|
و: عه‌تا جه‌مالی
تیۆری "ئه‌خلاق" ی توماس هۆبز ته‌كانێكی قورسی له
په‌یكه‌ره‌ی جیهانی فیكریی نیوه‌ی سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌هه‌م
دا. هه‌تا به‌ر له ماكیاڤیلی هیچ فه‌یله‌سووفێكی تر
به‌م شێوه‌یه له دروست كردنه‌وه و چاكسازیی روانگه
كۆنه‌كانی تراسیماخووسthrasymachus
سه‌باره‌ت به "دادگه‌ری" و ئه‌وه‌یكه
"دادگه‌ری" میوه‌ی توانایانه، نه‌هاتبووه پێشه‌وه.
هۆبز یه‌كه‌م كه‌سێك بوو كه روانگه‌كانی خۆی له
چوارچێوه‌یه‌كی به‌ڵگه‌مه‌ند، لۆژیكی، تۆكمه و
قووڵ،دا پێشكه‌ش بكات. هه‌ر له‌م رووه‌وه‌یه كه
زۆریه‌ك له توێژه‌ران به خوێندنه‌وه‌ی لێڤیاتان،
دانیان به روانگه‌كانی
هۆبز سه‌باره‌ت به ئه‌خلاق و بوونی مرۆیی‌دا
ناوه. ئه‌وان له‌وه ده‌ترسان كه روانگه‌كانی
هۆبز سه‌باره‌ت به ئه‌خلاق راست بێت. به‌م
پێیه ئه‌ركی گرینگی فه‌لسه‌فیی كه‌سانێك كه تووشی
روانگه‌كانی
هۆبز ده‌بوون ئه‌وه بوو كه سێ خاڵ روون
بكه‌نه‌وه:
1.
مرۆڤ له دۆخی سروشتی دا له حاڵه‌تی شه‌ڕ دا نییه.
2.
تیۆرییه‌كه‌ی هۆبز، تیۆرییه‌كی ناپایه‌داره.
3.
وشه‌گه‌لێك وه‌ك "به‌خته‌وه‌ری"، "ماف"، "دادگه‌ری"،
به‌یانگه‌ری هه‌ندێ تایبه‌مه‌ندی هه‌رمان و زیندووی
حاڵه‌ته‌كان و شته‌كانه.
له راستیدا یه‌كه‌م هه‌ڵوێستی جددی له به‌رانبه‌ر
روانگه‌كانی
هۆبز دا له لایه‌ن ئه‌ڵمانییه‌كانه‌وه
ئه‌نجام درا. ئه‌وان له سه‌لاَنی 1839 – 1845 ته‌واوی
به‌رهه‌مه‌كانی
هۆبز- یان به دوو زمانی ئینگلیزی و لاتین چاپ
و بلاَو كرده‌وه. سه‌ره‌نجام ئه‌وپه‌ڕی ئه‌م سه‌رنجه
له نووسینه‌كانی فێردیناندۆ توونیس، كۆمه‌ڵناسی
ئه‌ڵمانی دا ده‌ركه‌وت. پاش ئه‌وه، بایه‌خ دان به
به‌رهه‌مه‌كانی هۆبز به ده‌ركه‌وتنی ئه‌ندێشه‌گه‌لی
سیاسیی تۆتالیتێر وه‌ك رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ كێشه
سه‌رهه‌ڵداوه‌كانی په‌یوه‌ست به گه‌شه‌ی پیشه‌سازی
له رووسیا، ئیتالیا و ئه‌ڵمان، زیایان كرد.
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م دا، شه‌پۆلێكی
لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌ندێشه‌كانی
هۆبز له‌و ولاَتانه به‌ڕێ كه‌وت. خاڵێكی به
هێزی تر له‌م بواره‌دا، له سالاَنی كۆتایی ده‌یه‌ی 30
واتا له كاتێكدا بوو كه لیئۆ شتراوس كتێبه‌كه‌ی خۆی
سه‌باره‌ت به فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی هۆبز به چاپ
گه‌یاند و ئه‌ی.ئی.تیلۆر-یش كتێبی "میتۆدی ئه‌ندێشه‌ی
ئه‌خلاقیی هۆبز"ی له ساڵی 1938 بلاَو كرده‌وه.
ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی توێژینه‌وه‌كه‌ی تیلۆر ئه‌وه‌یه
كه راڤه‌یه‌كی یه‌كپارچه و هاوسه‌نگ بۆ كاراكته‌ری
هۆبز وه‌ك " خود باوه‌ڕ"egoist
و " غایه‌ت گه‌را"teleologist
(واتا كه‌سێك كه پێی وایه ده‌روه‌ست بوون به شتێك
به گشتی ده‌رهاویشته‌ی ده‌ره‌نجام و پاشهاته
پراكتیكییه‌كانی به‌جێهێنانی ئه‌و كاره‌یه) له
ئه‌خلاقییات دا هه‌ڵه‌یه. به بۆچوونی تیلۆر،
هۆبز غایه‌ت گه‌را نییه، دیۆنتۆلۆژیستهdeontologist
(واتا كه‌سێك كه بڕوای وایه هه‌ندێ كار هه‌ن كه
مرۆڤ ده‌بێ به بێ سه‌رنجدان به ئه‌نجام و
پاشهاته‌كانی، ئه‌نجامیان بده‌ن). لێره‌دا به
خوێندنه‌وه‌ی روانگه فه‌لسه‌فییه‌كانی هۆبز له‌سه‌ر
مرۆڤ، یه‌زدان و كۆمه‌ڵگا، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه
ده‌توانێ غایه‌ت گه‌را یان دیۆنتۆلۆژیست بێت.
ئێستا باشتر وایه روونی بكه‌ینه‌وه كه كێشه‌ی
هۆبز چییه و ئه‌و بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی
سیاسه‌ت سوود له چ شێوازگه‌لێك وه‌رده‌گرێ؟ بابه‌تێك
كه له بواری ئه‌خلاق و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا
هۆبز ناچار به بیر كردنه‌وه ده‌كات،
ئه‌مه‌یه كه چلۆن ده‌توانرێ رێَگه له شه‌ڕی
ناوخۆیی و ئاژاوه و بێ نه‌زمییه شارستانییه‌كان له
كۆمه‌ڵگایه‌ك دا بگیرێ. به‌م پێیه ده‌بێ بگوترێ
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی له راستیدا ده‌بێ ولاَمێك بێت بۆ
هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كان و واقعییه‌تی شه‌ڕه
ناوخۆییه‌كان. له‌م بابه‌ته دا ده‌بێ ولاَمی ئه‌م
خاڵه بدرێته‌وه كه چلۆن ده‌توانرێ په‌رێز له شه‌ڕی
ناوخۆیی و پاشهاته‌كانی بكرێت. به بۆچوونی هۆبز
په‌یڕه‌وی كردنی ره‌ها له لایه‌ن گوێڕایه‌ڵ و
به‌نده‌كانه‌وه، ته‌نیا رێگه‌ی پێكهێنانی سه‌قامگیری
سیاسییه. به‌م پێیه، فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی هۆبز
هه‌وڵێكه بۆ سه‌لماندنی زه‌روورییه‌تی حاكمییه‌تی
ره‌ها. به‌لاَم لێره‌شدا هۆبز تووشی كێشه‌یه‌ك دێت،
ئه‌ویش ئه‌مه‌یه كه ئه‌و نایه‌وێ قه‌بووڵی بكات كه
هه‌ڵوێست گرتن به دژی مافه یه‌زدانییه‌كانی شا،
به‌شێكه له پێكهاته‌ی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستیی
كۆمه‌ڵگا و ئه‌ندێشه‌ی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستی.
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هۆبز هه‌ڵوێست به دژی ئۆتۆریته‌ی
كڵێسایی و هه‌ڵوێست به دژی چه‌مكی ئه‌ره‌ستوویی
زانست قه‌بووڵ ده‌كات، به‌لاَم به هیچ شێوه‌یه‌ك
نایه‌وێ مافی به‌ره‌نگار بوونه‌وه به دژی شا قه‌بووڵ
بكات. به‌م پێیه پاڕادۆكسێك هه‌یه له كاری
هۆبز دا، چونكه له لایه‌كه‌وه گۆڕانه
مه‌زنه‌كان له زانست و ئایین دا قه‌بووڵ ده‌كات
و له لایه‌كی تره‌وه ده‌یه‌وێ له بواری
ئه‌خلاق و سیاسه‌ت دا، ئۆتۆریته به پارێزراوی
بمێنێته‌وه.
به‌م حاڵه، ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به فه‌لسه‌فه‌ی
سیاسیی هۆبز تازه و به‌رچاوه، میتۆدی ئه‌ندێشه‌ی
ئه‌و له‌مه‌ڕ ره‌هاییگه‌رایی سیاسی نییه، به‌ڵكوو
میتۆدێكه كه ئه‌و بۆ سه‌لماندنی بۆچوونه‌كانی
به‌كاری هێناوه. فه‌لسه‌فه‌ی
هۆبز له راستیدا هه‌وڵێكه بۆ به‌كار بردنی
میتۆده‌كان و چه‌مكه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی فیزیكی مۆدێرن
بۆ توێژینه‌وه‌ی مرۆڤ، هه‌م وه‌ك تاك و هه‌م وه‌ك
شارۆمه‌ند. به‌م شێوه‌یه
هۆبز هه‌وڵ ده‌دات له دوو رێگه‌وه بێته ناو
توێژینه‌وه‌ی مرۆڤه‌وه: یه‌كیان رێگه‌ی زانستییه.
هۆبز لێره‌دا میتۆدی شیكردنه‌وه‌ی هۆكار و
به‌رهۆیی ( علت و معلولی) هه‌ڵده‌بژێرێت. دووهه‌م،
ئه‌وه‌یكه هۆبز زانسته مرۆڤایه‌تی و
كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كان به به‌شێك له فیزیك ده‌زانێ و
به پێی یاسای فیزیك لێیان ده‌ڕوانێ. ئه‌م روانگه‌یه
له راستیدا كلیلی مادده‌گه‌رایی مێتافیزیكیی ئه‌وه.
به بۆچوونی
هۆبز زۆرجاران فه‌لسه‌فه و زانست یه‌ك شتن،
چونكه له سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌هه‌م دا هێشتا جیاكارییه‌ك
نه‌كرابوو له نێوان ئه‌و دوو چه‌مكه دا. فه‌لسه‌فه
و زانست هه‌ردووكیان به واتای توێژینه‌وهinquiry
به‌كار ده‌هێنران و
هۆبزیش زیاتر رووی له توێژینه‌وه له‌سه‌ر
كرداری مرۆڤ له كۆمه‌ڵگای خاوه‌ن نه‌زم بوو. به‌لاَم
هۆبز له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه ئه‌وه‌ش هیچ
ئه‌نجامێكی سوود به‌خشی نه‌بووه، هێرش ده‌كاته سه‌ر
فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیك و له‌م بابه‌ته دا
ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ به‌هاكانی ئه‌ندازه(هندسه).
به‌بۆچوونی
هۆبز، كه‌سانێك كه ده‌یانه‌وێ فه‌لسه‌فه فێری
خه‌ڵك بكه‌ن، پێشتر پێویسته زانیارییه‌كی فراوان له
ئه‌ندازه‌دا وه‌رگرن. به‌م پێیه میتۆدی
هۆبز میتۆدێكی ئه‌ندازه‌ییه و لێره‌دا،
هۆبز له راستیدا كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ری
گالیلۆوه. چونكه گالیلۆ باوه‌ڕی وابوو كه كتێبی
سروشت ده‌بێ به زمانی ماتماتیك بنووسرێته‌وه.
له راستیدا
هۆبز ناڵێ كه ده‌توانرێ میتۆدی ئه‌ندازه‌یی
له توێژینه‌وه‌ی ره‌فتاری مرۆیی‌دا به‌كار ببرێت. ئه‌و
له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه ئه‌و میتۆده لۆژیكییه‌ی كه
له ئه‌ندازه‌دا هه‌یه، میتۆدێكی زانستیی دروسته كه
ده‌توانێ له توێژینه‌وه‌ی تاك و كۆمه‌ڵگاشدا كه‌ڵكی
لێوه‌ربگیرێ. مه‌به‌ستی هۆبز ئه‌وه‌یه كه ده‌بێ
په‌یوه‌ندیی هۆكاری و به‌رهۆیی نێوان چییه‌تیی مرۆڤ
و چییه‌تیی كۆمه‌ڵكا بكه‌وێته به‌ر لێكۆڵینه‌وه.
به بۆچوونی ئه‌و یاساكانی سروشت خۆیان پێمان ده‌ڵێن
چۆن پارێزگاری له دۆخ و ده‌وڵه‌تێكی سه‌قامگیر بكرێ.
هۆبز ده‌زگای فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی خۆی به‌م تیۆرییه
له واقعییه‌ت ده‌ست پێده‌كات كه به رای ئه‌و زۆر
ساده‌یه بۆ تێگه‌یشتن و له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره
دامه‌زراوه كه دنیا پێكهاته‌یه‌كه له جسم و
مادده‌ی بزێو (له حاڵی جووڵه دا). كاتێك كه
هۆبز باس له ئه‌ندێشه‌ی مادده‌ی بزێو ده‌كات،
له راستی دا هه‌وڵ ده‌دات تێكهه‌ڵكێشێك دروست بكات
له تیۆرییه‌كه‌ی گالیلۆ و ڤیلیام هارۆی دا.
هۆبز ئه‌م ئه‌ندێشه‌یه په‌روه‌رده ده‌كات كه
ژیان بیچمێكه له جووڵه و بزووتنی ده‌روونیی مادده.
به‌م پێیه، هۆبز ره‌فتاری گیانله‌به‌ران و له‌وانیش
ره‌فتاری مرۆڤ به بیچمێك له مادده‌ی بزێو ده‌زانێ.
كه به‌رهۆی بزووتنێكی ده‌روونیی په‌یكه‌رناسانه‌یه(
كالبد شناسانه).
هۆبز به پێشكه‌شكردنی چه‌مكێكی ماتریالیستانه
له هه‌ست و ده‌رك، وه‌ك ده‌ركه‌وت و نیشانه‌ی جووڵه‌ی
په‌یكه‌ری، له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه كه وێنایه‌ك له
ئه‌زموونه‌كانی مه‌عریفه، كه له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ست
بیچم ده‌گرن، بخاته به‌ر ده‌ست. ئه‌و له‌رێگه‌ی ئه‌م
بونیاده ساكارانه‌وه لێكدانه‌وه‌یه‌كی ئاڵۆز بۆ
پاڵنه‌ر و هه‌سته‌كانی مرۆڤ ئه‌نجام ده‌دات.
هۆبز، "به‌خته‌وه‌ری" و "رۆژ ڕه‌شی" له قاڵبی مانای
"حه‌ز" و "رق" دا پێناسه ده‌كات. به بۆچوونی ئه‌و،
له راستیدا "به‌خته‌وه‌ری" مه‌به‌ستی حه‌زه و
"رۆژڕه‌شی" ئامانج و سۆژه‌ی رق و پشت لێكردنه. به‌م
پێیه، كردارێك كه له بزووتنی په‌یكه‌رییه‌وه
سه‌رچاوه ده‌گرێ، به شێوه‌ی حه‌ز یان به شێوه‌ی رق
ده‌رده‌كه‌وێ. به‌م پێیه، كردارێك كه به هۆی
ئیراده‌وه ده‌كرێت، ئیختیارییه.
هۆبز هاوكات له‌گه‌ڵ ره‌تكردنه‌وه‌ی چه‌مكی
ئیراده‌ی ئازاد‌دا ره‌فتاری ئیختیاری و خوازراو و
ره‌فتاری نه‌خوازراو لێك جیاده‌كاته‌وه. به بۆچوونی
ئه‌و هه‌موو كردارێك پێۆیسته، به‌لاَم هه‌موو
كرداره‌كان به هۆی هۆكاره ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه
زه‌رووره‌ت په‌یدا ناكه‌ن. ئازادی و رزگاری دوو شتن
به دژی جه‌بری ده‌ره‌كی. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر من له
زیندان بكه‌ن، ئیتر ئازاد نیم.
چلۆن ده‌توانرێ رای هۆبز سه‌باره‌ت به په‌یكه‌رناسی و
پاڵنه‌ره مرۆییه‌كان له رسته‌یه‌ك دا به‌یان بكرێت؟
ده‌توانرێ بگوترێ كه به بۆچوونی ئه‌و، تاكه
مرۆییه‌كان ده‌زگاگه‌لێكی ئاوه‌زین له ژێر كارێگه‌ری
پاڵنه‌ری سۆزداریدا و هه‌روه‌ها به پێی رێنوێنیی
ئاوه‌زیی خۆیانه كه حه‌زیان له به‌خته‌وه‌ری یان
سه‌ركه‌وتنی به‌رده‌وامه له به‌ده‌ست هێنانی ئه‌و
شتانه‌دا كه مرۆڤ له هه‌موو كاتێكدا حه‌زی لێیانه.
به‌لاَم ئه‌و بۆچوونه چ یارمه‌تییه‌كی ته‌وه‌ری
دسیپلینی كۆمه‌لاَیه‌تی ده‌دات؟ به جۆره‌ی كه
هۆبز پێی وایه پرسی كۆلاَیه‌تی ئه‌وه‌یه كه
مرۆڤ به پێی جه‌وهه‌ری سروشتیی خۆی، به شوێن
سه‌روه‌ری و به‌خته‌وه‌ری خویه‌وه‌یه‌تی و هه‌ركات
رۆحی دوو تاكی مرۆیی حه‌زیان له یه‌ك شت بێت ئه‌و
دوانه ده‌بنه دوژمنی یه‌ك و ئه‌گه‌ریش ببنه دوژمنی
یه‌ك هه‌وڵ ده‌ده‌ن یه‌كتر بسڕنه‌وه یاخود یه‌كیان
له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وی تردا پاشه‌كشه بكات. به‌م
شێوه‌یه هۆبز له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه ته‌واوی
مرۆڤه‌كان به شوێن گه‌یشتن به به‌خته‌وه‌ریی
خۆیانه‌وه‌ن. به گوته‌یه‌كی تر، به رای هۆبز به
ئه‌زموون كردن بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه جه‌وهه‌ری مرۆڤ،
زیاتر "خوَپه‌رستانه"یه. بۆچی؟ چونكه خواستی
سروشتیی هه‌ر مرۆڤێك ئه‌وه‌یه ژیانی خۆی راگرێ و
بیپارێزێ. به‌م پێیه مرۆڤه‌كان له بنه‌ڕه‌ته‌وه به
شوێن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیانه‌وه‌ن، هه‌ر به‌م
ئاراسته‌یه ده‌كه‌ونه ركه‌به‌ری و ململانێی
یه‌كدییه‌وه. له‌م رووه‌وه‌یه كه هۆبز پێی وایه
هه‌رج و مه‌رج شتێكی سروشتییه. له حاڵیكدا كۆمه‌ڵگای
رێك و پێك و سه‌قامگیر، داهێنراو و ده‌ستكرده.
كه‌واته مرۆڤ له دۆخی سروشتی دا حه‌زی له
به‌خته‌وه‌رییی خۆیه‌تی و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ
پاراستنی خۆی. به پێی بۆچوونی هۆبز، حه‌زی مرۆڤ بۆ
به‌خته‌وه‌ریی به‌رده‌وام، رایده‌كێشێت به‌لای
چێژخوازی و هه‌ماركردنی چێژ بۆ داهاتوو.
به‌لاَم دۆخی سروشتی له روانگه‌ی
هۆبز دا چۆنه؟ به‌ڕای ئه‌و، زێده له‌وه‌یكه
چه‌مكێكی مێژوویی بێت، ئامرازێكی شرۆڤه‌كارانه‌یه.
ئه‌ویش هه‌روه‌ك تیۆریسییه‌نه سیاسییه‌كانی تر له‌و
باوه‌ڕه‌دایه كه شوێنگه‌ی مرۆڤ له دۆخی سروشتی‌دا،
هه‌لومه‌رجێك ده‌ڕه‌خسێنێ كه ئه‌و له رێگه‌ی روون
كردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانه‌وه تیایدا به شوێن
دیاریكردنی سووده‌كانی ئۆتۆریته‌ی سیاسی له حاڵًه‌تی
نه‌بوونی ئه‌م ئۆتۆریته‌یه‌دا ده‌گه‌ڕێ. به‌ر له
هۆبز، تیۆریسییه‌نه‌كانی تر له‌سه‌ر چۆنیه‌تی
ره‌فتار كردن له‌گه‌ڵ مرۆڤ له به‌رانبه‌ر
هه‌لومه‌رجه پێشهاتووه‌كان، دوواون، به‌لاَم چه‌مكی
دۆخی سروشتیی هۆبز ته‌نیا گریمانه‌یه‌كی مێژوویی
نییه، به‌ڵكوو شرۆڤه‌یه‌كی مێژووییه له‌وه‌یكه هه‌ر
كه‌سێكی ئاوه‌زمه‌ند له هه‌لومه‌رجی نه‌بوونی
مه‌عریفه سه‌باره‌ت به ژیانی پاش مردن و له
هه‌لومه‌رجی نه‌بوونی ئۆتۆریته‌یه‌كی سیاسیی‌دا كه
توانایی دسیپلینكردنی هه‌بێت، چلۆن ده‌بێ ره‌فتار
بكات.
هۆبز، لانیكه‌م به پێی دوو به‌ڵگه باس له دوَخی
سروشتی ده‌كات: یه‌كه‌م ئه‌وه‌یكه كۆمه‌ڵگای مرۆیی
له لای تاكی مرۆیی شتێكی سروشتی نییه. سروشتی، به‌و
چه‌شنه‌ی كه كۆمه‌ڵگای گیانله‌به‌ران، وه‌ك مێروو یان
هه‌نگ له لای هه‌ر مێروو یان هه‌نگێك، سروشتییه.
به‌ڵگه‌كانی هۆبز له‌وه‌دا كه ده‌ڵێ كۆمه‌ڵگای مرۆیی
له‌لای مرۆڤ سروشتی نییه، بم چه‌شنه‌یه:
1.
كۆمه‌ڵگا مرۆییه‌كان به‌رهه‌می كاری سروشتی نین،
به‌ڵكوو هه‌ندێ به‌رهه‌می ده‌ستكردن كه به ده‌ستی
مرۆڤه‌كان دروست كراون.
2.
هیچ تاك یان گرووپێك له مرۆڤه‌كان، به پێی سروشتی
خۆیان، ئۆتۆریته‌ی به‌سه‌ر تاك یان گرووپه
مرۆییه‌كانی تردا نییه. به گوته‌یه‌كی تر،
ئۆتۆریته، له لایه‌ن سروشته‌وه پێی نابه‌خشرێت
به‌ڵكوو له رێگه‌ی په‌یمان و رێككه‌وتنی نێوان
مرۆڤه‌كانه‌وه، به سود وه‌رگرتن له ئاوه‌ز به‌رهه‌م
دێت.
ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ی دووهه‌می باسی چه‌مكی دۆخی سروشتی،
له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه نیشان بدات مرۆڤه‌كان به حوكمی
ئاوه‌ز، كۆمه‌ڵگا مرۆییه‌كان پێكدێنن و هه‌ر به‌و
پێبه‌ش ئۆتۆریته ده‌به‌خشن به تاك یان گرووپگه‌لێك.
هۆبز هه‌وڵ ده‌دات بۆ روون كردنه‌وه‌ی ئه‌م ته‌وه‌ره،
بڵێ كه دۆخی سروشتی دۆخێكی نائارام و پڕ مه‌ترسییه.
به‌م پێیه ده‌توانرێ بگوترێ كه به بۆچوونی
هۆبز، دۆخی سروشتی به‌لای مرۆڤه‌كانه‌وه
سروشتییه به‌لاَم ئاوه‌زی نییه. له حاڵێكدا كه
كۆمه‌ڵگا ئاوه‌زییه به‌لاَم سروشتی نییه. به‌لاَم
ده‌شێ دژوازیی نێوان ئاوه‌ز و سروشت چاره‌سه‌ر بكرێت،
چونكه مرۆڤ بوونێكی ئاوه‌زمه‌نده. به‌م حاڵه‌وه،
سروشتی نائاوه‌زیی مرۆڤ، به‌رده‌وام هانی ده‌دات
به‌ره‌و دۆخی سروشتی. به‌م پێیه، هه‌بوونی دۆخی
سروشتی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی به‌رده‌وام و راسته‌قینه‌یه
كه پێویسته به هێزی ئاوه‌ز به‌ره‌به‌ره‌كانێی
له‌گه‌ڵ دا بكرێت.
هۆبز زاراوه‌ی دۆخی سروشتی به دوو مانا به‌كار
ده‌بات: یه‌كیان له مانای گشتی دا، كه ئاماژه به
نه‌بوونی هیچ چه‌شنه كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌قامگیری مرۆیی
ده‌كات و دووهه‌م له مانایه‌كی تایبه‌تتردا كه به
ساده‌یی ئاماژه‌یه‌ك به نه‌بوونی حاكمییه‌تی
كۆمه‌ڵگای شارستانی ده‌كات.
هۆبز هه‌وڵ ده‌دات بسه‌لمێنێ كه له دۆخی
سروشتی‌دا، هه‌ر تاكێك به‌رژه‌وندییه‌كی هه‌یه كه دژ
به به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كانی تره. به‌م پێیه،
هه‌مووكه‌س رێگه پێدراوه كه به‌ر له‌ویكه
بكه‌وێته به‌ر هێرش، هێرش بكاته سه‌ر دراوسێكانی.
له‌و رووه‌وه، دۆخی سروشتی، دۆخی شه‌ڕ ئامێزی
به‌رده‌وامه بۆ هه‌ر مرۆژێك به دژی ئه‌وی تر.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بۆچوونه‌ی هۆبز به‌و مانایه نییه كه
له دۆخی سروشتی دا هه‌میشه شه‌ڕ و ململانێ به‌رپا
ده‌بێ، به‌ڵكوو ته‌نیا به‌م مانایه‌یه كه
هه‌لومه‌رجی شه‌ڕ ئاماده‌یه. ئه‌و شه‌ڕ و ململانێیه
ده‌رهاویشته‌ی سێ ره‌گه‌زی ئاماده‌یه له مرۆڤدا:
یه‌كه‌م، ركه‌به‌رێتی، دووهه‌م، ململانێ و سێهه‌م،
ناوبانگ.پڕه‌نسیپی یه‌كه‌م مرۆڤه‌كان بۆ كامه‌رانی
ده‌كاته هێرشبه‌ر. دووهه‌میان مرۆڤه‌كان بۆ سه‌روه‌ری
ده‌كاته هێرشبه‌ر و سێهه‌م مرۆڤه‌كان هان ده‌دات كه
بۆ به‌ده‌ستهێنانی ناوبانگ په‌نا بۆ توندوتیژی به‌رن.
به‌م شێوه‌یه گرووپی یه‌كه‌م بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر
دیتراندا سوود له توندوتیژی وه‌رده‌گرن. گرووپی
دووهه‌م له تونده‌تیژی به مه‌به‌ستی به‌رگری كردن
له خۆیان سوود وه‌رده‌گرن و گرووپی سێهه‌میش بۆ
به‌ده‌ستهێنانی پله و پێگه ئه‌و كاره ده‌كه‌ن.
هۆبز به‌و قسانه ده‌یه‌وێ له ته‌وه‌ری خاوه‌نداری و
پیشه‌ی مرۆڤه‌كان له دۆخی سروشتی‌دا بدوێ. ته‌وه‌رێك
كه دواتر ژان ژاك رۆسۆ له به‌رهه‌مه‌كانی خۆی دا
وه‌ك ته‌نیا ئه‌گه‌ری ئاماده له كۆمه‌ڵگا دا باسی
لێوه ده‌كات. به بۆچوونی هۆبز، پێوه‌ری خاوه‌نداری
له دۆخی سروشتی‌دا، له‌ڕێگه‌ی توانایی تاكه‌وه بۆ
به‌ده‌ستهێنان و پاراستنی ئه‌و خاوه‌ندارێتیه
هه‌لده‌سه‌نگێندرێ. من ته‌نیا كاتێ خاوه‌نی شتێكم كه
توانایی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌وم هه‌بێ و بتوانم هه‌ر
له‌و توانایه‌م بۆ پاراستنیشی سوود وه‌ربگرم. له
دۆخی سروشتی دا شتێكی وه‌ك دروست و نادروست و حه‌ق و
ناحه‌ق و دادگه‌ری و بێدادی له ئارادا نییه.
به‌لاَم هه‌ركه‌سێك ئه‌ركێكی سروشتی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی
هه‌رشتێك كه پێی وایه بۆ به‌خته‌وه‌رییه‌كه‌ی
پێویسته ئه‌نجامی بدات. به‌م شێوه‌یه، مرۆڤ هه‌وڵ بۆ
به‌خته‌وه‌ریی به‌رده‌وامی ژیانی خۆی ده‌دات و له‌م
رێیه‌دا پێده‌چێ هه‌لومه‌رجێك بێته پێشه‌وه كه
ته‌نانه‌ت ژیانی خۆی بدۆڕێنێ. مرۆڤه‌كان به چه‌شنێكی
سروشتی رقیان له مه‌رگه و له‌م رووه‌وه، له دۆخی
سروشتی‌دا كه له راستیدا دۆخێكی شه‌ڕ ئامێزه
رووبوڕووی ترس ده‌بنه‌وه. دۆخی سروشتیی شه‌ڕ ئامێز
به ئاوا سه‌ره‌نجامێكه‌وه، هه‌ر پیاوێكی ئاوه‌زمه‌ند
ناچار ده‌كات به شوێن دۆخێكی باشتره‌وه بێت و
خوازیاری ئاشتی بێت. ئه‌م رێگه‌چاره ئاوه‌زییه‌ی كه
خۆی پێویستی به ئامرازێكه بۆ پاراستن و ده‌سته‌به‌ر
كردنی ئامانجی بنه‌ڕه‌تی مرۆڤ بۆ به‌خته‌وه‌ری خۆی،
له لایه‌ن
هۆبزه‌وه به واتای یاسای گشتی یان "ئامۆژه‌ی
ئاوه‌ز" ناودێر ده‌كرێ.
هۆبز ئه‌و دۆخه به "یه‌كه‌م یاسای سروشت" یش
ناودێر ده‌كات. یاسای سروشت جیاوازه له‌گه‌ڵ مافی
سروشتی. مافی سروشتی شتێكه كه ئێمه بۆ پاراستنی
به‌خته‌وه‌ری خۆمان سوودی لێوه‌رده‌گرین یان كارێكه
كه ده‌مانه‌وه‌ێ ئازادانه ئه‌نجامی بده‌ین. به‌لاَم
یاسای سروشت، رێ‌نوێن یان یاسایه‌كی گشتییه كه
له‌سه‌ر بناغه‌ی ئاوه‌ز داڕێژاوه و مرۆڤ به هۆی
ئه‌وه‌وه رێگه له‌و كارانه‌ی ده‌گیرێت كه مه‌ترسی و
وێرانی ده‌خه‌نه سه‌ر رێی ژیانی. به‌م پێیه یاسای
سروشت پێمان ده‌ڵێ كه ده‌بێ چ كارێك بكه‌ین و ده‌بێ
بۆ پاراستنی ژیانی خۆمان به چی پابه‌ند بین. ئه‌مه
حوكمێكی گریمانه‌ییهhypothetcal
كه كۆمه‌ڵێك ئامراز و رێنوێنی پێویست بۆ
به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه پێشنیار و ده‌ست نیشان ده‌كات.
ئه‌و به‌هایانه‌ی كه له لایه‌ن یاساوه پێشنیار
ده‌كرێن حاڵه‌تی مشوورییان هه‌یه. نه به شێوه‌ی
ره‌ها ئه‌خلاقین و نه فه‌رمان و نه ده‌ستووریشن.
به‌م پێیه هه‌نگاوی به پێچه‌وانه‌ی یاسای سروشت
كردارێكی نائاوه‌زمه‌ندانه‌یه.
1.
یاسای یه‌كه‌می سروشت ئاماژه به‌وه ده‌كات كه
چونكه ئاشتی سوود به‌خشه بۆ ژیانی هه‌موو مرۆڤه‌كان
كه‌واته له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مواندایه كه هه‌وڵ
بده‌ن بۆ به‌دیهێنانی.
2.
یاسای
دووهه‌می سروشت په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه
مرۆڤه‌كان ده‌بێ چ
بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به ئاشتی بگه‌ن و به‌م
شێوه‌یه حه‌زه‌كانیان تێر بێت. كه‌واتا یاسای دووهه‌م
پێویستی به كه‌سانێكه كه چاو له هه‌موو مافێكی
سروشتیی خۆیان بپۆشن، به‌لاَم ته‌نیا به‌و مه‌رجه‌ی
كه دیترانیش ئه‌و كاره بكه‌ن. به‌م شێوه‌یه،
ئه‌گه‌ر بڕیار وابێ یاسای دووهه‌م جێبه‌جێ بكرێ،
پێویسته مرۆڤه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌ك رێككه‌ون و جووت بن.
به‌لاَم رێككه‌وتنه‌كان وه‌ك خۆیان بڕستیان نییه،
مه‌گه‌ر ئه‌وه‌یكه به‌هێز بكرێن. له راستیدا ئه‌وه
ته‌وه‌ری یاسای دووهه‌می سروشته.
3.
یاسای سێهه‌می سروشت، داوا له مرۆڤه‌كان ده‌كات كه
پابه‌ند بن به رێككه‌وتن و په‌یمانه‌كانی خۆیان. به
بۆچوونی هۆبز،
یاسای سێهه‌می سروشت له راستیدا ئاخێزگه و
سه‌رچاوه‌ی دادگه‌ریه. به واتایه‌كی تر، پابه‌ندی
به په‌یمان، واتا یاسامه‌ند كردنی دادگه‌ری و چونكه
به‌ر له رێككه‌وتنی مرۆڤه‌كان هه‌ڵه‌یه‌ك نه‌بووه
له ئارادا كه‌واتا له بنه‌ڕه‌ت دا دادگه‌ری
په‌یوه‌سته به رێككه‌وتنگه‌لێكی له‌م چه‌شنه. به
بۆچوونی هۆبز، دادگه‌ری به مانای پاراستن و پابه‌ند
بوون به رێككه‌وتنگه‌لی مانادار ه و بێدادی به
مانای شكاندنی ئه‌و په‌یمانانه‌یه.
هۆبز له كتێبی " شارۆمه‌ند"ی خۆی دا
ئاماژه‌ی به 18 یاسای ته‌واوكه‌ری تری سروشت كردووه
و له كتێبی " لێڤیاتان" دا به گشتی باسی له 19
یاسای سروشتی كردووه.ئه‌مانه بریتین له‌و یاسایانه
كه ئه‌م خالاَنه‌ی خواره‌وه له خۆ ده‌گرن:
1.
مرۆڤه‌كان سپاسگوزار و دڵخۆش بن به سوودانه‌ی كه به
ئازادانه به یه‌كتری ده‌گه‌یێنن.
2.
مرۆڤه‌كان هه‌وڵ بده‌ن خۆیان له‌گه‌ڵ كه‌سانی تردا
بگونجێنن.
3.
مرۆڤه‌كان له هه‌ڵه‌ی ئه‌وانه‌ی كه دان به هه‌ڵه‌ی
خۆیاندا ده‌نێن و داوای لێبوردن ده‌خوازن، ببوورێن.
4.
مرۆڤه‌كان ئه‌زموونی باش له سزا وه‌ربگرن.
5.
مرۆڤه‌كان په‌رێز بكه‌ن له رق و قین
له یه‌كتری.
6.
هه‌ر مرۆڤێك، له گه‌وهه‌ری مرۆیی‌دا دیترانیش له‌گه‌ڵ
خۆیدا به یه‌كسان بزانێ.
7.
هیچ مرۆڤێك مافی تایبه‌تی بۆخۆی له‌به‌رچاو نه‌گرێت.
8.
مرۆڤه‌كان دادوه‌رییه‌كی یه‌كسان و بێ لایه‌نانه‌یان
به نسبه‌ت یه‌كتره‌وه هه‌بێت.
9.
هیچ كه‌س له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌ویتردا خۆی نه‌كاته
دادوه‌ر و بڕیارده‌ر.
به‌م شێوه‌یه، یاساكانی سروشت له راستیدا دنیای
هاوكاری و ئاسایشی مرۆییه و له‌وێدا، هونه‌ره‌كان،
پیشه‌كان و كلتوور ده‌پشكوێن.
هۆبز هه‌وڵده‌دا بڵێ كه پَیوه‌ندییه
كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كانی مرۆڤ ته‌نیا له رێگه‌ی
به‌كاربردنی ده‌سه‌لاَت و به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی
سیاسییه‌وه بیچمده‌گرێت. هه‌روه‌ك
هۆبز جه‌خت ده‌كاته‌وه، په‌یمانی
كۆمه‌لاَیه‌تی په‌یمانێكه كه له نێوان هه‌موو
شارۆمه‌ندانی داهاتووی ده‌وڵه‌تدا ده‌به‌سترێت.
هه‌ركام له شارۆمه‌ندان به‌ڵێن ده‌ده‌ن كه ده‌ست له
مافه سروشتییه‌كانی خۆیان بشۆرنه‌وه و په‌یڕه‌وی له
كه‌س یان ئه‌نجومه‌نێكی كه وه‌ك حاكمییه‌تی ده‌وڵه‌ت
بیچمی گرتووه، بكه‌ن.
له راستیدا حاكمییه‌ت، لایه‌نێكی په‌یمان نییه.
واتا هیچ به‌ڵێنێك نادات، چونكه ده‌بێ ئۆتۆریته‌ی
ره‌های هه‌بێ و نابێ مافه‌كانی ئه‌و به هۆی به‌ڵێنه
په‌یمانه‌كانیه‌وه سنووردار بكرێت. حاكم، په‌یڕه‌وی
یاسای سروشته و له‌م حاڵه‌ته هاوشێوه و
یه‌كسانه‌دا، یه‌ك له تاكه‌كان، جودایه له په‌یمانی
كۆمه‌لاَیه‌تی. ئه‌م خاڵه به‌و مانایه‌یه كه
ئه‌ركه‌كانی حاكمییه‌ت پارێزكارانه‌یه
prudential
.
له راستیدا ئه‌مه ئه‌ركی حاكمه كه كۆمه‌ڵگا له
هه‌لومه‌رجی ئاشتیدا راگرێت و هه‌ر كارێك كه پێویسته
بۆ ئاسایشی شارۆمه‌ندان، ئه‌نجامی بدات. چونكه شكست
هێنان له به‌جێهێنانی ئه‌ركی له‌و شێوه‌یه به
مانای گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ دۆخی سروشتی.
لێره‌دا پێویسته ئاماژه به دوو خاڵ بكرێت: حاكم هیچ
ده‌روه‌ستییه‌كی په‌یمانی یان ده‌ستكردی نییه. به‌م
پێیه ئازاده له‌وه‌ی، بیر له هه‌ر شتێك كه
ده‌كاته‌وه ئه‌نجامی بدات. دووهه‌م ئه‌وه‌یكه،
په‌یڕه‌وان یان به‌نده‌كان به هۆی په‌یمانه‌وه
به‌ڵێنیان داوه كه په‌یڕه‌وی له ته‌واوی ئه‌و
یاسایانه بكه‌ن كه حاكم بڕیاریان له‌سه‌ر ده‌دا و
جێبه‌جێیان ده‌كات، چونكه كۆمه‌ڵگا به‌بێ حاكم، بوونی
نییه. كه‌واتا ناتوانێ له دژی حاكم هه‌ڵوێست بگرێ.
چونكه به‌بێ حاكم كۆمه‌ڵگا ته‌نیا كۆی ژماره‌ی
تاكه‌كانه.
ئێستا ده‌بێ روون بێته‌وه كه حاكمییه‌ت چلۆن بیچم
به ده‌سه‌لاَتی خۆی ده‌دات و مافه‌كانی چییه؟
به‌بۆچوونی هۆبز حاكمییه‌ت له دوو رێگه‌وه بیچم
ده‌گرێ: یه‌كیان به هۆی جه‌بری سروشتی كه زۆر جاران
له كه‌ژاوه‌ی شه‌ڕدایه. هه‌ركات حاكمییه‌ت له‌و
رێگه‌یه‌وه بیچم بگرێت، ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی كه دروست
ده‌بێ یان تایبه‌تمه‌ندیی ئیستبدادی هه‌یه
despotic
یان باوك سالارانه
paternalistic.
هۆبز ئه‌م كۆمه‌ڵگایه به رێككه‌وتنی
ده‌ستڤنای(اكتسابی) ناودێر ده‌كات. شێوه‌ی دووهه‌می
بیچم گرتنی حاكمییه‌ت، له رێگه‌ی رێككه‌وتنی تاكه‌كان
له‌گه‌ڵ یه‌كدییه‌وه‌یه بۆ په‌یڕه‌وی كردن له تاك
یان گرووپێك له تاكه‌كان. هۆبز ئه‌م شێوه‌یه به
رێككه‌وتنی دامه‌زراوه‌یی ناودێر ده‌كات. قه‌بووڵكردنی
ملكه‌چی بۆ حاكم له هه‌ردوو حاڵه‌ت دا به هۆی
ترسه‌وه پێك دێت. له شێوه‌ی یه‌كه‌مدا، ئێمه له‌و
كه‌سه ده‌ترسین كه وه‌ك حاكم قه‌بووڵ كراوه و له
شێوه‌ی دووهه‌مدا، ئێمه له یه‌كتر ده‌ترسین و هه‌ر
به‌م ئاراسته‌یه، ئێمه به پێكهێنانی كۆمه‌ڵگا و
دامه‌زراندنی حاكم، له هه‌وڵی ده‌سته‌به‌ر كردنی
ئاسایش دا ده‌بین. به‌و پێیه، له شێوه‌ی یه‌كه‌مدا
بۆ رزگار بوون له هه‌ڕه‌شه‌ی گیانی، حاكمییه‌ت
قه‌بووڵ ده‌كه‌ین و له شێوه‌ی دووهه‌م دا، به هۆی
ترس له كوژران به ده‌ستی ئه‌وانی تر، حاكمییه‌ت
داده‌مه‌زرێنین. لێره‌دا، له نێوان هۆبز له
لایه‌كه‌وه و لۆك و رۆسۆ له لایه‌كی تره‌وه
دژوازیگه‌لێك له ئارادا هه‌یه. لۆك و رۆسۆ له‌و
رایه‌دان كه‌سانێك كه ]حاكمییه‌ت[ ناچاریان ده‌كات
به په‌یڕه‌وی كردن، هیچ ده‌روه‌ست نین به په‌یڕه‌وی
و ملكه‌چكردن بۆی و به‌مه‌رجێك كه هێزی پێویستیان
هه‌بێ به ئاسانی ده‌توانن سه‌رپێچی له فه‌رمانه‌كانی
بكه‌ن. به بۆچوونی هۆبز، په‌یڕه‌وان به‌بێ ئه‌وه‌ی
حاكمیان دانابێت یان نا و یان دیل نه‌بن و له زیندان
نه‌بن، ده‌روه‌ستن به‌وه‌ی په‌یڕه‌ویی لێبكه‌ن.
به‌لاَم له روانگه‌ی رۆسۆ دا، واتای په‌یمانی
كۆمه‌لاَیه‌تی به شێوه‌یه‌كه كه لایه‌نی په‌یمان
ته‌نیا كاتێك ده‌روه‌سته به په‌یڕه‌وی له یاساكانی
حاكمییه‌ت كه وه‌ك هه‌ر تاكێكی تر خاوه‌نی ده‌نگی
یه‌كسان بێت له به‌گشتی پرۆسه سیاسی و بڕیاره‌كاندا.
له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی رۆسۆدا، هه‌ر تاكێك خاوه‌نی
پێگه‌یه‌كی دوو لایه‌نه‌یه. پێگه‌ی شارۆمه‌ندی و
پێگه‌ی ملكه‌چی.
ئه‌و وه‌ك كه‌سێكی چالۆك، شارۆمه‌نده و له
به‌رگی كه‌سێكی ناكارامه و بێباردا، به‌نده و
ملكه‌چه. به‌م پێیه، به بۆچوونی رۆسۆ چه‌مكی
په‌یمان به شێوه‌یه‌كه كه هیچ كه‌س له پێگه‌ی
ملكه‌چ و به‌نده دا ده‌روه‌ست نییه به‌وه‌ی
په‌یڕه‌وی له یاسا و فه‌رمانه‌كانی حاكم بكات مه‌گه‌ر
ئه‌وه‌یكه شارۆمه‌ند بێت. به واتایه‌كی تر،
ناوه‌رۆكی په‌یمان به جۆرێكه كه هه‌ندێ كرداری وه‌ك
نافه‌رمانی مه‌ده‌نی و شۆڕشگێڕانه تیایدا ئه‌گه‌ری
روودانی هه‌یه و هه‌ڵگری پاساوه. بۆچوونی "لۆك"یش
هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌یه. لۆك یش له‌و رایه‌دایه كه
ناوه‌رۆكی په‌یمان به جۆرێكه كه هه‌ر كه‌سێكی
خاوه‌ن په‌یمان، ئه‌م مافه‌ی پێده‌درێت كه یاسا و
كرداره‌كانی حاكم هه‌ڵسه‌نگێنێت و چاودێرییان بكات.
بێ گومان هۆبز بۆچوونی لۆك و رۆسۆی قه‌بووڵ نه‌ده‌كرد.
له لای ئه‌و، روانگه‌ی رۆسۆ روانگه‌یه‌كی به‌رته‌سك و
نابه‌جێیه. چونكه به بۆچوونی هۆبز سیسته‌مه
پاشایه‌تییه‌كان یان ده‌ره‌به‌گایه‌تییه‌كان ده‌توانن
به شێوه‌ی ره‌سمی دامه‌زرێن. به‌م پێیه ئه‌گه‌ر
رێككه‌وتنه‌كان ره‌سمی و ده‌روه‌ستی هێنه‌رن، ئیتر
نافه‌رمانیی مه‌ده‌نی و شۆڕش مانای نییه. هه‌ر له‌م
رووه‌وه‌یه كه لای هۆبز پێناسه‌ی بێدادگه‌ری هه‌مان
جێبه‌جێ نه‌كرانی رێككه‌وتن و په‌یمانه. به
واتایه‌كی تر ره‌فتاری دروستی عادلانه ئه‌وه‌یه كه
په‌یڕه‌و و ملكه‌چی حاكم بین و ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌م
په‌یمانه بشكێنێ، ئه‌وه كه ناعادله. رۆسۆ له
شوێنێكی تردا ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی له ماده‌كانی
په‌یمانه‌كه‌دا بكرێت، ئه‌وا كه‌سی په‌یڕه‌وی
په‌یمانه‌كه هیچ ده‌روه‌ستییه‌كی نابێ بۆ به‌نده‌گی،
به‌لام هۆبز دان به‌و بۆچوونه‌ی رۆسۆشدا نانێت. هۆبز
دیسان نكۆڵی له‌وه ده‌كات كه به‌نده‌كان بتوانن
سه‌رپێچی له حاكم بكه‌ن. لۆك یش له‌و رایه‌دایه كه
به پێی ناوه‌رۆكی په‌یمانی كۆمه‌لاَیه‌تی، هه‌ر كام
له لایه‌نه‌كانی په‌یمان، ئه‌و مافه‌ی هه‌یه كه
یاسا و كاره‌كانی حكوومه‌ت هه‌ڵسه‌نگێنێت. به‌لاَم
دیسان هۆبز ئه‌و بۆچوونه‌ی لۆك یش قه‌بووڵ ناكات.
به بۆچوونی هۆبز نافه‌رمانیی مه‌ده‌نی و شۆڕش به‌شێك
نین له ناوه‌رۆكه‌كانی په‌یمان. چه‌نكه ئه‌گه‌ر
وابوایه، تێپه‌ڕین له مه‌ترسییه‌كانی دۆخی سروشتی
زۆر دژوار و قورس ده‌بوو، به‌لاَم یاسای سروشتی
به‌نده به‌و مه‌رجه‌ی كه كاتێك وه‌لامان نا ، له
هه‌لومه‌رجێكدا بین كه ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆی
بگاته كه‌مترین راده. به‌م پێیه، یاسای سروشتی
ئه‌ركبارمان ده‌كات به په‌یڕه‌وی كردن له یاسا دیاری
كراوه‌كان له لایه‌ن حاكمه‌وه. ئه‌مه به‌و مانایه
نییه كه یاسای سروشتی و یاسای شارستانی یه‌ك شتن.
هه‌ر وه‌ك پێشتر گوترا، یاسای سروشتی چه‌شنێك ده‌ركی
یه‌زدانییه كه به هۆی ئاوه‌زه‌وه په‌رده‌ی
لێهه‌ڵگیراوه. به‌لاَم یاسا شارستانییه‌كان
یاساگه‌لێكی مرۆیین و خاوه‌نی دوو لایه‌نن: لایه‌نی
روونكردنه‌وه‌یی
explaning
و لایه‌نی سزایی
vindicative.
به‌شی روونكردنه‌وه‌یی، ئازادییه شارستانییه‌كانی
په‌یڕه‌وان دیاری ده‌كات. یاسای شارستانی، به ته‌واوی
له ژێر ئیراده و جه‌بری حاكم دایه. به‌م پێیه،
به‌نده ژێرده‌سته‌كان، ته‌نیا به‌شیان له‌و مافانه‌دا
هه‌یه كه حاكم پێیان ره‌وا ده‌بینێ و به ره‌سمیی
ناسیوه. له‌م رووه‌وه په‌یڕه‌وه‌كان ته‌نیا له دوو
رێگه‌وه ده‌توانن ئازادییه‌كانی خۆیان به‌ده‌ست
بهێنن:
یه‌كه‌م، له رێگه‌ی ئاشكرا كردن و دركاندنی ئه‌و
یاسایانه‌ی كه له لایه‌ن حاكمه‌وه دیاری كراون و
دووهه‌م له رێگه‌ی په‌نجه خستنه سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی
كه حاكم گوێی لێخه‌واندوون.به‌لاَم حاكم هه‌میشه
ده‌توانێ پێداچوونه‌وه به‌سه‌ر یاسا شارستانییه‌كاندا
بكاته‌وه و له هه‌ر حاڵێكدا ئازادییه‌كان سنووردار
بكات. ئه‌و، ره‌نگه رێگه بدات به په‌یڕه‌وه‌كانی
كه باوه‌ڕ به هه‌ر ئایینێك بێنن كه پێیان باشه،
به‌لاَم له هه‌مان كاتدا ده‌توانێ، لایه‌نگری له
هه‌ندێ ئه‌ندێشه بكات و هه‌روه‌ها به‌ڕێوه بردنی
هه‌ندێ له سرووته‌كانی ئایینه‌كان قه‌ده‌غه بكات.
به‌م شێوه‌یه بڕیاره‌كان به ته‌واوی له ده‌ستی
حاكمدایه كه ئایا ئازادیگه‌لی شارستانی ببه‌خشێت یان
نا، به واتایه‌كی تر، مافه‌كانی حاكم به راده‌ی
مافه سروشتییه‌كان به‌رفراوان و بێسنووره. به‌لاَم
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و مافانه سنوورداریش بن، حاكم
خۆی په‌یڕه‌وی له یاسا سروشتییه‌كان ده‌كات.
هه‌روه‌ها ئه‌م به‌رپرسیارێتیه له ئه‌ستۆی حاكمه
كه بڕیار بدات چ شتێك پێویسته بۆ ئاشتی و یان چ شتێك
بۆ شه‌ڕ. خاڵی گرینگ ئه‌مه‌یه كه حاكم سه‌باره‌ت
به‌و بڕیارانه به‌رپرسیار نییه له به‌رانبه‌ر
په‌یڕه‌وه‌كانیدا. تاكه خاڵی گرینگ ئاشتییه و هه‌ر
له‌به‌ر ئه‌وه ده‌سه‌لاَتی حاكم (به هێزه‌كی) سێبه‌ر
ده‌خاته سه‌ر گشت لایه‌نه‌كانی ژیان. به‌لاَم ئه‌م
خاڵه كه حاكمییه‌ت شتێكی ره‌هایه، به‌و مانایه
نییه كه هیچ سنوورێك نییه له‌سه‌ر ئۆتۆریته‌ی
حاكمان.
هۆبز سێ چه‌شنه سنوور له‌م بواره‌دا دیاری ده‌كات.
سنووری یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی هه‌یه به كرداره
ناپاكه‌كانه‌وه. سنووری دووهه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ
ته‌وه‌ری به‌خته‌وه‌ری و سنووری سێهه‌م له جیاوازیی
ده‌سه‌لاَت له ئۆتۆریته‌ی حاكم دا حه‌شاره. ئه‌گه‌ر
حاكمێك ئه‌مر به به‌نده‌كه‌ی خۆی بكات بۆ ئه‌نجامی
كارێك كه خۆی شه‌رم ده‌كات له ئه‌نجام دانی، به‌نده
هیچ ده‌روه‌ست نییه به‌وه‌ی ئه‌و كاره بكات.
بۆوێنه، حاكم ئه‌مر به به‌نده‌یه‌ك ده‌كات كه دایك
و باوكی خۆی بكووژێت. سنووری دووهه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ به‌خته‌وه‌ریی تاكی. چه‌مكی به‌خته‌وه‌ریی تاكی لای
هۆبز تاكه ده‌روه‌ستییی بێ مه‌رجه بۆ هه‌ر كه‌سێك.
به گشتی، ئه‌م ده‌روه‌ستییه ته‌نیا له رێگه‌ی
په‌یڕه‌وی كردن له حاكمه‌وه ده‌گاته ئه‌نجام.
به‌لاَم ئه‌گه‌ر حاكم ئه‌مر به كه‌سێك بكات كه خۆی
بریندار بكات یان بكووژێت، ئه‌و كه‌سه ئازاده كه
سه‌رپێچی له‌م فه‌رمانه بكات. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر
به‌نده، هیچ ئومێدێكی به رزگاری یان به‌خشران
نه‌بێت، ده‌روه‌ست نییه به‌وه‌ی دان به تاوانێكدا
بنێ كه كردوویه‌تی.
هۆبز ته‌نانه‌ت پێی زیاتر داده‌گرێ و ده‌ڵێ كه
هیچ تاكێك، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر فه‌رمانی له حاكم
وه‌رگرتبێت، ده‌روه‌ست نییه كه تاكێكی تر بكووژێت،
به‌لاَم هه‌رگیز ناشێ له فه‌رمانی حاكم بۆ به‌رگری
له دیتران، سه‌رپێچی بكرێ.
سنووری سێهه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه به‌ڵێنی
بنه‌ڕه‌تی و سروشتیی حاكم، را‌گرتن و پاراستنی
سه‌روه‌ری و ساخڵه‌مێی به‌نده‌كانی خۆیه‌تی. مه‌به‌ستی
هۆبز له ساخڵه‌مێ له راستێدا ساخڵه‌مێی گشت
ناوه‌رۆكه‌كانی ژیانه. به‌لاَم حاكم بۆ جێبه‌جێ كردنی
ئه‌م به‌ڵێنه‌ی خۆی، ته‌نیا له به‌رانبه‌ر یه‌زداندا
به‌رپرسیاره و له لای ئه‌و جوابگۆ ده‌بێت. حاكم نابێ
یاساگه‌لێك كه به دژی سروشت و له ئه‌نجامدا به دژی
یه‌زدانن، قه‌بووڵ بكات یان بچه‌سپێنێت. به‌م پێیه
حاكمی ده‌روه‌ست و دادگه‌ر، ده‌بێ یاسای ده‌روه‌ست
بچه‌سپێنێت. چونكه ته‌نیا له رێگه‌ی جێبه‌جێ كردنی
یاساگه‌لێكی له‌م چه‌شنه‌یه كه به‌نده‌كانی
فه‌رمانه‌كانی وه‌رده‌گرن. له‌م رووه‌وه، ئۆتۆریته‌ی
حاكم، تا ئه‌و جێیه پایه‌دار ده‌بێت كه ئه‌و توانایی
و ئیراده‌ی پارێزگاری كردن له به‌نده‌كانی خۆی هه‌بێت
هه‌ر كات ئه‌و توانایه‌ی له ده‌ست بدات، به‌ڵێنی
به‌نده‌كانیشی به‌تاڵ ده‌بێته‌وه. ده‌سه‌لاَتی حاكم
ده‌توانێ به‌هۆی شۆڕشی ناوخۆییه‌وه یان سه‌ركه‌وتنی
هێزه ده‌ره‌كییه‌كان، بڕووخێت. به چاوپۆشین
له‌وه‌یكه چ جۆره هێزێكی شۆڕشگێر، چ جۆره حاكمێك
(باش یان خراپ) بڕووخێنێ، ئه‌وان ده‌بنه خاوه‌ن
ده‌سه‌لاَت و مافی پێكهێنانی حاكمییه‌تێكی نوێیان به
جێی حاكمییه‌تی پێشوو ده‌بێت و ئه‌گه‌ر ئه‌م
حاكمییه‌ته نوێیه هێز و حه‌زی پارێزگاری كردن له
به‌نده‌كانی خۆی هه‌بێت، كه‌واته به‌نده، به‌ڵێنی
سروشتیی له ئه‌ستۆدایه بۆ په‌یڕه‌وی كردن له‌و وه‌ك
حاكمێك.
وه‌ك ده‌بینین فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی
هۆبز له راستیدا فه‌لسه‌فه‌ی ده‌سه‌لاَته كه
ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌مڕۆش له زۆرینه‌ی حاڵه‌ته‌كان دا
وه‌ك ره‌سه‌نترین و رێكوپێكترین نموونه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی
سیاسییه كه تا ئێستا خراوه‌ته به‌ر ده‌ست، خۆ
ده‌نوێنێ. جیاوكی سه‌ره‌كیی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی هۆبز
له‌وه‌دایه كه جیاوازیی نێوان ده‌سه‌لاَت و
ئۆتۆریته روون ده‌كاته‌وه و ده‌ری ده‌خات كه
ناتوانرێ ته‌نیا له دیدگای ده‌سه‌لاَته‌وه ساز و
كاری دامه‌زراوه سیاسییه‌كان روون بكرێته‌وه. كاری
ده‌وڵه‌تێك به‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه كه پێوه‌رێكی
هه‌بێت بۆ حه‌ز و ره‌زامه‌ندیی شارۆمه‌ندان بۆ
په‌یڕه‌وی كردن. ده‌توانرێ سه‌رنجی بنه‌ڕه‌تی و
كه‌ڵكه‌ڵه‌ی سه‌ره‌كیی هۆبز، له رێگه‌ی ئاماژه‌ی جۆن
لۆك سه‌باره‌ت به "رازی بوون" باشتر ده‌ركه‌وێ. رای
جۆن لۆك ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر ئێمه له ولاَتێكدا
بژین كه ناره‌زاییه‌كمان له یاساكانی نییه و
سه‌رپێچییان لێناكه‌ین، كه‌واته ده‌روه‌ستین به
قه‌بووڵكردن و په‌یڕه‌وی كردن لێیان. لۆك له
باسه‌كه‌ی خۆیدا سه‌باره‌ت به په‌یمانی
كۆمه‌لاَیه‌تی، ئۆتۆریته‌ی حاكم سنووردار ده‌كات.
به‌لاَم هۆبز هه‌روه‌ك دیتمان دژی سنووردارێتی
حاكمییه‌ت به شێوه‌ی لۆكه. له‌لای هۆبز هیچ شتێك
ناخۆشتر و خراپتر له شه‌ڕی ناوخۆ نییه. لێره‌دا،
ده‌روونناسیی ره‌سه‌نی هۆبز له كرۆكی باسه‌كانی
ئه‌ودا دووباره ده‌رده‌كه‌وێ. ئه‌و، ئه‌و گریمانه‌یه
داده‌نێ كه له یه‌ك جیاوازیی بۆچووندا، پێویسته بۆ
چاره‌سه‌ری كێشه‌كه كه‌ڵك له هێز و ئۆتۆریته
وه‌ربگیرێ. به‌م پێیه ئۆتۆریته‌ی سیاسی و هه‌بوونی
ده‌سه‌لاَتی سیاسی ده‌بێ به په‌یمانێكی ره‌زایه‌ت
ئامێزه‌وه به‌سترابێته‌وه له له‌گه‌ڵ په‌یمانێك له
په‌یوه‌ندیدا بێت كه توخمی "بڕواپێبوون" تیایدا
له‌به‌ر چاو گیرابێت. به واتایه‌كی تر، كاكڵی میتۆدی
ئه‌ندێشه‌ی هۆبز به‌یان بكه‌ین، ده‌بێ بڵێین كه
هۆبز سیسته‌مێكی ئاوه‌زیی داڕشتووه كه
به‌گشتی سه‌روكاری له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی مرۆڤدا هه‌یه.
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی هۆبز له‌بۆ وه‌لاَم دانه‌وه به
ته‌وه‌رێكی واقعی گه‌لاَڵه كراوه و ئه‌ویش ئه‌مه‌یه
كه چلۆن ده‌توانرێ رێگه له ئاژاوه‌ی ناو كۆمه‌ڵگا
بگیرێ و هه‌وڵ بدرێت بۆ گه‌یشتن به كۆمه‌ڵگایه‌كی
سه‌قامگیر. ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه ده‌رخه‌ری یه‌كه‌مین
هه‌وڵی گرینگه له رێگه‌ی له‌سه‌ر پێ راگرتنی ئه‌خلاق
و زانستی په‌یمانی كۆمه‌لاَیه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای
لۆژیكێكی ئاوه‌زمه‌ندانه‌ی به بێ پشت به‌ستن به
مه‌زهه‌به. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌یه كه
هۆبز بوو به ئیلهام به‌خشی زۆریه‌ك له
بیرمه‌ندانی سیاسیی پاش خۆی. به تایبه‌ت، روانگه
مرۆڤناسانه‌كانی، ستایشی زۆریه‌ك له كۆمه‌ڵناسانی
مۆدێرن وه‌ك بیرمه‌ندانی قه‌تابخانه‌ی دۆركایم ی لێ
كه‌وته‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بڕیار وابێ مه‌زنیی
مرۆڤێك به دژایه‌تیی زۆر و ره‌خنه‌گه‌لی توند له‌و،
به‌راوه‌رد بكرێ،
هۆبز له رێزه‌ی مه‌زنترینه‌كان دایه. هیچ
بیرمه‌ندێك به‌ڕاده‌ی
هۆبز نه‌كه‌وتۆته به‌ر ره‌خنه‌ی توندی
هاوچه‌رخانی خۆی. رۆحانییه‌تی مه‌سیحی به تایبه‌ت،
وه‌ك بیرمه‌ندێكی ئازاد، رقیان لێی بوو. رۆیاڵیسته‌كان
بۆیان ده‌ركه‌وتبوو كه ئه‌و له شاكاره‌كه‌ی خۆی دا
واتا "لێڤیاتان"، بنه‌كای پاشایه‌تی داوه به بادا.
به راستی ناكرێ به‌رهه‌مه‌كانی هۆبز له جه‌ده‌ل و
ئه‌و ره‌خنانه‌دا كه ئه‌م به‌رهه‌مانه له هه‌ر
شوێنێك لێیده‌كه‌وێتوه، به‌رته‌سك كرێته‌وه.
ئه‌ندێشه لۆژیكییه شایانی سه‌رنجه‌كانی هۆبز له
راستیدا، ناكارامه‌یی میتۆده باوه‌كانی پێشووی
سه‌لماند و هاوچه‌رخه‌كانی ناچار كرد كه
پێداچوونه‌وه به به‌سه‌ر بنه‌مای روانگه
فه‌لسه‌فییه‌كانی خۆیان، له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ
ده‌وڵه‌ت دا، بكه‌نه‌وه. به‌م پێیه، ئه‌ندێشه‌ی
هۆبز بووه هۆی په‌رچه‌كرداری دوو ره‌وتی
جیاوازی فكری كه یه‌كیان له لایه‌ن ره‌وتێكه‌وه به
ناوی "ئه‌زموون باوه‌ڕان" كه له لایه‌ن
كه‌سانێكه‌وه وه‌ك دێڤید هیۆم و ئادام ئیسمیت
نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرا و ئه‌ویتر له لایه‌ن لقه
رۆشنبیرییه‌كانه‌وه به نوێنه‌رایه‌تیی سامۆئێل
كلارێك و پرایس، ئه‌نجام ده‌درا. كاریگه‌رییه
پۆزێتیڤه‌كانی هۆبز، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆر گرینگن،
كه‌متر ناسراون. له نێو ئه‌م بیرمه‌ندانه‌دا كه
ئیلهامیان له
هۆبز وه‌رگرتووه ده‌توانرێ گه‌وره پیاوانێك
وه‌ك ئیسپینۆزا، لایب نیتز، هیلۆسیۆس، رۆسۆ، دیدرۆ،
ئۆگست كۆنت و نیچه ده‌ستنیشان بكرێن. زه‌رووره‌تی له
راده به‌ده‌ری ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی كه
هۆبز په‌نجه‌ی له‌سه‌ر داناون و وردبینی زۆری
ئه‌و له بڕیاردان له‌سه‌ر پرسه‌كان، ناچارمان ده‌كات
باوه‌ڕ به‌وه بێنین كه رۆڵێك كه ئه‌و له مێژووی
هزری سیاسی دا گرتوویه‌ته ئه‌ستۆ، هێشتا كۆتایی پێ
نه‌هاتووه.
سه‌رچاوه:
http://bokan.de/laparakan/Syaset/ata%20jamali/Tomas%20hobz2.pdf
|