شێعر


بەرماڵانە

سۆران حسێنی 

هەنگوینیە تەزبێم

خەتمی بەڵێنەكانی ژوانگەی

بازنە بازنە

پێ دەهۆنمەوە

چاو ئەوەندە شین

كە چاوگەكانی ئاسمان و

كانیشی لەبەر هەڵنایە

چ بگا بەوەی هۆن هۆن

بەڵێن داڕێژێ

...

تەڕن

پەلكەكانی شێعر

دەنا بە نینۆكی ئەم پێنووسەوە

هەڵنەدەسوا هەڵاڵە ؟!

...

تەنیاییم

حوجرەیە

چرپەكانی ئەم تەزبێیەم

ویزەی بن گوێی مجێور و

حینجەی حاجی لەق لەقێكی

ناو وێنجەكانی بەر ماڵان

...

چ هەنگەڵانێكە

بەر بانگ و

ملوانكەی شێعرەكانی

ژوانگەی كۆن .

 

 

سەر و پێ

من بە تۆدا داگەڕام

لە منەوە

بەهەشتت گەیشتە بەرپێ

تۆ بە منا هەڵزنای

لە تۆوە

پیاوەتیم سەركەوت

...

تۆ لە منەوە

خاتوون

تنۆك تنۆك هەڵ دەخلیسكێی

تۆ

بەخۆت ناگرێ ماڵ

وەك ئەوانەی بەردەركە

چاوو توو دەترووكێنی

دەم و سینگت دادەچەقێنی

 و

كۆشت

هەڵ دەرێژیتە  ناو كۆڵان

...

من لە تۆوە

خاتوون

قەف قەف بادەدرێم

وەدەپێچرێم

وەك ئەو بابۆڵانەی نێو قول

بەرەو قووڵایی ژیان

و

كە دەخارێم

سەرم دەنێمەوە بەر پێت

لێت دەستێنمەوە

بە پیاوەتی

ئەو بەهەشتەی لە منەوەت گەیشتۆتە بەر پێ.