ئه‌نجومه‌نی قه‌ڵه‌می کوردستانی ئێران

شێعر
 
  ئاوێنەکانی برینی ڕەهەند
Home
فارسی
English
 

رابه‌ر فایه‌ق


1

ڕۆژێک دادێ:

ئەم وشەیە برینم ختووکە دەدا،  

لە ژێر سێبەری داڵغەی خۆی دادەنیشێ،

پیتەکانی دەبن بە تەم، 

پشتیان دەنێن بەم عەموودەی نیگەرانیی؛ 

رابەر. 

 

2

بە کەشتیی کات و

شەمەندەفەری هەوا و 

گالیسکەى وشەوە دێم بۆ ژیان، 

بە بەلەمی کاغەزی و

ئۆتۆمبێلی وێنەیی و

پاسکیلی خەیاڵیی دەڕۆم بۆ مردن؛

- منیش دەڕۆم

بەرەو میانی هەردووکیان.

 

3 

بە هەردوو دەست سڵاو لە کەسێک دەکەم

دەچمە بابل، بە خەتى بزماریی نا، 

بە خەتی وشە،

نامەیەک بۆ کورد دەنووسم،  

بە فارسیی.

 

4 

لە زەویدا کوانێ مرۆڤ؟

ئەمانە ئەو سێ وشانە بوون، 

لە دەفتەری خۆکوژێکدا دۆزیمنەوە؛ 

بە سڕدراویی.

 

5 

لەگەڵ هەموو نەیارانم

بە وشە ئاشت بوومەتەوە، 

نەک بە دەست گوشین و بە ماچ.

 

6 

"دڵی خۆم دەدەمەوە:"

بە "قسەی خۆش"

بە "یار"

بە "خۆم".

- ئاهـ، ئەم دڵـ - ـە بوو بە چى؟ 

 

7 

زەویش چووەتە سەفەر، 

بە خۆی و وەچەکانییەوە.

 

8 

تەنک بوومەتەوە تەنک، چوون کاغەزی بەر لێزمەى وشە

تاریک دادێم تاریک، چوون ژووری بێ کتێب. 

دەچمەوە سەر نەسەبى خۆڵ، نەک ئینسان.

لە وشەمدا پیاوێک دەحەسێتەوە، نەک بێزاریم.

تێکدەشکێم چوون شکست.

هێندە نیگەرانم، چ ئازارێک نامگرێتە خۆی.

ئێوارەیەک دەگەڕێمەوە نێو لیسەکەم،

وشەیەک دەگمێنێ: خۆکوشتن.

دێمە بەردەم وژەی بە خوڕی هەوا

شەقامێک دەنووشتێنمەوە.

دەچمە کۆڵانى سێبەر، 

ئارامیی جۆگە لە بەردەم زمانم دا لەنگەر دەگرێ.

چ سیگارێکم لە کن نەماوە،

بە تلیاکى وشە خۆم لەبیر بوون دەبەمەوە.

بیر دەکەمەوە:

ئەم بانیژانە تا کەنگێ نایەنە خوارەوە؟

- پیاوێک دەڵێت: لە تەنیاییش تەنها نابم. 

 

9 

ئەگەر بە سوێدییش بنووسم

کەسێک شک دەبەم لە لای ڕاست، 

بە لای چەپیش، بە کامى خۆی لێم تێ بگات.

 

10 

نامەیەکم بۆ بنووسە

بەو وشانەی نەگوتراون

بەو وشانەی نەچوونەتە نێو ڕستەکان،  

چوون تۆ نەهاتوویتە نێو من

نێو زیندانی وەهمێکەوە.  



info@qelem.com