|
چیرۆكی:
گابریێـــــل
گارسیا ماركێز (*)Gabriel
Garcia Marquez
و. له ئیسپانییه‌وه: حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سولّ
له‌گه‌ڵ چێشته‌نگاو، داوی كه‌مێ پێش نیوه‌ڕۆ و
گه‌یشتینه ئارێزۆ(**) و له گه‌ڕ‌انمانا به دوای
قه‌ڵای ر‌ێنیسانسدا، ئه‌و قه‌ڵاته‌ی مێژووه‌كه‌ی بۆ
چاخی بووژانه‌وه ئه‌گه‌ڕێته‌وه و نووسه‌ری
فه‌نێزووێلایی "میگێل ئۆتێرۆ
سیلپا" كڕیبوویه‌وه زێد له دوو كاژێرێك له
تووله ڕێ و پێچاوپێچه‌كانی نێو كێڵگه و باخچه‌كانی
تۆسكانا – دا وێڵ بووین.
ر‌ۆژێكی یه‌كشه‌ممه‌ی سه‌ره‌تای مانگی ئاب بوو،
ر‌ۆژێكی زۆر گه‌رم و پڕ ژاوه‌ژاو بوو، ئاسان نه‌بوو
له نێو ئه‌و شه‌قامه قه‌ره‌باڵغانه‌دا كه به
گه‌شتیار و تووریستان جمه‌ی ده‌هات، كه‌سێكی وه‌ها
بدۆزیته‌وه و شتێ بزانێ و
ڕێنووماییه‌كت بكات. پاش چه‌ند هه‌وڵێكی زۆر،
به‌ره‌و لای ئۆتۆمبیله‌كه‌مان گه‌ڕ‌اینه‌وه و له شار
وه‌ده‌ركه‌وتین، ئه‌و
ڕ‌ێگایه‌مان گرته‌به‌ر كه ئه‌ملاولای به
دره‌ختی سنه‌وبه‌ر ر‌ازابۆوه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ
بۆرد و نیشانه‌یه‌كی هاتووچۆشی لێدرابێ،
پرسیارمان له پیره‌ژنێک كرد كه شوانێتی پۆله قازێكی
ده‌كرد و جێ و شوێنی قه‌ڵاكه‌ی به ته‌واوی
پێنیشانداین. پێش ئه‌وه‌ی خواحافیزیمان لێبكات،
پرسیاری ئه‌وه‌ی لێكردین كه گوایه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت
شه‌و
له‌وێنده‌ر بخه‌وین، وه‌ڵامی
ئه‌وه‌مان دایه‌وه كه ئێمه مه‌به‌ستمان
ته‌نها ئه‌وه‌یه نانی نیوه‌ڕۆ له‌وێ بخۆین
و هیچی تر...
-ده زۆر چاكه، پیره‌ژنه‌كه ئه‌مه‌ی گووت؛ "چونكێ
قه‌ڵاكه جنۆكه‌ی تیا نیشته‌جێیه. " من و
ژنه‌كه‌م گاڵته‌مان به ئه‌قڵی ئه‌هات، چونكێ
باوه‌ڕ‌مان به جنۆكه و خێو و شتی وا نه‌بوو، چ جای
به ر‌ۆژی ر‌وونیش، به‌ڵام
ئه‌مه جێی خۆشی و شادمانی دوو كوڕ‌ه‌كه‌مان
بوو، كه ته‌مه‌نیان نۆ ساڵان و حه‌وت ساڵان بوو، كه
ر‌ووبه‌ڕ‌و و، له نزیكه‌وه بتوانن جنۆكه و خێو
ببینن و بیانناسن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه "میگێل
ئۆتێرۆ" نووسه‌رێكی چاكه، میواندارێكی زۆر دڵگه‌وره
و به‌خشنده‌یه و ئاشپه‌زێكی شاره‌زایه و ده‌ستیاویشی
خۆشه. چاوه‌ڕێمان بوو بۆ چێشتێكی نیوه‌ڕۆ وا
به‌له‌ززه‌ت كه هه‌رگیز بیرمان نه‌چێته‌وه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه دره‌نگانێك گه‌یشتینه ئه‌وێ،
فریای ئه‌وه‌ش نه‌كه‌وتین پێش ده‌ست به نانخواردن
كردن، چاوێك به نێو قه‌ڵاكه‌دا بخشێنین، وه‌لێ نمای
ده‌ره‌وه‌ی
قه‌ڵاته‌كه هیچ نیشانه‌یه‌كی ترس و تۆقاندنی
پێوه دیار نه‌بوو، هه‌ر شتێكیش كه مایه‌ی دڵه‌ڕ‌اوكێ
و په‌شێویش بووایه، به دیتنێكی ئه‌و دیمه‌نه
دڵفڕێنه‌ی شاره‌كه و گوڵزاره جوانه‌كه‌ی
ده‌ڕ‌ه‌وییه‌وه، كه له‌و باڵه‌كۆن و سه‌كۆیه‌وه
ده‌بینرا كه نانمان لێوه‌ی ده‌خوارد. هه‌روا به
ئاسانی نه‌ده‌چووه مێشكه‌وه كه له‌و بڵندییه‌دا و
له نێو ئه‌و خانووه به‌رزانه‌دا كه به ئاسته‌مێ
جێگه‌ی نه‌وه‌د هه‌زار كه‌سێكی تێدا ده‌بۆوه،
ئه‌و هه‌موو پیاوه بلیمه‌ت و نه‌مرانه‌ی
به‌رهه‌م هێنابێ، كه‌چی "میگێل ئۆتێرۆ" به شێوازه
گاڵته‌جاڕ‌ییه كاریبیه‌كه‌ی پێرووتین كه
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرن ئه‌وانه‌ی له ناوچه‌ی
"ئارێزۆ" دا ناودارن و ر‌ای خۆشی ئاوه‌ها ده‌ربڕی كه؛
- گه‌وره ناوداریان (لودۆپیكۆ) یه.
"لودۆپیكۆ" ئاوه‌ها بێ به‌كارهێنانی نازناو، گه‌وره
پیاوی هونه‌ر و جه‌نگ، ئه‌وه‌ی ئه‌و قه‌ڵاته‌ی له‌سه‌ر
حسابی نه‌هامه‌تییه‌كه‌ی خۆی بنیاتنابوو، ئه‌وه‌ی كه
به درێژایی كاتی نانخواردنی نیوه‌ر‌ۆ "میگێل ئۆتێرۆ"
باسی لێوه ده‌كرد، باسی ده‌سه‌ڵاته فراوانه‌كه‌ی و
ئه‌وینه ناكۆك و مه‌رگه دڵته‌زێنه‌كه‌ی بۆ كردین،
ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ی بۆ گێڕاینه‌وه كه چۆن چۆنی له
ساتێكی لێوان‌لێو له سه‌رشێتی و هاریدا، ژنه‌كه‌ی خۆی
داوه‌ته به‌ر زه‌بری چه‌قۆ كه له‌سه‌ر هه‌مان پێخه‌ف
و جێگه‌ی نووستندا پێش ده‌مێكی كه‌م
پێكه‌وه نووستبوون و هاوخه‌وییان كردبوو.
ئه‌وه‌شی بۆ گێڕاینه‌وه كه پاش گیان له‌ده‌ستدانی
ژنه‌كه‌ی، سه‌گه‌كانی خۆشی له خۆی هاركردن و له خۆی
به‌ردان، تا به كه‌ڵبه گڕه‌كانیان، هوونجن
هوونجی بكه‌ن.
به ر‌اشكاویش ئه‌وه‌ی بۆ باسكردین كه چۆن
تارماییه‌كه‌ی "لودۆپیكۆ" له پاش نیوه‌شه‌وی ئه‌و
كاره‌ساته‌دا، به نێو دووتوێی تاریكی قه‌ڵاكه‌دا و
له چنگی ئه‌شكه‌نجه و چه‌رمه‌سه‌ری ئه‌ویندا به
دووی ئارامیدا عه‌وداڵ ببوو. له ر‌استیدا قه‌ڵاته‌كه
دڵته‌نگی و خه‌مۆكی پێوه دیاربوو، به‌ڵام
به‌سه‌رهاته‌كه‌ی "میگێل" له‌و ده‌مه‌دا كه ئێمه به
سكی تێره‌وه و به دڵی خۆشه‌وه گوێ قوڵاخی ببووین،
ته‌نها به یه‌كێك له چیرۆك و سه‌رگوزشته
به‌تامه‌كانی "میگێل"مان به خه‌یاڵدا ده‌هات كه بۆ
میوانه‌كانی خۆی ده‌گێرانه‌وه. ئه‌و هه‌شتاو دوو
ژووره‌ی دوای خه‌وی نیوه‌ر‌ۆ به سه‌ردانێك بینیمانن
نه‌بوونه جێگه‌ی سه‌رسامیمان. پێبه‌پێی خاوه‌نه‌كانی
قه‌ڵاته‌كه گۆر‌انكاری و ر‌ووپۆشی جیاوازیان به
خۆوه دیتبوو... میگێل نهۆمی خواره‌وه‌ی به ته‌واوی
نوێكردبۆوه، ژوورێكی نووستنی نوێی به مه‌ڕمه‌ڕ
بنیاتنابوو، لایه‌كیشی به گه‌رماو و ساونا
(مه‌له‌گه) بۆ مه‌شقی له‌شولار جوانی ته‌رخانكردبوو.
ئه‌و هه‌یوانه‌ش كه نانی نیوه‌ر‌ۆمان لێخوارد به
گولّی ره‌نگاوره‌نگ خه‌ملا بوو.
نهۆمی دووه‌می قه‌ڵاته‌كه‌ش، كه به درێژایی ته‌مه‌نی
له هه‌موو نهۆمه‌كانی دیكه زیاتر به‌كارهێنرابوو،
زنجیره‌یه‌ك ژوور بوون كه هیچ نیشانه و پارچه
نووسراوێكیان به‌سه‌ره‌وه نه‌بوون كه داخوا بۆ چ
ته‌رخان كراون، به‌لام پڕ بوون و سیخناخ بوون به
كورسی و قه‌نه‌فه و ته‌ختی پێخه‌فێك كه هه‌روا
فه‌رامۆشكرابوون.
له دووا نهۆمیشدا، سه‌رنجمان له هۆده‌یه‌ك چه‌قی،
كه هێشتا ده‌ستی زه‌مانه‌ی نه‌گه‌یشبوویێ، ئه‌وه‌ش
ژووری نووستنه‌كه‌ی "لودۆپیكۆ" بوو. ئه‌و ده‌مه
ساتێكی زۆر پڕ له ئه‌ندێشه بوو، ته‌ختی پێخه‌فێكی
لێ‌بوو كه به گه‌رده و كوله ر‌ازاوه به
ده‌زوویه‌كی ئاڵتوونی و تارایه‌كی پۆپه‌شمینی
به‌سه‌ردا درابوو، كه ره‌ق و وشكببۆوه به خوێنی
ر‌ژاوی ووشكبۆوه‌ی ژنه نازداره سه‌ربڕاوه‌كه‌ی
لودۆپیكۆ، له‌ولاشه‌وه سه‌رنجمان گیربوو به‌ره‌و
ئاگردانێك كه خۆلّه‌مێشه‌كه‌ی ساردببۆوه، دووا
پارچه خه‌ڵووزی داریشی له ته‌نیشته‌وه دانرابوو كه
به به‌رد ببوو. دۆڵاب و كانتۆره‌كه‌شی كه پڕ بوو
له چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هێشتا تازه و نفت و نوێ بوو.
ئه‌و تابڵۆیه‌ش كه چوارچێوه‌یه‌كی زێر‌ینی هه‌بوو
پۆرترێتێكی -لودۆپیكۆ– بوو له حالّه‌تی تێڕاماندا كه
به رۆنی زه‌یتی، شێوه‌كارێكی گه‌وره‌ی (فلۆره‌نسا) ی
ئه‌وده‌مه نه‌خشه‌ی كێشابوو كه به‌داخه‌وه شانسی
ئه‌وه‌ی نه‌بووه ناسراو و ناوداربێ.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رنجی زۆر ر‌اكێشام؛ كه هێشتا بۆنی
شێداری تووی فه‌ره‌نگی كونج و قوژبنه‌كانی ژووره‌كه‌ی
داگیر كردبوو،كه‌سێكیش نه‌یده‌توانی ئه‌و
مه‌سه‌له‌ی بۆنه شیبكاته‌وه. ر‌ۆژگاری هاوینانی
ناوچه‌ی _تۆسكانا– یه
زۆر دوور و
درێژه، خۆریش هه‌ر به‌رزه و
هه‌تا سه‌عات نۆی شه‌ویش ئاوا نابێ، ئه‌و
ده‌مه‌ی له دیده‌نی و دیتنی
قه‌لاكه بووینه‌وه، سه‌عات پێنجی ئێواره‌ی
تێپه‌ر‌اندبوو، به‌ڵام به زۆره‌ملی میگێل كه‌وا
به‌ره‌و كلێسای سان فرانسیسكۆمان به‌رێ و تابلۆ و
په‌یكه‌ره‌كانی (پیر‌ۆ دێلافرانسیسكا) مان پێشان بدات
وه‌دره‌نگ كه‌وتین. ئه‌وجا له‌ژێر دارمێوه‌كانی
شاره‌كه‌دا و به‌ده‌م قاوه خواردنه‌وه كه‌وتینه
گفتوگۆیه‌كی دوور و درێژه. كاتێكیش بۆ هێنانه‌وه‌ی
جانتاكانمان گه‌ر‌اینه‌وه قه‌ڵاكه، شێوی ئێواره
ئاماده‌كرابوو، بۆیه ناچاربووین بۆ شێو خواردن
ماینه‌وه.
ئه‌وده‌مه كه ئێمه له‌ژێر ساباتی ئاسمانێكی
ئه‌رخه‌وانی دره‌وشاوه به ئه‌ستێره، شێومان
ده‌خوارد، دوو مناله‌كه‌مان چه‌ند چرایه‌كیان له
مه‌تبه‌قه‌كه‌دا داگیرساند و به‌ره‌و نهۆمه‌كانی
سه‌ره‌وه وه‌ژوور كه‌وتن، داخۆ له‌و تاریكییه‌ی
ئه‌وێدا شتێكیان چنگ ناكه‌وێ.
ئێمه له‌سه‌ر مێزی نانخواردنه‌كه‌ی خواره‌وه گوێمان
له غاره‌غاریان بوو كه ده‌تووت ئه‌سپێكی چیایین و
به پلیكانه‌دا وه‌سه‌ر ده‌كه‌ون. جیڕه‌ی ده‌رگا و
هاواری شادییان تێكه‌ڵ ده‌بوو، بانگكردنی لودۆپیكۆ یان
له ژووره نووته‌كه‌كانه‌وه ده‌گه‌ییه ئێمه، هه‌ر
ئه‌وان خۆیان بوون كه بیرۆكه‌ی "نووستن له ژوورێكی
ترسناكدا" یان هێنایه ئاراوه و میگێل ئۆتێرۆش
له‌وه‌وپێش هانیدابوون، ئێمه‌ش نه‌وێراین رێ‌یان
لێبگرین. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی لێی ده‌ترسام ، من و
ژنه‌كه‌م له نهۆمی خواره‌وه زۆر باش لێی نووستین.
دوو كوڕ‌ه‌كه‌شمان له ژووره‌كه‌ی ته‌نیشت
خۆمانه‌وه نووستن، هه‌ردوو ژووره‌کانیش تازه
ره‌نگ كرابوونه‌وه و هیچ گه‌ردێكی تاریكی و
ر‌ابردوویان پێوه نه‌مابوو. ئه‌و ده‌مه‌ی وه‌نه‌وزی
خه‌ویشم ده‌هات، زه‌نگی سه‌عاته چاڵمه‌كه‌ی
هه‌یوانه‌كه‌ی ته‌نیشتمان دوانزه جاری نیوه‌شه‌وی
لێدا و ئامۆژگارییه تۆقێنه‌ره‌كه‌ی پیره‌ژنه
شوانه‌كه‌م
وه‌بیرهاته‌وه، به‌ڵام
له هیلاكییا هه‌ر زوو
نووستین و له خه‌ونێكی
قووڵ و
بێبیڕانه‌وه دا
نوغرۆ بووین تا دوای حه‌وتی سه‌رله‌به‌یانی
وه‌خه‌به‌ر نه‌هاتین، ئه‌و ده‌مه‌ی گزینگی خۆره‌تاو
له درزی په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌مانه‌وه
وه‌ژووركه‌وت، ژنه‌كه‌م له‌لامه‌وه، له نێو ده‌ریای
هێمنی و بێگه‌ردیدا شه‌پۆلی خه‌وی ده‌دا.
- "چه‌ند ده‌به‌نگی، به خۆمم ووت. هێشتاكه له‌م
زه‌مانه‌دا كه‌سێ هه‌یه‌كه بڕ‌وای به خێو هه‌بێت."
ئه‌و چركه ساته بۆنی تووی فه‌ڕه‌نگی تازه تۆقاندمی
و بینیم ئاگردانه‌كه به خۆڵه‌مێشی سارده‌وه
و،
پارچه ته‌خته‌كه‌ی نێو ئاگردانه‌كه‌ش بوون به به‌رد،
وێنه‌ی پیاوه خه‌مگینه‌كه‌ش كه له دووتوێی سێ
سه‌ده‌وه و له نێو چوار چێوه‌یه‌كی ئاڵتوونیدا
لێمانی ده‌ڕ‌وانی. له ر‌استیدا ئه‌وه دوێنێ شه‌و بوو
كه له ژووره‌كه‌ی خواره‌وه نووستبووین، به‌ڵكو له
ژووره‌كه‌ی لودۆپیكۆ و له‌ژێر تارا و په‌رده تۆزاوی و
سه‌رچه‌فه خوێناوییه‌كانی ئه‌ودا نووستبووین كه
هێشتاكه ئه‌و پێخه‌فه نه‌فره‌ت لێكراوه له
گه‌رمادا جمه‌ی ده‌هات.
ئۆكتۆبه‌ری
1980
په‌راوێزه‌کان:
(*
)تێبینییه‌كی زۆرپێویست:- له ر‌استیدا و به
كاریگه‌ری وه‌رگێڕان و خوێندنه‌وه‌مانه‌وه له
عه‌ره‌بییه‌وه، له ئاخاوتنی زۆر له ناوه
ناوداره‌كانی جیهاندا كه‌م تا زۆر هه‌موومان
كه‌وتووینه‌ته هه‌ڵه‌وه، بۆیه به پێویستم زانی
ئه‌م سه‌رنجه كه‌مێك به قووڵی و به
نموونه‌وه - بخه‌مه به‌رده‌ستی خوێنه‌رانمانه‌وه.
له ئاخاوتنی ناوی گارسیا ماركێز دا
Marquez
هه‌موومان ده‌ڵێین ماركیز به پیتی (ی) و ئه‌مه‌ش به
ئیسپانی ده‌كاته
Marquiz
كه ئه‌مه‌ش ر‌است نییه و، ووشه‌ی لاتینی چۆن
ده‌نووسرێ ئاوه‌هاش ده‌خوێنرێته‌وه، هه‌روه‌ك چۆن
به‌هه‌مان كاریگه‌ریه‌وه زیاد له پانزه ساڵێ ده‌بێ
هه‌موومان ده‌ڵێین خۆرخێ لویس بۆرخیس به پیتی(ی). یان
به كاریگه‌ری فارسی ده‌ڵێن بۆرخس. كه ئه‌مانه‌ش
هه‌ڵه‌ن و ر‌استییه‌كه‌ی بۆرخێس/ ه به (ێ) ی كوردی
به ئیسپانیش ده‌نووسرێ
Borges
و پیتی (e)
ده‌بێته (ێ) نه‌ك (ی-
i)
كه له‌م دۆخه‌دا ده‌بێته
Borgis
و هه‌ر ئه‌م سه‌رنجه‌ش به نیسبه‌ت
گۆرانیبێژی ناودار
Julio
(خولیۆ ئێگلێسیاس)ه‌وه‌ش ر‌استه كه هه‌موومان
ده‌ڵێین خۆلیۆ و ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه هه‌ڵه‌یه!
خۆزگه له‌ته‌ك ئه‌م سه‌رنج و نموونانه‌دا، ئیدی
زۆربه‌ی ناو و وشه لاتینی و ئه‌وروپییه‌كانمان ر‌است
ده‌كردنه‌وه و به‌یه‌ك شێوه و به‌یه‌ك ئاخاوتن
به‌كارده‌هێنا و، له‌مباره‌یه‌وه زمانزانه‌كانمان
چیدی كه‌مته‌رخه‌مییان نه‌ده‌كرد.
(**) ئارێزۆ
Arezzo
شارۆچكه‌یه‌كه له ناوه‌ڕ‌استی ئیتالیا دا‌و
ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی (تۆسكانا
Toscana)ه‌وه
نزیكه‌ی سه‌د هه‌زار كه‌سێك دانیشتوانه‌كه‌ی پێكدێنن،
مه‌ڵبه‌ندێكی بازرگانییه بۆ كه‌لوپه‌ل و به‌رهه‌می
ر‌ۆمانییه‌كانی
تێدا جێماوه.
|