ئه‌نجومه‌نی قه‌ڵه‌می کوردستانی ئێران

چیرۆک
 
  وێڵخه‌رج
Home
فارسی
English
 

وه‌رگێڕانی له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: محه‌ممه‌د ئه‌مین مه‌جیدیان

ئه‌‌یگێڕنه‌وه‌:

 کابرایه‌ک دوو کوڕی هه‌بوو. بچوکه‌که‌یان به‌ باوکی گوت بابه‌ گیان ئه‌وه‌ی له‌ که‌ل و په‌لی ناو ماڵ به‌رم ئه‌که‌وێ، بمه‌رێ. باوکیشی ئه‌وه‌ی هه‌یبوو له‌ نێوانیانا به‌شی کرد. زۆری پێ نه‌چوو کوڕه‌ چکول ئه‌وه‌ی به‌ری که‌وتبوو کۆی کرده‌وه‌و، رێگای وڵاتیکی دووری گرته‌ به‌ر. له‌وێ هه‌رچی که‌ هه‌یبوو له‌ رێگای هه‌رزه‌ییدا له‌ ده‌ستی چوو. کاتێ هیچی بۆ نه‌ما له‌ وڵاتیش قات و قڕی داکه‌وت، بۆیه‌ یه‌کجار که‌وته‌ ده‌ستکورتی و موحتاجییه‌وه‌. چوو بوو به‌ پیاوی کابرایه‌ک. ئه‌ویش ناردی بۆ مه‌زراکه‌ی به‌رازان به‌ خێو بکات.

له‌وێ به‌ ناچار به‌ پووش و سۆی ئه‌و شتانه‌ی به‌رازان ده‌یانخوارد، سکی خۆی تێر ئه‌کرد. که‌س هیچی پێ نه‌ده‌به‌خشی. کاتێ له‌م ره‌وشه‌دا هۆشی وه‌به‌رخۆ هاته‌وه‌، به‌ خۆی گوت کرێکاره‌کانی باوکم ئه‌وه‌نده‌یان هه‌بوو تێر بخۆن و لێشیان ده‌مایه‌وه‌ و، ئیستاش من له‌ برسانا خه‌ریکه‌ ده‌مرم. هه‌ستم بچمه‌وه‌ لای باوکم و بڵێم بابه‌ من گوناهباری باره‌گای خوا و لای تۆم، بایه‌خی ئه‌وه‌م نیه‌ پێم بڵێن کوڕی تۆم، ئیستاش تکایه‌ وه‌ک یه‌کێک له‌ خزمه‌تکاره‌کانت ر‌امگره‌!

به‌مجۆره‌ هه‌ستاو گه‌ڕایه‌وه‌ لای باوکی. هێشتا زۆری نه‌مابوو بگاتێ، باوکی چاوی پێ که‌وت. به‌ میهره‌بانی و دڵسۆزییه‌وه‌ به‌ره‌وپیری چوو. له‌ باوه‌شی گرت و ماچی کرد. کوڕه‌ به‌ باوکی گوت بابه‌ من تاوانباری دیوانی خودا و لای تۆم، ئیتر شایسته‌ی ئه‌وه‌ نیم کوڕی تۆم پێ بڵێن. به‌ڵام باوکی بانگی له‌خزمه‌تکاره‌کانی کرد، داوای کرد باشترین جل و به‌رگی بۆ بهێنن و بۆی له‌به‌ر که‌ن. ئه‌نگوستیله‌ی بۆ له‌ قامک بکه‌ن و پێڵاوی بۆ له‌ پێ بکه‌ن، گوێره‌که‌یه‌کی قه‌ڵه‌و بهێنن و بۆی سه‌ربڕن. جا با بخۆین و شادی بکه‌ین، چونکه‌ ئه‌م کوڕه‌ی من مردبوو  و زیندوو بۆته‌وه‌، ون ببوو و دۆزراوه‌ته‌وه‌. به‌مجۆره‌ ده‌ستیان به‌ خۆشی و شادی کرد.

کوڕه‌ گه‌وره‌ هێشتا له‌ مه‌زرا بوو. کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ بوو. که‌ نزیک ماڵ که‌وته‌وه‌،‌ ده‌نگی مۆسیقا و هه‌ڵپه‌ڕکێی هاته‌ گوێ. بانگی دانه‌یه‌ک له‌ خزمه‌تکاره‌کانی کردو، لێی پرسی چ هه‌واڵه‌. ئه‌ویش پێی گوت براکه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و ئیستا شایی بۆ ده‌که‌ن.

براگه‌وره‌ یه‌کجار توڕڕه‌ بوو. له‌ رقا نه‌چووه‌ ژووره‌وه‌. باوکی که‌ به‌مه‌ی زانی هات و داوای لێکرد که‌ له‌ شاییه‌که‌دا به‌شدار بێت. به‌ڵام ئه‌م له‌ وه‌ڵامی باوکیا گوتی، بڕوانه‌ ئه‌م هه‌موو ساڵانه‌ خزمه‌تی تۆم کرد، بۆ یه‌کجاریش نافرمانی تۆم نه‌کرد. که‌چی تۆ قه‌ت کاژیله‌یه‌کیشت پێ نه‌دام تا له‌ گه‌ڵ هه‌واڵه‌کانمدا شادی و به‌زمێک بگێڕین. به‌ڵام ئه‌م کوڕه‌ت هه‌ر که‌ هاته‌وه،‌ هیچ که‌ هه موو سامانی تۆی له‌ هه‌رزه‌ییدا له‌ ده‌ست داوه‌، که‌چی ئیستا گوێره‌که‌یه‌کی قه‌ڵه‌ویشی بۆ سه‌رده‌بڕی و ئاوا شایشی بۆ د‌ه‌گێڕی.

باوکی وتی کوڕم تۆ هه‌میشه‌ له‌ گه‌ڵ من بووی، ئه‌وه‌ی هه‌مه‌ هی تۆیه‌. جێگای خۆیه‌تی ئێمه‌ شادی بکه‌ین و هه‌ڵپه‌ڕین، چونکه‌ ئه‌م برایه‌ی تۆ مردبوو و ئیستا زیندوو بۆته‌وه‌، ون ببوو و ئیستا دۆزراوه‌ته‌وه‌.‌

سه‌رچاوه‌:

Great short stories of the world



info@qelem.com