ئه‌نجومه‌نی قه‌ڵه‌می کوردستانی ئێران

منداڵ
 
  بەمنداڵەکەت بڵێ مەترسە، خەونت بینیووە!
Home
فارسی
English
 

 ئا: کەژال عەلا

 منداڵ بەهۆى خەو بینینى ترسناکەوە لەخەو ڕادەپەڕێ و خەوى دەزڕێت. هەروەها زۆربەى کات ئەو خەوەى کە بۆتە مایەی ترساندنى، کەمێکی یا بەتەواوى لەبیری دەمێنێتەوە. زۆربەى منداڵان لەسەر سستەمەکەى خۆیان دادەنیشن، هاواردەکەن یا دەگرین، یا بەرەو ژوورى نوستنى دایک و باوکیان ده‌چن و داواى یارمەتیان لێدەکەن. بینینى خەوى ترسناک زیاتر لەمنداڵانى 5ـ 6 ساڵاندا ڕوودەدات. هەندێ جار هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەکانى دەوروبەرى یا بابەتێکى ترسێنەر لە تەماشاکردنى تەلەفیزیۆنەوە یاخود لەچیرۆک و کتێبەکاندا دەیخوێننەوە، یا دەوروبەرى بۆى دەگێڕنەوە، یا بەشێوەیەکى ئاسایى بابەتێک بێت ڕاستەوخۆ ڕووبەڕوویان بووبێتەوە. وەکو: شەڕو ئاژاوە، واهەستبکەن پشتگوێ دەخرێن لەلایەن خوشک و برا گەورەکانیانەوە، یا ڕەنگیشە کێشەیەک بێت لە قوتابخانە ماندووبوونیان لە ئەنجامدانى دەرس و ...هتد. کەواتە ئەم کێشەیە لە منداڵاندا بۆى هەیە لەژێر کاریگەری کاروبارى ڕۆژانەیاندا دروست بێت. بۆنموونە ئەگەر ڕۆژێکى سەخت و دژوار بەسەربەرن، ڕەنگە خەونێکى ناخۆش و ترسناک ببینن. ئەڵبەتە خەوى ترسناک دەتوانێت لە خەیاڵاتى منداڵاندا شیوەیەکى سەیر لەخۆبگرێت بەبێ ئەوەى مانایەکى تایبەتى هەبێت. لە منداڵى زۆر بچوکدا ئەم جۆرە خەوانە بەشێکن لە گەشەیاندا و کاتێک لەخەو ڕادەپەڕن یەکسەرى خەویان لێدەکەوێتەوەو بۆ بەیانیش هیچیان لەبیر نامێنێت. پێویستە ئەم خاڵەشمان لەیاد نەچێت کە هەر جۆرە مۆتەکەیەک ماناى ئەوە ناگەیەنێت کە بابەتێک لەئارادا هەیە. لە منداڵاندا، لەرز و تا، نەخۆشى، بیتاقەتى یا درەنگ نانخواردن دەتوانێت ڕۆڵێکى گرنگى هەبێت بۆ ئەم گرفتە. ئایا کاتێک کە منداڵەکانتان مۆتەکە دەبینن ئێوە چیان بۆدەکەن؟ دایکان و باوکان پێویستە یەکسەر لە کاتى بینینى خەونى ترسناکى منداڵەکانتانا بەم شێوەیە ڕەفتاربکەن: 1ـ کاتێک کە مندال لەنیوەشەودا هاواردەکات، بێ ئەوەى لەخەوى هەستێنى، پێویستە هێورى بکەیتەوەو بەئارامى لەپەنا گوێیدا لایەلایەى بۆ بکەیت. لەم کاتانەدا تادەتوانیت دەبێت هەوڵبدەیت منداڵەکەت خەبەرى نەبێتەوە. 2ـ کاتێک کە مندال لەدەنگى هات و هاوارى خۆى بێداردەبێتەوەو هێشتا دەترسێت و پەرێشانە، پێویستە لەئامێزى بگریت و پەرداخێک ئاوى دەرخواربدەیت. بە سۆز و میهرەبانیەوە دەست بێنیت بەسەریداو بۆى باسبکەیت کە ئەمە تەنها خەوبوو، تێپەڕى، هەرچیەکت دیووە تەنها لەخەودابوو.   "تەنانەت ئەگەر منداڵەکە هێشتا ماناى وشەى خەیاڵات "خەوبینین" فێرنەبووبێت، بەدەنگى ئارامى ئێوە ئارام دەگرن و تێدەگەن کە ئەوى بینیویانە واقعى نەبووە. ئەگەر هاتوو منداڵەکە هێشتا هەر هات و هاوارى بوو دەتوانیت گڵۆپەکانى بۆ داگیرسێنیت و پێى بڵێیت "وەرە با پێکەوە بەدواى ئەو شتەدا بگەڕێین کەلێى دەترسیت" یاپێى بڵێت گڵۆپەکەت هەر بەداگیرساوى بۆ دەهێڵمەوە. 4ـ "بۆى هەیە لەهەندێک حاڵەتدا ئەو وێنە ترسناکەى لەخەودا بینیویەتى دووبارە لە زهنى منداڵەکەدا دووبارە ببێتەوە و لەترسى ئەوەى نەوەک و ئەو دیمەنە ترسێنەرە ببینێتەوە وڕک بگرێت و نەیەوێت بچێتەوە بۆ جێگاکەى خۆى بخەوێتەوە. لەم حاڵەتەدا پێویستە دەربارەى ئەو شتەى منداڵەکە بەیانى دەکات بابەتەکە بەجۆرێکى تر کۆتایى پێبێنن، بەمجۆرە بۆ نموونە ئەگەر خەوى بە سەگێکى گەورەوە یا ئەژدیهایەکەوە بینیبوو پێى بڵێی: لە کۆتاى خەوەکەتدا تۆ شمشێرێکت پێبوو ئەژدیهاکەت کوشت. 5 ـ هەوڵبدە کاتێک مندال خەوى ترسناک دەبینێت و بەرەو ژوورى نوستنەکەى ئێوە دێت بیبەیتەوە بۆ سەر جێگاکەى خۆى. چونکە بۆ شەوەکانى دوایى زۆر بەزەحمەت دەتوانێت لەجێگاکەى خۆیدا خەوى لێبکەوێت. هەروەها هەوڵبدە ئەو شەوە تامنداڵەکەت خەودەیباتەوە لەلاى بمێنیتەوە ئەوسا بەجێى بێڵە. 6 ـ ئەگەر هات و زانیت ئەم کێشەیە بەهۆى ئەوەوە ڕوودەدات کە مێشکى قاڵە بە بابەتێکەوە، پێویستە بگەڕێت بەدواى هۆکارەکەیدا و بیدۆزیتەوە. 7ـ هەندێک جار پێویستە لە خودى منداڵەکە یارمەتى وەربگریت و بە وردى پرسیارى لێبکەیت "دوێنێ شەو چ جۆرە خەونێکت بینی؟ یا ئەو شتە چیە کە لێى دەترسى؟" مەجالى بەرێ خۆى بۆت بگێڕێتەوە. هەوڵبدە لەو کاتەدا قسەکانى پێنەبڕیت و بە وردى گوێى لێبگرە. چونکە مندال بەم کارەى ئێمە هەست بەوە دەکات کە درکى پێدەکەین. بێگومان ئەو منداڵانەى کە وردن نابێت چاوەڕوانى ئەوەیان لێبکەین کە بەدرووستى خەوەەکەیمان بۆ بەیان بکات. چونکە لەو تەمەنەدا ناتوانن بەشێوەیەکى دروست خەوەکەیان بگێڕنەوە. ڕەنگە بڵێن "ئاژەڵێکى ناشرین یا سەگێکى گەورە." لەم حاڵەتەدا پێویستە پێیان بوترێ کەبەڕاستى لەناو ژورەکەیدا هیچ شتێک وجودى نیە. دەشتوانى لەگەڵ منداڵەکەتدا هەموو شوێنێکى ماڵەکەت بپشکنى. 8 ـ هەندێ جار بۆ بەرگرى لە مۆتەکە باشتر وایە ڕێگە نەدەى مندال سەیرى تەلەفیزوێن بکات. 9 ـ لەکاتێکدا ئەگەر هاتوو ئەم کێشەیە بەردەوام لاى منداڵەکەت دروست بوو، پێویستە سەردانى دکتۆری پێبکەیت. بۆ بەرگرى کردن لە بینینى خەونى ترسناک لەمنداڵەکەتدا، باشتر وایە پێشتر چەند کارێک ئەنجام بدەیت وەکو: "شەوانە هەمیشە گڵۆپێکى کز لەژورى منداڵەکەتدا داگیرسێنە. لەتاریکیدا پێش ئەوەى منداڵەکە خەوى لێبکەوێت سەیرى شتومەکى ژورەکەى بکە و بزانە هیچ شتێک خراپ دانەنراون. بۆنموونە سێبەرى کورسیەک ڕەنگە ببێتە هۆى ترساندنى مندال. یا دەتوانیت بووکەشووشەیەکى بدەیتێ، یا لەژورەکەیدا هەڵیواسى، پێى بڵێ ئەم بووکە شووشەیە دەتوانێت ڕێگە بگرێت لەخەونى ترسناک. هەوڵبدەن منداڵەکەت لە پێش نوستنیدا فلیمى ترسناک تەماشا نەکات و یا یارى ئاڵۆز و شەڕانى ئەنجام نەدات. هەوڵبدە پێش ئەوەى منداڵەکەت خەوى لێبکەوێت چیرۆکى بۆ بخوێنیتەوە" ئەڵبەتە چیرۆکى خۆشء باش ئەو شتانەى کە منداڵەکەت حەزى لێیەء پاشان پێى بڵێ: ئارەزووم وایە ئەمشەو بێتە خەوت. بەدڵنیاییەوە ئێوە دەتوانن بەقسە و ئامۆژگاریەکانتان ژیانێکى ئاسوودەء بارێکى دەروونى ئارام و باش بۆ منداڵەکانتان درووستبکەن.

 سەرچاوە : سایتى همشهرى انلاین






info@qelem.com