|
فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
چه‌ند رۆژه له ماڵ نه‌چووه‌ته ده‌ر. چی کردووه؟ بۆ
خۆیشی نازانێ! به ژووره‌کاندا گه‌لێک جار به بێ هیچ
هۆیه‌ک گه‌ڕاوه. نانی خواردووه. چای
خواردووه‌ته‌وه. دانیشتووه. خه‌وتووه. سه‌یری تێ
ڤێی کردووه. گوێی له رادیۆ گرتووه. جارجاره‌ش کتێبی
خوێندووه‌ته‌وه. جاری وا بووه خه‌ونووچکه
بردوویه‌ته‌وه. له بێده‌نگی ناو ماڵدا گوێی له
ده‌نگی سه‌یر سه‌یر بووه. نه بۆ که‌س ته‌له‌فۆنی
کردووه و نه که‌سیش ته‌له‌فۆنی بۆ کردووه.
بێده‌نگییه‌کی وڕ. کاس. جاری وایه هه‌ر بیریشی
نه‌کردووه‌ته‌وه. مێشک ته‌نیا ئاوێنه‌یه‌ک که به
ره‌نگی سپی بۆیه کراوه. به بێ هیچ وێنه‌یه‌ک تێیدا.
ئاوێنه‌یه‌ک له پشت ره‌نگه‌وه. دنیایه‌کی ون. تا دڵت
بخوازێ سه‌یری دیواره‌کان و سه‌قفه‌که‌ی کردووه.
ئه‌وه‌نده سه‌یر که ئیتر نه دیوارێک مابووه‌وه‌و
نه سه‌قفێک. که‌چی له‌و دیو دیواره‌کان و
سه‌قفه‌که‌دا هیچی دیکه‌ی نه‌بینیبوو. دیوار و سه‌قف،
دوا شوێنه‌کانی بوون و "بوون". له‌و دیویانه‌وه، هیچ.
جگه‌ره‌یه‌کی زۆریشی کێشاوه. دووکه‌ڵه‌کان له
دیواره‌کان و سه‌قفه‌که‌دا، له هێچ دا، بزربووبوون.
ئیستا دێته‌وه بیری جار جاره بیری له دووکه‌ڵه‌کان
کردبووه‌وه. دووکه‌ڵه‌کانی پێچ و لوول و سه‌رگه‌ردانی
و ون بوون. دووکه‌ڵه‌کانی سپیه‌تی و شین و بێ
ئۆقره‌یی.
ژووره‌وه چه‌ند بێ ده‌نگه. گوێی له هه‌ناسه‌ی خۆی و
ده‌نگی لاپه‌ڕه‌کانه. ها ... ها ... ها... خش ... خش
...خش ...هاخش ...هاخش ...هاخش. کت‌وپڕ هه‌ست ده‌کا رقی
له هه‌ناسه و له لاپه‌ڕه‌کان و له بێده‌نگیه.
گوێی تامه‌زرۆی بیستن و چاوی تامه‌زرۆی دیتنه. به‌ڵام
چی بکا! ئا، ته‌نیا جل و به‌رگ له به‌ر کا،
پێڵاوه‌کانی هه‌ڵکێشێ، ده‌رگا بکاته‌وه‌و بچێته ده‌ر.
ئیدی ده‌نگ، ده‌نگ و ره‌نگ، وه‌ک تێ ڤێ. به‌ڵام کات
که‌یه؟ شه‌وه یان رۆژ؟ نازانێ. سه‌ره‌تا گوێ
هه‌ڵده‌خا. هیچ ده‌نگێک له ده‌ره‌وه نایه‌ت.
سه‌یره! ئه‌وجار چاو هه‌ڵده‌بڕێ و له
په‌نجه‌ره‌که‌وه سه‌یری ده‌ره‌وه ده‌کا. به‌ڵام کوا
په‌نجه‌ره؟ دالانه‌که په‌نجه‌ره‌ی تیا نیه.
ده‌چێته ژوورێکیانه‌وه. ئه‌و ژووره‌ی وا
په‌نجه‌ره‌که‌ی به سه‌ر شاخ و ماڵی دراوسێکان و
له‌ته جاده‌یه‌کی به‌ر خانووه‌که‌یاندا ده‌ڕوانێ.
به‌یانی زووه. سه‌یر ده‌کا. شاخ له شوێنی خۆیه‌تی.
چه‌ند رۆژ ته‌نیایی ئه‌م، بزری نه‌کردووه. خانووی
دراوسێکان و له‌ته جاده‌که‌ش هه‌ر وه‌ها. به‌ڵام
ده‌نگ چی؟ گوێی له هیچ ده‌نگێک نیه. په‌نجه‌ره
ده‌کاته‌وه. جوانتر گوێ هه‌ڵده‌خا. دیسان بێده‌نگی!
سه‌ر ده‌کێشێته ده‌ره‌وه. ته‌نانه‌ت تاقه
دارگوێزه‌که‌ی حه‌وشه‌ش نه باڵنده‌یه‌ک تێیدا
ده‌جریوێنێ و نه "با" له گه‌ڵ گه‌ڵاکانی ده‌دوێ. نه
له ماڵی دراوسێکانه‌وه ده‌نگی منداڵ دێ و نه له
سه‌ر له‌ته جاده‌که‌وه ده‌نگی رێبوار و ماشین.
بێده‌نگی. پرسیار. په‌نجه‌ره‌که پێوه ده‌دا و
ده‌چێته ده‌ر. به ناو باغچه‌که‌دا تێده‌په‌ڕێ و
ده‌گاته ده‌رگای حه‌وشه. پێش ئه‌وه‌ی بیکاته‌وه،
راده‌وه‌ستێ و دیسان گوێ هه‌ڵده‌خا. بێده‌نگی. ده‌رگا
ده‌کاته‌وه. جاده وه‌ک ژووره‌وه‌یه. تا چاو بڕ
ده‌کا ده‌ڕوانێ. له هه‌موو شوێنێک. له خانووه‌کان،
له دووکانه‌کان، له دره‌خته‌کان. له‌و سه‌ری جاده
که له پێچێکدا ون ده‌بێ. جوانتر سه‌یر ده‌کا. ئا،
دووکانه‌کان کراوه‌ن، ته‌نانه‌ت ده‌رگای هه‌ندێ له
خانووه‌کانیش. ئه‌ی کوان مرۆڤه‌کان؟ ئه‌ی کوان مرۆڤ و
باڵنده‌کان؟ سه‌ره‌وخوار بڕوات یان سه‌ره‌و ژوور؟
به‌ره‌و ناو شار سه‌ره‌و خوار ده‌بێته‌وه. شار ته‌نیا
شار به بینا و خانووه‌کانیه‌وه. به دره‌خته
هه‌میشه‌ییه‌کانیه‌وه. ده‌چێته سه‌ر تاقه پردی سه‌ر
چۆمی شار. سه‌یری چۆمه‌که ده‌کا. چۆم، وێنه‌یه‌ک. نه
ده‌نگی هه‌یه و نه ده‌خرۆشێ. به‌ردێک هه‌ڵده‌گرێ و
له‌و بڵیندایه‌وه تێی ده‌هاوێ. به‌رده‌که بێ ده‌نگ
ون ده‌بێ. به‌ردێکی تریش. بێ سووده. به‌رده‌کان
ته‌نیا نوقم ده‌بن. چاوی هه‌راسان ده‌بێ. له‌و چه‌ند
رۆژه‌دا ئه‌م له ماڵه‌وه بووه چی رووی داوه؟ شار
له کوێیه. کاتێک به به‌ر ده‌م دووکانه‌کاندا
تێده‌په‌ڕێ، سه‌یری ناوه‌وه‌ی دانه دانه‌یان ده‌کا.
ته‌نانه‌ت حه‌وشه‌و ئه‌ودیوی ده‌رگای هه‌ندێ له
خانووه‌کانیش. که‌س دیار نیه. له به‌ر خۆیه‌وه
ده‌چرپێنێ: "له کوێن!" به‌ڵام گوێیشی له خۆی نیه.
نه به گوێ، به مێشکی هه‌ست به وشه‌کانی ناو زاری
ده‌کا. جارێکی تر ده‌یڵێته‌وه. "له کوێن!" ئه‌جار
ترس یاخود گومان جه‌سته‌ی سڕ ده‌کا. وه‌ک ئه‌و
کاتانه‌ی بیری له‌و دیو دیواره‌کان و سه‌قفه‌که
ده‌کرده‌وه. گوێی له خۆی
نیه. ده‌نگه‌کان له کوێن! سه‌ر هه‌ڵده‌بڕێ و
ده‌قیژێنێ. پڕ به گه‌رووی. پڕ به شار. ده‌چێ ده‌م
به گه‌ڵایه‌که‌وه ده‌نێ و ده‌قیژێنێ. بێ سووده.
گه‌ڵا ئه‌وه‌نده ته‌سلیمی لکه، ناجوڵێ. خه‌ڵکی شار
له کوێن، بۆ کوێ چوون. که‌ی رۆیشتوون؟ ئه‌و چه‌ند
رۆژه‌ی ته‌نیایی ناو ماڵ چی رووی داوه. رۆژی پێش
ته‌نیاییه‌که‌ی خۆی له بیر دێت. شار پڕ له
زینده‌وه‌ره سروشتی و ده‌ستکرده‌کان بوو. ته‌نانه‌ت
پێش ئه‌وه‌ی ده‌رگای حه‌وشێ دابخات بۆ دوا جار
سه‌یرێکی ده‌ره‌وه‌ی کردبوو. له په‌نجه‌ره‌که‌وه‌ش
منداڵی دراوسێکه‌یانی بینیبوو. باڵنده‌یه‌کیشی بینیبوو
که ده‌نووکی له گه‌ڵایه‌ک خشاندبوو.
ره‌نگه له ده‌ره‌وه‌ی شار بن. له شوێنێک وه‌ک
سه‌یران. مرۆڤ و باڵنده پێکه‌وه ئه‌مڕۆ له
سه‌یرانن. به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی شار له کوێ؟
ده‌ره‌وه، ده‌ره‌وه‌یه. بیری ئه‌و دیوی دیواره‌کان و
سه‌قفه‌که ده‌کاته‌وه. به ناو شاردا
هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ره‌و ماڵ. چه‌ند بێ تاقه‌ته.
ره‌نگه هه‌موویان له ژووره‌که‌ی مندا بن. ئا، له
ماڵی من. بزه‌یه‌ک ده‌یگرێ. سه‌ر باده‌دا. برسیه‌تی.
جگه‌ره‌یه‌ک داده‌گیرسێنێ. دووکه‌ڵه‌که له قژیا ون
ده‌بێ. وه‌ک گه‌وه‌نێک که گڕی تێ به‌ردرابێ. دوا مژ
وه‌ک دوا پاروو قوت ده‌دا و تێر ده‌بێ. گه‌ده، له
پێچ و لوولی حه‌زی خواردن ده‌که‌وێ.
کوڕه به من چی له کوێن! له خۆوه بیریان لێ
ده‌که‌مه‌وه. باشتر! ژوور هی خۆم و شار هی خۆم.
ته‌نیا پێویسته وه‌ک ژووره‌که‌م، دیوار و سه‌قفی بۆ
ساز بکه‌م. ئه‌وسا ده‌بێ به شارـ ژووری خۆم! ژووره
پڕ له کۆڵان و جاده‌که‌م. ژوورێک له ناو دیواره‌کانی
هیچه‌وه. ئه‌و دیوارانه‌ی وا دووکه‌ڵ و نیگاکانی من
ون ده‌که‌ن. بزه‌یه‌ک ده‌یگرێ. پێده‌که‌نێ. قاقا
پێده‌که‌نێ. به بێ ئه‌وه‌ی گویی له خۆی بێ شێتانه
پێ ده‌که‌نێ.
شه‌و له خانووه‌کاندا:
ـ ئه‌مڕۆ بیستووته کوڕه‌که‌ی کاکه حه‌مه چی
کردووه؟
ـ نا، کاکه حه‌مه کێ؟
ـ کوڕه کاکه حه‌مه، له بیرت نایه‌ت ئه‌وه‌ی وا به
خۆی و ژن و منداڵیه‌وه له بۆمبارانه‌که‌ی پاردا تیا
چوون. ئه‌ها ته‌نیا کوڕێکیان ماوه!
ـ ئه‌ها ئیستا ده‌زانم، بۆچی؟
ـئه‌مڕۆ کوڕه‌که‌یان له به‌ر هه‌موو دووکانێکدا
راوه‌ستاوه‌و له دووکانداره‌که‌ی روانیوه. سه‌ری به
حه‌وشه‌ی هه‌موو ماڵێکدا کردووه و سه‌یری ژنانی
کردووه. سه‌عات و پاره‌کانی ناو گیرفانی له سه‌ر
پرده‌که‌وه فڕێ داوه‌ته ناو چۆمی شار. له‌وانه
بووه چه‌ند جار به ژێر سه‌یاره‌وه بێت. وه‌ها
پێکه‌نیوه که کۆکاوه‌و له سه‌ر جاده که‌وتووه.
ـ به راسته! ئه‌ی دواتر، دواتر چی لێ به سه‌ر
هاتووه؟
ـ هیچ، چووه‌ته‌وه سه‌ر ته‌نووره‌که‌ی. حه‌تمه‌ن
ده‌زانی! خانووه‌که‌یان له بۆمبارانه‌که‌دا به
ته‌واوی تیا چوو و خاپوور کرا!
24.04.2009
|