ئیمانوئێل کانت
بیرمه‌ند وفه‌یله‌سووفێکی ده‌ورانساز
Immanuel Kant (1724-1804)
نووسینی: موحسین حه‌یده‌ریان
وه‌رگێڕانی: خالید که‌ریمی
ئیمانوئێل کانت به‌ناوبانگترین بیرمه‌ندی سه‌رده‌می رۆشنگه‌رییه.
ئایدیای بنه‌ڕه‌تی سه‌رده‌می
ڕۆشنگه‌ری، ڕزگارکردنی خوده له ڕێگای تێگه‌یشتنه‌وه.
"وره‌ی ئه‌وه‌ت بێت که ده‌رکی خۆت به کار بێنیت "ئه‌مه په‌یامی
ئه‌و فه‌یله‌سووفه‌یه که له‌گه‌ڵ هه‌ژاری و ده‌سته‌نگی و له
بارودۆخێکی زۆر ده‌مارگیری ئایینی‌دا گه‌وره بوو، به‌ڵام
ئه‌وه‌نده ئاستی وره‌ی برده سه‌ره‌وه که لا له "کۆیله‌تی
سه‌رده‌می لاوێتی" بکاته‌وه‌و ورد بێته‌وه له نه‌باڵقی خۆی.
لێره‌وه بوو که بڕیاری دا ژیانی ته‌رخان بدا به زانستی ڕزگاری
مرۆڤ و له رێگای مه‌عریفه‌یه‌کدا تێ‌بکۆشێ که بنیاده‌م له
پێنه‌گه‌یشتوویی رزگار بکا. له دوای کانته‌وه چۆنیه‌تی ژیانی
مرۆڤ ئاڵ و گۆڕێکی به سه‌ردا هات که تێیدا مرۆڤ ته‌نیا دیلی
هێزه نامۆ و مێتا فیزیکه‌کان یا خود جه‌بری مێژویی و دیترمینیزم
نیه، به‌ڵکوو له ناله‌بارترین دۆخیشدا، ده‌توانێ شوێنی گرینگ
دانێ له‌سه‌ر شێوازی ژیانیدا.خوێندنه‌وه‌یه‌کی وا له مرۆڤ و
ئیمکانی هه‌ڵبژاردن و وه‌رگرتنی به‌رپرسایه‌تی،ته‌نانه‌ت له
خراپترین هه‌ل ومه‌رجیشدا، جه‌وهه‌ری بۆچوونی عه‌قڵانی له مرۆڤدا
پێک دێنێ. ئه‌م هه‌ڵوێسته له گه‌ڵ به‌قوربانی زانینی مرۆڤ
به‌ته‌واوه‌تی ناکۆکه که جه‌وهه‌ری زۆربه‌ی بۆچوونه دیترمینیزمی
و توندره‌وانه‌کانه له مرۆڤ.
کانت تێکڕای به‌رهه‌مه‌کانی له 25 ساڵی کۆتایی ته‌مه‌نی هه‌شتا
ساڵه‌یدا نووسی.گرینگ‌ترین به‌رهه‌می "هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاوه‌زی
ڕووت"ه. کانت له ته‌مه‌نی 64 ساڵیدا (1788)کتێبی"ره‌خنه‌ی ئه‌قڵی
پراکتیکی "و دوو ساڵ دواتر(1790)" ڕه‌خنه‌ی هێزی داوه‌ری
"نووسی.هه‌موو کتێبه‌کانی باس و سه‌رنجی بێ ئه‌ندازه زۆری له
سه‌رانسه‌ری ئه‌ورووپادا ورووژاند. ئه‌و باس و هۆگریه که‌م
وێنانه‌ی که بیره‌کانی کانت له نێوان هاوسه‌رده‌مه‌کانیدا پێکی
هێنا، زۆرکه‌متردێته به‌ر چاوله حاند نفووزی فکری به‌رچاوی دوای
ژیانی له‌سه‌ر دنیای هزر و ڕووناکبیران که ئێستاش له سه‌ره‌تای
سه‌ده‌ی بیست ویه‌کدا درێژه‌ی هه‌یه.چونکه کانت شوێنێکی
ده‌ورانسازی له‌سه‌ر ڕه‌وتی بیر و هزردا دانا‌و نه ته‌نیا
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی به‌ڵکوو زانستی ئه‌خلاق و جوانی ناسی وتیۆری
زانستی برده قۆناغێکی نوێوه.به‌م پێیه ده‌کرێ گرنگایه‌تی کانت
له سێ به‌ستێندا کورت بکه‌ینه‌وه: ئه‌خلاق و تیۆری زانستی و
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی.ئه‌و فه‌یله‌سووفێکی پلۆرالیزمه که بۆ
زۆرایه‌تی و جۆراوجۆربوونی ئامانجه‌کانی مرۆڤایه‌تی و به دوای
ئه‌ودا سیسته‌مێکی کۆمه‌ڵایه‌تی پلۆراڵ به‌م بانگه‌وازه‌وه
خه‌باتی ده‌کرد: "با وره‌ی سه‌ربه‌ستیت ببێت ورێز بۆ ئازادی و
جۆراوجۆری که‌سانی تریش دابنێ. چون پله‌وپایه‌ی مرۆڤایه‌تی له
ئازادی و خۆئایینی دایه" به بڕوای کانت مرۆڤ ته‌نیا له ڕێگای
مه‌عریفه‌وتێگه‌یشتن و خۆناسینه‌وه ده‌توانێ له لایه‌نی
ڕۆحیه‌وه خۆی له کۆیله‌تی هه‌ڵقوڵاوی خورافه‌و پێشداوه‌ری و
بته‌کان ڕزگار کات و له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێ.
کانت به درێژای ته‌مه‌نی له کونیگزبورگی زێدی دوور
نه‌که‌وته‌وه.به‌م حاڵه‌یش،تایبه‌تمه‌ندی گرینگی شێوه‌ی بیر و
به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ی رووانگه‌ی جیهانگیریه. ئه‌و خۆی به
شارۆمه‌ندی جیهان ده‌زانی.هزری سیاسی وبه‌تایبه‌ت ئاشتی هه‌میشه‌یی
یه‌که‌یشی هه‌ر له‌م بیره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ.
ده‌کرێ به گشتی بڵێین که کانت چوار پرسیاری سه‌ره‌کی دێنێته
گۆڕێ و له ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه وه‌ڵامی هه‌رکامیان ده‌داته‌وه:
1- مرۆڤ چی ده‌توانێ بزانێ؟
2- چۆن ده‌بێ بژین؟
3- چ هیوایه‌کمان ده‌کرێ ببێ؟
4- مرۆڤ چیه‌و چۆن ده‌بێ بۆ جیهانی "بوون" بڕوانێ؟
کانت له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئایینی‌دا گه‌وره بوو و باوه‌ڕی ئایینی و
پارێزگار بوونی بنه‌ماڵه شوێنێکی گرنگی له‌سه‌ر گیرساندنی فکری و
فه‌لسه‌فی ئه‌و دانا.کانت کوڕی کۆپان دروویه‌کی ده‌سته‌نگ بوو.
سه‌رده‌می منداڵی و لاوی به چه‌رمه‌سه‌ری برده سه‌ر، به‌ڵام
توانی ئه‌و ئاسته‌نگانه بکا به هێزێکی بزوێنه‌ری له
ڕاده‌به‌ده‌ر پۆزه‌تیڤ و نه‌وه‌ک ڕۆحی گرژی و تۆڵه و ناهومێدی
به‌ڵکوو وانه‌ی ڕزگاری و جووڵانه‌وه‌و پێگه‌یشتنی فکری لێوه فێر
بێ. هه‌ر ئه‌م تێکۆشانه به‌ربڵاووڕزگارکه‌ره به توندی ناو و
ژیانی کانتی به سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ریه‌وه گرێداوه. کانت دایک و
باوکی وه‌ک نموونه‌ی خاوێنی و پارێزکاری دێنێته‌وه بیر وله
باره‌ی دایکیه‌وه ده‌نووسێ: "قه‌ت دایکم له بیر ناکه‌م.ئه‌و بوو
که یه‌که‌م تۆوی چاکه‌ی له مندا چاند و په‌روه‌ده‌ی کرد. ئه‌و
دڵی منی به ڕووی سروشتدا کرده‌وه،هزرمی له خه‌و ڕاپه‌ڕاند و
به‌رینی کرد.ڕاهێنانه‌کانی له ژیانمدا هه‌رده‌م شوێنی شایان و
به‌رده‌وامی بووه. "کانت بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵسووڕاوانه به‌شداری
ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بکا و دوور له هه‌راوهوریای ده‌ره‌وه
ژیانی برده سه‌ر. خولیای سه‌ره‌کی کانت جیهانی بیرکردنه‌وه‌و
ماریفه‌ت و ڕامان بوو.ئه‌و ژیانێکی له ڕاده‌به‌ده‌ر تاقه‌ت
پڕووکێن و پڕکار وڕێک وپێکی بوو. له باره‌ی نه‌زم و وردبینی و
شێوه‌ی ژیانی کانته‌وه بۆ نموونه پیاسه‌ی رۆژانه‌و به‌رنامه‌ی
ڕێک وپێکی بۆ ئه‌م بواره دێنینه‌وه.پیاسه‌کانی هه‌موو ڕۆژێک و
له کاتژمێرێکی دیاری کراودا به‌ڕێوه ده‌چوو و قه‌ت
نه‌ده‌بڕایه‌وه.پیاسه‌کانی هێنده ڕێک وپێک به ڕێسای
تایبه‌ته‌وه بوو که ده‌کرا کاتژمێری پێ هه‌ڵبێنی.شوێن پێی ئه‌م
وردبینی و شێوه ژیانه به ڕوونی له به‌رهه‌م و نووسراوه‌کانی
کانتدا ده‌بینرێ. ده‌ڵێن پیاسه‌ی ڕۆژانه‌ی کانت ته‌نیا جارێک تێک
چوو ئه‌ویش کاتێک بوو که سه‌ری به خوێندنه‌وه‌ی"ئیم‌یل"ی
به‌رهه‌می رۆسۆوه قاڵ بوو.کانت مرۆڤێکی خاوێن و چاکه‌خواز بوو
ورێزی بۆ هه‌موو شتێکی شیاو داده‌ناو پتر له لایه‌نی
خراپه،سه‌رنجی لایه‌نه چاکه‌کانی مرۆڤه‌کانی ده‌دا.تێکڕای
ته‌مه‌نی له گه‌ڵ ئاسته‌نگی ماڵی به‌ره‌وڕوو بوو،به‌و حاڵه‌یش نه
یارمه‌تی له قوتابیه‌کانی وه‌رده‌گرت ونه په‌شیمان ده‌بووه‌وه
له‌و ڕێبازه‌ی هه‌ڵیبژاردبوو. له پیریدا دوای ئه‌وه‌ی له ڕێی
نووسراوه‌کانیه‌وه پاشه‌که‌وتێکی خستبوو،یارمه‌تی که‌س و
کاره‌کانی ده‌داو مووچه‌ی هه‌فتانه‌ی بۆ هه‌ندێک له هه‌ژاران
بڕیبوه‌وه. کانت وه‌ک زۆربه‌ی بیرمه‌ندان و ئیلیته‌کانی
هاوسه‌رده‌می که ژیانیان له ڕێی وانه‌گوتنه‌وه‌ی تایبه‌تیه‌وه
ده‌برده سه‌ر، چه‌ن ساڵێک مامۆستای تایبه‌تی بوو.دوای چه‌ن ساڵ
وانه‌گوتنه‌وه، بوو به مامۆستای فه‌لسه‌فه‌ی زانکۆ‌و هه‌ر به‌م
بۆنه‌وه له‌و یه‌که‌م بیرمه‌ندانه‌یه که پێیان ده‌ڵێن:
"فه‌یله‌سووفی لێهاتوو".
ئیشی کانت وه‌ک فه‌یله‌سووف و هه‌روه‌ها پسپۆڕی بواری
فه‌لسه‌فه(فه‌لسه‌فه‌زان)ڕایکێشایه قووڵایی مێژووی فه‌لسه‌فه‌و
هزره‌وه‌و ئه‌و هه‌له‌ی بۆ ڕه‌خساند که نه ته‌نیا به نیسبه‌ت
به‌رهه‌می فه‌یله‌سووفانی سه‌رده‌مانی کۆن به‌ڵکوو ده‌رهه‌ق
هزرڤانانی سه‌رده‌می خۆیشی له‌وانه: دیکارت و سپینۆزا و لاک و
هابز و رۆسۆ و هیوم مه‌عریفه‌و شرۆڤه‌ی سیستماتیک په‌یدا
بکا.شیکاری و شرۆڤه‌ی به‌رهه‌می هاوسه‌رده‌مانی ده‌رفه‌تێکی به
کانت دا که ئاکامی گرنگترین هه‌ڵوێسته‌کانیان کامڵ بکات و هه‌ندێ
له لایه‌نه چه‌وته‌کانیشیان به وردی پووچه‌ڵ بکاته‌وه.
کانت وه‌ک مامۆستای زانکۆ به وانه مژاری جۆراوجۆری وه‌ک ماتماتیک
و فیزیا‌و فه‌لسه‌فه‌و تێئۆلۆژی سروشتی و ئه‌ستێره‌ناسی ومرۆڤناسی
ده‌گوته‌وه‌و میتینگ وباسه‌کانی هه‌میشه پێشوازییه‌کی زۆری لێ
ده‌کرا. هێردێر فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمانی یه‌کێ له‌و که‌سانه‌ی که
چه‌ندین جار له کۆبوونه‌وه‌و قسه‌کانیدا به‌شدار بووه، ئاوای
نووسیوه:
"ئه‌و وه‌ک لاوان گه‌ش بوو و پێم وایه له پیریشدا هه‌روا
ماوه.ڕووی ئاوه‌ڵاو تژی له هزری جێگای ئۆخژن وشادی بوو.وته‌ی پڕ
له هزر له زاری جاری بوو. ته‌بعی شۆخ و په‌یڤی نیان و وردبینی
که‌تبه‌سته‌ی بوون ووانه‌کانی هه‌ڤپه‌یڤینینێکی دڵپه‌سه‌ن بوو.به
هه‌مان هه‌ڵکه‌وته‌ییه‌وه که ڕه‌خنه‌ی له هزری لایبنیتس وهیوم
ده‌گرت رووناکی ده‌خسته سه‌ر یاساکانی نیۆتۆن و کێپلێر،خۆی به
نووسراوه‌کانی رۆسۆ و دۆزراوه نوێکانی سروشتیشه‌وه خه‌ریک
ده‌کرد... ئه‌و خۆی له هیچ مژارێکی شایانی زانین گێل نه‌ده‌کرد.
له پێناو ڕۆشنگه‌ری وزانینی هه‌قیقه‌تدا، هیچ پارت وهیچ نه‌نگ
وهیچ ناوبانگ وقازانجێک، که‌مترین نرخی نه‌بوو. وره‌ی ده‌دا به
که‌سانی دیکه‌و هانی ده‌دان بۆ بیرکردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ. قه‌ت
مه‌به‌ستی ئه‌وه نه‌بوو به سه‌ریاندا سه‌رکه‌وێ. ئه‌م پیاوه که
من زۆر به سپاس و ڕێزه‌وه ناوی دێنم ئیمانوئیل کانته.
پیاوێک که وێنه دلۆڤانه‌که‌یم له‌به‌رده‌مدایه."
تیۆری مه‌عریفه
وه‌ک ده‌زانین سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری سه‌رده‌می عه‌قڵ گه‌رایی و
دزه‌کردنی ئه‌زموونگه‌رایی وتاقیکردنه‌وه بوو له دنیای فکر
ومه‌عریفه‌دا.کانت سه‌ره‌تا تیۆری مه‌عریفه‌ی هیومی به‌ره‌و
کامڵ‌بوون برد که ئه‌ویش پشتی به‌و تێزه به‌ستبووکه،مرۆڤ ناتوانێ
به ته‌واوه‌تی هه‌موو شتێک وهه‌موو یاساکانی ده‌وروبه‌ری بناسێت.
کانت تیۆری عیلله‌ت و‌مه‌علوولی به‌م شێوه فۆرمووله کرد که
پێویسته له نێوان "جیهانی ناوخۆ" و "جیهانی به‌رچاو"دا جیاوازی
دابنێین. مه‌به‌ستی کانت ئه‌وه بوو که مرۆڤ هه‌رگیز ناتوانێ
تێ‌بگا له نێوئاخنی ده‌روونی زۆربه‌ی مه‌سه‌له‌و شته‌کان، به‌ڵام
ده‌توانێ له ڕوانگه‌ی ده‌رک وبۆچوونی خۆیه‌وه بیانناسێته‌وه‌و
تیشک بخاته سه‌ریان وشرۆڤه‌یان بکات.چوونکه تێگه‌یشتوویی
وماریفه‌تی مرۆڤ گه‌رچی سنوورداره، به‌ڵام خاوه‌ن هه‌ستی
لێکدانه‌وه‌و و جیاکردنه‌وه‌یه،که ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه‌یش له
ئاوه‌زی زاتی ئه‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.که‌وابوو مه‌عریفه
به‌شێک له خودی مرۆڤ و به‌شێکه له ئاگایی و شعووری مرۆڤ.
به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا ماریفه‌تی مرۆڤ به‌رهه‌می ئه‌زموون
کردنیشه وبه هۆی ئه‌وه‌ی که مرۆڤ به شێوه‌یه‌کی زاتی سه‌ر
ده‌کێشێته ناو شته‌کان وبه‌دووی هۆکاری ڕووداوه‌کاندا ده‌گه‌ڕێ،
له تاقیکردنه‌وه شت فێر ده‌بێ و ده‌یخاته سه‌ر ماریفه‌ته‌کانی.
کانت له به‌رهه‌مه گرینگه‌که‌ی خۆیدا "هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاوه‌زی
ڕووت" ده‌نووسێ: "گومانێک له‌وه‌دا نیه هه‌ر چه‌شنه ناسینێک له
ئه‌زموون کردنه‌وه ده‌س پێده‌کا.چونکه چۆن ده‌کرێ که هانای
ناسینکاری بکه‌وێته کار‌و ئه‌و هانایه له ژێر کاریگه‌ری ئه‌و
مژارانه‌وه نه‌ورووژابێ که شوێن داده‌نێ له سه‌رهه‌سته‌کانی
ئێمه؟... که‌وابوو به پێی کات، هیچ ناسینکارییه‌ک له پێش
ئه‌زموون کردنه‌وه نایه به‌ڵکوو ئه‌زموون سه‌ره‌تای هه‌ر چه‌شنه
ناسینێکه. به‌ڵام له گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌یش، ئه‌م په‌یڤه که
هه‌رچه‌شنه ناسینکارییه‌ک به ئه‌زموونه‌وه ده‌س پێده‌کا، قه‌ت
ئه‌و ئاکامه‌ی لێناکه‌وێته‌وه که تێکڕای ناسینکاری له
ئه‌زموونه‌وه به‌رهه‌م دێت. به‌ڵکوو ڕێک به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م
بیره‌وه، ڕه‌نگه زۆر جارناسینکاری ئه‌زموونی ئێمه تێکه‌ڵاوێک
بێت له‌وه‌ی که کاریگه‌ریه‌کانی سه‌ر هه‌ست پێمانی ده‌ده‌ن
وئه‌وه‌ی که خودی هانای ناسینکاری ده‌یخاته سه‌ری.
(وکاریگه‌ریه‌کانی سه‌ر هه‌ست ته‌نیا زه‌مینه‌ی بۆ خۆش ده‌که‌ن) و
ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌رنجمان نه‌دابێ و پرۆڤه‌ی گونجاومان نه‌کردبێ و
له‌م بابه‌ته‌وه لێهاتووییه‌کمان ده‌س نه‌خستبێ، ناته‌وان ده‌بین
له لێکدانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی که خۆمان خستوومانه‌ته سه‌ر
کاریگه‌رییه‌کانی هه‌ستی پێشوومان."
کانت دوای داکۆکی کردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌ڵسه‌نگاندن هه‌مان
بنه‌مای ئازاده له ئه‌زموون کردن،که تێکڕای بینای هزری خۆی
له‌سه‌ر دامه‌زراندووه، له درێژه‌دا ده‌ڵێ: "چاره‌نووسی عه‌قڵی
مرۆڤ به‌م شێوه‌یه که سه‌ره‌تا به‌خێرایی بینای هزری خۆی به‌رز
ده‌کاته‌وه،دوای کۆتایی پێهێنانی کاره‌که‌ی،ئینجا دێته سه‌ر
تاوتوێکردنی قایمبوونه‌که‌ی."
کانت له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا ده‌گا به ئایدیای "ڕه‌خنه له‌سه‌ر
ئاوه‌زی ڕووت" واته زانستێک که پێگه‌ی ناسینکاری ئازاد له
ئه‌زموونکردن و سنووری تواناکانی ناسینکاری تاووتوێ ده‌کاو
هه‌رچه‌شنه مژارێکی ناسینکاری ته‌نیا به نیسبه‌تی ئه‌و توانایی
یانه‌وه له به‌رچاو ده‌گرێ. کانت له "ڕه‌خنه له‌سه‌ر ئاوه‌زی
ڕووت"دا درک به بنه‌مای هه‌ر چه‌شنه بیرکردنه‌وه‌و ناسینکارییه‌ک
ده‌کا که له قووڵایی نه‌ناسراوه‌وه هه‌ڵده‌ستێ و تاقانه کردنی
وێناکان به پێداویستی یه‌کیه‌تی زانیاریه‌کانه‌وه
ده‌به‌ستێته‌وه.ئه‌و بۆمان شیده‌کاته‌وه که هێزی داوه‌ریکردنی
مرۆڤ بێ گومان ئه‌و توانایه که مژاره‌کان له ژێر واتا و
ڕێساکاندا کۆده‌کاته‌وه:
"ئه‌گه‌ر درک به گشتی وه‌ک توانای لێکدانه‌وه‌ی ڕێساکان پێناسه
بکه‌ین، ده‌توانین بڵێین هێزی داوه‌ریکردن دیاره توانای
کۆکردنه‌وه‌ی ژێرڕێساکانه واته لێکدانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی که ئایا
ئه‌و شته په‌یڕه‌وی له ڕێسایه‌کی دیاریکراو ده‌کا یان نا."
کانت چه‌ن پرسیارێکی هه‌میشه‌یی له بواری هزر و فه‌لسه‌فه‌وه
خسته به‌رباس، وه‌کوو نیسبه‌تی نێوان ڕۆح وماده وبوون یا
نه‌بوونی خودای به سه‌رنجدان به فه‌رزیات و وته‌زاکانی فه
یله‌سووفه کۆن و نوێکان وله ڕوانگه‌یه‌کی به‌ته‌واوی تازه‌وه
هێنایه گۆڕێ.کانت گه‌یشت به‌م باوه‌ڕه که بۆ ناسینی خودا
وباوه‌ڕ به بوونی نابێ له ڕێگای عه‌قڵ و ئه‌زموونه‌وه هه‌وڵی بۆ
بدرێ،به‌ڵکوو باوه‌ڕ به خودا ئیقانێکی ده‌روونی مرۆڤه‌و باڵای
عه‌قڵ و ئه‌زموون زۆر کورتتره له‌وه‌ی بگاته باڵای. کانت
بورهانه ئه‌قڵیه تیۆریه‌کانی سه‌لماندنی بوونی خودای به
ناته‌واو ده‌زانی وخه‌ریکبوون به ئیلاهیاتی عه‌قڵانیه‌وه به
کارێکی پڕوپووچ و فیڕۆدانی کات ده‌زانێ:
"من پێم وایه هه‌ر چه‌شنه هه‌وڵێک بۆ قوت کردنه‌وه‌ی ئیلاهیاتێک
به پشت به‌ستن به هزری ته‌نیا،بێ که‌ڵکه‌وله‌م بواره‌دا
چه‌مکه‌کانی ئاوه‌ز ناتوانن پراکتیکێک له‌مه‌ڕ سروشت و گه‌یشتن به
حه‌قیقه‌تێک ده‌سته‌به‌ر که‌ن.له‌م ڕووه‌وه ئیلاهیاتی عه‌قڵانی
ناتوانێ بوونی ببێت مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که له سه‌ر بنه‌مای یاساکانی
ئه‌خلاقدا بێت."
کانت هه‌نگاوێکی دیکه‌یشی بۆپێشه‌وه هه‌ڵگرت و ئه‌و تیۆریه‌ی
هێنایه گۆڕێ که‌مرۆڤ له بواری ڕۆحی و ئه‌خلاقیه‌وه پێویستی
به‌وه‌یه باوه‌ڕی به‌بوونی ڕۆحێکی هه‌میشه‌یی بێت. به‌ڵام باوه‌ڕ
به‌بوونی خودا هیچ پێوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ دیتێرمینیزم وهاتنه
خواره‌وه‌ی ڕۆڵی ئیراده‌ی ئینسان نیه به‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیدا.
کانت جیاوازی قایل بوو له نێوان ئاسته خواروژووره‌کانی هه‌ستی
ناسی و واقیعه جۆراوجۆره‌کاندا. ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوو
که کاته‌گۆری یه‌کان رۆڵی ئامرازه‌کانی بیری ئێمه ده‌گێڕن بۆ
تێگه‌یشتنی راستی.به پێی ده‌رکی کانت مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی
سه‌ربه‌سته و ویست و ئیراده‌ی ئه‌و بابه‌تێکی سه‌ربه‌خۆیه له
په‌روه‌ردگار. به بۆچوونی کانت مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی هه‌م سروشتیه
هه‌م بیۆلۆژیکه‌و هه‌م کۆمه‌ڵایه‌تی.وه‌ک پێکهاته‌یه‌کی بیۆلۆژیک
مرۆڤ له سروشته‌وه هاتووه،به‌ڵام ئه‌خلاقه‌که‌ی پێشتر دیاری
نه‌کراوه‌وهه‌ر به‌م بۆنه‌وه مرۆڤ به‌رپرسیاری ئادگار و
هه‌ڵبژاردنی خۆیه‌تی. فه‌لسه‌فه ئه‌خلاقیه‌که‌یشی له‌سه‌ر هه‌مان
تیۆری به‌رپرسایه‌تی ئه‌خلاقی مرۆڤ دامه‌زراوه.کانت که‌سایه‌تی
به "سه‌ربه‌ست بوون له میکانیزمی سروشت" پێناسه ده‌کات.وه‌ها
پێناسه‌یه‌ک له مه‌ڕ که‌سایه‌تی خۆیه‌وه ته‌واو به ڕاست
ده‌رچووه.چونکه باڵایه‌کی باریکه‌ڵه‌و بچووکی بوو و هه‌میشه به
هۆی باریکبوونی سینگ و ته‌نگبوونی شانه‌کانیه‌وه هه‌ستی به زه‌خت
و داگیران له سینگی‌دا ده‌کردوبه وته‌ی خۆی"دڵ و سی یه‌کانی جێی
ته‌واویان بۆ بزووتن نه‌بوو. "له گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌یشدا توانی
به هێزی وره‌و بیرخستنه‌کاره‌وه به سه‌ر نوقسانه‌کانی له‌شیدا
سه‌رکه‌وێ وهه‌موو له‌شی بخاته خزمه‌ت خۆیه‌وه. له ته‌مه‌نی
حه‌فتا ساڵیدا نامیلکه‌یه‌کی نووسی له‌مه‌ڕ" تواناکانی هزر له
سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر هه‌ست به‌نه‌خۆشی کردن به یارمه‌تی هێزی
ئیراده".ئه‌م کاریگه‌ریه مه‌عنه‌ویه به ڕوخساریه‌وه دیار
بوو.به وته‌ی هاوسه‌رده‌مه‌کانی سیمایه‌کی ڕووناک و هه‌نیه‌یه‌کی
کراوه‌و چاوانێکی بریسکه‌دار و نیگایه‌کی کارتێکه‌ری بوو.
کانت هه‌ره‌ها مژارێکی نوێی به ناوی "عه‌قڵی پراکتیکی" هێنایه
گۆڕێ که مه‌به‌ست له‌وه تایبه‌تمه‌ندی ده‌روونی مرۆڤه که
توانایی زاتی جیاوازی دانانی نێوان ماف وبێمافی وڕاست و چه‌وتی
پێده‌به‌خشێت. هه‌ر به هۆی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه‌وه‌یه که
ئه‌خلاق و ئیتیک بۆ ئادگاری مرۆڤ نرخێکی ناوه‌ندی په‌یدا ده‌کا.
به واتایه‌کی تر هه‌موو ئادگاره‌کانی مرۆڤ ته‌نیا به‌هه‌وڵدان له
ڕێبازی ده‌سته‌به‌رکردنی ئامانج یا ئاکامی کاره‌وه شرۆڤه ناکرێ،
به‌ڵکوو ڕازی کردنی هه‌ستی ده‌روونیش پێداویستیه‌کی ئه‌خلاقی و
ڕۆحی مرۆڤه.
له کتێبی "ڕه‌خنه‌ی عه‌قڵی پراکتیکی"دا کانت داکۆکی له‌سه‌ر
ئه‌وه ده‌کا که "ئه‌خلاق تیۆری یه‌ک نیه له بابه‌ت ئه‌وه‌وه
که چۆن بگه‌ین به به‌خته‌وه‌ری به‌ڵکوو تیۆری یه‌که له‌مه‌ڕ
ئه‌وه‌ی که چۆن خۆمان بکه‌ین به شایانی به‌خته‌وه‌ری."
مرۆڤناسی
کانت خوێندنه‌وه‌ی زۆر پۆزه‌تیڤی ڕۆسۆ ده‌رباره‌ی مرۆڤ‌و له
حاڵه‌تی سروشتی‌دا ره‌د ده‌کاته‌وه و له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه که
مرۆڤ ته‌نیا کاتێک ده‌توانێ دروست کار بکات که له‌گه‌ڵ ئه‌نگیزه
هه‌ستی یه‌کان و شۆروشه‌وقی کاتی مه‌ودای خۆی ڕاگرێ.ئه‌گه‌ر
وانه‌کا به شێوه‌یه‌کی سروشتی مرۆڤ ده‌توانێ بکه‌وێته داوی
هه‌موو چه‌شنه غه‌ریزه‌یه‌کی جه‌سته‌یی و ڕۆحی یه‌وه.
به بڕوای کانت مرۆڤ
بوونه‌وه‌رێکی دوولایه‌نه‌یه بریتی له له‌ش و گیان یا عه‌قڵ و
هه‌ست که کرده‌وه‌و دژکرده‌وه‌ی هه‌ر کام له‌م دووانه، په‌یڕه‌وی
له لۆژیکێکی جیاواز ده‌کا. بۆ نموونه مرۆڤ ناتوانێ به ته‌واوی
بڕیار له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دژکرده‌وه‌کانی هه‌ستی خۆی بدا‌و ناتوانێ
به شێوه‌یه‌کی ڕه‌ها ئه‌م به‌شه‌ی سه‌ربه هه‌ستی مرۆڤ بخاته ژێر
ڕکێفی خۆی.به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی
عه‌قڵگه‌را له کێشه‌کانی سنووری ناسینکاری عه‌قڵیدا، خاوه‌نی مافی
هه‌ڵبژاردن و ئیراده‌ی سه‌ربه‌ست وبڕیاردانه. به‌م پێیه مرۆڤ له
چوارچێوه‌ی عه‌قڵی پراکتیکیدا خاوه‌نی ئیراده‌ی سه‌ربه‌سته بۆ
هه‌ڵبژاردنێکی ئه‌خلاقی و مه‌عنه‌وی. هه‌ر ئه‌م ئیمکانی هه‌ڵبژاردن
و ئیراده سه‌ربه‌سته‌یشه مرۆڤی کردۆته مرۆڤ وئیمکانی ناسینکاری
وشوێندانانی له‌سه‌ر جیهانی ده‌وروبه‌ر وبه‌رگریکردنی زۆربه‌ی
به‌ڵاکانی پێ به‌خشیوه.ئه‌م بۆچوونه‌ی کانت له‌و ڕوانگه‌وه که
ده‌مه‌قاڵه‌و جیاوازی سونه‌تی ی
کۆنی نێوان عه‌قڵگه‌رایان و ئه‌زموونگه‌رایانی به
شێوه‌یه‌کی نوێ هێنایه مه‌یدان و وه‌ڵامی دایه‌وه، ئاڵ گۆڕێک
دێته ئه‌ژمار له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا،چونکه باوه‌ڕ به‌وه‌یکه
ویست و ئیراده‌ی مرۆڤ تا ئه‌و ئاسته له کۆنتڕۆڵکردنی ئادگاری خۆی
وکاریگه‌ری له‌سه‌ر جیهان به‌رینه، قۆناغێکی نوێ بوو له مێژووی
فه‌لسه‌فه‌دا ودووایی هێنا به دیترمینیزمی زاڵ به‌سه‌ر هزری
زۆربه‌ی فه‌یله‌سووفه‌کان له باره‌ی مرۆڤ و چاره‌نووسی. بۆچوونێکی
وا ته‌واو له‌گه‌ڵ ڕۆحی سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ریدا له یه‌ک ئاراسته‌دا
و بزوێنه‌ری بوو.
کانت له کتێبێکی دیکه‌یدا (ڕه‌خنه‌ی هێزی داوه‌ری) کۆمه‌ڵه
واتایه‌کی گرینگی وه‌ک دۆزینه‌وه‌ی جۆراوجۆر بوونی سروشت وواتاکانی
جوانی وداوه‌ری زه‌وقی و هێزی خه‌یاڵ دێنێته به‌ر باس
ولێکۆڵینه‌وه.ئه‌و داکۆکی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کا که له ناو
تواناکانی مرۆڤدا، ئه‌وه ته‌نیا زه‌وقه که پێویستی به
نموونه‌گه‌لێکه که‌له ڕه‌وتی به‌ره‌وپێشچوونی کو‌لتووردا
گه‌یشتوونه‌ته به‌رزترین پله‌کان و ئه‌مه‌یش له‌و ڕوه‌وه‌یه که
ڕاهێنانی ئه‌م تواناییه به ئامرازی ئه‌مرپێکردن و واتاکان
مسۆگه‌ر نابێ.
له جوانی ناسی کانتدا، هونه‌ر وه‌ک "شتێک له خۆیدا" بایه‌خی
هه‌یه. چێژوه‌رگرتن له به‌رهه‌مێکی هونه‌ری خۆی له خۆیدا
سه‌رترین بایه‌خه.کانت داکۆکی له سه‌ر ئه‌وه ده‌کا که
هونه‌رمه‌ند توانا زانستییه‌کانی خۆی به بێ هیچ زۆرلێکردنێک
وته‌نیا له ڕووی ئیراده‌ی سه‌ربه‌ستی تۆخه‌وه داهێنانی هونه‌ری
ده‌کا.ئه‌م درکه‌ی کانت ده‌یان ساڵ دواتر و له‌سه‌رده‌می
ڕۆمانتیکدا گه‌ییشت به لوتکه و وه‌ک یه‌کێ له گرینگ‌ترین
ده‌سکه‌وته فه‌لسه‌فی و فکرییه‌کان له لایه‌ن زۆر نووسه‌ر و
هونه‌رمه‌ند و شاعیری ڕۆمانتیکه‌وه لێی کۆڵرایه‌وه.
به گشتی تێزی ناوه‌ندی کانت له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و
ئه‌خلاقیدا،پێویست بوونی جیاکردنه‌وه‌ی نێوان غه‌ریزه و هه‌سته
له عه‌قڵ.ئادگاری ڕاست به مه‌رجێک دێته دی که هه‌سته‌کان وه‌لا
بنرێن وبه‌سه‌ر غه‌ریزه‌دا زاڵ بێت و دوای عه‌قڵ که‌وێت. کانت
هه‌میشه داکۆکی له‌سه‌ر ئه‌وه کردووه که مرۆڤ له هیچ هه‌ل
ومه‌رجێکدا مافی ئه‌وه‌ی نیه له مرۆڤی تر وه‌ک ئامرازێک بۆ
گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی خۆی که‌ڵک وه‌رگرێ.ده‌ڵێ: "مرۆڤ نه
ئامراز به‌ڵکوو ئامانجه.به بۆنه‌ی ئه‌وه‌ی که پێویسته هه‌موو
مرۆڤێک خاوه‌ن مه‌رته‌به‌ی مرۆڤایه‌تی خۆی بێت ووه‌ک ئامانجێک
بێته حیساب،هه‌ڵس وکه‌وتیش له گه‌ڵ مرۆڤ ده‌بێ به‌دوای
قبووڵکردنی بوونی سه‌ربه‌خۆو ڕێزدانان بێ بۆ خۆی و ویست وئیراده‌ی.
"کانت ئه‌م تیۆریه‌ی خۆی بۆ هه‌موو مرۆڤه‌کان له‌به‌رچاو ده‌گرێ
جیا له ڕه‌گه‌ز و تایه‌فه‌و نه‌ته‌وه‌که‌یان وکه‌وابوو له‌بابه‌ت
مرۆڤه‌وه‌هزرێکی جیهانگیر ده‌گرێته به‌ر.هه‌ر به‌م
بۆنه‌وه دوکتورینی مرۆڤناسی وئه‌خلاقی کانت بێ ئه‌ملاولاو
سه‌رسه‌خت و ناپراگماتیستیه وله‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه راوه‌ستاوه
که مرۆڤ له بابه‌ت چه‌مکه‌کانی عه‌قڵه‌وه ده‌بێ هه‌میشه "ئه‌رک
ناسی" بخاته به‌ر
"خۆبه‌زلزانی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی تاک"ه‌وه. چونکه مرۆڤ هێزی
جیاکه‌ره‌وه‌ی عه‌قڵی هه‌یه که له هه‌ڵبژاردنی راست له چه‌وت
ڕێنوێنی ده‌کا. کانت داکۆکی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کا که وه‌ها
ده‌رکێک له مرۆڤ له ده‌ره‌وه‌ی کات و شوێندایه.
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی
له به‌ستێنی هزری سیاسی دا، له‌گه‌ڵ هه‌موو داهێنانه‌کانیدا کانت
زۆر کاریگه‌ری له دوو بیرمه‌ندی هاوسه‌رده‌می خۆی ژان ژاک ڕۆسۆ و
ئه‌دمۆند بورک وه‌رگرتووه. له‌بابه‌ت بێ عه‌داڵه‌تیه
کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان وهۆکاره‌کانیه‌وه بیره‌کانی ڕۆسۆ شوێنیان
له‌سه‌ر داناوه، به‌ڵام له بابه‌ت ئه‌و ئاڵ وگۆڕه ڕادیکاڵه
سیاسیانه‌وه که ڕۆسۆ هێنایه گۆڕێ کانت خۆی لێ ده‌بوێرێ و به
هۆی ئاکامه‌کانی ئاڵ وگۆڕێکی کوت وپڕه‌وه له گه‌ڵ نیگه‌رانی بورک
هاوبه‌ش ده‌بێ. کانت پێشوازی له شۆڕشی فه‌ره‌نسا کردبوو، به‌ڵام
دوای تیرۆری ڕۆبسپیر ئێجگار نیگه‌ران بوو و به‌م ئاکامه
زیره‌کانه گه‌یشت که: "ده‌کرێ به ناوی ئازادی وبه‌رابه‌ری و
برایه‌تی قێزه‌ونترین کار به‌ڕێوه ببرێ." کانت وانه فێر بوو له
مێژووی ترسی شۆڕشی فه‌ره‌نساو داکۆکی کرد که: "باوڕی ده‌مارگیرانه
هه‌میشه کارێکی ناحه‌زه‌و له گه‌ڵ ئامانجه‌کانی سیسته‌مێکی
پلۆرال داناکۆکه‌و ئه‌رکی سه‌ر شانی ئێمه‌یه به‌ره‌نگاری
ده‌مارگیری ببینه‌وه له‌هه‌ر به‌رگێکدا بێت،ته‌نانه‌ت کاتێکیش که
ئامانجه‌کانی له ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه بێ که‌موکوڕی بێت."
له مه‌ڕ ڕه‌وتی گشتی مێژووه‌وه به پێچه‌وانه‌ی بورک که
ڕوانگه‌یه‌کی ڕه‌شبینانه‌ی هه‌یه، کانت گه‌شبینه‌و ئاراسته‌ی گشتی
گۆڕانکاریه‌کانی مێژوو به‌ره‌و جیهانێکی باشتر ومرۆڤێکی
گه‌شه‌سه‌ندووتر ده‌زانێ. به‌ڵام وه‌کوو بورک ئه‌میش له شۆڕش
ده‌پرینگێته‌وه‌و ڕه‌وابوونی شۆڕش بۆ هه‌ڵکه‌ندنی بێ
عه‌داله‌تیه‌کان ده‌باته ژێر پرسیاره‌وه.
کانت سێ پرسیاری تیۆریکی سیاسی دێنێته ئاراوه:
1- چۆن ده‌توانین یاسایه‌کی ده‌ستووری به عادڵانه‌و دروست بزانین؟
2- ناوه‌ڕۆکی وه‌ها یاسایه‌ک ده‌بێ چۆن دابڕێژرێت؟
3- ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران پابه‌ند نه‌بوون به چه‌مکه‌کانی ئه‌و
ده‌ستووره،خه‌ڵک ده‌بێ چۆن هه‌ڵس وکه‌وت بکه‌ن؟
به واتایه‌کی تر پرسیاری یه‌که‌م له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆکی بڕیاری
کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌یه‌و پرسیاری دووه‌م ڕووی له مافه سیاسیه‌کان
وپرسیاری سێهه‌م مافی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک له خۆ ده‌گرێ.
له‌مه‌ڕ پرسیاری یه‌که‌مه‌وه واته پێوه‌ری هه‌ڵسه‌نگاندنی
له‌باربوونی ده‌ستووره‌وه کورتکراوه‌ی وه‌ڵامی کانت بریتیه له
وه‌رگرتنی یاسا له لایه‌ن تێکڕای هاووڵاتیانه‌وه.کانت له‌م
بابه‌ته‌وه وا به‌ڵگه دێنێته‌وه که نابێ قایل به‌بوونی هیچ
سنوورێک بین له قبووڵکردنی ئه‌م یاسادا له لایه‌ن هه‌مووانه‌وه.
هه‌ر کاتێک گرووپ یا جه‌ماوه‌رێک له خه‌ڵک به بۆنه‌ی گرێدراویی
چینایه‌تی و ڕاده‌ی دارایی وپێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی خواروو یا
ژوورووه‌وه له وه‌رگرتنی ده‌ستوور یاخود ده‌ربڕینی بیروڕا
له‌سه‌ری وه‌لا نران، ئیتر ئه‌و یاسایه عادڵانه نیه. له
درێژه‌دا کانت له‌سه‌ری ده‌ڕوا که گه‌ل ده‌بێ دوای ئیراده و
ویستی سه‌ربه‌ستانه‌ی خۆی بکه‌وێ وعه‌قڵ حوکم ده‌کا ته‌نیا به‌پێی
یاسایه‌ک بڕۆن که خۆیان دانیان پێدا ناوه. به واتایه‌کی تر
به‌پێی ئه‌م به‌ڵگه هێنانه‌وه کانتیش وه‌ک دیکه‌ی بیرمه‌ندانی
سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری له‌وانه هابز و لاک و ڕۆس ۆ"حاڵه‌تی سروشتی"
و "بڕیارنامه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی"
ده‌کا به سه‌ره‌تای هه‌نگاونانی.کانت کۆمه‌ڵگای ئیده‌ئالی
خۆی به کۆمه‌ڵگایه‌ک ده‌زانێ که به پێی داخوازی سه‌ربه‌ستانه‌ی
هه‌مووان داده‌مه‌زرێ. ئه‌م داخوازیه له بڕیارنامه‌ی نێوان
هه‌موو هاووڵاتیاندا، ماف و ئه‌رکی ئه‌ندامانی ڕوون کردۆته‌وه.
به‌ڵام کانت بیرمان ده‌خاته‌وه که به‌شێوه‌ی پراکتیک و به
ئه‌زموون دانانی وه‌ها بڕیارنامه‌یه‌ک له نێوان هه‌موواندا
نامومکینه،به‌ڵام ئه‌م قه‌راره "ته‌نیا ئایدیایه‌کی ئاقڵانه"یه.
که‌وابووله بواری ئه‌قڵی وئه‌خلاقیه‌وه نێوئاخنی یاسای بنه‌ڕه‌تی
ڕه‌چاوکردنی چه‌مکی قبووڵکردنی هه‌موان ئه‌رکه‌و ده‌بێ پارێز
بکرێ له تێترنجانی هه‌ر چه‌شنه ئایدیا‌و مژارێک که بتوانێ
به‌شێکی جه‌ماوه‌ر به‌ره‌نگاری بکاته‌وه. که‌وابوو به کرده‌وه
ده‌ستوور ده‌توانێ یاسایه‌کی عادڵانه‌و دروست بێت، ته‌نانه‌ت
ئه‌گه‌ر دانه‌دانه‌ی هاووڵاتیانیش هه‌ڵوێستیان له‌باره‌وه
نه‌گرتبێ.
له بابه‌ت پرسیاری دوه‌م واته ناوه‌ڕۆکی وه‌ها یاسایه‌ک کانت
سه‌ره‌تا چه‌مکێکی بنه‌ڕه‌تی دێنێته ئاراوه که له مه‌زموونی
یاسادا گرنگییه‌کی ناوه‌ندی هه‌یه وئه‌و چه‌مکه ناو ده‌نێ "بێ
لایه‌نی" یاسا. کانت له‌مه‌ڕ چه‌مکی بێ لایه‌نیدا به‌ڵگه‌مه‌ند پێی
وایه که یاسا مافی ده‌ستێوه‌ردان له ژیانی خه‌ڵک،یا هه‌وڵدان بۆ
ڕێنیشانده‌ری خه‌ڵک به‌ره‌و به‌خته‌وه‌ری و یا دیاریکردنی چاکه‌و
خراپه‌ی نیه له ژیانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵدا، چون مومکین نیه که
تێکڕای خه‌ڵک له باره‌ی شێوه‌ی ژیانه‌وه یه‌ک جۆر بیر
بکه‌نه‌وه‌و هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر به‌خته‌وه‌ری وداماوی وگه‌وره‌یی
و په‌ستی یه‌ک شت بێ وهه‌ر به‌م بۆنه‌وه هه‌ر چه‌شنه هه‌وڵێکی
ده‌ستێوه‌رده‌رانه‌ی یاسا له‌م بابه‌ته‌وه یه‌کیه‌تی خه‌ڵک
تێکده‌دا و یه‌کڕیزیان خه‌وشدار ده‌کا. کانت ده‌نووسێ: "مرۆڤه‌کان
خاوه‌ن بیروباوه‌ڕی جۆراوجۆرن. که‌وابوو ناتوانی له ژێر چه‌تری
چه‌مکی ویستێکی هاوبه‌شدا کۆیان بکه‌یته‌وه." ئه‌م هه‌ڵوێسته
به‌م ئاکامه‌مان ده‌گه‌یه‌نێ که ناوه‌ڕۆکی یاسایه‌کی عادڵانه
ده‌بێ زه‌مانه‌تی چه‌مکی یه‌کسانی هه‌موو هاووڵاتیان بکاکه
هه‌رکه‌س ئیمکانی ئه‌وه‌ی بۆ بڕه‌خسێ به پێی بۆچوونی خۆی به دوای
ئامانجی تاکه‌که‌سی و هاتنه دی به‌خته‌وه‌ری خۆیدا بگه‌ڕێ. کانت
ئاوا درێژه‌ی پێ ده‌دا:"هه‌ر تاکێک مافی ئازادی بیروباوه‌ڕی
هه‌یه‌و ده‌توانێ بۆ هێنانه دی باوه‌ڕی خۆی سه‌ربه‌ستانه کار
بکا، تا کاتێک هه‌مان ماف بۆ که‌سانی تریش قایل بێت. که‌س مافی
ئه‌وه‌ی نیه من وادار بکا به پێی سه‌لیقه‌و ده‌رکێکی تایبه‌تی
به به‌خته‌وه‌ری بگه‌م.هه‌موو که‌س مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به پێی
ویست و بۆچوونی خۆی شێوه‌ی به‌خته‌وه‌ری خۆی بدۆزێته‌وه، به
مه‌رجێک ماف و ئازادیه‌کانی که‌سانی دی پێشێل نه‌کا." کانت داکۆکی
له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کا وه‌ها بارودۆخێک ته‌نیا له کۆمه‌ڵگایه‌کدا
دێته دی که یاسای بنه‌ڕه‌تیه‌که‌ی له‌سه‌ر چه‌مکی قبووڵکردنی
هه‌مووان داڕیژرابێ. دووهه‌مین تێزی گرینگی کانت له‌مه‌ڕ ناوه‌ڕۆکی
یاسا هه‌ڵس وکه‌وتی یه‌کسان وچوون یه‌که له گه‌ڵ تێکڕای
هاووڵاتیان به بێ له‌به‌رچاوگرتنی ڕاده‌ی سامان وپێگه‌ی
کۆمه‌ڵایه‌تی تاکه‌کان. ته‌نیا ریزپه‌ڕێک که کانت له‌به‌رچاوی
ده‌گرێ سه‌رۆکی حکوومه‌ته که پێویسته چوارچێوه‌ی ماف و
ئه‌رکه‌کانی به پێی سیسته‌مێکی نووسراوی جیا دیاری بکرێ. به‌ڵام
داکۆکی ی سه‌ره‌کی کانت له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌یه که ده‌بێ تێکڕای
تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌ره‌تانێکی به‌رابه‌ریان بێت بۆ پێشبڕکێ
له‌گه‌ڵ یه‌کتر بۆ گه‌ییشتنیان به پێگه ئابووری و
کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان. ئه‌وه لێهاتوویی و توانا‌و کۆڵنه‌دانی
تاکه‌کانه که
سه‌رکه‌وتن و شکستیانی لێ ده‌که‌وێته‌وه، نه‌ک ئه‌و ده‌رفه‌ت و
پێوه‌ندی ویاسا‌و ڕێسا نابه‌رابه‌رانه‌ی ده‌خرێته به‌رده‌میان.کانت
باسێکی دوورودرێژ له‌مه‌ڕ نابه‌رابه‌ریه مادیه‌کانی نێوان
هاووڵاتیان دێنێته گۆڕێ و ده‌ڵێ ئه‌وه مافی تاکه‌کانه که له
سایه‌ی هه‌وڵ وتوانا تاکیه‌کانه‌وه ده‌سیان به شوێنه مومتازه
ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ڕابگا، به‌ڵام ئه‌م چه‌شنه
نابه‌رابه‌ریانه نابێ ببێته هۆی هه‌ڵس وکه‌وتی نابه‌رابه‌ر
ده‌رهه‌ق به هاووڵاتیان.که‌وابوو نابه‌رابه‌ریه
کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له ڕوانگه‌ی کانته‌وه ره‌وایه‌و هه‌میشه
کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی وابووه‌و وایش ده‌مێنێ.
ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌ی کانته‌وه بڕوانین بۆ تیۆری
یه‌کسانی تاکه‌کان له هه‌مبه‌ر یاسادا ئه‌م پرسیاره به بیردا دێ
که چ زه‌مانه‌تێک هه‌یه که که‌له‌به‌ری نێوان توێژه
کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان تا ئاستێک بچێته سه‌ره‌وه که لێشاوی
ئه‌وهه‌ژاروبێبه‌شانه‌ی که یاسا پشتیوانی کۆمه‌ڵایه‌تیان لێ ناکا،
بارودۆخی ئێستا یا یاسای زاڵ قه‌بووڵ که‌ن؟ هه‌ڵبه‌ت کانت خۆی
ئاماژه‌یه‌ک به‌م بابه‌ته ده‌کا که"ڕه‌نگه بێبه‌شان هه‌ست بکه‌ن
وه‌ک ئاژه‌ڵی ده‌سته‌مۆی ده‌وڵه‌مه‌ندانیان لێهاتووه که ته‌نیا
ئه‌رکی خزمه‌تکردنی ئه‌ربابه‌کانیان له‌سه‌ره"، به‌ڵام پێ وشوێنی
ئه‌م بابه‌ته ناگرێ و ته‌نیا ئه‌م خاڵه به‌به‌س ده‌زانێ
که:"ئه‌وان نابێ تاوانی وه‌زعی خۆیان بخه‌نه ئه‌ستۆی که‌سانی
تر." به واتایه‌کی تر کێشه‌ی نابه‌رابه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی
مه‌سه‌له‌ی زه‌ینی کانت نیه و وردبوونه‌وه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌و
له‌سه‌ر یه‌کسانی یاسا و مافه.
پێویسته وه‌بیری بێنینه‌وه که له دوای جێگیربوونی زه‌ینی و
یاسایی یه‌کسانی هاووڵاتیان و هه‌ڵس وکه‌وتی چوون یه‌ک
له‌گه‌ڵیاندا بوو که چه‌ندین ده‌ساڵ دواتر بیرمه‌ندانێکی وه‌ک جان
ستوارد میل مژاری نابه‌رابه‌ریه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیان خسته
جه‌رگه‌ی باسی هزری سیاسیه‌وه. به واتایه‌کی تر مژاری به‌رابه‌ری
یاسایی و مافی هاووڵاتیان چ له ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیه‌وه و
چ له ڕوانگه‌ی ئه‌زموون و نه‌ریته‌وه سه‌رتربووه به‌سه‌ر مژاری
نابه‌رابه‌ریه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا.
کانت له درێژه‌ی باسی مافه‌یاساییه‌کان و ناوه‌ڕۆکی یاساوه کاتێک
له حاڵه‌تی گشتی و فه‌رزیه‌ی قه‌راردادی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه
ده‌گاته حاڵه‌تی دیاری کراو، دوای ئیستێک له سه‌رئه‌مه که ئه‌م
چه‌مکه له کۆمه‌ڵگادا به کرده‌وه ده‌توانێ فورمی جۆراوجۆر له
خۆبگرێ، له سه‌ر خاڵێکی ناوه‌ندی ورد ده‌بێته‌وه که له هزری
سیاسی ئه‌ودا گرنگیه‌کی ناوه‌ندی هه‌یه وئه‌ویش چه‌مکی "یه‌ک تاک
یه‌ک ده‌نگ"ه. ئیمانۆئێل کانت یه‌که‌م بیرمه‌ندێکه که دژ به
پله‌به‌ندی کردنی مافی ده‌نگدان به‌پێی جنسییه‌ت و ڕێژه‌ی داهات
وه‌ستاو چه‌مکی "یه‌ک تاک یه‌ک ده‌نگ"ی له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا
به به‌ڵگه سه‌لماند و بناغه‌که‌ی دانا.
ئه‌وه‌مان له بیر بێ که قه‌بووڵ بوونی چه‌مکی "یه‌ک تاک یه‌ک
ده‌نگ" نه ته‌نیا له‌لایه‌ن پاوانخوازانه‌وه به‌ڵکوو له‌لایه‌ن
ریفۆرم خوازانیشه‌وه مژارێک بوو ده‌مه‌قاڵه‌ی زۆر له‌سه‌ر بووکه
ده‌یا ساڵی کێشا وسه‌دان نامیلکه‌ی به لایه‌نگری ودژایه‌تی
له‌سه‌ر نووسرا ئینجا هاته‌دی. کانت له فورمووله کردنی باسه
پێوه‌ندیداره‌کان به ئازادی ڕاده‌ربڕین وبیروباوه‌ڕ وئازادی
چاپه‌مه‌نیشدا ڕۆڵێکی گرینگی گێڕا. داکۆکی بنچینه‌یی کانت له‌سه‌ر
ئه‌وه‌یه که جۆری حکوومه‌تێک که بتوانێ ئه‌م ئه‌رکه بگرێته
ئه‌ستۆ، سیسته‌می کۆماریه.کانت زۆر به جیددی پێی له‌سه‌ر کۆماری
بوونی سیسته‌می سیاسی داده‌گرێ و به جه‌وهه‌ری دیمۆکراسی و
ده‌سه‌ڵاتی زۆرینه‌ی ده‌زانێ.
پرسیاری سێهه‌م که کانت ده‌یخاته به‌ر باس هه‌ڵوێستی
هاووڵاتیانه له‌هه‌مبه‌ر حکوومه‌تدا. کانت پێش هه‌موو شتێک
ده‌پرسێ ئایا خه‌ڵک مافی نافه‌رمانی کردنی له هه‌مبه‌ر
حکوومه‌تێکدا هه‌یه که مافه‌کانیانی پێشێل کردووه یا نا؟ کانت
دوابه‌دوای ئه‌مه‌و له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا دوو خاڵ ده‌سنیشان
ده‌کا. یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر حکوومه‌ت هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ
قه‌راردادی کۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌ڵس وکه‌وتی کردبێ، نافه‌رمانی کردن
له به‌رابه‌ریدا ناڕه‌وایه‌و ده‌بێ سزا بدرێ ته‌نانه‌ت
ئه‌گه‌ر[سیسته‌مه‌که]که‌م و کوڕیشی بێ. چونکه ئه‌م چه‌شنه
نافه‌رمانیه خه‌سڵه‌تی کاولکاری هه‌یه. ئه‌و ده‌ڵێ له هه‌ر حاڵ
ودۆخێکدا- به چاو پۆشین له ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی-تاقمێک هه‌ن که له
هه‌ندێ یاسا ناڕازی ده‌بن،ئه‌گه‌ر بڕیار بێ هه‌موو ناڕازیبوونێک
خۆڕاگری و نافه‌رمانی له هه‌مبه‌ر حکوومه‌تدا لێ بکه‌وێته‌وه،
ئه‌وا هیچ کاتێک کۆمه‌ڵگا سه‌قامگیری به خۆوه نابینێ.کانت له
باسه‌که‌یدا نیگه‌رانی خۆی له‌به‌کارهێنانی هه‌ڕه‌شه وزه‌بروزه‌نگ
دژی پێکهاته‌ی سیاسی ده‌رده‌بڕێ وبه توندی ده‌رهه‌ق به ئاکامه
تاڵه‌کانی ڕووخانی حکوومه‌ت هۆشداری ده‌دا.له وه‌ها حاڵه‌تێکدا
تیۆری کانت زۆر له حاڵه‌تی سروشتی تیۆری هابز ده‌چێ که تێیدا
نه‌بوونی حکوومه‌ت به مانای سه‌ره‌تای "شه‌ڕی هه‌مووان دژ به
هه‌مووان" چاوی لێ ده‌کرێ. دووهه‌نین خاڵێک که له درێژه‌ی
باسه‌که‌دا کانت داکۆکی له‌سه‌ر ده‌کا ئه‌وه‌یه که ته‌نانه‌ت
ئه‌گه‌ر هه‌ندێ جار هاووڵاتیان پێیان وابێ که هه‌ندێ له یاساکان
ناعادڵانه و نادروسته،نابێ بۆ گۆڕانیان ده‌س بده‌نه نافه‌رمانی
و له هه‌مبه‌ر حکوومه‌تدا ئاژاوه‌گێڕی بکه‌ن. به پێی ئه‌م
بۆچوونه کانت پێی وایه مافی به‌کارهێنانی گرژی تایبه‌ت به
حکوومه‌ته.هه‌روه‌ها کانت داکۆکی له‌سه‌ر ناهه‌قبوونی
به‌کارهێنانی توندوتیژی ده‌کا له به‌رابه‌ر توندوتیژی کردنی
حکوومه‌تدا و ده‌ڵێ: "ئه‌گه‌ر حکوومه‌ت بڕیارنامه‌ی گشتی پێشێل
بکاو له ڕێگای توندوتیژی یه‌وه دیکتاتۆریه‌ت بگرێته
به‌ر،زۆرلێکراوان مافی ئه‌وه‌یان نیه له به‌رانبه‌ریدا به
شێوه‌ی توندوتیژانه خۆڕاگری بکه‌ن."
به گشتی کانت به پشت به‌ستن به‌م به‌ڵگانه‌وه باوه‌ڕی به‌وه‌یه
که ته‌نانه‌ت حکوومه‌تی زۆره‌ملێ له بێ یاسایی وشێواوی باشتره
که ئه‌و پێی ده‌ڵێ "بارودۆخی مه‌ترسیدار". چونک ه"یاخیگه‌ری گه‌ل
بۆ وه‌ده‌سهێنانی مافه له‌کیس چووه‌کانیان،نادروسته، چونکه له
ئاکامدا دۆخی ده‌سه‌ڵاتی یاسا ده‌گۆڕێ به‌ره‌و زاڵبوونی بێ یاسایی
و وه‌زعێک ده‌خولقێنێ که به‌گشتی بابه‌تی ماف،کارامه‌یی خۆی
له‌ده‌س ده‌دا." که‌وابوو کانت هیچ جێگایه‌ک بۆ نافه‌رمانی گشتی دژ
به‌حکوومه‌ت ناهێڵێته‌وه‌و مه‌ترسی تلاربوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا
به‌ره‌و بێ یاسایی و به‌ره‌و دۆخێک که "چه‌ندان قات دڵته‌زێنتر
له‌هه‌ر چه‌شنه ده‌سه‌ڵاتێکی حکوومه‌تی دیکتاتۆری"یه، زۆر جیددی
تر ده‌بینێ له کرانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا به‌ره‌وڕووی ئاسۆ نوێکان.
کانت بۆ گه‌یشتن به ئازادی ڕاسته‌قینه پێکهێنانی ئاڵ وگۆڕی
بیرکردنه‌وه له شۆڕشه کۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی یه‌کان به نرختر
ده‌زانێ و ده‌ڵێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که شۆڕش ده‌توانێ حکوومه‌ته
ئیستبدادیه‌کان
بڕووخێنێ، به‌ڵام ناتوانێ له چۆنیه‌تی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌و
که‌سانه‌یدا که وره‌ی به‌کاربردنی ده‌رکی خۆیان نیه،ئاڵ وگۆڕ پێک
بێنێ.هه‌ر لێره‌وه زۆر ده‌مارگیری نوێ جێی ده‌مارگیریه
پێشووه‌کان ده‌گرێته‌وه‌و جارێکی تر جه‌ماوه‌ری ناتێگه‌یشتوو
ده‌سبه‌سه‌ر ده‌کا.
بێجگه له سێ پرسیاری سه‌ره‌وه کانت چه‌ن مژاری دیکه‌ی له هزری
سیاسی‌دا خستۆته به‌ر باس که گرینگ‌ترینیان فه‌لسه‌فه‌ی
مێژووه.تێزی سه‌ره‌کی کانت له‌مه‌ڕڕه‌وتی مێژوو زۆر پۆزه‌تیڤ
وگه‌شبینانه‌یه. مه‌به‌ستی کانت له فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو ئه‌وه‌یه
که گه‌رچی لێره‌و له‌وێ و له‌م ڕووداو‌و ئه‌و ڕووداودا وله ڕه‌وتی
مێژوودا کۆمه‌ڵه پاشگه‌زبوونه‌وه‌یه‌ک ده‌بینرێ،به‌ڵام ئه‌م
پێچه‌ڵپێچیانه تێکڕای حه‌قیقه‌ت ده‌رناخه‌ن. ڕه‌تی مێژوو له
سه‌ره‌وه‌ی وه‌ها مه‌یلکردنێکه به‌ره‌و
پاشگه‌زبوونه‌وه‌کان.ئه‌مه ڕاسته که هه‌رکه‌سێک وله‌ژیاندا
به‌دوای پلانی خۆیدا ده‌ڕوا که ڕه‌نگه به‌ره‌نگاری پلانی که‌سانی
تر بوه‌ستێ وله ڕه‌وتی پێشڤه‌چوونیدا به‌ربه‌ستی کاتی بێته
ڕێگای، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا ڕه‌وتی مێژوو ئامانجێکی نیهایی
هه‌یه.ڕێچکه‌ی ئه‌م ئامانجه نیهایی یه به ئاراسته‌ی کامڵ‌بوونی
کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌ڕوا و کانت پێی ده‌ڵێ "ئامانجی سروشت". به
باوه‌ڕی کانت پێگه‌یشتنی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ک ڕه‌وتێکی خۆڕسک به‌ڵکوو
خاوه‌ن"جه‌مسه‌رێکی عه‌قڵانی"یه.ئامانجی ئاخرینی ئه‌م"جه‌مسه‌ره
عه‌قڵانی"ه به‌ره‌و دوو ئامانجی بنه‌مایی ده‌ستی مرۆڤ ده‌گرێ:
یه‌که‌میان پێگه‌یشتن گه‌شه‌ی مرۆڤ و تواناکانیه‌تی و دووهه‌میان
سه‌قامگیری ئاشتی یه‌کی هه‌میشه‌یی یه له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا.
به‌ڵام هاتنه‌دی ئه‌م دوو مه‌به‌سته نه‌وه‌ک له ڕێبازی
ڕێپیشانده‌ری و ئادگاری ئاگایانه‌ی مرۆڤه‌وه به‌ڵکوو له ڕاستیدا
له‌لایه‌ن ئه‌و ئامانجه نهێنی و نه‌ناسراوانه‌وه سه‌رده‌گرێ که
له پشتی مرۆڤدان.
کانت قسه له "ده‌ورگێڕێکی خاوه‌ن مه‌به‌ست" ده‌کا که ڕه‌وته
مێژوویی یه‌کان به‌ره‌و ئامانجێکی نیهایی ئاراسته ده‌کاو ئه‌م
ده‌ورگێره ناوده‌نێ "سروشت". له شیکردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌م
مژاره‌دا مه‌به‌ستی کانت به‌م چه‌شنه ڕوونتر ده‌بێته‌وه که
کۆمه‌ڵه ده‌س و پێوه‌ندێکی جۆراوجۆر له کاردان بۆ پێشه‌وه بردنی
ڕه‌وتی جیهان که ململانێ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له گرینگترینیانن.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی که ئامانجه‌کانی مرۆڤ چوون یه‌ک نین، ململانێ
وجیاوازی له‌سه‌ر هاتنه‌دی ئه‌م ئامانجانه مرۆڤه‌کان ناچار به
به‌هێزکردن و گه‌شه‌ی لێهاتوویی و تواناییگه‌لێک ده‌کا که
دژایه‌تی و ته‌گه‌ره‌ی ڕێگایان له‌نێو ده‌با یا ده‌یگه‌یه‌نێته
خوارترین ئاست. که‌وابوو ئه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیبوونی مرۆڤه‌کانه که
له ئاکامدا هه‌م به‌ره‌و ململانێ وهه‌م به‌ره‌و که‌مکردنه‌وه‌ی
ململانێ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ڕایانده‌کێشێ. وه‌ها پارادۆکسێک له
ڕاستیدا سه‌رچاوه‌ی
سه‌ره‌کی هه‌مان دوو ئامانجی بنه‌ڕه‌تی سه‌ره‌وه‌یه و له ناو
ئه‌وه‌وه ئاشتی هه‌میشه‌یی سه‌رهه‌ڵده‌دا.
ئاشتی هه‌میشه‌یی
تێزی ناوه‌ندی ئاشتی هه‌میشه‌یی له هزری سیاسی کانتدا گرنگایه‌تی
جیددی هه‌یه ونیشانده‌ری جیهانگیربوونی ڕوانگه‌ی سیاسی ئه‌وو
ئیده‌ئالی سیاسیه‌تی. له شیکاری ئایدیای ئاشتی هه‌میشه‌ییدا کانت
ده‌ڵێ: "ده‌وڵه‌ته نیشتیمانی سیسته‌مه کۆماریه‌کان گه‌رچی جیا
له هه‌رچه‌شنه ململانێیه‌ک له‌گه‌ڵ یه‌کتر پێکنایه‌ن،به‌ڵام
ئامانجی نیهایی، گه‌یشتن به دامه‌زراندنی جیهانێکی یه‌کگرتوو و
ئاشتیانه‌یه.هێنانه مه‌یدانی وه‌ها ئیده‌ئالێک له‌ڕاستیدا کانتی
له فه‌یله‌سووفێکی ئه‌قڵگه‌رای سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ریه‌وه بۆ
بیرمه‌ندێکی ده‌ره‌وه‌ی کات وشوێن برده سه‌ره‌وه وله‌ڕاستیدا
هێڵی جیاکه‌ره‌وه‌ی نێوان سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری و سه‌رده‌می
ڕۆمانتیکی سڕیه‌وه. له‌م ڕوانگه‌وه ده‌کرێ کانت وه‌ک بیرمه‌ندێکی
سه‌رده‌می ڕۆمانتیکیش بناسرێ. به بڕوای کانت مرۆڤ وه‌ک
بوونه‌وه‌رێکی ئه‌قڵگه‌را بیهه‌وێ ونه‌یهه‌وێ به‌ره‌و ئاشتی
هه‌میشه‌یی هه‌نگاو ده‌نێ و هاووڵاتی جیهانی، واتایه‌که که له
یه‌که‌یه‌کی جیهانی پشتبه‌ستوو به ئاشتیه‌وه مسۆگه‌ر ده‌بێ.
له‌به‌ر ئه‌وه‌یه کاتێک پرۆژه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی بوونی جیهان
وه‌ک پێکهاتنی یه‌کیه‌تی ئه‌ورووپا به‌هێز ده‌بێ یا ده‌چێته
قۆناغێکی نوێوه، هزری "ئاشتی هه‌میشه‌یی"
کانت دێته‌وه بیر سه‌رله نوێ ده‌خوێنرێته‌وه
ده‌بریسکێته‌وه.
وانه‌ی ئه‌خلاقی
کانت وێڕای هه‌موو ئه‌و داکۆکیانه‌ی له هزر هه‌ڵس وکه‌وتدا له
سه‌ر ئه‌قڵ ده‌یکا،ده‌کرێ شوێن پێی سۆفیگه‌ری له هزره‌کانیدا
ببینین که ئه‌ویش میراتی بنه‌ماڵه‌و شوێنی ڕاهێنان و
گه‌وره‌بوونیه‌تی بۆی ماوه‌ته‌وه. سۆفیگه‌ری بزوتنه‌وه‌یه‌کی
زوهدپه‌ره‌ستانه‌یه له نێوان په‌یڕه‌وانی کلیسای لۆتری ئه‌ڵماندا
که له ژیانی تاک و به‌کۆمه‌ڵدا نرخێکی زۆر ده‌دا به دینداری و
زاهیدی. گه‌رچی کانت نێوانێکی له‌گه‌ڵ بیری دواکه‌وتوانه‌ی ئایینی
و سۆفیانه‌دا نه‌بوو، به‌ڵام کاریگه‌ریان بوو به‌سه‌ر
پره‌نسیپه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقی ئه‌وه‌وه. خۆپاراستن له
گوناحه زه‌مینیه‌کان و مه‌یخواردنه‌وه شوێنی گرینگ‌یان هه‌یه له
وانه ئه‌خلاقیه‌کانی کانت دا. باوه‌ڕیشی به تاک وه‌ک لۆتر و
کالوین له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه دامه‌زراوه که هه‌ر تاکێکی مرۆڤ
ڕێگای گه‌یشتن به حه‌قیقه‌ت به خۆپاراستن له ڕێچه‌وتیه‌کانی
ژیانی مادی به‌ده‌س دێنێ. به‌ڵام کانت له‌سه‌ر ئه‌وه داکۆکی ده‌کا
که هیچ ئۆتۆریته‌و ده‌سه‌ڵاتێکی ئایینی ونائایینی نابێ به‌سه‌ر
چاره‌نووس وهه‌ڵبژاردنی سه‌ربه‌ستانه‌ی تاکدا بسه‌پێت. هه‌موو
مرۆڤه‌کان خاوه‌نی به‌هایه‌کی چوون یه‌ک وبه‌رابه‌ر و جیهانین و
هه‌ر ئه‌م تێگه‌یشتنه بنه‌ماییه کۆڵه‌که‌ی گشت بۆچوونه سیاسی و
فه‌لسه‌فی ئه‌خلاقی وزانستیه‌کانی پێکدێنێ و شوێنێکی گرینگ ده‌دا
به هزره‌کانی له سه‌رکه‌وتنی ئاوه‌ز و مرۆڤگه‌رایی به‌سه‌ر
نه‌زانی له‌سه‌ر زه‌میندا.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ وانه ئه‌خلاقیه‌کانی کانت له چه‌ن تێزی جه‌م
وجۆردا کورت بکه‌ینه‌وه ده‌کرێ بڵێین:
1- له‌گه‌ڵ که‌سانی دی وا هه‌ڵس وکه‌وت بکه که ده‌ته‌وێ له‌گه‌ڵ
خۆت بیکه‌ن.
2- مرۆڤه‌کان هه‌موویان جیا له ڕاده‌ی سامان و پله‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی
و جنس وشتی له‌و چه‌شنه خاوه‌ن پله‌ی یه‌کسانن به‌م بۆنه‌وه
شایانی ئه‌وه‌ن هه‌ڵس وکه‌وتی شیاوی مرۆڤانه‌و بێلایه‌نانه‌یان
له‌گه‌ڵدا بکرێ.
3- مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی نه ته‌نیا خاوه‌ن ماف
به‌ڵکوو به‌رپرسیاره‌تیشی هه‌یه وله‌به‌ر ئه‌وه ره‌فتاری یاسایی
وڕێزدانان بۆ یاسا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر قبووڵیشت نه‌بێ
به‌رپرسیاره‌تیه‌کی ئه‌خلاقیه.
کانت له ساڵی 1796ه‌وه واته هه‌شت ساڵ به‌رله مه‌رگی ده‌سی له
وانه‌گوتنه‌وه کێشایه‌وه‌و له ساڵه‌کانی کۆتایی ژیانیدا، هانای
له‌ش ووزه‌ی به‌ره‌و که‌مبوونه‌وه چوو تا ئه‌و جێگای که جاروبار
هاوڕێکانیشی وه‌بیر نه‌ده‌هاته‌وه. ئاکام له فێبریه‌ی ساڵی 1804
ژینی پڕبایه‌خی کۆتایی پێ هات. ته‌مه‌نێک که هه‌مووی له ڕێبازی
گه‌ڕان به‌دوای حه‌قیقه‌ت و ناسینی مرۆڤ و ڕێپیشانده‌ریدا رابوورد.
سه‌رچاوه:
ماڵپه‌ڕی ایران لیبرال
|