ئه‌و خانووه‌ی تێیدا له دایک بووم و گه‌وره، له دوو بینا
پێک هاتبوو که حه‌وشه‌یه‌کی بچووک له نێوانیاندا بوو.
بیناکه‌ی پێشه‌وه نوێتر و ئه‌وه‌ی دوواوه کۆنتر. سه‌رته‌نوور
و ته‌ویله‌یه‌کیش له به‌شی پشته‌وه‌ی حه‌وشه‌که بوون. به
رۆژا سه‌ربانیژه‌ی ته‌نوور و ته‌ویله‌که و بیناکه‌ی پشته‌وه
جێگای کایه‌مان بوو. ته‌واوی کاته‌کانی خۆمان له‌وێ به‌سه‌ر
ده‌برد.چ بانیژه‌که و چ پلیکانه‌کان و چ ته‌ویله و
سه‌رته‌نووره‌که ئه‌وه‌نده ئاشنا بوون که بست به بستیمان
ده‌ناسی. له درز و قڵش و په‌ڵه و خۆڵ و ورده زیخه‌کانیه‌وه
بگره، تا ئه‌و شکڵ و سیما سه‌یر و سه‌مه‌رانه‌ی که ده‌ستی
رۆژگار چێی کردبوون و نه‌خشاندبوونی. هه‌موو شتێک چه‌ند روون و
چه‌ند نزیک و چه‌ند ئاشنا بوو. کاتێک ئێواره ده‌هات و
زه‌رده‌په‌ڕ بانیژه‌که‌ی له باوه‌ش ده‌گرت، چه‌ند هه‌موو شتێک
ره‌نگی ئاڵتوونی ده‌گرت و، چه‌ند ئێمه‌یش تێیدا نوقم ده‌بووین.
ئه‌مه حیکایه‌تی رۆژانه‌ی ئێمه بوو. به‌ڵام به شه‌و چی؟ که
شه‌و ده‌هات، هه‌موو شتێک تاریک داده‌هات و په‌رده‌یه‌کی ره‌ش
وه‌ک چارشێوه‌که‌ی بێوه‌ژنه‌که‌ی گه‌ڕه‌که‌که‌مان شوێنی
یارییه‌کانی داده‌پۆشی. هه‌موو شتێک چه‌ند خێرا ون ده‌بوو.
ئیدی نه سه‌رته‌نوور ده‌بینرا و نه قادرمه‌کان و نه
بانیژه‌که. ته‌نیا تارمایی بوو، تارماییه‌ک که ته‌نیا به
خه‌یال و وێنه‌کانی زه‌ینمانه‌وه ده‌بوونه‌وه به شته‌کانی
رۆژ.
به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه نه‌بوو. ئه‌وسا که دره‌نگ ده‌خه‌وتین و
گه‌وره‌کانمان جاڕز ده‌کرد، یان ئه‌وکات که ئیدی گه‌وره‌کان
دره‌فه‌تی بینینی ئێمه‌و بیرلێکردنه‌وه‌یان هه‌بوو، وشه‌یه‌ک
ده‌هات که غیره‌تی له به‌ر په‌نجه‌ره دانیشتنی تێدا
ده‌کوشتین. "شه‌و له‌بان!"گه‌ر نه‌خه‌ون شه‌و له بان دێت. دێت
و ده‌تانبا! ئه‌م وشه‌و رسته‌یه بوو که ناو جێگا و ژێر
لێفه‌ی لێ خۆشه‌ویست ده‌کردین. به په‌له تێی ده‌خزاین و، له
کاتێکدا هه‌وڵمان ده‌دا جوان جوان لێفه‌که له خۆمان بئاڵێنین
و به یه‌کتره‌وه بچه‌سبین، ده‌خه‌وتین. ئیتر حه‌وشه و
بیناکه‌ی پشته‌وه و گه‌وره‌کان بزر ده‌بوون. بزرده‌بوون تا
به‌یانی. که به‌یانیش له خه‌و هه‌ڵده‌ستاین، رۆژ هه‌ر وه‌ک
رۆژی پێشوو.
ساڵان تێپه‌ڕین. که گه‌وره بووم ئه‌وجار زانیم شه‌و له بان
چییه. ساڵه‌های ساڵ دواتر. ره‌نگه زیاتر له ده‌ساڵ. شه‌و
له بان، وشه‌یه‌ک که ساڵه‌های ساڵ ته‌عبیری من بوو له
حه‌وشه‌که‌مان به شه‌ودا و له خه‌و. وشه‌یه‌ک که کت‌وپڕ
هه‌ره ئاشناکانی لێ نامۆ کردم. لێ نامۆ کردین. نامۆیه‌ک وه‌ک
غه‌ریبه‌یه‌ک که قه‌ت نه‌مبینی بوو و قه‌تیش دواتر نه‌متوانی
بیبینم. بیبنمه‌وه.
هه‌ر ئه‌و ساڵانه ىوو كه من به بێ ئه‌وه‌ی بزانم له کاتی
پاییز و زستان و به‌هاردا کاتێک دڵۆپه‌مان هه‌بوو، یان ده‌با
به‌ر به دڵۆپه بگرین، شه‌و له بانم گێڕا بوو. ئه‌م سه‌ر تا
ئه‌و سه‌ری بانی. بانه‌کان. شه‌و له بانێک که گه‌لێک جار له
کاتی یاریدا له سه‌ری حه‌سابوومه‌وه و یان له سه‌ری
دانیشتبووم و، خه‌ونی منداڵیم دیتبوو. ئه‌و شه‌و له بانه‌ی
که جیهانی منی به شه‌ودا ده‌کرد به جیهانێکی ترسناک. به
بوونێکی ترسناک. ئاه، رۆژ و شه‌و چه‌ند جیاوازییان هه‌بوو.
شه‌و له بانێک که به رۆژیش له‌وێ بوو "رۆژ له بان!" چه‌ند
هه‌موو شتێکی ده‌گۆڕی. وشه چه‌ند سه‌یره!
چیرۆکی شه‌و له‌بان له دوای گه‌وره بوونیشم (گه‌وره
بوونمان) هه‌ر کۆتایی نه‌هات. له گه‌ڵ گه‌وره بوون، وشه‌کانی
دی هاتن. وشه‌کانی خزم و هاوڕێی شه‌و له بان. ئه‌و وشانه‌ی وا
کۆڵانه‌کانی ئه‌م سه‌راوسه‌ری کۆڵانه‌که‌ی خۆمانیان لێ
قه‌ده‌غه کردین: "کابرا شێته‌که"، "مه‌سته‌که"، شه‌ڵوار
پیسه‌که"، هه‌تیو بازه‌که" و .... چه‌نده ئه‌و کۆڵانانه
بانگیان لێ ده‌کردین. کۆڵانه سیحراویه‌کانی ئه‌و په‌ڕی
خانووه هه‌میشه‌ییه‌کان. حه‌زی دۆزینه‌وه‌و و پشکنینی ئه‌و
کۆڵانانه و ترس چه‌ند لێک ئاڵا بوون. نیگایه‌کمان له‌وێ و
نیگایه‌کمان له سه‌ر ده‌رگای ماڵی خۆمان. له بیرم دێت کاتێک
له گه‌ڵ دایکمان یان باوکمان بۆ شوێنێک ده‌چووین و له‌و
کۆڵانه سیحراویانه تێده‌په‌ڕین، چه‌نده خۆمان له دایک و
باوکمان نزیک ده‌کرده‌وه. نزیک یان ده‌ست له ناو ده‌ستیان،
نیگامان هه‌موو شوێنێکی ده‌بینی و ده‌پشکنی. به سه‌ر هه‌موو
که‌لێن و قوژبنێکدا سوڕی ده‌خوارد. ئاه، نیگاکانی ترس و حه‌ز
و دۆزینه‌وه!
که گه‌وره‌تر بووین، ئه‌مجار شه‌و له‌بان له قه‌واره‌ی تردا:
"خنکان له چه‌مدا"، "شه‌ڕه گه‌ڕه‌ک و لێدان"، "خه‌ڵکی ئه‌و
شارانه‌ی وا نه‌ده‌کرا متمانه‌یان پێ بکرێ"، "غه‌ریبایه‌تی" و
.... ئه‌وجار کێوه‌کانی ده‌وری شار وه‌ک په‌رژینێک سه‌یر کردن
که ئێمه‌ی ده‌پاراست. ئاه، چه‌ند خه‌ونه‌کان ئه‌ودیوی
کێوه‌کان ده‌که‌وتن و، چه‌نده بیرمان له‌و هه‌تاوه
ده‌کرده‌وه که له رۆژئاوا ئاوا ده‌بوو. تۆ بڵێی بۆ کوێ بچێ؟
تۆ بڵێی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی تر که ئه‌م هه‌تاوه ده‌بینن، چۆن
بن؟
که یه‌کجار گه‌وره‌تر بووین، دیسان شه‌و له‌بان. ئه‌مجاره
"تفه‌نگ"، "کوشتن"، "سنوور"، "زیندان"، "خوێن"، "مردن" و ....
ئاسمان له قه‌راغه‌کاندا کۆتایی ده‌هات، به‌ڵام خه‌یاڵ
ده‌یگوت ئه‌و قه‌راغانه ده‌ستپێکێکی دیکه‌ن. چ هه‌راسێکی
به له‌ززه‌ت!
ئیستا خانووه‌که‌ی سه‌رده‌می منداڵی نه‌ماوه. دوو بیناکه،
حه‌وشه‌که، سه‌رته‌نوور،
پلیکانه‌کان و بانیژه‌که بوون به زه‌رده‌په‌ڕی
ئێواره و له شه‌ودا ون بوون. ته‌نانه‌ت شه‌و له بانیش!
ئه‌و ژووره‌و ئه‌و لێفه‌یه‌ی که له ترسی شه‌و له بان خۆمان
تێ ده‌هاویشت، ئه‌وانیش نه‌ماون. له مێژه منیش ئه‌و دیوی
کۆڵانه‌کان و شاره‌کان و شه‌ڕ و سنووره‌کان که‌وتووم. ئیستا
دنیا ئه‌و هه‌ساره پلاستیکیه‌ی سه‌ر مێزی مامۆستاکه‌مانه که
کاتێک مامۆستا بۆ یه‌که‌م جار هێنای و پیشانی داین، یه‌کجار
سه‌رم پێی سووڕ ما. هه‌ساره‌یک که ده‌متوانی که ده‌توانم له
دوو له‌پی ده‌ستمدا بیگرم و نوقمی که‌م! ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ی که
منداڵی من له له‌پی راستیدایه و ئیستای من له له‌پی
چه‌پیدا. به‌ڵام شه‌و له بان هه‌ر لێره‌یه. کاتێک لێره، له
له‌پی چه‌پی دنیادا شه‌وانه له به‌ر په‌نجه‌ره داده‌نیشم و
له شه‌و و جه‌سته‌ی تۆخی ده‌ڕوانم، شتێک له ده‌روونمدا پێم
ده‌ڵێ که شه‌و له بان له‌وێیه. له‌وێ له سه‌ر بان. رێک
چه‌ند قات به‌ره‌وژوورتر. له په‌نجه‌ره‌که ده‌کشێمه‌وه‌و
حه‌ز ده‌که‌م بچمه ناو جێگاکه‌م. ژێر لێفه. له ناو ئه‌م
دنیا گه‌وره‌یه‌دا که له ناو له‌پی هه‌ر دوو ده‌ستمدا جێی
ده‌بێته‌وه، حه‌زم به په‌ناگای ژێر لیفه‌که‌مه!
لێفه‌که له خۆم ده‌ئاڵێنم. هه‌ناسه‌ی گه‌رمی خۆم هه‌ست
پیده‌که‌م. بیر له هه‌موو شه‌و له بانه‌کان ده‌که‌مه‌وه.
خۆم گرمۆڵه ده‌که‌م. گوێم له ده‌نگی دایکمه که دوای ئه‌و
هه‌موو ساڵه هێشتا هه‌ر ده‌گری. هه‌نسکه‌کانی چه‌ند گه‌نجن،
چه‌ند نه‌مر! چاوم له نیگای باوکمه، دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه
هه‌ر نه‌ترووکاون! ئاه نیگا هه‌راسناک و ترساوه‌کانی باوکم