
کاتێك توشی به‌ڵایه‌ك ده‌بین و شوێنێکمان ئازار ده‌بینێت،
شوێنێکمان بریندار ده‌بێت وخوێنی ڵی ده‌ێت، پێش هه‌موو شتێك
ده‌گه‌ڕێین به‌دوای ده‌واومه‌ڵحه‌م، له‌بۆسارێژکردنی برینه‌که و
بۆکه‌م کردنه‌وه‌ی ئێش و ئازاره‌که. ئه‌وسا برینی دڵ چۆن سارێژ
که‌ین ومه‌ڵحه‌می ئه‌و برینه لای کێیه؟ متمانه به کێ بکه‌ین
که نه‌هێنێکانی خۆمانی لا بدرکێنین؟ ساڕ‌ێژ کردنی برینی له‌ش
گه‌لێك ئاسانه، به‌ڵام برینی دڵ درکاندنیشی هه‌ر زۆر زه‌حمه‌ته.
له‌و بنه‌ماڵانه‌ی که چرای خۆشه‌ویستی بێ تینه یان به ته‌واوی
کوژاوه‌ته‌وه، ته‌پو مژ‌و تاریکی له‌نێو ئه‌وبنه‌ماڵه‌یه حاکمه،
ئه‌و که‌سه‌ی که ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی
تاریکی بۆ نێو ماڵ، دیواری به‌دبه‌ختی وزه‌بونی له چوار
ده‌وره‌ی ماڵ داناوه، زڵکاوێکی
ساز کردووه که هیچ که‌س ده‌ر ناکات و ماڵی هه‌موو لایه‌ک
وێران ده‌کات.
ئه‌و شێوازه‌ی که دایکان وباوکان به‌کاری دێنن بۆ په‌روه‌رده‌و
بارهێنانی منداڵ، چ له ڕووی قه‌ست بێت یا نه‌قه‌ست، چ له ڕووی
شاره‌زایی بێت یا
نه‌شاره‌زایی، وه‌ها کاریگه‌ری ده‌کاته سه‌ر منداڵ که
سڕینه‌وه‌ی غه‌یری مه‌حاڵه و هیچ هیزێك توانایی هه‌ڵقه‌ندنی
نییه.
ئه‌و میراته‌ی که دایكان و باوکان بۆمان به جێ دێڵن، به جێ
ده‌مێنێته‌وه بۆ ڕۆڵه‌کانمان!
هه‌ر ره‌فتارێك جێی
پرسیاره‌و وڵامی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. بۆ نموونه: نان خۆاردن، جل
وبه‌رگ پۆشین، هه‌ستان و دانیشتن، قسه‌کردن، هه‌روه‌ها هه‌زاران
تکنیکی جۆراوجۆری په‌روه‌رده کردن هه‌یه که هه‌ر یه‌ك پێوستی
به دونیایه‌ک رێنوێنی و زانیاری هه‌یه. هه‌ر ئه‌ندازه
شاره‌زاییمان له‌سه‌ر منداڵ زۆرتر بێت، منداڵ باشتر
هۆگرمان ده‌بێت، باشتر گوێگری
ده‌کات. هه‌ر منداڵێك که پرسیاری لێ بکرێت، چ که‌سێك لای ئه‌و
باشه، به دڵنیایی وڵامه‌که‌ی ئه‌وه‌یه:
ئه‌وکه‌سه لای ئه‌و باشه که ده‌گه‌ڵ من هێدی و له‌سه‌ر خۆ بێت،
و خواست و ویسته‌کانم وه‌دی بێنێت.
کوڕه بچووکه‌که‌م، ته‌مه‌نی پێنج ساله‌و ناوی کاردۆخه، رۆژێك به
هه‌ڵکه‌وه‌ت ئه‌و پرسیارم
لێکرد:
کاردۆخ تۆ منت خۆش ده‌وێت؟ زۆر به جددی وڵامی دامه وه، ئه‌دی
چی، چۆن تۆم خۆش ناوێت. زۆر لام سه‌یر نه‌بوو چونکی منداڵ له‌و
ته‌مه‌ندا زۆر هۆگری دایك وباوکن و به دڵ خۆشیان ده‌وێن. به‌ڵام
لام سرنج ڕاکێش بوو که بزانم مانای خۆشه‌ویستی لای ئه‌و چیه،
منداڵ چۆن چۆنی ته‌عبیر له خۆشه‌ویستی ده‌کات. به‌م جۆره درێژه‌ی
پێدا، ئه‌تۆم خۆش ده‌وێت چونکی یاریم له گه‌ڵ ده‌که‌ی، زۆرشتم
به‌قسه ده‌که‌ی، ده‌مگه‌ڕێنی، لێم توڕه نابی، لێم ناده‌ی.
ئه‌وه‌ی که گێڕامه‌وه، ده‌قی ئه‌و قسانه‌یه که له زاری
کوڕه‌که‌م بیستم. له راستیدا خۆشه‌ویستی شتێکی نامۆ نییه،
خۆشه‌ویستی نیازه، نیازێکی ده‌روونی و غه‌یری ده‌روونی، نیازی
ده‌روونی هه‌ستێکی خۆش و ناسکه که که‌سێك وه‌ری ده‌گرێت یا
ده‌یبه‌خشێ. نیازی غه‌یری ده‌روونی نیازێکی فیزیکییه که به
دابین بوونی نیازه‌که منداڵ واته مرۆ دڵی ده‌داکه‌وێت.
کاتێك باس له هه‌ست
ده‌که‌ین، به تایبه‌ت هه‌ستی منداڵ زۆر ناسکه، ئه‌گه‌ر ژیر و
وریا نه‌بین به ڕه‌فتارو کردار ئه‌و هه‌سته ناسکه بریندار
ده‌بێت. ئه‌و مندالانه‌ی که له باری ڕه‌فتارو کرداره‌وه
ناته‌واون، کاتێك سه‌یریان ده‌که‌ین، یان که‌مێك ده‌چینه نێو ناخ
و ده‌روونیان، هه‌ست به‌ساردییه‌ک ده‌که‌ین که لامان زۆر نامۆیه،
ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت که
ئه‌و منداڵانه گڕو تینی خۆشه‌ویستییان وه‌رنه‌گرتوه، هیچ
تام و چێژیان له‌خۆشه‌ویستی نه‌کردووه، به پێچه‌وانه ئه‌و
مندالانه‌ی که له باری ڕه‌فتارو کرداره‌وه ته‌واون، هه‌ست به
گه‌رمێك ده‌که‌ین که لامان زۆر ئاسایییه‌و دڵ خۆش که‌ره بۆمان،
ئێمه وه‌ک دایك و باوک هه‌ست به ڕه‌زامه‌ندی ده‌که‌ین.
به‌داخه‌وه زۆربه‌ی کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگا
ڕاسته‌وخۆ له
بنه‌مالانه سه‌رچاوه ده‌گرن، منداڵ که خواست و ویسته‌کانی له
چوارچێوه‌ی ماڵێ دابین نه‌بێت یا به ئاوات وئاره‌زووکانی نه‌گات،
که‌م و کورییه‌کان به چه‌شنێك کاریگه‌ری ده‌که‌نه نێو کۆمه‌ڵگا
که ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کی نادروستی ده‌بێت. تاکو دایك به ڕێک وپێکی
بتوانێت ئه‌رکه‌کانی خۆی له‌باری په‌روه‌رده‌وه بارهێنانی دروستی
منداڵ بێ هیچ کێشه‌یه‌ك به‌رێوه به‌رێت، پێویستی به داکۆکی و
خۆشه‌ویستی پیاو هه‌یه. هه‌ر پیاوێك که
یارمه‌تی هاوسه‌ره‌که‌ی نه‌کات یا به جۆرێك خۆی له
یارمه‌تیدانی هاوسه‌ره‌که‌ی بشارێته‌وه، ناعه‌داڵه‌تی به‌رانبه‌ر
به هاوسه‌رو منداڵه‌کانی به‌جێهێناوه و به جۆری پێویست
هاوسه‌ره‌که‌ی ناتوانێت دڵسۆزانه ئه‌رکه‌کانی خۆی به‌رێوه به‌رێت
و دڵگه‌رم بێت به ژیان، چونکه دایك، بۆ دڵگه‌رم بوون به ژیان
پێویستی به پاڵپشتی و داکۆکی باوک هه‌یه. له راستیدا گرینگه
که
له هه‌موو لایه‌كه‌وه ده‌ستی یارمه‌تی بۆ یه‌کتری درێژ بکه‌ین،
به‌دادی یه‌کتر بگه‌ین و خه‌م خۆری یه‌کتری بین، به‌تایبتی
گرینگه که ئه‌م هه‌نگاوه پیرۆزه له‌چوار چێوه‌ی ماڵی سه‌رچاوه
بگرێت.
هه‌ر وه‌ک ده‌زانن، هه‌ستی دایك هه‌ستێکی زۆر پاك وناسکه،
هه‌رئه‌م هه‌سته پاکه‌یه که به‌م جۆره منداڵ هۆگری دایك ده‌کات
و بۆ لای خۆی ده‌کێشێت، که ئه‌م هه‌سته پاکه له نێو
گیانده‌به‌ره‌کانیش ئاساییه. ئه‌م هه‌سته پاکه ره‌مزی مانه‌وه‌و
بوونه بۆ هه‌ر گیاندا‌رێك. بیستومانه که ده‌ڵێن دایك
منداڵه‌که‌ی له خۆی خۆشتر ده‌وێت، موبالغه‌و قسه‌ی زیادی نییه،
زۆر جار دایك منداله‌که‌ی به‌شێك به وجودی خۆی ده‌زانێت، ده‌گاته
ئه‌و راده که خۆی زۆرتر به به‌رپرس وخه‌م خۆری منداڵ ده‌زانێت.
ڕۆڵی دایك
ڕۆلی دایك، بۆ پێوه‌ندی له بنه‌ماڵه‌دا بۆ گشت لایه‌ك گرینگه‌و
ده‌ور ده‌بینێت، دایك به شێوه‌یه‌کی عادڵانه‌و یه‌کسان پرنسیپی
ماڵێی ڕاده‌گرێت تاکو نه‌بێته شاری بێ ده‌روازه، وێڕای ئه‌وه‌ش
خولانه‌وه‌ی زیادی دایك له‌ده‌وری منداڵ ده‌بێته مایه‌ی دڵساردی
بۆ باوک که ده‌بێته هۆی
خۆ قوتارکردنی ئه‌و له‌ئه‌رکه‌کانی بنه‌ماڵه، هه‌روه‌ها
نه‌ناسینی ئه‌رکه‌کانی خێزانداری و منداڵبه‌خێوکردن.
دایكیکی وشیار و لێهاتوو جۆرێك ره‌فتار ده‌کات که هه‌موو
ئه‌ندامانی ماڵێ وه‌ك یه‌ك سه‌یر بکات و ئامۆژگاری هه‌موو
لایه‌نه‌کان به دروستی بکات. گرینگه دایك ئه‌وه له‌بیر نه‌کات،
به هه‌مان شێوه که منداڵ پێویستی به دایك هه‌یه باوکیش
پێویستی ده‌روونی به هاوسه‌ره‌که‌ی هه‌یه. منداڵ تا سه‌رده‌مێك
زۆرهۆگری دایکه‌و، دوای ئه‌وه که به‌ڕه‌ی خۆی له ئاو ده‌ركێشا،
ئه‌رکه‌کانی ئاسانتر ده‌بێته‌وه.
دایك وباوک که به جووت به‌ردی بناغه‌ی بنه‌ماڵه‌یان
داناوه، گرینگه که به ژیر‌و وریایی پاسه‌وانی ئه‌و به‌رهه‌مه
بکه‌ن که به ئاسانی نه‌ڕوخێت، دایك ده‌بێ ڕێزی باوک بگرێت تاکو
منداڵه‌کان به چاوی ڕێزه‌وه سه‌یر باوک بکه‌ن، چونکه دایك زۆر
جێگای باوه‌ڕی منداڵه به تایبه‌ت منداڵی ساوا، ئه‌و دایکه‌ی که
نه‌توانێت به جۆره‌ی پێویست
که‌سایه‌تی باوک له به‌ر چاو بگرێت، به ڕێز‌و حورمه‌ت
هه‌ڵسو که‌وت له باوکی منداڵه‌کانی نه‌کات، بێ گومان ناتوانێت
منداڵه‌کانی به به‌خته‌وه‌ری ڕه‌وانی کومه‌لگه بکات‌و داهاتوی
منداڵانیش ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
ئه‌و دایکه‌ی هه‌مو کارێک ده‌کات بۆ منداله‌که‌ی
بۆ سه‌لماندنی دایکایه‌تی خۆی، ئه‌رکیکی پیرۆزی به
جێهێناو، به‌ڵام به‌رله هه‌مووشتێك ده‌بێ پێداویستی منداڵ به پێی
ته‌مه‌ن و جنس سه‌یر بکرێت، ئه‌گینا منداڵ به‌سه‌ر
هه‌ڵه‌داده‌که‌وێت و له‌پاشان ڕه‌فتاره‌کان به ئاسانی پینه
ناکرێن، چونکی منداڵ زۆرتر چاوه‌ڕوانی له دایك ده‌کات تاکو باوک،
به تایبه‌ت منداڵی ساوا. منداڵێك که به‌م چه‌شنه په‌روه‌رده
بکرێت، که‌سایه‌تێکی زۆر لاوازی ده‌بێت و له نێو کۆمه‌ڵگه‌ش
حاوانه‌وه‌ی زه‌حمه‌ته، نریکایه‌تی دایك و کوڕ یان منداڵ وه‌ها
لێك گرێ ده‌درێت که منداڵ خه‌ڵکی دیکه به بێگانه ده‌زانێت. بۆ
نموونه مندالێکی ئاوا له ته‌مه‌نی لاوی که‌متر عاشق ده‌بێت و
که‌متر تێکه‌لاوی خه‌ڵکیش ده‌بیت، له ژیانی داهاتوی هاوسه‌ری
خۆیدا که‌متر سه‌رکه‌وتوو ده‌بیتو ده‌بێته نموونه‌ی دایك یان
باوکێکی خه‌راب بۆ منداله‌کانی خۆی. منداڵ گه‌لێك ژیر‌و وریایه،
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ که چۆن ڕه‌فتار بکات
تا کو سرنجی دایك وباوک بۆ لای خۆی راکێشێت، هه‌ربۆیه زۆربه‌ی
هه‌ڵه‌بازه‌کان یان ئه‌وانه‌ی سه‌رسه‌ریو سه‌ره‌ڕۆن، ده‌بنه
ئه‌سبابی هاڵۆزی له نێو کومه‌ڵگه.
به هه‌مان شێوه که رۆڵی دایک گرینگه، رۆڵی باوکیش گرینگه،
هه‌رچه‌ند له رۆژانی یه‌که‌م منداڵ زۆرتر هۆگری دایکه
ئه‌ویش زۆرتر به پێی نیازه‌کانی منداڵه، گرینگه که
هاوکاری دوولایه‌نه هه‌بێت.
ئه‌گه‌ر بوونی منداڵ ببێته هۆی دووری و ساردی نێوان دایك و باوک
یا
ناکۆکی
بنه‌ماڵه، ژیانی منداڵ ده‌که‌وێته مه‌ترسی. زۆرجار داێك و باوک
یه‌ک بیروڕا نین و لسه‌ر منداڵ ده‌مه‌قڕه‌یان لێ په‌یداده‌بێت و
پێکه‌وه دانویان
ناکوڵێت، داێك منداڵ بۆ لای خۆی راده‌کێشێت، باوکیش به
هه‌مان شێوه منداڵی بۆخۆی ده‌وێت، ده‌بێته پچران پچران و وه‌ك
کایه‌ی منداڵانی لێدێت. منداڵ زۆرزووهه‌ست به کێشه‌که ده‌کات،
دۆخه‌که به قازانجی منداڵ ئه‌وه‌و به ئاره‌زووی دڵی خۆی هه‌ر چی
حه‌زی لێ بێت ده‌یکات و داوای ده‌کات. به‌م جۆره منداڵ ئه‌وه‌نده
لوس ده‌بێت که له دۆخه‌که به خه‌راپ سوود وه‌رده‌گرێت، دایك
وباوک تێك به‌رده‌دات لایه‌ن گری ئه‌و که‌سه ده‌کات که له
قازانج وبه‌رژه‌وه‌نده خۆی دابێت، منداڵ فیدای ڕقه‌به‌رایه‌تی و
ناکۆکی بنه‌ماڵه ده‌بێت که دایك منداڵ وه‌ک که‌ره‌سته‌یه‌ک
به‌کار دێنێت بۆ به‌گژداچوونی باوکی منداڵ، دایك منداڵه‌که
ده‌گرێته باوه‌ش و ده‌ست ده‌کات به‌گریان و هه‌رچێ له دڵی دایه
به‌تاڵی ده‌کات، به تایبه‌تی کاتێك که مرۆڤ قه‌ڵس و توڕه‌یه
زۆرتر حه‌ز له شتی ناشێرین ده‌کات. به‌م جۆره دایك دڵی خۆی خاڵی
ده‌کات و مندالێش تیژده‌کات له به‌رانبه‌ر باوکی و منداڵی
به‌سته‌زمانیش له‌سه‌ر قسه‌کانی دایك له‌گه‌ڵ باوکی نه‌دوێ ده‌بێت
و ترسێکی زۆری ڕێده‌که‌وێت. له گۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری که به
کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پیاوسالاری ناسراوه، به هۆی بێده‌سه‌ڵاتی ژن
گریانی ژن لای منداڵی ساوا منداڵ زۆرتر زکیان به دایکیان
ده‌سووتێت، هه‌ر چه‌ند منداڵ دایك و باوکی به جووت خۆش ده‌وێت،
به‌ڵام قسه‌ی دایك یان باوک کاریگه‌ری ده‌خاته سه‌ر منداڵ به
تایبه‌تی که کێشه‌ی بنه‌ماڵه زۆر دووپات بێته‌وه.
به‌شی سێهه‌م
III
خۆشه‌ویستی نیازێکی
بێ سنوور
خۆشه‌ویستی یه‌کسان
هیچ که‌س به ئه‌ندازه‌ی منداڵ به خۆشه‌ویستی، محه‌ببه‌ت،
لاواندنه‌وه‌و سرنج پێدان موحتاج نییه. دایك و باوک ده‌توانن هه‌ر
له ڕۆژی یه‌که‌می شیر خواردن خۆشه‌ویستی ببه‌خشن به منداڵ تاکو
ته‌مه‌نی ١٨ ساڵی، له کاتێك زۆربه‌ی سرنجه‌کان ده‌درێت به منداڵی
ساوا، مندالی گه‌وره که‌متر سرنجی پێ ده‌درێت. زۆرجار دایکان و
باوکان لایانوایه که
خۆشه‌ویستی و محه‌ببه‌ت ته‌نیا شایانی مندالی ساوایه و،
له‌بیریان ده‌چێت که خۆشه‌ویستی و محه‌ببه‌ت نیازێکی هه‌تا
هه‌تایه‌و هیچ حه‌ددو سنوورێك ناناسێت. خۆشه‌ویستی و محه‌ببه‌ت دوو
خاڵی گرینگن بۆ بژێوی مندال، بێ بوونی هه‌ر یه‌ک له‌و به‌شانه
منداڵ ژاکاو ده‌بێت و زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێت، له ده‌رووندا ده‌ڕۆخێت
و ڕوحیشی بریندار ده‌بێت.
زۆرجار بیسراوه که باوک منداڵی خۆی ماچ نه‌کردووه به هۆی
ئه‌وه‌ی که پیاوه‌تی و غیره‌تیان بریندار ده‌بێت. هه‌رچه‌ند
نیازه‌کانی منداڵ به پێی ته‌مه‌ن فه‌رق ده‌کات، به‌ڵام خۆشه‌ویستی
بۆ منداڵ ته‌مه‌ن ناناسێت و نیازێکی ڕوحی و ده‌روونییه. به‌شێك
له دایکان و بابان به‌رگری له ئازادی منداڵ ده‌که‌ن، منداڵ ئازاد
ناکه‌ن که له سه‌ر لاقی خۆی بوه‌ستێت، بۆهه‌ر کارێك لۆمه‌ی
ده‌که‌ن که ئه‌مه باشه ئه‌مه باش نییه، منداڵ سه‌ری
لێده‌شێوێت و نازانێت چیبکات، به هه‌مان شێوه که نیازه‌کانی
منداڵ ته‌واو بوونی نییه، خۆشه‌ویستیش به‌رانبه‌ر به منداڵ
ته‌واو بوونی نییه، خۆشه‌ویستی و محه‌ببه‌ت ڕیگا بۆ نیازه‌کانی
منداڵ سووک و ئاسان ده‌کاته‌وه.
دایك و بابانی به محه‌ببه‌ت منداڵی به محه‌ببه‌ت
په‌روه‌رده‌ده‌که‌ن و دایك و بابانی بێ محه‌ببه‌ت منداڵی بێ
محه‌ببه‌ت په‌روه‌رده ده‌که‌ن. کاتێك دایك و باوک توندی‌و تیژی
له‌سه‌ر منداڵ به‌کار دێنن یا لای خوشك وبراکان شتی ناڕه‌وای
پێده‌ڵێن، نه ته‌نها بۆ منداڵه‌که ناخۆشه به‌ڵکو منداله‌کانی
دیکه(خوشك و برا) ده‌یکه‌نه گۆڵمه‌زی خۆیان و له‌کاتی ناکۆکی
چه‌شنی ئه‌و قسانه‌ی که بیستوویانه به کاری ده‌به‌ن و به
چاوێکی سووک سه‌یری مه‌سه‌له‌که ده‌که‌ن.
گرینگه دایك وباوک وشیاری بخه‌نه سه‌ر ئه‌و به‌شه، کاتێك منداڵ
هه‌ڵه ده‌کات له خۆشه‌ویستی بی به‌ش نه‌بێت و به چاوێکی سووک
سه‌یر نه‌کرێت، منداڵ وشیار که‌نه‌وه که کاره‌که‌ی هه‌ڵه‌یه‌و
هه‌وڵ بدات دووپاتی نه‌کاته‌وه، ئه‌م جۆره تێگه‌یاندنه یان
یارمه‌تیدانه منداڵ دڵ خۆش ده‌کات که هه‌مان هه‌له دووپات
نه‌کاته‌وه، ئه‌گینا له‌ڕقان زۆرتر هه‌ڵه ده‌کات. ئه‌گه‌ر منداڵ
مه‌جالی بیر کردنه‌وه‌ی هه‌بێت و هه‌ڵه‌ی بۆ ڕاست کریته‌وه بێ
گومان ده‌رسێکی باشی وه‌رگرتووه، که ئه‌و ئه‌زمونه‌ش نیشانه‌ی
ته‌ربییه‌تێکی دروسته. عه‌داڵه‌ت و به‌رابه‌ری نیشانه‌ی
ڕه‌فتارێکی دروسته که به دووره له جیاوازی دانان نێوان
منداڵان. دروست ڕه‌فتار نه‌کردن یا به وردی نه‌روانینه
مه‌سه‌له‌ی منداڵ و نابه‌رابه‌ری کردن له ماڵێ‌دا منداڵ توشی
کینه‌و ڕق بێزاری به‌رانبه‌ر به خوشك و براکانی ده‌کات له‌گه‌ڵ
ئه‌ویش متمانه‌ی به دایك و باوکی که‌متر ده‌بێته‌وه.
ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین، له باری ته‌نبێ کردن یا ده‌ستخۆشانه(پاداشی
کاری جوان) دان به منداڵ عه‌داڵه‌ت به‌ڕێوه به‌رین، ئه‌گه‌ر
به‌هه‌ر هۆیه‌ک منداڵێکمان له منداڵێکی دیکه خۆشتر ده‌وێت نابێ
له کردار‌و ڕه‌فتاردا ده‌رکه‌وێت، چونکی منداڵ به‌رانبه‌ر به‌و
مه‌سه‌له‌یه زۆر زیت و وریایه که قه‌بوڵاندنی ئه‌و ڕه‌فتارێکی
وه‌های بۆ سه‌خته. زۆر جار منداڵ به هۆی نا عه‌داڵه‌تی یان
جیاوازی‌دانان ڕه‌فتاری نادروست له خۆی نیشان ده‌دات که به
چه‌شنێك ناڕه‌زایه‌تی خۆی ده‌ر ده‌بڕێت که دایك و باوك لێی
تێبگه‌ن. دووپات بوونه‌وه‌ی ئه‌و کرده‌وه یا نا عه‌داڵه‌تییه
کاریگه‌رێکی به هێزی هه‌یه له‌سه‌ر منداڵ و کاردانه‌وه‌ی وه‌ک
سه‌ره‌ڕۆیی و بێ به‌ندوباری، شه‌ڕو هه‌ڵای هه‌یه.
ته‌نبێ کردنی منداڵ زۆر ئاسانتره له ته‌ربییه‌ت کردنی منداڵ
توێژینه‌وه‌کان له‌سه‌ر منداڵ، به‌شێکی زۆر له ناڕه‌زایه‌تی
منداڵان و لاوان به‌رانبه‌ر به دایکان باوکان گرێده‌ده‌نه‌وه
به‌م به‌شه که به چاوی نابه‌رابه‌ری سه‌یر ده‌کرێن. بۆ نموونه
به‌شێك له دایکان و باوکان به ئاشکرایی جیاوازی ده‌خه‌نه نێوان
منداڵان، به بوونی منداڵی کچ ناشوکری ده‌که‌ن و جنسی ژن به
بوونه‌وه‌رێکی که‌م به‌ها سه‌تر ده‌که‌ن، که ئه‌و ڕه‌فتارانه
کاریگه‌رێکی قورس ده‌کاته نێو دڵی منداڵ. به‌شێكیش لایه‌نگری کچ
ده‌که‌ن و بێ سوچاتاوان، تاوانه‌کان ده‌خه‌نه سه‌ر شانی کوڕ.
وشیاری منداڵ ئه‌ونده زۆره که به چاو لێکردنی دایك و باوک ئه‌و
جیاوازییه ده‌بینێت.
ئه‌م کێشه‌یه زۆرتر بۆ منداڵی یه‌که‌م پێش دێت، منداڵی یه‌که‌م
ماوه‌یه‌کی زۆر تاکه منداڵ بووه به هاتنی منداڵی دووه‌م
دۆخه‌که ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ر دادێت، دایك و باوک زه‌وقێکی
تایبه‌تییان بۆ منداڵی تازه هه‌یه و منداڵی یه‌که‌م ده‌که‌وێته
ئاسته‌نگییه‌وه،و هاتنی منداڵی دووه‌می بۆ سه‌خته. که‌م
بوونه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی و محه‌ببه‌ت بۆ منداڵی یه‌که‌م له‌ناکاو به
هۆی هاتنی منداڵی تازه کۆمه‌ڵێك کێشه‌ی ڕووحیو ده‌روونی دروست
ده‌کات که منداڵی یه‌که‌م ده‌که‌وێته ڕقه‌به‌رایه‌تی و حه‌ز له
چاره‌ی منداڵی دووه‌م ناکات.
کاتێك منداڵ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو کێشه ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه،
متمانه‌و باوه‌ڕی به خۆی که‌م ده‌بێته‌وه‌و توشی وه‌سواسی و دوو
دڵی ده‌بێت و به باشێ له زه‌ین و هۆشی به‌هره وه‌رناگرێت، یانی
به کورتی فکری منداڵ به باشی کار ناکات‌و به‌رده‌وام له بیری
تۆڵه‌ساندنه‌وه‌یه بێ ئه‌وه‌ی منداڵی دووه‌م تاوانی هه‌بێت.
چاوه‌ڕوانی کردنی بێجێ له منداڵ هۆیه‌کی تره که منداڵ به پێی
ئه‌رکه‌کانی ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ ده‌کردرێت، یانی ئه‌گه‌ر منداڵێك له
قۆتابخانه ئازا‌و وشیار بێت و ده‌رسه‌کانی به دڵی دایك وباوكی بێت
پاداش وه‌رده‌گرێت یا ئه‌گه‌ر نا ده‌که‌وێته به‌ر تانه‌و ته‌شه‌ر.
گریمان منداڵ له‌باری زه‌ین و هۆشه‌وه ئه‌و تواناییه‌ی نییه که
وه‌ک منداڵانی دیکه بیته‌وه، به‌م جۆره مندال له‌وه‌ی که
هه‌شه خه‌رپتر ده‌بێت. منداڵه‌کان له‌یه‌کتری ناچن و نابێ جۆرێك
ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵ بکه‌ین که منداڵه‌که هه‌ست پێ بکات که
ئه‌ومان له‌به‌ر چوه‌ڕوانییه‌که‌ی خۆمان ده‌وێت که ئه‌و بۆچونه
منداڵ فێرده‌کات که ئه‌ویش خه‌ڵکی تری به شته‌وه بوێت یان به
پێی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له گه‌ڵ خه‌ڵك بحاوێته‌وه، به‌م
جۆره هه‌ر که‌س فێر ده‌بێت که له فکری خۆی دابێت و ئاوڕ له
که‌س نه‌داته‌وه.
زۆر جار منداڵه‌کان ده‌بنه قۆربانی چاوه‌ڕوانی لێکردنی بێ جێی
دایکان و باوکان
چاوه‌ڕوانی کردنی دروست له منداڵ به پێی زه‌ین و هۆش و ته‌مه‌ن
یا کچ و کوڕ، متمانه‌و باوه‌ڕ لای منداڵ پته‌و ده‌کات، نه‌ک
چاوه‌ڕوانی کردن له پێناو نیازه‌کانی دایك و باوک. کاتێك ڕه‌فتار
پێش به ئازادی مرۆڤ ده‌گرێت، مرۆڤ له ده‌ربڕینی بیر‌و باوه‌ڕیدا
بێ ده‌سه‌ڵاته، ڕه‌فتاری دروست ئازادی بۆ مرۆڤ دابین ده‌کات که
مرۆڤ سه‌ربه‌ست بێت له دربڕینی بڕیاره‌کانی. زۆرکه‌س وابیر
ده‌که‌نه‌وه که منداڵی باش ئه‌و که‌سه‌یه که له ژێر ده‌ستورو
فه‌رمانی دایك و باوک لانه‌دا، که منداڵ هه‌ر چه‌شنه ڕه‌فتار یا
کرده‌وه‌یه‌کی قه‌بوڵ کرد وا لای دایك و باوک منداڵێکی ڕێك و پێك و
له‌به‌ر داڵانه. منداڵی ساوا به هۆی نیازه‌کانی هه‌ر جۆره
ڕه‌فتارێکی ناڕه‌وا قه‌بوڵ ده‌کاتو لای خۆی کۆیان ده‌کاته‌وه تاکو
گه‌وره‌ده‌بێت، که گه‌وره بوو دژ به هه‌ر چه‌شنه ڕه‌فتارێكی
ناڕه‌وا ده‌وه‌ستێت.
دیاری نه‌کردنی سنوور
به‌هه‌مان شێوه که به‌رگریکردن له ئازادی ڕه‌فتارێكی
ناڕه‌وایه، دیاری نه‌کردنی سنووری ئازادیش له به‌رگری کردنی
ناڕه‌واتره، دیاری نه‌کردنی ئازادی له‌ته‌مه‌نی منداڵی زه‌ینی
منداڵ هاڵؤزده‌کات و منداڵ به‌و زه‌ینییه‌ته گه‌وره ده‌بێتو هه‌ر
به‌و زه‌ینه‌ش ته‌عبیر له شته‌کان ده‌کات، بوونی ئازادی بۆ منداڵ
به‌مانای خۆسه‌ویستی نییه به‌ڵکو به‌مانای بێ به‌ندوبارییه.
منداڵ توشی ناهۆمێدێکی زۆر ده‌بێت کاتێك ده‌بینێت دایك و باوکی
له‌و تێناگه‌ن و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش بێ سوچ‌و تاوان به تاوانبارباری
ده‌زانن تاکو بتوانن به‌تاڵایی پێداویسته‌کان یا نیازه‌کانی کاتی
منداڵی خۆیان به منداڵه‌که‌ی خۆیان پڕکه‌نه‌وه. کاتێك له دۆنیای
منداڵ دوورین و له منداڵ تێناگه‌ین، کۆنتڕۆڵی خۆمان له
ده‌سده‌ده‌ین و منداڵ به قسه‌و به کردار ئازار ده‌ده‌ین، له
دواییدا ئاماده نین داوای لێبورین له منداڵ بکه‌ین، چونکی
ڕاستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه کاری هه‌ر که‌سێك نییه به تایبه‌تی له
ئاستی مندال‌و ئه‌و دایك وباوکانه‌ی که گرینگی ناده‌ن به هه‌ست و
نه‌ستی منداڵ. دایك و باوكانی وشیار ئه‌و که‌سانه‌ن که پشوویان
له‌سه‌ر خۆیه‌و له کاتی هه‌ڵه‌کردنیان داوای لێبوردن له منداڵ
ده‌که‌ن،و لای منداڵ ڕێزیان زۆرتر ده‌بێتو کاردانه‌وه‌یه‌کی باشی
بۆمنداڵ ده‌بێت، قازانجی ئه‌و کاره له‌و دایه که منداڵ فێر
ده‌بێت که مرۆڤ هه‌ڵه‌ده‌کات و به‌م جۆره هه‌له‌ش
ڕاستده‌کاته‌وه،و فێر ده‌بێت که ڕه‌خنه‌ش قه‌بوڵ بکات.
سرۆشتی ئینسان
له به‌شی یه‌که‌م باس له جیاوازی و نابه‌رابه‌ری مافی ژن کرا که
چۆن ژن وه‌ک بوونه‌وه‌رێكی ژوماره دوو سه‌یر ده‌کرێت. له
ڕوانگه‌ی فه‌له‌سه‌فییه‌وه به تایبه‌ت فه‌لسه‌فه‌ی "سروشت خوازی"
یه‌کسان نه‌بوونی مافه‌کانی ژن و نابه‌رابه‌ری نێوان ژن و پیاو،
بیر‌و کرداری باوکسالاری به درێژایی سه‌رده‌مه‌کان و له هه‌موو
کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا، به شێوه‌ی جۆرباجۆر ئه‌م مێژوویه دیل و
یه‌خسیرکراوه. تێکدانی سروشتی ئینسان، وه‌ک کرده‌وه‌یه‌کی
ناڕه‌واو دژ به مرۆڤایه‌تی سه‌یر ده‌کرێت که دروشمی ئه‌و کردوه
ناڕه‌وایه ئاسه‌واری له زۆر شوێن وا ماوه‌ته‌وه. هه‌ر به‌و
مه‌به‌سته ده‌بینین که به‌شێکی زۆر له کار‌و پیشه‌کان وه‌ک
ده‌سه‌ڵاتی ئابووری، سیاسی، دینی و کۆلتوری له ژن
وه‌رگیراون به واته‌یه که ژن
بوونه‌وه‌رێكی خاوه‌ن بڕیار نییه‌و به‌سه‌ر هه‌له
داده‌که‌وێت یا که ژن له باری عه‌قڵ و هۆش له پیاو که‌متره.
به جێی ئه‌وه هاتوون کۆمه‌ڵێك ڕێسایان بۆ ژن داناوه که سرۆشت و
خه‌سڵه‌تی ژن ده‌گه‌ڵ منداڵداری، منداڵ په‌روه‌رده کردن، ماڵداری،
ده‌گۆنجێت بۆ ئه‌وه‌ی که سروشتی ژن له‌مه پێك هاتووه.
ژ ژ ڕۆسۆ یه‌ک له‌و فه‌یله‌سووفانه بوو که بایه‌خێكی زۆری بۆ
"سروشت"ی ئینسان دا،و به‌شێکی زۆر له فه‌له‌سه‌ی ڕۆسۆ گرێدراوه
به بۆچونه سروشتێکانی ئه‌و. ڕۆسۆ له کتێبی "ئێمیل"(Emile)
ئاماژه به‌وه ده‌کات که سرۆشتی ئینسان چۆن به ده‌ستی کۆمه‌ڵگا
یا دایك و باوک ده‌سکاری ده‌کرێت و تێك ده‌چێت و هه‌ر به‌و
مه‌به‌سته نه‌یده‌ویست که ته‌ربییه‌تی"ئێمیل"(Emile)
به دستی به‌شه‌ر ده‌سکاری بکرێت، ئه‌و ته‌واوی توانایی خۆی وه‌کار
خست بۆ به‌کارهێنانی ته‌ربییه‌تێکی دروست بۆ "ئێمیل"،و هه‌روه‌ها
"سوفییه"(Sophie)
هاوسه‌ری داهاتووی "ئێمیڵ" جۆرێك ڕه‌فتاری ده‌گه‌ڵ بکرێت که
سروشتی ژنانه‌ی ئه‌و ده‌سکاری نه‌کرێت، به‌و واتایه که کۆمه‌ڵگا
نه‌توانێت کاریگه‌ری بخاته‌سه‌ر ته‌ربییه‌تی "سوفییه" تاکو
هاوسه‌رێكی "ئایدیاڵ"(Ideal)
بێت بۆ "ئێمیل" و به‌م جۆره‌ش ڕێنوێنی و نه‌سیحه‌تی ده‌کات: "گرینگ‌ترین
ئه‌رکی ئێمه ئه‌وه‌یه که ڕیز له سروشتی ژنانه‌ی سوفییه وه‌ک
ئینسان بگرین نه‌ک وه‌ک ژن(بوونه‌وه‌ری ژوماره دوو)".
توماس هابز
له فه‌لسه‌فه‌ی هابز ئیناسه‌نه‌کان وه‌ک یه‌ک سیر ده‌کرین و
هه‌موو ئینسه‌نه‌کان به پێی سروشت خاوه‌نی یه‌ک مافن، کاتێك
نابه‌رابه‌ری نێوان ئینسانه‌کان هاته گۆڕ ته‌نانه‌ت بۆ قازانج و
به‌رژه‌وه‌ندی هێزی ده‌سه‌ڵاتداره بۆ له ناوبردنی هێزی بێ
ده‌سه‌ڵات بوو. هابز ده‌ڵێ: "ته‌بیعه‌تی ئینسان له‌بواری هێزی
دروونی و جسمی و فکری یه‌کسانه، ڕه‌نگه جیاوازی له‌م بواره‌وه
هه‌بێت که که‌سێك به‌هێزتربێت له‌باری جسمی تاکو که‌سێكی دیکه،
یا له باری فکرو هۆشه‌وه وشیارتر بێت" هه‌ربه‌و
مه‌به‌سته، هابز له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه که ژنان فه‌رقێکی
ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ پیاو نییه‌و ئه‌گه‌ر که‌سانێك جیاوازی ده‌خه‌نه
نێوان ژن و پیاو به‌و واتایه که پیاو له ژن به‌هێزترو عاقڵتره
هه‌له‌یه‌که بۆ حاشاکردن له‌مافی ژن.
هه‌روه‌ک چۆن "په‌روه‌ردگار" به‌یه‌ک میزان ژن و پیاوی خه‌ڵق
کردووه بۆ منداڵ دروست کردن، که به بێ هیچ لایه‌ک منداڵ دروست
نابێت، له به‌خێو کردن و بارهێنانی منداڵیشدا به شه‌ریکیان
ده‌زانێت. ئه‌گه‌رچی منداڵ له پزدان(منداڵدان)ی دایكدا
گه‌وره‌ده‌بێت حه‌ق وایه که ئاغا‌و کوێخای مندال هه‌ر دایك بێت
نه‌ک باوک، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و حه‌قیقه‌ته له زۆربه‌ی
کۆمه‌ڵگه‌کاندا پیاو خۆی به خاوه‌نی ژن و منداڵ ده‌زانێت، بۆ
نموونه له ڕۆژهه‌ڵات به تایبه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری. هه‌ر
بۆیه له ڕۆژهه‌ڵات حاکمان زۆرتر باوک به حاکم و ده‌سه‌ڵاتداری
ماڵ ومنداڵ ده‌زانن،و به‌شێکیش له قانون و یاساکان به قازنجی
پیاو مۆر ده‌کرێت، له کاتی ته‌ڵاق و جیابوونه‌وه‌ی ژن و پیاو،
پیاو وه‌ک سه‌په‌ره‌ستی یه‌که‌م سه‌یر ده‌کرێت و ژن خاوه‌ن هیچ
چه‌شنه بڕیارێك نییه‌و دیتنی منداڵه‌که‌شی لێ پاوان
ده‌که‌ن.
له‌ڕاستیدا کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری به گشتی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی
پیاوسالارییه که ژن و کچ وه‌ک کڵفه‌ت و به‌رده‌ست حیسابیان بۆ
ده‌کرێت. کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به شێوه‌یه‌کی زۆر نائاسایی
ده‌ڕوانێته مه‌سه‌له‌ی ژن و مافی ژن، ژنی کورد بێ به‌شه له
ئازادی‌و به‌رده‌وام له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی پیاو دایه‌و به‌ده‌ستی پیاو
دیل ویه‌خسیره.
جان لاک
لاک، کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاری ڕه‌تده‌کاته‌وه‌و ده‌ڵێ: "ئه‌گه‌ر
باوکی بنه‌ماڵه بمرێت، منداله‌کان به پێی یاسا ده‌بێ له‌ژێر
سێبه‌ری دایك به‌خێو ده‌کرین و دایك بڕیارده‌ره، له‌و حاڵه‌ه‌تدا
که‌سێك هه‌یه‌و بێژێت که دایك ئه‌و حه‌قه‌ی نییه؟" که دایك،
له دوای مردنی هاوسه‌ره‌که‌ی(باوک) حه‌ق و مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه
که له منداڵه‌کانی پارێزگاری بکات، چ به‌ڵگه‌یه‌ک هه‌یه که
بسه‌لمێنێت دایك توانایی مندال به‌خێو کردنی نێیه؟
کاتێك هیچ قانون و یاسایه‌ک به‌رگری له‌وه ناکات که دایك
ده‌توانێ دوایی مردنی باوک منداڵه‌کانی به خێو بکات، بۆ ده‌بێ
باوک ئه‌و حه‌قه له دایك بستێنێت، که دایك منداڵی دوایی باوک
مردن خۆش ده‌وێت، چ هۆیه‌ک هه‌یه که دایك پێش باوک مردن منداڵی
خۆی خۆش نه‌وێت؟ دیاره ئه‌و باسه کۆمه‌ڵێك باسی "فیمینیزم"(
Feminism)ی
له خۆی ده‌گرێت و ئه‌وه‌ش باسێكی قوڵ و به‌ربڵاوه که حه‌زناکه‌م
زۆر بچمه ناو قالبی ئه‌و باسه، هه‌ول ده‌ده‌م له ته‌وه‌رێکی
دیکه باس له فیمینیزم یا ئازادی ژن بکه‌م.
ئه‌م به‌شه که له پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ ئازادی تاک(مرۆ
که چێژی خۆشه‌ویستی نه‌کات له ئازادیش بێ به‌شه)
دایه زۆر گرینگی دراوه به ڕه‌فتاری دایك وباوک، ڕه‌فتاری دایك
وباوک وه‌ک ڕه‌فتاری سوننه‌تی و ڕه‌فتاری مۆدێڕن،و خۆشه‌ویستی دایك
و باوک به‌رانبه‌ر به منداڵ و یه‌کسان بوونی خۆشه‌ویستی.
ڕه‌فتاری سوننه‌تی،
له ڕفتاری سوننه‌تیدا زۆرتر چاوه‌کان زۆرتر خراونه‌سه‌ر کۆمه‌ڵ،
بۆیه مرۆڤ بێ به‌شه له ئازادی تاک(فرد)و به‌رده‌وام به‌دوای
تایفه‌و خێڵ و هۆزیدایه بۆ به‌ده‌ست هێنانی ناسنامه‌ی خۆی. له
ڕه‌فتاری سوننه‌تیدا تاک زۆرتر به دوای ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵدایه‌و
هه‌ڵ ده‌دات بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵ.
له ڕه‌فتاری سووننه‌تیدا که ڕاسته‌وخۆ گریدراوه به کۆمه‌ڵگه‌ی
سوننه‌تی، بنه‌ماڵه سومبول و شه‌ڕه‌فی که‌سه(فرد)و که‌سیش ده‌بێ
ڕێساکانی بنه ماڵه‌و کۆمه‌لگه‌ی زۆرتر لاگرینگ بێت تاکو خۆی.
ڕه‌فتاری مۆدێڕن،
له ڕه‌فتاری مۆدێڕن‌دا تاکه که‌س بڕیارده‌ره، ڕۆڵی کۆمه‌ڵگه
لاوه‌کییه، تاک له هه‌وڵی خۆ ناسین و خۆ دۆزینه‌وه دایه، چونکی
چاوه‌کان زۆرتر خراونه سه‌ر تاک نه‌ک کۆمه‌ڵ، ناسینی تاک خاڵی
سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێڕنه. له رفتاری مۆدێڕن‌دا تاک زۆرتر
ره‌فتاری خۆی بۆ گرینگه‌و خۆی نه‌به‌ستۆته‌وه به ره‌فتاری
بنه‌ماله، تاک که‌متر خۆی به به‌رپرسی کێشه‌کانی بنه‌ماله‌و
کۆمه‌ڵگه ده‌زانێت، ئه‌و زۆرتر ڕه‌فتاری خۆی لا گرینگه.
دایك وباوک ئه‌رکێکی
قورسیان له‌ئه‌ستۆیه له‌باری په‌روه‌رده‌وه بارهێنانی منداڵ،
ئه‌وان یه‌که‌م که‌سن بۆ پێکهێنانی ته‌ربییه‌تێکی دروست و
پته‌وکردنی که‌سایه‌تی منداڵ، له‌هه‌مان کاتدا نابێ له‌بیرمان بچێت
که له کۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرنیش که‌شی ئایدیاڵ هه‌ر له بنه‌ماڵه
سه‌رچاوه ده‌گرێت.
06.08.07
قادر نیکپور
|