|
فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
بۆ خۆی ده‌ڵێ "من به منداڵی گه‌وره بووم، به گه‌وره‌یی پیر و، به
پیری مردن!" دواتر راده‌وه‌ستێ، ده‌ستێک ده‌خاته ژێر چه‌ناگه‌ی و
ده‌ڵێ "که‌واته ئیتر من نه زانیم منداڵی چیه و نه زانیم گه‌وره‌یی
چیه و نه مردن." یان ده‌ڵێ "که‌واته من به گه‌وره‌یی زانیم منداڵی
چییه و به پیری زانیم گه‌وره‌یی چییه و به مردن، پیری". بیر
ده‌که‌مه‌وه که ره‌نگه راست بکا، ره‌نگه وه‌ها بێت که ئه‌و
ده‌یڵێ. یان ره‌نگه وه‌هاش نه‌بێ. بیر ده‌که‌مه‌وه که ئه‌و ده‌بێ
له چ ته‌مه‌نێک یان هه‌ڕه‌تێکدا بێت که ئیستا ئه‌م به‌سه‌رهاته بۆ
من ده‌گێڕێته‌وه، منداڵه، پیره یان مردوو؟ دواتر ده‌زانم که ئیستا
ره‌نگه له هه‌ڕه‌تی مردن‌دا بێ که ئه‌م قسانه‌م بۆ ده‌کا. یان نا،
له هه‌ڕه‌تی دوای مردندایه. به‌ڵام دوای مردن چیه؟ به‌هه‌شت یان
جه‌هه‌ننه‌م؟ یاخود هیچ؟ یان ره‌نگه شتێک له نێوان به‌هه‌شت و هیچ،
یان له نێوان جه‌هه‌ننه‌م و هیچ؟ ده‌ست له ژێر چه‌ناگه له دوور
ده‌روانێ، وه‌ک ئه‌و کاتانه‌ی که به گه‌وره‌یی بیری له یاری، به
پیری بیری له کچ و خۆشه‌ویستی، به مردووییش بیری له
حه‌سانه‌وه‌یه‌کی ژوورێکی گه‌رم ده‌کرد.
له کاتی منداڵی (گه‌وره‌یی)
حه‌زی به ماشینێکی دوکانی ده‌روێش ره‌شی بوو. ئه‌و دوکانه‌ی که پڕی
یاریی منداڵان بوو. هه‌ر جارێک له‌وێوه له گه‌ڵ باوکی تێده‌په‌ڕین،
له کاتێکدا ده‌نگی نه‌وی ده‌کرده‌وه‌و خۆی به رانی باوکیه‌وه
ده‌نووساند، قامکی بۆ سه‌یاره‌که راده‌داشت و ده‌یگوت: "بابه...بابه
گیان! ئه‌وه‌م بۆ ده‌کڕی؟" باوکیشی به ده‌نگێکی نه‌وییه‌وه، هه‌موو
جارێ قه‌ولی پێده‌دا، به‌ڵام قه‌ت بۆی نه‌کڕی. که شه‌و ده‌چووه‌وه
ماڵ، ده‌ستی ده‌خسته ژێر چه‌ناگه‌ی و له دووری ده‌ڕوانی. دوور تا
تاریکایی ئه‌و دیوی په‌نجه‌ره‌کان! نازانێ له‌و ساڵانه چه‌ند
تێده‌په‌ڕێ. ساڵێک، ده، سه‌د یاخود زه‌مه‌نێک به قه‌د ئه‌به‌دیه‌ت.
گرنگ نیه، به‌ڵام بیره‌وه‌رییه‌که له‌وێیه. رێک له‌به‌ر ده‌میدا.
نامرێ. ئیستاش هه‌ست به بۆنی شه‌ڵواره‌که‌ی باوکی ده‌کا. قوماشێکی کۆن
که بۆنی ئاره‌ق و تۆزی ده‌دا، شه‌ڵوارێک که ئیدی تاقه‌تی شۆردنی تێدا
نه‌مابوو. باوکی که شه‌وانه دێته‌وه چه‌ند زوو خه‌وی لێده‌که‌وێ و
چه‌ند زوو ده‌پرخێنێ! باوکی باسی ماشینه‌که ناکا. ئه‌و شتانه‌ی ئه‌و
باسی ده‌کا فڕی به ماشینه‌که‌وه نیه. باوکی که به رێدا ده‌ڕوا
هه‌میشه سه‌ر داده‌خا، تا سه‌ریش دابخا ماشینه‌که نابینێ.
نازانم ئیستا ئه‌م له‌وێ، له
هه‌ڕه‌تی دوای مردن که ده‌ست ده‌خاته ژێر چه‌ناگه‌ی، له کوێ
ده‌ڕوانێ. لێی ده‌پرسم. له کوێ ده‌ڕوانی؟ ده‌ڵێ له گه‌وره‌ییم، له
پیریم و له مردنم. ده‌ڵێم چاوت بڕ ده‌کا؟ ده‌ڵێ لێره وه‌ک ژیان نیه
که بۆ بینین چاوت پێویست بێت. ئێره خۆی روانینه!
پێویست ناکا زۆری بدوێنی، زۆر قسه ناکا، به‌ڵام کت‌وپڕ دێته گۆ. ده‌ڵێ
و ده‌ڵێ. ته‌نیا گوێگری پێویسته. ره‌نگه گوێگریشی نه‌وێت. ئه‌و
ته‌نیا پێویستیی به قسه کردنه. دووانێک، که باس له رابردوو بکا.
نازانم ئه‌و که ئیستا له هه‌ڕه‌تی دوای مردن‌دا ده‌ژی، بۆچی
ئه‌وه‌نده بیر له رابردوو ده‌کاته‌وه. ره‌نگه هی ئه‌وه بێت که
زه‌مه‌ن یه‌ک زه‌مه‌نه و ناو لێنانی نابێته هۆی دابڕ دابڕ کردنی.
ره‌نگه هی ئه‌وه بێت که منداڵی و گه‌وره‌یی و پیری و مردن و دوای
مردن، هه‌ر هه‌موویان یه‌ک شتن: مرۆڤ. نازانم بۆ بیره‌وه‌ری،
له، له‌بیر کردن به هیزتره. دیسان هه‌ر ده‌ست له ژێر چه‌ناگه و
له کاتێکدا له دوور ده‌ڕوانێ (ئه‌مجاره دوورێک تا ئه‌و دیو
په‌نجه‌ره‌کانی دوای مردن) درێژه به قسه‌کانی ده‌دا و ده‌ڵێ به
گه‌وره‌ییش (پیری) دوکانی ده‌روێش ره‌شی هه‌ر مابوو. ده‌روێش ره‌شی پیر
ببوو، به‌ڵام یارییه‌کان و یه‌ک له‌وان ماشینه‌کان هه‌ر وا گه‌نج بوون
و له‌وێ مابوون! بۆنی ناو دووکانه‌که جۆرێک بوو، بۆنی پلاستیکی تازه،
بۆنی منداڵی و یاری. که له‌وێوه تێده‌په‌ڕیم وه‌ک جاران سه‌رنجم
به‌ره‌و ماشینه‌کان راده‌کێشرا. ته‌نیا جیاوازی ئه‌وه بوو که باوکمم
له ته‌کدا نه‌بوو. له مه‌رگی باوکم چه‌ند ساڵێک تێده‌په‌ڕی.
ته‌رمه‌که‌یم بینیبوو. ته‌رمه‌که‌ی، جه‌سته‌یه‌ک به سه‌رێکی
نه‌وییه‌وه. ئیتر زانیم که سه‌رده‌می خه‌ونی ماشین به سه‌رچووه.
مه‌رگی باوکم، مه‌رگی خه‌ونی ماشین بوو. ساڵانی دواتر، رۆژێکیان خۆم
به دووکانه‌که‌دا کرد. دڕدۆنگ. له ماشینه‌که نزیک که‌وتمه‌وه. چ
هه‌ستێک! کۆتره‌کانی حه‌ز، که‌وتنه گمه گم. به ئه‌سپایی ده‌ستم بۆ
برد. کشامه‌وه. هه‌ڵم نه‌گرت. ده‌روێش لێمی ده‌ڕوانی. هیچی نه‌گوت.
هیچم نه‌گوت. له دووکانه‌که هاتمه ده‌ر. هه‌ستم کرد شتێک
ناته‌واوه! ئا، ده‌با باوکم بۆم بکڕێ! "به قوربان حه‌تمه‌ن بۆت
ده‌کڕم!" ده‌نگی باوکم ئه‌وه‌نده گه‌رم بوو که باوه‌ڕم ده‌کرد. باوکم
حه‌تمه‌ن بۆی ده‌کڕیم! پیاو ناکرێ ئه‌و هه‌موو واده و به‌ڵێنه بدا و
که‌چی جێ به جێیان نه‌کا. ره‌نگه گه‌ر نه‌مردایه، کڕیبای! چه‌ند
جارێک پێی گوتم: "به قوربان له بیرمه!" ده‌مزانی له بیریه‌تی.
کت‌وپڕ ده‌نگی ده‌روێش هاته گوێم. بانگی ده‌کردم. گه‌ڕامه‌وه. له
به‌ر دووکانه‌که، ماشین به ده‌سته‌وه راوه‌ستابوو. "هی تۆیه! باوکت
پێش ئه‌وه‌ی بمرێ بۆتی کڕی!" چاوم له سه‌یاره‌که هه‌ڵکه‌ند و له
روخساریم روانی. گوتم: "باوکم له مێژه مردووه!" گوتی: "کوڕم
ماشینه‌که نه‌مردووه! کڕینه‌که نه‌مردووه!" پێکه‌نینێک دایگرتم.
پێکه‌نینێکی شێتانه. ده‌روێش چه‌ند گوناه و داماوانه راوه‌ستابوو.
رۆیشتم. شێتانه رۆیشتم. به بێ سه‌یاره‌که رۆیشتم. به بێ باوکم. به
بێ بۆنی تۆز و ئاره‌ق و قوماشی کۆن.
نازانم ده‌روێش ره‌شی تاکه‌ی و چۆن له‌وێ له‌و حاڵه‌ته‌دا مابوویه‌وه.
ساڵانی دووایی، دوای مردنی ده‌روێش، دوکانداره‌کانی دراوسێی ده‌روێش،
ته‌نیا ئه‌م حاڵه‌ته‌ی ئه‌ویان له بیر مابوو و به‌س: "مرۆڤێکی پیر،
ماشینێکی پلاستیکی به ده‌سته‌وه، به نیگایه‌که‌وه که له
گه‌وره‌یه‌کی پیری ده‌ڕوانی. گه‌وره‌یه‌کی پیر که ده‌با بڕوا!"
گوتی ئه‌و رۆژه رۆیشتم. ئه‌وه‌نده رۆیشتم تا گه‌یشتمه قه‌برستان،
سه‌ر گۆڕی باوکم. کاتێ ناشتیان، به‌نێکم به لقی دره‌ختی بان
گۆره‌که‌یه‌وه گرێ دابوو، ئه‌و به‌نه‌ی قه‌رار بوو به
ماشینه‌که‌یه‌وه ببه‌ستم و به شوێن خۆمیدا راکێشم. به‌نه‌که هه‌ر
وه‌ک خۆی مابوو، بزرکاندبووی زه‌مه‌ن، به‌ڵام نه‌یفه‌وتاندبوو. ده‌ستم
بۆ برد. وه‌ک ئه‌و ساڵانه بوو: نه‌رم و په‌لکه ئاسا و چاوه‌ڕوان.
به‌نه‌که چه‌ند ئاسان ده‌یبردمه‌وه بۆ ئه‌و ساڵانه. داڵانێکی
ئه‌فسووناوی و بۆش به‌ره‌و رابردوو. ته‌نیا ئه‌م به‌نه هی ئه‌و
ساڵانه بوو. لێی ورد بوومه‌وه، ئه‌وه‌نده ورد که ته‌نیا ئه‌وم
ده‌دی. ئه‌و و ئه‌و ساڵانه. به ساڵه‌های ساڵ له گیرفانمدا بوو.
هه‌رچی له به‌ر دووکانی ده‌روێش تێده‌په‌ڕین ده‌ستم بۆ ده‌برد و له
گیرفانمدا تاوتوێیه‌کم ده‌کرد. به‌نه‌که‌ش له خۆم بێ ئۆقره‌تر. باوکم
پێی نه‌ده‌زانی، هه‌ڵبه‌ت زانیشیبای هیچ نه‌ده‌قه‌وما. به‌نێک وه‌ک
هه‌موو به‌نه‌کانی دی. هه‌موو ئه‌و به‌نانه‌ی که ئاژه‌ڵی پێ
ده‌به‌ستنه‌وه یان مرۆڤی پێ له سێداره ده‌ده‌ن. ده‌مزانی رۆژێک ئه‌م
به‌نه ده‌گاته ئه‌و ماشینه و رایده‌کێشێ. به‌ڵام نه‌مده‌زانی که‌ی.
ده‌نگی باوکم ده‌یگوت هه‌ر ئائیستا ده‌یکڕین، که‌چی هه‌نگاوه‌کانی
ئه‌مه‌یان نه‌ده‌گوت. له گه‌ڵ گوتن، هه‌نگاوه‌کانی خێراتر ده‌بوون.
ئه‌وه‌نده خێرا که جاری وا بوو نه‌یده‌گه‌یشتمێ. سه‌یرێکی گۆره‌که‌یم
کرد. هه‌ستم ده‌کرد چاوه‌کانی له ژێر خه‌روار خه‌روار گله‌وه لێم
ده‌ڕوانن. "رۆڵه بۆت ده‌کڕم!" هه‌نگاوه‌کانیشیم ده‌دیت که دیسان
راده‌که‌ن و جێم دێڵن.
پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێمه‌وه، به‌نه‌که‌م له لقه‌که کرده‌وه‌و له
کێله‌که‌یم ئاڵان.
ده‌ڵێ: "به منداڵی (گه‌وره‌یی) که بیرم له ماشینه‌که ده‌کرده‌وه
یان خۆشی دایده‌گرتم یان مۆن ده‌بووم، به گه‌وره‌یی (پیری)
پێده‌که‌نیم و به پیریش (مردن) له ناو بۆشاییه‌کی نامۆ به کات و
شوێن ته‌نیا وێنه‌یه‌کی دابڕاوی ماشینه‌که‌م له‌به‌رچاودا بوو. ماشینێک
که نه بچوک بوو نه گه‌وره، نه هی من بوو نه هی ده‌روێش ره‌شی،
نه من حه‌زم لێده‌کرد و نه باوکیشم ده‌یگوت بۆتی ده‌کڕم، ماشینێکی بێ
ره‌نگ و بۆ که له ناو ره‌نگه‌کانی خۆیدا ده‌کاڵایه‌وه، ماشینێک که
که‌س سواری نه‌ده‌بوو، که‌ره‌سه‌یه‌ک له خه‌ونه‌وه بۆ خه‌ون."
رۆژێکیان له ماڵ هاتمه ده‌ر. به‌ره‌و بازاڕ. که له کۆڵانه‌که
ترازام له به‌ر ده‌م دوکانێکدا بینیم. به گۆچانه‌که‌یه‌وه.
راوه‌ستام. سه‌یرم کرد. ئه‌وسا هه‌ستایه سه‌ر پێ و به لۆژه لۆژ له
کاتێکدا به سه‌ر گۆچانه‌که‌یدا شۆڕ بووبوویه‌وه به شه‌قامه‌که‌دا
داگه‌ڕا. هه‌روا به چاو خه‌ریکی به‌ڕێ کردنی بووم. بینیم به قه‌راخ
بنجۆکه‌دا داگه‌ڕا. سه‌ری هه‌ڵنه‌ده‌بڕی. هێشتا چه‌ند مه‌ترێک دوور
نه‌که‌وتبووه‌وه که بینیم راوه‌ستا. ئه‌وه‌نده‌ی تر به
گۆچانه‌که‌یدا شۆڕ بووه‌وه تا ده‌ستی گه‌یشته ناو بنجۆکه. ده‌ستی ون
بوو. ئه‌وجا که په‌یدا بووه‌وه، شتێکی ره‌نگ تۆخ له ناو
په‌نجه‌کانیدا بوو. ماشین بوو. که‌مێک سه‌یری کرد ئه‌وجا له کاتێکدا
جه‌سته‌ی به ته‌واوه‌تی یارمه‌تیی نه‌ده‌دا به په‌له په‌ل دوور
که‌وته‌وه. شوێنی که‌وتم. خۆی به کۆڵانێکدا کرد. چه‌ند کۆڵانی
تێپه‌ڕاند، تا گه‌یشته باغه له باغ نه‌چووه‌که‌ی یه‌کێک له
گه‌ڕه‌که‌کانی شار. دانیشت. ماشینه‌که‌ی به دوو ده‌ست راگرت و لێی ورد
بووه‌وه. ده‌ستی پیا هێنا. بۆنی کرد. ئه‌وسا ده‌ستی به گیرفانیدا
کرد. به‌نه‌که! به‌ڵام پێی نه‌بوو. به کێلی باوکیه‌وه بوو. به
په‌له هه‌ستا. هێشتا چه‌ند هه‌نگاوێک دوور نه‌که‌وتبووه‌وه که
راوه‌ستا. گه‌ڕایه‌وه. سه‌یرێکی ئه‌م لاولای خۆی کرد. به ده‌ست،
چاڵه بچکۆلانه‌یه‌کی هه‌ڵکه‌ند و تێی هاویشت. به گڵ دایپۆشی. هه‌ستا.
دڵی رازی نه‌بوو. گڵه‌که‌ی هه‌ڵدایه‌وه‌و و سه‌یاره‌که‌ی هه‌ڵگرت و
رۆیشت. قه‌برستانه‌که زۆر دوور نه‌بوو. که گه‌یشتێ، ته‌واو شه‌که‌ت و
ماندوو بوو. ئه‌وجار بینیم که به‌نه‌که‌ی له کێله‌که کرده‌وه. له
پێشی سه‌یاره‌که‌ی ئاڵاند و ئه‌وسا به ده‌وری کێله‌که‌دا که‌وته
سوڕدان. سه‌یاره‌که شکابوو. دوو دانه له ته‌گه‌ره‌کانی نه‌مابوون.
به‌ڵام ماشین بوو.
نه به‌نه‌که‌ی هێنایه‌وه‌و نه ماشینه‌که. له‌وێ به کێله‌که‌وه به
جێی هێشتن. ده‌یگوت: "ته‌نیا له‌وێ هه‌ست به منداڵیی خۆم ده‌که‌م."
به‌ڵام چه‌ند زوو ئه‌م حاڵه‌ته‌ش به سه‌ر چوو. ئه‌وسا ته‌نیا
داده‌نیشت و سه‌یری گۆڕ و به‌ن و ماشینی ده‌کرد. زستان هات و شه‌وێکی
چڕی به‌فر، به‌ن و سه‌یاره و گۆڕی داپۆشی. نه ئه‌م توانای چوونی
ئه‌وێنده‌ری هه‌بوو و نه زستانیش ئه‌وه‌نده خێرا مه‌یلی جێ هێشتنی
وڵات. که به‌هار هات ئه‌م له‌وه گرمۆڵه‌تر بوو که له قه‌برستان
بتوانێ یاری بکا.
"باسی دوای قه‌برستانم بۆ بکه! دوای ئه‌و زستانه، باسی به‌سه‌ر هاتی
پیری (مردن)! باسی ئه‌و کاته‌ی که ماشینه‌که نه گه‌وره‌یه نه
بچوک، نه هی تۆیه و نه هی ده‌روێش...!" ئه‌و دیسان ده‌ست ده‌خاته
ژێر چه‌ناگه‌ی و له تاریکایی یاخود دیواره‌کانی ئه‌و دیوی مردن
ده‌ڕوانێ و ده‌ڵێ: "ئیستا منیش وه‌ک ماشینه‌که وام، نه هی خۆمم و
نه هی ئه‌و، نه گه‌وره‌م و نه بچوک، بوونه‌وه‌رێک که له ناو
ره‌نگاڵه‌ی یاد و بیره‌کاندا ده‌کاڵێته‌وه، جه‌سته یان رۆحێک که هیچ
بیر یان خه‌ونێک سواری نابێت، بوونێک له خه‌ونه‌وه به‌ره‌و خه‌ون.
له خۆمه‌وه به‌ره‌و خۆم ...باسی چت بۆ بکه‌م، باسی چی!"
|