مێتۆده‌کانی په‌روه‌رده‌کردن هاتنی منداڵ پێش هاتنی منداڵ، دایك وباوک سه‌ربه‌ستن و کاتیان بۆ یه‌کتری زۆره. به‌ڵام دوای هاتنی منداڵ، ئاڵوگۆرێکی ته‌واو به‌سه‌ر ژیانی هاوسه‌رێتی‌دا دێت و دایک و باوک کاتیان بۆ یه‌کتر که‌م ده‌بیته‌وه، به جۆرێک زۆرترین کات بۆ منداڵ ته‌رخان ده‌کرێت. له‌م حه‌ڵه‌ته‌دا، باوک تاڕاده‌یه‌ك له هاوسه‌ره‌که‌ی دا‌ده‌بڕێت، چونکه دایک هیلاکی و ماندووبوونێکی زۆری له گه‌ڵ خۆی هێناوه و پێویستی به خه‌و و پشوودان هه‌یه و هاوکات ده‌بێ ئامۆژگاری وردی منداڵیش بکات. هه‌ر چه‌ند باوکیش تاڕاده‌یه‌ک له هه‌وڵی منداڵ به خێوکردن دایه، به‌ڵام ئه‌رکی سه‌ره‌کی منداڵ به‌گشتی له‌ئه‌ستۆی دایکه، به تایبه‌تی له‌م ته‌مه‌نه‌دا. به‌ڵام خۆشه‌ویستی دایک بۆ منداڵ ئه‌وه‌نده به هێزه که هه‌ر چه‌شنه هیلاکی و ماندووبوونێک له پێناو مندال به چاوێکی زۆرکه‌م سه‌یر ده‌کرێت.گرینگه که باب له دۆخێکی وه‌ها یارمه‌تی داێك بدات بۆ باشتر ئامۆژگاری کردن له منداڵ، هه‌روه‌ها دایکیش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌کات که باوک به چاوێکی دڵسۆزانه سه‌یری دایک بکات وه‌ک که‌سێکی به‌رهه‌م هێنه‌ر. کاتێک چاوه‌ڕوانییه‌که‌ی دایک به‌م جۆره که خۆی چاوه‌ڕوانی ده‌کا بێته دی دڵگه‌رمێکی زۆرتر به ژیان و مندالده‌به‌خشێت، و به پێچه‌وانه‌شی ده‌بێته مایه‌ی دڵساردی و که‌تره‌خه‌می کردن له منداڵ. زۆرجار دێته پێش که باوک ته‌نها به‌رهه‌مه‌که(منداڵه‌که)ی بۆ گرینگه، نه‌ک به‌رهه‌م هێنه‌ر، که ئه‌و بۆچونه ده‌بێته هۆی ناهۆمێدی دایک له ژیان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش باوکیش ئه‌و چاوه‌ڕوانییه له دایک ده‌کات که به بۆنه‌ی مندال، باوکی مندال فه‌راموش نه‌کرێت و نه‌بێته قوربانی خۆشه‌ویستی دایک و منداڵ، که دیسان ئه‌مه‌ش بۆ باوک جێگای نیگه‌رانییه. بێ گومان هاتنی منداڵی ساوا بۆ داێك وباب زۆر جێگای شادمانییه، به‌ڵام ره‌نگه زۆرجار ئه‌و شادمانییه ببێته هۆی دروستبوونی به‌تاڵایی نێوان ژن و مێرد که پێوه‌ندی ئه‌وان لاواز ده‌کات. بۆ چون و وشیاری ژن وپیاو له‌و بواره‌وه زۆر گرینگه و ده‌ور ده‌بینێت، ئه‌گه‌ر ژن و پیاو به دروستی له ژیانی هاوبه‌شی خۆیان تێبگه‌ن،و ژیانی هاوبه‌شی که له‌سه‌ر بنه‌مای خۆشه‌ویستی و متمانه داڕێژرابێت، هه‌ردوولا به‌دروستی خۆیان بۆ منداڵ به‌خێو کردن ئاماده‌ده‌که‌ن و هاتنی منداڵ خۆشه‌ویستی و پێوه‌ندی دایک و باوک پته‌و ده‌کات. به هاتنی منداڵ گه‌رم وگوڕی له ژیان زۆرتر ده‌بێت، چونکه گڕوتینی خۆشه‌ویستی منداڵ پێوه‌ندی دایک و باوک پته‌وتر ده‌کات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژیانی هاوبه‌شی له‌سه‌ر بنه‌مای قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی تاک یان قه‌وم و تایفه دابێت، هاتنی منداڵ ده‌بیته هۆی ساردی و ناکۆکی ژن ومێرد. زۆرجار که ژن ومێرد پێکه‌وه ناته‌بان و دانویان ناکوڵیت، له‌لایه‌ن که‌س و کاریان پێشنیاری مندال بوونیان پێده‌کرێت که گۆیا به هاتنی مندال ناکۆکییه‌کان ته‌واو ده‌بن. زۆر سه‌یره ژن و مێردێک که پیکه‌وه حاوانه‌وه‌یان نه‌بێت، چۆن له‌سه‌ر شێوه‌ی ته‌ربیه‌تی منداڵ یه‌لکا ده‌بنه‌وه؟ ئه‌مرۆکه ده‌بینین که زۆرتری ته‌ڵاقه‌کان دوای هاتنی منداڵ دێنه گۆڕ. ئه‌گه‌رهاتنی منداڵ سۆزی خۆشه‌ویستی له نێوان داێکو باب که‌م کاته‌وه، ده‌بێته مایه‌ی نیگه‌رانی، ئه‌گه‌ریش سۆزی خۆشه‌ویستی زۆرتر بێت، ئه‌وه جیگای دڵ گه‌رمی و هومێده. کاتێك که منداڵ له دایك ده‌بێت، گرینگه که باب له جاران زۆرتر یارمه‌تی دایك بدات، زۆرتر خۆشه‌ویستی خۆی به‌رانبه‌ر به هاوسه‌ره‌که‌ی ده‌رببڕێت،و زۆرتر سرنج و هۆشی پێبدات. په‌روه‌رده‌کردن بۆ چی؟ په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ گرینگ‌ترین و قورسترین ئه‌رکی سه‌رشانی دایک و باوکه، که ئه‌وه‌ش مشوور و دڵسۆزی زۆری پێویسته. له‌لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌رکێکی شیرینه که شێوه‌ی دروستی بارهێنان و دڵسۆزی منداڵ ده‌بێته هۆی ره‌زامه‌ندی دایک‌وباوک و منداڵ(دوولایه‌نه). به‌شێکی زۆر له دایکان و باوکان ئێستاش له‌سه‌ر شێوازی کۆن منداڵ په‌روه‌رده ده‌که‌ن بێ ئه‌وه‌ی ئاکامی په‌روه‌رده کردنه‌که لێکبده‌نه‌وه یا بارودۆخی ئێستای ژیانی منداڵ لێکبده‌نه‌وه. به‌ڵام په‌روه‌رده‌کردن له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری و شێوازی دروست ئاکامێکی باشتری لێده‌بێته‌وه‌و منداڵ باشتر هانده‌دات به‌روه دروست گه‌شه‌کردن. هه‌ر به‌و مه‌به‌سته، گرینگه که دایک و باوک یان به پرسانی منداڵ شاره‌زایی له‌م باره‌وه له‌سه‌ر مندال وه‌رگرن، که ئه‌و کاره له ڕاستیدا به قازانجی هه‌ر دوولایه. هه‌ندێ له دایکان و باوکان هه‌ر له‌سه‌ر شێوازی کۆن منداڵ په‌روه‌رده ده‌که‌ن، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ی که خۆیان پێی په‌روه‌رده کراون. ئێمه ده‌بینین که سه‌رده‌می منداڵی ئێمه له‌گه‌ڵ ئێستای منداڵه‌کانی خۆمان جیاوازی زۆری هه‌یه، که‌واته ده‌کری ئێمه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه بڕۆین؟ زۆرجار دایک و باوک به مندال ده‌ڵێن که له‌سه‌رده‌می منداڵی ئه‌وان فڵان شته نه‌بووه و فڵان قسه نه‌گوتراوه، هه‌ر به‌م هۆیه ده‌بێ ئه‌وانیش بێده‌نگ بن و له‌وه‌ی که هه‌یه رازی بن. گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر ژیانی رابردوو زۆر زۆحمه‌ته، چونکه مرۆ به درێژایی مێژوو له حه‌ولی پێکهێنانی ژیانێکی پڕ له‌ئاسوده‌یی و بێ کێشه‌دایه. هه‌ربه‌و هۆیه‌یه که تا ئێستاش میتۆدی کۆن ده‌گه‌ڵ میتۆدی نوێ هاوده‌نگ و هاوئاهه‌نگ نییه. نۆرمه‌کانی بنه‌ماڵه هه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌ک به پێی ئه‌زموون داب و نه‌ریتی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه،و هه‌وڵده‌دات نۆرمه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی خۆی بپارێزێت. جا ئه‌و نۆرمانه چ له‌سه‌ر بنه‌مای مێتۆدی کۆن بێت یان مێتۆدی نوێ، کاریگه‌ری خۆی ده‌خه‌نه سه‌ر مندال و هه‌ریه‌ک له‌وان ده‌بنه بنه‌ما بۆ په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ، که به‌داخه‌وه ئه‌و دوو مێتوده جیاوازییان له یه‌کتری زۆره. به پێی ده‌ستور مندال زۆرتر خۆی له‌گه‌ل میتۆدی نوێ رێکده‌خات تاکو میتۆدی کۆن، چونکه به‌شێک له نۆرمه‌کۆنه‌کان له‌گه‌ڵ سروشتی مندال ناگۆنجێن. جان والتر فه‌یله‌سووفیکی به ناو بانگی فه‌ڕه‌نسییه‌و بایه‌خێکی زۆری داوه به ته‌ربیه‌تی مرۆڤ و منداڵ و ده‌ڵێ: "بۆ ئازادی مرۆڤ هیچ شتێك ناگاته راده‌ی ته‌ربیه‌تی دروست، ته‌ربیه‌تێكی دروست ئه‌و هوشیارییه ده‌دات به منداڵ که کۆیله‌ی خورافاتی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت". چونکه خورافات گه‌وره‌ترین دوژمنی مرۆڤه، هه‌رچه‌ند ئه‌مڕۆ خورافات زۆرتر بۆ دین به کار دێت، به‌ڵام خورافات ئه‌و بۆچوونه کۆنه په‌ره‌ستانه‌یه که فکرو زه‌ینی مرۆڤ ئه‌سیری خۆی ده‌کات، یان ئه‌و زه‌ینه ژه‌هراوییانه‌ن که ده‌خزنه نێو بیرۆکه‌مان و ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤ ده‌رمان دا‌و ده‌که‌ن. میتۆدی کۆن یه‌سپر یوول ( Jesper Juul, 1996) که ده‌روونناسێکی ناوداری دانمارکییه له‌م باره‌وه ده‌ڵێ: "له شێوازی کۆن په‌ند و نه‌سیحه‌ت زۆرتر باوه، توندوتیژی زۆر له ئارادایه، ده‌سه‌ڵات به گشتی به‌سه‌ر منداڵدا زاڵه، مندال به هۆی ترس له گه‌وره هه‌ڵس و که‌وه‌ت ده‌کات، یانی راده‌ی ترسه که ره‌فتار و کرداری مندال راده‌گرێت."دایک و باوک هه‌رله‌یه‌که‌م رۆژی له دایک بوونی منداڵ خۆیان به خاوه‌نی مندال ده‌زانن، هه‌روه‌ک چۆن خۆیان به خاوه‌نی سه‌گ و پشیله ده‌زانن. ئێمه داتوانین خاوه‌نی سه‌گ وپشیله بین و سه‌ودا و کاسپییان پێبکه‌ین. به‌ڵام ناتوانین خاوه‌نی منداڵ یا ئینسان بین، چونکه ئینسان خۆی خاوه‌ن بیروهه‌سته. ئێمه خاوه‌نی سه‌گین به‌و مانایه تاکو ئه‌و رۆژه‌ی حه‌زمان لێ بێت خۆمان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ین و هه‌رلای خۆمان ده‌مێنێته‌وه، به‌لام منداڵ تاکو ئه‌و رۆژی پێویستی به ئێمه‌یه و فامی نه‌کردۆته‌وه وا لای ئێمه ده‌مێنێته‌وه، کاتێک ئه‌و قۆناغه‌ی تێپه‌ڕاند، چ به خۆشی یان به ناخۆشی، له ئێمه جیا ده‌بێته‌وه و وه‌دوای ژیانی خۆی ده‌که‌وێت. سه‌گ له رووی ترس به قسه‌ی ئێمه ده‌کات، به‌ڵام منداڵ له رووی خۆشه‌ویستی. ئه‌گه‌ر منداڵ له رووی ترس به قسه‌ی ئێمه بکات کێشه‌یه‌کی بۆ درست بووه که وه‌ک نه‌خۆشی داوێنی که‌سێکی دیکه ده‌گرێته‌وه و له‌دوا رۆژدا به ئاسانی چاره‌سه‌ر ناکرێت، که‌واته نابێ منداڵیش له رووی ترسه‌وه ره‌فتار بکات. ئه‌گینا سه‌گ و منداڵه‌که هیچ جیاوازییان نییه، و ئه‌وه‌ی که جێگای نیگه‌رانی بوونه منداڵه‌که‌یه که گه‌وره بوو به شێوه‌یه‌ک تۆڵه‌ی خۆی له‌و شێوه په‌روه‌رده کردنه ده‌کاته‌وه و ده‌یهه‌وێت ئه‌وه بڵێ: "تازه ئیتر من منداڵ نیم، له سه‌ر مافی خۆم به‌رهه‌ڵست ده‌گرم، که‌س ناتوانێت وه‌ک سه‌رده‌می منداڵی ره‌فتارم له‌گه‌ڵ بکات!" به‌م شێوه‌یه ده‌رده‌که‌وێت که ئێمه به‌سه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره داکه‌وتووین بێ ئه‌وه‌ی خۆمان هه‌ستمان پێکردبێت. ئێمه راسته‌وخۆ هاتووین کێشه‌کان و ره‌فتاره نادروسته‌کانی خۆمان گۆستۆته‌وه بۆسه‌ر منداڵ، چونکه ئێمه حه‌زده‌که‌ین منداڵه‌که‌مان وه‌ک خۆمان ده‌رچن، دروست وێنه‌ی خۆمان بن، وه‌ک خۆمان ته‌ربییه‌ت بکرێن. بۆیه به‌رده‌وام ئه‌و وشانه‌مان له‌سه‌ر زارن، مه‌که، مه‌ڕۆ، به‌م جۆره بڕو، به‌م جۆره دانێشه، به‌م جۆره بخۆ و بخه‌وه، و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش منداڵ به بچوکترین هه‌ڵه له‌گه‌ڵ دنیایه‌ک ره‌خنه و عه‌یب لێدیتنه‌وه ڕوبه‌ڕو ده‌بێته‌وه. له ته‌مه‌نی دوو تا سێ ساڵی مندال ده‌که‌وێته قۆناغێکی زۆر ناسک، قۆناغێک که پڕه له په‌ڵپ و بیانو، منداڵ بۆ هه‌ر شتێک که به دڵی ئه‌و نه‌بوو ده‌که‌وێته مانگرتن، چونکه له‌و ته‌مه‌دا منداڵ حه‌زده‌کات سه‌ر به‌خۆ بێت، له شیر خواردن بۆته‌وه، گرینگی ده‌دات به پاک و پیسی. به‌ر‌به‌ره‌کانی دایک و باوک و منداڵ لیره‌وه ده‌ست پێده‌کات که منداڵ حه‌ز ده‌کات ته‌نها خۆی بڕیار بدات، دایک و باوکیش حه‌ز ده‌که‌ن که ئه‌وان خۆیان بڕیار بده‌ن، به هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌وان فام و مشووریان له منداڵ زۆرتره. به‌ڵام دایک وباوک چۆن له‌گه‌ڵ هه‌ستی منداڵ سه‌ودا ده‌که‌ن؟ کاتێک منداڵ له‌م قۆناغه‌دا سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت و هه‌ستی بریندار بکرێت، ئه‌وجار له‌ته‌مه‌نی لاوی‌دا ده‌که‌وێته په‌لپ و بیانوو، ئیتر بۆمان کۆناکرێته‌وه، له‌ناکاو ده‌بینین که ئه‌و منداڵه هێدی و هێمنه‌ی جاران ته‌واو یاغی بووه و منداڵێکی سه‌رسه‌ری و سه‌ره‌ڕۆی لێده‌رهاتووه. به چی و چۆن چاره سه‌ر ده‌کڕیت ئه‌وه پرسیارێکی گرینگه. منداڵێک که گه‌یشته ئه‌م قۆناغه‌و به دروستی په‌روه‌رده نه‌کرابێت، هه‌م په‌روه‌رده‌کردنی زه‌حمه‌ته، هه‌م تازه دره‌نگه. چونکه منداڵ له‌و ته‌مه‌ندا به‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی تایبه‌ت به خۆی وه‌ک، خۆناسین، که‌سایه‌تی، جنس، باوه‌ر به‌خۆبوون داده‌که‌وێت که توشی دنیایه‌ک هاڵۆزی مێشک ده‌بێت. زۆرجار ده‌بیسین که ده‌ڵێن فڵانی به منداڵی زۆر هێدی و هێمن بوو، به‌ڵام ئێستا که‌س باشاری ناکات،و یان به پێچه‌وانه ده‌ڵێن، فڵانی به منداڵی زۆر هار و هاج بوو، به‌ڵام ئێستا زۆر هێدی و له‌سه‌ر خۆیه. ئه‌وه ره‌فتاری ئێمه‌یه که منداڵی توشی ئه‌م چه‌رمه سه‌رییه ده‌کات. مێتۆدی نوێ له سه‌ره‌تای هه‌فتاکان، مێتۆدی نوێ هاته قۆناغی تاقیکردنه‌وه و وه‌ک ئه‌لترناتیوێک له‌باری په‌وره‌ورده‌کردن به‌کارهات. که ئه‌و قۆناغه به قۆناغی سه‌ربه‌خۆی دایكان و باوکان بۆ په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ ناوزه‌دکرا. هه‌رچه‌ند ئه‌و شێوازه له زۆربه‌ی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپی تۆمارکرا، به‌ڵام ئاڵووێڕ کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوازه کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی خۆڵقاند و نه‌یتوانی به ئاسانی که‌ش و هه‌وا، کولتور و نۆرمه‌کانی بنه‌ماڵه بگۆڕێت. به‌وهۆیه به‌شێک له بنه‌ماڵه‌کان خێرا له‌گه‌ڵ بڕیاره‌که رێکه‌وتن و به‌شێکیش نه‌گونجان، که ئه‌و جیاوازییه بوو به هۆی سه‌رکه‌وتنی ئه‌وانه‌ی که له‌گه‌ڵ بڕیاره‌که رێکه‌وه‌تن و دۆڕانی ئه‌وانی که له‌گه‌ڵ بڕیاره‌که نه‌گونجان. له مێتۆدی نوێ‌دا به‌م شێوه نییه که دایک وباوک ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر منداڵ نه‌مێنێت و مندال خۆی بۆ هه‌موو شتێک بڕیار بدات و هه‌رچی خۆی حه‌زی لێ‌بوو بیکات، نا وا نییه. له مێتۆدی نوێ‌دا منداڵ وه‌ک ئینسان سه‌یر ده‌کرێت نه‌ک وه‌ک سه‌گ. له مێتۆدی نوێ‌دا دایک و باوک خۆیان به سه‌رپه‌ره‌ست و په‌رپرسی منداڵ ده‌زانن، نه‌ک به خاوه‌ن منداڵ. له‌م مێتۆده‌دا منداڵ به چاوێکی رێزوحورمه‌ت سه‌یر ده‌کرێ و خۆشه‌ویستی پێ ده‌به‌خشرێت، دیالۆگێکی نه‌رم و نه‌هێنی له ئارادایه، خواست و ویسته‌کانی منداڵ زۆرتر دێنه‌دی. له‌هه‌مانکاتدا سنوورێکی دیاریکراو بۆ منداڵ دیاریکراوه. له‌م مێتۆده‌دا که‌سایه‌تی منداڵ گرینگی زۆری پێده‌درێت و منداڵ وه‌ک که‌سێکی گه‌وره سه‌یر ده‌کرێت. دایک وباوک زۆرتر له حه‌ولی ئه‌وه‌دان که خۆیان له مندال نزیک بکه‌نه‌وه، زۆرتر کات له‌گه‌ڵ منداڵ به‌سه‌ر به‌رن، باشتر له منداڵ تێبگه‌ن و گوێگری قسه‌ی ده‌روونی منداك بن. راده‌ی خۆشه‌ویستی له‌م مێتۆده‌دا له‌هه‌مبه‌ر مێتۆدی کۆن جیاوازی زۆره. له مێتۆدی کۆن خۆشه‌ویستێکی بێ ئه‌ندازه له‌ئارادایه که ده‌بێته هۆی سه‌ررروویی و شه‌رفرۆشی منداڵ، که منداڵ سنووری خۆی تێپه‌ڕاند واده‌زانێت که هه‌موو حه‌قێکی به‌ده‌سته و حه‌ق هه‌ر به‌وه. به‌داخه‌وه دایک و باوکانێکی زۆر به‌سه‌ر کۆسپێکی به‌م جۆره داکه‌وتوون که له‌دواییدا غه‌یری په‌شیمانی هیچ شتێکیان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه، به قه‌ولی کوردی تازه کار له کار ترازاوه. به‌ڵام له مێتۆدی نوێ‌دا جیاوازییه‌ک له‌م باره‌وه هه‌یه که منداڵ به پێی پیوست خۆشه‌ویستی پێده‌به‌خشرێت، منداڵیش به پێی ئه‌و خۆشه‌ویستییه ره‌فتار و کرداری خۆی راده‌گرێت. زانایان و پسپۆڕان له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن که خۆشه‌ویستی بێجێ و دیارینه‌کراو منداڵ هار ده‌کات. هه‌ر وه‌ک ئه‌یریک فڕۆم ده‌ڵێ: خۆشه‌ویستی هونه‌ره،و ده‌بێ یه‌که‌م هه‌نگاو به دروستی به‌ره‌و خۆشه‌ویستی هه‌ڵێنین، ده‌بێ فێر بین که چۆن خۆشه‌ویستی به مندال یان که‌سێکی دیکه ب‌به‌خشین. که‌واته به‌م ئاکامه ده‌گه‌ین که ده‌بێ حه‌د و سنووری خۆشه‌ویستی بۆ منداڵ دیاری بکرێت، ئه‌گینا هه‌موو شته‌کان هاڵۆز ده‌بن و خۆشمان و منداڵیش سه‌ری لێده‌شێوێت. منداڵ به گشتی تین‌و و تامه‌زرۆی خۆشه‌ویستییه، ئه‌و حه‌زده‌کات ئه‌وه‌نده‌ی که دڵی تینویه دڵی خۆی پاراو بکات، به‌ڵام ئه‌وه ئێمه‌ین که زیاده له‌حه‌د خۆشه‌ویستی به منداڵ ده‌یبه‌خشین. له مێتۆدی کۆندا ئه‌گه‌ر منداڵ گریا، دایک و باوک پێی بێ تاقه‌ت ده‌بن و حه‌زده‌که‌ن به هه‌ر جۆرێک بێت ژیری بکه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر ژیریش نه‌بێته‌وه به توندوتیژی و هه‌ره‌شه کا‌رێک ده‌که‌ن که منداڵ ژیر ببێته‌وه. له راستیدا ته‌نها هۆی ژیر بوونه‌وه‌ی مندال ترسه‌که‌یه که ژیر ده‌بێته‌وه، ده‌نا هۆی سه‌ره‌کی گریانه‌که‌ی نه‌دۆزراوه‌ته‌وه، که ئه‌م شێوه ره‌فتاره منداڵ توشی دڵه‌ڕاوکه ده‌کات و له‌وه‌ی که له ده‌روونی دایه داده‌پۆشرێت و زینده به چال ده‌کرێت. له کاتێكدا له‌مێتۆدی نوێ‌دا به شێوه‌یه‌کی ژیر و وریاتر چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌که ده‌کرێت. کاتێک منداڵ ده‌گری به قسه‌کردن هۆی گریانه‌که روونده‌بێته‌وه، مندال قسه‌ی دڵی خۆی ده‌کات و توشی هیچ چه‌شنه دڵه‌ڕاوکه‌یه‌کیش نابێت، به‌م جۆره هه‌ردوولا مورتاح ده‌بن. پێکهاتنی متمانه رووبه‌ڕوو بوونه‌وه بوون ده‌گه‌ڵ منداڵ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی تازه و نه‌فام، کۆمه‌ڵێک شکوگومان پێکدێنێت. مندال پێویستی به متمانه‌ی دوولایه‌نه هه‌یه، به‌و واتایه ده‌بێ هه‌م متمانه‌ی به خۆی هه‌بێت و هه‌م به به‌رانبه‌ره‌که‌ی(دایک و باوک). په‌روه‌رده‌کردنێک که له سه‌ر ئه‌ساسی متمانه پێک دێت، هه‌ستونه‌ست و گه‌شه‌ونه‌شه‌ی منداڵ به هێز ده‌کات،و منداڵ یارمه‌تی ده‌دات به‌ره‌و بوونی ژیانێکی سه‌ربه‌ست. ئه‌یریک ئه‌یریکسۆن له‌م باره‌وه ده‌ڵێ: "متمانه هه‌ر له شه‌ش مانگی یه‌که‌می ژیانی منداڵ پێکدێت. کاتێک ئه‌و متمانه‌یه پێک نه‌هات، منداڵ ده‌که‌وێته شکوگومان و له زۆربه‌ی شته‌کان سڵه‌ده‌کات و ناتوانێت شاره‌زایی ته‌واو له‌سه‌ر شت وه‌رگرێت. به‌لام به پێچه‌وانه، کاتێک متمانه پێکهات، بۆ ناسینی شته‌کان و دنیای ده‌ورووبه‌ری ناکه‌وێته شکوگومان و به دڵنیایی شته‌کان ده‌ناسێت. که ئه‌م قۆناغه‌ی به دروستی تێپه‌ڕکرد، به‌ردی بناخه‌ی متمانه‌ی داناوه داناوه. روبه‌ڕو بوونه‌وه له‌گه‌ل منداڵی متمانه‌دار، نیشانه‌یه‌که له ره‌زامه‌ندی منداڵ، به‌و مانایه که منداڵ خواست‌و ویسته‌کانی وه‌دیهاتووه و له هه‌موو لایه‌که‌وه پاراو بووه. ئاخافتنێکی باش له نێوان دایک‌و باوک و مندال هاتۆته ئارا، منداڵ باشتر هوڵسوکه‌وت ده‌کات، خواردن ده‌خوات، بۆ جلوبه‌رگ پۆشین کێشه‌یه‌کی ئه‌وتۆی نییه، باش ده‌خه‌وێت و که‌متر هیلاکی پێوه‌دیاره. ئه‌و کات ئێمه وه‌ک دایک و باوک تێده‌گه‌ین که جیاوازییه‌کی زۆر هه‌یه لای ئه‌و منداڵه‌ی که متمانه‌ی به خۆی هه‌یه له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و منداڵه‌ی که متمانه‌ی به خۆی نییه. جیاوازییه‌که‌ش به‌م جۆره ده‌رده‌که‌وێت که منداڵی متمانه‌دار له هه‌موو بواره‌کان باشتر گه‌شه‌ده‌کات و منداڵی بی متمانه‌ش له‌باری گه‌شه‌کردن لاوازه. ره‌نگدانه‌وه‌ی کرداروره‌فتاری منداڵ له سه‌ر بنه‌مای متمانه، منداڵ پرنسیپدار ده‌کات، و له‌کاتی خۆیدا ئه‌رکه‌کانی منداڵی خۆی وه‌ک خواردن، خه‌وتن، کایه‌کردن، ده‌ناسێت و هه‌ر جۆره ترسێکی غه‌یری سروشتی لای منداڵ بنبڕده‌کات.
گه‌شه‌کردنی منداڵ بۆ سه‌ربه‌خۆیی له مابه‌ینی شه‌ش تاکو دوازده مانگی منداڵ ده‌گاته قۆناغێکی تازه، و ئه‌و متمانه‌ی که منداڵ له شه‌ش مانگی یه‌که‌می ژیان ده‌سته‌به‌ری کردووه، ده‌بێته بنه‌مایه‌ک بۆ قۆناغی سه‌ربه‌خۆیی. سه‌ربه‌خۆیی به مانای سه‌لماندن و ناسینی که‌سایه‌تی خۆی، حاوانه‌وه له کاتی هه‌ڵبران له دایک و باوک. کاتێک مندال دوازده مانگی یه‌که‌می ژیانی که سه‌ره‌تاییترین و گرنگترین قۆناغی گه‌شه‌کردنه، به پیرۆزیه‌وه تێپه‌ڕاند، له‌زۆربه‌ی قۆناغه جۆراوجۆره‌کانی ژیان به ئاسانی سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست دێنێ، ئه‌گینا تاکو ته‌مه‌نی گه‌وره ساڵی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی جۆراوجۆر و دریژخایان وه‌ک: نه‌سه‌ڵماندنی که‌سایه‌تی خۆی و دنیای ده‌وروپشتی روبه‌ڕو ده‌بێته‌وه و ...هتد. گرنگه که دایک و باوک به جددی خه‌م له‌و به‌شه بخۆن تاکو زۆربه‌ی به‌شه‌کانی ژیانی منداڵ و خۆیان بۆ ئاسان ببێته‌وه. منداڵ که له‌م قۆناغه ناسکه‌دا به‌م ته‌مه‌نه که‌مه سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت، له هه‌ڵبژارتنه‌کاندا زۆرتر مشوور به‌کار ده‌بات، به باشی ئیحساسی خۆی کۆنتڕۆڵ ده‌کات، به چاوێکی رێز و حورمه‌ت ده‌ڕوانێته خه‌ڵک. به‌هه‌مان شێوه، که‌تره‌خه‌میکردن له منداڵ له‌م قۆناغه‌دا به هه‌ر هۆیه‌ک، مندال دوورده‌کاته‌وه له سه‌ربه‌خۆیی و ئاسته‌نگی ده‌خاته سه‌ر ڕێی منداڵ. وه‌ک شتێکی منداڵ خۆی به دۆڕاو ده‌زانێت و زۆرجاران هه‌ست به بێزارییه‌کی زۆرده‌کات و وا هه‌ستده‌کات که بوونی زیادییه و که‌س بایه‌خی پێنادات. له هه‌مان کاتدا منداڵێکی ئیحساساتی لێده‌ر ده‌چێت و کۆنتڕۆڵی به‌سه‌ر ئیحساسی خۆیدا که‌م ده‌بێت و زۆر به ئاسانی ده‌ڕه‌نجێت و له هه‌ڵبژارتنه‌کاندا لاواز ده‌بێت. سنووردانان یان خۆشه‌ویستی ئێمه منداڵه‌ی خۆمان خۆش ده‌وێت، و له‌هه‌مان کاتدا حه‌ز ده‌که‌ین سنووری خۆی بناسێت. به‌لام کاتێک باس له خۆشه‌ویستی بۆ منداڵ ده‌که‌ین، کێشه‌ی سنووردانانیش دێته ئاراوه. منداڵ نازانێت سنووری خۆی دیاری بکات، چونکه ئه‌و حه‌زده‌کات به دڵی خۆی ئه‌سپی خه‌ون و خه‌یاڵ و حه‌زه‌کانی لینگ بدات، خۆشی جڵه‌و و هه‌وساری بۆ ناگیرترێت، دایک و باوکیش تاکو ده‌توانن خۆشیان بوێت. چاره چییه؟ به بڕوای من خۆشه‌ویستی دیوارێکه بۆ سنووردانان، که منداڵ به پێی نیاز خۆشه‌ویستی وه‌رگرێت، به پێی نیازیش سنووری خۆی ده‌ناسێت. زۆرجار لامان وایه که ئه‌گه‌ر زۆرتر به قسه‌ی منداڵ بکه‌ین زۆرتر خۆشه‌ویتیمان پێداوه و دایک وباوکێکی دڵسۆزین. نا وانییه، منداڵ به‌هه‌مان ئه‌ندازه و به پێی نیاز پێویستی به خۆشه‌ویستی هه‌یه، ئه‌گه‌ر له نیازه‌که‌ی خۆی زۆرتر بێت لای بێ قیمه‌ت ده‌بێت، جاکه وایه ناێ کا‌رێک بکه‌ین که به‌نرخترین شت(خۆشه‌ویستی) لای منداڵ بێ قیمه‌ت بێت، ئه‌وه‌نده وه‌رگرێت که قه‌دری بزانێت. نموونه، کاتێک مندال برسییه، خواردنه‌که‌ی به رێک و پێکی ده‌خوات، هه‌رکه تێری خوارد یان یا‌ری به خواردنه‌که ده‌کات یان که‌و‌چکی تێوه‌رده‌دات، ئه‌مه نیشانه‌یه‌که له تێر بوون. خۆشه‌ویستیش به هه‌مان شێوه، کاتێک منداڵ نه‌خۆشه، سه‌رما و گه‌رمایه‌تی، برسییه‌تی، وه‌ڕه‌زه یان پێداویستێکی هه‌یه، بێگومان ده‌بێ سرنجی پێبدڕیت و خواسته‌که‌شی دابین بکرێت. به ئه‌زموون نیشاندراوه که منداڵ حه‌ز ده‌کات سنووری خۆی بناسێت و بیزانێت، که دیاریکردنی سنوور ئارامیشێکی ده‌روونی به منداڵ ده‌به‌خشێت و هه‌م له‌باری فیزیکی و هه‌م له‌باری هه‌سته‌وه سالمتره. چونکه مندال به پێی چاوه‌ڕوانی و سنووردانان بیر له قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌کاته‌وه و که‌متر مێشکی به شتی چاوه‌ڕوانی نه‌کراو هاڵۆز ده‌کات. که ئه‌وه‌ش شانسێکی گه‌وره ده‌دات به مندال بۆ سنووردار کردنی خۆی و به‌رانبه‌ره‌که‌ی(هاوکایه). هه‌رچه‌ند منداڵ به‌رده‌وام له حه‌ولی سنوور تێپه‌راندن دایه، ئه‌و ده‌یهه‌وێت ته‌نها خۆی تاقی بکاته‌وه، به‌لام گرینگه که دایک و باوک به پێی وشیاری، منداڵ ئاگادار بکه‌نه‌وه. منداڵ ده‌یهه‌وێت رۆڵ و ئه‌رکی خۆی له هه‌موو بواره‌کانه‌وه بناسێت، مندال ئه‌و کاره ناکات چونکه خه‌راپ په‌روه‌رده‌کراوه، به‌ڵکو ده‌یهه‌وێت هه‌رچی زووتر تێکه‌ڵاوی دنیای گه‌وره‌کان بێت. که‌واته، گرینگه دیواری خۆشه‌ویستی به مه‌به‌ستی سنووردانان دیاری‌بکرێت، چونکه هۆی هاڵۆزی و کێشه‌کانی ژیانی ئینسان و منداڵ نه‌ناسینی خۆشه‌ویستییه که به داخه‌وه ئه‌مه ته‌نها له نێو ئینسانه‌کان دێته‌پێش. رۆسۆ ده‌ڵێ: «سروشت ئینسانی پاک و بێ عه‌یب خه‌ڵق کردووه به‌ڵام ئینسانه‌کانی دیکه ئه‌و شه‌ڕانی باردێنن. سروشت ئینسانی ئازاد خه‌ڵق کردووه باڵام ئینسانه‌کانی دیکه توشی کۆیله‌یی ده‌که‌ن. سروشت ئینسانی به‌خته‌وه‌ر خه‌ڵق کردووه به‌ڵام ئینسانه‌کان دیکه بێ به‌ختی ده‌که‌ن.» سنوورناسین خۆشه‌ویستی ئه‌و هه‌سته به هێزه‌یه که په‌یوه‌ندی نێوان منداڵ و دایک و باب دیاریده‌کات بۆ فێر بوون بۆ ناسینی سنوور. ئێمه لامان وایه که منداڵ ته‌نها له فێرگه شت فێر ده‌بێت، بێگومان منداڵ له فێرگه زۆر شت فێر ده‌بێت، به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا منداڵ هه‌موو کات و سات له هه‌وڵی فێر بووندایه. منداڵ هه‌ر له سه‌رده‌می منداڵییه‌وه تاکو ته‌مه‌نی لاوی له قۆناغی فێربووندایه، وه ئه‌و فێربوونانه ده‌بنه ئه‌زموونی به‌نرخی ژیان بۆ ژیانی داهاتوی منداڵ. هه‌ر هه‌نگاوێک له ژیانی منداڵ پره له فێربوون و تاقیکردنه‌وه. کایه‌کردن له‌گه‌ڵ مندال یه‌کێک له گرنگترین که‌رسته‌کانی فێربوون و داڕێژتنی که‌سایه‌تی منداڵه. ئاڵبه‌رت ئه‌نیشته‌ین له‌م باره‌وه ده‌ڵێ: «ئه‌گه‌ر حه‌زده‌که‌ی شعوور و مشووری منداڵه‌که‌ت زۆر بێت، کایه‌ی له‌گه‌ڵ بکه، چیرۆکی بۆ بگێڕه‌وه. ئه‌گه‌ر دیسان حه‌زده‌که‌ی شعوور و مشووری منداڵه‌که‌ت زۆرتر بێت، دیسان هه‌ر کایه‌ی له‌گه‌ل بکه و چیرۆکی بۆ بخوێنه‌وه.» گه‌شه‌پێدان منداڵ بۆ گه‌شه‌کردن پێویستی به یارمه‌تی هه‌یه: گوێدان به قسه‌ی منداڵ بۆ پێکهێنانی پێوه‌ندییه‌کی پته‌و بایه‌خدان به قسه‌کانی منداڵ چاو له چاو بڕین له‌کاتی قسه‌کردن منداڵ ده‌بێ توانایی ده‌ربڕینی قسه و بیروڕاکانی هه‌بێت چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی منداڵ له رێی دیالۆگ کات ته‌رخانکردن له‌گه‌ڵ منداڵ یاره‌متیدان بۆ تێگه‌یشتن له هه‌ڵه‌کردن به چاودانه‌دانه‌وه‌ی هه‌ڵه ئێمه زۆر شت له منداڵ فێر ده‌بین ئێمه زۆر به ئاسانی له‌بیرمان ده‌چێت که منداله‌کان زۆر شت فێری ئێمه ده‌که‌ن. منداڵه‌کان چاوه‌دێری دایک و باوکن، ئه‌وان به ئاسانی هه‌ڵه‌ی دایک و باوک ده‌بینن، به‌لام ئێمه وه‌ک دایک و باوک به‌رده‌وام حاشایان لێده‌که‌ین، یانی هیچ کات هه‌ڵه‌ی خۆمان له‌حاست منداڵ ناسه‌ڵمێنین. که‌چی کاتێک ئه‌وان هه‌ڵه ده‌که‌ن، به ئاسانی ته‌نبێیان ده‌که‌ین. منداڵ ئێمه راده‌کێشێت تاکو یا‌ری ده‌گه‌ڵ بکه‌ین، تاکو بیر و هه‌سته‌کانی خۆی له رێگای یا‌ری ده‌ربڕێت، به‌لام ئێمه وه‌ک دایک و باوک یان کاتمان نییه یان بایه‌خ به کاتدان به مندال ناده‌ین. منداڵه‌کان هه‌ستی خۆشه‌ویستی ئێمه به ئاسانی ده‌بزوێنن، ئه‌وه ئێمه‌ین که گرینگی ناده‌ین به هه‌سته‌کانی منداڵ، که‌چی ئه‌وان به ئاسانی هه‌موو هه‌سته‌کانی ئێمه هه‌ست پێده‌که‌ن. منداڵه‌کان ئاسانتر له هه‌ڵه‌ی ئێمه ده‌بوورن، به‌ڵام ئێمه به زه‌حمه‌ت له هه‌ڵه‌ی ئه‌وان ده‌بوورین، چونکه ئه‌وان رووڕاست و بێ شیله‌وپیله‌ن. کاتێک دایک و باوک خه‌مێکیان له‌دڵی دایه منداڵه‌کان زۆرتر سرنج ده‌ده‌ن به هه‌ستی دایك و باوک، ئه‌وان حه‌ز ده‌که‌ن خۆیان له خه‌می دایک و باب به شه‌ریک و به‌شدار بزانن، ئه‌وان کا‌رێک ده‌که‌ن که ئێمه باشتر و ئاسانتر به‌سه‌ر هه‌سته ناخۆشه‌کانماندا زاڵ بێن، لێره‌دایه که زۆر شت له‌وان فێر ده‌بین. شێوه‌ی قسه‌کردن شێوه‌ی قسه‌کردنی ئێمه ڵه‌گه‌ڵ منداڵ زۆر گرینگه، قسه‌کرد له‌گه‌ڵ منداڵ به هێدی و له‌سه‌رخۆیی یان به توندوتیژی دوو بۆچون و لێکداناوه‌ی جیاواز به منداڵ ده‌به‌خشێت، که‌چی مه‌به‌ستی ئێمه له‌هه‌ر دوو شێوازی قسه‌کردن یه‌که. قسه‌کردنی ئێمه له‌گه‌ڵ مندال به شێوه‌یه‌کی نه‌رم ئه‌و مه‌جاڵه بۆ ئه‌و پێکدێنێت که به ئاسانی له ئیمه تێبگات و باشتر شته‌کان وه‌رگرێت، له‌هه‌مان کاتدا هه‌مان قسه و مه‌به‌ست به شێوه‌یه‌کی توندوتیژ مندال له مه‌به‌ست دوورده‌کاته‌وه‌و سه‌ری لێده‌شێوێنێت. کاتێک مندال به شێوه‌یه‌کی ناشرین قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکرێت، لاساری ده‌کات و حه‌زناکات گوێبدات به قسه‌ی ئێمه. هه‌ر چه‌ند له لێدوانێکی توند مه‌به‌ستێکی خه‌راپمان نه‌بێت، به‌لام منداڵه‌کان به گشتی حه‌ز له ده‌ستور پێدان یان توند قسه‌کردن ناکه‌ن. دوایی ئه‌و لێدوانه ده‌بێته بنه‌مایه‌ک بۆ منداڵ له بواری لێدوان وقسه‌کردن له‌گه‌ڵ که‌سێکیتر. دایک‌و باوک سه‌مه‌شقن بۆ منداڵ کاتێک منداڵ هه‌ڵه‌ده‌کات ته‌نبێ ده‌کرێت، به‌ڵام که کارێکی باشی کرد خه‌ڵات ناکرێت. چۆن فه‌رقی چاکه و خه‌راپه بزانێت؟ گرنگه که منداڵ خه‌ڵات بکرێت تاکو بزانێت کاری باشی کردووه، فه‌رقی چاکه و خه‌راپه بزانێت. ئه‌گه‌ر بایه‌خ نه‌درێت به ره‌فتارێکی باشی منداڵ، و بۆ ره‌فتارێکی خه‌راپ ته‌نبێ بکرێت، تازه بۆ ئه‌و گرینگ نییه که چ باشه و چ خه‌راپ. زۆرجار گرینگه که سه‌ردان له دروون و ژووری منداڵ بکه‌ین تاکو بزانین مندال چی له دڵیدایه‌و مه‌به‌ستی ئه‌و له چاکه و خه‌راپه چیه. بۆ بڕینی ئه‌م رێگه‌یه پێویستیمان به چالاکی و وشیاری و پشووی زۆر هه‌یه، بۆ پێکهێنانی ئه‌م په‌یوه‌ندییه کاتمان پێوسیته، کات به مانای زۆرتر له‌گه‌ڵ منداڵ بوون، کات به مانای زۆرتر لێدوان له‌گه‌ڵ منداڵ. دڵداری دانه‌وه‌ی منداڵ کاتێك منداڵ به‌هه‌ر هۆیه‌ک پێویستی به دڵداریدانه‌وه یان لاواندنه‌وه هه‌یه، گرینگه که دایک و باوک به جووت ئه‌و کاره‌نه‌که‌ن، یانی هاو کات ئه‌و کاره نه‌که‌ن. لێکۆڵینه‌وه‌کان ئه‌وه‌یان نیشانداوه که منداڵ له حاڵه‌تێکی ناخۆش وه‌ک دڵپڕی یان مان گرتن ته‌نها پێویستی به دایک یان باوک هه‌یه. کاتێک منداڵ ترساوه، له شتێک قه‌ڵسه و تۆراوه یان مات و مه‌لووله، زۆرئاساییه که دایک و باوک بزانن منداڵه‌که‌یان چی به‌سه‌رهاتوه یان چی له‌دڵدایه. به‌ڵام منداڵ له حاڵه‌تێکی به‌م جۆره ته‌نها پێویستی به یه‌کیان هه‌یه، چونکه کێشه‌ی خۆی لای که‌سێك باسده‌کات که په‌یوه‌ندێکی نزیکی هه‌یه و متمانه‌شی به‌و زۆرتر هه‌یه. ئه‌وه باشترین رێگا چاره نییه ئه‌گه‌ر دایک و باوک به جووت له هه‌وڵی دڵداری دانه‌وه‌ی منداڵدابن. له‌م حاڵه‌ته‌دا منداڵ گێژ ده‌بێت و له‌وه‌ی که له دڵیدایه باسی ناکات، به جۆرێک خۆی قفڵ ده‌کات و له خۆیدا راده‌گرێت. با ئه‌و مه‌جاله به منداڵ بده‌ین که قسه‌ی دڵی خۆی بکات. فه‌رق ناکات که قسه‌ی خۆی لای دایک یان باوک بکات. گرنگ ئه‌وه‌یه که توانایی ده‌ربڕینی قسه‌ی دڵی خۆی هه‌بێت، دوایی ئه‌وه دایک و باوک به دوو قۆڵی کێشه‌که چاره‌سه‌ر بکه‌ن. گرینگتر له‌و ئه‌وه‌یه که که‌سی "دووه‌م" که راسته‌وخۆ بیسه‌ری قسه‌ی منداڵ نه‌بووه، کێشه‌که راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ منداڵه‌که باس نه‌کات چونکه منداڵه‌که متمانه‌ی به که‌سی "یه‌که‌م" که راسته‌وخۆ بیسه‌ر قسه‌که بووه له ده‌ستده‌دات. پێویسته که دایک یان باوک خۆی تێکه‌ڵاوی ئه‌و کێشه بکات و که‌سی دووه‌م له‌م حاڵه‌ته‌دا خۆی بێڵایه‌ن نیشانبدا. ده‌بێ مه‌جاڵ به منداڵ بدرێت تاکو بیر له کێشه‌ی خۆی بکاته‌وه، ده‌بێ به شێنه‌یی باسی قسه‌ی دڵی خۆی بکات، به‌ڵام کاتێک دایک و باوک به جووت گه‌مارۆی مندال ده‌ده‌ن و کۆمه‌ڵێک پرسیار و شتی جۆراوجۆری لێده‌پرسن، به‌داخه‌وه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی له قیس ده‌چێت. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی له دڵخۆشیدانه‌وه‌ی منداڵ، یاره‌میتدانی ئه‌و خه‌مه‌یه که له دڵیدایه. هه‌رچی منداڵ که‌متر دڵخۆشی بدرێته‌وه، باشتر به‌سه‌ر کیشه‌ی خۆیدا زاڵ ده‌بێت. ئه‌و منداڵانه‌ی که به‌رده‌وام له لایه‌ن دایک و باوک، و بۆ بچوکترین شت دڵخۆشی ده‌درێنه‌وه، ناتاونن له‌گه‌ڵ هه‌سته ناخۆشه‌کانیان به دروستی سه‌ودا بکه‌ن. |