سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست
وه‌رگێڕانی له
نۆروێژییه‌وه: فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
به گشتی ده‌رباره‌ی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست
1ـ
لێره‌دا له گه‌ڵ دوو چه‌مک رووبه‌ڕووین: "بڕوای ئایینی" و "بڕوای
زانستی". بڕوای ئایینی هه‌ر وه‌ک بڕوای زانستی له هه‌مان ئاستی
متمانه و ره‌زامه‌ندی به‌هره‌مه‌نده. هه‌بوونی زانست ته‌نیا به
مانای زانیاری متمانه پێکراو نیه، به‌ڵکو وشیارییه‌کی ئۆبژکتیڤه
(په‌یوه‌ندی به دونیای راستیه‌کانه‌وه هه‌یه) به شێوه‌یه‌ک که
مرۆ ده‌توانێ له رێگای هه‌سته‌وه راسته‌وخۆ، یاخود له رێگای
ئه‌و زانیاریانه‌وه به ده‌ستی بێنێ که په‌یوه‌ندی به سه‌رچاوه
سروشتیه‌کانه‌وه هه‌یه. زانستی سروشتیش به‌و مانایه که مرۆ
زانست له رێگای توانا سروشتیه‌کانی خۆیه‌وه، واته له رێگای
هه‌ست و بیره‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌کا .
2ـ
گرنگترین خاڵی ده‌ستپێک بۆ مرۆڤی مه‌سیحی، بوونی
خودایه. له بابه‌ت زانیاری له مه‌ڕ بوونی خودا سێ جۆره بۆچوون
هه‌یه: 1) ناسینی خودا ته‌نیا له رێگای بڕواوه.2) ناسینی خودا
له رێگای هه‌ست و بیره‌وه. 3) ناسینی خودا له رێگای بڕوا و
بیره‌وه. ئۆگۆستین و ئه‌کویناس بڕوایان به بۆچوونی سێهه‌م
هه‌بوو.
3ـ
ئۆگۆستین پێی وایه که ناسینی مرۆ له مه‌ڕ خودا له بڕواوه
ده‌ست پێده‌کا (مرۆ ده‌بێ بڕوای هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ تێ‌بگا).
بڕوا ده‌توانێ به هێز بکرێ به هۆی ئه‌و زانیاری و به‌ڵگانه‌ی که
پێک هێنه‌ری زانستن (مرۆ ده‌بێ تێ بگا بۆ ئه‌وه‌ی بروای هه‌بێ).
4ـ
ئه‌و زانیاری و به‌ڵگانه‌ی که بوونی خودا ده‌سه‌لمێنن، پێیان
ده‌گوترێ "به‌ڵگه‌ی سه‌لماندنی خودا"، که دوو جۆرن: 1) پێش به‌ڵگه1:
به گوێره‌ی ئه‌م بۆچوونه به پێی وێنایه‌ک که مرۆ له خودا له
بیری خۆیدا هه‌یه‌تی، بیر وه‌شوێن ئه‌وه ده‌که‌وێ که ئه‌م
هه‌بوونه بسه‌لمێنێ. 2) پاش به‌ڵگه2:
که به هۆی کۆمه‌ڵێک فاکت و راستییه‌وه مرۆ به بوونی خودا
ده‌گا. خودایه‌ک که خوڵقێنه‌ری ئه‌م شتانه‌یه و ده‌کرێ هۆکاری
هه‌بوونی دنیامان بۆ شیبکاته‌وه. به ناوبانگترین پاش به‌ڵگه بۆ
سه‌لماندنی بوونی خودا بۆچوونێکی ئه‌کویناسه که به "رێگاکانی
گه‌یشتن به خودا" ناوبانگی ده‌رکردووه. ئه‌م بۆچوونه پێمان
ده‌ڵێ که دنیا پلانێکه‌و چونکه هه‌ر پلانێکیش خاوه‌ن پلان
داڕێژه‌رێکه، که‌واته خودا داڕێژه‌ری پلانی
دنیایه(بوونه‌وه‌رێکی وشیار که
خوڵقێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌موو شته سروشتیه‌کانه).
5ـ
لای ئه‌کویناس، تیولۆژی هه‌موو راستیه ئاینییه‌کان له خۆ ده‌گرێ،
که به چه‌ند شێوه ده‌ناسرێن: 1) له فۆرمی خودادا که
سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌حی یان ئه‌و په‌یامه
خوداییانه‌ی که په‌یامبه‌ران راسته‌وخۆ له لایه‌ن خوداوه به
ده‌ستیان گه‌یشتووه.2) له فۆرمی زانست‌دا که له رێگای توانا
سروشتیه‌کانی ناسینه‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێن (تیۆلۆژی سروشتی).
ئه‌کویناس ده‌ڵێ که زۆربه‌ی راستییه ئاینییه‌کان بۆ وێنه بوونی
خودا و نه‌مریی رۆح ده‌کرێ له هه‌ر دوو رێگاوه زانستی له سه‌ر
په‌یدا بکه‌ین. به‌ڵام هه‌ندێک له راستییه‌کانی وه‌ک "خوڵقاندنی
دنیا" و دۆگمای ئه‌وه‌ی که خودا و مه‌سیح و رۆحی موقه‌ده‌س
یه‌که‌یه‌کن، ته‌نیا له رێگای بڕواوه ده‌توانین زانستی له سه‌ر
په‌یدا بکه‌ین.
6ـ
ئه‌کویناس هه‌روه‌ها قسه له سه‌ر جیاوازییه‌کانی نێوان زانست،
بڕوای ئاینیی و وه‌هم ده‌کا. بڕوا وه‌ک زانست ناسینێکی متمانه
پێکراوه، به‌ڵام وه‌هم به پێچه‌وانه‌وه ناتوانرێ متمانه‌ی پێ
بکرێ.
بڕوا جیاوازی هه‌یه له گه‌ڵ زانست، له به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌و
متمانه‌یه‌ی بڕوا ده‌یبه‌خشێ له سه‌ر بڕیارێکی خوازراو
راوه‌ستاوه که له دوا وته‌دا سه‌رچاوه‌که‌ی بۆ خودا
ده‌گه‌ڕێته‌وه. بۆ وێنه ئه‌وه‌ی که "من بڕوام به‌وه هه‌یه که
خودا دنیای خوڵقاندووه" له سه‌ر ئه‌و گریمانه‌یه راوه‌ستاوه
که له‌وه پێش من ویستبێتم که به‌م بۆچوونه بڕوا بێنم. ئه‌وه‌ی
که بۆ وێنه من ده‌زانم که دوو کۆی دوو ده‌بێته چوار،
ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که من له رێگای په‌یوه‌ندی به
راستیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆمه‌وه، واته ئه‌وه‌ی که له دونیای
واقعدا هه‌یه، به‌م راستیه و زانسته گه‌یشتووم.
روانگه‌ی
ئۆگۆستین له بابه‌ت خودا، جیهان و مرۆڤ. ئۆگۆستین چۆن ده‌ڕوانێته
خۆشه‌ویستی. تیۆری وی له بابه‌ت ده‌وڵه‌تی زه‌مینی، ده‌وڵه‌تی
خودائی و تیۆری مێژوو.
1ـ له
راستیدا شوێنی مرۆ له جیهان بینیی ئۆگۆستیندا ده‌توانێ ده‌ستپێکی
روانینی وی له بابه‌ت په‌یوه‌ندی نێوان خودا، جیهان و مرۆڤه‌وه
بێت. به رای ئۆگۆستین مرۆ له پله‌ی خواره‌وه‌ی خودا و
بوونه‌وه‌ره ئاسمانیه‌کاندا قه‌راری گرتووه، به‌ڵام هه‌ر له‌و
حاڵه‌دا تاجی سه‌ری خڵقه‌ته‌و له هه‌موو بوونه‌وه‌ره
زه‌مینیه‌کانی دیکه پایه‌به‌رزترێکه. خودا که بوونه‌وه‌رێکی بان
سروشتیه، جیهان و مرۆڤی خوڵقاندووه. مرۆ به گشتی جیاوازه له
بوونه‌وه‌ره‌کانی دیکه، هۆکاره‌که‌یشی ئه‌وه‌یه که خودا مرۆڤی
له رووی خۆیه‌وه خوڵقاندووه. ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه مرۆ
بتوانێ خودا وه‌ک سه‌رچاوه‌ی بوونی خۆی سه‌یر بکا و بیناسێ.
هه‌روه‌ها لای ئۆگۆستین ئینسان بوونه‌وه‌رێکی رۆحیه (نه‌ک ته‌نیا
بوونه‌وه‌رێکی خاوه‌ن توانای بیرکردنه‌وه، به‌و جۆره‌ی که
ئه‌ره‌ستو پێناسه‌ی ده‌کرد).
2ـ مرۆڤ
چونکه خوڵقاوی ده‌ستی خودایه که‌واته نیازی هه‌یه که به‌ره‌و
وی بگه‌ڕێته‌وه. ناسینی خودا بریتی نیه له وه‌ده‌ست هێنانی
زانست و زانیاری له مه‌ڕ خودا، به‌ڵکو بریتیه له یه‌کبوون له
گه‌ڵ خودا و خۆش ویستنی، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی که عاشق به شوێن
یاره‌وه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م یه‌کبوونه بێته چێکرن ده‌بێ خوا
به هۆی روحم و به‌زه‌یی خۆیه‌وه خۆشه‌ویستی خۆی ئاراسته‌ی مرۆ
بکا. خۆشه‌ویستی خودا بۆ مرۆ ته‌واو که‌ری خۆشه‌ویستی مرۆیه بۆ
خودا. سه‌رچاوه‌ی گوناه نه‌بوونی خۆشه‌ویستی یاخود که‌میی
خۆشه‌ویستییه به‌رامبه‌ر به خودا. نه‌بوونی خۆشه‌ویستی هۆی
سه‌رپێچی له خواسته‌کانی خواوه‌نده. خۆشه‌ویستیی خواوه‌ند گه‌لێک
به‌رزتره له خۆشه‌ویستی دونیا و ته‌نانه‌ت مرۆ خۆیشی. ئه‌م جۆره
خۆشه‌ویستیه سه‌رچاوه‌ی بیری گۆشه‌گیریانه‌ی ئۆگۆستینه که مرۆ
تێیدا به ساده‌یی و قه‌ناعه‌ت ده‌ژی و خۆی
له خۆشی و له‌ززه‌تی دونیا دوور راده‌گرێ.
3ـ به
ره‌وایه‌تی ئه‌نجیل و به گوته‌ی ئۆگۆستین خودا دونیای له
هیچه‌وه چێکرد. ئه‌مه رازێکه مرۆ به زه‌حمه‌ت تێی ده‌گا. له
کاتی خڵقه‌تدا سه‌ره‌تا خواوه‌ند تۆزی خوڵقاند، ئه‌وجا فۆرم و له
گه‌ڵیا کات (ئه‌فلاتون ده‌یگوت که له پێش خوڵقاندنی دونیادا
جیهانی ئایدیاکان هه‌بووه، ره‌نگه تۆزیش). له به‌ر ئه‌وه‌ی له
پێش خڵقه‌تدا هیچ شتێک له ئارادا نه‌بوو و خودا بۆ خۆی هه‌موو
شتێکی دروست کرد، هیچ لێکچونێک له نێوان خوڵقێنه‌ر (خودا) و
خڵقه‌تدا (دونیا، سروشت) نیه. خودا و جیهان به ته‌واوی لێک جودان.
4ـ که‌واته
ناتونین خودا به‌و چه‌مکانه‌وه پێناسه بکه‌ین که سه‌رچاوه‌یان
له دونیادایه. هه‌روه‌ها ئێمه ناتوانین له رێگای توانا
سروشتیه‌کانی خۆمانه‌وه له خودا و گه‌وره‌یی خودا بگه‌ین. توانا
سروشتیه‌کانی ئێمه ته‌نیا ده‌توانن یارمه‌تیده‌ر بن بۆ تێگه‌یشتنی
ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی له نێوان بوونه‌وه‌ره‌کانی دونیادا هه‌یه.
خوا به هۆی روحم و به‌زه‌یی خۆیه‌وه وشیاری به مرۆ ده‌به‌خشێ.
هه‌روه‌ها له رێگای په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆوه (وه‌حی) ئه‌شقی ئه‌و
دێته ژوانی ئه‌شقی مرۆی شه‌یدای خودا.
5ـ عه‌شق به
خودا گرنگترین و سه‌ره‌کیترین جۆری عه‌شق و خۆشه‌ویستیه. ئه‌رکی
مرۆڤه که مرۆڤی خۆش بوێت. ئه‌م ئه‌ره‌که بۆ هه‌مووانه. ئه‌گه‌ر
ئێمه ناتوانین به کرده‌وه ئه‌شق و خۆشه‌ویستی خۆمان به هه‌موو
ئینسانه‌کان نیشان بده‌ین، پێویسته له جیاتی ئه‌مه خۆشه‌ویستی
خۆمان سه‌باره‌ت به‌و مرۆڤانه نیشان بده‌ین که له ژیاندا له
گه‌ڵمان له په‌یوه‌ندیدان. ده‌بێ مرۆڤمان خۆش بوێت، به‌ڵام نه‌ک
له به‌ر خاتری مرۆ، به‌ڵکو له به‌ر خودا و راکێشانی ره‌زامه‌ندی
وی.
6ـ ئه‌و
مرۆڤانه‌ی که ته‌نیا خۆیان خۆش ده‌وێت ده‌بن به شارۆمه‌ندی
"ده‌وڵه‌تی خودا". ئه‌وانه‌ش وا به دنیاوه سه‌رقاڵن ده‌بن به
شارۆمه‌ندی "شاری بابیلۆن" واته "دوه‌ڵه‌تی زه‌وی". ئه‌م دوو
ده‌وڵه‌ته له یه‌ک کاتدا پێکه‌وه له سه‌رده‌می ئێمه‌دا هه‌ن.
وه‌ک جه‌سته ئاوێته‌ی یه‌کن، به‌ڵام له دڵیان‌دا جودان. دوای
مردنی ده‌وڵه‌تی زه‌وی ئه‌م دووانه له جه‌سته‌شدا له یه‌ک جودا
ده‌بنه‌وه‌و دواتر له فۆرمی به‌هه‌شت و جه‌هه‌ننه‌مدا درێژه به
ژیان ده‌ده‌ن.
7ـ تیۆری دوو
ده‌وڵه‌ت و پێشبڕکێ و ململانێی نێوانیان، کاکڵی تێگه‌یشتنی
ئۆگۆستینه له مێژوو. مێژووی جیهان له خڵقه‌ته‌وه ده‌ست
پێده‌کا، به گوناحی ئاده‌م و حه‌وا درێژه‌ی ده‌بێ، دواتر رزگاری
دێ، ئه‌وسا جیهان ده‌مرێ و ده‌بێ به قیامه‌ت. قیامه‌ت نیشانه‌ی
سه‌رکه‌وتنی خودایه. وه‌ک ده‌بینین ره‌وڕه‌وه‌ی مێژوو له‌م
تیۆره‌دا له یه‌ک هێڵدا به‌ره‌و پێش ده‌چێ (تێگه‌یشتنی هێڵ ئاسا
له مێژوو). هه‌روه‌ها به گوێره‌ی ئه‌م تیۆره مێژووی جیهان
ته‌نیا یه‌ک جار روو ده‌دات. ئه‌مه به پێچه‌وانه‌ی تیۆری
سه‌رده‌می کۆنه، ئه‌و بۆچوونه‌ی که پێی وابوو هه‌موو شتێک دووپات
ده‌بێته‌وه‌و ره‌وتی مێژووش بازنه‌ییه. له راستیدا سه‌رچاوه‌ی
ئه‌م بۆچوونه باوه‌ی سه‌رده‌می ئێمه که ده‌ڵێ مێژوو له گه‌شه
و به‌ره‌و پێش چووندایه بۆ ئۆگۆستین ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به
کورتی:
مرۆ له
پله‌ی خواره‌وه‌ی بوونه‌وه‌ره ئاسمانیه‌کاندا قه‌راری گرتووه،
به‌ڵام له هه‌مان کاتدا به شکۆترین بوونه‌ه‌ری خڵقه‌ته. ئینسان
ته‌نیا بوونه‌وه‌رێکی بیریار نیه، به‌ڵکو رۆحیشه. واته توانای
ناسینی خودایشی هه‌یه. ناسینی خودا بریتی نیه له زانستی ئێمه
سه‌باره‌ت به خودا، به‌ڵکو بریته له توانای خۆشه‌ویستی ئێمه بۆ
خودا. هۆکاری گوناح له که‌میی خۆشه‌ویستیدایه بۆ خودا. بزر بوونی
خۆشه‌ویستی سه‌رچاوه‌ی نافرمانیه. مرۆڤ ده‌بێ له به‌ر ره‌زای
خودا مرۆ و خودای خۆش بوێت. ئه‌وانه‌ی خودایان خۆش ده‌وێت
شارۆمه‌ندی ده‌وڵه‌تی خودان و ئه‌وانه‌یشی خۆشیان ناوێت شارۆمه‌ندی
ده‌وڵه‌تی زه‌وی. له سه‌ر زه‌وی ململانێیه‌کی درێژخایه‌ن له
نێوان ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌دا له ئارادایه که به کۆتایی جیهان و
سه‌رکه‌وتنی ده‌وڵه‌تی خودایی کۆتایی دێ. ئه‌م بۆچوونه‌ی ئۆگۆستین
که ده‌ڵێ دنیا خاوه‌ن سه‌ره‌تا و کۆتاییه، له چاو بیری
سه‌رده‌می کۆن (یۆنان) بۆچوونێکی تازه‌یه.
سه‌رچاوه:
Repitisjonsoversikt for filosofihistorie og
vitenskapshistorie...av Anfinn Stigen
Cappelen Akademisk Forlag
1-
Aprioriske bevis
2- Aposterioriske bevis
Repitisjonsoversikt for filosofihistorie og
vitenskapshistorie...av Anfinn Stigen
Cappelen Akademisk Forlag
|