شێعڕ

 

گۆرانییه‌کانی ئه‌شق

 

عومەر جەلال

 

      1

 

وەک باڵندە بە دووى هێلانەى تەنیایى خۆمدا وونم

بە ڕەنگێکى ئاڵ وەک تەمەنى منداڵیم مەست ئەبم

خۆشەویستیت دەمبات بۆ دەریاى ڕامان

                     

   2

ئەم شەو لە بێ ئومێدیەکى گەورەدا

تەنیایى باوەشم بۆ دەکاتەوە

جەنگى من و ژیان هەمیشە بەردەوامە

 

3

پەنجەرەیەک دەناسم جیهانێک نیگایى تیا  وونبووە

دەرگایەک دەناسم بەئەندازەى عەشق لەت لەت کراوە

کچێک دەناسم ناتوانێت بمناسێت

4

بێدەنگییەک، وەک ڕەنگ خۆى پێدا هەڵواسیوم

هاوارێک وەک ئاو دەمشواتەوە

(با) وەک خەونەکانى مندالێ دەمبات

عەشقێک زۆر بە کپى خۆم پێدەنووسێتەوە

5

مردن وەک هاورێیە کى نزیک

دەستى دەکاتە نێو دەستم

تەنیایى وەک باران تەڕم دەکات

منداڵیم وەک ئەو بە جێم دەهێڵێ

6

گوناهێکى گەورە دەکات خۆشیبوێم

گوناهێکى گەورە دەکەم خۆشم نەوێت

لە نێوان من و ئەودا گوناه شێت بووە

نازانێت ماڵى  هەقیقەت لە کوێ یە

7

 

من خەونى پێوە دەبینم

ئەو لەخەونەکانى مندا تارماییە

دڵم تەنیا بەخەونەکانم خۆشە

دەتوانم بڵێم خۆشم دەوێیت

8

پەناگەیەک نییە ئێوارە پشووى تێدا بدەم

هەنا سەکانم کورت دەڕوا

لەو ڕۆژەوەى بە جێت هێشتم

گۆرانى بۆ مەرگ دەڵێم

 

9

گۆرانییەک وەک (با)

 هەموو شەوێک دەمبات بۆدوورگە خەیاڵییەکانى گومان

ناتوانم لەیادت بکەم

ئەى ئەو کەسەى بۆنى منت لێدێ

 

10

پایزانە هاتى و داواى بەهارت لێکردم

هەرچى پەڕەى درەختى یادەوەرى قەشەنگم هەبوو هەڵتوەراند

دیکتاتۆرانە زیندانى هزرە ئاڵەکانت کردم

لێ،هەر خۆشمویستى

12

وەک زەندیقێکى یاخى

لەهەموو ئاینەکان  یاخى بووم

هەموو باوەڕم لە تۆدا کۆکردەوە