روانگه‌ی ئه‌ره‌ستو له سه‌ر رۆح، به‌شه‌کانی رۆح، له سه‌ر موڕاڵ
وه‌ک به واقعکردنی ده‌رفه‌ته‌کان. ئایا هه‌موو مرۆڤه‌کان وه‌ک
یه‌ک ده‌رفه‌تی گه‌شه‌ی موڕاڵیان هه‌یه؟ هه‌روه‌ها روانگه‌ی وی
سه‌باره‌ت به کۆیلایه‌تی و ژنان.
وه‌رگێڕانی له نۆروێژییه‌وه: فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
1ـ
له سروشت که ده‌ستکردی مرۆ نیه، جیاوازییه‌کی گرنگ له نێوان
بوونه‌وه‌ره گیانله‌به‌ره‌کان و بوونه‌وه‌ره بێ گیانه‌کاندا
هه‌یه: گیانله‌به‌ره‌کان ئه‌کتیڤن و خۆیان جوڵێنه‌ری خۆیانن به
بێ پاڵنه‌رێکی ده‌ره‌کی، به‌ڵام بێ گیانه‌کان ده‌جوڵێندرێن. واته
ئه‌وان پاسیڤن و شتێکی ده‌ره‌کی پاڵنه‌ریانه بۆ جوڵه و گۆڕان.
ئه‌ره‌ستو بۆ پێناسه کردنی رۆح له‌م جیاوازییه گرنگه که‌ڵک
وه‌رده‌گرێ، واته لای ئه‌و رۆح بریتیه له‌و توانا
ئه‌کتیڤ و خۆرسکیه‌ی که بوونه‌وه‌ره گیانله‌به‌ره‌کان خاوه‌نین.
2ـ
به بۆچوونی ئه‌ره‌ستو هه‌موو ئۆرگانیزمه زیندووه‌کان ـ گیا،
ئاژه‌ڵ و مرۆـ خاوه‌نی رۆحن و جیاوازیی نێوانیان ته‌نیا
له‌وه‌دایه که تا چه‌ند و چ ئاستێک توانای ده‌ربڕینی ژیانیان
هه‌یه. به ڕای وی توانای ژیان له نیوان ئه‌م ئۆرگانیزمانه‌دا
جیاوازه‌و هه‌ر بۆیه له سێ ئاستی جیاوازدان. ئه‌ره‌ستو ئه‌م سێ
ئاسته له نزمه‌وه به‌ره‌و به‌رز ده‌سته‌به‌ندی ده‌کا.
3ـ
گیا و رووه‌ک له ئاستی هه‌ره نزمدان که ئاستی ده‌ربڕینی ژیانیان
بریتیه له خۆراک وه‌رگرتن، نش و نما کردن و زیاد کردن (زاوزێ
کردن).
4ـ
له ئاستی سه‌ره‌وه‌تردا ئاژه‌ڵ راوه‌ستاوه، که جگه له
تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی گیا و رووه‌ک، توانای هه‌ستکردنیشی هه‌یه.
ئاژه‌ڵ ده‌توانێ هه‌ست به پێداویستیه‌کانی بکا (بۆ وێنه
تینویه‌تی) و هه‌وڵ بۆ دابین کردنیان بدات.
5ـ
له ئاستی هه‌ره به‌رزیشدا مرۆ راوه‌ستاوه که جگه له‌و
تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی که رووه‌ک و ئاژه‌ڵ لێی به‌هره‌مه‌ندن،
خاوه‌نی توانای بیرکردنه‌وه‌شه. مرۆ زمان ده‌خوڵقێنێ، ده‌توانێ
دیارده‌کان لێکبداته‌وه‌و پلان بۆ کرده‌وه‌کانی دابڕیژێ، که
ئه‌مه‌ش له پێناوی دابینکردنی پێداویستیه‌کانیدایه.
6ـ
ئه‌م سێ ئاسته پێکه‌وه له یه‌ک کاتدا له مرۆدا هه‌ن. ئه‌م
پێکه‌وه بوونه ده‌بێته هۆی کارلێکه‌ری دوولایه‌نه‌ی وان له
سه‌ر یه‌کتر. بۆ وێنه هه‌ست ژیانی زاوزێ ده‌خاته ژێر کاریگه‌ریی
خۆیه‌وه و بیریش کار ده‌کاته سه‌ر هه‌ست و به پێچه‌وانه‌وه.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و خۆراکه‌ی که رووه‌ک پێویستیه‌تی جیاوازه له‌و
خۆراکه‌ی که ئاژه‌ڵ و مرۆ پێویستیانه. هه‌ست و ده‌رکی ئاژه‌ڵیش
جیاوازه له هی مرۆ. به‌ڵام به هه‌ر حال له مرۆدا ئه‌م سێ
ئاسته ده‌بیندرێ.
7ـ
رۆح لای ئه‌ره‌ستو، فۆرمی بوونه‌وه‌ره گیانله‌به‌ره‌کانه.
جه‌سته‌شیان تۆزی بوونه‌وه‌ره گیانله‌به‌ره‌که‌یه. چ له بابه‌ت
دیارده سروشتیه‌کانه‌وه و چ له بابه‌ت دیارده
ده‌ستکرده‌کانه‌وه ئه‌وه فۆرمه که ده‌توانێ دیاریکه‌رو
شیکه‌ره‌وه‌ی تۆز بێت. بۆ وێنه چاوی پشیله که ئه‌ندامی
دیتنیه‌تی له‌وه‌وه دیاری ده‌کرێ و شیده‌کرێته‌وه که پشیله
ئاژه‌ڵێکی شه‌وییه. رۆح (ژیانی ئۆرگان) دیاریکه‌ری جه‌سته‌یه. بۆ
وێنه توانای خۆراک وه‌رگرتن له گه‌ڵ ئه‌ندامی خۆراک وه‌رگرتندا
دێته‌وه (ره‌گ، ده‌م).
8ـ
توانا و ئۆرگان پێکه‌وه پێکهێنه‌ری یه‌که‌یه‌کی لێک نه‌پچڕاون له
بوونه‌وه‌ره گیانله‌به‌ره‌کاندا. فۆرم و تۆز دوو لایه‌نی شتن.
فۆرم و جه‌سته‌ی مرۆ پێک هێنه‌ری یه‌که‌یه‌کن به ناوی مرۆ. گه‌ر
توانای ژیان (فۆرم) مرۆ جێ بێڵێ، چیدی ئیتر مرۆ نیه. په‌یوه‌ندی
رۆح له گه‌ڵ جه‌سته وه‌ک په‌یوه‌ندی "کرده" وایه له گه‌ل
"ئه‌ندام"، یان "کارتێکه‌ر" له گه‌ڵ "ئامراز".
9ـ
که‌واته به پێچه‌وانه‌ی رای ئه‌فلاتون رۆح دیارده‌یه‌کی نامۆ له
مرۆدا نیه. له راستیدا رۆح به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی مرۆیه. به
پێچه‌وانه‌ی رای ئه‌فلاتون رۆح ناتوانێ سه‌ربه‌خۆ بژی. رۆحی مرۆ
دیاریکه‌ری ژیانی مرۆ و تایبه‌تمه‌ندیی مرۆبوونه.
10ـ
پرسیاره مۆڕالییه‌کان له یۆنانی کۆندا به شێوه‌ی جیاواز له
ئیستا ده‌هاتنه گۆڕێ و وه‌ڵام ده‌درانه‌وه. ئێمه ئیستا ده‌پرسین
که:"راستی و ناراستی کامانه‌ن؟" به‌ڵام ئه‌ره‌ستو ده‌یپرسی:"چاکه
و خراپه چین؟" مرۆ خاوه‌ن سروشتێکه که له کۆمه‌ڵێک ئاست و
توانا پێک هاتووه. مرۆ ته‌نیا کاتێک ده‌توانێ سروشتی خۆی وه‌ک مرۆ
به‌رجه‌سته بکا و وه‌ک یه‌که‌یه‌ک خۆی بنوێنێ که بتوانێ توانا
جۆراوجۆره‌کانی خۆی پێکه‌وه رێک بخا و بیانگونجێنێ. (ئه‌فلاتونیش
باوه‌ڕی به هاوئاهه‌نگیی به‌شه جۆربه‌جۆره‌کانی رۆحه‌وه
هه‌بوو).
11ـ
بڕوایه‌کی گرنگ لای ئه‌ره‌ستو: بوونه‌وه‌ر کاتێک ده‌توانێ ژیانێکی
باش و به‌خته‌وه‌رانه‌ی هه‌بێ که به پێی سروشتی خۆی بژی. ئه‌مه
مرۆڤیش ده‌گرێته‌وه: مرۆ کاتێ به‌خته‌وه‌ره که ده‌رفه‌تی گه‌شه
پێدانی تواناییه‌کانی هه‌بێ به شێوه‌یه‌ک که هاریکاریی هو
هاوئاهه‌نگی نێوانیان بتوانێ ئه‌و کێشانه چاره‌سه‌ر بکا که دێته
سه‌ر رێگایان. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌م شتانه پێویستن: 1)
خه‌سڵه‌ته پڕباییداره‌کان. 2) کۆمه‌ڵگایه‌کی گونجاو و باش.
12ـ
ئێتیک بریتیه له گه‌شه و راگواستنی توانا سروشتیه‌کانی تاک
به‌ره‌و خه‌سڵه‌ته پڕباییداره‌کان. خه‌سڵه‌ته پڕباییداره‌کان
ئامرازێکی پێویستن بۆ گه‌یشتن به خۆشبه‌ختی، ئه‌و خۆشبه‌ختیه‌ی
که ئامانجی گه‌شه‌ی ئه‌خلاقییه. خه‌سڵه‌ته پڕباییداره‌کان
ناهێڵن که بۆ وێنه هه‌ست سه‌رچاوه‌ی کرداره‌کان بێت، به‌ڵکو
سه‌رچاوه‌ی کردار ده‌بێ ئه‌قڵ و بیرکردنه‌وه بێت. ئه‌م
خه‌سڵه‌تانه یارمه‌تی مرۆ ده‌ده‌ن که به دژی حه‌ز و کرده
ناشازه‌کان رابوه‌ستێ.
13ـ
خه‌سڵه‌ته پڕباییداره‌کان سه‌رچاوه‌ی کرده و ئاکارن. هه‌روه‌ها
پیشانده‌ری کرده‌ی میانه‌ن له نێوان دوو جه‌مسه‌ری زێده‌ڕۆیی و
که‌مڕۆییدا. ئه‌وه‌ی که ده‌هێڵی هه‌سته‌کان راسته‌وخۆ دیاریکه‌ری
کرده و ئاکاریان بن، ئه‌وا به توش کرده خراپه‌کانه‌وه ده‌بن.
بۆ وێنه ترسنۆکی له ترسی زۆره‌وه‌و بێ بانکی له بڕوا به
خۆبوونێکی له راده‌به‌ده‌ره‌وه دێت که هه‌ردووکیان نه‌شیاون.
هه‌ر خه‌سڵه‌تێکی پڕباییدارخاڵی نێوان دوو جه‌مسه‌ری زێده‌ڕۆیی و
که‌مڕۆییه.
14ـ
ته‌نیا له دوو ئاستی رۆحی ئاژه‌ڵی و رۆحی مرۆییدایه که
ده‌رفه‌تی هه‌ڵبژاردن له بواری کرداردا هه‌یه، ئه‌م ده‌رفه‌ته
له ئاستی رۆحی ئاژه‌ڵیدا له بواری پێویستیدا خۆی ده‌نوێنێ. بۆ
وێنه برسیه‌تی ده‌بێته هۆی ئه‌وه که برسی به شوێن تێربووندا
بگه‌ڕێ.
له ئاستی مرۆییشدا
ده‌رفه‌تی هه‌ڵبژاردن له نێوان ئه‌ڵته‌رناتیفه جۆربه‌جۆره‌کاندا
هه‌یه. بۆ وێنه مرۆ وه‌ک ئاژه‌ڵێکی عاقڵ ده‌توانێ هه‌ڵسه‌نگێنێ و
هه‌ڵبژێرێ. بیرکردنه‌وه ده‌گاته قۆناغی بڕیاردان، بڕیاردانیش
کۆمه‌ڵێک کرده‌ی لێده‌که‌وێته‌وه که ئاراسته‌ی ئامانج ده‌کرێ.
15ـ
خه‌سڵه‌ته پڕباییداره ئه‌خلاقیه‌کان گرنتیی ژیانێکی
به‌خته‌وه‌رانه ناکه‌ن، چونکه خۆشبه‌ختی په‌یوه‌ندی به
کۆمه‌ڵگاوه هه‌یه. به‌ڵام خه‌سڵه‌ته پڕباییداره ئه‌خلاقیه‌کان
ده‌رفه‌ت بۆ ژیانێکی به‌خته‌وه‌رانه باشتر ده‌ڕه‌خسێنن.
خۆشبه‌ختی، دۆخێکی رۆحیه که به‌رهه‌می به ئاکام گه‌یشتنی هه‌وڵ
و ته‌قه‌للا و زاڵ بوون به سه‌ر کۆسپه‌کاندایه. خۆشبه‌ختی
ئاوێته‌ی هه‌وڵه ئازاراوییه‌کانه و هه‌ربۆیه ناکرێ بڵێین که
خۆشبه‌ختی هه‌مان له‌ززه‌ت و خۆشیه. به‌ڵآم ئه‌مه به‌و مانایه
نیه که خۆشبه‌ختی ناتوانێ له له‌ززه‌ت و خۆشی بێ به‌هره بێت.
16ـ
خه‌سڵه‌ته پڕباییداره ئه‌خلاقییه‌کان به سێ شێوه خۆیان نیشان
ده‌ده‌ن: 1) مرۆ ده‌کرێ به هۆی سزا و پاداشه‌وه کرده ئه‌خلاقیه
باشه‌کان بۆ وێنه ئازایه‌تی، دڵسۆزی یا دادپه‌روه‌ری له خۆی
نیشان بدات. لێره‌دا کۆمه‌ڵێک دیسیپلین هه‌یه که سه‌رچاوی
کرداره. مرۆ دروست هه‌ڵس و که‌وت ده‌کا، به‌ڵام ئۆتۆماتیکی و
ته‌نیا به‌و هۆیه‌وه که خۆی له گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک نه‌ریت رێک
خستووه 2) بکه‌ر
پابه‌نده به خه‌سڵه‌ته پڕباییداره ئه‌خلاقییه‌کان، چونکه بۆ
وێنه ژیریی ده‌بێته هۆی ئاکاری باش، واته خه‌سڵه‌ته
پڕباییداره‌کان ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی ئاکاری باش. هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا
بکه‌ر رێزیش له یاسا ده‌گرێ. 3) له رێگای لێکدانه‌وه‌وه، واته
هه‌ڵبژاردنی ژیریی له رێگای هه‌ڵسه‌نگاندنییه‌وه له گه‌ڵ
ئاکاره‌کانی دی. ئه‌نجام: مرۆڤێکی وه‌ها خاوه‌نی زیره‌کییه.
17ـ
زیره‌کی خه‌سڵه‌تێکی پڕباییداری هوشیارانه‌یه (نه‌ک ئه‌خلاقیانه)
که په‌یوه‌ندیی به توانای بیرکردنه‌وه‌وه هه‌یه. لێره‌دا ئه‌م
خه‌سڵه‌ته خۆی جیا ده‌کاته‌وه له خه‌سڵه‌تی پڕباییداری ئه‌خلاقی
که له‌سه‌ر بنه‌مای عاده‌ت، پێداویستی و هه‌ست راوه‌ستاوه.
ئه‌وه‌ی که زیره‌که ده‌توانێ دیاری بکا که چ شتێک باشترینه بۆ
مرۆڤ.
18ـ ئه‌ره‌ستو پێی وایه که مرۆ جۆراوجۆره. سروشت مرۆڤی وه‌ک
یه‌ک نه‌خوڵقاندووه. ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه که ده‌رفه‌ته
ده‌روونیه‌کانی خۆرئالیزه‌کردن وه‌ک یه‌ک نه‌بن و مرۆڤه‌کان به
شێوازی جۆراوجۆر به شوێن خۆرئالیزه‌کردنه‌وه‌وه بن. به گوێره‌ی
ئه‌ره‌ستو پیاو سروشتێکی بده‌ر و ژن سروشتێکی وه‌رگری هه‌یه.
ئه‌مه هه‌م له زاوزی کردندا راسته‌و هه‌م له رێکخستنی
کۆمه‌ڵایه‌تیدا. هه‌ندێک مرۆ له بنه‌ڕه‌ته‌وه و به پێی سروشت بۆ
کۆیله‌تی دروست کراون. واته ئه‌و مرۆڤانه‌ی که ده‌رفه‌تی
ئه‌وه‌یان نیه وه‌ک مرۆ ئازاده‌کان خه‌سڵه‌ته پڕباییداره‌کان له
خۆیاندا گه‌شه پێبده‌ن و رئالیزه بکه‌ن.
به کورتی:
مه‌به‌ستی ئه‌ره‌ستو له رۆح ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌یه که توانای ژیان
ده‌به‌خشێ، واته توانای خۆ جوڵاندن و گۆڕانی خۆ. ژیان فۆڕمی
جۆراوجۆری هه‌یه، له هه‌ره ساده‌وه بگره هه‌تا هه‌ره
ئاڵۆزه‌که‌ی. رووه‌که‌کان خۆراک وه‌رده‌گرن ، گه‌وره ده‌بن و زیاد
ده‌که‌ن. ئاژه‌ڵ جگه له‌م خه‌سڵه‌تانه به شوێن تێرکردنی
پێداویستیه‌کانی دیکه‌یه‌تی و مرۆڤیش جگه له‌ما‌نه خاوه‌ن
توانای بیر کردنه‌وه‌یه. لای بوونه‌وه‌رێکی زیندوو رۆح بریتیه
له توانا جۆربه‌جۆره‌کانی ژیان، به‌ڵام جه‌سته بریتیه له‌و
تۆزه‌ی که ده‌رفه‌تی به واقع کردنی توانا رۆحیه‌کان ده‌ڕه‌خسێنێ
(بۆ وێنه ره‌گ، لاسک و گه‌ڵا لای رووه‌ک، هه‌سته‌کان لای ئاژه‌ڵ و
مێشک لای مرۆڤ). به پێچه‌وانه‌ی رای ئه‌فلاتون رۆح به‌شێکی
جیانه‌کراوه‌یه له یه‌که‌یه‌ک به ناوی مرۆڤ.
ئامانجی ئه‌خلاق:
ئامانجی ئه‌خلاق ده‌سته‌به‌رکردنی باشترین ژیانه بۆ مرۆڤ. له
رێگای گه‌شه پێدانی هه‌ست و توانا سروشتیه‌کانه‌وه مرۆ ده‌توانێ
به‌م ئامانجانه بگا. واته له رێگای خۆ به ده‌سته‌وه‌نه‌دان به
هه‌ست و پێداویستیه‌کانییه‌وه، به‌ڵکو له رێگای هاوترازکردن و
چه‌شنه هه‌ماهه‌نگییه‌ک له نێوان هه‌سته‌کان و بیرکردنه‌وه‌دا.
مرۆ به‌م شێوه‌یه ده‌توانێ به شوێن ئه‌و کردارانه‌دا بروات که
ئاکامی درێژخایه‌نتری هه‌یه، نه‌ک کاتی. وه‌ستان له دژی حه‌ز و
خولیاکان و خۆ دوورخستنه‌وه له ژان و ئازار به مه‌به‌ستی
گه‌یشتن به باشیه‌کی به‌رزتر. جیاوازیی هه‌یه له نێوان له‌ززه‌ت
و خۆشبه‌ختیدا.
پیاوان و ژنان دوو جۆره ئه‌رکی ئه‌خلاقیان هه‌یه. پیاو ده‌بێ
بڕیارده‌ری ناو ماڵ بێت و ژنانیش ده‌بێ گوێ رایه‌ڵی ئه‌و
ئه‌رکانه‌ی بن که پێیان سپێردراوه. کۆیله‌کانیش ده‌بێ ئامرازی
به‌رده‌ستی مرۆڤه ئازاده‌کان بن.
سه‌رچاوه:
Repitisjonsoversikt for filosofihistorie og
vitenskapshistorie...av Anfinn Stigen
Cappelen Akademisk Forlag
|