پارێزگاریه‌تی له سه‌ده‌ی بیسته‌م دا
''له‌مێژوو فێر ده‌بین له چ شت گه‌لێک دووری بکه‌ین
نه‌ک چ کارگه‌لێک ئه‌نجام بده‌ین''
ته‌قینه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌کان لاپه‌ڕه‌ی 47
ئۆرتیگایی گاست و ته‌قینه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌کان
خۆزه ئۆرتیگای گاست (1995_1883) فه‌یله‌سۆف و بیردۆزی
ئی‌سپانیاییه که به پێشڕه‌وانی ڕێنسانسی ئی‌سپانیا له سه‌ده‌ی
بیسته‌م دا له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. ئه‌و قۆناغه‌کانی خوێندنی له
ئی‌سپانیا و ئه‌ڵمانیادا تێپه‌ڕ کردوه، سه‌ره‌تا له ژێر
کاریگه‌ری قوتابخانه‌ی نیۆکانتی ماربۆرگ دا بووه‌و له زانسگه‌ی
''مادرید'' دا مامۆستای به‌شی میتافیزیک بووه.
ئۆرگیتا له ماوه‌ی شه‌ڕی نێوخۆیی ئیساپانیا، له و‌ڵاتی
فه‌ره‌نسا‌و ئه‌رژه‌نتین دا مایه‌وه‌و لایه‌نگری لایه‌نه
به‌شه‌ڕهاتووه‌کانی نه‌کرد. ئه‌و، پێشتر له ده‌وڵه‌تی کۆماری دا
پله‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانی هه‌بوو، به‌ڵام له‌سه‌ر داوای فرانکۆ
گه‌ڕایه‌وه نیشتمانی خۆی، هه‌ره‌چه‌ند پێ مل نه‌بوو که پله‌ی
فه‌یله‌سوفی یاسایی ده‌وڵه‌تی فاڵانتریستی پێ بدرێت. ئه‌و پاش
گه‌ڕانه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌یه‌کی به ناوی ''ده‌زگای ئازادی
فه‌لسه‌فه و زانستی فه‌رهه‌نگی'' و هه‌روه‌ها سێ گۆڤاری به
ناوه‌کانی ''ئی‌سپانیا'' و '' هه‌تاو'' و ''گۆڤاری رۆژهه‌ڵات''
دامه‌زراند. به‌رهه‌مه به‌رچاوه‌کانی ئه‌م فه‌یله‌سوفه بریتیین
له: ''کۆمه‌ڵه ده‌رسێک له مه‌ر میتافیزیک، بناغه‌ی فه‌لسه‌فه،
هزری مێژوویی، دیارده ناسی و هونه‌ر، خوێندنه‌وه‌یه‌کی مێژووی
جیهان، مێژوو به واتای کاکه‌شانێک، فه‌لسه‌فه چیه؟،
وردبوونه‌وه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به دۆن کیشۆت و، ته‌قینه‌وه
جه‌ماوه‌رییه‌کان.''
بۆ وه‌رگرتنی بوار و شێوه‌ی بیرکردنه‌وه سیاسییه‌کانی ئۆرتیگا
پێویسته ئاماژه‌یه‌ک به ئاڵوگۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌کانی
ئه‌م چاخه دوایینه‌ی و‌ڵاتی ئی‌سپانیا بکه‌ین.
له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م دا ئی‌سپانیا شه‌ڕ و تێکهه‌ڵچوونی نێوخۆیی
زۆری به‌خۆوه بینی که له‌واندا لیبڕاڵه‌کان و
سه‌ڵته‌نه‌تخوازه‌کان به‌ره‌و ڕووی یه‌کتر ببوونه‌وه. پاش _1900_
به‌هوۆی په‌یدا بوون و ده‌رکه‌وتنی سۆشیالیسته‌کان و
ئه‌نارشیسته‌کان ناکۆکیه نێوخۆییه‌کان گڕو تینێکی نوێ‌یان پێ
به‌خشرا. پاش شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م به هۆی په‌ره‌گرتنی
گه‌نده‌ڵکاری ئیداری و سیاسی کودیتایه‌ک به ڕێبه‌رایه‌تی ژنڕاڵ
پڕیمۆدۆ رێوڕا له ساڵی 1923 دا
ئه‌نجام دراو، پاشای ئیسپانی ''ئالفۆنسۆی سێیه‌م'' پێ‌ملی
ده‌وڵه‌تی ڕێوڕا بوو. به‌ڵام له دواییدا ئه‌م رێژیمه ساڵی _1930_
له ئاکامی شۆڕشه شارییه‌کاندا هه‌ره‌سی هێنا و ساڵێک دواتر
ئاڵکانا زامۆرا توانی ده‌سه‌ڵاتێکی کۆماری له‌م وڵاته‌دا پێک
بهێنێت. ده‌وڵه‌تی زامۆرا خاوه‌ن بناغه‌یه‌کی لیبرالی و دژی
که‌نیسه‌یی بوو، هه‌ر بۆیه له دوو لایه‌نه‌وه واته له لایه‌ن
به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌یی که له هێزه کاتۆلیک و پارێزگا‌ره‌کان پێک
هاتبوو و، هه‌روه‌ها به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ریی چه‌پگه‌راوه دژایه‌تی
ده‌کرا. پاش هه‌ڵبژاردنی (رێفراندۆم) ساڵی 1936 که تێیدا به‌ره‌ی
جه‌ماوه‌ری سه‌رکه‌وتنێکی به‌رچاوی وه‌ده‌ست هێنا، ده‌وڵه‌تی
کۆماری به ته‌واوی له ژێر سه‌یته‌ره‌ی هێزه چه‌پخوازه‌کان
ده‌که‌وێ و له ئاکامدا باس و لێدوانه‌کان له بواری چاکسازی
زه‌وه‌ی و، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مافی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی که‌نیسه
و، گۆڕینی سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی، په‌ره ده‌ستێنێ. گۆڕان له
سیسته‌می کۆمارییه‌وه به‌ره‌و چه‌پ ترس و نیگه‌رانی‌یه‌کی زۆری
له نێوان که‌نیسه و، سوپا و موڵکداران دا پێکهێنا و، سه‌ره‌نجام
شۆڕشی سه‌ربازی به دژی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری له ژوئیه‌ی 1936_ دا
سه‌ری هه‌ڵدا و ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای شه‌ڕێکی نێوخۆیی ئی‌سپانیا بوو
که تا ساڵی 1939_ درێژه‌ی کێشا. به‌شێوه‌یه‌کی گشتی له‌م
کێشانه‌دا قه‌شه‌کان و، ده‌ست و تاقمه راسته‌کان و،
سه‌ڵته‌نه‌تخوازه‌کان و سوپاییه‌کان، پشتیوانی‌یان له حیزبی فاڵانژ
ناسیۆنالیست_ سه‌ندیکالیست ده‌کرد، که له لایه‌ن چه‌ند گروپی
راسته‌وه پێکهاتبوو. به‌م شێوه‌یه، دژایه‌تی کردنی چه‌مکی
لیبڕالیزم و دێمۆکراسی به یه‌کێک له ڕه‌وته فیکریه
به‌هێزه‌کانی ئی‌سپانیا ده‌ژمێردرا و، پێویسته بیرکردنه‌وه‌کانی
''ئۆرتیگایی گاست''یش له چوارچێوه‌ی ئه‌م دژایه‌تی کردنانه‌دا
دیراسه بکرێن. ''ته‌قینه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌کان'' به گرنگترین
به‌رهه‌می سیاسی ئۆرتیگا ده‌ژمێردرێت و له‌م رووه‌وه هه‌وڵ
ده‌ده‌ین لێره‌دا ئاماژه به لێکدانه‌وه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی ئه‌و
به‌رهه‌مه بکه‌ین. لێکدانه‌وه‌ی گشتی له‌م به‌رهه‌مه‌دا ئه‌وه‌یه
که خه‌ڵکانی رۆژئاوا نوقمی زه‌لکاوێکی پوچگه‌رایی (نهێلیزم)
ئه‌خلاقی هاتوون و پێوه‌ره‌کانی ئه‌خلاقی زۆیان له‌ده‌ست داوه و
به‌م شێوه‌یه دووچاری ئازادییه‌کی ره‌ها بوون. ئۆرتیگا ئه‌م
ئاڵوگۆڕانه به سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتن و دووپات بوونه‌وه‌ی
چاخه‌کانی نێوه‌ڕاست ده‌زانێت. گرنگترین واقعی سه‌رده‌می ئێمه
ئاشکرا بوونی جه‌ماوه‌ر و مرۆڤی جه‌ماوه‌ری بووه له گۆڕه‌پانه
جیاجیاکانی کۆمه‌ڵگادا. له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده به‌م
لاوه جه‌ماوه‌ر به‌رده‌وام له حاڵی شۆڕش کردندا بوون. ''له‌به‌ر
ئه‌وه که جه‌ماوه‌ر به‌پێی مانا رووته‌که‌ی خۆی ناکرێ و ناتوانێ
ژیان‌ی تایبه‌تی خۆی یان کۆمه‌ڵگاکه‌ی به‌ڕێوه ببات، که‌واته
ئه‌وروپا دوچاری قه‌یرانێکی وه‌ها به‌ربڵاو هاتووه که له
وانه‌یه ئه‌و قه‌یرانه به‌ره‌و رووی قه‌وم و نه‌ته‌وه
شارستانیه‌کانی دیکه‌ش بێته‌وه''.(1) ئۆرتیگا پێی وایه جه‌ماوه‌ر
نه‌ک له ژیان‌ی سیاسی کۆمه‌ڵگه‌دا به‌ڵکوو له گۆڕه‌پانه فیکری و،
ره‌وشتی و، ئایینی و زانستیه‌کانیشدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه.
ده‌توانین وێنه‌یه‌کی رواڵه‌تی کۆمه‌ڵگای جه‌ماوه‌ری له‌م
واقیعه‌دا بێنینه‌وه، کاتێک که شاره‌کان پر له دانیشتوون،
شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کان پڕ له موسافیرن، کافتریاکان پڕ له مشته‌رین،
پارکه‌کان پڕ له توریستن و، قوتابخانه‌کان پڕ له قوتابین و به‌م
پێ‌یه ''جێ‌بوونه‌وه'' بووه‌ته بابه‌تێکی گرنگ و بنه‌ڕه‌تی و
ئه‌مڕۆ زۆربونی ڕاده‌ی حه‌شیمه‌تی کۆمه‌ڵگاکان به یه‌کێک له
تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م چاخه نوێ‌یه دژمێردرێت. له چاخه‌کانی
پێشتر دا جه‌ماوه‌ر و ئاپۆڕاکان به شێوه‌یه‌کی لێک دابڕاو ده‌ژیان
و، هه‌ر که‌سێک له شوێنی سروشتی خۆی له شار‌و قه‌زا و ناحیه‌کاندا
ژیان‌ی خۆی به‌ڕێوه ده‌برد. گرنگ ئه‌وه‌یه که جه‌ماوه‌ر له‌و
شوێنه دڵخواز و تایبه‌تیانه‌ی کۆمه‌ڵگادا سه‌ری هه‌ڵداوه که
پێشتر موڵکی ''که‌مایه‌تی''یه‌کان بووه. له سه‌رده‌می مۆدێڕنیزم
دا زنازنای سه‌رسوڕهێنه‌ری جه‌ماوه‌ر له هه‌موو شوێنێک دا به‌رز
بۆته‌وه.
له ڕوانگه‌ی ''ئۆرتیگا''وه، کۆمه‌ڵگا ئه‌و پێکهاته‌یه‌یه که
له جه‌ماوه‌ر و که‌مایه‌تیه‌کان ساز دراوه. ''جه‌ماوه‌ر''
واقعێکی ده‌رونناسیانه‌یه. ئه‌ندامانی جه‌ماوه‌ر ئه‌و مرۆڤانه‌ن
که خۆیان ''هه‌مچه‌شنی مرۆڤه‌کانی دیکه'' (2) ده‌زانن و هیچ
بایه‌خێکی تایبه‌تیان له‌سه‌ر پێوانه‌یه‌کی دیاریکراو بۆ خۆیان
نیه. مرۆڤی جه‌ماوه‌ری ده‌ڵێت ''منیش هاوچاره‌نووسی که‌سانی
دیکه‌م''. به‌م پێ‌یه جه‌ماوه‌ر خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک ''خه‌ون'' و
''بیرکردنه‌وه'' و ''شێوه‌ی ژیان''ی تایبه‌تی خۆیه‌تی.
به‌پێچه‌وانه، ئه‌ندامانی که‌مایه‌تیه‌کان هه‌رچه‌ند به واتایه‌ک
خاوه‌ن ئامانج و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی هاوبه‌شن، به‌ڵام لایه‌نی
هه‌ره به‌رچاوی ئه‌وان ئه‌وه‌یه که خۆیان له جه‌ماوه‌ر جودا
ده‌که‌نه‌وه و، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه که له چوارچێوه‌ی
'' که‌مایه‌تی''یه‌کاندا دانرێن. ''که‌مایه‌تی''یه‌کان له کاتێک
دا ئاشکرا ده‌بن که توانیبێتیان خۆیان له جه‌ماوه‌ر جودا
بکه‌نه‌وه. ئه‌ندامانی ''که‌مایه‌تی''یه‌کان، به‌نیسبه‌ت
جه‌ماوه‌ری گشتییه‌وه داواکاریی زیاتریان له خۆیان هه‌یه.
به‌م پێ‌یه مرۆڤه‌کان له دوو به‌شدا جیا ده‌کرێنه‌وه ''ئه‌و
مرۆڤانه‌ی که داواکاری زۆریان به نیسبه‌ت خۆیانه‌وه هه‌یه...
و، ئه‌و مرۆڤانه‌ی که داواکارییه‌کی تایبه‌تیان له خۆیان
نییه''.(3) به‌م پێ‌یه دابه‌شکردنی کۆمه‌ڵگا به جه‌ماوه‌ر و
که‌مایه‌تیه‌کان، به مانای ئه‌و دابه‌شکردنه نیه که له نێوان
چینه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا باوه، ده‌کرێ له نێوان چینه
ده‌سه‌ڵاتدار و بێ‌ده‌سه‌ڵاته‌کاندا هه‌ر دوو روانگه واته
جه‌ماوه‌ر و که‌مایه‌تیه‌کان به‌دی بکرێن. هه‌روه‌ها له سه‌رده‌می
مۆدێرنیزم دا نزیک که‌وتنه‌وه له تیۆری جه‌ماوه‌ری له نێوان
''که‌مایه‌تیه‌کان'' و گروپه تایبه‌تیه‌کاندا به‌هێزتر بووه و،
به‌ناو رۆشنبیره جه‌ماوه‌رییه‌کان له ده‌روونی ژیان‌ی فیکری
کۆمه‌ڵگادا شوێنێکی تایبه‌تیان بۆ خۆیان کردۆته‌وه. له
به‌رامبه‌ردا له نێوان چینی کرێکاری نوێ دا لایه‌نگری کردن له
فیکره‌ی ''دژی جه‌ماوه‌ر بوون'' هێزێکی زیاتری به‌خۆوه بینیوه.
(4) به‌پێچه‌وانه‌وه، ده‌کرێ بڵێین ناوه‌نده هونه‌ری و، دادوه‌ری
و، حکوومییه‌کان بوونه‌ته گۆڕه‌پانی رمبازێنی مرۆڤه
جه‌ماوه‌رییه‌کان. ''جه‌ماوه‌ر بڕیاری ئه‌وه‌ی داوه به‌ره‌و هێڵی
پێشه‌وه‌ی به‌ره‌ی ژیان‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌نگاو بنێت و، ئه‌و شوێن و
که‌ره‌ستانه بخاته ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه که پێشتر موڵکی گروپه
بچووکه‌کانی دیکه بوون'' (5) جه‌ماوه‌ر بێ ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی
جه‌ماوه‌ری خۆی له‌ده‌ست بدات پێی ناوه‌ته قۆناخێکه‌وه که
ناچاره موڵکی ئه‌و که‌سانه بێت که هه‌ستێکی جیاوازیان به
نیسبه‌ت ئه‌وه‌وه هه‌یه. به‌م شێوه‌یه رێکخراوه سیاسییه
مۆدێڕنه‌کان بوونه‌ته ئه‌و مه‌کۆیانه‌ی که به‌شێکی زۆری
جه‌ماوه‌ریان بۆ لای خۆ راکێشاوه.
دێمۆکراسی چاخه‌کانی پێشوو به‌هۆی تێکه‌ڵ بوون له‌گه‌ڵ لیبرالیزم و
یاسامه‌ندی دا هاوسه‌نگییه‌کی پێک هێنا که له‌ودا
''که‌مایه‌تیه‌کان'' له ژێر پارێزگاری یاسا دا درێژه‌یان به ژیان
ده‌دا. به‌ڵام له دێمۆکراسی ئه‌مڕۆیی دا ''جه‌ماوه‌ر'' له‌م
چوارچێوه یاساییه‌دا نیه''. گومان ناکه‌م مرۆڤه‌کانی چاخه‌کانی
پێشوو خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێکی راسته‌وخۆی هاوچه‌شنی ده‌سه‌ڵاتی
ئه‌مڕۆیی ئێمه بووبن''(6) جه‌ماوه‌ر جیاوازییه جۆراوجۆر‌و
تاکه‌که‌سیان پێ‌شێل ده‌کات. ''هه‌رکه‌س خۆی هاوڕه‌نگی که‌سانی
دیکه نه‌کاو به‌شێوه‌ی جیاواز بیر بکاته‌وه، له مه‌ترسی له‌نێو
چوون دا ده‌بێت''.(7) له و‌ڵاتی ئه‌مریکا که به گه‌وره‌ترین
و‌ڵاتی جه‌ماوه‌ری ده‌ژمێردرێ ''جیاواز بوون به مانای قێزه‌ونی لێک
ده‌درێته‌وه''. له لایه‌نی مێژووییه‌وه ده‌کرێ مێژووی
سه‌رهه‌ڵدانی جه‌ماوه‌ر بۆ وێنه له ''رۆم''ی کۆن دا بێنینه‌وه.
''مێژووی ئیمپراتۆرییه‌تی رۆم، مێژووی ئاشکرا بوونی ئه‌و
ئیمپراتۆریه جه‌ماوه‌رییه‌یه که که‌مایه‌تیه رێ
نیشانده‌ره‌کانی دوور خسته‌وه و ، خۆی له شوێنی ئه‌وان جێگیر
بوو'' (8) به‌ڵام ئه‌مڕۆکه هاتنه گۆڕی جه‌ماوه‌ر، تووشی گۆڕان
هاتووه و به چاره‌نووسی کۆمه‌ڵگای مۆدێڕنه‌وه گرێ دراوه‌ته‌وه.
ئامێری گیۆتین له شۆڕشه‌کانی فه‌ره‌نسادا نیشانده‌ری ده‌رکه‌وتنی
جه‌ماوه‌ر و سه‌رکوتکردنی که‌مایه‌تییه جیاوازه‌کان بوو. له
سه‌ده‌ی 18_ دا به‌شێک له رووناکبیران خوازیاری ئه‌وه بوون که
مرۆڤ به مانا گشتییه‌که‌ی خۆی خاوه‌نی هێندێک مافی بنه‌ڕه‌تیه‌و
هه‌ر مافێک که پشت به به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تیی ببه‌ستێ ده‌بێ
ره‌د بکرێته‌وه. ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه له خۆیدا ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤی
ئاسایی و جه‌ماوه‌ری لێکه‌وته‌وه. مافی مرۆڤ به‌م چه‌شنه‌ی که
مانا ده‌کرێته‌وه له‌مه‌ودوا نیشانده‌ری ئامانجه مرۆییه‌کان
نابێت، به‌ڵکوو ته‌نیا خه‌ون و هیواکانی تاکه‌که‌سی په‌ره پێ
ده‌دات. به شێوه‌یه‌کی گشتی ده‌کرێ بڵێین له شۆڕشی فه‌ره‌نسا
به‌م لاوه ده‌رکه‌وتنی جه‌ماوه‌ر تین و تاوێکی زێتری به‌خۆوه
بینیوه. جه‌ماوه‌ری ئه‌مڕۆیی زێتر له هه‌موو کاتێک بیر له دابین
کردنی ژیانێکی ریفاهی ده‌کاته‌وه. تێرکردنێکی یه‌کسانیانه‌ی
حه‌زه ده‌روونییه‌کانی جه‌ماوه‌ر به یه‌کێک له ئه‌سڵ و بناغه
سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه ده‌ژمێردرێت.
له ژێر هه‌ژموونی
''ئیستیبدادی یه‌کسانی'' جیاوازییه‌کان'' و ''جیاوازبوونه‌کان''
له‌نێو ده‌چن و، جیهانێکی هاوئاست و یه‌کده‌ست و جه‌ماوه‌ری ساز
ده‌بێت. ئۆرتیگا له شرۆڤه کردنی ئه‌و دۆخه جه‌ماوه‌رییه باوه‌ی
له سه‌رده‌می مۆدێڕنیزمدا هه‌یه، ئاماژه به هه‌ستی مێژوویی
خه‌ڵک له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌کات.
ئه‌مڕۆکه به‌شێکی زۆری مرۆڤایه‌تی پێی وایه که سه‌رده‌می ژیان‌ی
مێژوویی ئه‌وان، ئاستێکی باڵاتری به نیسبه‌ت رابردووه‌وه هه‌یه
و، رابردوو له‌به‌راوه‌رد له‌گه‌ڵ ئێستادا له پله‌یه‌کی نزم دا
هه‌ڵکه‌وتووه. له سه‌رده‌مانی پێشوودا مه‌رۆڤه‌کان به داخێکی
زۆه‌ره‌وه له چاخه‌کانی پێش خۆیان ده‌ڕوانی و، له شوێن
به‌هه‌شتێکی ون بووی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌دا ده‌گه‌ڕان، به‌ڵام له
سه‌رده‌می نوێگه‌ری دا هه‌ست به‌وه ده‌کرێت که ئێمه هه‌نووکه
له کۆتایی هێڵی ژیان داین و له ''ترۆپکی زه‌مه‌ن'' دا
هه‌ڵکه‌وتووین و، به‌م پێ‌یه هه‌ستی مێژوویی ئێمه ئاوه‌ژوو
بووه‌ته‌وه. به واتایه‌کی دیکه له سه‌رده‌می مۆدێرنیزم‌دا ''
هه‌نووکه ده‌بینین سه‌ده‌کانی (کۆتایی) که تا راده‌یه‌کی زۆر
له‌خۆباییانه‌و کامل ده‌هاتنه به‌رچاو، له ناخی خۆیاندا مردوون.
که‌واته ناکرێ یه‌کگرتوویی ژیانێکی واقیعیانه له ره‌زامه‌ندی و،
پێ‌ڕاگه‌یشتن و وه‌ده‌ست هێنانه‌کاندا ببینینه‌وه'' (10) که‌واته
له قووڵایی ره‌زامه‌ندی و هه‌ست کردن به کامڵ بووندا
خه‌مناکییه‌کی به‌ربڵاو په‌نگی خواردۆته‌وه. '' هێندێک له
سه‌ده‌کان به‌هۆی له‌خۆبایی بوون و نه‌زانی به نیسبه‌ت چۆنیه‌تی
نوێ کردنه‌وه‌ی ویسته‌کانی خۆیان له‌بارده‌چن''، نوێ بوونه‌وه‌ی
خۆیان له ترۆپکی زه‌مه‌ندا ده‌بینن و، چاخه‌کانی پێش خۆیان به
سه‌ره‌تایی و ساویلکه له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. ''چه‌مکی مۆدێرنیزم
روونکه‌ره‌وه‌ی ئاگادار بوون له‌و ژیانه نوێیه‌یه که ئاستێکی
باڵاتری نیسبه‌ت به زه‌مه‌نی پێش له خۆی هه‌یه‌و، له هه‌مان
کاتدا هه‌ڵگری بڕیارێکه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موومان له ترۆپکی
زه‌مه‌ندا بین''. به‌ڵام، ''ئه‌و ئیدیعایه‌ی که پێی وایه
میتۆدیکی تایبه‌تی ژیان له به‌ناو فه‌رهه‌نگی مۆدێرندا شتێکی
حه‌تمی و دایمی لێهاتوه، مانای به‌ربه‌ست کردنه‌وه‌ی پانتایی
تیڕوانینه‌کان ده‌گرێته‌وه''. به‌م پێ‌یه، هه‌رکات له‌نێوچوونێکی
حه‌تمی بۆ سه‌رده‌می مۆدێرنیزم له‌به‌رچاو بگرین
''به سه‌ربه‌ستی ده‌گه‌ین و سه‌ر له نوێ ده‌چینه‌وه نێو
جیهانی واقعی، جیهانێکی پڕ له دیارده‌ی قووڵ و، پڕ مه‌ترسی و،
پێش‌بینی نه‌کراو و بێ کۆتایی، که له‌ودا هه‌موو شتێک (باش‌و خراپ)
ئیمکانی خوڵقانی هه‌یه''.(12) باوه‌ڕهێنان به سه‌رده‌می
مۆدێڕنیزم، باوه‌ڕهێنانێکی ڕه‌شبینانه‌و خه‌مناک بووه چوونکه
ئه‌و مانایه ده‌گه‌یه‌نێت که مرۆڤه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی
هه‌مه‌لایه‌نه هه‌روه‌ک خۆیان ده‌مێننه‌وه و له‌و کاته‌دا ده‌کرێ
بڵێین ئێمه له به‌ندیخانه‌ی زه‌مه‌ندا گرفتار بووین، له حاڵێکدا
به‌پێی وته‌ی ''سێرڤانتیس'' که خوڵقێنه‌ری ''دۆن کیشوت''ه
''پێوانی ڕێگای سه‌فه‌ر به‌رده‌وام له به مه‌نزڵگا گه‌یشتن
باشتره'' (13) مومکین نه‌بوونی پێش‌بینی کردن و باوه‌ڕهێنان به‌و
ئه‌سڵه‌ی که ئاسۆی دواڕۆژ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌کان و کاره‌ساته‌کانی
له هه‌ناوی خۆیدا ڕاگرتووه ژیان‌ی واقیعیانه‌و پڕ له راستی ئێمه
پێک دێنێت)). (14).
ئۆرتیگا به‌شێوه‌یه‌کی ئاڵۆز و هه‌مه‌لایه‌نه باس له‌و دیارده‌یه
ده‌کات که مرۆڤی پێشکه‌وتووی ئه‌مڕۆیی هه‌ست به له‌نێوچوونی خۆی
ناکات و ئه‌مه‌ش له خۆیدا باشترین به‌ڵگه‌ی له‌نێو چوونی ئه‌وه،
چونکه هه‌ست نه‌کردن به فه‌وتان و له‌نێوچوون مانای گه‌یشتن به
ئاستێکی خوازراو ده‌گرێته‌وه‌و له ئاکامدا ویشک بوونی
سه‌رچاوه‌کانی ویستی مرۆڤی لێ ده‌که‌وێته‌وه. مرۆڤی ئه‌و چاخه‌یه
رابردوو به چوارچێوه‌یه‌کی ته‌سک و خنکێنه‌ر ده‌زانێ و، زه‌مه‌نی
سه‌رده‌می خۆی به شێوه‌یه‌کی واڵا و کراوه ده‌بینێت.'' بۆ
یه‌که‌م جار له چوارچێوه‌ی سه‌رده‌مێک دا هه‌ڵکه‌وتووین که
هه‌موو چاخه‌کانی کلاسیک به تابلۆیه‌کی سپی و ڕه‌ش نه‌کراوه
ده‌بینێ و هیچ پێوانه و نموونه‌یه‌ک له رابردوودا
نابینێته‌وه... ئه‌م دابڕانه قووڵه‌ی نێوان ڕابردوو و ئێستا
واقعێکی گشتی سه‌رده‌می ئێمه‌یه‌و... ئاسه‌واره‌کانی رۆمی قه‌دیم
به‌ره‌و ئاسمانه‌کان رۆیشتوون... ده‌بێ کێشه‌کانی خۆمان به‌بێ
که‌ڵک وه‌رگرتن له رابردوو چاره‌سه‌ر بکه‌ین'' (15) ئۆرتیگا پێی
وایه ئه‌م دۆخه یه‌کێکه له دیارده‌کانی واقعێکی گشتی تر که
ئه‌و به ''به‌رزبوونه‌وه‌ی ژیان'' ناوزه‌دی ده‌کات. به‌هۆی ئه‌و
گۆڕانکارییه‌وه ''ناوه‌رۆکی بوون بۆ مرۆڤێکی مام ناوه‌ندی
ئه‌مڕۆیی، هه‌موو گۆی زه‌وی له‌خۆ ده‌دگرێت''(16) هیچ ناوچه‌یه‌کی
جیهانی دیکه له چوارچێوه‌ی پێشووی خۆیدا نامێنێته‌وه به‌ڵکوو
به‌رده‌وام په‌ره ده‌ستێنێت. خودی ئه‌م دیارده‌یه ''پێکه‌وه
ژیانێکی سه‌رتاسه‌ری ''یان'' ئاماده‌بوون بزر بوون'' ئاسۆی
بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی به شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕوان نه‌کراو،
به‌رینتر کردووه. له لایه‌نی ''کات''یشه‌وه به دۆزینه‌وه‌ی
شارستانیه‌ته له‌ده‌ست چووه‌کان، رابردوو ده‌که‌وێته ژێر ئیراده
و ڕکێفی مرۆڤی پێشکه‌وتووی ئه‌م سه‌رده‌مه‌وه و، به‌م پێ‌یه جیهان
و ژیان له لایه‌نی ''پانتایی'' و ''کات''ه‌وه به‌ریناییه‌کی
فراوانتری به‌خۆوه بینیوه. به ده‌رکه‌وتنی دیارده‌ی ''خێرایی''
له سه‌رده‌می مۆدێرنیزم دا ده‌توانین ''کاتی'' ده‌ره‌کی و سروشتی،
به شێوه‌یه‌کی پتر له درێژایی ژیان‌ی تاکه که‌سدا به‌کار بهێنین.
''مانای ئه‌و وته‌یه‌ی ده‌ڵێت ئێمه ژیان ده‌که‌ین ئه‌وه
ده‌گه‌یه‌نێت که خۆمان له پانتاییه‌کی به‌ربڵاو و بێ‌سنووردا
ده‌بینینه‌وه''. ژیان له هه‌ر چرکه‌یه‌کدا بریتیه له
ئاگاداربوونه‌وه‌ی ئێمه له‌و شتانه‌ی که بۆمان مومکین ده‌بێت.
''ئێمه ته‌نیا به‌شێک له‌و شته ده‌بین که بۆمان ده‌کرێ ببین''
(17) به‌م چه‌شنه، جیهان شتێکی به‌ربڵاو وبێ‌سنووری لێ دروست
کراوه و ئیمه‌ش له‌م جیهانه‌دا ده‌کرێ گردیلانه‌یه‌ک بین.
''بوونێکی شیاو و به‌رده‌وام له بوونێکی هه‌نووکه‌یی
به‌ربڵاوتره''. که‌ره‌سته‌و تواناییه‌کانی جیهانی سه‌رده‌م
فراوانییه‌کی زێتری به نیسبه‌ت چاخه‌کانی پێشووتر هه‌یه. له
جیهانی ئه‌مڕۆییدا لیستی حه‌ز و که‌ره‌سته سه‌رقاڵکه‌ره‌کان،
میتۆده‌کانی بیرکردنه‌وه‌و، زانست و ڕێچکه پیشه‌ییه‌کان فراوان
بوونێکی به‌رچاوی به‌خۆوه بینیوه. فیزیای ئه‌نیشتاینی
پانتاییه‌کی به‌ربڵاوتری کردۆته‌وه و له به‌راورد کردنی له‌گه‌ڵ
فیزیای نیۆتن دا ده‌کرێ فیزیای نیۆتنی به ژوورێکی بچووک تایبه‌ت
بکه‌ینه‌وه. (18) که واته شارستانیه‌تی نوێ له‌م لایه‌نه‌وه
دووچاری فه‌وتان نابێته‌وه به‌ڵکوو وه‌ک ئاماژه‌مان پێ کرد
سه‌رده‌می مۆدێرن خۆی به خاوه‌ن پله‌یه‌کی به‌رزتر له‌سه‌رده‌مانی
پێشوو ده‌زانێ و له‌م رووه‌وه له‌مه‌ودوا ئه‌و ئامانجانه له‌پێش
خۆیدا نابینێته‌وه که شیاوی ئه‌وه بن به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام
هه‌وڵیان بۆ بدات و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه که به‌رده‌وام
به‌ره‌و له‌نێوچوون بڕوات. مرۆڤی مۆدێڕن له‌نێو ئاپۆرای
داهێنانه‌کان و زانستی خۆیدا بزر بووه و له‌م رووه‌وه ده‌کرێ
بڵێین له به‌راورد کردنی له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌کانی چاخه‌کانی پێشووتردا
دوچاری دژوارترین بارودۆخ بووه‌ته‌وه ''مرۆڤ خوڵقێنه‌ری هه‌موو
شته‌کانه (اشیا) به‌ڵام، چاره‌نووسی له‌ده‌ست خۆیدا نییه''. به‌م
شێوه‌یه، سڵه‌مینه‌وه له ده‌سه‌ڵات و هه‌ست به مه‌ترسی کردن
به‌رده‌وام رۆحی مرۆڤی مۆدیرنی له خۆ گرتووه. ''ئه‌مڕۆکه،
به‌پێی ئه‌و واقیعه که هه‌موو شتێک بۆ ئێمه ئیمکانی هه‌یه ئه‌و
هه‌سته به‌سه‌ر ئێمه‌دا زاڵبووه که خراپترین دیارده‌کانیش واته
به‌ربه‌رییه‌ت و به‌ره‌ودوا گه‌ڕانه‌وه ده‌کرێ سه‌ر له‌نوێ
بێنه‌وه گۆڕێ.''(19)
ئۆرتێگا پێی وایه که لیبرالیزم و مارکسیزم له خۆیاندا هه‌ست به
مه‌ترسی ناکه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ جۆری تێڕوانینیان ده‌گه‌ڕێته‌وه،
چونکه پێیان وایه ئاڵوگۆڕه‌کان به شێوه‌یه‌کی زه‌رووری دێنه
گۆڕێ و ده‌کرێ ئاراسته‌ی مێژوویی پێش‌بینی بکرێ. ئه‌مه بووه‌ته
هۆی ئه‌وه که ئه‌و حاڵه‌ته مه‌ترسی و دڵه‌ڕاوکێیه له‌ده‌ست
بده‌ن که یارمه‌تیده‌رن بۆ به‌ره‌و پێش چوون و خۆده‌وڵه‌مه‌ند
کردن. مرۆڤ گه‌ر هه‌ست به متمانه‌یه‌کی ته‌واو له خۆیدا بکا و
پێی وابێ که ئه‌وه‌ی پێویستی بێ پێی گه‌یشتووه و به ده‌ستی
هێناوه، ئه‌وا ئه‌م حاڵه‌ته ده‌بێته هۆکارێکی بنه‌ڕه‌تی بۆ
دواکه‌وتن و مانه‌وه له قؤناغێکدا. به‌م پێ‌یه له لایه‌ک
به‌ره‌وڕووی په‌سند کردنی ئیمکاناته فراوانه‌کان ده‌بینه‌وه و
ئه‌مه‌ش چاره‌نووسی ئێمه‌یه واته ناچارین سه‌ربه‌ستی خۆمان
وه‌گه‌ڕ بخه‌ین. به‌ڵام له‌لایه‌کی دیکه‌وه به‌هۆی ده‌رکه‌وتنی
جه‌ماوه‌ر له گۆڕه‌پانه‌کاندا هه‌موو لێهاتووییه‌کان به وان
ده‌سپێردرێ و ده‌بێ بڵێین جه‌ماوه‌ر به پێچه‌وانه‌ی
''که‌مایه‌تی''یه‌کان توانایی دیاریکردنی داهاتوویه‌کی روونی
نییه. ''مرۆڤی جه‌ماوه‌ری ئه‌و که‌سه‌یه که ژیانێکی بێ‌ئامانج و
ئاسایی هه‌یه''. (20) به‌رز بوونه‌وه‌ی رێژه‌ی حه‌شیمه‌تی
کۆمه‌ڵگا یه‌کێک له فاکته‌ره‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی دیارده‌ی
جه‌ماوه‌رییه. حه‌شیمه‌تی ئه‌ورووپا له سه‌ده‌ی شه‌شه‌مه‌وه بۆ
سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م به گشتی نیزیک به (180) ملیۆن که‌س بووه،
به‌ڵام له (1800)ه‌وه بۆ (1914) بۆ 480 ملوین که‌س په‌ره‌ی
سه‌ندووه. ''ده‌سته‌یه‌ک له مرۆڤه‌کان پاش ده‌سته‌یه‌کی دیکه
له تابڵۆی ژیاندا ده‌سڕێنه‌وه، ئه‌و کاره به خێراییه‌کی وه‌ها
ئه‌نجام ده‌درێت که هیچ ده‌رفه‌تێک بۆ په‌روه‌رده کردنی ئه‌وان
له ئامێزی فه‌رهه‌نگێکی قه‌دیمی دا نامێنێته‌وه'' (21) ده‌کرێ
مرۆڤی جه‌ماه‌ری له لایه‌نی جه‌سته‌ییه‌وه به‌هێز بێت به‌ڵام له
بواری فیکری دا مه‌رۆڤێکی ساویلکه‌و سه‌ره‌تاییه، هه‌روه‌ک
''مرۆڤێکی سه‌ره‌تایی که له ناکاو خۆی له نێوان شارستانیه‌تێکی
کۆن دا ده‌بینێته‌وه''. سیسته‌می په‌روه‌رده‌ییش به‌شێوه‌یه‌کی
جه‌ماوه‌ری لێ‌دێت و له ئاکامدا تووشی گه‌نده‌ڵکاری ده‌بێت.
جه‌ماوه‌ری بوون، رابردوو و نه‌ریته‌کان به‌ره‌و رووی مه‌ترسی و
هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره ده‌کاته‌وه. هاتنه گۆڕی کۆمه‌ڵگای
جه‌ماوه‌ری شتێک جیا له ''هێرشی ئه‌ستوونی به‌ربه‌ره‌کان'' نییه
(22) له‌لایه‌نی مێژووییه‌وه ده‌کرێ بڵێین مرۆڤی جه‌ماوه‌ری
پێکهاته‌یه‌کی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مه، هه‌ر چه‌ند جیاوازییه‌کی
ئاشکرای له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌کانی ئه‌و سه‌ده‌یه‌دا هه‌یه. هیگل له‌و
سه‌ده‌یه‌دا ئاماژه به‌وه ده‌کات که ''جه‌ماوه‌ر به‌ره‌و
پێشه‌وه هه‌نگاو ده‌نێت'' (23)
مرۆڤی جه‌ماوه‌ری پێش له هه‌ر شتێک ئاکامی هاسان بوونه‌وه‌ی
گرفته‌کانی ئابووری و خۆشگوزه‌رانی ژیانه. له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا
ئێمه هه‌ست به به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ژیان‌ی به‌تایبه‌ت چینه مام
ناوه‌ندییه‌کان ده‌که‌ین. له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌م
لاوه ژیان‌ی چینی کرێکاریش به‌ره‌و باش بوون رۆیشتووه. به‌رین
بوونه‌وه‌ی دیسیپلینی گشتی، که‌م بوونه‌وه‌ی ناسه‌قامگیری سیاسی،
یه‌کسانی له به‌رامبه‌ر یاسادا، گه‌شه کردنی زانست و
ته‌کنۆلۆژیا، چاره‌سه‌ر کردنی گوشاره‌کان و به‌ستراوه‌ییه
سوننه‌تیه‌کان (ئوسولیه‌کان)، هه‌موویان به شێوه‌یه‌کی گشتی
کاریگه‌رییان له‌سه‌ر پێکهاتنی مرۆڤی جه‌ماوه‌ری هه‌بووه. به‌ڵام
له لایه‌نی زه‌ین و هۆشمه‌ندییه‌وه مرۆڤی جه‌ماوه‌ری هاوچه‌شنی
''منداڵێکی نازداره'' که له هه‌موو شتێک به‌هره‌مه‌نده به‌ڵام
حورمه‌تی هیچ شتێک ناپارێزێت و پێی وایه ئه‌مانه دیارده‌یه‌کی
خۆڕسک و سروشتین نه‌وه‌ک ئاکامی هه‌وڵ و کۆششی نبوغی
که‌مایه‌تییه‌کان بن. مرۆڤی جه‌ماوه‌ری مرۆڤێکی خاوه‌ن ئه‌زموون و
نه‌ترس و بێ‌سنووره و هیچ ده‌سه‌ڵاتێک بۆ خۆی ناناسێت و پێی وایه
ته‌نیا بوونه‌وه‌ری ئه‌م گۆی زه‌وییه‌یه. جه‌ماوه‌ر ته‌نیا بیر
له رفاهی ژیان‌ی خۆی ده‌کاته‌وه و ته‌نانه‌ت فاکته‌ره‌کانی
پێکهێنه‌ری ئه‌م ریفاهه ناناسێت. مرۆڤی جه‌ماوه‌ری چڵێس و پر
ده‌رکه‌وته. ئه‌مرۆکه مرۆڤی جه‌ماوه‌ری ده‌سه‌ڵاتێکی به‌هێز له
به‌رامبه‌ر خۆیدا نابینێته‌وه و ''ئازادی'' به دیاره‌یه‌کی
سروشتی و خۆڕسک ده‌زانێت. له‌مه‌ودوا ده‌سه‌ڵاتێک به ناوی پادشا
له گۆڕێ دا نییه که سه‌رنجی هه‌مووان بۆ لای خۆی رابکێشێت.
مرۆڤی جه‌ماوه‌ری له خۆی ره‌زامه‌نده و هه‌وه‌سه‌کان و
ویسته‌کانی خۆی به ڕه‌وا ده‌زانێت. ئه‌و به‌پێچه‌وانه‌ی
''که‌مایه‌تی''یه‌کان هیچ چاوه‌ڕوانییه‌کی له خۆی نییه. مرۆڤی
لێهاتوو به‌رده‌وام داواکاری له خۆی هه‌یه و، له هێزێکی
ده‌ره‌کی یان، کارامه ده‌ڕوانێ و په‌یڕه‌وی لێ ده‌کات. به‌و
مانایه که مرۆڤی لێهاتوو له چوارچێوه‌دایه، له حاڵێکدا ده‌کرێ
بڵێین مرۆڤی جه‌ماوه‌ری مرۆڤێکی سه‌ربه‌سته. ئۆرتیگا ئاماژه به
وته‌یه‌کی ''گۆته'' ده‌کاو ده‌ڵێت
''ژیان به شێوه‌یه‌کی دڵخواز دیارده‌یه‌کی (عامیانه)یه، مرۆڤ
به‌رده‌وام ترسی له دیسیپلین و یاسا هه‌یه''
(24) مافه‌کانی جه‌ماوه‌ر ماف‌گه‌لێکی له پێشدا داڕێژراوه‌و،
به‌هره‌ی چاره‌نووسی ئه‌وانه، ئه‌مه له حاڵێکدایه که
مافه‌کانی مرۆڤی لێهاتوو له گره‌وی ''وه‌ده‌ست هێنانه‌کان''و
به‌هره‌ی ماندوو بوون و ده‌سته‌به‌ر کردنه‌کانه. مافی
ئاریستۆکراسی به مانا کردنه‌وه‌یه‌کی عامیانه‌ی هه‌مان مافگه‌لی
له پێش دا داڕێژراو و به‌هره‌ی چاره‌نووسی مرۆڤ ده‌گرێته‌وه. که
واته پێویسته باشتر له چه‌مکی ''ئاریستۆکراسی'' بگه‌ین. ژیان‌ی
ئاریستۆکراتی واقعی ژیان‌ی مرۆڤێکی کارامه‌یه که به‌رده‌وام
داواکاری له خۆی هه‌یه. بناغه‌ی چه‌مکی ''ئاریستۆکراتی'' له
زمانی لاتینی دا (noble)
به واتای مرۆڤێکی ''ناسراو'' دێت، ئه‌و مرۆڤه‌ی به هه‌وڵ و
تێکۆشان توانیویه‌تی پله و پایه‌یه‌کی تایبه‌ت له کۆمه‌ڵدا بۆخۆی
ده‌سته‌به‌ر بکات. مرۆڤی ''ئاریستۆکرات'' هێندێک به‌ڵێن و په‌یمان
به‌سه‌ر خۆیدا ده‌سه‌پێنێ، به‌ڵام هه‌ر کات ئاریستۆکراتیه‌ت به
شێوه‌یه‌کی میراتی لێ بێت مانای ئه‌سڵی کارامه‌یی خۆی له‌ده‌ست
ده‌دا. که‌واته ''ئاریستۆکراتیه‌ت'' مانای هه‌وڵدان و، وه‌ده‌ست
هێنان و ڕێ و شوێن دیاری کردن بۆ خودی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت و
جه‌ماوه‌ر خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندییه‌کی له‌م چه‌شنه نییه. زۆربه‌ی
مرۆڤه‌کان توانایی ئه‌وه‌یان نییه رێ و شوێن بۆ خۆیان دیاری بکه‌ن
به‌ڵکو ته‌نیا ئه‌و ئه‌رکانه جێبه‌جێ ده‌که‌ن که بۆیان دیاری
کراوه. له سه‌رده‌می پێشکه‌وتوو دا ''جه‌ماوه‌ر'' به شێوه‌یه‌کی
توند و تیژ و هه‌مه لایه‌نه ده‌ست درێژی بۆ سه‌ر هه‌موو
کاروباره‌کان ده‌کا. ئه‌و مرۆڤه‌ی پێی وایه به‌بێ بناغه‌یه‌کی
فکری له پێشدا گه‌ڵاڵه‌کراو، مافی ده‌ربڕینی هه‌موو جۆره
راده‌ربڕینێکی هه‌یه، له خانه‌ی جه‌ماوه‌ردا جێی ده‌کرێته‌وه.
مرۆڤی جه‌ماوه‌ری له به‌ندیخانه‌ی زه‌ینی خۆی دایه‌و بۆ
سه‌لماندنی ئه‌و بۆچوونانه‌ی خۆی که پێی وایه به هه‌موو ماف و
پێویستییه‌کانی ژیان‌ی خۆی گه‌یشتووه، پێویستی به خۆ سه‌لماندن
له لایه‌ن که‌سانی دیکه‌وه هه‌یه. به‌م پێ‌یه مرۆڤی جه‌ماوه‌ری
جێگای هیچ گو‌مانێک له خۆیدا ناهێڵێته‌وه‌و ، ئه‌و مرۆڤه
نه‌زانه‌یه که ته‌نانه‌ت گومان له نه‌زانی خۆشی ناکات. ئۆرتیگا
ئاماژه بۆ وته‌یه‌کی ''ئاناتۆل فرانسیس'' ده‌کا و ده‌ڵێت: مرۆڤی
نه‌زان له مرۆڤی فێڵباز خراپتره چونکه مرۆڤی فێڵباز زۆر جار له
کرده‌وه‌کانی خۆی ده‌کشێته‌وه به‌ڵام مرۆڤی نه‌زان هه‌رگیز
ناتوانێ ئه‌م کاره ئه‌نجام بدات (25) ئه‌مڕۆکه ''نه‌زانه‌کان''،
''نه‌زانی، وه‌ک مافی خۆیان راده‌گه‌یه‌نن و پێیان وایه خاوه‌ن
ریبازێکی ''بیرکردنه‌وه''ن و ، ئه‌مه‌ش له خۆیدا دیارده‌یه‌کی
ده‌گمه‌نه چونکه ئه‌وانه پێشتر ته‌نیا ئیمان و باوه‌ڕیان
هه‌بووه نه‌ک ''بیرکردنه‌وه''. مرۆڤی مام ناوه‌ندی ئه‌مڕۆیی به
شێوه‌یه‌کی وردبینانه ئاگاداری هه‌موو رووداوه‌کانه و له‌م
رووه‌وه ده‌کرێ بڵێین مرۆڤی ئه‌مڕۆیی هه‌ستی بیستنی خۆی له‌ده‌ست
داوه''(26) به‌ڵام ئۆرتیگا پێی وایه که ئه‌م بیرکردنه‌وانه
به‌ره‌و حه‌قیقه‌ته‌کان ناڕۆن، ئه‌وه شیاو نییه که به‌بێ په‌سند
کردنی هێزێکی کارامه‌تر که داڕێژه‌ری بیرکردنه‌وه‌کانه، باس له
بوونی بیرکردنه‌وه بکه‌ین. بیرکردنه‌وه و که‌لتور پێویستییان به
پێوانه هه‌یه و، هه‌ر کات سه‌رچاوه‌یه‌کی (تیۆره جۆراوجۆره‌کان)
دیاریکراو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌و به‌شوێن دا چوون له گۆڕێ نه‌بێت،
''فه‌رهه‌نگ''یش بوونی نییه‌و، مرۆڤی جه‌ماوه‌ریش به‌رده‌وام ئه‌م
سه‌رچاوه‌یه له‌نێو ده‌بات. له سه‌ندیکالیزم و به‌تایبه‌ت فاشیزم
دا بۆ یه‌که‌م جار جۆرێکی تایبه‌ت له مرۆڤ هاتۆته ئاراوه که
نایهه‌وێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ هه‌ڵوێست گرتنه‌کانی خۆی بێنێته‌وه
به‌ڵکوو، ته‌نیا بیر له چه‌سپاندنی بۆچوونه‌کانی خۆی ده‌کاته‌وه.
دیارده‌ی نامۆ ئه‌وه‌یه که ''مافی ناعه‌قلانی بوون'' یان
''به‌ڵگه‌ی بێ به‌ڵگه‌یی'' وه‌ک مافێکی تایبه‌تی هاتووه‌ته
ئاراوه. ئه‌م دیارده نامۆیه واته ''بیرنه‌کردنه‌وه'' گرنگترین
تایبه‌تمه‌ندی مرۆڤی جه‌ماوه‌رییه (27) کۆمه‌ڵگای جه‌ماوه‌ری
به‌پێی ئه‌م مانایه به‌ربه‌رییه‌تێکی نوێ‌یه که له‌ودا وته
بێبناغه و به‌ڵگه‌کان وه‌ک جۆرێک بیرکردنه‌وه (تیۆر) له‌قه‌ڵه‌م
ده‌درێن. ''کرده‌وه‌ی راسته‌وخۆ''ی جه‌ماوه‌ر له هه‌مان دۆخی
روحیی و فیکرییه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت. به‌م پێ‌یه ده‌توانین فاشیزم
به تروپکی نزیک بوونه‌وه له‌م فیکره‌یه له شارستانیه‌تی
مۆدیرنی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین. جه‌ماوه‌ر له هه‌ر
کات و شوێنێک دا که توانیبێتی رۆڵیک له سیاسه‌ت دا بگێرێ ئه‌و
ده‌رفه‌ته‌ی له رێگای ''کرده‌وه‌ی راسته‌وخۆ''وه بۆ فه‌راهه‌م
بووه. ده‌کرێ بڵێین ''کرده‌وه‌ی راسته‌وخۆ''ی جه‌ماوه‌ر راسته‌وخۆ
له به‌رامبه‌ر شارستانیه‌ت دا هه‌ڵکه‌وتووه. شارستانیه‌ت
خوازیاری له به‌رچاوگرتنی را جیاوازه‌کانه به‌ڵام
''به‌ربه‌رییه‌ت'' هه‌رگیز حه‌ز به‌و کاره ناکات (28) پێویستی
شارستانییه‌ت ''کرده‌وه‌ی ناراسته‌وخۆیه'' و ده‌کرێ بووترێ
لیبرالیزمیش له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م شێوه پراکتیکه راوه‌ستاوه.
به‌ڵام، لیبرالیزم توانایی قایم کردنی بناغه‌ی خۆی نییه‌و، به
به‌رزترین ئامانجی مرۆڤایه‌تیش ناژمێردرێت. لیبراله‌کان ژیان
له‌گه‌ڵ دوژمنه‌کانیان به‌تایبه‌ت نه‌یاره لاوازه‌کانی خۆیان،
دابه‌ش ده‌که‌ن به‌ڵام جه‌ماوه‌ر ناتوانێ له‌گه‌ڵ نه‌یاری خۆیدا
بژی و نه‌فره‌ت له هه‌موو شتێکی جیاواز له خۆی ده‌کا، که واته
لیبرالیزم ناتوانێ به ئه‌نجام بگات.
ئۆرتیگا له شرۆڤه کردنی بارودۆخی له خۆیدا ئاڵۆزی کۆمه‌ڵگای
جه‌ماوه‌ری مۆدێڕن، باس له‌وه ده‌کات که هه‌ڵچوونه‌کانی
(ته‌قینه‌وه) جه‌ماوه‌ر دوو لایه‌نی هه‌یه. یه‌که‌م لایه‌نی
سوودمه‌نده‌و دووهه‌م لایه‌نی خراپه، لایه‌نی یه‌که‌م سه‌رکه‌وتنی
لێ ده‌که‌وێته‌وه و، دووهه‌میش
مه‌رگ و فه‌وتانی به‌دواوه‌یه. ژیان‌ی مێژوویی مرۆڤ له پێش
دا دیاری نه‌کراوه به‌ڵکوو تێکه‌ڵاوه‌یه‌کی ئه‌و ساتانه‌یه که
یه‌کتری دیاری ده‌که‌ن، که واته هه‌موو شتێک له حاڵی
گۆڕاندایه.
به‌م پێ‌یه ده‌کرێ بڵێین
ته‌قینه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر مومکینه له‌لایه‌ک خۆڕێکخستنه‌وه‌یه‌کی
نوێی مرۆڤایه‌تی بێت و له لایه‌کی دیکه‌وه کاره‌سات و کاولکاری
لێ بکه‌وێته‌وه. گه‌شه کردن ئه‌سڵێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره، به‌ڵام
متمانه پێکراو نییه. گه‌شه‌کردنی حه‌تمی، به‌بێ مه‌ترسی به‌ره‌و
هه‌ڵدێر چوون و ''ئاڵۆزتر بوون'' مومکین نییه. مێژوو گۆڕه‌پانی
وزه‌و تواناییه‌کانه، که واته گه‌شه‌کردن و نوشست هێنان له
یه‌ک کاتدا مومکینه. ژیان به شێوه‌یه‌کی گشتگیر و هه‌مه
لایه‌نه پڕه له مه‌ترسی و پێشهات و کاره‌ساتی جۆراوجۆر، ئه‌م
بارودۆخه به‌تایبه‌ت له ''سه‌رده‌می قه‌یرانه‌کاندا'' پتر ده‌بێ
و له‌و کاته‌نه‌دا لایه‌نه سه‌لبییه‌کان کاریگه‌ریی پتریان
به‌سه‌ر لایه‌نه ئیجابیه‌کانه‌وه ده‌بێت. ئه‌مڕۆکه جڵه‌وی
شارستانییه‌ت به‌و که‌سانه‌یه که هیچ حه‌زێکیان به ئه‌سڵه‌کانی
شآرستانیه‌ت نیه. به‌و شێوه‌یه‌ی ئاماژه‌مان پێ‌کرد ''مرۆڤی
باڵاده‌ستی ئه‌مڕۆیی مرۆڤێکی سه‌ره‌تاییه که له نێوان جهیانێکی
شارستانی دا هه‌ڵکه‌وتووه.''
(29) جهیانی ئه‌مرۆیی جیهانێکی شارستانیه به‌ڵام دانیشتووه‌کانی
شارستانی نین. مرۆڤی جه‌ماوه‌ری شارستانیه‌ت به شتێکی باوه‌ڕ
پێکراو و له پێش دا داڕێژراو ده‌زانێ و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی
شێوه‌ی پێکهاتنی ئه‌م شآرستانیه‌ته‌ی له‌بیر بردۆته‌وه. مرۆڤێکی
وه‌ها یه‌خسیری که‌ره‌سته خوڵقاوه‌کانی ده‌ستی شارستانیه‌ته و
بیر له ڕێ‌وشوێنه‌کان ناکاته‌وه. ''هێرشی ئه‌ستوونی
به‌ربه‌ره‌کان'' هه‌مان دیارده ده‌گرێته‌وه. مرۆڤی جه‌ماوه‌ری
خولیای ئه‌و زانسته ئه‌زموونیانه‌یه که هه‌ر رۆژ داهێنانێک
ده‌خوڵقێنێ و هه‌ستی خۆشگوزه‌رانی جه‌ماوه‌ر دابین ده‌که‌ن. به‌ڵام
به پێچه‌وانه‌ی زانسته ئه‌زموونیه‌کان ''فه‌لسه‌فه پێویستی به
پشتگیری و دڵدانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر نییه.'' (30) فه‌لسه‌فه له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی ئه‌ره‌ستۆ وته‌نی ''سوودمه‌ندی'' نییه که واته خۆی
به‌ده‌ست مرۆڤی جه‌ماوه‌رییه‌وه نادات، به‌ڵام زانستی ئه‌زموونی
به‌هۆی سوودمه‌ندییه‌که‌یه‌وه لای جه‌ماوه‌ر شیرین خۆی ده‌نوێنێت.
زانستی ئه‌زموونی و جه‌ماوه‌ر پێویستیان به هاوکاری و پشتگیری
یه‌کتر هه‌یه، به‌ڵام له نێوان پێویستیه به‌رده‌وامه‌کانی
جه‌ماوه‌ر به سوود و به‌رهه‌مه‌کانی زانستی ئه‌زموونی و،
تێگه‌یشتنی ئه‌وان له‌م زانسته هیچ هاوسه‌نگییه‌ک له گۆڕێ‌دا
نییه. ئه‌م شێوه تێگه‌یشتنه نه‌ک له نێو جه‌ماوه‌ردا به‌ڵکوو
له نێوان خاوه‌ن فه‌ننه‌کانیشدا به‌دی ده‌کرێت. هاوکات له‌گه‌ڵ
سه‌رهه‌ڵدانی زانسته ئه‌زموونیه‌کان هه‌موو ته‌وه‌ره‌کانی دیکه‌ی
شارستانیه‌ت واته سیاسه‌ت و، هونه‌ر و، ره‌وشت و، ئایین و،
فه‌لسه‌فه دووچاری قه‌یران هاتوون. زانستی ئه‌زموونی تاکه زانستی
سوودمه‌نده‌و، مرۆڤی جه‌ماوه‌ری به‌رده‌وام بیر له داهێنانه‌کانی
ئه‌م زانسته ده‌کاته‌وه. گرفتێکی دیکه‌ی ژیان‌ی جه‌ماوه‌ریی
پێشکه‌وتوو لای ئۆرتیگا ئه‌وه‌یه که جه‌ماوه‌ر به شێوه‌یه‌کی
چاوه‌ڕوان نه‌کراو ئاگاداری مێژووی خۆی نییه.
مێژووناسی، پێویستییه‌کی بنه‌ڕه‌تی شارستانیه‌ته‌کانه، چونکه
له هه‌ڵه و خراپه‌کارییه‌کانی پێشوو دوورمان ده‌خاته‌وه. به‌ڵام
مرۆڤی سه‌ره‌تاییانه یان جه‌ماوه‌ریی ئه‌مڕۆیی رابوردوویه‌کی
نیه، یان ئه‌وه‌ی که مێژووی خۆی فه‌رامۆش کردووه. فاشیزم و
مارکسیزم مه‌کۆی به‌رچاوی ئه‌م فرامۆشکارییه مێژووییه‌ن.
شۆرشه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م هیچ ئه‌زموونێکیان له تاقیکاری و
شکسته‌کانی شۆڕشه‌کانی پێش له خۆیان وه‌رنه‌گرتووه و، ئه‌و
خاڵه‌یان فه‌رامۆش کردووه که هه‌موو شۆڕشه‌کان سه‌ری رۆله‌کانی
خۆیان ده‌خۆن، یان به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌ره‌ڕۆیانه مل ده‌نێن
و یان ، ئه‌وه که هیچ شۆڕشێکی واقعیانه زیاتر له پازده ساڵ
که پێویستی ده‌رکه‌وتنی وه‌چه‌یه‌کی نوێ‌یه، به‌رده‌وام ناهێنێت.
(کاتێک بیرکردنه‌وه‌کان و ویست و خواسته‌کانی چینی ده‌سه‌ڵاتدار
''سه‌ره‌ڕۆیانه'' و ''شۆڕشگێڕانه''یه ئه‌و کاته
بیرکردنه‌وه‌کان و ویست و خواستی وه‌چه‌ی نوێش ''دژی
سه‌ره‌ڕۆیی''و ''دژی شۆڕشی'' لێ‌دێت) (31) بۆ ده‌رباز بوون له‌م
دۆخه پێویسته جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات به‌و که‌سانه بدرێ که خاوه‌ن
''ویژدانێکی مێژوو''یین ''ئێمه له مانای گشتی خۆی دا پێویستیمان
به مێژوو هه‌یه نه‌ک به‌و مانایه‌یه که سه‌ر له نوێ بۆ مێژوو
بگه‌ڕێینه‌وه به‌ڵکوو به‌و مانایه که بتوانین لێی ده‌رباز
ببین.'' (32)
وه‌ک پێشتر ئاماژه‌مان بۆ کرد لای ئۆرتیگا مرۆڤی جه‌ماوه‌ری
''منداڵێکی نازدار''ی مێژووی مرۆڤایه‌تییه. له روانگه‌ی مرۆڤی
جه‌ماوه‌رییه‌وه شارستانیه‌ت وه‌ک سروشت شتێکی له‌پێش دا داڕێژراو
و سروشتی و به گشتی له ژێر ئیراده‌ی ئه‌و دایه و به‌م پێ‌یه
هه‌ست به سه‌رکه‌وتن و به‌هێزیی ده‌کا و له قاوغی خۆی دا
ده‌مێنێته‌وه. هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌یه که بۆچوونه ئاساییه‌کانی
خۆی له ڕێگای ''کرده‌وه‌ی راسته‌وخۆ''وه به‌سه‌ر که‌سانی دیکه
دا ده‌سه‌پێنێت.
مرۆڤی جه‌ماوه‌ری مرۆڤێکی سه‌ره‌تاییانه‌و له حاڵی شۆڕش دایه و
توانیویه‌تی له چه‌ند لاوه گورز له جه‌سته‌ی شارستانیه‌ت بدات
به‌ڵام، هێشتا سه‌رانسه‌ری ده‌ست پێ‌نه‌کردووه. مرۆڤی جه‌ماوه‌ری
وه‌ک ''ئاریستۆکراته‌کانی'' پێشوو شارستانیه‌تی به میرات بۆ به‌جێ
ماوه.
ئاریستۆکراته‌کانی پێشوو که میراتگری سامان و پله و پایه‌ی
باپیرانی خۆیان بوونه‌وه له فه‌ردگه‌رایی و که‌سایه‌تی و هه‌وڵ و
تێکۆشان بێ‌به‌ری بوون. ''ریفاهـ'' و ''تێر بوون'' وه‌ک میراتی
ئاریستۆکراته‌کان مرۆڤی بێ‌که‌سایه‌تی و جه‌ماوه‌ری په‌روه‌رده
ده‌کات. هه‌روه‌ها بایه‌خ دان به جه‌سته و پۆشاک و خۆشگوزه‌رانی
له ئاریستۆکراتی دووچار هاتووی سه‌رده‌مانی کۆنه‌وه بۆ مرۆڤی
جه‌ماوه‌ری به میرات ماوه‌ته‌وه. مرۆڤی جه‌ماوه‌ریی وه‌ک باس کرا
پێکهاتوویه‌کی شارستانیه‌تی نوێ‌یه ''ئه‌و خۆی له ناوه‌ندی
ئامرازه سه‌رسوڕهێنه‌ره‌کان و، ده‌رمانه هیور که‌ره‌وه‌کان و،
ده‌سه‌ڵاته رواڵه‌تیه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندییه ئاسایش
هێنه‌ره‌کاندا ده‌بینێته‌وه''(33) له هه‌مان کاتدا رێز له‌م
ده‌سکه‌وتانه ناگرێت. که‌واته ئه‌و ''پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ
ناوه‌رۆکی ژیاندا، که به گرنگترین مه‌ترسی له قه‌ڵه‌م ده‌درێ،
له‌ده‌ست ده‌دات.'' (34) ''مرۆڤێکی له‌خۆبایی''، جیاوازترین
جۆری مرۆڤه، که واته هه‌رکات مرۆڤێکی وه‌ها جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات
به‌ده‌ست بگرێت ده‌بێ هه‌موو جه‌ره‌سه‌کانی مه‌ترسی وه‌ده‌نگ
بێنین. به‌ڵام، سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م به چ شێوه‌یه‌ک ئه‌م
مرۆڤه‌ی داهێنا؟ ئۆرتیگا پێی وایه ده‌بێ تایبه‌تمه‌ندییه
بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ئه‌و سه‌ده‌یه له دێمۆکراسی لیبرالی و
ته‌کنۆلۆژیای نوێ دا ببینینه‌وه. ته‌کنۆلۆژیای نوێ ئاکامی
یه‌کگرتنی نێوان بۆرژوازییه‌ت و زانستی ئه‌زموونی‌یه‌و، به دابین
کردنی زه‌مینه‌ی له‌بار بۆ پتر بوونی راده‌ی حه‌شیمه‌ت، رۆڵێکی
گرنگی له پێکهاتنی مرۆڤی جه‌ماوه‌ری دا هه‌بووه. زانستی نوێ
ناسنامه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه نوێیه‌یه و پێوه‌ندییه‌کانی نزیکی
له‌گه‌ڵ به جه‌ماوه‌ری بوونی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه هه‌یه. ''
مرۆڤی پسپۆڕ یه‌که‌م جۆری مرۆڤی جه‌ماوه‌رییه'' (35) خودی زانستی
ئه‌زموونی نوێ پسپۆڕانی ئه‌و زانسته ده‌کاته مرۆڤی جه‌ماوه‌ری و
به واتایه‌کی دیکه ده‌کرێ بڵێین ''به‌ربه‌رمۆدێرن'' یان لێ ساز
ده‌کات. زانستی ئه‌زموونی له بواره تایبه‌تیه‌کانی زانست دا
مرۆڤی پسپۆڕ پێک دێنێ و به‌م پێ‌یه ئه‌رکی زانست به پێچه‌وانه‌ی
ناوه‌رۆکه‌که‌ی تایبه‌تی ده‌کرێته‌وه. (تخصص گه‌رایی) ده‌بێته
هۆی ئه‌وه که زانایان نه‌توانن خاوه‌ن که‌لتورێکی ته‌واو و کامڵ
بن. (تخصص گه‌رایی) زانای مام ناوه‌ندی پێشکه‌ش ده‌کا، هه‌رچه‌ند
هه‌ر ئه‌م زانایانه‌ن که زانست به‌ره‌و پێش ده‌به‌ن. به‌م پێ‌یه
زانستی نوێ پێگه‌یه‌کی قایمیی فیکری و زانستی بۆ مرۆڤه مام
ناوه‌ندییه‌کان پێک دێنێت. کاری زانستیانه‌ی نوێ له ناوه‌رۆکی
خۆیدا کارێکی میکانیکانه‌یه و به هۆکاری داڕمانی کۆشکی مه‌عریفه
ده‌ژمێردرێت. له زانستی نوێ دا میتۆد جیگای مانا ده‌گرێته‌وه.
هه‌روه‌ها زانستی نوێ هه‌ستێکی له‌خۆبایی بوون و به‌هێزی به
پسپۆران ده‌به‌خشێ. هه‌رچه‌ند له‌وانه‌یه ئه‌و که‌سانه به هیچ
شێوه‌یه‌ک ئاگاداری رێچکه مه‌عریفیه‌کانی دیکه نه‌بن. پسپۆڕێکی
مۆدێرن (زانای هه‌ره زانا) و (نه‌زانی هه‌ره‌نه‌زان) نییه
به‌ڵکوو ''زانایه‌کی نه‌زانه'' (Learne
dignoramus)
که وه‌ک مرۆڤی جه‌ماوه‌ری'' له‌خۆدا کۆت کراو'' (Hermetic)
و له‌خۆباییه، که واته پسپۆری مۆدێرن و مرۆڤی جه‌ماوه‌ری
سه‌روبنی کڵاوێکن، زانای ئه‌مرۆیی پێ ملی هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی باڵاتر
نابێت و له‌م رووه‌وه یه‌کێکه له‌و فاکته‌رانه‌ی که
کاریگه‌رییان له‌سه‌ر پێکهاتنی سوڵته‌ی مرۆڤی جه‌ماوه‌ری هه‌یه.
به‌م پێ‌یه، ئه‌مرۆکه زانستی ئه‌زموونی به‌ربه‌رییه‌تێکی نوێی
له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌ته ئاراوه. ''به‌ربه‌ریه‌ت'' له
بنه‌ڕه‌ته‌وه مانای گوێ نه‌دان و، له‌خۆدا مانه‌وه و له‌خۆبایی
بوون ده‌گه‌یه‌نێت.
هه‌ر به‌و شێوه‌یه که مرۆڤی جه‌ماوه‌ری ئاگاداری بنه‌ماکان و
ئه‌سڵه‌کانی شارستانیه‌ت نییه، زاناکانی ئه‌مڕۆییش هیچ چه‌شنه
ئاگادارییه‌کیان له فه‌لسه‌فه‌ی ده‌روونی زانسته‌که‌یان و
زه‌مینه مێژووییه‌کانی پێ‌گه‌یشتنی ئه‌م زانسته نییه. زانستی
پێشکه‌وتوو له پشت نه‌زانییه‌کی نوێ دا ئاراسته‌ی خۆی ده‌پێوێت و
به‌م چه‌شنه له شارستانیه‌ت دوور ده‌که‌وێته‌وه.
به‌پێی لێکدانه‌وه‌ی گشتی ئۆرتیگا ''جه‌ماوه‌ر'' به‌و مه‌به‌سته
پێک هاتووه که له لایه‌ن ''که‌مایه‌تیه'' نوخبه‌کانه‌وه
ڕێنوێنی بکرێ و ڕێک بخرێت. هه‌رکات که‌مایه‌تیه‌کان نه‌بن
جه‌ماوه‌ر تووشی سه‌رلێشێوان ده‌بێت. مرۆڤ به شێوه‌یه‌کی گشتی
پێویستی به ده‌سه‌ڵاتێکی (هێز) ده‌ره‌کی و باڵاتر له خۆی هه‌یه
و، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش له فه‌لسه‌فه‌دا ئاشکرا ده‌بێت.
هه‌رکات مرۆڤێک ئه‌و ده‌سه‌ڵاته (هێز) ببینیته‌وه ده‌چێته ریزی
که‌مایه‌تیه‌کانه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر توانایی دۆزینه‌وه‌ی نه‌بێت
ده‌خرێته ریزی جه‌ماوه‌ره‌وه و پێویسته رێنوێنی بکرێت.
به‌م پێ‌یه ئه‌وه‌ی که جه‌ماوه‌ر توانایی هه‌نگاو هه‌ڵگرتنێکی
سه‌ربه‌خۆیانه‌ی هه‌یه، ته‌قینه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری
لێ‌ده‌که‌وێته‌وه. جه‌ماوه‌ر ناخوازێ پێ‌ملی چاره‌نووسی
واقعیانه‌ی خۆی بێت و ئه‌مه‌ش له خۆدا ئه‌سلێ ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌وان
ده‌گه‌یه‌نێت. له لایه‌نی مێژووییه‌وه ''ئه‌مریکا به به‌هه‌شتی
جه‌ماوه‌ری ناوزه‌د کراوه.''(36) به‌ڵام، ده‌ره‌نجام وڵاتانی
دیکه‌ش دووچاری ئه‌م چاره‌نووسه ده‌بنه‌وه. ئۆرتیگا پێی وایه
ئه‌و مه‌ترسیه گه‌وره‌یه‌ی که ئه‌مڕۆکه به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه
له شارستانیه‌ت ده‌کا و خۆی هه‌ڵقوڵاوی هه‌ناوی ئه‌م
شارستانیه‌ته‌یه، ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌یه(به‌هێز) که له لایه‌ن
جه‌ماوه‌ره‌وه پشتگیری ده‌کرێت. ده‌وڵه‌تی مۆدێرن هه‌مان رۆڵ
ده‌گێڕێ که زانستی مۆدیرن ده‌وری تێدا ده‌بینێت. پێشتر ده‌وڵه‌ت
وه‌ک دیارده‌یه‌کی بچووک و ئاسایی لێک ده‌درایه‌وه، به‌ڵام پاش
ئاشکرا بوونی سیسته‌می بۆرژوازی ''که‌شتی ده‌وڵه‌ت'' ده‌بێته
ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵگا. ئه‌م که‌شتی‌یه له سه‌ده‌ی
هه‌ژده‌هه‌م دا گه‌لێک بچووک و به‌رته‌سک بووه. پێش سه‌رهه‌ڵدانی
ده‌وڵه‌تی بۆرژوازیی چینی فیۆدال نه‌یتوانیبوو ده‌وڵه‌تێکی
عه‌قڵانی و سازماندراو پێک بێنێت. ده‌توانین بڵێین ''ده‌سه‌ڵاتی
قه‌دیمی'' فه‌ره‌نساش ده‌وڵه‌تێکی لاواز بووه. سووڵته
تاکه‌که‌سییه‌کانی ''ئه‌وروپا''ش له حه‌قیقه‌تدا سوڵته‌یه‌کی
لاواز بوونه، چونکه فیۆداله‌کان له‌لایه‌نی ته‌کنۆلۆژیاو
ریکخستنه‌وه لێهاتوو نه‌بوون. جیاواز له‌وه ''حکومه‌ت و
فیۆداله‌کان خوازیاری ئه‌وه نه‌بوون ده‌وڵه‌ت له ئاستی
کۆمه‌ڵگادا به شێوه‌یه‌کی گشتی گه‌وره بکه‌نه‌وه.''(37) به‌ڵام
هاوکات له‌گه‌ڵ قۆڕغ کرانی ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن بۆرژوازیه‌وه
ده‌وڵه‌تێکی گه‌وره و به هێز هاته ئاراوه که له ساڵی 1848
به‌م لاوه ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشه‌کانی ئه‌وروپای ره‌د
کرده‌وه و به‌م شێوه‌یه هێزی ده‌وڵه‌ت له به‌رامبه‌ر هێزی
کۆمه‌ڵگادا له یه‌ک ئاست دا دامه‌زران. ده‌وڵه‌تی ئه‌مڕۆیی ئه‌و
ده‌زگا زه‌به‌لاحه‌یه که هه‌موو قورسایی خۆی له‌سه‌ر قه‌واره‌ی
کۆمه‌ڵگا داناوه. مرۆڤی جه‌ماوه‌ری په‌یره‌وکه‌ری ئه‌م ده‌وڵه‌ته
زه‌به‌لاحه‌یه‌و به دیارده‌یه‌کی سروشتی له‌قه‌ڵه‌م ئه‌دات.
ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت له کار‌و باره جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگا
گرنگترین مه‌ترسی سه‌رده‌می ئێمه‌یه. لایه‌نه خۆڕسکه‌کانی ژیان
بوونه‌ته پاشکۆی ده‌وڵه‌ت و، جه‌ماوه‌ریش خوازیاری ئه‌وه‌یه که
به‌بێ هه‌وڵدان و هه‌ست کردن به مه‌ترسی هه‌موو خواسته‌کانی خۆی
به فیشاردانی دوگمه‌یه‌ک له ده‌زگای زه‌به‌لاحی ده‌وڵه‌تدا
ده‌سته‌به‌ر بکات. مرۆڤی جه‌ماوه‌ری ده‌وڵه‌ت به ئامرازی
سه‌رکوتکردنی ''که‌مایه‌تیه'' جیاوازه‌کان ده‌زانێت.
ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی ده‌وڵه‌ت بناغه‌ی خۆسازده‌رانه‌ی کۆمه‌ڵگا
له‌نێو ده‌بات. ''کۆمه‌ڵگا ده‌بێ له خزمه‌ت ده‌وڵه‌ت و
مرۆڤه‌کانیش له خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدا بن... به‌ڵام ده‌وڵه‌ت پاش
هه‌ڵمژینی مۆخی پێشه (ئێسقان)ه‌کانی کۆمه‌ڵگا خۆی ده‌بێته
لاشه‌یه‌کی مردوو و ، دووچاری مه‌رگێک ده‌بێ که له پۆڵکانی
ماشینه‌کانه‌وه ده‌گرێ و له مردنی ''له‌ش ئاسا'' ترسناکتر
ده‌بێت.''(38) ده‌وڵه‌تی مۆدێرن به‌و هۆیه‌وه که به داینه‌مۆی
ئاسایش ده‌ژمێردرێت (واتا ئه‌و ئاسایشه‌ی که له هه‌ناوی خۆیدا
مرۆڤی جه‌ماوه‌ری په‌روه‌رده ده‌کات) که واته ئه‌م دیارده‌یه
میلیتاریزه‌کرانی کۆمه‌ڵگای لێ ده‌که‌وێته‌وه. کۆمه‌ڵگا ناتوانێ
به‌بێ خزمه‌ت کردن به ده‌وڵه‌ت درێژه به ژیان‌ی خۆی بدات.
''خه‌ڵک ده‌بێته ئه‌و وزه‌یه که ویسته‌کانی ماشێنی ده‌وڵه‌ت
دابین ده‌کات''(39) هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌یه که ''مۆسۆلینی''
راده‌گه‌یه‌نێت: ''هه‌مووان ده‌بێ مڵکی ده‌وڵه‌ت بن، هیچ شتێک
جیاواز له ده‌وڵه‌ت نه‌بێ و هیچ شتێکیش دژی ده‌وڵه‌ت نه‌بێ''. که
واته فاشیزم به‌شێکه له جووڵانه‌وه‌ی مرۆڤه جه‌ماوه‌رییه‌کان،
به‌ڵام مۆسۆلین توانی ده‌وڵه‌تێک پێک بێنێت که زیاتر سۆشیال
دێمۆکراته‌کان تێیدا به‌شدار بوون و، ئه‌ویش به شێوه‌یه‌کی
ره‌زیلانه که‌ڵکی له‌م ده‌وڵه‌ته وه‌رگرت. ده‌وڵه‌تی جه‌ماوه‌ری
پێ‌شێل که‌ری سه‌ربه‌خۆیی تاکه‌که‌س و گروپه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه.
به‌گشتی ته‌قینه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌کان دیارده‌یه‌کی پڕ مه‌ترسیه‌و
تێکشکاندنی بنه‌ما ره‌وشتییه‌کانی مرۆڤی لێ ده‌که‌وێته‌وه. مرۆڤی
جه‌ماوه‌ری خوازیاری ئه‌وه‌یه له هه‌موو کۆت و به‌ندێک قووتار
بێت و، لای ئه‌و خۆ قوتار کردن له ده‌وڵه‌ت وه‌ک نه‌هاتنی مامۆستا
بۆ قوتابخانه لای خوێندکار شیرینه.
ئه‌م دۆخه له ئاستی نه‌ته‌وه‌کانیش دا سه‌ری هه‌ڵداوه.
نه‌ته‌وه‌کان پاش ئاوابوونی ئه‌وروپا خوازیاری دیاریکردنی
چاره‌نووسی خۆیانن. ''له‌به‌ر ئه‌وه که ئه‌وروپا له حاڵی ئاوا
بوون دایه و ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌ده‌ست داوه که واته هه‌ر
نه‌ته‌وه‌یه‌کی لاوازیش ده‌ست ئه‌داته جوڵان و بزووتن و ده‌نگی
خۆی به‌رز ده‌کاته‌وه‌و له بان سه‌ری خۆی ده‌وه‌ستێ'. (40) به‌م
پێ‌یه له ئاستی نه‌ته‌وه‌کاندا ''نه‌ته‌وه جه‌ماوه‌رییه‌کان به
دژی نه‌ته‌وه داهێنه‌ره‌کان واته ئه‌و که‌مایه‌تیه مرۆڤانه‌یه‌ی
که مێژووی خوڵقاندوه جه‌نگاون.'' (41) که واته ته‌قینه‌وه
جه‌ماوه‌رییه‌کان هاوکات له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌کاندا
بووه. ئه‌سڵه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی شارستانیه‌تی رۆژئاوایی هه‌نووکه
به‌ره‌ورووی هه‌ره‌شه‌ی جه‌ماوه‌رو نه‌ته‌وه جه‌ماوه‌رییه‌کان
بووه‌ته‌وه '' چینه که‌م داهاته‌کانی سه‌رانسه‌ری جیهان له
فرمان وه‌رگرتن ماندوو بوون '' به‌ڵام هه‌ستی خۆ قوتار کردن له
ئه‌سڵه‌کان ژیان‌ی بێ مانا پێک دێنێت.'' ئه‌و ژیانه‌ی (به
ئه‌سڵه‌کانه‌وه) سه‌رقاڵ نه‌بێت پتر له مه‌رگ، مانای کۆتایی
هاتنی ژیان ده‌گه‌یه‌نیت.. چونکه مانای ژیان ئه‌وه‌یه که
ئه‌رکێک هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی جێ‌به‌جێی بکه‌ین''. (42)
ئۆرتیگا پێی وایه، هه‌ر کات ئه‌سڵه‌کانی شارستانیه‌تی رۆژئاوایی
له بار بچێ، هیچ به‌دیلێک بۆ شوێن گرتنه‌وه‌یان په‌یدا نابێ
چونکه لیبرالیزمی ئه‌مریکی و کۆمۆنیزمی رووسی به‌شێکی ئه‌و
سیسته‌مه‌ن و هیچ بابه‌تێکی نوێ‌یان له‌خۆ نه‌گرتووه. له‌م دوو
بابه‌ته‌دا پێویسته له نێوان رواله‌ت و ده‌رووندا جیاوازی
له‌به‌رچاو بگرین. رواله‌تی کۆمۆنیزم له مارکسیزم دا خۆی ده‌نوێنێ
به‌ڵام له پشت ئه‌م رواڵه‌ته‌دا سیسته‌مێکی کۆن حه‌شار دراوه.
و‌ڵاتی رووسیا تا ئه‌و راده‌یه بووه مارکسی که ئه‌لمانیه‌کانی
ئیمپراتۆریه‌تی رۆمی پیرۆز بوونه رۆمی. نه‌ته‌وه‌یه‌کی تازه
سه‌رپێ که‌وتووی وه‌ک رووسه‌کان خۆیان له پشت ئه‌و
بیرکردنه‌وانه‌دا قووتار ده‌که‌ن که له شارستانیه‌تێکی گه‌وره‌تر
و سه‌قامگیرتره‌وه هه‌ڵقوڵان. نه‌ته‌وه لاوازه‌کانی دیکه‌ش
به‌رگی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه نوخبه‌کان ده‌پۆشن.
به‌ڵام، ده‌کرێ بڵێن ئه‌سڵه‌کانی شارستانیه‌تی ئه‌ورووپایی به‌ره‌و
فه‌وتان ده‌ڕۆن؟ ئۆرتیگا پێی وایه هه‌رکات دیارده‌یه‌ک به ناوی
وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌ورووپا پێک بێت، ئه‌ورووپا
له‌به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی تازه پێگه‌یشتوو و ته‌کنۆلۆژیا لیداری
ئه‌مریکا و، نه‌ته‌وه‌ی "منداڵ سیفه‌تی" رووسیادا زیندوو
ده‌بێته‌وه (43) و له‌م پێوه‌ندیه‌ش دا بۆچوونێکی نوێ له
پێوه‌ندی که‌سایه‌تی نه‌ته‌وه‌و، ده‌وڵه‌تدا دێنێته ئاراوه. ئه‌و
پێی وایه که ئیمکانی پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی ئه‌ورووپایی هه‌یه
چونکه ده‌وڵه‌تی مۆدیرن پشت به قه‌وم و ره‌گه‌ز و زمان نابه‌ستێ
تاوه‌کوو له‌م ڕێگایه‌وه ئه‌گه‌ری پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی ئه‌ورووپایی
رده بکرێته‌وه. به‌پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه باوه‌کان "ده‌وڵه‌ت ئه‌و
کاته پێك دێت که مرۆڤه‌کانی هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ن له کۆمه‌ڵگای
سروشتی خۆیان وه‌ده‌رکه‌ون." (44) کۆمه‌ڵگای سروشتی به‌م پێ‌یه که
مانا ده‌کرێته‌وه له‌سه‌ر بناغه‌ی خوێن و، ره‌چه‌ڵه‌ک و، ره‌گه‌ز
و، زمان و قه‌ومیه‌ت راوه‌ستاوه، له حاڵێکدا ده‌وڵه‌ت
دیارده‌یه‌کی زنجیره‌یی دیکه‌یه که ناتوانین به‌م چه‌مکانه
تایبه‌تی بکه‌ینه‌وه. "ده‌وڵه‌ت به‌ر له هه‌ر شتێک پلانی جێبه‌جێ
کردنی ئه‌رکه‌کان و پرۆگرامێکه بۆ هاریکاری کردن.. ده‌وڵه‌ت هیچ
یه‌ک له ئه‌سله‌کانی هاوڕه‌چه‌ڵه‌کی و، یه‌کێتی زمانی و، یه‌کێتی
جوگرافیایی و نیزیکی شوێنی ژیان نییه، ده‌وڵه‌ت دیارده‌یه‌کی
ماددی، بێ جموجۆڵ و، په‌سند کراو و دیاریکراو نییه به‌ڵکوو،
بووژانه‌وه‌یه‌کی بێ‌وێنه و، ئه‌و ئیراده‌یه‌یه که ده‌خوازێ
ئه‌رکه‌کان به شێوه‌یه‌کی هاوبه‌ش جێبه‌جێ بکرێن." (45)
ده‌وڵه‌ت، شت نییه به‌ڵکوو بزوتن (جوڵان)ه و ئه‌مانجه‌که‌ی
جێبه‌جێ کرانی کاره‌کان به شێوه‌یه‌کی هاوبه‌شیانه‌یه. کاتێک
فیکره‌ی کاری هاوبه‌ش بزر ده‌بێ، چه‌مکه‌کانی ره‌گه‌ز و زمان و
سنووره سروشتیه‌کان که به بنه‌ما رواڵه‌تیه‌کانی ئه‌و له
قه‌ڵه‌م ده‌درێن، بێ که‌ڵک ده‌بێ. ته‌نانه‌ت ئه‌و چه‌مکانه‌ی که
له رواڵه‌ت دا به بنه‌ما ماددییه‌کانی ده‌وڵه‌ت ده‌ژمێردرێن،
واته هاوبه‌شی کردن و یه‌کێتی له زمان و ره‌چه‌ڵه‌ک دا، له‌خۆی
دا ده‌سکه‌وتێکی مێژوویین که به هۆی پێکهاتن و کارکردنی
ده‌وڵه‌ته‌وه راوه‌ستاون. لێکچوونی نیسبی له ره‌چه‌ڵه‌ک و زمان
دا که (وڵاتانی) ئه‌ورۆپی لێی به‌هره‌مه‌ندن له خۆیدا ئاکامی
ئه‌و یه‌کێتی‌یه سیاسییه‌یه که له پێشوو دا هه‌بوه، که واته
خوێن و ره‌چه‌ڵه‌ک پێکهێنه‌ری ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی نین به‌ڵکوو
ئه‌وه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه که هه‌وڵ ئه‌دات ئه‌و جیاوازیانه
که‌م بکاته‌وه که به هۆی ره‌چه‌ڵه‌ک و زمانه‌وه پێک دێن."(46)
ئۆرتیگا ئاماژه به وته‌یه‌کی "ئیرنیست رینان" ده‌کا و ده‌ڵێ:
"به‌هره‌مه‌ند بوون له سه‌روه‌رییه هاوبه‌شه‌کانی پێشوو و
ئیراده‌یه‌کی هاوبه‌ش له ئێستادا و، به‌جێ گه‌یاندنی ئه‌رکه
گرنگه‌کان له پێشوودا و ویستی به ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌رکه
سه‌ره‌کییه‌کان، ئه‌مانه به گشتی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خه‌ڵک و
نه‌ته‌وه پێک دێنن. (47) ژیان‌ی مرۆڤ بیرکردنه‌وه‌یه‌کی
به‌رده‌وامه له داهاتوو و، ده‌کرێ بڵێین ژیان به‌رده‌وام مانای
کرده‌وه ده‌گه‌یه‌نێت. "داهاتوو بینی" مرۆڤ شێوه‌یه‌کی زاتی
هه‌یه.
ئه‌و مرۆڤانه‌ی له مافه‌کانی خۆیان ده‌دوێن پشتیوانی له داهاتووی
خۆیان ده‌که‌ن نه‌ک ئه‌وه‌ی بۆ ره‌چه‌ڵه‌ک و زمان و مێژووی خۆیان
بگه‌ڕێنه‌وه.
ده‌وڵه‌ت و گه‌ل پێش ئه‌وه‌ی بیر له رابردوویه‌کی هاوبه‌ش
بکه‌نه‌وه پێویسته له‌بیری ده‌سته‌به‌ر کردنی داهاتوویه‌کی
هاوبه‌شدا بن. لێره‌دا به‌له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌و باسه‌ی که له
پێوه‌ندی سروشتی واقیعیانه‌ی ده‌وڵه‌ت دا ئاماژه‌مان پێ کرد
ئه‌ورووپا به‌ره‌و ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی یه‌کگرتوو ده‌چێ و
بیرکردنه‌وه له‌م باره‌یه‌وه، له بیرکردنه‌وه له‌سه‌ر پێکهاتنی
ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئه‌ورووپای سه‌ده‌ی شه‌شه‌م،
وه‌همیانه‌تر نابێت (48) به گشتی ئۆرتیگا پێی وایه که سه‌رده‌می
مۆدێرنیزم، سه‌رده‌می سه‌رلێشێواوی و خۆ دزینه‌وه له
ده‌سه‌ڵاته. ناوه‌ندی کۆنترۆل لێک هه‌ڵوه‌شاوه و، سوکان ئازاد
بووه و کۆنترۆلێک له گۆڕێ دا نیه.
ژیان‌ی مۆدیرن خاوه‌نی هیچ "پرۆژه‌یه‌ک" نییه و مرۆڤه‌کان له
توونا و توونه‌کانی هه‌ناسه‌ی خۆیاندا بزر بوون. وه‌ک "شیلیر"
ده‌ڵێت "کاتێک پادشاکان بینایه‌ک ساز ده‌که‌ن حه‌مماڵه‌کانیش
کارێکیان بۆ جێبه‌جێ کردن ده‌بێت." به‌ڵام هه‌نووکه نه‌خشه‌ی هیچ
بینایه‌ک له گۆڕێ دا نییه. ده‌وڵه‌ته مۆدیرنه‌کان ته‌نیا مرۆڤی
جه‌ماوه‌ری ده‌لاوێننه‌وه و له ئاکامدا هه‌موو شته‌کان ده‌سته‌مۆ
ده‌که‌ن.
و: عه‌لی مه‌عروفی
په‌ڕاوێزه‌کان:
1.
Jose’ Ortega Y Gasset, the Revolt of The Masses. (
2.
Ibid. P.15
3.
Ibid. P.15
4.
Ibid. P.16
5.
Ibid. Pp.16. 17
6.
Ibid. P.18
7.
Ibid. P.18
8.
Ibid. P.19
9.
Ibid. P.31
10.
Ibid. P.32
11.
Ibid. P.32 F.N.
12.
Ibid. P.33
13.
Ibid. P.32
14.
Ibid. P.34
15.
Ibid. P.36
16.
Ibid. P.38
17.
Ibid. Pp. 40_41
18.
Ibid. P.42
19.
Ibid. P.45
20.
Ibid. P.49
21.
Ibid. P.51
22.
Ibid. P.53
23.
Ibid. P.54
24.
Ibid. P.63
25.
Ibid. P.70
26.
Ibid. P.71
27.
Ibid. P.73
28.
Ibid. P.76
29.
Ibid. P.82
30.
Ibid. P.86 31. |