ئه‌ره‌ستو (Aristotle)
ئه‌ره‌ستو له ساڵی
348ی پێش زایین له شاری ستاگیرای مه‌قدونیه، که ده‌که‌وێته 300
کیلومیتری باکووری ئاتێن، له دایک بوو. باوکی، هاوڕێ و پزیشکی
پاشای مه‌قدونیه، باپیره‌گه‌وه‌ره‌ی ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌قدونی بوو.
ئه‌ره‌ستو به گه‌نجی بۆ خوێندن رووی له ئاکادیمیای ئاتێن کرد.
له‌وێ له لایه‌ن ئه‌فلاتوونه‌وه به ئه‌قڵی به‌رجسته ناوزه‌د
کرا. پاش مردنی ئه‌فلاتون وازی له ئاکادیمیا هێنا و چووه ئاسیای
بچووک. له‌وێ له‌گه‌ڵ کچی بنه‌ماڵه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند و
ده‌ستڕۆێشتوو ژیانی هاوبه‌شی پێک هێنا. ئه‌وه‌نده‌ی پێ نه‌چوو که
فلیپ پاشای مه‌قدونیه ئه‌ره‌ستوی بانگ کرده کۆشکی پاشایه‌تی، تا
ببێته مامۆستای ئه‌سکه‌نده‌ری کوڕی.
ئه‌وده‌م که ئه‌سکه‌نده‌ر سێزده ساڵی پڕ ده‌کرده‌وه
ئه‌ره‌ستو 12ساڵ بوو که مامۆستایه‌تی ئه‌کرد.
دوای
ئه‌وه ئه‌ره‌ستو چووه ئاتێن و قوتابخانه‌که‌ی به ناوی لۆکیون
دامه‌زراند. له‌وێدا به پێچه‌وانه‌ی ئاکادیمیای ئه‌فلاتون که
زیاتر جه‌خت له سه‌ر ماتماتیک و سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ی تیۆری
ده‌کرا، توێژینه‌وه له بواره‌کانی بایولۆژی، ده‌روونناسی ،
ئه‌خلاق، هونه‌ر و شێعریش ئه‌نجام ده‌درا. ئه‌ره‌ستو له‌م
سه‌رده‌مه‌دا له لایه‌ن ئه‌سکه‌نده‌ره‌وه هه‌موو چه‌شنه
پشتیوانییه‌کی لێ ده‌کرا، به چه‌شنێک که به یارمه‌تیی
ئه‌سکه‌نده‌ر توانی گه‌وره‌ترین باغچه‌ی ئاژه‌ڵانی جیهان
دابمه‌زرینێ. دوای مردنی ئه‌سکه‌نده‌ر له ساڵی 323ی پێش زایین‌دا
ئاتێنییه‌کان دژی حکومه‌تی مه‌قدونی راپه‌ڕین، ئه‌ره‌ستوش
نه‌یتوانی خۆی له ژێر سریمه‌ی ئه‌م راپه‌ڕینه رزگار بکا. له‌م
سه‌رده‌مه‌دا یه‌کێ له پیاوه ئایینییه‌کانی ئاتێن به‌و بیانووه
که ئه‌ره‌ستو حاشا له کاریگه‌ری خێر و قوربانی‌کردن ده‌کا،
شکایه‌تی لێ کرد. بۆیه ئه‌ره‌ستو ناچار بوو هه‌ڵبێ و خۆی
بشارێته‌وه تا پێش به دووه‌مین جه‌نایه‌تی ئاتێنییه‌کان له دژی
فه‌لسه‌فه بگرێ. ساڵێک دوای ئه‌م رووداوه له ته‌مه‌نی 63سالێدا
کۆچی دوایی کرد.
زۆربه‌ی
به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌ره‌ستو بریتی نین له‌و کتێبانه‌ی که خۆی
ئاماده‌ی کردون، به‌ڵکو زیاتر ئه‌و شێوه وتاره ده‌رسییانه‌ن
که قوتابییه‌کانی نووسیویانه‌ته‌وه. شێوازی نووسینی ئه‌ره‌ستو
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌فلاتوون هیچ سنعه‌تێکی ئه‌ده‌بی تیدا نییه.
به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌ره‌ستو جگه له ماتماتیک، هه‌موو زانسته‌کانی
یونان ده‌گرێته‌وه. چه‌ند لقێک له‌و زانستانه‌ی که ئه‌ره‌ستو
کاری تێدا کردبوون، ده‌کرێ بڵیێن که یه‌که‌مجار بوو له مێژووی
مرۆڤایه‌تیدا که‌سێک به شیوه‌یه‌کی جددی و به نووسراوه کاری
تێدا ده‌کرد.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجێکی
ورد له چالاکییه‌کانی ئه‌ره‌ستو بده‌ین، تامه‌زرۆیی
سه‌رسووڕهینه‌ری ئه‌و بۆ بینینی دنیا و راڤه‌ی بینینه‌کان به‌رچاو
ده‌که‌ون. ئه‌ره‌ستو به پێچه‌وانه‌ی مامۆستاکه‌ی هه‌وڵ نادا تووشی
زه‌ینگه‌رایی ببێ، به‌ڵکو وا به چاکتر ده‌زانێ که روانینێکی
واقیعیانه‌ی هه‌بێ و پاشان به دانانی قانوونی ورد،
بینینه‌کانی شرۆڤه بکا. ئه‌ره‌ستو ئازایانه ئه‌مجۆره
بینینانه و راڤه‌ی شته‌بینراوه‌کان به پێی کۆمه‌ڵه قانوونێکی
دیاریکراو له لقه‌کانی دیکه‌ی زانستێشدا به کار دێنێ. له به‌ر
ئه‌مه کاتی خوینده‌وه‌ی ئه‌ره‌ستو، له‌گه‌ڵ ئه‌ستیره‌ناسیی
ئه‌ره‌ستو، بایۆلۆژیی ئه‌ره‌ستو، ده‌روونناسیی ئه‌ره‌ستو، سیاسه‌تی
ئه‌ره‌ستو وهتد به‌ره‌وڕوو ده‌بین. ئه‌و وێڕای شرۆڤه‌کردنی ئه‌م
زانستانه، دابه‌ش و
پۆلینبه‌ندیشیان ده‌کا.
راسته ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی
روانگه‌کانی ئه‌ره‌ستو له زانسته سروشتییه‌کانی وه‌ک ناوه‌ندێتی
گۆی زه‌وی، جیاوازییه فیزیۆلۆژییه‌کانی نێوان ژن و پیاو، یان
ره‌تکردنه‌وه‌ی تیۆریی ناو‌کی دیمۆکریتوس و که‌وتنی شته‌کان به
خێرایی جیاوازه‌وه به پێی قورسایی و زۆر شتی دیکه
ره‌ت کراونه‌ته‌وه، به‌ڵام دابه‌شکردنی زانسته‌کان له
لایه‌ن ئه‌ره‌ستو و ته‌نانه‌ت هێندێ له نووسینه‌کانی له بواری
زانسته سروشتییه‌کاندا تا هه‌زاران ساڵی دیکه له مێژووی
مرۆڤایه‌تیدا کاریگه‌ریان داناوه. هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی
ئه‌وه که ئه‌م ئیده‌عایه بێته‌گۆڕی که تیۆرییه‌کانی ئه‌ره‌ستو
نزیکه‌ی هه‌زارساڵێک به‌ریان به پێشکه‌وتنی زانست گرتووه.
ره‌نگه گرنگترین مژارێک
که له کاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م فه‌یله‌سوفه مه‌زنه‌دا پێی
ده‌گه‌ین، نه‌ک بینینه‌کانی ئه‌و، به‌ڵکو شیوه‌ی راڤه‌کردن و
ده‌ره‌نجامێکه که ئه‌ره‌ستو بۆ بینینه‌کان و به گشتی بۆ
بیرکردنه‌وه پێی گه‌یشتووه.
له راستیدا له نێو ئه‌و بابه‌تانه‌دا که ئه‌ره‌ستو
ده‌یانخاته روو، بابه‌تێک که که‌متر ده‌ستی تێبراوه، لۆژیکی
ئه‌ره‌ستوویه. هه‌ر ئه‌مه‌ش وای کردووه که ئه‌ره‌ستو وه‌ک
دانه‌ری لۆژیک چاو لێ بکرێ. گرنگترین به‌رهه‌می ئه‌ره‌ستو لۆژیکی
ئه‌رغه‌نوونه (Organon)
که بریتییه له پێنج به‌شی کاته‌گۆرییه‌کان (Categories)،
شیکاری (Analytics)
که بۆ خۆی بریتییه له دوو به‌ش.
ئه‌ره‌ستو سه‌رجه‌می
زانسته‌کان له بازنه‌ی فه‌لسه‌فه‌دا ده‌بینێ. ئه‌و، مه‌عریفه‌ی
مرۆڤایه‌تی به سێ به‌شی سه‌ره‌کی، فه‌لسه‌فه‌ی تیۆری، فه‌لسه‌فه‌ی
پراتیکی و فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ده‌بی دابه‌ش ده‌کا. فه‌لسه‌فه‌ی
ئه‌ده‌بی بریتیه له هێندێ ره‌هه‌ندی وه‌ک شێعر، ئه‌ده‌بیات،
وتاربێژی و شتی له‌و بابه‌ته. فه‌لسه‌فه‌ی پراتیکی بریتییه له
هێندێ ره‌هه‌ندی وه‌ک ئه‌خلاق و سیاسه‌ت و ئابووری. فه‌لسه‌فه‌ی
تیۆرییش بریتیه له سێ به‌شی سه‌ره‌کی: 1. زانسته سروشتییه‌کانی
وه‌ک فیزیک و
بایۆلۆژی 2. بیرکاری 3. فه‌لسه‌فه‌ی میتافیزیک و خواناسی
(تیۆلۆژی).
ئێستا به کورتی
باسی فه‌لسه‌فه‌ی تیۆری ئه‌ره‌ستو ده‌که‌ین. له زانسته
سروشتییه‌کاندا هه‌ر وه‌ک پێشتر وتمان به‌ناوبانگترین کاره‌کانی
ئه‌ره‌ستو هه‌ڵه زانستییه‌کانیه‌تی. به‌شی دووه‌می فه‌لسه‌فه‌ی
تیۆری ئه‌ره‌ستو ماتماتیکه که
له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر که‌یفی پێ نه‌هاتووه، ئه‌وه‌نده تێیدا
قووڵ نه‌بۆته‌وه. به‌شی سێهه‌می فه‌لسه‌فه‌ی تیۆریی ئه‌ره‌ستو که
زیاتر مژاری به‌رباسی ئێمه‌یه، فه‌لسه‌فه‌ی میتافیزیکه.
ئه‌ره‌ستو
له‌و باسه مه‌عریفه‌تناسیه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌فلاتونی مامۆستای
هاوڕایه که وشیاری و زانست پێوه‌ندی به شته گشتییه‌کانه‌وه
هه‌یه، نه‌ک جیهانی هه‌سته‌کان که جیهانی به‌شه‌کانه. هه‌روه‌ک
له باسی ئه‌فلاتوندا ئاماژه‌ی پێکرا، ئه‌فلاتون بڕوای وابوو که
ئه‌مه گشته‌کان یان به واتایه‌کیتر
ئایدیاکه جیهانی راسته‌قینه پێک دێنن و ئه‌و شتانه‌ی
ئێمه هه‌ستیان پێ ده‌که‌ین، ناواقیعی و له راستیدا تیشکیکی
جیهانی ئایدیان. ناکۆکی
ئه‌ره‌ستو له گه‌ڵ ئه‌فلاتون لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌کا. ئه‌و به
پیچه‌وانه‌ی مامۆستاکه‌ی بڕوای وایه که ئه‌م شته گشتی و
ئایدیایانه ته‌نیا زه‌ینین و بوونی ماددییان نییه. واته به
پێچه‌وانه‌ی ئه‌فلاتون که روانینێکی
بابه‌تی (ئابژکتیڤ)انه‌ی بۆ ئه‌م مه‌سه‌له هه‌یه،
ئه‌ره‌ستو تێڕوانینێکی
خودییانه(سابژکتیڤ)ی هه‌یه. ئه‌ره‌ستو گه‌لێک هۆ بۆ
ره‌تکردنه‌وه‌ی تیۆری ئایدیای ئه‌فلاتونی ده‌هینیته‌وه که
لێره‌دا ناچمه سه‌ری. ره‌نگه خوو و خده‌ی بووبێته هۆی ئه‌م
ناکۆکییه. ئه‌ره‌ستو ئه‌و جۆش و خرۆشه‌ی نه‌بوو که ئه‌فلاتون له
خه‌یاڵ و زه‌ینگه‌ریدا هه‌یبوو. به‌ڵام
له هه‌مان کاتدا بینه‌رێکی وردبینیشه که به باشی
هه‌سته‌کانی به کار دێنێ.
ئه‌ره‌ستو له جیهاندا شته‌کان به دوو جۆر راڤه ده‌کا. یه‌کیان
راڤه‌یه‌که که پێوه‌ندی به حاڵه‌تی به‌زه‌بری(بالقوه)ه‌وه
هه‌یه و ئه‌وی دیکه‌ش بۆ حاڵه‌تی وه‌گه‌ڕکه‌وتنی
(بالفعل)ده‌گه‌ریته‌وه.
بۆ نموونه، له دیدی ئه‌ودا تۆڤێک له خۆیدا گیایه‌کی
ته‌واوه. کاتێ ئه‌م هێزه وه‌گه‌ڕبکه‌وێ، ده‌بێت به گیا. یان خاک
له خۆیدا ده‌توانێ گۆزه‌یه‌ک بێت و له کاتی بوونی به گۆزه ئه‌م
هێزه ده‌که‌ویته گه‌ڕ.
ئه‌ره‌ستو حاڵه‌تی یه‌که‌مینی شته‌کان به هیولی یان مادده‌ی خاو و
حاڵه‌تی وه‌گه‌ڕکه‌وتنی ئه‌م مادده خاوه‌ش به فۆرم ناو ده‌با.
به‌مجۆره لای ئه‌ره‌ستو بوون(وجود) ئاوێته‌یه‌که له مادده‌ی خاو
یان هیولی و فۆرمه‌که‌ی. که‌واته ده‌توانین مردن و له‌نیوچوون و
داوه‌شان یان ئه‌و گۆڕانانه‌ی له‌م جیهانه‌دا ده‌یبینین، به
ئاکامی گۆڕانی فۆرمی شته‌کان بزانین. لێره‌دا ده‌بێ ئه‌م خاڵه‌مان
له‌به‌رچاو بیت که فۆرم و مادده‌ی خاو حاڵه‌تی رێژه‌ییان هه‌یه و
پله به پله ده‌گۆڕین. واته فۆرمی شتێک ده‌کرێ مادده‌ی شتێکی
دیکه بێت. هه‌روه‌ک چۆن گیا، مادده‌ی خاوی ئاژه‌ڵه و
به‌ردینه‌ییش مادده‌ی خاوی گیایه.
تێکه‌ڵاویی مادده و فۆرم ده‌بێته هۆی ئه‌وه که هه‌رگیز
مادده‌یه‌کی یه‌که‌مین به‌رچاو نه‌که‌وێ. ئه‌ره‌ستو لێره‌وه به‌و
ئاکامه ده‌گا که دایکی مادده‌کان شتێکی ته‌واو زه‌ینییه و بوونی
ماددی نییه. ئه‌و له‌م رێگایه‌وه تیۆرییه‌کانی فه‌یله‌سووفانی
پێش خۆی ده‌رباره‌ی دایکی مادده‌کان وه‌ک هه‌وای تالس، ئاوی
ئاناکسیمنس یان ئه‌تۆمی دیمکریتوس یان ئایدیای ئه‌فلاتون ره‌ت
ده‌کاته‌وه.
ئه‌ره‌ستو چوار هۆکاری سه‌ره‌کی بۆ ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی که له
ده‌وروبه‌ری ئێمه‌دا روو ده‌ده‌ن، ده‌ستنیشان ده‌کا: یه‌که‌م:
هۆکاری ماددی
(Material Cause)،
دووه‌م: هۆکاری فۆرمی
(Formal Cause)
که پێشتر قسه‌مان له سه‌ر کردن. هۆکاری سێهه‌م که باسی ده‌کا
هۆکاری بکه‌ری یان بزوێنه‌ر
(Efficient Cause)
که ئه‌مه بوار بۆ گۆڕان خۆش ده‌کا وه‌ک رۆڵی دارتاش له کردنی
دار به کورسی دا. چواره‌مین هۆکاری درستبوونی گۆران، هۆکاری
مه‌به‌ستی
(Final Cause)و
ئه‌مه‌ش ئه‌و حاڵه‌ته‌یه که گۆڕانکارییه‌کان له‌ودا کامڵ ده‌بن.
ئه‌گه‌رچی بۆ دروستبوونی هه‌ر گۆڕانێک سه‌رجه‌می ئه‌م هۆکارانه
پیویستن، به‌ڵام به که‌مێک وردبوونه‌وه ده‌زانین که سێ هۆکاری
دوایی به جۆرێک یه‌کیان گرتووه، له کاتێکدا که هۆکاری فۆرمیی و
کۆتایی تا راده‌یه‌کی زۆر پێکه‌وه ته‌بان، هۆکاری بکه‌ری یان
بزوێنه‌رانه
تامه‌زرۆیی و مه‌یل و راکێشرانه به‌ره‌و هۆکاری فۆرمیی و
مه‌به‌ستی.
ئه‌ره‌ستوش وه‌ک ئه‌فلاتون، دیاره به شێوه‌یه‌کی دیکه بوون
پله‌به‌ندی ده‌کا و ئه‌وێش وه‌ک ئه‌فلاتون له‌م پله‌به‌ندییه‌دا
تووشی جۆرێک له که‌ماڵخوازی ده‌بێ. بۆ وینه باوه‌ڕی به
پله‌به‌ندییه‌ک له به‌ردینه‌یی (جماد). گیا، ئاژه‌ڵ و مرۆڤ هه‌یه
که له‌م پله‌به‌ندییه‌دا له هه‌ر قۆناغیکدا بوون کامڵ ده‌بێ و
ده‌گاته ئاستێکی به‌رزتر.
به رای ئه‌ره‌ستو خاڵی جیاکه‌ره‌وه‌ی مرۆڤ له ئاژه‌ڵ
ئاوه‌زیه‌تی. بۆیه ئه‌قلانییه‌ت به‌رزترین پله‌ی که‌ماڵه. له‌م
پله‌به‌ندییه‌دا
ئه‌ره‌ستو ئه‌قلی په‌تی که
نه‌ک هه‌ر مادده و مادده‌ی خاو نییه به‌ڵکو ته‌واو له
فۆرم و کرداردا خۆی ده‌رده‌خا،
ده‌باته لوتکه.
خوای ئه‌ره‌ستو خوڵقینه‌ری جیهان نییه، به‌ڵکو یه‌که‌م بزوێنه‌ری
جیهانه. چونکه ئه‌ره‌ستوش وه‌ک زۆرێکی دیکه له یۆنانییه‌کان
بڕوای به جیهانێکی ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دی هه‌بوو. ئه‌م خوایه
خوایه‌ک نییه که راسته‌وخۆ له رێگای هێندێ هێزی تایبه‌ته‌وه
جیهان بسوڕێنێ. ئه‌و له‌مباره‌وه ده‌ڵێ خودا وه‌ک چۆن ئه‌ویندارێک
ئه‌وینه‌که‌ی ده‌خاته سه‌ما، وا جیهان ده‌سووڕێنی.
بۆیه خوای ئه‌ره‌ستو ده‌ست ناباته نێو کاروباری دونیاوه
وته‌نیا ته‌ماشاچییه‌که و به‌س (وه‌ک خودی ئه‌ره‌ستو!!!).
دیمه‌نێک که ده‌یبینێ، ته‌نیا خودی ئه‌وه. چونکه تماشاکردنی
ئه‌م جیهان ناکامڵه، ده‌بێته هۆی ناکامڵبوونی ئه‌ویش، که‌چی ئه‌و
بۆ خۆی کامڵێکی ره‌هایه.
له کۆتایی ئه‌م وتاره‌دا باس له دوو به‌شی فه‌لسه‌فه‌ی زانستیی
ئه‌ره‌ستو، واته ئه‌خلاق و سیاسه‌ت ئه‌که‌م. ده‌کرێ زۆربه‌ی
روانگه‌کانی ئه‌ره‌ستو له‌مه‌ڕ ئه‌خلاق له کتێبی "ئه‌خلاقی
نیکوماخووسی"ه‌که‌یدا وه‌خوێنین.
له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقیی ئه‌ره‌ستودا که له ژێر سریمه‌ی
فه‌لسه‌فه‌ی تیۆرییه‌که‌یدایه، خێر وبه‌خته‌وه‌ری هه‌ر
بوونه‌وه‌رێک له‌و مه‌به‌سته‌دایه که بۆی دیاری کراوه و
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که کامڵ‌بوونی مرۆڤ له ئه‌قلانییه‌تدا دیاری
کراوه، بۆیه به‌خته‌وه‌ری مرۆڤ له ژیاندا له سه‌ر بنه‌مای
ئه‌قلانییه‌ت به‌دی دێت. به باوه‌ڕی ئه‌ره‌ستو ئه‌قلانییه‌تیش وا
حوکم ده‌کا که فه‌زیله‌تی ئه‌خلاقی له شتێکدا بێت که
میانه‌ره‌ویی تێدا ره‌چاو کرابێ. لێره‌وه‌یه که ئه‌ره‌ستو داوا
ده‌کا له نێوان ترس و بێ باکیدا دلێری و له نێوان ده‌ست
قونجاوی و هه‌له‌خه‌رجیدا به‌خشنده‌یی وهتد ره‌چاو بکرێ. ئه‌و له
سیاسه‌تیشدا رێگای میانه ده‌گرێ. له لایه‌ک دژی دیموکراسی
ده‌وه‌ستیته‌وه، چون پێیوایه که دیموکراسی له سه‌ر پرنسیپی
به‌رابه‌ری خه‌ڵک راوه‌ستاوه، له حاڵیکدا به هیج جۆرێک وا
نییه. ئاغا سه‌روه‌ری کۆیله، پیاو گه‌وره‌ی ژن، نه‌جیبزاده له
سه‌رووی عه‌وامه‌وه‌یه وهتد. هه‌ره‌وه‌ها له به‌ر ئه‌وه‌ی که
له دیموکراسیدا حکومه‌ت ده‌که‌وێته ده‌ستی خه‌ڵکی عه‌وام و ئه‌م
خه‌ڵکه‌ش به ئاسانی فریو ده‌خۆن، بۆیه ئه‌گه‌ری داڕمانی
ئه‌مجۆره حکومه‌ته زۆره. به‌ڵام له روانگه‌ی ئه‌ره‌ستووه
حکومه‌تی ئه‌ریستوکراتی (ئه‌شرافی)یش ئه‌گه‌رچی به گشتی باشتره
له دیموکراسی،
به‌ڵام ئه‌مه‌ش عه‌یب و که‌موکووڕیی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، بۆ
وێنه (ئه‌مجۆره حکومه‌ته) سه‌ره‌نجام ده‌بێته سه‌ره‌ڕۆیی یان
حکومه‌تی سه‌روه‌ت و سامان به سه‌ر خه‌ڵکدا. پێشنیاری ئه‌ره‌ستو
تێکه‌ڵێک له‌م دوو جۆره حکومه‌ته
یان له راستیدا ریگایه‌کی میانه‌یه. به‌مجۆره که بۆ
وێنه تاقمێک له خه‌ڵکی باڵاده‌ست (ره‌نگه ئه‌ریستۆکراته‌کان)
پێکه‌وه حکومه‌ت بکه‌ن و وڵات به‌ڕیوه ببه‌ن.
ژێده‌ر:
www.aftab.ir
و. کۆسار فه‌تاحی
|