|
فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
له سه‌ر کلاس بوو که بۆ یه‌که‌م جار ئه‌م قسه‌یه‌ی
بیست. مامۆستاکه دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند دێڕێکی له
کتێبه‌که خوێندبووه‌وه و به ده‌میه‌وه جه‌ند جارێک
له په‌نجه‌ره‌که‌وه له ده‌ره‌وه‌ی روانیبوو،
گوتبووی: "ژیان وه‌ک کتێب وایه!" ده‌ره‌وه پاییز
بوو. به‌ڵام هێشتا سروشت گه‌رم و گه‌ڵا سه‌وز و ئاسمان
نوقمی ته‌م و غوباری هاوین بوو. رسته‌که هێشتا ته‌واو
نه‌بووبوو که چۆله‌که‌یه‌ک به هه‌ڵه خۆی به یه‌کێک
له شووشه‌کاندا کوتا و دواتر به په‌شۆکاوی و
هه‌ڵه‌داوان له شوێنێک له سه‌ر زه‌وی به ده‌م
فڕینه‌وه ون بوو.
ئیستاش دوای تێپه‌ڕینی ساڵانی ساڵ ئه‌م دیمه‌نه‌ی به
جوانی له‌به‌ر چاودایه. مامۆستاکه له ته‌مه‌نی
مامناوه‌ندیدا بوو. که بیری ده‌کرده‌وه له
ده‌ره‌وه‌ی ده‌ڕوانی. ده‌ڵێی که‌سێک له‌وێوه پێی
ده‌گوت که چۆن بیره‌کانی به ئاکام بگه‌یه‌نێ.
جارجاره‌ش به عه‌ینه‌که‌که‌ی یاری ده‌کرد. قه‌ت
تووڕه نه‌ده‌بوو. ره‌نگه بیرکردنه‌وه‌کانی بوو که
به‌ری به توڕه بوونی ده‌گرت. که منداڵێک یان
قوتابیه‌ک نه‌زمی کلاسی تێک ده‌دا، ته‌نیا لێی
راده‌ما. ئیدی قوتابیه‌که‌ش ئارامی ده‌گرت. شتێک له
چاویدا بوو. شتێکی قورس و بێ جوڵه و ...غه‌مگین. من
ئه‌و شته‌م دیتبوو.
ئه‌و پاییزه‌ی من ئه‌م قسه‌یه‌م تیا بیست، له
گه‌ڕه‌که‌که‌مان منداڵێک له دایک بوو. گوێم له
ده‌نگی گریانه‌که‌ی بوو. به له‌شی خوێناوییه‌وه
گریابوو. من حه‌وت ساڵ له‌و گه‌وره‌تر بووم. له دایکم
پرسی: "منیش گریابووم؟" دایکم گوتی: "نه‌وه‌ڵڵا،
گریانی چی، ئه‌و رۆژه تا ئێواره گۆرانیت بۆ گوتین!"
ئیستا ده‌زانم که مرۆڤ به بێ ئه‌وه‌ی زمانیش بزانێ
ده‌توانێ گۆرانی بڵێ!
"ژیان له کتێب ده‌چێ". چه‌ند رسته‌یه‌کی سیحراوی!
کتێبێکم له به‌ر ده‌ستدایه و لاپه‌ڕه‌کانی
هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه. چه‌ند ئاسان به هه‌ڵدانه‌وه‌یان
ده‌گه‌مه ئاخر و چه‌ند ئاسانیش هه‌وه‌ڵ. جاری وایه
گه‌مه‌ی پێ ده‌که‌م. کتێبه‌که به جوانی به هه‌ر
دووده‌ستم ده‌گرم. که‌مێک ده‌ینووشتێنمه‌وه‌و ئه‌وسا
په‌نجه گه‌وره ده‌خه‌مه سه‌ر لاپه‌ڕه‌کان و به
په‌له و به نۆره به‌ریان ده‌ده‌م. لاپه‌ڕه‌کان له
بن په‌نجه‌مدا ده‌خلیسکێن و ده‌ڕۆن. نه‌رم نه‌رم
ده‌ڕۆن. وه‌ک جۆبارێک. کتێبه‌که رۆمانێکه. باسی
به‌سه‌رهاتی مرۆڤێک. له کاتی له دایکبوونیه‌وه‌و
هه‌تا مردن. به چه‌ند چرکه به‌م گه‌مه‌یه، له
هه‌ڕه‌تی مندالییه‌وه ده‌گه‌مه مردن و له
مردنه‌وه به منداڵی. بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێیته‌وه
ته‌نیا ئه‌م جاره له جیاتی ده‌ستی چه‌پ به
په‌نجه‌گه‌وره‌ی ده‌ستی راست لاپه‌ڕه‌کان به‌رده.
چه‌ند سه‌یره! ته‌مه‌نێک له ناو دوو له‌پدا و له
ژێر په‌نجه‌یه‌کدا. گه‌ر بتهه‌وێ کتێبه‌که
بیخوێنیته‌وه، کات درێژخایه‌نتر ده‌بێ. ره‌نگه
شه‌وێک، دوو شه‌و یان هه‌فته‌یه‌ک. به تاقه‌تی خۆت
که‌وتووه. له کاتی خوێندنه‌وه‌شدا هه‌ر وشه‌یه‌ک
ده‌بێته وێستگه‌یه‌ک بۆ مانه‌وه‌و بۆ بیرکردنه‌وه.
هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌کیش بۆ سه‌رهه‌ڵبڕینێک و خه‌ونێک.
ئاه! چه‌ند ئه‌وسا درێژخایه‌ن ده‌بێ مه‌ودای نێوان
لاپه‌ڕه‌کان، مه‌ودای نێوان سه‌ره‌تا و کۆتایی، نێوان
منداڵیی و مردن.
که یه‌که‌م جار رۆمانێکم خوێنده‌وه، رووداوه‌کانی
ناوی چه‌ند درێژ و ئه‌به‌دی ده‌هاتنه به‌رچاوم. چه‌ند
مرۆڤه‌که ئه‌به‌دی بوو. ته‌نانه‌ت دوای مردنیشی هه‌ر
ده‌ژیا. ئیستا ده‌زانم بۆچی! ره‌نگه چونکا هه‌ر کاتێک
بمویستایه ده‌متوانی بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی
پێشوو‌ی ژیانی. به گه‌ڕانه‌وه ده‌متوانی وه‌ڵامی
پرسیاره‌کانم بدۆزمه‌وه، یان تێگه‌یشتنه‌کانم لێی
قوڵتر و فراوانتر بکه‌م. یان ره‌نگه ئه‌و شتانه‌ی که
زیاتر خۆشم ده‌ویستن، زیاتر بیانبینمه‌وه. مرۆڤه‌که
هه‌میشه له‌وێدا بوو، له ناو کتێبه‌که‌دا، به
زیندوویی. مردنی ئه‌و ته‌نیا به‌شێکی که‌م بوو له
کتێبه‌که. دوای مردنی ئیتر باسی هیچ رووداوێک
نه‌کرابوو. "ئاه، دوا رووداوی ژیان!"
که مامۆستاکه ده‌گه‌یشته دوا لاپه‌ڕه، زیاتر
ده‌وه‌ستا. زیاتر بیری ده‌کرده‌وه‌و، زیاتریش له
ده‌ره‌وه راده‌ما. له‌م کاتانه‌یشدا منداله‌کان
که‌متر شلوقییان ده‌کرد. ئه‌وسا کتێبه‌که‌ی ده‌بست و
ده‌یکردنه چه‌ند گروپ و ده‌یگوت: "شه‌ممه‌ی داهاتوو
هه‌ر گروپێک به‌شێک له کتێبه‌که ده‌ڵێته‌وه".
ئه‌وانیش کتێبه‌که‌یان ده‌گوته‌وه. من له‌م کاتانه‌دا
هه‌ستم ده‌کرد که مامۆستا به ده‌م گروپی
یه‌که‌مه‌وه زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک ده‌نیشته سه‌ر لێوی و
به ده‌م دوا گروپه‌وه نێوچاوانی گرژ ده‌کرد و له
په‌نجه‌ره‌که‌وه له ده‌ره‌وه راده‌ما.
له بیرم دێت ساڵانی دواتر له ئه‌ورووپا
بنه‌ماڵه‌یه‌ک دراوسێی ژنێکی پیر و به ساڵاچوو ده‌بن.
نێوانیان یه‌کجار خۆش ده‌بێ. شه‌وێک به بۆنه‌ی سه‌ری
ساڵی تازه‌وه دایکی بنه‌ماڵه‌که دیاری بۆئه‌م
پیرێژنه به ساڵاداچووه‌دا ده‌کڕێ و ئه‌وسا
ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌کا، بۆ ئه‌وه‌ی پێی بڵێ که داخۆ
ده‌توانێ ئیستا سه‌ردانێکی کورتی بکا یان نا. ئه‌مان
له قاتی سه‌ره‌وه‌ی ئاپارتمانێک ده‌ژین و
پیرێژنه‌که‌ش له قاتی خواره‌وه. پیرێژنه‌که که له
ته‌نیایی خۆی وه‌ڕه‌زه، یه‌کجار پیی خۆش ده‌بێ و له
وه‌ڵامدا ده‌لێ: "بێگومان! من له ئیستاوه رێ
ده‌که‌وم بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌رگاکه، تا تۆ ده‌گه‌یته
خوار منیش ده‌گه‌مه ده‌رگاکه و ده‌یکه‌مه‌وه!" له
کاتی کردنه‌وه‌ی ده‌رگاکه‌دا هه‌ردووکیان له یه‌ک
کاتدا له‌وێ ده‌بن! ئه‌و شه‌وه نیگای پیرێژنه‌که
یه‌کجار له نیگای مامۆستاکه‌ی ده‌کرد. ئه‌و شه‌وه
دوا شه‌وی پاییزی ئه‌و ساڵه بوو.
ئیستا فێری گه‌مه‌یه‌کی دیکه بووه. له کاتێکدا
کتێبه‌که له بن په‌نجه‌یدا وه‌ک جۆبارێک ده‌کشێ،
کت‌وپڕ له شوێنێکدا رایده‌گرێ و ئه‌وسا کتێبه‌که
ده‌کاته‌وه. له یه‌کێک له شوێنه ئاشناکاندایه.
یه‌کێک له رووداوه‌کانی ژیان. ره‌نگه کاتی نان
خواردن، گه‌مه، گفتوگۆ، بێ تاقه‌تی یان ساته‌کانی
یاخیبوون. یان ره‌نگه دڕدۆنگی و به‌تاڵبوونه‌وه له
هه‌موو شتێک. ئه‌وسا هه‌وڵ ده‌دا له‌و شوێنه‌وه
هه‌موو شتێک ده‌ست پێبکاته‌وه. ده‌یه‌وێ ته‌نیا ئه‌و
کاته و ئه‌و رووداوه ببینێ و نه‌ک زیاتر. به‌ڵام
ده‌کرێ؟ پاڵه‌وانی چیرۆکه‌که مردووه‌و که‌چی ئه‌و
ئیستا خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی سه‌رده‌می گه‌نجیه‌تیه‌تی.
هه‌موو له‌ززه‌ت و دڵه‌خورپه و گریانه‌کان چه‌ند هی
ئیستان و چه‌ند زیندوون. پاڵه‌وانه‌که وه‌ها عاشقه
که ئاگای له دواپه‌ڕه‌ی کتێبه‌که نیه. ئاگای له
ده لاپه‌ڕه‌ی پێش ته‌واوبوونی کتێبه‌که‌ش نیه که
تێیدا له سه‌ر کێلێکی پیر بیر له‌م لاپه‌ڕه‌یه
ده‌کاته‌وه. مامۆستا جارێکیان بێ ئه‌وه‌ی کتێبێک
ته‌واو کا، ده‌رسی ئه‌و رۆژه‌ی ته‌واو کردبوو. گووتبوی
له‌مه به‌دوا هیچ کتێبێک ته‌واو ناکه‌ین.
شه‌رت نیه هه‌موو کتێبه‌کان به مردن کۆتایی بێت.
به‌ڵام هه‌موو کتێبێک خاوه‌ن کۆتاییه‌ک بوو. کتێبی
ژیانی قوتابییه‌کان ئیستا له لاپه‌ڕه
سه‌ره‌تاییه‌کانیدا بوو. ئه‌ویش ده‌یویست ئیتر له‌مه
به دوا ته‌نیا له‌م لاپه‌ڕانه‌دا بمێنێته‌وه‌و
له‌وێشدا کۆتایی پێ بێنێ. قوتابییه‌کان ده‌بوایه بۆ
خۆیان هه‌ڵیبێنن که له لاپه‌ڕه‌کانی دیکه‌دا چی
ده‌گوزه‌رێ. داهاتوو، مه‌ته‌ڵێک بۆ داهێنان. له هه‌ر
کتێبێک رووداوێک. ره‌نگه جارجاریش رووداوی ئاخری
کتێبه‌که.
هه‌موو ساڵێک باوکم چه‌ند کتێبی بۆ ده‌کڕیم. ئیستا
کتێبخانه‌یه‌کی گچکه‌م هه‌بوو. ئه‌و کتێبانه‌ی که فێر
ببووم به ناته‌واوی بیانخوێنمه‌وه. رووداوێکم له
کتێبێک ده‌خوێنده‌وه‌و هه‌وڵم ده‌دا که بۆ خۆم
رووداوه‌کانی پێش و پاشی یا مه‌زه‌نده بکه‌م یا بۆی
دروست که‌م. له بیرم دێ که قه‌ت نه‌متوانی
رووداوه‌کان وه‌ک خۆی وه‌ک ئه‌وه‌ی له کتێبه‌کاندا
هاتبوو باس بکه‌م. هه‌میشه لانیکه‌م له شوێنێکدا
جیاوازیی هه‌بوو. له به‌رامبه‌ر کتێبخانه‌که‌دا
کتێبخانه‌ی ده‌ستنووسه‌کانی خۆم هه‌بوو. ئه‌و
ده‌ستنووسانه‌ی که باسی حه‌زه‌کان و خه‌مه‌کانی منیان
له خۆ هه‌ڵگرتبوو.
چه‌ند خۆشه هه‌موو رووداوه‌کانی ژیانی مرۆڤ یاخود
مرۆڤه‌کانت له قه‌باره‌یه‌کی بچووکی وه‌ک کتێب‌دا له
به‌ر ده‌ستدا بێت. هه‌ستێکی خوایه‌تی داتده‌گرێ.
زه‌مه‌نێکی هه‌فتا یان هه‌شتاد ساڵه له چه‌ند
کاتژمێرێکدا. زه‌مه‌نێک که هه‌میشه له‌وێدایه و
قه‌ت نامرێ. مانه‌وه، هه‌میشه مانه‌وه. وشه
ده‌مێنێته‌وه‌و خوێندنه‌وه ده‌یانژیێنێته‌وه.
مامۆستاکه بڕیاری دابوو که کتێبی ژیانی خۆی
بنووسێته‌وه. بێگومان گه‌ر بینووسێ، زیاتر تێیدا باس
له رووانینه‌کانی خۆی بۆ ده‌ره‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌که
ده‌کا. باس له‌و دره‌ختانه‌ی که ره‌نگه بۆ هه‌میشه
له‌وێ له حه‌وشه‌که‌دا بن. ئه‌و دره‌ختانه‌ی که به
نیگای ئه‌م ده‌ژاکێن و ده‌ژیێنه‌وه. باسی ئه‌و
چۆله‌کانه‌ی که له مێژه حه‌زیان له‌م باغه‌یه بۆ
هێلانه‌چێ کردن. به‌ڵام بۆخۆی ده‌ڵێ که به داخه‌وه
به جوانی بیره‌وه‌ریه‌کانی کاتی منداڵیی له زه‌ینیدا
نه‌ماوه. شتێک هه‌میشه به‌ریان پێ ده‌گرێ. بۆ خۆیشی
نازانێ چیه، به‌ڵام هه‌یه. له‌وێیه. وه‌ک بارانێکی
خه‌ست و به لێزمه که ناهێڵێ دوور ببینی. ده‌ست
ده‌با بارانه‌که لابا. ره‌نگه وه‌ک هه‌ڵمی سه‌ر
شووشه ته‌نیا سڕینه‌وه‌یه‌کی ده‌ستی به‌س بێت. یان
ره‌نگه تاراندنێکی هه‌وره‌کان. له کتێبه‌که‌یدا
بێگومان باسی ئه‌مه ده‌کا.
رۆژێک مامۆستا کۆمه‌ڵێک کتێبی هێنایه سه‌ر کلاس.
کتێبه‌کان به قه‌د ژماره‌ی قوتابیه‌کان. هه‌رکامیان
یه‌کێکی به‌رکه‌وت. له سه‌ر هه‌موویان نووسرابوو
"کتێبی ژیان". که به‌رگه‌که‌یان هه‌ڵدایه‌وه دیتیان
که لاپه‌ڕه‌کان سپین. سپی سپی. به سه‌ر
سووڕماویه‌وه له مامۆستایان رووانی. مامۆستا گوتی:
"زۆر نیه، ته‌نیا ده په‌ڕه‌یه. هه‌وڵ ده‌ن کتێبی
ژیانی خۆتان بنووسنه‌وه!" دوای که‌مێک رامان دیسان
گوتی: "تا کۆتایی ساڵ ده‌رفه‌تتان هه‌یه". منیش وه‌ک
مامۆستا جوان سه‌رده‌می منداڵیم له بیر نیه. نازانم
نووسیمان یا نا. به‌ڵام لاپه‌ڕه سپیه‌کانم زۆر باش
له بیره. ئیستاش که ده‌مه‌وێ هه‌ر کتێبێک
بخوێنمه‌وه وا ده‌زانم که به سه‌ر لاپه‌ڕه
سپیه‌کاندا ده‌که‌وم. هه‌ست ده‌که‌م مامۆستا پێی داوم.
که ده‌ست ده‌که‌م به خوێندنه‌وه‌ی، لاپه‌ڕه‌ی دوای
هه‌ر لاپه‌ڕیه‌ک بۆم سپییه. مامۆستا ده‌یگوت: "ئێـمه
به سپیه‌تی له دایک ده‌بین و به ره‌شیش ده‌مرین".
باران ده‌بارێ. له به‌ر په‌نجه‌ره‌که‌دا دانیشتووم و
بیر له چۆله‌که ته‌ڕه‌کانی ناو باغه‌که
ده‌که‌مه‌وه. بیر له کتێبی ته‌ڕی ژیانیان. ئیستا
دێته‌وه بیرم که من له کتێبه سپیه‌که‌دا نه‌متوانی
هیچ بنووسم. لاپه‌ڕه‌یه‌کیش چیه بۆم ره‌ش
نه‌کرایه‌وه. چه‌ند جار رووم له باوکم کرد، له مام
و پووره‌کانم، له خاله‌کانم. ده‌یانگووت هه‌ندێک
رووداوی رۆژانه‌ی ژیانت بنووسه‌وه. به‌ڵام نازانم
بۆچی بۆم نه‌ده‌نووسرا. که ده‌ستم ده‌برد بۆ قه‌ڵه‌م
بیری رووانینه‌کانی سه‌ر کلاسی مامۆستا له خۆیاندا
نوقمیان ده‌کردم. هه‌ستم ده‌کرد که رووداوه‌کان
ده‌بێ به‌و نیگایانه‌وه گرێ بده‌مه‌وه. رووداوه‌کان
به بێ مانای نیگاکانی ئه‌و چه‌ند بێ مانا بوون. ئاه
رووداوه بێ تامه‌کانی ژیان! تامه‌کان له شوێنێکی
دیکه‌دا بوون. رووداوه‌کان چه‌ند ته‌نیا رووداو بوون.
هه‌ستام چوومه ژێر زه‌مین. کارتۆنه‌کانم به سه‌ر
کرده‌وه. کارتۆن له سه‌ر کارتۆن. سه‌رئه‌نجام
دیتمه‌وه. به‌رگه‌که ره‌نگه وه‌ک خۆی، به‌ڵام
لاپه‌ڕه‌کان چه‌ند زه‌رد و ژاکاو. هه‌ڵم گرت و هێنامه
سه‌ره‌وه. به‌و شه‌وه دره‌نگانه چوومه به‌ر
په‌نجه‌ره‌که‌مان. دنیا تاریک و دره‌خته‌کان ته‌نیا
سێبه‌ری دره‌خت. ئه‌وسا نیگای مامۆستاکه‌مانم بینی که
له‌وێوه له ناو دره‌خته‌کانه‌وه لێیان ده‌ڕوانیم.
نیگاکه جۆره‌یه‌ک بوو. وه‌ک ئه‌و ساڵانه. قورس و بێ
جوڵه و ...غه‌مگین. وتی: "بنووسه!" منیش نووسیم.
رووداوه‌کان به لێشاو هاتن. به پڕتاو و به
هه‌ڵه‌داوان. باسی منداڵی، باسی گه‌وره‌یی و عه‌شق و
لێبوردنه‌کان. باسی سووکایه‌تیه‌کان، باسی گریانه‌کان
و پێکه‌نینه‌کان. باسی ئه‌و رۆژه‌ی که باڵنده‌یه‌ک
به پرتاو خۆی به په‌نجه‌ره‌ی ژووری کلاسه‌که‌ماندا
کوتاو له شوینێک له سه‌ر زه‌وی به ده‌م فڕینه‌وه
ون بوو.
25.01.2009
|