|
سوبحی سەلیمی
_
بانە
چەپكەگوڵێكی دایە دەست. خۆشی ویست. ئەم فەرهادی كۆ
كەنە و ئەویش شیرین. پاش ماوەیەك جیا بوونەوە. ئەم ژنی
هێنا و ئەو گریا.
٭٭٭
ئەی هاوار!
وەڕەزبووم،
لەخۆم و لەم بابەتانە. دیسانەوە دەست پێدەكەم. بۆم
نانووسرێ...
خوایە! هێمایەكی كورت!
كات: دووی نیوەشەو تێپەڕیوە.
دەست پێدەكەمەوە. یەك ... دوو ... سێ ...
بابەتێكی كۆنەو ئەم شتانە گشت ووتراون. بەڵام سەرسام
بوونم پێ خۆشە. قەڵەمەكەم داوای ئەكات.
٭٭٭
ژانێك ...ژانێكی خۆشتر لە خۆش، لە ناختا هەڵقوڵی. چەند
سەعاتێكی پێ چوو تا ئەو هاتە دونیا و تۆ بووی بە دایك
...دایك ...دایك ...
بیر دەكەمەوە ...
هەستێكی ژنانە دام دەگرێ و تەواوی دڵم دەگوشرێ و
دەكرێتەوە.
بە2-3 خەت و دایرە، دوو بنیادەم دەكێشمەوە. دوور
لەیەك.
یەكیان گەورە
و ئەوی تر چكۆلە. ناویان دەنێم: دایك و منداڵ.
دەستی منداڵەكە بڵاو دەكێشم. خەمبار؛ وەك بڵێی داوای
شتێك بكات. وەك"مۆنالیزا"!
دەمی دایكەكە قونجاو ئەكێشم. پێ و پەلكەكانی تا سەر
زەوی ژێر پێی، تان و پۆی ڕەش وسپی ...وای پڕئەكەم
تەنها دوو چاو دەبینم: خۆڵەمێشی.
دڵی روو لە منداڵەكەیە و چاوی روو لە ...
لەولاترەوە، بنیادەمێكیتر دەكێشمەوە. نێو چاوانی تاڵ
دەكەم و غەزەبی لێ دەبارێنم. سمێڵێكی پڕ و ئاڵۆز و
...شتێك وەكوو تەزبێح، بۆ فشە، لە ناو دەستیا.
ئاسمانێكی سپی و شین ؛ تێكەڵ، تەماوی.
لە دوو لاوە بەرد هەڵئەچنم. دەلاقەیەك لەم لا و
دەرگایەكیش لەولا. سێ گۆشێك بۆ بان و جێ دووكەڵێكیش بە
ڕەش.
بۆنێكی خۆش ئەبیستم. سەر دادەخەم: بۆنی چێشتی نیوەڕۆیە
بە سەر تۆپە تەپووتۆزاویەكەوە دەگاتە لووتم .
قاشێ كاڵەكی نیوەخوراو، لە سەر دەوریێك، لە سەر
ڕۆژنامەی دەق نەشكاو؛
خودایە! ئەم هەموو سەرما لە كوێوە دێت؟
بیر دەكەمەوە ...
بە درێژایی كات، تێم ڕوانی.
خۆشم ناوێ. وای ئەدڕێنم، وەك بڵێی ڕقێكی ئـەستوورم لەو
كاغەزە بێت.
ساڵەهایە "ریاضی"
دەخوێنم. دەیانگووت ( وە دەشڵێن ) لە ژیاندا بەكار
دێت.
ژن + مێرد = مێرد + ژن
بە "استدلال استنتاجی" خۆم، ئەڵێم: جیا نابنەوە.
ژن + مێرد = منداڵ
منداڵ ( بەرامبەر نیە ) دایك + باوك
٭٭٭
بیر دەكەمەوە ...
لە وانەیە سەرم بتەقێ. وام لێ هاتوە لەگەڵ خواش بە شەڕ
دێم.
لە پشت ماندوویی چاوەكانتەوە، چاوم لە هەنگاوی پڕ لە
هەستی بریندارتە.
بیر دەکەمەوە ...
لە قووڵایی برینێكی زۆر كۆندا، تووی هیوای ساڕێژبوونی
دادەچێنم و لە تەوژمی سەرمایەكی بێ بەزەییدا، هەست بە
گەرمی هەتاو دەكەم ...
|