|
و.
له فارسییه‌وه:
عه‌تا جه‌ماڵی
ئه‌مڕۆكه ناتوانرێ سیاسه‌تی مۆدێرن به دابڕاو و به‌بێ
پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سوننه‌تی فه‌لسفه‌ی رۆژاوا له‌به‌ر
چاو بگیرێ، چونكه بۆ
ئاوا
هه‌ڵبڕانێک
پێویسته مێژووی هزری سیاسی رۆژاوا بناسرێت و پرسیاری
له‌باره‌وه بكرێت. له وه‌ها حاڵَه‌تێكدا ئێمه دیسان
بۆ جارێكی تر ده‌كه‌وینه‌وه ناو سوننه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی
سیاسی رۆژاواوه. سوننه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی له
ماوه‌ی 25 سه‌ده‌ی رابردوودا وه‌ك دابڕانێك خۆده‌نوێنێ
كه تا به ئه‌مڕۆكه زۆربه‌ی باوه‌ڕ و یه‌قینه فكری
و فه‌لسه‌فییه‌كانی مرۆڤایه‌تی بردۆته ژێر پرسیاره‌وه.
به‌رده‌وام و درێژه‌داربوونی ئه‌م سوننه‌تی دابڕانه
له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی به‌رده‌وام
به‌شوێن راستییه‌كدا ده‌گه‌ڕێ كه واتا‌ی
خۆی له جووڵه‌ی خۆیدا بدۆزێته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی
له‌و لایه‌نه‌وه هه‌ر چه‌شنه پرسیارێكی فه‌لسه‌فی
سه‌باره‌ت به سیاسه‌ت له‌م" خۆ جووڵه‌ییه" ی چه‌مكی
هه‌قیقه‌ت دا كورت ده‌بێته‌وه. به‌م پێیه هه‌ڵه‌یه
ئه‌گه‌ر ئیدعا بكه‌ین كه ئه‌مڕۆكه شایسته‌یی
گه‌ڵاڵه‌ی
هه‌ر چه‌شنه پرسیارێكی فه‌لسه‌فی و دادوه‌رییه‌كی
ڕه‌خنه‌گرانه‌مان سه‌باره‌ت به رووداوه سیاسییه‌كان
دۆڕاندووه، چونكه له‌م حاڵه‌ته‌دا گوته‌زایه‌ك له
ژێر ناوی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی له ئارادا نابێت.
گه‌لاَڵه كردنی پرسیار سه‌باره‌ت به سیاسه‌ت به
مانای كه‌وتنه ناو چوارچێوه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی،وه‌ک
لقێکی ته‌کنیکی و زانستی نییه. فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی
به پێچه‌وانه‌ی فیزیكی
ناوه‌کی
یان زینده‌وه‌رناسی خانه‌یی، لقێکی پسپۆڕی
نییه،
چونكه چوارچێوه‌یه‌كی داخراو نییه كه
فه‌یله‌سووفان
له‌وێدا ته‌نیا له‌گه‌ڵ یه‌كتردا دانیشن بۆ دیالوَگی
فه‌لسه‌فی. بێگومان ئاوا دیالۆگێك له نێوان
شارۆمه‌ندانی كۆمه‌ڵگایه‌ك دا بیچم ده‌گرێ و له
قاڵبی چه‌مكگه‌لێكی فكری دا ده‌بێته فه‌لسه‌فه‌ی
سیاسی. به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی خاوه‌نی
تایبه‌تمه‌ندییه‌كه كه له سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی
له یۆنانی كۆنه‌وه تا به ئێستا هه‌ر هه‌بووه.
ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه له پرسیاركردن سه‌باره‌ت به
له‌به‌رچی و چلۆنیه‌تی ژیانی مرۆڤ له كۆمه‌ڵگای
سیاسی دایه. ئه‌م پرسیاره گرینگه هه‌ر له‌و
كاته‌وه له‌گه‌ڵ پرسیارێكی سه‌ره‌كیتردا هاتووه كه
ئه‌ویش گه‌لاَڵه‌كردنی ته‌وه‌ری " باشترین جۆری ژیانی
كۆمه‌لاَیه‌تی" یان به گوته‌یه‌كی تر گه‌لاَڵه‌ی
پرسیاری " باشترین سیسته‌می سیاسیی" یه. ره‌نگه هه‌ر
له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كه پرسیاركردن سه‌باره‌ت به
ده‌سه‌ڵات و درێژ بوونه‌وه‌ی له مێژوودا له پرسیاره
كلیدییه‌كانی
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی دێته ئه‌ژمار. هه‌ڵبه‌ت یه‌كێك له
بابه‌ته هه‌میشه گرینكه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی
ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵات چ دامه‌زراوه‌گه‌لێكی به
دواوه‌یه، واتا له چ قاڵبێكی شارستانی دا بیچم
ده‌گرێ. یه‌كێك له دامه‌زراوه‌كان " یاسا "یه كه
له روانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسییه‌وه جیا نییه له
جه‌وهه‌ری سیاسه‌ت. هه‌روه‌ها له‌بۆ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی
گه‌لاَڵه كردنی پرسیاری بونیادیی " سیاسه‌ت "
له‌گه‌ڵ گه‌لاَڵه كردنی پێوه‌ندی نێوان فه‌زای گشتی و
فه‌زای تایبه‌تی (جیا نه‌كردنه‌وه‌ی له نێوان
كلاسیكه‌كان دا و جیا كردنه‌وه‌ی له نێوان
مۆدێرنه‌كاندا)دا هاتووه.
كه‌واتا هه‌روه‌ك ده‌بینین فه‌لسه‌فه و سیاسه‌ت لێك
جیا ناكرێنه‌وه. فه‌لسه‌فه، له كۆمه‌ڵگای
مرۆڤه‌كان، واتا كۆمه‌ڵگای سیاسی دا سه‌ر هه‌ڵده‌دا و
ئه‌ندێشه‌ی سه‌باره‌ت به سیاسه‌ت خۆی
ده‌بێته چه‌مكێكی فه‌لسه‌فی. هه‌ر له‌به‌ر
ئه‌وه ئه‌ندێشه‌ی سیاسی هزرێكی تاكییه به‌ڵام
مانایه‌كی گشتی هه‌یه، ره‌نگه له‌سه‌ر چه‌مكگه‌لێك
ده‌دوێ كه گشتی و جیهانین. به گوته‌یه‌كی
تر، پرسیار كردن سه‌باره‌ت به وجوودی هاوبه‌شی
مرۆڤه‌كان پرسیارێكی فه‌لسه‌فییه. ئه‌م پرسیاره "
له"
from
و "له‌بۆ"to
كۆمه‌ڵگا
سیاسییه جیاوازه‌كان مانای جیاواز به خۆوه ده‌گرێت.
ده‌شێ ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه دیموكراتیك بن یاخود
ئیستبدادی یان تۆتالیتێر، واتا به گوته‌یه‌ك "
كۆمه‌ڵگای كراوه" بن یاخود "كۆمه‌ڵگای داخراو".
كۆمه‌ڵگای
دیموكراتیك به‌رهه‌می دیارده‌یه‌كه كه تۆكۆڤیل به "
شۆڕشی دیموكراتیك " ناودێری ده‌كات.
له روانگه‌ی ئه‌وه‌وه دیموكراسی دیارده‌یه‌كه كه
گه‌یشتۆته ئه‌نجامی كۆتایی هاتنی زنجیره پله سیاسی
و كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كان و به لووتكه گه‌یشتنی تاكێتی.
له كۆمه‌ڵگا دیموكراتیه‌كان دا به پێچه‌وانه‌ی
كۆمه‌ڵگا ئیستبدادی و تۆتالیتێره‌كان یاسا له
سه‌ره‌وه و به چه‌شنێكی سه‌روه‌رانه نادرێته
تاكه‌كان، به‌ڵكوو به‌رهه‌می كرداری سۆژه ئازاد و
خودموختاره‌كانه که وه‌ک شارۆمه‌ندێکی
سیاسی
یاسا
له‌خۆیاندا
ده‌روونی ده‌كه‌ن. به‌م پێیه له روانگه‌ی
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسییه‌وه پرسیار له‌سه‌ر سیاسه‌ت،
پرسیاره سه‌باره‌ت به "ژیانی هاوه‌به‌ش"ی مرۆڤه‌كان
و فه‌یله‌سووف كه‌سێكه كه بیر له‌م وجووده
هاوبه‌شه ده‌كاته‌وه و به مێشكێكی ئازاده‌وه
سه‌باره‌ت به‌م ته‌وه‌ره دیالۆگ ده‌كات. به‌ڵام
فه‌یله‌سووف، به قسه‌كردن سه‌باره‌ت به وجوودی سیاسی
( كه به پێی پێناسه‌كه‌ی شتێكی هاوبه‌شه ) پێویستی
به فه‌لسه‌فه‌ی سیاسییه. له‌و لایه‌نه‌وه كه
فه‌یله‌سووف خۆی شارمه‌ندی كۆمه‌ڵگای سیاسییه ده‌كرێ
بگه‌یته ئه‌م ئه‌نجامه كه فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی خۆی
به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگایه‌كی سیاسییه كه بیر له ئامانج
و غایه‌ته‌كانی ژیانی هاوبه‌شی خۆی ده‌كاته‌وه. به
واتا‌یه‌كی تر، به هه‌مان
ئه‌و
راده‌یه‌ی كه سیاسه‌ت
وه‌ک
هونه‌ری رێكخستنی كۆمه‌ڵگا، به درێژایی سه‌ده یه‌ك
له دوای یه‌كه‌كان دا له‌گه‌ڵماندا بووه، پرسیاری
فه‌لسه‌فی له‌سه‌ر سیاسه‌ت له كۆمه‌ڵگا سیاسییه‌كان
دا گه‌لاَڵه كراوه. ئه‌وه‌ش ده‌شێ له‌به‌ر ئه‌وه
بێت كه سیاسه‌ت خۆی خاوه‌نی ناوه‌رۆكێكی ته‌واو
مرۆڤانه‌یه. واتا نه جه‌وهه‌رێكی ئاژه‌ڵی هه‌یه و
نه جه‌وهه‌رێكی خوداوه‌ندی، به‌ڵكوو ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ جه‌وهه‌ری كۆمه‌لاَیه‌تیی مرۆڤ. به‌ڵام ئایا هه‌ر
كۆمه‌ڵگایه‌كی مرۆیی ده‌توانرێ به گۆمه‌ڵگایه‌كی
سیاسی دابنرێت؟ و ئایا له كۆمه‌ڵگایه‌كی مرۆیی دا
هه‌موو شت سیاسییه؟
یان ئه‌وه‌یكه له نێوان سیاسه‌ت (
La politique -polities
)و
كاروباری سیاسی دا (
(le politique-policy
جیاوازی دابنرێت؟
هه‌روه‌ها چلۆن ده‌بێ جیاوازی بكرێ له نێوان
ئه‌وه‌ی كه سیاسییه و ئه‌وه‌یكه سیاسی نییه ( بۆ
وێنه ره‌هه‌ندی جوانیناسانه ) مه‌گه‌ر جگه
له‌وه‌یه كه به سیاسی كردنی ره‌هه‌نده
ناسیاسییه‌كان هه‌میشه وێرانی به‌رهه‌م دێنێت (دوو
ئه‌زموونی فاشیزم و ستالینیزم له سه‌ده‌ی بیسته‌م دا
به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌م بابه‌ته) ؟
كه‌واتا لێدوان له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ده‌بێ به
چ شێوه‌یه‌ك بێت؟ ده‌توانین تا چه‌نده له
فه‌لسه‌فه‌یه‌ك بدوێین كه له سیاسه‌ت ده‌كۆڵێته‌وه
به‌ڵام مه‌ترسی به ئایدیۆلۆژی بوون هه‌ڕه‌شه‌ی
لێ ناكات ؟ له راستیدا كاتێك كه باسی
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی دێته ئاراوه، ده‌بێ جیاوازییه‌ك
له نێوان ئه‌و زانستانه‌دا دابنرێت. زانستی سیاسی به
ناس كردنی داتاكانی كرداری سیاسی ده‌گوترێ كه له
كاروباری ده‌ركردنی بڕیاری سیاسی ده‌كۆڵێته‌وه. به‌م
شێوه‌یه زانستی سیاسی كاری تاقیكردنه‌وه و دۆزینی
فاكته‌ره تایبه‌ته‌كانی سیاسه‌ت ده‌كات به‌ڵام ئاوڕێك
له جه‌وهه‌ری سیاسه‌ت ناداته‌وه. به پێچه‌وانه،
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی له چییه‌تی، واتا
و بیچم گرتنی چه‌مكی سیاسه‌ت خورد ده‌بێته‌وه، واتا
مه‌به‌ستی ئه‌و جۆرێك له دیارده‌ناسیی سیاسه‌ته.
ره‌نگه هه‌ر به‌م هۆیه، فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی له
رۆژمه‌ڕڕه‌یی دوور ده‌كه‌وێته‌وه و وه‌ك فكرێكی
فه‌لسه‌فی روانینێكی ره‌خنه‌گرانه‌ی هه‌یه بۆ
گوته‌زای سیاسه‌ت. به‌ڵام دووركه‌وتنه‌وه‌ی
فه‌یله‌سووفی سیاسی له رۆژمه‌ڕڕه‌یی سیاسه‌ت به
مانای بێ بایه‌خ بوونی ئه‌و به مانای مێژووی
مرۆڤایه‌تی نییه. فه‌یله‌سووفی سیاسی له ته‌نیایی
ژووری كاره‌كه‌ی دا قه‌ڵه‌م چێ ده‌كات به‌ڵام به
هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو ده‌رگیره له‌گه‌ڵ
واقعیه‌تی سیاسیی جیهاندا.
له راستیدا ده‌شێ بگوترێ فه‌یله‌سووفی سیاسی ده‌ست
ده‌بات بۆ جۆرێك "ره‌خنه له ئاوه‌زی سیاسی"، واتا
له دادگای ئاوه‌زدا دادوه‌ری له‌سه‌ر چه‌مكی سیاسه‌ت
ده‌كات. لێره‌دا پێویسته ئاماژه بكرێت به جیاوازی
نێوان فه‌یله‌سووفی سیاسی و ئیدئۆلۆگ. ئیدئۆلۆگ
به‌ندیی بونیادگه‌لی ئیمانیی پڕۆژه سیاسییه‌كانی
خۆیه‌تی له حاڵێكدا كه فه‌یله‌سووفی سیاسی به
به‌راوردێكی ره‌خنه‌گرانه‌وه پڕۆژه‌گه‌لی سیاسیی
چوارچێوه ئیمانییه‌كان ده‌خاته به‌ر پرسیار.
ئیدئۆلۆگ
هه‌میشه و به به‌رده‌وامی به‌رگری له
واقعیه‌تێكی سیاسی ده‌كات كه به ره‌های ده‌زانێ،
به‌ڵام فه‌یله‌سووفی سیاسی به‌رده‌وام به شوێن
حه‌قیقه‌تی سیاسی دا ده‌گه‌ڕێ.
ره‌نگه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش بێت كه فه‌لسه‌فه له
سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه پرسیاری سه‌باره‌ت به
"نوێكاری و داهێنانی سیاسی" گه‌لاَڵه كردووه.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ره‌چه‌ڵه‌كی یۆنانیی دوو
چه‌مكی " سیاسه‌ت" و " فه‌لسه‌فه" واتا بۆ دوو وشه‌ی
politeia
و
philosophia
ده‌بینین كه
لای یۆنانییه‌كانی كۆن ئه‌م دوو بابه‌ته
ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تشار یان پولیس
polis
دا مانا
ده‌دات له روانگه‌ی یۆنانییه‌كانی كۆنه‌وه "سیاسه‌ت"
له بنه‌ڕه‌ته‌وه شتێكی مرۆییه نه‌ك خودایی.
هه‌روه‌ها سیاسه‌ت له پولیسی یۆنانی دا ده‌كه‌وێته
چوارچێوه‌ی روانینی گه‌ردوون ته‌وه‌ره‌وه و به‌شێكه
له سروشتی جیهان
phusis.
كاتێ ئه‌ره‌ستوو ده‌ڵێ: مرۆڤ به سروشتی ئاژه‌ڵێكی
سیاسییه، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه كه سروشتی مرۆڤ ئه‌وی
بۆ ژیان كردن له ده‌وڵه‌تشاردا ئاماده كردووه.
كه‌واتا ده‌وڵه‌تشار یان پولیس، كه وشه‌ی سیاسه‌ت
politeia
له‌وه‌وه
ده‌رچووه كۆمه‌ڵگایه‌كه كه به شێوه‌یه‌كی سروشتی
بیچمی گرتووه و راسته‌قینه‌ی ئه‌و له چوارچێوه‌ی
نه‌زمی گه‌ردووندا مانا په‌یدا ده‌كات.
به گوته‌یه‌كی تر له روانگه‌ی یۆنانییه‌كانی كۆندا
مرۆڤ هیچ پاساوێكی نییه بۆداهێنان
له ژیانی سیاسی دا، چونكه وه‌ك "پێدراوێكی سروشتی"
نراوه‌ته خزمه‌تی. كێشه‌ی سه‌ره‌كیی
مرۆڤه‌كان بیچم پێدان و ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌م " پێدراوه
سروشتییه‌یه" كه ئه‌ره‌ستوو وه‌ك " سامانی سیاسی
كۆمه‌ڵگا" باسی لێده‌كات. به‌م شێوه‌یه، سیاسه‌ت له
روانگه‌ی یۆنانییه‌كانی كۆن دا " هونه‌ری رێكخستنی
كۆمه‌ڵگا"یه كه له‌سه‌ر ئه‌ساسی لۆژیكێكی
گه‌ردوون
ته‌وه‌ر بیچم ده‌گرێ. هه‌ر به‌م هۆیه، له روانگه‌ی
فه‌یله‌سووفه یۆنانییه‌كانه‌وه ژیان كردن له
ده‌وڵه‌تشاره‌كاندا شتێكی زه‌روورییه. به بۆچوونی
ئه‌ره‌ستوو : "ئه‌و كه‌سه‌ی كه ناتوانێ له
كۆمه‌ڵگادا بژی و یان ئه‌و كه‌سه‌ی كه خۆژیێنه و
پێویستییه‌كی به كۆمه‌ڵكا نییه، یان خودایه یان
ئاژه‌ڵێكی كێوی." كه واتا له‌لای یۆنانییه‌كانی كۆن
غایه‌تی سیاسه‌ت، ژیان كردنه له ده‌وڵه‌تشاردا كه
"زانستی كردار"
prattein
ی
له‌گه‌ڵدایه. " زانستی كردار" مه‌عریفه‌یه‌كه كه
هونه‌ری رێكخستنی كۆمه‌ڵگا له رێگه‌ی داهێنانی
یاساوه گه‌لاَڵه ده‌كات. له‌م رووه‌وه سیاسه‌ت
ته‌نیا به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانی كۆمه‌ڵگا نییه.
به‌ڵكوو
كار و كردارێكیشه له ئاراسته‌ی هه‌ڵبژاردنی دروستی
یاساكاندا. كێ یان چ كه‌سانێك ئه‌م یاسایانه
هه‌ڵده‌بژێرن؟ له روانگه‌ی ئاتینییه‌كانی سه‌ده‌ی
پێنجی پێش زایین‌دا، بڕیاردان له‌سه‌ر یاساكان و
هه‌ڵبژاردنی دروست و عادلاَنه، هیچ كات له ئه‌ستۆی
یه‌ك تاك دا نییه، به‌ڵكوو به‌ستراوه به هێزی
كۆمه‌ڵێكه‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌ره‌ستوو له
به‌شی سێهه‌م، به‌ندی یه‌كه‌م، پاراگرافی، 1275ی
كتێبی سیاسه‌ت دا ده‌نووسێ: " له ئاتینی دیموكرات دا
ده‌سه‌ڵات مڵكی هیچكه‌س نییه".
ئه‌و ئاتینییانه‌ی به‌شداری ده‌كه‌ن له بڕیاره
سیاسییه‌كاندا و هه‌موان خاوه‌نی به‌رابه‌ریی ده‌ربڕین
isegoriaو
به‌رابه‌ری له به‌رانبه‌ر یاسا
isonomia
دان، شارۆمه‌ندانی پیاوی سه‌روو هه‌ژده ساڵن و له
دایك و باوكی ئاتینی داكه‌وتوون. له‌م رووه‌وه
ده‌وڵه‌تشار ته‌نیا فه‌زایه‌ك نییه بۆ زیندوو
مانه‌وه به‌ڵكوو به‌ر له هه‌ر شتێك " فه‌زای سیاسیی
ژیانی هاوبه‌شه"، واتا پانتایه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه
كه كۆمه‌ڵ تیایدا ئاماده ده‌بێت. كه‌واتا
راسته‌قینه‌ی ده‌وڵه‌تشار راسته‌قینه‌ی كرداری ئازادی
شارۆمه‌ندانه. به‌م شێوه‌یه، حه‌قیقه‌ت راستییه‌كی
باڵا نییه كه له جه‌وهه‌ری ده‌وڵه‌تشار جیا بێت.
ده‌وڵه‌تشار له باوه‌ڕ و هزری شارۆمه‌نداندا كورت
ده‌بێته‌وه. لێره‌دا ده‌كرێ ئاماژه به سوننه‌تی
ئه‌فلاتوونیی ململانێ له‌گه‌ڵ باوه‌ڕه‌كان و گه‌ڕان
به‌شوێن حه‌قیقه‌تی
باڵا
له جیهانی ئایدیاكاندا بكرێ كه به‌رهه‌می دژوازیی
سه‌رسه‌ختانه‌ی ئه‌فلاتوونه له‌گه‌ڵ كاركردی
دیموكراسی ئاتینی دا. ئه‌فلاتوون به داكۆكی كردن له
سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی " جیهانی ئایدیاكان" له " جیهانی
وجوود" ی ده‌وڵه‌تشاری ئاتینی، ئۆتۆریته‌ی
راسته‌قینه‌ی سه‌روه‌ر دێنێته ناو فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی
یۆنانی كۆنه‌وه.
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست كه به‌رهه‌می
سه‌روه‌ریی مه‌سیحییه‌ته له ئه‌ورووپادا، كاریگه‌ری
له دوو سوننه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فلاتوونی ( له
یۆنان) و ره‌واقی (له رۆمای كۆن) وه‌رگرتووه. له‌م
رووه‌وه، دنیای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست فه‌لسه‌فه‌ی
سیاسی ده‌خاته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیلاهیاتی
مه‌سیحییه‌ته‌وه. فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی مه‌سیحییه‌ت
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌ندێشه‌ی فه‌لسه‌فی قه‌شه‌كانی
كڵێسا واتا كه‌سانێكی وه‌ك "ئاگوستین"ی پیرۆز، "پۆل"ی
پیرۆز و "تۆماس ئاكڤیناس"ی پیرۆز، داڕێژراوه. "پۆل"ی
پیرۆز له وتاره‌كه‌ی خۆیدا بۆ رۆمییه‌كان ده‌ڵێ:
"جیهانی مرۆڤه‌كان ده‌بێ په‌یڕه‌وی له یاسای سیسته‌می
خوداوه‌ندی بكات" و "ئاگۆستین"ی پیرۆز له درێژه‌ی
رێگه‌ی "پول"ی پیرۆزدا، فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی خۆی له‌سه‌ر
بنه‌مای جیاكارییه‌ك له نێوان ده‌وڵه‌تشاری
خوداوه‌ندی
cite
de Dieu
و ده‌وڵه‌تشاری مرۆیی
cite
de homes
داده‌نێ. به‌م چه‌شنه، ئیتر ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی
سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕِاست چه‌مكگه‌لێكی وه‌ك "پۆلیس" یان
"سی ڤیتاس"
civitas
نییه، به‌ڵكوو چه‌مكی یان قه‌ڵه‌مڕه‌وی پاشایه‌تی،
كه مه‌به‌ست قه‌ڵه‌مڕه‌وی حه‌زره‌تی مه‌سیحه.
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی مه‌سیحی ناگه‌ڕێ به شوێن پێكهێنانی
ده‌وڵه‌تشارێكی " ئه‌م دنیایی"دا و هه‌ر له‌به‌ر
ئه‌وه‌ش كار له‌سه‌ر گوته‌زای "کاروباری
گشتی"
res publica
ناكات، به‌ڵكوو باس له یاسای خوداوه‌ندی و كۆماری
خوداوه‌ندی ده‌كات. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه، رۆڵی
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی كڵێسای مه‌سیحی، پێكهێنانی
ده‌لاَڵێكی نێوان ئیراده‌ی خودایی و ئیراده‌ی
جه‌ماوه‌ره. به‌ڵاَم
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی
مه‌سیحیی چه‌مكی سیاسه‌ت ده‌خاته قاڵبی سیسته‌مێكی
زه‌ینی نوێوه كه مه‌ودایه‌كی بێ كۆتا و بێ كه‌نار
له نێوان خودا و مه‌خلووقه‌كانی دا دروست ده‌كات.
به‌م شێوه‌یه له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی سه‌ده‌كانی
ناوه‌ڕاست دا ده‌وڵتشاری مرۆیی، مانا فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی
له ئۆتۆریته‌ی خوداوه‌ندییه‌وه وه‌رده‌گرێ و ئامانجی
كرداری مرۆڤه‌كان له زه‌مینه‌ی سیاسی‌دا هیچ نییه
جگه له ده‌ست راگه‌یشتن به ژیانی " ئه‌و دنیایی".
كه‌واتا هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی كه له لای
یۆنانییه‌كانی كۆن ده‌وڵتشار به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ
چه‌مكی " فووسیس"
و چوارچێوه‌ی " گه‌ردوون ته‌وه‌ر" بێهووده و بێ مانا
ده‌نوێنێ، هه‌ر
به‌و شێوه‌یه‌ش له روانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی
سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست دا كرداری مرۆیی به بێ سه‌رنج
دان به روانینێكی خودا ته‌وه‌ر هه‌ڵگری روونكردنه‌وه
و وه‌سف نییه.
دابڕانی راسته‌قینه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی مۆدێرن له
هزری سیاسی كلاسیك له سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌هه‌می زاینی دا
رووده‌دات.
لێره‌دا مۆدێرنیته به ره‌خنه‌گرتن و تێپه‌ڕاندنی دوو
روانگه‌ی كه‌یهان ته‌وه‌ری روومی و خودا ته‌وه‌ری
سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، ده‌ستی ده‌گاته جیهانێكی
ئاوه‌ز ته‌وه‌ر. له‌م كاته‌وه به دوا ته‌وه‌ری
سه‌ره‌كی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی، "داهێنانی سیاسی"یه. به
گوته‌یه‌كی تر، سیاسه‌ت خۆی ده‌بێته به‌رهه‌مێكی
مرۆیی
artefactum
كه ده‌بێ دابهێنرێت. له‌م سه‌ردمه‌دا تووشی
تیۆرییه‌كانی په‌یمانی كۆمه‌لاَیه‌تی دێین كه ئامانجی
سه‌ره‌كییان شرۆڤه و لێكدانه‌وه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی
كۆمه‌ڵگای سیاسی و دۆزینه‌وه‌ی رێگه چاره‌یه‌ك بۆ
پته‌و كردنی سامانی كۆمه‌لاَیه‌تییه. په‌یمانه
كۆمه‌لاَیه‌تیه مۆدێرنه‌كان، به پێچه‌وانه‌ی
په‌یمانه كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كانی سه‌رده‌می كۆن و
ده‌وره‌ی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست هه‌موان په‌یڕه‌وی له
ئاوه‌زمه‌ندییه‌كی سیاسی، فه‌لسه‌فی و كۆمه‌لاَیه‌تی
ده‌كه‌ن و به پێچه‌وانه‌ی په‌یمانه مه‌سیحییه‌كان
له‌سه‌ر بنه‌مای روانگه‌یه‌كی پۆلێنبه‌ندیكراو زنجیره
پله‌یی داناندرێن. هه‌ر به‌م ئاراسته‌یه، له
په‌یمانه كۆمه‌لاَیه‌تییه مۆدێرنه‌كان دا ده‌سه‌ڵاتی
دنیایی(potestas)ئیتر
له ژێر ده‌سه‌ڵات و ئۆتۆریته‌ی(auctoritas)
پاپ و كڵێسادا نییه.
له‌گه‌ڵ ده‌سپێكی سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌هه‌می زایینی دا،
تیۆریی "مافی سروشتی" جێگه‌ی "مافی خودایی"
ده‌گرێته‌وه و شێوه‌ی چه‌مكێكی كلیدیی فه‌لسه‌فه‌ی
سیاسیی
مۆدێرن ده‌گرێته‌ی خۆی. فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی
مۆدێرن به دووركه‌وتنه‌وه له چوارچێوه‌ی خوداوه‌ندی
– سیاسی
theologico-politique
كه خاوه‌نی چییه‌تییه‌كی گشت گه‌رایه
holisticسیاسه‌ت
ده‌خاته سه‌ر بنه‌مای جیهانێكی ئاوه‌ز ته‌وه‌ر. له
روانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی
ئاوه‌ز ته‌وه‌ر دا، سیاسه‌ت ئیتر پێداوێكی سروشتی
نییه به‌ڵكوو توخمێكه كه ده‌بێ داهێنانی تێدا
بكرێت. ئه‌مه ده‌وره‌ی یه‌كه‌می مۆدێرنیته‌ی سیاسییه
كه له ئه‌ندێشه‌ی ماكیاڤیلییه‌وه هه‌تا روودانی
شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا له ساڵی 1789 درێژه ده‌كێشێت.
بابه‌تێكی سه‌ره‌كی كه له‌م ده‌وره‌یه‌دا له
زه‌مینه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی دا گه‌لاَڵه ده‌كرێ،
په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی نێوان جیهانی ئاوه‌ز ته‌وه‌ر(
یان ئاوه‌زمه‌ندیی مۆدێرن) و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی (یان
حاكمییه‌ت) یه. به خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێی ده‌قه
یۆنانی و رۆمانییه‌كان،
روانینێكی نوێ له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی دا دروست ده‌بێ
كه له قاڵبی چه‌مكی "حاكمییه‌ت" دا بیچم ده‌گرێ.
چه‌مكی حاكمییه‌ت ده‌رخه‌ری فه‌لسه‌فه‌یه‌كی سیاسییه
كه ئیتر به شوێن ده‌ست راگه‌یشتن به ژیانی ئه‌و
دنیاییه‌وه نییه، به‌ڵكوو به شوێن پێكهێنان و
پاراستنی كۆمه‌ڵگایه‌كی سیاسییه‌وه‌یه كه له‌سه‌ر
بنه‌مای بیرۆكه‌ی په‌یمانی كۆمه‌لاَیه‌تی گه‌لاَڵه
كراوه. مه‌به‌ست له " حاكمییه‌ت" لێره‌دا نه
ده‌وڵه‌تشارێكی
گه‌ردوون
ته‌وه‌ره و نه ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسیی
خودا ته‌وه‌ر، به‌ڵكوو ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌م
دنیاییه كه له گره‌وی ئیراده و
به‌رپرسیارێتی تاك به تاكی تاكه كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كان
دایه. به‌م پێیه ده‌شێ بگوترێ له چوارچێوه‌ی
"حاكمییه‌ت" دایه كه مۆدێرنه‌كان، مێژوو، "له‌م
جیهانه‌دا" و له‌سه‌ر بنه‌مای "سیاسه‌تێكی ئه‌م
جیهانی" بیچم پێ ده‌ده‌ن. به گوته‌یه‌كی تر،
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی
مۆدێرن ( كاروباری گشتی )، له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ
سروشتێكی ماتماتیكی كرا‌و و خاوه‌ندار كراودا
ده‌خاته به‌ر بیر ليَكردنه‌وه، واتا له‌سه‌ر
بنه‌مای چه‌مكی دیكارتیی
res extensa.
له مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی
رۆژاوادا، ماكیاڤیلی وه‌ك یه‌كه‌مین تیۆریسییه‌نی "
حاكمییه‌ت"ی مۆدێرن ناسراوه، به‌ڵام سه‌یر لێره‌دایه
كه ئه‌و هیچ كات ئه‌م چه‌مكه له نووسینه‌كانی دا
به‌كار ناهێنێت. ماكیاڤیلی وه‌ك دابڕان له نه‌زمی
خودایی – سیاسی، ده‌ڕوانێته سیاسه‌ت و به ناوی
قه‌ڵه‌مڕه‌وێك له ده‌سه‌ڵات باسی لێوه ده‌كات كه
له راستیدا حاكمییه‌تی مۆدێرنه. به‌م شێوه‌یه،
ده‌شێ بگوترێ له ماكیاڤیلی
به دوا مۆدێرنیته‌ی سیاسی ده‌بێته سیاسه‌تێكی مرۆیی.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت چیه‌تییه‌كی مرۆیی هه‌یه،
به‌م پێیه سیاسه‌ت به‌یانگه‌ری پرۆژه‌یه‌كی مرۆییه و
تێفكرین له‌م پرۆژه مرۆییه و به مانای ده‌سته‌به‌ر
كردنی فه‌زایه‌كه بۆ كرداری سیاسی. له روانگه‌ی
ماكیاڤیلی دا, ئه‌م فه‌زای كرداری سیاسییه فه‌زایه‌كی
خودموختاره، چونكه " له خۆیدا " و " له‌بۆ خۆی"
بیچم ده‌گرێ، واتا ره‌گه‌زێك له ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه
چیه‌تییه‌كه‌ی دیاری ده‌كات. به‌م شێوه‌یه ئه‌و
فه‌لسه‌فه سیاسییه‌ی كه له مۆدێرنیته‌ی یه‌كه‌م دا
به ماكیاڤیلییه‌وه ده‌ست پێده‌كات نه له‌سه‌ر
بنه‌مای ره‌گه‌زێكی خوداییه و نه له‌سه‌ر ئه‌ساسی
سیسته‌مه گه‌ردوون ته‌وه‌ره‌كان، به‌ڵكوو روانینێكی
ته‌واو و به شێوه‌ی ره‌ها مرۆڤ ته‌وه‌ره.
له‌م رووه‌وه ده‌شێ بگوترێ كه له ماكیاڤیلی به‌دوا،
مۆدێرنه‌كان به پێچه‌وانه‌ی كلاسیكه‌كان (كۆنه‌كان)
له سیاسه‌ت وه‌ك " ئه‌و شته‌ی كه هه‌یه" ( واتا
راسته‌قینه‌ی مێژوویی – سیاسیی
جیهان ) و نه‌ك " ئه‌و شته‌ی كه ده‌بێ وا بێ " (
واتا مه‌دینه‌یه‌كی ئه‌فلاتوونی یان ئاگۆستینی ) بیر
ده‌كه‌نه‌وه. كێشه‌ی مۆدێرنه‌كان، سیاسه‌تی ئاڕمانیی
یتۆپیا نییه، به‌ڵكوو راستییه‌كی سیاسییه كه له
قاڵبی "حاكمییه‌ت" دا بیچم ده‌گرێ. كه‌واتا
راسته‌قینه‌ی سیاسی له جیهانێكی مێژوویی‌دا جێ ده‌گرێ
نه‌ك له جیهانی ده‌ره‌وه‌ی مێژوو. لێره‌دا ماكیاڤیلی
باس له "زه‌رووره‌تێك" ده‌كات كه مێژووییه نه‌ك
یۆتۆپیایی. گه‌لاَڵه‌ی ته‌وه‌ری " زه‌رووره‌ت" له
لایه‌ن ماكیاڤیلییه‌وه به مانای روانینێكی نوێیه بۆ
په‌یوه‌ندی نێوان ئاکار و سیاسه‌ت. له چاوی
شه‌هریاری ماكیاڤیلی دا غایه‌تی كرداری سیاسی،
چاكه و خراپه نییه، به‌ڵكوو ئۆتۆریته یان
نه‌بوونی ئۆتۆریته‌یه. به بۆچوونی ماكیاڤیلی،
پیاوانی سیاسی یان پێغه‌مبه‌رانێكی چه‌كدارن یان
پێغه‌مبه‌رانێكی بێ چه‌ك. هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌یه
ماكیاڤیلی كرداری سیاسی له پێوه‌ندی له گه‌ڵ
مه‌زنێتی ئاکاری دا گه‌لاله ناكات. به‌ڵكوو باس له
هونه‌ر و لێوه‌شاوه‌یی (virtu)
ده‌كات كه سیاسه‌توان بۆ ده‌سته‌مۆ كردنی
زه‌رووره‌تی مێژوویی پێویستی پێیه‌تی. هه‌ر وه‌ك
ده‌بینین سیاسه‌ت له ئه‌ندێشه‌ی مۆدێرنیته‌ی
یه‌كه‌م دا (به پێچه‌وانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی
سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست كه وه‌ك قه‌ڵه‌مڕه‌وی گوناه و
گوناهكاری له سیاسه‌تیان
ده‌ڕوانی) قه‌ڵه‌مڕه‌وی كرداری مرۆڤه‌كانه له قاڵبی
حاكمییه‌تی شه‌هریاری یان كۆماری دا.
(ژان بۆده‌ن)
نووسه‌ری شه‌ش وتار سه‌باره‌ت به كۆماری، له درێژه‌ی
تیۆریی سیاسی ماكیاڤیلی دا، به واتا‌ی
"ئیراده‌ی حوكمڕان" له حاكمییه‌ت ده‌دوێ. له
روانگه‌ی بۆده‌ن
دا حاكمییه‌ت واتا دارا بوونی هێزی یاسا دانان.
كه‌واتا به گوته‌ی بۆده‌ن
ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای هێز داده‌مه‌زرێت و ئه‌م
هێزه خاوه‌نی چییه‌تییه‌كی مێژوویی – سیاسییه. به‌م
شێوه‌یه له‌گه‌ڵ هاتنه ئاراوه‌ی بۆده‌ن
دا پڕه‌نسیپی حاكمییه‌ت له قاڵبی ده‌وڵه‌تی مێژوویی‌دا
ده‌رده‌كه‌وێ. ده‌وڵه‌تی مۆدێرن له شێوه‌ی
ده‌سه‌ڵاتێكدا سه‌رهه‌ڵده‌دات كه " مه‌شرووعییه‌ت
ته‌وه‌ر" و " حاكمییه‌ت ته‌وه‌ر"ه، چونكه
مه‌شرووعییه‌ت و حاكمییه‌ته‌كه‌ی هه‌ردووك له
ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی دا كورت ده‌بنه‌وه كه "ئه‌م
جیهانی"یه.
له‌گه‌ڵ توماس
هۆبز
و پڕۆژه‌ی لێڤیاتان،
حاكمییه‌ت ده‌بێته پایه و بنه‌مای مرۆییی یاسا. هۆبز
به پێچه‌وانه‌ی ماكیاڤیلی كه شه‌هریار ده‌كاته
ناوه‌ندی حاكمییه‌ت، له تاكه‌كان وه‌ك به‌دیهێنه‌رانی
په‌یمانی كۆمه‌لاَیه‌تی ده‌ڕوانێ. به رای ئه‌و،
حاكمییه‌ت، یه‌كێتی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگایه له
په‌یکه‌رێکی
سیاسی دا وپه‌یڕه‌وی
كردنی ئه‌وان له نۆرم و ستراکتۆره‌کانی ئه‌م
په‌یکه‌ره. ئه‌وه‌ی ده‌بێته هۆی
ئه‌م یه‌كێتی و په‌یمانه،
پرسی
ئاسایش و ترس له مردنه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه،
غایه‌تی په‌یمانی هۆبزی،
ئاشته‌وایی به‌رده‌وامی پێكهاته‌ی سیاسییه له رێگه‌ی
یاساوه. هۆبز بۆ راڤه كردنی ئه‌و كۆمه‌ڵگا سیاسییه‌ی
كه ره‌چاوی كردووه له چه‌مكی " دۆخی سروشتی" به
واتا‌ی
دۆخێكی لۆژیكی پێش سیاسی، ده‌دوێ. به‌م سوود
وه‌رگرتنه‌ی هۆبز له چه‌مكی " سروشت" به مانای
فووسیسی یۆنانی نییه، به‌ڵكوو گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وه بۆ
سروشتی به ماتماتیكی كراوی گالیلۆ و دیكارت. " یاسای
سروشتی" كه هۆبز باسی لێوه ده‌كات نه سروشتێكی
غایه‌ت گه‌رایه و نه سروشتێكی خودایی. مه‌به‌ستی هۆبز
دامه‌زراندنی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی سیاسی نوێیه كه
ته‌واوكه‌ری شۆڕشه‌كه‌ی گالیلۆیه له زه‌مینه‌ی كاری
فیزیكی دا. هه‌ر به‌م هۆیه ده‌شێ بگوترێ كه لێڤیاتان
ی هۆبز
یه‌كه‌م هه‌وڵه به‌ره‌و پراكتیك كردنی سیاسیه‌ت كه
جێگه‌ی روانینی ئه‌ره‌ستوویی له سیاسه‌ت و مرۆڤ دا
ده‌گرێته‌وه. هه‌رچه‌نده كه له لێڤیاتان دا هۆبز "
خه‌ڵك" به سه‌رچاوه و مه‌شرووعییه‌تی دامه‌زراندنی
په‌یمانی كۆمه‌لاَیه‌تی له‌به‌ر چاو ده‌گرێ به‌ڵام
باوه‌ڕی وایه كه خه‌ڵك له به‌رانبه‌ر په‌یمانێك دا
كه له‌گه‌ڵ حاكمییه‌ت ده‌یبه‌ستن، به‌شدار نین له
هیچ چه‌شنه ئازادییه‌كی سیاسی. فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی
ئیسپینۆزا، ده‌شێ وه‌ك ئه‌ندێشه‌یه‌كی دژه هۆبزی
له‌به‌ر چاو بگیرێ، چونكه بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی
ئه‌و له ئیده‌ی "ترس له مه‌رگ" دا نییه، به‌ڵكوو
له‌سه‌ر ئه‌ساسی چه‌مكی " ئازادی" یه. له‌و شوێنه‌وه
كه هۆبز له ئاره‌زووه تاكییه‌كانه‌وه به‌ڕێ
ده‌كه‌وێ، ئیسپینۆزا له چه‌مكی " پۆتێنتیا"
potentia
به مانای توانستی سروشتی مرۆڤ ده‌دوێ. له
روانگه‌ی ئیسپینۆزا دا ئازادی پایه و بنه‌مای
په‌یکه‌ری سیاسییه و غایه‌تی سامانی سیاسی، ئازادی
خه‌ڵكه، نه‌ك ده‌سه‌ڵات كردنی حوكمڕان به‌سه‌ر خه‌ڵك
دا. هه‌ر به‌م ئاراسته‌یه، ئیسپینۆزا گوازتنه‌وه‌ی
گشت ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ یه‌ك كه‌س به جۆرێك له
كۆیلایه‌تی ده‌زانێ نه‌ك ئاشته‌وایی. ره‌نگه هه‌ر
به‌م هۆیه، به بۆچوونی ئیسپینۆزا توانستی سروشتیی
تاكه‌كان شتێكی شیتاڵ هه‌ڵنه‌گر و جیانه‌كراوه‌یه،
چونكه به گوته‌ی ئه‌و ئازادیی
سیاسی زه‌رووره‌تێكی سروشتییه. مۆنتسكیۆ- ش هه‌روه‌ك
ئیسپینۆزا ئازادی مرۆڤ به غایه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی
مۆدێرن داده‌نێ. پرۆژه‌ی مۆنتسكیۆ له " رۆحی یاساكان"
دا تێفكرینه له‌مه‌ڕ ئازادی و بیچم پێدانی له قاڵبی
یاسای بنه‌ڕه‌تی دا. له روانگه‌ی ئه‌ودا، ئازادی
ته‌نیا له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ زه‌رووره‌تی یاساكان دا
ئه‌گه‌ری هه‌بوونی هه‌یه و ئه‌وه‌یكه ئێمه ناوی
"یاسا" ی لێده‌نێین شتێك نییه جگه له په‌یوه‌ندی
ئاماده‌ی نێوان توخمه پێكهێنه‌ره‌كانی سامانێكی
مێژوویی – سیاسی. كێشه‌ی مۆنتسكیۆ به پێچه‌وانه‌ی
هۆبز و ئیسپینۆزا به‌دیهێنانی په‌یمانێكی
كۆمه‌لاَیه‌تی نییه، به‌ڵكوو بالاَنسێكی سیاسییه له
كۆمه‌ڵگادا.
پرسیاری فه‌لسه‌فیی ئه‌و له‌سه‌ر شێوه‌ی دامه‌زراندنی
په‌یکه‌ری
سیاسی نییه. فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی مۆنتسكیۆ له سه‌ر
ئه‌ساسی پرسیارێك سه‌باره‌ت به دامه‌زراوه‌كان و به
تایبه‌ت دامه‌زراوه‌ی یاسا، گه‌لاَڵه
كراوه..مۆنتسكیۆ له خۆی ده‌پرسێ: " چ شتێك
ستراکتۆری
دامه‌زراوه‌یه‌كی سیاسی دیاری ده‌كات؟ "و وه‌لاَمی
ئه‌و بۆ ئه‌م پرسیاره یه‌كگرتوویی نێوان " سروشت" و
"پڕه‌نسیپ" ه. ده‌وڵه‌ت له روانگه‌ی مۆنتسكیۆ دا
گشتێكی سروشتی و
پره‌نسیپاڵه.
سروشت یان سروشتی هه‌ر حكوومه‌تێك له‌گه‌ڵ پره‌نسیپێك
دا ده‌گونجێ، بۆ وێنه ترس بۆ ئیستبداد و فه‌زیله‌ت بۆ
كۆماری. له‌به‌ر ئه‌وه، به ده‌سته‌به‌ر كردنی باڵاَنس
له ده‌وڵه‌ت دا پێویسته سه‌رنج بدرێته په‌یوه‌ندی
نێوان هێزه سێیانه‌كان و به شێوه‌یه‌كی چه‌مكی لێك
جیا بكرێنه‌وه. به گوته‌ی مۆنتسكیۆ له ده‌وڵه‌تێكدا
كه له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئازادی دامه‌زرابێت، هه‌ر هێزێك
رێگه له ره‌ها بوونی
هێزه‌كه‌ی تر ده‌گرێت. هه‌روه‌ك ده‌بینین،
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی مۆنتسكیۆ بۆ یه‌كه‌م جار
له‌سه‌ر بنه‌مای جیاكارییه‌كی كۆمه‌ڵناسانه له
چه‌شنه جۆراوجۆره‌كانی ده‌سه‌ڵات وه‌رگیراوه و
مۆنتسكیۆ وه‌ك كۆمه‌ڵناسێكی مۆدێرن ئه‌م جیاكاری و
پۆلێنبه‌ندییه‌ی به به‌ها دان به یاسای بنه‌ڕه‌تی
ئینگلستان له به‌رانبه‌ر ئیستبدادی پاشایی له
فه‌ڕه‌نسا دا بیچم ده‌دات.
مۆنتسكیۆ به شوێن مۆدیلێكی گشتی و جیهانی دا ده‌گڕێ
بۆ حاكمییه‌تی سیاسی كه به بۆچوونی ئه‌و له یاسای
بنه‌ڕه‌تی ئینگلستان دا ده‌رده‌كه‌وێ.
هاوكات له‌گه‌ڵ رۆسۆ چه‌مكی حاكمییه‌ت به گشتی
ده‌كه‌وێته به‌ر پرسیار. هۆبز، ئیسپینۆزا و مۆنتسكیۆ،
هه‌رسێكیان وه‌ك ناوبژیوان باس له حاكمییه‌ت ده‌كه‌ن.
به‌ڵام رۆسۆ حاكمییه‌تی خه‌ڵك به بناغه‌ی
مه‌شرووعییه‌تی سیاسی داده‌نێت نه‌ك پڕه‌نسیپی
نوێنه‌رایه‌تی. له‌م رووه‌وه رۆسۆ فه‌یله‌سووفێكی
مۆدێرنه به ده‌روونێكی كلاسیكه‌وه، چونكه هه‌وڵ
ده‌دات ئه‌زموونی یۆنانی كۆن له مۆدێرنیته‌ی سیاسی دا
پیاده بكات. له لای ئه‌و نوێنه‌رایه‌تی سیاسی شتێك
نییه جگه له گه‌نده‌ڵی حاكمییه‌ت، چونكه به رای
ئه‌و ئیراده‌ی خه‌ڵك شتێكی شیتاڵ هه‌ڵنه‌گره. بنه‌مای
وجوود ناسانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی رۆسۆ "ئیراده‌ی
گشتی"
Volonta generale
یه.
" ئیراده‌ی گشتی" ده‌قێكی گشتییه كه ئازادی هه‌موان
گه‌ره‌نتی ده‌كات. كه‌واتا "ئیراده‌ی گشتی" یانی
ئیراده‌ی خه‌ڵك كه به‌یانگه‌ری ئه‌ندێشه‌ی خه‌ڵكه
سه‌باره‌ت به خه‌ڵك. به واتا‌یه‌كی تر، به گوته‌ی
رۆسۆ كاتێ كه خه‌ڵك بیر ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌ندێشه‌ی
ئه‌وان بیچمێكی گشتی به خۆوه ده‌گرێت. چونكه له
بیچمێكی گشتی دا بیر له ئازادی ده‌كه‌نه‌وه. گومانی
تێدا نییه كه رۆسۆ یه‌كێك له گرینگ‌ترین
ته‌وه‌ره‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی مۆدێرنه و ته‌واوی
هه‌وڵی فه‌لسه‌فی و سیاسی و لیبرالیزم ی سه رله
به‌ری سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م ( كه‌سانێك وه‌ك بینیامین
كۆنستان) به مه‌به‌ستی ره‌تكردنه‌وه‌ی هزری سیاسیی
رۆسۆ و تیۆریی دیموكراسیی بێ نێوبژیوان ی ئه‌وه. له
رۆسۆ به دوا و به شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا و ئه‌نجامه
فه‌لسه‌فی و مێژووییه‌كانی، ده‌وره‌ی مۆدێرنیته‌ی
سیاسی دووهه‌م ده‌ست پێده‌كات كه ده‌شێ به‌یانی
فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی له سێ فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمانی واتا
كانت، فیشته و هیگڵ دا ببیندرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان
قه‌بووڵ بێت كه رۆسۆ بیرمه‌ندێكه كه له گشتایه‌تیی
ده‌وڵتی مۆدێرن، نه‌ك له قاڵبی " تێزێكی مێژوویی"دا
(وه‌ك مۆنتسكیۆ) به‌ڵكوو له چوارچێوه‌ی ئایدیایه‌كی
فه‌لسه‌فی دا (وه‌ك ئیراده‌ی گشتی) خورد ده‌بێته‌وه،
كه‌واتا ده‌شێ ئه‌و ئه‌نجامه بگیرێ كه ئایدیالیزمی
ئه‌ڵمانیی كانت، فیشته و هیگڵ هه‌وڵێكه بۆ سیستماتیك
كردنی ئه‌م ئایدیایه و دركاندنی له قاڵبێكی
مێتافیزیكی دا. خوێنه‌ره وردبینه‌كانی كانت ده‌زانن
كه ئه‌و په‌یکه‌ری سیاسی و غایه‌ته‌كه‌ی له‌سه‌ر
بنه‌مای ئاوه‌زی په‌تیی پراكتیكی داده‌ڕیژێَت.
ئه‌نجامی فه‌لسه‌فیی ئه‌م كاره دوو شته: یه‌كیان،
بایه‌خ دان به ژیانی هاوبه‌شی مرۆڤه‌كان له‌سه‌ر
بنه‌مای ماف وه‌ك ئیده‌ی پێشینه‌یی ئاوه‌ز و ئه‌ویتر
گه‌لاَڵه‌ی چۆَنیه‌تی په‌یوه‌ندی نێوان شارۆمه‌ندان و
ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌مكی ماف. له روانگه‌ی
كانت دا ئه‌وه‌ی كه ره‌هایه
و
ده‌بێ په‌یڕه‌وی لێبكرێ حاكمییه‌تی یاسایه نه‌ك
حاكمییه‌تی حوكمڕان، چونكه یاسا ئیده‌یه‌كی
ئاوه‌زییه كه ئاوه‌ز به‌شێوه‌یه‌كی خودموختارانه
ده‌یبه‌خشێت به خۆی. په‌یڕه‌وی له یاسا به مانای
په‌یڕه‌وی له ئاوه‌ز و هۆشیاربوون له چه‌مكی
"مرۆڤایه‌تی"یه كه له شێوه‌ی چه‌مكێكی گشتی،
ده‌مانگه‌یه‌نێته ئیده‌ی ئاشته‌وایی به‌رده‌وام و
په‌یوه‌سته. به گوته‌ی كانت ئیده‌ی ئاشته‌واییی
به‌رده‌وام به‌رهه‌می ده‌ركه‌وتنی كاركردی ئاوه‌زی
پراكتیكییه. به واتا‌یه‌كی تر، فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی
مۆدێرن به تێبینی كردنی ده‌وڵه‌ت وه‌ك بابه‌تێكی
سیاسی، ئیراده‌ی مۆدێرن غایه‌تی خۆی له ئاشته‌وایی
شارستانی و نێونه‌ته‌وه‌یی دا به به‌رده‌وام و
په‌یوه‌سته ده‌بینێته‌وه. به‌م شێوه‌یه، چونكه
كۆمه‌ڵگای سیاسی
له‌سه‌ر ئه‌ساسی هیچ جۆره پره‌نسیپێكی
سه‌روه‌ر و پێشتر دیاریكراو دانه‌نراوه، كه‌واتا
ده‌ركه‌وتی حاكمییه‌تی ئاوه‌زیی خه‌ڵك له قاڵبی
یاسادا بیچم ده‌گرێ.
لێره‌دا ده‌گه‌ینه فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی هیگڵ كه خاڵی
كۆتایی ده‌وره‌ی دووهه‌می مۆدێرنیته‌ی سیاسییه.
ئامانجی هیگڵ ئاشت كردنه‌وه‌ی ئیده‌ی رۆسۆیی
ده‌وڵه‌ته ( كه له‌سه‌ر ئیراده‌ی گشتی وه‌ستاوه)
له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی دیارده‌ناسانه‌ی خۆی دا (كه
ره‌وتی ئاوه‌ز له مێژوودایه). ده‌وڵه‌تی هیگڵ
پێكهاته‌یه‌كی مۆدێرن و ئاوه‌ز باوه‌ڕه، چونكه
هه‌روه‌ك دیتمان یاسا له روانگه‌ی مۆدێرنه‌كان دا
ده‌ركه‌وتی كۆمه‌ڵگای مۆدێرنه. له روانگه‌ی هیگڵ دا
ده‌وڵه‌تێك كه ئاوه‌ز باوه‌ڕانه بیر له خۆی
ده‌كاته‌وه له چوارچێوه‌ی گشتێكی یاسایی یان
یاسایه‌كی گشتی دا ئه‌م كاره ئه‌نجام ده‌دات. هه‌ر
به‌م هۆیه، هیگڵ پێی وایه هه‌ر شتێك كه واقعییه،
عه‌قلاَنییه و هه‌ر شتێكیش كه عه‌قلاَنییه
واقعییه. به بۆچوونی هیگڵ، ده‌وڵت، خاڵی پێكگه‌یشتنی
نێوان راسته‌قینه‌ی مێژوویی و ئاوه‌زی
دیارده‌ناسانه‌یه. هیگڵ به‌پێچه‌وانه‌ی
تیۆریسییه‌نانی په‌یمانی كۆمه‌لاَیه‌تی له بیری
شیكردنه‌وه‌ی "دۆخی سروشتی" دا نییه، چونكه له بیری
تێفكرین له‌مه‌ڕ سه‌رچاوه‌ی ده‌وڵه‌ت دا نییه. له
لای هیگڵ، ده‌وڵه‌ت داتایه‌كی مێژوویی و
دیارده‌ناسانه‌یه و هه‌ر به‌م ئاراسته‌یه، پێكهاته‌ی
ده‌وڵه‌ت، خودی ده‌وڵه‌ته. كه‌واتا له‌گه‌ڵَ هیگڵ،
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی بیچمی مێژووباوه‌ڕ به خۆوه
ده‌گرێ، چونكه ده‌وڵه‌تی هیگل سه‌رچاوه و غایه‌تێكی
مێژوویی هه‌یه. به گوته‌ی هیگڵ،ده‌وڵه‌ت راستییه‌كه
كه له‌وێدا پاژێتیی تاك له‌گه‌ڵ هه‌مه‌کێتیی ئاوه‌ز
ده‌كه‌ونه ئاشته‌واییه‌وه. ره‌نگه هه‌ر له‌به‌ر
ئه‌وه بێت كه ته‌نیا ده‌وڵه‌ت و نه‌ك كۆمه‌ڵگای
شارستانی، ده‌توانێ ئیدعای هه‌مه‌ک بوون بكات، چونكه
كۆمه‌ڵگای شارستانی فه‌زای ئابووری كۆمه‌ڵگا پێك دێنی
واتا، "سیسته‌می پێداویستییه‌كانه" و ئازادی له
چوارچێوه‌ی سیسته‌می پێداویستییه‌كان دا گه‌لاَڵه
ناكرێ. هیگڵ، فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی به راسته‌قینه‌ی
"ئاکاری گشتی"
sittlichkeit
وه‌سف ده‌كات. ئاکاری گشتی، یه‌كێتی نێوان "مافی
خه‌یاڵی" و "ئاکار"ه. واتا ئه‌و شوێنه‌یكه كه ماف
له شێوه‌ی ئاکاری گشتی دا له لایه‌ن
شارۆمه‌ندانه‌وه ده‌روونی ده‌كرێ. كه‌واتا، ئاکاری
گشتی، هاوشێوه‌یی نێوان راسته‌قینه‌ی ده‌سته‌به‌ر بووی
تاكه‌كان به واتا‌ی ئازادی و پرۆسه‌ی بیچم گرتنی
مافه. ده‌وڵه‌ت ئاوه‌زیترین و دوایین قۆناغی بیچم
گرتنی مافه. به گوته‌ی هیگڵ، ده‌وڵت، ئازادیی
ده‌سته‌به‌ر بووه. هه‌روه‌ك ده‌بینین به بۆچوونی
هیگڵ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی قۆناغێكه له پرۆسه‌ی گشتیی
رۆح و زه‌ین كه به شێوه‌یه‌كی دیارده‌ناسانه-
لۆژیكی له مێژوودا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. به‌م شێوه‌یه
له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی هیگڵ، ده‌وره‌ی دووهه‌می
مۆدێرنیته‌ی سیاسی كۆتایی پێدێت. كه‌واتا به هه‌مان
شێوه كه به گوته‌ی هیدگێر، هیگڵ كۆتایی مێتافیزیكی
زه‌ینییه‌ته، كۆتایی ده‌وره‌یه‌ك له فه‌لسه‌فه‌ی
سیاسی مۆدێرنیش هه‌یه.
ده‌وره‌ی سێهه‌می مۆدێرنیته‌ی سیاسی به ماركس و نیچه
ده‌ست پێده‌كات. تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م ده‌وره‌یه،
دژایه‌تی له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی هیگڵ و مێتافیزیكی
زه‌ینییه‌ته. ماركس و نیچه به بردنه ژێر پرسیاری
مێژووی مێتافیزیكی رۆژاوا و به تایبه‌ت مێژووی
زه‌ینییه‌ت، ره‌چه‌ڵه‌كی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ده‌به‌نه
ژێر پرسیار. له روانگه‌ی ماركس دا ولاَم دانه‌وه به
پرسیاره كۆمه‌لاَیه‌تی و سیاسییه‌كان ئیتر ئه‌ركی
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی مۆدێرن نییه،چونكه به گوته‌ی
ئه‌و
ئه‌مه پراكسیسی شۆڕشه كه بیچمی سیاسی داهاتوو دیاری
ده‌كات و په‌یوه‌ندییه ئابووری و سیاسییه‌كانی نێوان
شارۆمه‌ندان دیاری ده‌كات. ماركس، سیاسه‌ت له بازنه‌ی
سیاسه‌ت وه‌ده‌رده‌نێ، چونكه به بۆچوونی ئه‌و
فه‌لسه‌فه ئیتر توانای بیر كردنه‌وه ده‌رباره‌ی
سیاسه‌تی نییه. ماركس به بردنه ژێر پرسیاری
په‌یکه‌ری سیاسی فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ، سه‌رله نوێ
له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌مه‌کییه‌تێکی
شۆڕشگێڕانه، ئازادی مێژوویی وه‌سف ده‌كاته‌وه. به‌م
شێوه‌یه ماركس، "بوونناسی شۆڕش " ده‌كاته جێ نشینی
دیارده‌ناسی سیاسیی هیگڵ.
نیچه، به نۆبه‌ی خۆی به بردنه ژێر پرسیاری مێژووی
فه‌لسه‌فه‌ی رۆژاوا ( كه خاڵی سه‌ره‌تاكه‌ی
ئایدیالیزمی ئه‌فلاتوون و خاڵی كۆتاییه‌كه‌ی
ئایدیالیزمی هیگڵی یه) فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرن تووشی
قه‌یران ده‌كات. ئه‌و به ره‌خنه گرتن له به‌هاكانی
مه‌سیحییه‌ت و به‌ها سیاسییه‌كانی كۆمه‌ڵگای بۆرژوازیی
مۆدێرن،
به‌شوێن
روخسارێكی جۆری و ئه‌زه‌لی نوێوه‌یه بۆ مرۆڤ كه له
بیچمی كلیدیی " ئیراده‌ی ده‌سه‌ڵاتگه‌را"
دا بیچم ده‌گرێ. به‌م شێوه‌یه نیچه هه‌وڵ ده‌دات له
مرۆڤی دیموكراتیكی مۆدێرن تێپه‌ڕێت و بگاته مرۆڤێكی
نوێ به به‌هاگه‌لێكی فه‌لسه‌فی و سیاسی نوێوه.
تێپه‌ڕینی نیچه له‌وه‌یكه به " زمانی مرۆڤایه‌تی"
ناودێر ده‌كات،
به مانای ره‌تكردنه‌وه‌ی گه‌وهه‌ری مرۆیی نییه
به‌ڵكوو به واتا‌ی كامڵ كردنیه‌تی. نیچه به شوێن
رینسانسێكی نوێوه‌یه كه ره‌خنه‌ی ره‌های به‌هاكانی
له‌گه‌ڵدایه. ره‌خنه‌ی ره‌های به‌هاكان به مانای
ره‌خنه و تێپه‌ڕین له هێزی لاوازكه‌ر و وێرانكه‌ری
مروڤه. به گوته‌یه‌كی تر، به بۆچوونی نیچه
ململانێی سیاسی شه‌ڕێكی ده‌روونییه كه له نێوان
دوو روانینی ئاکاری له ده‌روونی مرۆڤ دا روو ده‌دات.
هه‌ر به‌م ئاراسته‌یه ده‌شێ بگوترێ
كه به هاتنی نیچه فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی
ده‌بێته ره‌چه‌ڵه‌كناسی ئاکار.
به ره‌خنه‌ی نیچه‌یی و ماركسیی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی
مۆدێرن، رێگه بۆ ده‌وره‌ی چواره‌می فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی
ئاوه‌لاَ ده‌كرێت. له گرینگ‌ترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی
ئه‌م ده‌وره‌یه رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی فه‌یله‌سووفانی
سیاسییه له‌گه‌ڵ په‌ره سه‌ندنی ئاوه‌ز ئامێری و
راسته‌قیته‌ی تۆتالیتێری سه‌ده‌ی بیسته‌م دا.له‌م
ده‌وره‌یه‌دا له‌گه‌ڵ سێ بزووتنه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تیی
دژبه‌یه‌ك له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی دا رووبه‌ڕوو
ده‌بینه‌وه. یه‌كه‌م، ره‌خنه‌ی شتراوسیی فه‌لسه‌فه‌ی
سیاسیی مۆدێرن كه دوا به دوای ره‌خنه‌ی هیدگێری له
مێژووی مێتافیزیك بیچم ده‌گرێ. دووهه‌م، ره‌خنه‌ی
ئاڕنێت له سیاسه‌تی مۆدێرن و دۆزینه‌وه‌ی دووباره‌ی
كرداری سیاسی و سێهه‌م، ره‌خنه‌ی پاش مۆدێرن له
فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ری و سیاسه‌تی مۆدێرن كه ده‌گاته
قه‌یرانی سۆژه‌ی مێتافیزیكی و هه‌ره‌س هێنانی بكه‌ری
سیاسیی مۆدێرن
به كورتی، له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی پاش مۆدێرن دا سێ
ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌ندێشه له ئارادا هه‌یه كه
له به‌رهه‌مه‌كانی فۆكۆ، بۆدریار و ڤاتیمۆ دا
ده‌بیندرێ. میشێل فۆكۆ، فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی، له قاڵبی
ئه‌وه‌یكه به " مایكرۆ فیزیكی ده‌سه‌ڵات" ناوی
ده‌بات، چێ ده‌كاته‌وه. له حاڵێكدا كه ژان بۆدریار
باوه‌ڕی به هه‌ره‌س هێنانی بكه‌ری سیاسی و كۆتایی
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسییه. ڤاتیمۆ ش به نۆبه‌ی خۆی
له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه كه له ده‌وره‌ی پاش مێژوو
دا (كه ئێمه تیایدا ده‌ژین) ئێمه له‌گه‌ڵ قه‌یرانی
چه‌مكه سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ره‌وایه‌تی
ده‌وڵه‌تی مۆدێرن ده‌رگیرین. به‌م شێوه‌یه،
ئه‌زموونه سیاسی و كۆمه‌لاَیه‌تییه كورت خایه‌نه‌كان
جێگه‌ی ره‌وایه‌تی مێژوویی و سیاسییه درێژ
خایه‌نه‌كان ده‌گرنه‌وه
به‌ڵام دیالكتیكی سه‌ره‌كی بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی له نێوان "لیئۆ شتراوس" و "هانا
ئارێنت" دا روو ده‌دات. لیئۆ شتراوس به دوای نیچه و
هیدگێر دا له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌یه كه رۆژاوا تووشی
قه‌یرانێكی قووڵی مه‌عنه‌وی بووه. به‌ڵام ئه‌و به
پێچه‌وانه‌ی نیچه و هیدگێر ره‌گه‌كانی ئه‌م
نێهیلیزمه هاوچه‌رخه، له گوازتنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی
سیاسی كلاسیك بۆ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی مۆدێرن دا ده‌بینێ.
له لای شتراوس، هزری سیاسیی رۆژاوا خاوه‌نی دوو
روخساره‌یه: روخساره‌یه‌كی كلاسیكی و روخساره‌یه‌كی
مۆدێرن. جیاوازی نێوان ئه‌م دوو روخساره‌یه له‌سه‌ر
بنه‌مای چه‌مكی " سروشت" دانراوه. له روانگه‌ی
شتراوس دا فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی كلاسیك "سروشت" وه‌ك
گوته‌زایه‌كی تا هه‌تایی له‌به‌ر چاو ده‌گرێ كه
دیاریكه‌ری نه‌زمی گه‌ردوونییه. هه‌ر به‌م هۆیه له
لای كلاسیكه‌كان، " مافی سروشتی" له ناو پێكهاته‌ی
ژیانێكی هاوبه‌ش دا گه‌لاَله ده‌بێ. كلاسیكه‌كان
"ژیانی هاوبه‌ش" له‌سه‌ر بنه‌مای غایه‌ت
telos
داده‌نین. كه‌واتا ده‌شێ بگوترێ كه فه‌لسه‌فه‌ی
سیاسیی كلاسیكه‌كان ئه‌ندێشه‌یه‌كی غایه‌ت باوه‌ڕه.
به گوته‌ی شتراوس ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی فه‌لسه‌فه‌ی
سیاسی كلاسیك گه‌لاَڵه كردنی ئه‌م پرسیاره‌یه كه:
"باشترین سیسته‌می سیاسی كامه‌یه؟". شتراوس له‌و
باوه‌ڕه‌دایه كه ولاَم دانه‌وه به‌م پرسیاره له
قاڵبێكی مێژوو باوه‌ڕدا ناگونجێ. ره‌خنه‌ی شتراوس له
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی مۆدێرن په‌یوه‌ندی به جه‌وهه‌ری
مێژوو باوه‌ڕی ئه‌وه‌وه هه‌یه. به گوته‌ی ئه‌و،
جه‌وهه‌ری مێژووباوه‌ڕیی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی
مۆدێرن، "واقعییه‌ت" و "ئاڕمان" (واتا، ئه‌وه‌یكه
ده‌بێ وا بێ و ئه‌وه‌یكه وایه) ده‌كاته یه‌ك.
ماكیاڤیلی یه‌كه‌م بیرمه‌ندی مۆدێرنه كه به
مه‌به‌ستی پێكهێنانی پێكهاته‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی
مۆدێرن، بیرۆكه‌ی نه‌زمی سروشتی و پۆلێنبه‌ندیكراوی
یۆنانی كۆن ده‌خاته به‌ر پرسیار و مێژوو وه‌ك
ده‌لاَڵی نێوان "ئه‌وه‌یكه هه‌یه" و "ئه‌وه‌یكه
ده‌بێ وا بێ" گه‌لاَڵه ده‌كات. به واتا‌یه‌كی تر،
شتراوس كێشه‌ی گه‌وره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی
مۆدێرن له‌مه‌دا ده‌بینێ كه مۆدێرنه‌كان پرسی
"باشترین سیسته‌می سیاسی" له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌ك
تاك دا (ماكیاڤیلی) و یان یه‌ك كۆمه‌ڵ (رۆسۆ) له‌به‌ر
چاو ده‌گرن و "نه‌زمی سروشتیی عه‌ینی" ده‌ده‌نه به‌ر
ره‌خنه. یه‌كێك له ته‌وه‌ره گرینگه‌كانی لیئۆ
شتراوس شێوه‌ی لێكدانه‌وه‌ی مۆدێرنه‌كان له ده‌قه
كلاسیكه‌كانه. ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه چونكه
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی
كلاسیك (واتا ئه‌فلاتوون، ئه‌ره‌ستوو و فه‌لسه‌فه‌ی
سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست) مێژوو باوه‌ڕ نییه، له‌به‌ر
ئه‌وه‌ش ناتوانرێ له رێگه‌ی توێژینه‌وه‌یه‌كی
مێژووییه‌وه په‌ی به راسته‌قینه‌ی ده‌قه‌كانی
فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیك ببرێت. به گوته‌یه‌كی تر پێویسته
بۆ تێگه‌یشتن له ده‌قی كلاسیك هه‌وڵێک
بدرێ بۆ تێگه‌یشتن له "حه‌قیقه‌ت" ی ئه‌و. ئه‌گه‌ری
كارێكی له‌م چه‌شنه له حاڵه‌تێکدایه
كه ته‌نیا سه‌رنجی ده‌قه‌كان نه‌درێت به‌ڵكوو سه‌رنجی
ئه‌و دیارده‌یه بدرێت كه ده‌قه‌كه ده‌یخاته به‌ر
چاومان. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه، شتراوس باوه‌ڕی به "
هونه‌ری خوێندنه‌وه له نێوان هێڵه‌كان دا" یه،
چونكه به بڕوای ئه‌و فه‌یله‌سووفانی سیاسیی
كلاسیك بۆ دوو جۆره
خوێنه‌ر ده‌یاننووسی:
جۆرێك خوێنه‌ری گشتی و جۆرێك خوێنه‌ری تایبه‌ت.
ئه‌وه‌یكه بۆ هه‌موان نووسراوه، ئاشكرا و روونه،
به‌ڵام ئه‌وه‌یكه بۆ كه‌سانی تایبه‌ت نووسراوه،
ره‌مزاوییه. هه‌روه‌ك ده‌بینین سوننه‌تی شتراوسیی
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی، گه‌رانه‌وه‌یه بۆ فه‌لسه‌فه‌ی
كلاسیك. ئه‌م سوننه‌ته له زانكۆی شیكاگۆ بیچمی گرت،
دواتر له لایه‌ن شاگرده‌كانی شتراوسه‌وه به تایبه‌ت
"ئالێن بلۆم" درێژه‌ی په‌یدا كرد.
سوننه‌تێكی تر كه له سی ساڵی رابردوو دا
كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی له‌سه‌ر پێكهاته‌ی
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی مۆدێرن هه‌بووه، له ئه‌ندێشه‌ی
سیاسی هانا ئارێنت دا خۆ ده‌نوێنێ. هه‌رچه‌نده كه
ئارێنت خۆی وشه‌ی " تیۆریی
سیاسی" به جێگه‌ی "فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی" به‌كار ده‌بات
و به ئاشكرایی له كتێبه‌كه‌ی دا "سوننه‌تی شاراوه"
ئاماژه به‌م بابه‌ته ده‌كات كه " په‌یوه‌ندی به
كۆڕی فه‌یله‌سووفانه‌وه نییه"، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای
ئه‌وه‌ش، ده‌وری ئه‌و له بیچم پێدان به
فه‌لسه‌فه‌یه‌كی سیاسیی دیموكراتیكی نوێ له رۆژاوا
گرینگ بووه. هه‌رچه‌نده ئارێنت دابه‌شكاریی شتراوسیی
نێوان فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی كلاسیك و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی
مۆدێرنی قه‌بووڵ نییه، به‌ڵام ئه‌و خۆی یه‌كێك له
ره‌خنه‌گره جددیه‌كانی مۆدێرنیته‌یه. ئارێنت باوه‌ڕی
وایه كه ئێمه له ده‌وره‌ی مۆدێرنیته دا
گه‌یشتووینه‌ته دوو جۆر له نامۆیی، له لایه‌كه‌وه
نامۆیی له جیهان و له لایه‌كی تره‌وه نامۆیی له
گۆی زه‌وی. ئه‌م نامۆییه دوولایه‌نه‌یه به هۆی
كه‌له‌به‌رێكه‌وه‌یه كه له‌گه‌ڵ رابردووی ئێمه‌دا
به‌دیهاتووه. به لاَم ئارێنت به ئاگایی ته‌واوه‌وه
له‌م كه‌له‌به‌ره، هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ
له نێوان مرۆڤه مۆدێرنه‌كان و میراتی فه‌لسه‌فی
رابردوو دا دروست بكات. ئه‌و ئه‌م په‌یوه‌ندییه له
كرداری "بیر كردنه‌وه" دا ده‌بینێ. ئه‌ندێشه له لای
ئارێنت به مانای گه‌لاَڵه‌ی پرسیارێكه سه‌باره‌ت به
چییه‌تی سیاسه‌ت و چۆنیه‌تی ژیانی سیاسیی مرۆڤه‌كان.
به گوته‌ی ئارێنت له ده‌ورانی ئێمه دا په‌یوه‌ندی
نێوان "ئه‌ندێشه" و "رووداو" پچڕاوه و ئه‌ركی
فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ند،
سه‌رله‌نوێ خوێندنه‌وه‌ی
رووداوه‌كانه. بیر كردنه‌وه له‌مه‌ڕ رووداوه‌كان به
مانای به‌دیهێنانی ته‌وه‌ره‌گه‌لی فیكرییه به
مه‌به‌ستی سامان به‌خشین به مانای سیاسه‌ت. له‌و
لایه‌نه‌وه كه سیاسه‌ت جیهانێكی هاوبه‌شه كه
|