نووسینی:
محمد جەواد خردمند
و: ئازاد بەهین
|
سەرباز سەری تفەنگ و قۆنداغی تفەنگەکەی لە دەستیدا گرت، لە
سەنگەر رۆیشتە دەرێ و خۆی فرێدایە ناو خاکڕێزەکەوە. بە یارمەتی
هەنیشک و ئەژنۆکانی خۆی هەڵکێشایەوە سەرەوە. دەنگ و گرمە گرمی
فڕۆکەکان لە دوورەوە ئاگری شەڕیان هەڵدایساند..
سەرباز گەڕایەوە، چاوی لە ئاگری ژێر فڕۆکەکان کرد و وتی:
"خۆمانە." کە گەیشتە کۆتایی خاکڕیزەکە سەری بەرز کردەوە تا ئەو
لایەی دیکەی خاکڕێزەکە ببینێ، بەڵام نیگای وتی سڵاو. ئەویش
سڵاوی کرد. ترپەی دڵیان پێکەوە کۆمەڵێک قسەی نەوتراویان هەبوو
و یەکتریان هەڵسەنگاند. هەر دووکیان تفەنگەکانیان لەسەر
خاکڕێزەکە فڕێدا. دەنگی تۆپ و خومپارە لە پشت سەری نوورەکانەوە
دەڕۆیشت. گفتوگۆ و دەنگە دەنگی ترپە دڵیان بە ئەستەم دەبیسترا..
سەرباز سەری بەرەو دووژمن وەرچەرخاند و وتی: "تۆ."
دووژمن بە شوێن نیگاکەیدا
رۆیشت. ترس لە پەنجەی پێیەکانیدا لە ناو پۆتینەکاندا سەرگەردان
بوو..
سەرباز جوڵەیەکی کرد و وتی: "ئێمە دوژمنین".
سەرباز کەوتەوە بیری موحسین
هاوڕێی سەردەمی منداڵی کە بە تفەنگە دارییەکەی دەپەڕییە
ناوەڕاست کۆڵان و دەیوت دەستتان بەرز کەنەوە، تۆ دوژمنی دەبێ
بکوژرێی و بە دەنگی خۆی دەنگی موسەلسەلی دەردەهێنا. دواتر
چاوێکی لەو تفەنگانە کرد کە لەسەر خاکڕێزەکەدا کەوتبوون.
سەرباز وتی: "وەرە ئێرە، لەم خوارەوە سەنگەرێکی ئەمنی لێیە. با
بڕۆین بۆ ئەوێ"
سەرباز ئاماژەی بە تفەنگەکەی
کرد کە هەروا لە سەر خاکڕێزەکە کەوتبوو. دووژمن تفەنگەکەی
هەڵگرت کە خومپارەیەک سەنگەرەکەی پڕش و بڵاو کرد. ئەوان
بەرەوڕووی یەک راکشان و پاڵیان دایەوە بە سەنگەری ژێر پێیان کە
هێشتا دووکەڵی لێ هەڵدەستا.
سەرباز پاکەتێک جگەرەی لە گیرفانی بڵووزەکەی دەرهێنا و وتی:
"سیگار
دەکێشی" دووژمن شەمچەیەکی داگیرساند و مژێکی قووڵی لە
جگەرەکەدا و وتی: "تۆش بۆ نیشتمانەکەت شەڕ دەکەی؟" فڕۆکەیەک بە
دەنگێکی زۆرەوە لەسەر سەریان تێپەڕی.
سەرباز وتی:
"خۆمانەیە."
دووژمن وتی: "نا، دووژمنە"
هێشتا قسەکانی کۆتایی پێ نەهاتبوو کە تیکەی
خومپارەیەک دڵی سەربازی پێکا. جگەرە
پان کراوەکان بۆنی خوێنی تا هەناوی دووژمن دەبرد. دووژمن
ناوچاوانی سەربازی ماچ کرد، تفەنگەکەی هەڵگرت و بەرەو لای
خاکڕیزەکەىتر رۆیشت. هاواری گریانی لە
ناو دەنگ و گرمە گرمی فڕۆکەکانی خۆمانە و دووژمندا ون بوو.