مێژووی ئێمە
زەردین ئێمە
پێش ئەوەی پاییزان دابێ
سپیین و
كفناوی و
بەفرین
با پردی سێ وەرزی تریش
ماوەی تا جستانی مابێ
لە ڕۆژ هەڵاتی تیاچوونا
شیرین خامۆشێكی شۆخین
دەریای بیرمان
شڵپە ڕێژ و
بە سەوڵی تاسەشمانەوە
نغرۆی عیرفانێكی تۆخین
داڵغەمان
كاوێژی كۆنە
ئیشراقمان لە داگیرسانە
مێژوومان بۆتە ئوستووره و
سەری بە هەزارەكانەوە
ڕابردوومان لە ئەفسانە
لە ڕەزبەری هەزار حەزا
خەیاڵ ڕێزانی بوونمانە
حەزوەری ئارەزوومانە
شەرماوەزی ڕووداوی ژین
سەیرانباری عەشق و تاسە
جێبەندانی یەك هەناسە
پاییز هەبێ و نەبێ زەردین
بەفرینی پێش جستان هاتن
زیز و وەڕەز و وەرزاوین
خۆمان و
خەون و
مێژوومان
ئەفسووس!
ئەفسانە لێدراوین
گیانم
مەلێكی سووك ڕۆحی
بنارێكی ئاربەبا بوو
سەوز وەك حەز
سپی و بەفرین
گەش گەش چەشنی ئەشقاوەكەی
سەرچاوەی ئاوی بانە كۆن
چ ڕازێكی پۆپەشمینی پیرۆزەیی
ساماڵی ئەم
ئاسمانی خۆرنشینەمی
لێ گۆڕیوم
گیانم ئاوقا بە كامە كامەرانی بوو
كە ڕەونەقی پەشیمانی و
تاوانی پێوە نیشتووە
بۆ وا سیس و دامردووە
ئەم داڵغە شێعراویە شینە
بە هەناسەی كام هەڵەبجە
تووشی گولی و
ئاڵۆشی ئەم یادە تاڵەن
چۆن كفناوی چوار وەرز پێش
ئەم جستانە توونە زاڵەن
ئەم شێعرانە كاڵ و خاوی
كام مۆسیقا وەهماویەن
پەلكە زێڕینەی بەرزەینی
كام گیانە باراویەن
ئەی مێردەزمەی دزێوی زیت
لە ڕەزبەری هەزار حەزا
هەست ڕێزانە
سەردەمی مۆتەكەی دەرگا و
دەلاقەی خەونە سەوزەی ناو
خەونە بەردەوامەكانە
جەرگەی قڕگە و
پاییزان و
سروود و شێعر قڕانە!
|