|
فه‌ڕۆخ نێمه‌تپوور
ده‌ست ده‌با. شه‌مچه‌که هه‌ڵده‌گرێ و چڵێک داده‌گیرسێنێ. شووشه‌ی
چرالامپاکه شه‌وق ده‌داته‌وه. ده‌ست ده‌با. ئه‌ویش داده‌گیرسێنێ.
"خودا له یه‌که‌م رۆژی خڵقه‌تدا خۆی کرد به چڵێک و به لامپایه‌ک،
به ودمی حه‌زی هه‌ر دووکیانی داگیرساند". ژووره‌که رووناک
ده‌بێته‌وه، به‌ڵام نه‌ک هه‌مووی. سووچه‌کان هێشتا تاریک و نیوه
تاریکن. سێبه‌ره‌کانیش. سێبه‌ره زه‌لامه‌که‌ی خۆی وه‌ک دێوی ره‌شی ناو
چیرۆکه‌کانه. چه‌ند ئاسان هه‌موو ژووره‌که داگیر ده‌کا، جگه له چرا
لامپاکه نه‌بێ. دێوه‌که به چرا لامپاکه‌وه مانای هه‌یه.
ده‌کشێته‌وه. هه‌ر دوو ده‌ستی له ژێر سه‌ری قوفڵ ده‌کا و نیوه
چه‌ماوه راده‌کشێ. دیوه‌که‌ش له گه‌ڵی راده‌کشێ و بزر ده‌بێ. به‌ڵام
نه! سه‌ری دیاره. ژووره‌که روونتر ده‌بێته‌وه. گه‌ر ته‌واو راکشێ
دێوه‌که‌ش ته‌واو بزر ده‌بێ، ته‌نیا له قه‌راغه‌کانی له‌شیدا نه‌بێ.
ئه‌و زۆر بیر له دێوی سێبه‌ری جه‌سته‌ی ناکاته‌وه. زۆرتر زه‌ینی لای
چرالامپاکه‌یه. چرالامپاکه له ناو خۆیدا چه‌ند گڕی گه‌شه.
ئه‌وه‌نده گه‌ش، بێ سێبه‌ر. بێ قه‌راغ. ته‌نیا، یه‌ک "بوون". به بێ
دووانه. "خودا له یه‌ک بوون وه‌ڕه‌ز بوو، به‌ڵام خودایه‌کی تری
دروست نه‌کرد. خودا شته‌کانی دروست کرد، یه‌ک له‌وانیش مرۆڤ".
گڕه‌که، ته‌نیا له ناو خۆیدا گه‌شه و له ده‌ره‌وه‌ی لامپاکه
نیوه‌گه‌ش و له قه‌راغه‌کانی ژووره‌که‌دا نیوه‌تاریک. له ده‌ره‌وه‌ش،
له‌و دیوی په‌نجه‌ره‌کان تاریک. تاریک تاریک.
به ئارامی چه‌ناگه به‌رز ده‌کاته‌وه‌و سه‌یری دیواره‌که‌ی
به‌رامبه‌ری ده‌کا. قه‌فه‌سه‌که له‌وێیه. باڵنده ره‌نگاوڕه‌نگه‌که‌ی
ناوی به بێ چرته هه‌ڵکورماوه و خه‌وتووه. رووناکایی لامپه‌که‌ش
نه‌یبزواندووه. کت‌وپڕ حه‌زی یارییه‌ک دایده‌گرێ. سه‌ره‌تاکانی
بزه‌یه‌ک ده‌نیشنه سه‌ر دوو چاڵایی ئه‌م سه‌راوسه‌ری لێوه‌کان.
هه‌ڵده‌ستێ و قه‌فه‌سه‌که داده‌گرێ. باڵنده‌که هێشتا ته‌واو نابزوێ.
له گه‌ڵ خۆی ده‌یبا و له په‌نای چرا لامپاکه دایده‌نێ. ئه‌مجار
باڵنده‌که ده‌بزوێ. ته‌واو خه‌به‌ری ده‌بێته‌وه. ئه‌م له
قه‌فه‌سه‌که دوور ده‌که‌وێته‌وه‌و ده‌چێ داده‌نیشێ. سێبه‌ری
باڵنده‌که. دێوی باڵنده‌که. چه‌ند گه‌وره‌و زه‌لامه. ره‌نگه‌کانی
بزرن. ته‌نیا سێبه‌ر. بڵێی بۆ خۆی بزانێ؟ نا، بروا ناکا. ته‌نیا ئه‌م
ده‌یزانێ. بێگومان دێوه باڵنده‌یه‌کی وا قه‌ت ناتوانێ بفڕێ. بیرێکی دی
به مێشکیدا دێت. ده‌رگای قه‌فه‌سه‌که ده‌کاته‌وه. به ته‌مای
ئه‌وه‌ی دێوه باڵنده‌که بێته ده‌ر و بفڕێ. که‌چی نایه‌ت. ده‌ڵێی
باڵنده‌که له به‌ر تیشکی گڕ نازانێ ده‌رگاکه کراوه‌یه. بۆ خۆی
ده‌ری دێنێ و له ژووره‌که‌دا به‌ڕه‌ڵای ده‌کا. ژووره‌که به‌شی فڕین
ده‌کا. ئێجگار ئه‌وه‌نده‌ش بچووک نیه. باڵنده‌که‌ش ده‌فڕێ. جاری وایه
سێبه‌رێک به قه‌ده‌ر ژووره‌که و جاری وایه ته‌نیا پنتێک له خۆی
بچووکتر. له دێوه‌باڵنده‌وه تا خۆی و له خۆیه‌وه تا دێوه‌باڵنده.
ئه‌میش ته‌واو سه‌رقاڵی ئه‌م گه‌مه. "خودا که خۆی به قه‌د
هه‌موو دنیا بوو، هه‌ستی به جوڵه نه‌ده‌کرد، حه‌زی خۆی کرد به
چۆله‌که و وتی بفڕه! چۆله‌که‌ش فڕی".
بیر له هه‌تاو ده‌کاته‌وه. له چرالامپای هه‌تاو. بێگومان گه‌ر شتێکی
زه‌لام وه‌ک خۆی یان گه‌وره‌تر له خۆی له‌به‌ر چرالامپای هه‌تاودا
بویایه، ده‌نیا ده‌بوو به سێبه‌ر. هه‌تاو وه‌ک چرا لامپایه‌ک له
ژوورێکی بێ سنوور، به دێوه باڵنده‌یه‌که‌وه که گه‌رمی گه‌مه‌ی
سێبه‌ر و فڕینه به ده‌ورییه‌وه! هه‌ڵده‌ستێ. ده‌بێ باڵنده‌که بگرێ
و بیخاته‌وه ناو قه‌فه‌سه‌که. زۆر ئاسان نیه گرتنه‌وه‌ی. بچووکه و
سرک. هه‌روه‌ها بێزار له قه‌فه‌س. یان ره‌نگه هه‌راسان له فڕینه
دێوئاساکانی خۆی! "خودا له ناو شته‌کاندا ته‌نیا رووی کرده مرۆڤ و
گوتی: ته‌نیا تۆ هه‌م چۆله‌که‌یت و هه‌م دێ‌و!"
سه‌رئه‌نجام باڵنده‌که‌ی گرت. به‌ره‌و قه‌فه‌سه‌که رۆیشت. ده‌رگاکه‌ی
کرده‌وه. له کاتی خستنه ناوه‌وه‌یدا راوه‌ستا. بیری کرده‌وه. بیخات
یان نه‌یخات؟ نه‌یخست. به‌ره‌و په‌نجه‌ره‌که رۆیشت. له ده‌ره‌وه
راما. ئه‌وسا په‌نجه‌ره‌که‌ی کرده‌وه. ئارام ده‌ستی راداشته
ده‌ره‌وه‌و له‌پی کرده‌وه. وه‌ک بڵێی ده‌یه‌وێ باڵنده‌که له
قه‌فه‌سێکی گه‌وره‌تر واته ژووره‌که رزگار بکا. سه‌یره! باڵنده‌که
نه‌فڕی. ته‌نیا خۆی گرمۆڵه
کرد. شه‌و، کزه‌ی ده‌هات. با، خۆی له په‌ڕه‌کانی ئاڵاند.
باڵنده‌که ئه‌وه‌نده‌ی تر خۆی گوشی. سه‌ر، نوقمی جه‌سته.
جه‌سته‌یه‌کی له‌رزۆک. گه‌ر هه‌ڵفڕیبا، سێبه‌ره دێوئاساکه‌ی شاری
داده‌پۆشی. که بچوک ده‌بووه‌وه خه‌ڵک ده‌هاتنه سه‌یری و، که ده‌بوو
به دێ‌و خه‌ڵک هه‌ڵده‌هاتنه ژێرزه‌مینیه‌کانیان. به‌ر په‌نجه‌ره
شوێنێک بۆ رووانین و، ژێرزه‌مین شوێنێک بۆ خۆحه‌شاردان. مه‌ودای
نێوانیشیان، ساته پڕ له‌چاوه‌ڕوانیه‌کانی ئاوێته‌ی حه‌ز و دڵه‌راوکێ.
دواتر خودا گوتی:" ئه‌وسا په‌یامبه‌ره‌کانت بۆده‌نێرم. نه تۆ
له‌ئه‌وانیت ونه ئه‌وانیش له‌من."
وازی نه‌هێنا. راوه‌ستا. ده‌یزانی که باڵنده زیاتر حه‌زی له ئازادی
و فڕینه تا ترسی له تاریکی و سه‌رما. راوه‌ستا ...چه‌ند جار ده‌ستی
به‌ئاسته‌م راته‌کاند. به‌و هیوایه‌ی بفڕێ. نه‌فڕی. ئه‌مجار توندتر
ده‌ستی راوه‌شاند. ته‌نانه‌ت گوتی "بڕۆ، بفڕه!" باڵنده کزۆڵه‌که‌ی
قه‌فه‌س و ژوور، نه‌ڕۆیشت.
ـ "ده‌زانم ئاخری ده‌ڕۆی. حه‌زی تۆ له چاوه‌ڕوانیی من بێ ئۆقره‌تره"
له‌پی ده‌ستی گه‌رم له‌هێلانه‌ی ده‌کرد. له‌و شه‌وه تاریک و نووته‌ک و
سارده‌دا ره‌نگه له قه‌فه‌سیش خۆشتر. یان ره‌نگه گه‌ر ئه‌م له‌پی
ده‌سته له ناو قه‌فه‌سه‌که‌دا بوایه، یه‌کجار خۆشتر ده‌بوو. بۆ
ئه‌وه‌ی له‌پی ده‌ست له ناو قه‌فه‌سدا بێت، ده‌بێ خاوه‌ن ده‌سته‌که
قه‌فه‌سه‌که‌ی هه‌میشه پێ بێت. یان قه‌فه‌سه‌که هه‌میشه خاوه‌ن
ده‌سته‌که‌ی پێ بێت. ده‌ستی راکێشا. ئه‌وه‌نده خێرا که
باڵنده‌که به‌ر بووه‌وه،
به‌ڵام نه‌گه‌یشته زه‌وی. باڵ پێی گوت بفڕه! ئه‌ویش فڕی. که مرۆڤ
له به‌هه‌شت بڕا، خودا پێی گوت: "هه‌تا هه‌یت خه‌ون به
به‌هه‌شته‌وه ده‌بینی!" که فڕی، باڵی به ئاسته‌م له زه‌وی خشا.
ئه‌وسا به‌رز بووه‌وه. تاریکایی، دوا سێبه‌ره‌کانی قووت دا.
ئه‌وسا خه‌ڵک بینیان که چلۆن له ژێر تاریکایی به ئاسته‌م روونی
ئاسماندا شتێک که‌وته فڕین. سێبه‌ری دێوه‌باڵنده‌یه‌ک که به سه‌ر
شاردا ده‌فڕی و ده‌خولایه‌وه. شار هه‌راسان بوو. قیژه و هاوار
کۆڵانه‌کانی ته‌نی. ئاسمانی شار ئه‌وه‌نده گه‌وره نه‌بوو که بتوانێ
باڵنده‌یه‌کی وا گه‌وره له خۆ بگرێ. ئه‌و شه‌وه ژێرزه‌مینیه‌کان
جمه‌یان ده‌هات. چه‌نده خۆشیش بوو شان به شانی یه‌کتره‌وه‌دان له
شه‌وێکی وه‌ها نووته‌کدا و دیسان هه‌ر به‌رده‌وام بوون له ناو ترس‌دا!
باڵنده‌که که نزم ده‌بووه‌وه یه‌کجار بچووک و که به‌رز ده‌بووه‌وه
یه‌کجار گه‌وره! له گه‌وره بوونه‌وه بۆ بچووک بوون و له بچووک
بوونه‌وه بۆ گه‌وره بوون. مه‌وداش چه‌ند کورت و خێرا. ئه‌رێ! ئه‌و
شه‌وه هه‌موو که‌س ترسا. هه‌موو که‌س بۆ یه‌که‌م جار دڵی لای ئاسمان
بوو، ئه‌گه‌رچی ئیتر نه‌یه‌وێرا سه‌یری ئاسمان بکا! به‌ڵام راوه‌سته!
ئه‌و شه‌وه هه‌موو که‌س نه‌ترسا. گه‌ر که‌سێک توانیبای له ئاوێنه‌ی
چاوی دێوه‌باڵنده‌که‌ه‌وه بڕوانێ دیبینی که: پیاوێکی ته‌مه‌ن
مامناوه‌ندیی غه‌ریب دوای ئه‌وه‌ی منداڵه‌کانی له خه‌ڵوه‌تی ژوورێکی
خانوویه‌کی چه‌ند قاتدا به ده‌م ئاوازێکی خه‌مناکه‌وه خه‌واند، به
ئاسته‌م به‌ره‌و په‌نجه‌ره‌که کشا، له‌وێ راوه‌ستا و هه‌تا دره‌نگان
له تاریکایی کۆڵانه‌که‌ی به‌رامبه‌ری روانی. ئه‌م پیاوه
باڵنده‌که‌ی نه‌بینی. ده‌یبینی که مۆسیقارێک له ژێر لێوه‌وه ورته‌ی
دێت و ئاوازێکی کۆرپه به ئه‌سپایی ده‌چڕێ که هێشتا ته‌واو نه‌بووه.
ئه‌م مۆسیقاره باڵنده‌که‌ی نه‌بینی. ده‌یبینی که ئه‌و شه‌وه که‌سێک
له دیواری حه‌وشێکی تاریک په‌ڕیه‌وه‌و دواتر له به‌ر نوقمی هه‌نسکه
هه‌نسکی ژوورێکی نیوه تاریک، گوێی له قیژه و هاواری ژێرزه‌مینیه‌کان
نه‌بوو. ده‌یبینی جه‌للادێک له به‌ر ده‌نگی ترسناکی قه‌مچییه‌که‌ی و،
قوربانییه‌که‌ی له به‌ر ئازارێکی سامناک نه‌یانزانی که ئه‌و شه‌وه
ئاسمان جۆرێکی دیکه‌یه. ده‌یبینی تارماییه‌کی گیرفان پڕ له نووسراوه،
سرک و چاو گه‌ش و له‌ش به ئاره‌ق له به‌ر ئه‌گه‌ری سێبه‌ره
ترسناکه‌کانی سه‌ر رێگای بۆ جارێکیش هه‌ستی به بای باڵی باڵنده
دێوئاساکه نه‌کرد. ده‌یبینی منداڵێک هێشتا دوای ئه‌و هه‌موو به‌ڵێنه
به‌دی نه‌هاتووانه‌ی باوکی هێشتا به بووکه شووشه‌که‌ی ده‌ڵێ قه‌فه‌ت
مه‌خۆ قۆلت بۆ ده‌کڕمه‌وه‌و ده‌یخه‌مه‌وه جێ! ئه‌و منداڵه له به‌ر
بووکه‌که‌ی ئاگای له‌ودیوی په‌نجه‌ره‌که نه‌بوو. ده‌یبینی پیاوێکی پیر
له کاتێکدا تاقمی دیانه‌کانی ده‌خسته ناو په‌رداخه ئاوه‌که‌ی پشت
سه‌رییه‌وه، له به‌ر بزه‌ی یادی رووداوێکی سه‌رده‌می گه‌نجیه‌تی
نه‌یزانی که باڵنده‌یه‌ک شاری ترساندووه. ده‌یبینی که کچێک ئه‌و
شه‌وه له به‌ر خۆشه‌ویستیی باوکی سوێندی خوارد که قه‌ت شوو نه‌کات!
ده‌یبینی که کۆڵانێک له به‌ر حه‌زی خانوویه‌ک ئه‌و شه‌وه خه‌ریکی بن
به‌ست کردنی خۆی بوو! ئه‌و کۆڵانه باڵنده‌که‌ی نه‌بینی که ته‌نانه‌ت
جارێک به تاسه‌ی نیشتنه‌وه تێیدا به ژێر گوێسه‌بانه‌کانیدا تێپه‌ڕی.
"خودا که له سه‌یری دنیا تا ده‌هات وه‌ڕه‌زتر ده‌بوو به مو‌سا و عیسا
و موحه‌ممه‌دی گوت من چه‌ند شه‌وێک به ژیانی شوانی له دۆڵێکدا
قه‌ناعه‌ت ده‌که‌م، دنیا بۆ ئێوه!"
ئه‌م، په‌نجه‌ره‌که‌ی دانه‌خست. راوه‌ستا و سه‌یری باڵنده‌که‌ی کرد.
هه‌ر ئه‌م ده‌یزانی چ باسه. باڵنده گچکه‌که‌ی ناو قه‌فه‌سی
ژووره‌که‌ی چ به‌زم و هه‌رایه‌کی نابووه‌وه! ئه‌وجا په‌نجه‌ره‌که‌ی
کرده‌وه‌و له‌پی ده‌ستی بۆ جاریكی تر له ناو تاریکایی ده‌ره‌وه‌دا
راخست. باڵنده‌که چه‌ند ئاسان بینیه‌وه‌و چه‌ند ئاسان نیشته‌وه‌و
چه‌ند ئاسان له ناو قه‌فه‌سه‌که‌دا خۆی بۆ خه‌و و حه‌سانه‌وه‌یه‌کی
درێژ گرمۆڵه کرد. ئه‌م ده‌ستی برد. گڕی چرالامپاکه‌ی داکێشا. له گه‌ڵ
دامرکانی گڕه‌که‌دا سێبه‌ره دێوئاساکه‌یشی بزر بوو، یاخود کشایه‌وه
ناو جه‌سته‌ی. ئه‌میش خۆی گرمۆڵه کرد. ئه‌وسا مو‌سا و عیسا و
موحه‌ممه‌د خودایان بینی که له خه‌ڵوه‌تی دۆڵه‌که‌وه به
ناوچاوانێکی گرژه‌وه گه‌ڕایه‌وه. خودا که ده‌ستی هه‌ڵبڕی له
یه‌کیان رووباری ئاگر بووه‌وه‌و له‌ویدیان رووباری شه‌راب!"
|