شێعر

خۆرە

ژیان جەستەیەكی زامدارە

زام شوێنەواری تەڵەزمی

كاتە كوت و پڕە كانی نابەدڵ و نابەڵەدین

بڕگە بڕگەی ساتە نەگبەتیەكانی ژین

ئەبن بە بڕبەندی گیان و

تەریكیت پێ ئەگرنە پێش

تەم و

تەنیایی و

تاریكیت بەزۆر پێ دەستەمۆ دەكەن

بە زۆر نامۆت بە خۆ  دەكەن

ئازار ئەبێ دەروونی بێ

نابێ بچێتە سەر شاشە

نابێ بچێتە سەر زاران

ئازار نەبێتە بەرگەمە و

گاڵتەجاڕی كەسان باشە

ژین جەستەیەكی زامدار و بە ئازارە

هەتوانی قاتە و

مەرهەمێ بۆ وەرهەمی بەرهەم نایە

ئارام بوونەوەی كورت ماوەی مسۆگەرە

بەڵام سارێژ بوونەوەی نا

هەر پێك نایە!

بڕبەندی گیان

ڕووداوەكانی دەمكات و

ساتەكانی بێ دەربەستین

ڕووداوی خۆش و ناخۆشی

سەردەمانی بێ ئاوەزی و

ئەو دەمانەن كە بەرهەستین

بەرهەستی دیمەنێكی جوان

بەرهەستی چرپەیێكی ڕاز

بەرهەستی ڕووپەڕێكی تەڕ

بەرهەستی گۆپكەیێكی تورت

بەرهەستی گۆشەیێكی ناز

بڕبەندی گیان

ورد و نەرم و نەدیار و زیت

خۆ دەكێشنەوە زل دەبن

بڕبەندی گیان

درشت و زبر و قنج و قیت

فێرە خول دان و تل دەبن

تەڵەزمی ژان

ئەبن بەزام

ئەبن بە خانەكانی ژیان

ئەبن بە بوون

ئەبن بە خۆرە بۆ گیان

تەڵەزمەكان

درشت و ورد و زەرد و سوور

تەڵەزمەكان

دزێو و جوان و پیس و پاك

تەڵەزمی حەز

تەڵەزمی ڕق

تەڵەزمی نان

تەڵەزمی ئاو

تەڵەزمی گوێ

تەڵەزمی دەم

تەڵەزمی دڵ

تەڵەزمی چاو

ئەبن بە زام

ئەبن بە بڕ

بە بەند

بە دیانە هارەكانی وەك مشار

ئەبن بە خۆرە بۆ تەوژم و تین و

بۆ گوشار

ئەبنە داڵغە ئەبنە خەون

خەون

كە خۆی

بڕێ لەوردە  بیرە بەر باس نەهاتوەكانی ئێمەیە

خەون

خەمی سەیڤ نەبووی

كەلێنەكانی مێشك و گیانی ئێمەیە

ئەبن بە تاو و لەرز و ترس و خۆف

ئەبن بە ئاخ و داخ و ئۆف

ئەبن بە بارتەقای تەمەن

بە هاوتەرازوو بۆ زەمەن

ئەبن بە خۆرە بۆ سەر و

ئەبن بە خۆرە بۆ گیان.

 

ئاهەنگی مژدە

وەك نازی بەژن و

ڕاژانی

پڕ هەژانی لەش و لارت

وەك شەپۆلی

بە پۆلی

كورێژگەكانی

كاتی هات و چۆی بازاڕت

وەك جووڵانی

سیحرئاسای ماسوولكەكانت

وەك بزوان و

نەبزوانی

پەرژینی برژانگەكانت

كام ئاهەنگە

نیان و

جوان و

ڕاژێنە

دامناوە بە ناو نیشان و

مژدەی كورتە نامەكانت.

 

لارەمل

سەرت هاویشتۆتە بەینی

بەرداشی دوولەپی دەستت

چاوت بە ئەنقەست نووقاوە

ملی لاوازت بە پەتی

كام خەیاڵە ئاڵۆزاوە

هەڵواسراوە

زەنگی قوتوە شیعرەكانت

شێعردانی كورتە نامە مزر و

جارجارەش بێ تامەكانم

موبایلەكەت!

ڕات دەژێنێ

بە خێرایی

لەو دنیا سەمەرەی ناخت

دەرت دێنێ:

''بە هێوری قوتوە شێعرەكەت وەبەستە

تۆزێ تووڕە كردنی تۆم پێ مەبەستە''

دیان دەكرۆژی

یان لێوانت

دەیبەستیەوە یان وڵامێك

دێتە دەر لە شێعردانت

دەستت گیرۆدەی قوتوە و

سەرت بە ملی لارەوە

هاویشتۆتەوە سەر شانت!

 

كورتەنامە

نەواری قەلبیان لێ گرتووم

بەین بەین و دابڕ دابڕ

دۆكتۆر سەری لێ سووڕ ماوە

چاوێكی هەر لە دەزگابوو

چاوێك لە من

نەیدەزانی چ قەوماوە

پێم وت خەمت نەبێ!

دڵم؛

دەست ئاژۆیە، كەوی و ڕامە

ترپەكانیشی خووگرتوون

وەك ئاهەنگی گەیشتنی

بەین بەینی كورتە نامە‌!

سۆران حوسێنی