روانینی ئه‌فلاتون بۆ رۆح و په‌یوه‌ندیی رۆح له گه‌ڵ جه‌سته، چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندی ئه‌م باسه له گه‌ڵ "خه‌سڵه‌تی پڕباییدار"1 و له گه‌ڵ مرۆ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ئاکارگه‌را. یۆتۆپیای ئه‌فلاتۆ ن و رۆڵ و دۆخی ژن له نێویدا. وه‌رگێڕانی له نۆروێژییه‌وه: فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور 1ـ با سه‌ره‌تا که‌مێک سه‌باره‌ت به رۆح له زمانی فه‌لسه‌فه‌دا بدوێین. رۆح له زمانی فه‌لسه‌فه‌دا جیاوازه له رۆح له زمانی رۆژانه‌دا. له زمانی فه‌لسه‌فه‌دا ته‌نها مرۆ خاوه‌نی رۆحه. له زه‌مانی کۆن وا بیر ده‌کرایه‌وه که هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که زیندوون (وه‌ک گیا، ئاژه‌ڵ و مرۆ) خاه‌ونی رۆحن.وه‌ک ده‌زانین تواناگه‌لی وه‌ک هه‌ست و بیرکردنه‌وه جۆرێک وشیاری ده‌به‌خشن، جا لێره‌وه بیر له‌وه ده‌کرایه‌وه که له په‌یوه‌ندی نێوان رۆح و جه‌سته‌دا توانا رۆحیه‌کانی وه‌ک (هه‌ستکردن و بیرکردنه‌وه) به جه‌سته‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه یاخود جیاوازن و سه‌ربه‌ستن؟ 2ـ به پێی ئه‌م دابه‌ش کردنه که ناسین یاخود وشیاری ده‌کا به دوو به‌شه‌وه (هه‌ست که وشیاری سه‌باره‌ت به دنیای هه‌ستپێکراو ده‌خوڵقێنێ و بیر که وشیاریمان له بابه‌ت دنیای ئایدیاکانه‌وه پێشکه‌ش ده‌کا)، ئه‌فلاتونیش رۆح به دوو به‌ش دابه‌ش ده‌کا: به‌شی نزمتر که جێگای هه‌ست و مه‌یله‌کانه و به‌شی به‌رزتر که جێگای عه‌قڵه. به‌شه نزمه‌که به جه‌سته‌وه گرێ دراوه و به‌شه به‌رزه‌که سه‌ربه‌خۆیه له جه‌سته. 3ـ بۆ ئه‌فلاتون عه‌قڵ گرنگتر بوو، چونکه عه‌قڵ به بۆچوونی ئه‌و به جه‌سته‌وه گرێ نه‌دراوه و هه‌ربۆیه له گه‌ڵ جه‌سته نامری و له ناو ناچێ. ئه‌و پێی وابوو که له دوای مه‌رگ رۆح ده‌چێته جه‌سته‌ی دیکه‌وه، به‌ڵام هه‌تا رۆح به جه‌سته‌وه گرێ درابێ ناتوانێ خاوه‌نی تێفکرینی روون بێت. هه‌ر بۆیه ئامانجی فه‌یله‌سووفه‌کان جیا کردنه‌وه‌ی رۆح و جه‌سته‌یه. واته سه‌ره‌تا ده‌بێ رۆح به حاڵه‌تی سروشتی خۆی بگا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ حه‌قیقه‌ت بناسێ (ئه‌گۆستین له ژێر سریمه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌دابوو. به بۆچوونی وی ژیانی مرۆیه‌کی مه‌سیحی به دووره له هه‌ست و مه‌یل، ئه‌ره‌ستوش دژی ئه‌م بۆچوونه بوو. ئه‌و پێی وابوو که مرۆ یه‌که‌یه‌کی پێکهاتوو له رۆح و جه‌سته‌یه. ئه‌م یه‌که‌یه لێک جا ناکرێته‌وه). 4ـ مرۆ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی چالاک ده‌بێ له نێوان ئه‌م دوو به‌شه‌دا هه‌ڵبژێرێ: جا یاخود عه‌قڵ هه‌ڵده‌بژێرێ یان هه‌ست و مه‌یل (حه‌ز). ئه‌وه‌ی که کرده‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌دا ویسته که به‌شێکه له رۆح. شوێنی ویست له نێوان مه‌یل (حه‌ز) و عه‌قڵدایه که‌واته له راستیدا سێ به‌ش له گۆڕێدایه: عه‌قڵ، ویست و مه‌یل (حه‌ز). 5ـ به پێی ئه‌فلاتون کاتێک رۆح له جه‌سته داده‌بڕێ ئیتر ده‌توانێ زانست و زانیاری له سه‌ر هه‌موو شتێک په‌یدا بکا، به‌ڵام کاتێک له گه‌ڵ جه‌سته‌دایه ئه‌م توانایه له ده‌ست ده‌دا. هه‌ڵبه‌ت نه‌ک سه‌داسه‌د، چونکه له‌م کاته‌شدا ده‌توانێ له رێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئایدیاکانه‌وه زانست و زانیاری ده‌سته‌به‌ر بکات. 6ـ سه‌باره‌ت به ئاکاریش ئه‌فلاتون پێی وایه بۆ ئه‌وه‌ی بڕیارێک له باری ئه‌خلاقییه‌وه دروست بێت ده‌بێ ئه‌و سێ به‌شه به جوانی پێکه‌وه هاوکاری و هاوئاهه‌نگیان هه‌بێت. ئه‌مه‌ش زه‌مانێک ده‌کرێ که هه‌ر کام له به‌شانه به باشترین شێوه ئه‌رکی خۆیان راپه‌ڕێنن. هه‌ر به‌ش ده‌بێ خه‌سڵه‌ته ئایدیاییه‌کانی خۆیان تا ئه‌و په‌ڕ بنوێنن. که مه‌به‌ست له خه‌سڵه‌ته ئایدیاییه‌کان هه‌مان "خه‌سڵه‌ته پڕباییداره‌کانه". ئه‌م خه‌سڵه‌تانه ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر ئه‌رکێک راپه‌رێ، ئه‌وا به شیاوترین شێوه‌ی گونجاوی خۆی راپه‌ڕێ (بۆ وێنه ده‌توانین بڵێین که چه‌قۆ ده‌بێ تیژ بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی که بۆی خوڵقێنراوه، به‌کار بهێنرێ. تیژیه‌تی خه‌سڵه‌تی پڕباییداری چه‌قۆیه). به شێوه‌یه‌کی کۆنکرێتی ده‌توانین بڵێین: 1ـ بیرکردنه‌وه خاوه‌نی عه‌قڵه. 2ـ ویست خاوه‌نی جورئه‌ته (بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ پێ له سه‌ر ئه‌و شته‌ی دابگرێ که بیر پێی گه‌یشتووه) 3ـ مه‌یلیش (حه‌ز) ئارامی و میانه‌ڕه‌وی ده‌نوێنێ. ئه‌مانه هه‌موویان پێکه‌وه له کرده‌یه‌کی هاوئاهه‌نگدا ده‌توانن ئه‌و گرنتیه ببه‌خش به کرده‌یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی له باری ئاکارییه‌وه دروست بێت. (هاوکاری و هاوئاهه‌نگی نێوان ئه‌م به‌شانه ده‌توانێ گرێ بدرێ به ته‌ندروستییه‌وه که له یۆنانی کۆندا باسی لێکراوه. مه‌به‌ست له ته‌ندروستی لای ئه‌وان بریتی بووه له‌وه‌ی که هه‌موو به‌شه‌کانی له‌ش و رۆح وه‌ک یه‌ک گرنگیان پێ بدرێ. ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که مرۆ وه‌ک یه‌که‌یه‌ک یا خود ئۆرگانیسمێک به باشترین شێوه چالاک بێت). 7ـ ئه‌فلاتون له به‌شێکی به‌رچاوی نووسینه‌کانیدا باس له پرسی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگا ده‌کا. له کتێبی "ده‌وڵه‌ت" دا وێنه‌یه‌کی ورد له یۆتۆپیامان پێشکه‌ش ده‌کا. هه‌ڵبه‌ت هێشتا ئه‌وه روون نیه که ئه‌فلاتون پێی وابوو که ئه‌م یۆتۆپیایه ده‌توانرێ به‌دی بهێنرێ یان نا. 8ـ ده‌بێ کۆمه‌ڵگا له چه‌ند چین و توێژ پێک هاتبێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ وه‌ک وده‌وڵه‌تێکی شیاو خۆی بنوێنێ؟ به گوێره‌ی ئه‌فلاتون کۆمه‌ڵگا ده‌بێ له‌م سێ چینه پێک بێت: 1ـ به‌رهه‌م هێنه‌ران واته جوتیاران، کرێکاران، ماسیگره‌کان، بازرگانه‌کان و خزمه‌تکاران. 2ـ رابه‌ران و پارێزه‌ران، واته ئه‌وانه‌ی وا بڕیاری سیاسی و یاسا ده‌رده‌که‌ن. 3ـ به‌رگریکه‌ران و یاریده‌ران، ئه‌وانه‌ی وا یارمه‌تی رابه‌ران ده‌ده‌ن له پێناوی چه‌سپاندن و راپه‌ڕاندنی یاسا و بڕیاره‌کاندا، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی وا ئاسایشی ناوخۆی وڵات ده‌پارێزن و له به‌رامبه‌ر هێرشی ده‌ره‌کیدا پارێزگاری له وڵات ده‌که‌ن. 9ـ که‌واته ده‌وڵه‌ت پێویستیی به سێ به‌شه (هه‌ر وه‌ک چۆن رۆح خاوه‌نی سێ به‌ش بوو): 1ـ رابه‌ران و پارێزه‌ران. 2ـ یاریده‌ران و به‌رگریکه‌ران. 3ـ به‌رهه‌م هێنه‌ران. لێره‌دا کۆیله‌کان که به‌شێکی به‌رچاوی حه‌شیمه‌تی یۆنانی کۆنیان پێک ده‌هێنا، وه‌ک چینێک چاویان لێناکرێ. ئه‌وان وه‌ک به‌شێک له ماڵ و موڵکی هه‌ر کام له‌و سێ چینه سه‌یر ده‌کران. ئه‌فلاتون پێی وابوو که ئه‌و سێ چینه هه‌مان ئه‌رکیان هه‌یه که سێ به‌شه‌که‌ی رۆح هه‌یانه. 10ـ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت وه‌ک یه‌که‌یه‌ک بتوانێ ئه‌رکی خۆی به جوانی راپه‌رێنێ، ده‌بێ ئه‌م سێ چینه خاوه‌نی چ خه‌سڵه‌ت گه‌لێک بن؟ خه‌سڵه‌ته باییداره‌کانی وان کامانه‌ن؟ له راستیدا هه‌ر ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی که ژیانی رۆحیان وه‌ک رۆحێکی ساغ به‌رجه‌سته ده‌کرد، هه‌ر هه‌مان ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ن که ده‌توانن کۆمه‌ڵگایه‌کی ساغ به‌رجه‌سته بکه‌ن. ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌ش بریتین له: 1ـ رابه‌ران ده‌بێ خاوه‌نی عه‌قڵ بن، واته ده‌بێ بزانن که چ شتێک باشترینه بۆ کۆمه‌ڵگا. 2ـ به‌رگریکه‌ران ده‌بێ خاوه‌نی جورئه‌ت و ئازایه‌تی بن، واته ده‌بێ بتوانن سه‌ره‌ڕای ئه‌گه‌ری هه‌ر چه‌شنه مه‌ترسی و دڵه‌راوکێیه‌ک بڕیار و یاساکان بچه‌سپێنن. 3ـ به‌رهه‌م هێنه‌رانیش ده‌بێ ئارامی و میانه‌ڕه‌وی له مه‌یل و حه‌زه‌کانیاندا بنوێنن. به وه‌ها خه‌سڵه‌تگه‌لێکه‌وه ده‌توانین بڵێین که خاوه‌نی کۆمه‌ڵگای دادپه‌روه‌رانه‌ین. 11ـ سه‌باره‌ت به دوو چینی یه‌که‌م و دووهه‌م ئه‌فلاتون پێشنیاری مافی یه‌کسان بۆ ژن و پیاو ده‌کا ( داوایه‌کی وه‌ها رادیکاڵانه هه‌تا شۆڕشی مه‌زنی فه‌رانسه نه‌هاته گۆڕێ). به گوێره‌ی ئه‌فلاتون ژنان ده‌با وه‌ک پیاوان خاوه‌نی هه‌مان ده‌رفه‌تی خوێندن و خۆ پێگه‌یاندن، هه‌مان ماف و ئه‌رک بان. هۆکاره‌که‌یشی ده‌گێڕایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که ژنان وه‌ک پیاوان له هه‌مان توانا و لێهاتویی به‌هره‌مه‌ندن. 12ـ بۆ ئه‌وه‌ی رابه‌ران له ناو خۆیاندا به تووش کێبه‌رکێ، دوژمنایه‌تی و مه‌راقی پله و پایه‌وه نه‌بن، ئه‌فلاتون پێشنیار ده‌کا که خاوه‌نداریه‌تیی تایبه‌تیان له نێواندا نه‌بێت. هه‌روه‌ها پێشنیار ده‌کا که په‌یوه‌ندی هه‌میشه‌یی له نێوان ژن و پیاودا نه‌بێ، ژن و منداڵ گشتی بن و منداڵ له لایه‌ن کۆمه‌ڵگاوه په‌روه‌رده بکرێ. *** به کورتی ده‌توانین بڵێین که به‌شێک له رۆح واته عه‌قڵ ده‌توانێ له جه‌سته جیا بێته‌وه‌و به بێ جه‌سته‌ش بژی (نه‌مره). رۆح ده‌توانێ دوای جیابوونه‌وه‌ی له جه‌سته، له جه‌سته‌یه‌کی دیکه‌دا درێژه به ژیان بدا. له کاتی جیابوونه‌وه‌ی له جه‌سته، رۆح له پله‌یه‌کی به‌رزتری ناسین و زانستدایه. مرۆ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی چالاک و هه‌ڵبژێر، رۆحی له سێ به‌ش پێک هاتووه: عه‌قڵ، ویست و مه‌یل (حه‌ز). کرده‌یه‌کی ئه‌خلاقیی باش ئاکامی هاوکاریی گونجاوی ئه‌م سێ به‌شه‌یه. هاوکاری و هاوئاهه‌نگی، پێویستی به عه‌قڵ، جورئه‌ت، ئارامی و میانه‌ڕه‌وییه. لای ئه‌فلاتون یۆتۆپیا باشترین شکڵی ده‌وڵه‌ته. ده‌وڵه‌ت ده‌بێ له سێ به‌ش پێک بێت: رابه‌ران و پارێزگاران، به‌رگریکه‌ران و به‌رهه‌م هێنه‌ران. رابه‌ران ده‌بێ خاوه‌نی عه‌قڵ بن، به‌رگریکه‌ران جورئه‌ت و به‌رهه‌م هێنه‌رانیش ئارامی و میانه‌ڕه‌وی. ئاکامی ئه‌مه ده‌بێ به کۆمه‌ڵگایه‌کی دادپه‌روه‌رانه. ئه‌فلاتون هه‌روه‌ها باوه‌ڕی به یه‌کسانی مافی ژن و پیاو له چینی یه‌که‌م و دووهه‌مدا هه‌یه، بڕوای به خاوه‌نداریه‌تی تایبه‌ت له ناو رابه‌راندا نیه و ژن و مندالیش به هی هه‌مووان ده‌زانێ.
1ـ فضیلت، Dygd سه‌رچاوه: Repitisjonsoversikt for filosofihistorie og vitenskapshistorie...av Anfinn Stigen Cappelen Akademisk Forlag |