|
فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
ئه‌و شه‌وه هه‌موویان پێکه‌وه به‌ڕێ که‌وتبوون. که‌س دووا
نه‌که‌وتبوو. گه‌وره و بچووک بڕیاریان دابوو و بڕیاره‌که‌شیان جێ به
جێ کردبوو. هه‌موو به‌ڕێوه بوون. کاتێک بڕیاری وه‌ڕێ که‌وتن درا،
سه‌ڕه‌رای جیاوازیی سیماکان، کت‌وپڕ هه‌موویان یه‌ک شێوه‌یان په‌یدا
کردبوو. بیری هه‌یکه‌له به‌ردینه‌کان ده‌که‌وتمه‌وه: "نیگایه‌کی
ئه‌به‌دی، جه‌سته‌یه‌کی ئه‌به‌دی و کردارێکی ئه‌به‌دی". بڕیار، سنووری
نێوان گه‌وره ومنداڵ، ژن و پیاو، ئایینی و نائایینی نه‌هه‌ێشتبوو.
ده‌نگێکی به‌رز و به زه‌بر گوراندبووی: "ده‌ڕۆین، هه‌موومان
ده‌ڕۆین!" بیر ده‌که‌مه‌وه که بڵێی ئه‌و ده‌نگه له کوێوه هاتبێ.
له هه‌ر که‌س ده‌پرسم ده‌ڵێ نازانم. ده‌نگه‌که له هه‌موو کوێیه‌ک
بووه و له هیچ جێگایه‌کیش نه‌بووه. ره‌نگه ده‌نگی بڕیاری هاوکات
بووبێ که کت‌وپڕ و وێکڕا له ناخی هه‌موویانه‌وه، به بێ ئه‌وه‌ی زار
هه‌ڵبێنین هاتبێته ده‌ر. چه‌ند سه‌یره!
ئیستاش دوای ساڵانی ساڵ، هه‌موو هه‌ر ده‌ڕۆین. ده‌ڕۆین و گوێمان له
فرمانی ریزه‌کانی پێشه‌وه‌یه. نه‌ک من، ئه‌وانه‌ی به ده‌یان ساڵیش
له پیش مندا ژیابوون، ده‌یانگوت ئه‌وه‌ته‌ی له بیرمان دێت و بۆیان
باس کردووین، ته‌نیا گه‌وره‌کان و له نێو ئه‌وانیشدا ریش سپیه‌کان
بوونه که ماڤی رێبه‌رایه‌تی کردنی ئه‌م کاروانه گه‌وره‌و گرانه‌یان
له ئه‌ستۆ بووه. ئه‌وان سه‌دان ساڵ وه‌پیش که‌وتبوون و ده‌نگیان
هه‌ڵبڕیبوو که: "ئه‌وه‌تا، لێره‌وه!" له گه‌رما و سه‌رما، له زریان
و شه‌وانی تۆف و پڕ له ره‌هێڵه و داخ و که‌سه‌ردا، ئه‌وه هه‌ر
ئه‌وان بوون که نێو چاوانیان به ده‌م روانینی داهاتووه‌وه گنجی
تێکه‌وتبوو و ئه‌وسا فرمانی بزاوتیان دابوو. داخۆ ده‌بێ چه‌نده هه‌ست
بزوێن و جوڵێنه‌ر بووبێت. ئیستا ده‌توانم زۆر به چاکی بیهێنمه به‌ر
چاوم که چلۆن له‌و کاتانه‌دا ته‌نانه‌ت ناهومێدترین و ره‌ش بین ترینی
مرۆڤه‌کانیش ره‌پ هه‌ستاونه‌ته سه‌ر پێ و، تیژ تیژ له به‌رامبه‌ر
خۆیان روانیووه‌و چلۆن له ناخی خۆیاندا هه‌ستیان به شه‌رمه‌زاری
کردووه به‌رامبه‌ر به ساتێ دڕدۆنگیی له‌وه پێشی خۆیان!
به‌ڵام ئیستا ئه‌و ساتانه به‌سه‌ر چوون. ساڵانێکی زۆر تێپه‌ریوه.
کاروان ئیدی له بیری نایه‌ت که که‌ی و چۆن وه‌ڕێ که‌وتووه. ته‌نیا
ده‌زانێ که به‌ڕێوه بووه. چاره‌نووس، رێگا بڕین. هه‌وراز و نشێو و
له‌زگه و هه‌ڵه‌مووت نیه که شوێن پێی ئه‌م کاروانه‌ی پێوه دیار
نه‌بێت. ته‌نیا، شوێن پێی رۆیین، نه‌ک گه‌یشتن. رۆیشتن ببوو به
مه‌به‌ست، گه‌یشتن له بیر چووبووه‌وه. دیانگوت: "ژیان تێکۆشانه،
ئه‌ی ئه‌وه نیه ئێمه‌یش تێده‌کۆشین. ئه‌وه نیه به‌رده‌وام له
تێکۆشانداین. که‌واته له ژیانێکی شیاوداین".
شه‌وێک له‌و شه‌وانه بوو که گه‌وره‌کان دوای تاوتوێ کردنێکی دوور
ودرێژ دیسان ده‌نگیان هه‌ڵبڕیه‌وه که: "ئه‌وه‌تا لێره‌وه‌یه!"
به‌ڵام که‌مێک له‌وه پێش یه‌کێک له منداڵه‌کان که به رێکه‌وت رێی
که‌وتبووه ریزه‌کانی پێشه‌وه، سێبه‌ری به‌ردێکی یه‌کجار زه‌لامی له
دووره‌وه هه‌ست پێ‌کردبوو. هه‌ر که گه‌وره‌کان فرمانی جوڵه‌یان
به‌ره‌و رێگاکه دا، منداڵه‌که گوتی: "سه‌یر که‌ن به‌ردێکی یه‌کجار
گه‌وره له سه‌ر رێگاکه‌دا‌یه!" گه‌وره‌کان هه‌ر ئه‌وه‌نده بوو که
نه‌یانکوشت. به‌ڵام منداڵه‌که وازی نه‌ده‌هێنا: "سه‌یر که‌ن به خوا
درۆ ناکه‌م، ئه‌وه‌تا سێبه‌ره‌که‌ی ده‌بینم!" که‌س نازانێ منداڵه‌که
چۆن ده‌ربازی بوو. گه‌وره‌کان که له تووڕه‌یی خۆیاندا ته‌واو نوقم
ببوون، دیسان فرمانی وه‌ڕێ که‌وتنیان دایه‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان
یه‌کجار قورس و قایم. کاروان به‌ڕێ که‌وت، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد
که به توش به‌ردێکی گه‌وره‌و زه‌لامه‌وه بوو. هه‌موو راوه‌ستان.
نیگاکان لێک ئاڵان. هه‌ندێک له پیره‌کان باوه‌ڕیان نه‌ده‌کرد: "نه‌کا
به‌س سێبه‌ر بێت!". یه‌کیان چووه پێش. ده‌ستی له سێبه‌ره‌که دا. ئا
به‌رد بوو. خه‌به‌ر به دوواوه درا که: "به هۆی بینینی سێبه‌ری
به‌ردێکه‌وه رێگا ده‌گۆڕین!". رێگایان گۆڕی. له بیرمه تا ساڵانی
دوواتریش هه‌ر باس باسی بلیمه‌ت بوونی رێ پیشانده‌رانی کاروان ده‌کرا
که چلۆن کاروانیان له مه‌ترسیی سێبه‌رێکی به‌رد یاخود به‌ردین رزگار
کردبوو.
به‌ڵام له‌و کاته‌وه شتێک بۆهه‌میشه گۆڕا. ئیتر منداله‌کان فێر ببوون
که به دزییه‌وه و به بێ ئیزن پێش که‌ون. یان زۆرجارانیش به
ئاشکرا. پێش ده‌که‌وتن و وه‌ک گه‌وره‌کان ده‌یانگوڕاند که: "ئه‌وه‌تا
رێگا لێره‌وه‌یه!" گه‌وره‌کان ئه‌گه‌رچی به قسه‌یان نه‌ده‌کردن،
به‌ڵام ئیستا که‌مێک زیاتر راده‌مان. ئه‌گه‌ری سێبه‌رێکی دی
ترساندبوونی.
ــ لێیان گه‌ڕێن، با بقیڕێنن!
وه‌ک هه‌موو کاروانێکی تر جار نه‌جار بۆ خواردن و حه‌سانه‌وه لامان
ده‌دا. شه‌وانه‌ش له بنار کێوێکدا بارگه و بنه‌مان ده‌خست. قه‌ت له
ده‌شتی کاکی به کاکی و رووته‌ندا لامان نه‌دا. ئه‌گه‌ر تاریکایی
سامناکی شاخێکمان به پشت سه‌ری خۆمانه‌وه هه‌ست پێنه‌کردایه،
هه‌ستمان به حه‌سانه‌وه نه‌ده‌کرد و شه‌و خه‌ومان لێنه‌ده‌که‌وت. که
ده‌شخه‌وتین، هه‌ر هه‌موومان پێکه‌وه ده‌خه‌وتین. ته‌نیا ئاگره‌کان
بوون که لێره و له‌وێ کێشکیان ده‌دا. ماندوویی کاروان ده‌رفه‌تی
بێداری نه‌ده‌دا. نازانم که‌س خه‌ونی ده‌بینی یان نا، به‌ڵام من قه‌ت
خه‌ونم نه‌بینی. به درێژایی ته‌مه‌نم هه‌ر ده‌ڕۆیشتم. رۆیشتن
ده‌رفه‌تی خه‌ونی نه‌هێشتبوو. پیره‌کان ده‌یانگوت: "خه‌ون بینین لێکمان
جودا ده‌کاته‌وه، چونکه هیچ خه‌ونێک له‌وی دی ناچێ" وه چه‌نده
ئێمه‌یش له‌م لێک جودا بوونه ده‌ترساین. به‌ره به‌ره وای لێهات که
ئیتر هه‌موو وه‌ک یه‌ک قسه‌مان ده‌کرد. ئه‌وه‌ته‌ی له بیرم دێ هه‌ر
وابووه. ئه‌وه‌نده وه‌ک یه‌ک قسه‌مان ده‌کرد که ئیتر قسه‌مان
نه‌ده‌کرد. چه‌نده به سامه کاروانێکیش که به دریژایی ساڵانێکی
دوور و درێژ به بێده‌نگی رێ بکا.
ئێواره‌یه‌کیان هێشتا له ده‌شتێکی کاکی به کاکی دا بووین که دنیامان
لێ تاریک هه‌ڵگه‌ڕا. شه‌و بوو! لادان مه‌حاڵ بوو، ده‌با بۆ بینینه‌وه‌ی
شاخێک بۆ نووستن هه‌ر رێمان بڕیبا. تاریکه سه‌لاتێکی سه‌یر بوو. کۆی
چاوی پیره‌کان له بینینه‌وه‌ی رێگا که‌وت. فرمان درا: "چاوی گه‌شمان
ده‌وێ، به‌ڵام ته‌مه‌ن ده‌بێ له سه‌ره‌وه بێت!". زۆر که‌س خۆیان
گه‌یانده ریزی پێشه‌وه، به‌ڵام شه‌وی ئه‌نگوسته چاو ده‌رفه‌تی
بینینی نه‌ده‌دا. بڕیار درا: "که‌واته شه‌و لێره ده‌مێنینه‌وه". بۆ
یه‌که‌م جار کاروان له ده‌شت بارگه و بنه‌ی خست. بێ ئاگر و بێ شاخ.
نیگا گه‌شه‌کانی دواوه‌ش تا سبه‌ی له ژێر پێڵوه‌کاندا نووستن. یه‌ک
گوتی:
ــ خۆ نیگای گه‌شمان هه‌بوو!
ئه‌وی تر به ده‌م باوێشک دانه‌وه گوتی:
ــ ته‌نیا بینین به‌س نیه!
ئیتر له‌و شه‌وه‌وه فێری ئه‌وه‌ش بووین که له بیابانیشدا بخه‌وین.
ئیستاش بیره‌وه‌ریی من له منداڵی و گه‌نجیه‌تی و پیریم، ته‌نیا
بیره‌وه‌ریی ئه‌و کاروانه‌یه. هه‌موو شتێک ئه‌و کاروانه بوو. شتێکی
ئه‌وه‌نده گه‌وره که قه‌ت ورده‌کانت تیا نه‌ده‌بینیه‌وه. شه‌وانه
خۆشه‌ویستیه‌کان تیا بزر ده‌بوون و رۆژانه‌ش "رێگا" خۆشه‌ویستیی بزر
ده‌کرد. چه‌ند زۆر بوون ئه‌وانه‌ی که رۆژانه ئه‌شقێکی ساده، زۆر
ساده دایده‌گرتن به بێ ئه‌وه‌ی بتوانن بیدرکێنن. جارێک یه‌کیان به
بێزارییه‌وه گوتی: "خۆ رێگا ته‌نیا به‌شێکه له ژیان!".
ره‌نگه زۆر جار له‌م ریگا بڕینه‌دا رێگاکانمان دووپات کردبێته‌وه.
ره‌نگه چه‌ندین و چه‌ندین جار پێیاندا رۆیشتبێتینه‌وه. که‌س نازانێ!
له پێشه‌وه ته‌نیا پیره‌کان ده‌یانبینی و له ناوه‌ڕاستدا هیچ شوێنێک
نه‌ده‌بینرا و ئه‌وانه‌ی دوواوه‌ش له به‌ر ئه‌وه‌ی دوا نه‌که‌ون، قه‌ت
ئاوڕیان نه‌ده‌دایه‌وه. پێم وابێ پیره‌کان ده‌یانزانی چه‌ند جار به
رێگایه‌کدا رۆیشتبووین. که‌چی هه‌میشه باسی تازه بوونی رێگاکانیان
ده‌کرد.
وه‌رزه‌کان ده‌هاتن و ده‌رۆیشتن. پیره‌کانیش یه‌ک له‌دوای یه‌ک
ماڵئاواییان له ژیان ده‌کرد. هه‌میشه له قه‌راغ رێگادا ده‌نێژران و
کێلێکی بێ ناو و نیشان ده‌کرا به نه‌خشێنه‌ری خانه‌ی ئه‌به‌دیان.
به‌ڵام به مردن کۆتای‌یان نه‌ده‌هات. هه‌میشه پیری دیکه هه‌بوو که
جێگایان بگرێته‌وه. ردێنی سپی، پشتی چه‌ماوه، چاوی کز، ده‌نگی نووساو
و نه‌وی قه‌ت کۆتایی نه‌ده‌هات. جاری وابوو رێگاکه‌شم هه‌ر وا ده‌هاته
به‌رچاو. رێگایه‌کی پیر، پیرتر له پیره‌کان.
منداڵه‌کان چاوه‌ڕێی گه‌وره‌بوون بوون و، گه‌وره‌کان چاوه‌ڕێی پیریی و
پیره‌کانیش ره‌نگه گه‌یشتن. هه‌موو رێگایه‌ک بێگومان به شوێنێک
ده‌گا. رێگا بۆیه رێگایه چونکه ده‌گاته شوێنێک. ته‌نانه‌ت گه‌ر
ئه‌و شوێنه بوونیشی نه‌بێ! "نه‌بوونستان" یش بۆ خۆی شوێنێکه.
له‌و شه‌وه‌وه له بیابان خه‌وتین و به‌یانی که هه‌ستاین هیچ رووی
نه‌دا، ئیدی هه‌موو شتێک گۆڕا. بیابان، به‌رز نه‌بوو تا پێچاوپێچی ئه‌و
رێگامان بداتێ که له ئاسۆیه‌کی لێڵدا ون ده‌بوو. بیابان، رێگاکه ی
له خۆیدا ته‌واو ده‌کرد. هه‌ر ئه‌و شوێنه‌ی تێیدا ده‌ژیان بۆ خۆی رێگا
بوو. ئه‌و شوێنه یه‌که‌م شوێن بوو که کاتێک کاروان بزوا، جه‌ماعه‌تێک
نه‌بزووتن و له‌وێ بۆ هه‌میشه مانه‌وه. بیابان به شه‌وانی بڵیند و
پڕ له ئه‌ستێره‌یه‌وه، به شه‌وانی فێنک و بێ چرپه‌یه‌وه چه‌ند
دڵنیایی ده‌به‌خشی! یه‌ک گوتی: "نازانم سه‌دان ساڵه بۆ جارێکیش بێت
به شه‌ودا رێمان نه‌که‌وته ئێره!" کاروان بۆ سبه‌ی شه‌و دیسان هه‌ر
له بیابان بنه‌ی خست و دیسان بۆ سبه‌ی جه‌ماعه‌تێکی دیکه‌ی لێ جیا
بووه‌وه‌و له‌وێ مانه‌وه. من که له گه‌ڵ یه‌کێک له‌و جه‌ماعه‌تانه
سه‌رئه‌نجام له شوێنێکی بیاباندا بۆ هه‌میشه مامه‌وه‌و بارگه و
بنه‌م خست، ئیتر نه‌مزانی پاشماوه‌ی کاروانی سه‌دان ساڵه چی لێ به
سه‌ر هات. ئه‌وانیش مانه‌وه؟ له ناو چوون؟ یاخود هه‌ر به
ئێستاشیه‌وه هه‌ر به‌ڕێوه‌ن؟
من ئیستا کشت و کاڵ ده‌که‌م، مه‌ڕ و بزنم هه‌یه و منداڵه‌کانیشم له
مێژه ژنیان هێناوه‌و شه‌وانه‌ش له سه‌ر بانی به ده‌م جگه‌ره
کێشانه‌وه بیر له‌و ئه‌ستێرانه ده‌که‌مه‌وه که له مێژه فێریان
کردووم که رێگا هه‌ر ئه‌وه نیه له سه‌ر زه‌وی هه‌یه. من ئیستا
ده‌زانم که زه‌وی هه‌موو شوێنێکی بۆ خۆی رێگایه. من ئیستا ده‌زانم
که رێگا هه‌ر ئه‌وه نیه که بیبڕی.
|