|
له‌و کاته‌وه ئه‌و رۆیشت و دایکی، نه‌مامی پرسیارێکی
ئه‌به‌دی له کۆنه باغی مێشکیا چێندرا، ئه‌م هه‌موو
شه‌وێ تا دوو جار بۆنی به ئاسمانه‌وه نه‌کردایه،
خه‌وی لێ نه‌ده‌که‌وت. پرسیاره‌که ئیستا ئیتر
بووه‌ته به‌شێکی ژیانی رۆژانه، ئه‌ندامێکی
بنه‌ماڵه‌یه. له گه‌ڵیاندایه: "هه‌واڵێکت لێ
نه‌زانی؟" باوکیشی به ده‌م و چاوێکی گرژه‌وه چه‌ند
داماوانه سه‌یری دایکی ده‌کرد. له گه‌ڵ ئه‌م
پرسیاره بوو که ئیدی زانی باوکیشی ده‌توانێ چه‌ند
دۆش داماوا و بێ هێز بێت. ئه‌م پرسیاره هه‌یمه‌نه‌ی
باوکی شکاند، به‌ڵام رێزی نه‌شکاند. باوکی له‌مه
به‌دوا بۆ ئه‌و ته‌نیا په‌یکه‌رێکی تووڕه‌یی بوو که
به گژ وشه‌دا ده‌چووه‌وه. په‌یکه‌رێک، که جاری
وابوو به نهێنیش ده‌گریا. ئه‌م دیتبووی.
ئه‌رێ! تا دوو جار بۆنی به ئاسمانه‌وه نه‌کردایه
خه‌وی لێنه‌ده‌که‌وت: جاری یه‌که‌م پێش نانخواردن و
جاری دووهه‌م دوای نانخواردن کاتێک له ناو جێگاکه‌یدا
بوو له سه‌ر بان. ئه‌و ده‌ڵێ ئاسمان بۆنی هه‌یه،
بۆنێک وه‌ک دووری، وه‌ک غوربه‌ت و کۆچ. بۆنێکی بێ
کۆتایی که به‌رده‌وام خۆی به‌رهه‌م دێنێته‌وه‌و
به‌رده‌وامیش خۆی له کۆتاییه‌کاندا بزر ده‌کا. ئه‌و
پێی وایه که ئه‌م بۆنه وه‌ک خۆشه‌ویستیه، تا تێی
نه‌که‌وی نازانی چیه. نه تێی ده‌گه‌یت و نه هه‌ستی
پێ ده‌که‌یت. به‌ڵام به‌و جیاوازییه‌وه که ئه‌م
بۆنه به‌رده‌وام تۆ بۆ خۆت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، خۆتێک
له ته‌نیایدا.
کاتێک ئێواره دادێ و به‌ره‌وماڵ ده‌بێته‌وه، بیر
له‌و بۆنه ده‌کاته‌وه. چونکه له داڵغه‌دایه،
هه‌موو شتێ ده‌بینێ و هیچ شتێکیش نابینێ. هه‌موو شتێک
خێرا تێپه‌ڕ ده‌بێ و ئه‌و دیسان وه‌ک سه‌دان و ره‌نگه
هه‌زاران شه‌وی له‌وه پێش، خۆی له ماڵه‌وه له
سه‌ربان ده‌بینێته‌وه. له رێوه ده‌چێته سه‌ر بانی
و پاش ماوه‌یه‌ک دێته خوار. دایکی پێی وایه عاشقی
کچێکی جیرانه، بۆیه به بزه‌وه ده‌ڵێ: "به قوربانت
بم بۆ پێم ناڵێی؟" شوانه به سه‌رسوڕمانه‌وه سه‌یری
دایکی ده‌کا و خێرا داوای نانی شێو ده‌کا. دایکی چاو
له کچه‌کانی ده‌قرتێنێ و ده‌ڵێ: "به‌رده‌وام برسیه‌تی
و که‌چی هیچی واش ناخوا!". خوشکه‌کانیشی بۆ چه‌ند
ساتێک بیر له عه‌شقی براکه‌یان ده‌که‌نه‌وه و بۆ
ماوه‌یه‌ک لێی راده‌مێنن. هه‌ستی پێ ده‌که‌ن و هه‌ستی
پێ ناکه‌ن. هه‌ست به هیچ دیارده‌یه‌کی سیحراوی
ناکه‌ن. هه‌موو شتێک له به‌ر چاویاندا وه‌ک رۆژانی
پێشوه. براکه‌یان خێرا ده‌چێته ژووره‌وه‌و رادیۆکه
هه‌ڵده‌کا و پاش جیق و فیقێکی هه‌ندێک درێژ خایه‌ن
گوێی پێوه شه‌تڵ ده‌دا.
ده‌نگێکی نێرینه به ئاسته‌م ژووره‌که له خۆده‌گرێ.
دوای ماوه‌یه‌ک رادیۆ ته‌واو ده‌بێ و سفره راده‌خرێ.
شوانه ئه‌وسا له‌و دیو په‌نجه‌ره‌کان ده‌ڕوانێ. باوکی
به ده‌م هه‌ڵقوڕانی چایه‌که‌وه باسی کاسبی و بازاڕ
ده‌کا. گله‌یی و گازنده بێ کۆتاییه. شوانه له به‌ر
خۆیه‌وه ده‌ڵێ: "وه‌ک ئاسمان". ئه‌و
هه‌مووئه‌ستێره‌یه چه‌ند ساده و ساکار و بچکۆله‌ن.
ئه‌وسا ده‌چێته ده‌ره‌وه. باوکی روو له دایکی
شوانه ده‌کا و ده‌ڵێ خه‌ریکه وه‌ڕه‌زم ده‌کا. دایکی
ده‌ڵێ گه‌نجه و لێی گه‌ڕێ، به‌س نیه له سه‌ر بانی
زیاتر بۆ هیچ شوێنێکی دیکه ناچێ! باوکی سه‌ر با ده‌دا
و ده‌ڵێ گه‌نجیه‌تی قه‌ت فلسێکی نه‌هێناوه‌و ته‌نیا
دڵی خۆ خۆش کردنه‌و به‌س. شوانه ده‌چێته‌وه سه‌ربان.
ئێواران چونکه ماندووه زۆر هه‌ست به بۆنی ئاسمان
ناکا. رۆژ داده‌چێ و ئاسمان ره‌نگی هه‌ڵده‌بزرکێ.
هه‌وا فێنک ده‌بێ و گه‌ردو تۆزی هه‌وا له
دوورده‌سته‌کاندا ده‌نیشێته سه‌ر زه‌وی. هه‌راوهوریای
باڵنده‌کان روو له کزییه. لێره‌و له‌وێ شوانه هه‌ست
به بۆنی ئاسمان ده‌کا. سه‌ره‌تا زۆر خێرا سه‌ر
هه‌ڵنابڕێ. ئارام ئارام و به شێنه‌یی، شینایی به‌رینی
ئاسمان که له قه‌راغه‌کاندا سپییه نیگای
هه‌ڵده‌لووشێ. بۆن ئه‌و کاته‌یه ده‌نگ نامێنێ. بۆن
ئه‌و کاته‌یه هه‌موو ده‌نگه‌کان به کۆتایی خۆیان
گه‌یشتوون. ده‌نگ له ده‌ره‌وه‌یه و بۆن لێره له
ده‌روون. ده‌نگ له ئاسمانه‌وه دێت و بۆن له
ده‌روونه‌وه به‌ره‌و ئاسمان. هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵ
هه‌ڵده‌کێشێ. جه‌سته‌ی ده‌کێشێ. هه‌موو شتێک ئاسمان و
ئاسمان هه‌موو شتێک. "له‌و دووره‌ده‌ستانه چ
خه‌به‌ره؟" بۆن ده‌ڵێ بۆن. دوا قریوه‌کانی ده‌نگی
منداڵانی گه‌ڕه‌ک له گه‌ڵ جریوه جریوی چۆله‌که
پاسارییه‌کان جاروبار هه‌وا دڕده‌ده‌ن. ده‌نگی ته‌قه‌ی
پیاڵه و ژێر پیاڵه و کاسه و که‌وچک، زه‌رباهه‌نگی
ئه‌م دیمه‌نه‌ن. چه‌ند گریه هێنه‌رن! شوانه جاری
وایه حه‌ز ده‌کا سه‌ر داخاو چۆک دابدات!
چۆک داده‌دات. گوێی لییه. پشیله‌کانی ناو زبڵ و
کۆڵانه خۆڵاوییه‌کان خۆیان ده‌کێشنه‌وه و له بیری
راوی شه‌ودان. ره‌نگه ئاسمانی بێ کۆتایی داڵده‌یه‌کی
باش بێت. بێ کۆتاییه‌کان پڕن له بیانوو، پڕن له هۆ.
بیانوو بۆ هه‌موو شتێک و هۆ بۆ هه‌موو شتێک. پشیله
له ئاسمانی سه‌رسه‌ری به شه‌و دڵنیایه. زه‌وی
به‌رده‌م ره‌ق و ئاسمان ده‌سته‌مۆ. شوانه بیر له
هه‌نگاوی نه‌رمیان ده‌کاته‌وه. چ ئارام بڕۆن چ به
هه‌ڵاتن، ده‌نگ چییه نایبیستی. شوانه ئاسمانێک پڕ
له پشیله ده‌بینێ. پشیله‌کانی هه‌ڵاتن و راوه بێ
کۆتاییه‌کان. که له بۆن کردنی ده‌ور یه‌که‌م و چۆک
دادان ده‌بێته‌وه، ئیدی نه ده‌نگی منداڵ ماوه‌و نه
ده‌نگی چۆله‌که و نه کرته‌ی ئێسکی پشیله سرکه‌کان.
دایکی له به‌ر پێ پلیکانه‌کانه‌و هاواری لێده‌کا:
"رۆڵه ئیتر چاو بڕناکا، وه‌ره خوار!" شوانه دێته
خوار. نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دایکی بانگی لێده‌کا،
به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاسمان جارێکه به ته‌واوی
نه‌چووه‌ته ناو قۆناغی دوای نان خواردن. بۆنی یه‌که‌م
ته‌واو بووبوو و بۆ بۆنی دووهه‌م ماوه‌ی زۆری به
ده‌سته‌وه بوو.
ئیستا له خواره‌وه‌یه، به‌ڵام ئاسمان به‌جێی
نه‌هێشتووه. باوکی نوێژ ده‌کا و ده‌ست به‌ره‌و ئاسمان
هه‌ڵدێنێ. ده‌یه‌وێ هه‌ستێ و به باوکی بڵێ: "نه،
راوه‌سته ئاسمان ئه‌وه‌نده پان و به‌رینه له دۆعا
و نزا هیچ حاڵی نیه. نزای تۆ ته‌نیا ده‌ڕوا و
ده‌ڕوا." که‌چی هیچ ناڵێ و ته‌نیا لێی ده‌ڕوانێ. نوێژ
ته‌واو ده‌بێ. خه‌ریکی نان خواردنن. دوو خوشکه‌که‌ی
سفره‌که کۆ ده‌که‌نه‌وه. دایکی چا تێده‌کا. باوکی
وه‌ک پشیله خۆی ده‌کێشێته‌وه. خوشکه‌کانی به‌رده‌وام
به گۆشه‌ی له‌چکه‌کانیان سه‌رسنگیان داده‌پۆشن و به
لاچاو سه‌یری باوکیان ده‌که‌ن. چایه‌که‌ی ده‌خواته‌وه
و ده‌چێته‌وه سه‌ر بان. دایکی روو له باوکی ده‌کا و
ده‌ڵێ: "هه‌واڵێکت لێ نه‌زانی؟" باوکی ده‌کۆکێ.
کۆکه‌یه‌کی قورس. شوانه به پلیکانه‌کاندا
سه‌رده‌که‌وێ. پلیکانه‌کان به قوڕ سواخ دراون و له‌و
سه‌ر به‌ره‌و بان له ناو تاریکاییدا نوقم ده‌بن.
باوکی جارێکیان گوتبووی که باوکی ئه‌م پێ پلیکانانه‌ی
دانابوو. ئه‌وسا ئه‌م منداڵ بووه. دوای ئه‌و هه‌موو
ساڵانه ته‌نیا جار نه‌جار سواخیان دابووه‌وه،
ئه‌گینا هه‌ر هه‌مان پلیکانه بوون. شوانه پێی وایه
که هه‌م ئه‌ون و هه‌م ئه‌ویش نین. که‌چی باوکیشی
ده‌یگوت جاری وایه هه‌ست ده‌که‌م که باوکم وه‌ک ساڵی
ساڵان له دوا پلیکانه‌وه با‌نگم ده‌کا و داوای به‌رد
و کاسه قوڕم لێده‌کا. شوانه به‌م قسه دڵی
دانه‌ده‌چڵه‌کا. له به‌رچاوی، ته‌مه‌ن ره‌وتێکی زۆر
ساده بوو، ره‌وتێکی بێ پێچ و په‌نا که هه‌موو که‌س
ئه‌گه‌ر درۆیان له خۆیان نه‌کردبا، ئه‌م سه‌ر تا ئه‌و
سه‌ریان زۆر به روونی بۆ ده‌خوێندرایه‌وه. له
ساده‌یی ته‌مه‌ندایه که مرۆڤ لێی به پێچ و په‌نا
ده‌بێته‌وه. شوانه ئه‌گه‌رچی قسه‌کانی باوکی
سه‌رنجیان رانه‌ده‌کێشا، به‌ڵام رێزێکی سه‌یری بۆ ئه‌م
پلیکانانه هه‌بوو. هه‌ر له سه‌رده‌می منداڵییه‌وه
خۆشی ده‌ویستن. یه‌که‌م جار که هه‌ڵات و خۆی حه‌شار
دا له دوا پله‌ی ئه‌م پلیکانانه‌دا بوو. هه‌م ده‌ترسا
و هه‌م هه‌ستی به متمانه‌یی و سه‌رکه‌وتن ده‌کرد.
دواتر راهات. تاریکیه‌کی بڕدراو، ده‌کرێ پێی رابێی.
بۆنی قادرمه‌کان به ئاسته‌م له بۆنی ئاسمانیان
ده‌کرد.
شوانه گه‌یشته‌وه سه‌ربانی. دنیا تاریک. ئاسمان وه‌ک
رابرووی خۆی، کاتێک ساماڵه. جارێکی دیکه ده‌نگی
مندالان لێره‌و له‌وێ له گه‌ڕه‌ک و ده‌نگی گریانی
ساوایان پێش خه‌وتن. تا بێ ده‌نگییه‌کی ته‌واو،
مابووی. بیری قسه‌که‌ی دایکی ده‌کاته‌وه "هه‌واڵێکت
لێ نه‌زانی؟" ته‌زوویه‌ک به جه‌سته‌ی دا ده‌گه‌ڕێ.
ئه‌م به حاڵ له بیری دێت. که ده‌هاته‌وه یه‌که‌م
جار ئه‌می له حه‌وشه‌که‌دا باوه‌ش ده‌گرت. جۆره‌یه‌ک
بوو. چه‌ند خۆشیان ده‌ویست. نه‌رمه ئاره‌قێک هه‌میشه
له پشت ملی، قژه لووله‌کانی ته‌ڕ ده‌کرد و به
گه‌ردنیه‌وه ده‌لکاند. ئه‌وجار کت‌وپڕ ون بوو. که له
دایکی ده‌پرسی له کوێیه، دایکی باسی ئاسمانی بۆ
ده‌کرد. "رۆڵه! دنیا زۆر گه‌وره‌یه. له شوێنێک له
زه‌وی یاخود له ئاسمان" ئه‌میش چه‌ند حه‌زی ده‌کرد
که ئه‌و نه‌ک له زه‌وی به‌ڵکو له ئاسمان بایه. له
گه‌ڵ خۆی بڕیاری دابوو که بۆ دایکی بدۆزێته‌وه. ئیدی
له‌مه به‌دوا هه‌ستی به بۆنێک کرد. بۆنێک که بانگی
لێده‌کرد.
ئه‌مجاره
پێویست نه‌بوو وه‌ک ئێواره به‌ره به‌ره سه‌ر
هه‌ڵبێنێ. بۆ؟ نازانێ. ره‌نگه چونکه له به‌ر
ئه‌وه‌ی که روانینی ئێواره و شه‌و ده‌با فه‌رقیان
هه‌بایه. یه‌کسه‌ر و به په‌له رێک له قوڵایی
ئاسمان ده‌ڕوانی. ئه‌وه‌نده خێرا که رێک نیگای له
قوڵاییه‌کان ده‌چه‌قێ.
با،
فێنکتره. ئه‌وه‌نده فێنک که سه‌رمایه‌تی. وه چه‌ند
کت‌وپڕ و خێرا ئاسمان له خۆیدا ونی ده‌کا. وه‌ک
گولله‌یه‌ک، ره‌نگه گولله‌یه‌کی وێڵ، یه‌کسه‌ر له
دووره‌ده‌سته‌کاندا. یه‌کسه‌ر له ناو تاریکی و
ئه‌ستێره‌و بێ کۆتاییدا. بۆنێکی دیکه. بۆنێک وه‌ک
خێرایی و بێ زه‌مه‌نی. وه‌ک گه‌مه‌ی نێوان ئه‌ستێره
وردیله‌کان و تاریکایی بێ سنوور. نیگای ئه‌وه‌نده
له‌وێیه که ئیدی له سه‌ر بان نه‌ماوه. هه‌ست ده‌کا
جه‌سته‌شی له نیگای رۆیشتووه. نیگا هه‌ڵیگرتووه.
نیگا هه‌ڵیده‌گرێ. هه‌ست به هه‌ڵکشان. جه‌سته
ده‌که‌وێته فڕین. بۆنی ئاسمان به‌رزی ده‌کاته‌وه.
سه‌فه‌ر. سه‌فه‌ره‌که ده‌یبا. خێرا ده‌یبا و ده‌یبا.
ئه‌میش له گه‌ڵی ده‌ڕوا. چه‌ند ئاسان خۆی به
ده‌سته‌وه ده‌دات. ره‌نگه هی ئه‌وه بێت رقی له
زه‌وییه. رقی له کۆڵان و چۆله‌که و پشیله و نیگا
گرژه بێ ده‌سته‌لاته‌که‌ی باوکی و داماویی دایکی.
ده‌ڕوا. ره‌ها ره‌ها. ته‌نیا سه‌یری پێشه‌وه. ئێره
جۆرێکی دیکه‌یه. نه پرسیاره و نه وه‌ڵام. هه‌موو
شتێک به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی خۆی. زه‌وی له خواره‌وه‌یه
و ئاسمانیش له سه‌ره‌وه له به‌ر ده‌میدا. باڵ
لێده‌دا. به‌تاڵ به‌تاڵ. هه‌ست ده‌کا خه‌ریکه ماناکان
به جێ ده‌ێڵێ. سووک سووک. ماناکان له خۆیان شه‌رم
ده‌که‌ن. خۆیان ده‌رناخه‌ن. باڵ لێده‌دا و ده‌ڕوا.
سووک سووک. وشه‌کان له گه‌ڵ هه‌ر باڵ لێدانێکیدا
ده‌وه‌رێن. ده‌ست ده‌با کۆیان کاته‌وه. به
ده‌سته‌وه نایه‌ن. نه‌رم و نیان ئه‌وانیش له بێ
کۆتاییدا ده‌که‌ونه مه‌له و ده‌که‌ونه سه‌فه‌ر. به
تاڵ به تاڵه. ته‌نیا نیگایه‌ک و جه‌سته‌یه‌ک که
ده‌فڕێ و بۆن ده‌کا. ئه‌وجا ده‌ست ده‌با بۆ
ئه‌ستێره‌کان. ئه‌مان چه‌ند ئاسان به ده‌سته‌وه دێن.
له گه‌ڵ هه‌ر ورشه‌ی فڕینێکدا هه‌ندێکیان لێ کۆ
ده‌کاته‌وه. ئه‌ستێره‌کان ده‌ڕژێنه مێشکیه‌وه.
جێگای به‌تاڵی وشه‌کان چه‌ند تامه‌زرۆن. چه‌ند راحه‌ت
جێ ده‌گرن. ئیستا ئیتر ئه‌ستێره‌کانن وه‌سفی بۆن
ده‌که‌ن.
شوانه هه‌روا به ده‌م فڕینه‌وه سه‌یر ده‌کا. ئاسمان
لێره‌شه‌وه هه‌ر هه‌مان ئاسمانی سه‌ر زه‌وییه:
بوونێک له‌و په‌ڕی قه‌راغه‌کاندا. پرسیاره‌کانی
سه‌رزه‌وی لێره‌شن. ئه‌وانیش له گه‌ڵی له
سه‌فه‌ردان. لێره‌ن: "له‌و دووره‌ده‌ستانه چ
خه‌به‌ره؟" ..."هه‌واڵێکت لێ نه‌زانی؟" چه‌ند جارێک
به ده‌نگی به‌رز پرسیاره‌کان له به‌ر خۆیه‌وه به
وشه‌ی ئه‌ستێره ده‌ڵێته‌وه. کت‌وپڕ هه‌ست ده‌کا
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بزانێت یان نه‌زانێت هیچ به
لایه‌وه گرنگ نیه. گوێ هه‌ڵده‌خا. به زمانی
ئه‌ستێره ئاشنا نیه. زیاتر گوێ هه‌ڵده‌خا. ئه‌وسا
ده‌بیستێ. ئه‌ستێره‌کان که ده‌چپێنن، ورشه‌یان لێ
ده‌بێته‌وه. ورشه‌کان گه‌رمن، گه‌رم گه‌رم. وه‌ها که
شوانه مه‌جبوور ده‌بێ جل و به‌رگه‌کانی دانه دانه
داکه‌نێ. دایان ده‌که‌نێ. کراس و پێڵاو و تونکه و ژێر
کراس و گۆره‌وی له جه‌سته به‌ر ده‌بنه‌وه. ئه‌وانیش
له گه‌ڵ وشه‌کان ده‌ڕۆن. ئاه چه‌ند گه‌رمه! شوانه
ده‌بێ خویشی دابکه‌نێ. خۆی له خۆی! ده‌ست بۆ جه‌سته‌ی
ئاره‌قاوی ده‌با. ئه‌وسا گوێی لێیه که ئه‌ستێره‌کان
باسی هه‌تاو و ئه‌ودیوی سنووری هه‌تاو ده‌که‌ن. باسی
بۆنی هه‌تاو. دێته‌وه بیری که له‌وێش له سه‌ر زه‌وی
بۆنی هه‌تاوی ده‌کرد، به تایبه‌ت نیوه‌ڕۆیانی هاوین.
کاتێک زه‌وی ده‌برژا. به‌ڵام ئیره جۆرێکی دیکه‌یه.
ته‌نیا بۆنی هه‌تاو؟ نا! بۆنی هه‌تاوێک که بێ
کۆتاییه‌کان ده‌برژێنێ. بیری په‌نجه‌ره‌ی دراوسێکه‌یان
ده‌کاته‌وه که تێیدا هه‌موو عه‌سرێک هه‌تاو سنگی
کچێکی بۆناوی ده‌کرد، یا خود سنگێک که هه‌تاوی بۆناوی
ده‌کرد. ئاه! سه‌فه‌ر تا دێ گه‌رمی ده‌کا. لێره
جه‌سته ناخوا. ته‌نیا سه‌فه‌ر. ئه‌وسا خۆی له ناو
هه‌تاودا ده‌بینێته‌وه. لێره چیدی نه گه‌رمه و نه
ده‌سووتێ. فڕینێکه که به ئه‌ستێره بیر
ده‌کاته‌وه‌و به ئه‌ستێره ده‌دوێ و به ئه‌ستێره
ده‌بیستێ.
ـ هه‌تاو! له‌و دووره‌ده‌ستانه چ خه‌به‌ره؟
هه‌تاو که قسه ده‌کا ته‌نیا ده‌ته‌قێته‌وه.
ده‌ته‌قێته‌وه‌و به ئاماژه‌ی تیشک بێ کۆتاییه‌کان
نیشان ده‌دا.
ـ ئاه! که‌واته ته‌نیا بێ کۆتاییه و به‌س.
هه‌تاو تا ده‌ته‌قێته‌وه، روونتر و رووناکتر
ده‌بێته‌وه. ئه‌م نه چاوی به‌ر شه‌واره ده‌که‌وێ و
نه کوێر ده‌بێ. ته‌نیا هه‌ست ده‌کا که چاوی زیاتر و
باشتر له بێ کۆتاییه‌کاندا بڕ ده‌کا.
ـ هه‌تاو! ئه‌ی ...ئه‌ی هه‌واڵێکت لێ نه‌زانی؟
هه‌تاو که ئه‌مجاره ده‌ته‌قێته‌وه، روو به
ناوه‌وه‌ی خۆیه‌تی.
ـ له‌وێیه؟
به‌ره‌و ئه‌وێ ده‌فڕێ. هه‌تا زیاتر ده‌ڕوا، چپه و
ورته‌ی ئه‌ستێره‌کان زیاتر ده‌بن. ده‌کشێ و ده‌کشێ.
کت‌وپڕ ده‌که‌وێته ناو کونێکی تاریک تاریکی بێ ده‌نگ.
توناوتونه‌کانی تۆڕێکی بێ کۆتایی تێپه‌ڕ ده‌کا. له
شوێنێک که ته‌نیا ژوورێکی ساده‌یه ئه‌و ده‌بینێ.
ژووره‌که بۆنی ئاسمان ده‌دا. ئه‌وه‌نده بۆنی ئاسمان،
که هه‌ست ده‌که‌یت ئێره ته‌نیا شووشه‌دانی عه‌تری
دونیایه. ئه‌و له‌وێیه. راکشاوه‌و ماته. که شوانه
ده‌بینێ به ئارامی سه‌ر هه‌ڵدێنێ و لێی راده‌مێنێ.
ـ هه‌موو ئێواره و شه‌وێک لێره‌وه ده‌تم بینی که
له سه‌ر بانیت و له ئاسمان ده‌ڕوانی.
شوانه هیچ ناڵی. له ساڵانی بێ سه‌رو شوێن بوونی ئه‌م
گه‌لێک تێپه‌ڕیوه. جۆرێک که به جوانی له بیری
نایه‌ت. به‌ڵام ئه‌و لێره هه‌ر وه‌ک خۆیه‌تی، وه‌ک
ساڵان. سوانه ده‌ڵێ:
ـ هه‌ر چه‌ند به حاڵ تۆم له بیر دێت، به‌ڵام
نه‌گوڕاوی.
ـ هه‌ر وا ده‌ژیم که له بیری ئێوه‌دام.
ئه‌وسا شوانه ریزی عه‌تره‌کان ده‌بینێ. له سه‌ر
ره‌فه‌یه‌کن. ئه‌م پێده‌که‌نێ و یه‌کیانی ده‌داتێ.
ئه‌وسا دیسان له سه‌ر جێگاکه‌ی راده‌کشێته‌وه.
ـ من ماندووم، ده‌بێ راکشێم.
راده‌کشێ و پێڵوه‌کانی چاوی نیگای ون ده‌که‌ن. شوانه
دڕدۆنگه، جێی بێڵێ یان نا؟ چاوێکی دیکه به
ژووره‌که‌دا ده‌گێڕێ. نازانێ بۆ لێی ناپرسێ که داخۆ
دێته‌وه یان نا. ته‌نیا شتێک له ده‌روونه‌وه وشیاری
ده‌کاته‌وه که نه‌پرسێ. ئه‌میش نه‌یپرسی.
که شوانه له گه‌ڕانه‌وه‌دا به ده‌م
ئه‌ستێره‌ی فرمێسک و فرمێسکی ئه‌ستێره‌کانه‌وه
رایه‌ڵه‌ی توناوتونه‌کانی ناو دڵێ هه‌تاو به جێ دیڵێ،
بیر له‌و شووشه بۆنه ده‌کاته‌وه که ئیستا به
ده‌ستیه‌وه‌یه‌تی. بێگومان که گه‌یشته‌وه ده‌یکا به
سینگ و به‌رۆکی دایک و باوکی‌دا. به سینگ و به‌رۆکی
خوشکه‌کانیدا. ئیدی ره‌نگه نه دایکی بپرسێته‌وه‌و
نه باوکی چیدی به توڕه‌یی رامێنێ و نه خوشکه‌کانی
ئه‌وه‌نده سه‌ر و سینگی خۆیان له ترسی باوکیان
داپۆشن. که گه‌ڕایه‌وه.
|