مەسێجە كان
1
موبایلم پەشمی شیشەیە
ئۆقرە و ئارامی
هەڵ گرتووم
كە مەسێجی تۆشی هێنا
كەف وكوڵێكی دامردووم
2
بێ فلاش وێنەم كێشاوی
نووری
لە پاساژی نوورا
هەتاوت بۆ دێتە سەرچۆك
لە دەرێ بی یا لەژوورا
3
چركەیەكم خۆ بۆ دەرخە
بە قەد قرتەی
فلاشی موبایلەكەم
با گەلەری لەڕوخساری
شەنگ و
شاز و
نازت پڕكەم
4
شێعر سواری شەپۆل ئەبێ
شێت و شوور و
سەر هەڵگرتوو
ئەگاتە تۆ
موبایلە نازەنینەكەت
لە گەڵ خۆیا ڕائەژێنێ
یا شێعرەكەم دەخنكێنی
یا موبایلت پێ دەردێنێ
5
خووت بە ئێس ئێم ئێس (sms)
گرتووە ؟
یا مەسێجە شێتەكانم ؟
كە دەتهەوێ بمناسیەوە
مەقامی تەیرەكەی گەرمێن
دابنێ بە ناو نیشانم .
6
یەك جار وەڵام نادەیتەوە
تاكوو لە كۆڵ خۆتم وەكەیت
چەند چار
ئەم دێرەت وەخوێنم
ئای سی یوو لەیت ...
I SEE YOU LATE…
7
ئاپ دەیتی
هەفتە و مانگ و ساڵ
مۆد نەماوە نەیخەیتە چاڵ
بۆ ئاڵبۆمیش بێ دەتهەوێ
ئەوینی كۆنە عەنتیكەم
با لە گەڵت بێتەوە ماڵ !
8
تا پەیامێكت پێم ئەگا
سەد مەسێجم
ئەتهەژێنێ
تا دانەیەكیان بەجێ یە
دەیان
بێ وەخت و بێ وادە
لە نێو پۆلێك ئەت تەزێنێ
ڕووم نەدەیتێ
ڕێگری دەستە و ئێخەتم
ڕووم پێ ئەدەی
مەسێجی خەت و بێ خەتم !
9
دوای سێ وادە
ڕێگایێكی دوور ئەپێوی
بە هەڵە داوان تا ژوانگە
تا پێت ئەگەم و دە مبینی
بە پلیكانەی سەد دووكان و بەر پاساژا
هەڵ ئەزنێی لە بری ڕوانگە
كە پێت ئەگەم
فریا ناكەوم بتدوێنم
قەولی دیدارێكی دیكەت لێ بستێنم
وەڕێ كەوتووی بەرەو دواوە
حەسرەتێكی جەرگبڕت
تاقە شوێنەوارە ماوە .
10
كە نەدیاری
شێعر ئەبیسم
شێعر ئەدوێنم
شێعر ئەنووسم
شێعر ئەخوێنم
كە دیار ئەبی
دێڕێك شك نابەم لە شێعر
پێشواز و پایەندازت بێ
یان دەمێ تۆی پێ بدوێنم
شێعر و تۆ
سێبەر و خۆرن
لە تەك منا نیوە ئاشت و
لە گەڵ خۆتان نیوە تۆرن !
11
وەخت و بێ وەخت
جووكەی
sms
ێكم دێت
پاساوی دەی ؟
نازانی چۆن ؟
نایخوێنیەوە ؟!
دوو سێ جووت چاوی بەپرسیار
ڕووبەڕووی تۆن
ناكرێ بیدڕی
ناكرێ وەیسڕی
هەر پێت ئەكرێ
خۆ لە ئاستیان گێل و كەڕ كەی
چی لەیاری
نالەباری
وا بەدفەڕ كەی
چی لە شەڕ كەی ؟!
كە لەلاتم
ڕووبەڕووت دام ئەنیشێنی
میوانێكی
ماقووڵ وهێژا وسەربەرزم
كە دوورم لە نێو جانتاكەت
ویبرەم و
هەر هەڵ ئەلەرزم
نە هەڵ لەرزین
نە هێژایی
نە تاسەم هەڵ ئەچۆڕێنن
نە پێم ئەبەخشن سوكنایی
13
كە شار ئەكەی بە وێرانە
مەسێج دەلاقەی هیوامە
كە خەت نادا
قوژبنی شێعرێ پەنامە
كۆچی تۆ و
بێ خەتی ئاخر
دەیانەوێ ببمە شاعیر .
14
سەری سەودا سەر و
گەرمی حیسابم
نە دەمهێڵێ كە ڕامێنم لە جوانی
نە دەشگونجێ
لە گەڵ عەشقا تەبابم
سەری سەودا و
دڵی شەیدام هەبێ من
بەناچاری دەبێ یەكیان پەسەند كەم
لەوی دیكەش دەبێ حەتمەن جودابم !
15
ناهێڵی نووزەڵەی نووكەم
لە موبایلت بێتە دەرێ
ویبرەت كردە ناونیشانم
سووچێكی تەنیاییەكانت
پێ حەیفە بۆ نامەكانم
ئەی خۆت بۆ لفە دوانەمی
هەمووكاتێ
لە گش شوێنێ
وەكوو داڵغەم
وەكوو تاسەم
وەكوو تاقانە هۆی مانم
وەكوو گیانم
16
مەجالی مەسێج زۆر
تەسكە
پێی ناكرێ هیچ شەرحی سینەم
بە خوێن گەرمی وەیان خوێنە
تۆ وئەو دینەت
تاكەی پاساو تاكەی پینە
وە زاڵە هاتووی ئەم ژینەم
17
بە بیانوو بەهانەی لێمان
مە سێجەكانت !
وا دیارن
نازت وەك جاران ئەكێشم
كەی توانجەكانت نازدارن
ئاماژەكانت زۆر كورتن
وشەكانت زۆر بێ گیانن
زمانی نامەت گۆڕیوە
نامەكانت
نیشانەی لێك دابڕانن !؟
18
دەنگێكی ناسك و شیرین
لە گیرفانم دێتە دەرێ
دەمداتێ هەواڵێكی تۆ
: " یە مسیج داری
بیا نگا كن
بیا بخون دیگە
بدو ! ."
19
بەینێكە دەنگت لێ نایە و
بەینت لە گەڵ
نامەی ئەلەكترۆنیش تێك داوە
دەكرێ
گۆشە نیگام پێ بەی
تا بزانم
چی قەوماوە !
نە تەك زەنگ و
نە نامە و
نە مەسێج هیچ كام
تیا نییە
وەكوو نیگات تام .!!
20
هێندەم مەسێج بۆ هەناردووی
بە ئەوینداریم ئەزانن
دەورو بەرم
هێندەت نەرمە ناز بۆ كردووم
واز ناهێنێ
دڵەی سەركێش و لەسەرم
من و نووكە
من و نامە
من و مەسێج گۆڕینەوە
من و هیوا و حەز و تاسە
پێكەوە دەكرێین پێناسە .!
21
خۆشەویستیت ڕێگایەكی دووری دوورە
نیشتمانێكی بەرین و
بێ سنوورە
دەمكێشێ و داگیری كردووم
وەكوو زەوی
وەكوو ئاسمان
وەك هەست و بوون
وەك ژان و ئاڵۆشی زامی
لە ساڕێژ بوون و گۆشتە و زوون .!!
سۆران
حوسێنی بانە
2007 |