|
نووسینی: هێمن مه‌حمود
نازانم له‌كوێوه ده‌ست پێبكه‌م، هه‌میشه كێشه‌م ئه‌وه‌بوه
له‌سه‌ره‌تاكاندا تێده‌كه‌وم، له‌دڵی خۆمدا هه‌موو شته‌كان ئاماده
ده‌كه‌م به‌ڵام كه ده‌گه‌مه سه‌ره‌تا هه‌موو شته‌كانم بیرده‌چێته‌وه
و چه‌ند قسه‌یه‌كی تێكه‌ڵ وپێكه‌ڵ ده‌كه‌م.
ساڵانێكی درێژ عاشقی كچێك بوم، شه‌وه‌های شه‌و كتێبم بۆ ده‌خوێنده‌وه
و شیعرم بۆ له به‌رده‌كرد، هه‌موو گۆرانیه‌كانی كامكاره‌كانم له به‌ر
بوو.
هه‌موو رۆژێك له دڵی خۆمدا هه‌موو ئه‌و وشانه‌م ده‌وته‌وه كه ده‌بوو
له ساتێك له ساته‌كانا پێ بڵێم، هه‌موویم له به‌ر بوو ته‌نانه‌ت
ئه‌و زه‌رده‌خه‌نانه‌ش كه ده‌بوو له كاتی قسه‌كردندا له سه‌ر لێوم
بێت.
ده‌بوو پێی بڵێم خۆشم ده‌وێیت، پێ بڵێم ده‌زانی چه‌ندێكه من
چاوه‌ڕوانی تۆم، چه‌ندێكه سه‌یرت ده‌كه‌م، ده‌زانی له تۆ جوانترم
نه‌دیوه.
هاوڕێیه‌كی مناڵیم هه‌بوو هه‌میشه پێكه‌وه بوین، نیوه‌ڕوان هه‌موو
خه‌ڵكی ده‌خه‌وتن و ئێمه‌ش له سێبه‌ری ئه‌و دار تووه ته‌نیایه‌دا
داده‌نیشتین كه له حه‌وشه‌كه‌ماندا بوو.
ته‌نانه‌ت كه ده‌چوین بۆ بازاڕ پێكه‌وه ده‌ستمان ده‌كرده ملی یه‌ك و
به سه‌رو و فانیله‌ی خه‌ت خه‌ته‌وه له به‌رده‌می ئه‌و دوكانانه‌دا
راده‌وستاین كه خاوه‌نه‌كانیان به توڕه‌ییه‌وه ده‌ریانده‌كردین.
ئه‌و نیوه‌ڕۆیه‌ش باوكی له داخی ژنه‌كه‌ی (كه خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك
به‌چرپه‌وه ده‌یانوت ژنێكی خراپه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هه‌میشه
میهره‌بان بوو و هه‌میشه‌ش جیاواز له ژنه‌كانی دیكه‌ی گه‌ڕه‌ك بۆنی
عه‌ترێكی خۆشی لێده‌هات) ئۆتۆمبیلێكی هێنا و هه‌موو ماڵه‌كه‌ی تێكرد و
رۆشتن.
من خه‌وتبوم خوشكه گه‌وره‌كه‌م به‌چاوێكی خه‌واڵووه ووتی هه‌سته ماڵ
سیامه‌ند بارده‌كه‌ن.
به‌خێرایی خۆم گه‌یانده كۆلاَن، هه‌موشتێك باركرابوو، باوكی سیامه‌ند
به‌گرژییه‌كه‌وه له دواوه‌ی ئۆتۆمبیله‌كه وه‌ستابوو ده‌یوت هیچی
ترتان بیرنه‌چوه، دایكی سیامه‌ندیش كه ئه‌و میهره‌بانییه‌ی جاران و
جله كه‌شخه‌كانی به‌ری و بۆنی عه‌تركانی ونكردبوو به‌بێزارییه‌كه‌وه
وتی نا.
له پڕ دامه گریان، به‌دوای ئۆتۆمبیله‌كه‌یان كه‌وتم، سیامه‌ند
له‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌كانی ناو ئۆتۆمبیله‌كه به‌كزییه‌كه‌وه ده‌ستێكی
بۆ ڕاوه‌شاندم و له‌به‌رچاوم ونبوو.
باوكم تێكه‌ڵه‌یه‌كی سه‌یر بوو له رق و خۆشه‌ویستی، یه‌كێك بوو له‌و
پیاوه كوردییانه‌ی بمردایه به‌مناڵێكی خۆی نه‌ده‌وت خۆشم ده‌وێیت.
ماچی ده‌كردین و ده‌یگرتینه باوه‌ش، له بازاڕ جلی جوانی بۆ ده‌كڕین و
خواردنی خۆشی بۆ ده‌هێناینه‌وه، به‌ڵام هه‌رگیز پێی نه‌ده‌وتین خۆشم
ده‌وێن.
دڵڕه‌قییه‌كی سه‌یریشی هه‌بوو، هه‌ر له خۆیه‌وه چه‌ندان رۆژ قسه‌ی
نه‌ده‌كرد له گه‌ڵماندا و له ماڵه‌وه به بێده‌نگی و زۆرجاریش
به‌شه‌ڕ كاته‌كانی به‌ڕێده‌كرد.
ده‌زانی هه‌ستده‌كه‌م ده‌مارێكی باوكم له خوێنی منیشایه، خۆم هه‌ستی
پێده‌كه‌م هیوادارم تۆش هه‌ستی پێبكه‌یت و تیاما نه‌هێڵییت.
له خۆمه‌وه هه‌ندێ جار تاقه‌تم نیه ته‌نانه‌ت بیریش بكه‌مه‌وه،
چه‌ندین كاتژمێر به‌تانیه‌ك ده‌ده‌م به‌سه‌ر خۆمدا و قسه‌ناكه‌م.
هه‌ندێ جار كه‌سانێكم هێنده خۆشده‌وێت حه‌زده‌كه‌م هه‌میشه له
نزیكیانه‌وه بم و بۆنیان پێوه‌بكه‌م.
ساڵانێك زوتر كچێكی هاورێم هه‌بوو كه زۆربه‌ی كاته‌كان پێكه‌وه
قسه‌مان له سه‌ر خوی پیاو وژن ده‌كرد ده‌یوت تۆ بۆیه هه‌میشه
نیگه‌رانی ده‌ته‌وێت خۆشه‌ویستیه‌كی ئه‌فسانه‌یت ده‌ستكه‌وێت و كه‌سی
به‌رامبه‌رت هه‌رگیزاو هه‌رگیز هه‌ڵه نه‌كات.
ئاخر من خۆشم هه‌میشه هه‌ڵه‌م ده‌كرد و دواتریش په‌شیمان ده‌بوومه‌وه
كه‌چی له هه‌ڵه‌ی كه‌س خۆش نه‌ده‌بوم.
براده‌رێكی نووسه‌رم هه‌یه كه حه‌زده‌كات هه‌میشه نیگه‌رانی و
خه‌یاڵه‌كانی ئینسان به دیارده ئابورییه‌كانه‌وه ببه‌ستێته‌وه پێم
ده‌ڵێت مرۆڤی سه‌رده‌می جیهانگه‌رایی هه‌میشه نیگه‌رانه و نازانێت
داوای چیده‌كات.
ئه‌و كه له‌چاخانه‌كاندا هه‌میشه ئه‌م قسه زلانه
دوباره‌ده‌كاته‌وه ئێواره‌یه‌كی هاوین منی له ناو حه‌شاماتی
بازاڕه‌كه‌دا گرت و وتی: بیر له هیچ شتێك مه‌كه‌ره‌وه شتێك نیه
شایانی بیركردنه‌وه بێت، سه‌رده‌می ئێمه سه‌رده‌می بیركردنه‌وه
نیه، سه‌رده‌می ئه‌وه‌یه چه‌ند وشه‌یه‌كی زل زل بزانین و دوباره و
سه‌د باره و هه‌زار باره‌ی بكه‌ینه‌وه و له‌گه‌ڵ هه‌مو
مه‌سه‌له‌یه‌كدا بیگونجێنین.
دواتر وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌یاڵێكی تیژ به‌دڵیدا بچه‌قێت
به‌خه‌مگینیه‌كه‌وه وتی ده‌زانی منیش زۆر نیگه‌رانم و نازانم چۆن دڵی
خۆمت بۆ بكه‌مه‌وه.
ئازیزی من ...دڵ كردنه‌وه،
ره‌نگه من نه‌توانم ئێستا به‌ئاسانی تۆ تێبگه‌یه‌نم و دڵی خۆمت بۆ
بكه‌مه‌وه، به‌ڵام دڵنیام رۆژێك دێت تۆ له‌م دڵ كردنه‌وه‌ی من
تێده‌گه‌یت.
من نه‌مزانی چۆن ده‌ست پێ بكه‌م، كه ئه‌و ساته‌ش هاته پێشه‌وه به‌و
كچه بڵێم كه بۆی ده‌مردم هات نه‌مزانی چۆن دڵی خۆمی بۆ بكه‌مه‌وه‌و و
چه‌ند قسه‌یه‌كی هه‌له‌ق و مه‌له‌قم كرد و بۆ هه‌تایه رۆشت. ئه‌و
نیوه‌رۆیه‌ش كه سیامه‌ندی هاورێم به‌خه‌مگینی ده‌ستی بۆ
به‌رزكردمه‌وه نه‌مزانی ده‌ستێكی بۆ به‌رزكه‌مه‌وه و تێیبگه‌یه‌نم
كه خۆشم ده‌وێ و بۆ ئه‌به‌د نایبینمه‌وه.
باوكیشم كه تێكه‌ڵه‌یه‌كی سه‌یربوو له خۆشه‌ویستی و رق هه‌رگیز
نه‌متوانی نهێنیه‌كانی دڵی خۆمی بۆ ئاشكرا بكه‌م و به‌ده‌نگی به‌رز پێی
بڵێم خۆشم ده‌وێت باوكه گیان سه‌ره‌ڕای هه‌موو ره‌قه‌كانت، ده‌زانم
تۆش وه‌ك من نه‌خۆشی، تۆش وه‌ك من هه‌ست به ته‌نیایی ده‌كه‌یت.
تاوه‌كو به‌یانیه‌كی زستان بۆ دواجار چاوی لێكنا.
ئازیزی من... كه ئێستا هه‌موو ئه‌م شته بێ سه‌روبه‌رانه‌م بۆ ووتی
هیوادارم لێم بگه‌یت، حه‌زناكه‌م دڵته‌نگ بیت كه له گه‌ڵ پیاوێكا
ته‌نها و بێ كه‌سدا قسه ده‌كه‌یت له شێت ده‌چێت.
حه‌ز ناكه‌م وه‌ها سه‌یرم بكه‌یت كه ئیدی من تارماییه‌كم و هه‌ر كه
له‌م ئۆتۆمبیله دابه‌زین له بیرت ده‌چمه‌وه. ده‌زانی ئه‌مه
یه‌كه‌مجارمه ئاوه‌ها له گه‌ڵ كچێكا ده‌دوێم، یه‌كه‌م جارمه ناترسم
و سه‌ره‌تایه‌كی باشم هه‌بووه، پێ مه‌كه‌نه، به‌جدیمه،
یه‌كه‌مجارمه توانیومه دڵی خۆم بكه‌مه‌وه. حه‌زم له جانتاكه‌ی
ده‌سته، جانتایه‌كی گه‌وره‌یه، هاورێیه‌كم هه‌بوو جانتایه‌كی وه‌های
هه‌بوو، هه‌میشه كه ده‌یهێنا بۆ كولیه له نێوان من و خۆیدا
دایده‌نا، به‌پێكه‌نینێكه‌وه ده‌یوت با ئه‌و جانتایه سنوری
هه‌ردولامان بێت و دوایی به باوكم یاخود براكه‌م نه‌ڵێن شانی داوه
به‌شانی كوڕێكه‌وه. منیش به ئه‌نقه‌ست هه‌ندێ جار قه‌ڵه‌مه‌كه‌م
ده‌خسته سنوری ئه‌وه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵیبگرمه‌وه خۆم
داده‌نه‌وانده‌وه ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بۆنی عه‌تره‌كه‌ی بكه‌م كه به‌و
به‌یانیه زووانه‌ی ناو كولیه بۆنێكی ئه‌فسونای هه‌بوو. باوه‌ڕم
پێناكه‌ی له كولیه خوێندبێتم، هه‌قی خۆته، سه‌یرم ده‌كه‌ی رێبوارێك
كه سه‌روچاوی زه‌مه‌ن پیرێتی لێ ده‌نوێنێ و له ناو پاسێكایه كێ
باوه‌ڕده‌كات كولیه‌ی ته‌واوكردبێت.
ئازیزی من ...ئێمه چه‌ند كاتژمێرێكی خۆشمان به‌ڕێكرد له ناو ئه‌م
پاسه كۆنه‌دا، من هه‌میشه رقم له سه‌فه‌ره، ئه‌و كاتانه‌شی كه
به‌م رێگا دووره‌دا هاتۆچم ده‌كرد سه‌رم ده‌نا به‌جامه‌كه‌وه و تا
ده‌گه‌شتین بیرم ده‌كرده‌وه، لێم مه‌پرسه بیرم له چی ده‌كرده‌وه
چونكه به سه‌ده‌ها سه‌فه‌ری دیكه‌ی وه‌ها حیكایه‌تم ته‌واونابێت.
به‌درێژایی ئه‌و هه‌موو ساڵه كچێكی وه‌ك تۆ هاوسه‌فه‌رم نه‌بوو،هه‌موو
ئه‌و كچانه‌شی ده‌هاتنه پاسه‌كه‌وه نه‌ده‌هاتنه ته‌نیشت منه‌وه
چونكه پێیان عه‌یب بوو له‌پاڵ كوڕێكا دانیشن. هه‌ندێ جار زستان كه
به‌م رێگایه‌دا ده‌هاتمه‌وه بارانێكی به‌خوڕ ده‌باری و هه‌ندێ جاریش
ده‌یكرد به ته‌رزه، ده‌زانی ساڵانێكه باران و ته‌رزه‌ی له‌و چه‌شنه
نه‌باریوه، له جامه‌كه‌وه هه‌زاره‌ها ده‌نك بارانم ده‌ژمارد و
هه‌رگیز كۆتاییان نه‌ده‌هات تا تاقه‌تم نه‌ده‌ما.
هه‌موو جار رقم له سه‌فه‌ر بووه، ئه‌و شه‌وه‌ی سه‌فه‌رێكم هه‌بوو
تاوه‌كو به‌یانی خه‌وم لێنه‌ده‌كه‌وت، جارێكیان ده‌مویست بۆلای دایكم
بگه‌ڕێمه‌وه شه‌وه‌كه‌ی تا رۆژ بووه‌وه نه‌خه‌وتم، كه‌چی دواتر چه‌ند
چركه‌یه‌ك خه‌و زه‌فه‌ری پێهێنام و هه‌موو ساتانه‌م بینی كه چۆن
ده‌چمه‌وه بۆلای دایكم و چۆنیش باوه‌شم پیاده‌كات بۆیه ساته‌كانی
رۆشتنه‌وه‌م ده‌زانی.
ئازیزی من... زۆرمان نه‌ماوه بگه‌ین، حه‌زم له پێكه‌نینه‌كه‌ته،
حه‌زم له ناسكیه‌كه‌ته كه هه‌میشه به مه‌كرێكه‌وه ده‌ڵێت
سه‌ره‌تایه‌كی خۆشه، سه‌ریحییه‌كی سه‌یره.
جانتاكه‌ت له‌نێوانما هه‌ڵگره، كه‌س له تۆ نزیكتر نیه له من، تا
ئێستا كه‌س وه‌ك تۆ له دڵم تێنه‌گه‌شتووه، حه‌زم ده‌كرد ساڵانێك زوتر
یه‌كتریمان بناسیبایه، ساڵانێك زوتر پێكه‌وه له‌م پاسه‌دا بوینایه،
ساڵانێك زوتریش پێكه‌وه له‌كولیه بووینایه. پشتت داوه به‌جامی
ئۆتۆمبیله‌كه‌دا و سه‌یری من ده‌كه‌یـت، چه‌ند حه‌زم له
سه‌یكردنه‌كانته، حه‌زم له‌و تاڵانه‌ی قژته هه‌ندێ جار بایه‌كی كز
ده‌یانجوڵێنێت. ده‌زانی دڵم زۆر ته‌نگه بۆیه ئه‌م هه‌موو قسانه‌م بۆ
كردیت، دڵم پڕبووه و ساڵانێكه هیچ هاوڕێیه‌كم نه‌ماوه گوێم بۆ
بگرێت. سه‌یری چاوانت ده‌كه‌م، خودا ده‌ڵێی بۆ ئه‌وه‌ی سواری ئه‌م
پاسه‌ی كردویت تا ئه‌م به‌رده گه‌وره له‌سه‌ر دڵم لاببات، تا ئه‌م
شاخه سه‌خته له‌بنه‌وه هه‌ڵته‌كێنێت كه ساڵانێكه له سه‌ر دڵم
دروستبوه.
پێم ده‌لێیت ئێستا بۆ كوێ ده‌چیت؟
چیت پێ بڵێم ،خۆشم نازانم، ره‌نگه به‌دوای بیره‌وه‌رییه‌كانما هاتبم
ره‌نگیشه هیچ ...
ده‌ڵێت ژن و منداڵت هه‌یه؟ نا گوڵی من، ژنی چی، كچێك نه‌بوه له‌من
بگات، كچێك نه‌بوه تاقه‌تی ئه‌م قسه قۆڕانه‌ی هه‌بێت كه ئێستا بۆتی
ده‌كه‌م و گوێم لێ بگرێ، چ كچێك تاقه‌تی بیركردنه‌وه و تێڕامانی
هه‌بێت تاوه‌كو من بیهێنم.
ئازیزی من... ئه‌وه گه‌شتین، بمبوره له هه‌ندێك وشه، له‌هه‌ندێك
ده‌ربڕین كه بۆ من نه‌ده‌شیا له به‌رامبه‌ر كچێكی غه‌ریبه‌دا
ده‌ریبڕم، شه‌رم ده‌كه‌م لێت كه له سنوری خۆم ده‌رچوم، ئاخر ئه‌و
كچه‌ی كه هه‌میشه
جانتاكه‌ی له نێوانماندا داده‌نا رۆژێك هات و وتی ئیتر ته‌واو، هیچ
جانتایه‌ك نه‌ما له نێوان من و تۆدا، قسه‌كانی دڵت بكه.منیش سه‌یرێكی
چاوه‌كانیم كرد كه كتومت ده‌ڵێی چاوه‌كانی تۆیه و تێر دڵی خۆم
قسه‌م بۆكردو ئیدی رۆشت و چه‌ند رۆژ دواتر وه‌ك بیستمانه‌وه
ویستبوی له‌مبه‌ری شه‌قامه‌كه‌وه بپه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وبه‌ر،
ئۆتۆمبیلێك كه دواتر ده‌ركه‌وت شۆفێره‌كه‌ی سه‌رخۆشبوه لێی دا‌و
كوشتی.
ده‌زانی ئیدی من دوای ئه‌و كچه ته‌نیا كه‌وتم و هاوڕێیه‌كم نه‌ما.
شه‌رمده‌كه‌م و دڵخۆشیشم كه سنورمان نه‌ما و جانتاكه‌ت هه‌ڵگرت .
ببوره كاتی خۆتت دا به‌من، ئاخر من پێویستم به كه‌سێكه كاتی خۆیم
بداتێ، كه‌سێك لێم بگات و له كاتی قسه‌كردنمدا سه‌یری چاوه‌كانم بكا
نه‌وه‌ك بێزاربێت و چاوی به‌ملاوبه‌ولادا بگه‌ڕێت.
من نازانم چۆن سه‌ره‌تاكانم ده‌ست پێ بكه‌م،چۆن چۆنیش كۆتایی
به‌حیكایه‌ته‌كانی خۆم بهێنم به‌ڵام ده‌زانم ئه‌ی هاوڕێم... كه پاش
چه‌ند چركه‌یه‌كی دیكه له‌خه‌یاڵی تۆشدا ده‌بمه تۆز، ده‌بمه غوبار.
ده‌ربه‌ندیخان
هاوینی 2008
|