|
فه‌ڕۆخ
نێعمه‌تپوور
نیوه‌ڕۆیه‌کی گه‌رمی هاوین. ئه‌وه‌نده گه‌رم به
دانیشتنیشه‌وه عاره‌ق ده‌که‌یته‌وه. به‌ر سێبه‌ر و
هه‌تاو ئه‌وه‌نده‌ی جیاوازی نه‌بوو. بۆیه له به‌ر
هه‌تاوه‌که له به‌ر ده‌م ده‌رگای خۆیان دانیشتبوو.
منداڵانی گه‌ڕه‌گ که‌سیان دیار نین. ئه‌م سه‌ر تا ئه‌و
سه‌ری کۆلان که‌س نه‌ده‌بیندرا. ته‌نیا جار جاره
ده‌نگی منداڵ یان نوزه‌ی رادیۆیه‌ک که له
په‌نجه‌ره‌یه‌که‌وه دزه‌ی ده‌کرده ده‌ره‌وه.
هه‌تاو، ده‌یبرژاند. بۆ نه‌ده‌جوڵا، بۆ خۆیشی نازانێ.
سات به سات هه‌ست ده‌کا که زیاتر ده‌کوڵێ. پێستی
خه‌ریکه گڕ ده‌گرێ. به‌ڵام ناجوڵێ. ده‌ڵێی تاقی
ده‌کاته‌وه که تا چه‌ند ده‌توانێ به‌رگه‌ی ئه‌م
هه‌تاوه گه‌رمه بگرێ. گه‌رما به ته‌واوی له ناو
مۆخی ئێسقانه‌کانیدایه. هه‌م خۆشه و هه‌م ناخۆش.
خۆشه، چونکه هه‌ست به جۆرێک توانه‌وه ده‌کا.
توانه‌وه‌یه‌ک وه‌ک دوا رنوه به‌فری به‌هار له ناو
دۆڵێکی سه‌وزدا. ناخۆش چونکه جه‌سته به‌رگه‌ی ئه‌م
توانه‌وه‌یه ناگرێ. سه‌ر هه‌ڵده‌بڕێ. ئارام
هه‌ڵیده‌بڕێ. سه‌یری پێشه‌وه‌ی خۆی ده‌کا. دواتر به
لاچاو ئه‌م سه‌راوسه‌ری کۆڵان. جریوه جریوی
چۆله‌که‌کان ده‌گه‌نه گوێی تواوه‌ی. ده‌یانبیستێ:
"به‌م نیوه‌ڕۆ گه‌رمه چ تاقه‌تێکیان هه‌یه!".
ده‌یانبینێ. هه‌موویان له ناو قه‌ره‌باڵغیی گه‌ڵاکانی
دره‌ختێکدا مۆڵیان خواردووه. لێیان راده‌مێنێ. چه‌ند
سه‌یرن! به‌ڵام چیدی تاقه‌تی لێیان نیه. سه‌ر
داده‌خاته‌وه‌و دیسان خۆی ده‌داته‌وه به‌ر تیشکی
توێنه‌ری خۆر. چه‌ند به له‌زه‌ت ده‌یتوێنێته‌وه.
به‌رده‌می، دیواری قوتابخانه‌که‌یه و ناو حه‌وشه‌که‌ی
شینایی ده‌می به‌هار که ئیستا سه‌رتاسه‌ر بووه‌ته
دڕک و چقڵ. هه‌ست به بۆنی برژاویان ده‌کا. ئه‌وه‌نده
وشکن که له بیانوون بۆ گڕ گرتن. کاتی گڕتێبه‌ردانیان
هاتووه. هه‌ر که هاوڕێکانی بێنه ده‌ر پێیان ده‌ڵێ.
هه‌موو ساڵێک ئه‌مه پیشه‌یانه. گڕیان ده‌ده‌ن و
گه‌ڕه‌ک ده‌بێ به چڕه دووکه‌ڵ و هاواری خه‌ڵکی به‌رز
ده‌بێته‌وه. سه‌گه به‌ڕه‌ڵاکانیش هه‌ڵدێن. زۆر
زه‌حمه‌ت نیه. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی یه‌کیان بتوانێ
شه‌مچه‌یه‌ک له ماڵه‌وه بدزێ. ئیدی ته‌واوه.
ده‌نکه شقارته‌یه‌ک به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م حه‌وشه
به‌رینه وشکه بکا به دۆزه‌خ. گه‌رمای گڕ له گه‌ڵ
هه‌تاو ئه‌وه‌نده‌ی دی ده‌یانتوێنێته‌وه. ره‌ش ره‌ش
داده‌گیرسێن. وه‌ک دووکه‌ڵ. بۆنی دووکه‌ڵ و گڕ
ده‌ده‌ن. ره‌نگه هه‌ر خودی دووکه‌ڵ و گڕیش بن. کێ
چوزانێ. ئه‌ی ئه‌وه نیه فه‌یله‌سووفێکی کۆن
گوتوویه‌تی گڕ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو شتێکه. پێڵاوه
لاسیقی و که‌تانیه‌کانیان لێره و له‌وێ، یان
سووتاون، یان ره‌ش هه‌ڵگه‌راون. که ده‌سووتێن، یان
به خۆڵ ده‌یانکوژێننه‌وه، یان له عه‌رزی ده‌خشێنن.
جاری واشه لێی ده‌گه‌ڕێن با بسووتێن. حه‌زی جووتێ
پێڵاوی تر عاشقی گڕی کردوون!
که‌س رانابوورێ. کۆڵانی نیوه‌ڕۆی هاوین، ده‌ڵێی
مردووه. ئاگر هه‌موویانی به ژوورێ‌دا به ماڵه‌کاندا
کردووه. ئه‌م حه‌زی به‌وه نیه له ماڵه‌وه بێت.
ئه‌گه‌ر ته‌واوی دنیاش گڕ بێت، ئه‌و هه‌ر حه‌زی به
ده‌ره‌وه‌یه. هه‌ر ئه‌م وایه. دایکی پێی ده‌ڵێ
"جنۆکه‌ی به‌ر هه‌تاو!" ئه‌م پێده‌که‌نێ. جنۆکه هی
ناو تاریکیه‌کانه. خه‌ڵک لێیان ده‌ترسن، چونکه خۆیان
ده‌شارنه‌وه. یان خود چونکه کت‌وپڕ خۆیان
ده‌رده‌خه‌ن. تاریکی و کت‌وپڕ! کت‌وپڕ شایی به خۆی دێ.
ئه‌میش ده‌بێ ترسناک بێت. بۆ کێ؟ نازانێ. ئا، ره‌نگه
بۆ منداڵه‌کان. منداڵه هه‌ره بچووکه‌کانی گه‌ڕه‌ک.
ئه‌وانه‌ی وا جارێکه ته‌نیا به حه‌په‌ساویی و
سه‌رسووڕمانه‌وه ده‌ڕوانن. به بێ وازی که‌مێک خۆی
ده‌کشێنێته‌وه. هه‌تاو ئه‌وه‌نده گه‌شه که چاوی
سپی سپی ده‌بینێ. ره‌نگه‌کان له ژێر پێڵوه‌کانیه‌وه
خه‌ریکن له به‌ر یه‌ک ده‌کشێنه‌وه و بزر ده‌بن. با
ببن! بۆی گرنگ نیه. خه‌ریکی خۆکشانه‌وه‌یه‌کی تره
که به‌ر چاوی تاریک دادێ. شتێک لێڵی ده‌کا. ئارام
سه‌ر هه‌ڵده‌برێ و چاوه تواوه‌کانی به ته‌واوی
ده‌کاته‌وه. سێبه‌رێکی زه‌لام. له نووکی پێیه‌وه
لێی ده‌ڕوانێ. تا روخسار. سێبه‌ری هاوڕێکه‌یه‌تی.
هه‌ست ده‌کا هه‌ر خۆی نیه، به‌ڵکو شتێکیشی پێیه.
جوان سه‌رنجی ده‌داتێ. ئا، تفه‌نگێکه. تفه‌نگێکی
بادی. دێته‌وه بیری که سێبه‌ر پێی گوتبوو که، کاکی،
که له تاران ده‌ژی بۆی کڕیوه‌و بۆی هێناوه.
ـ دێی بچین بۆ چۆله‌که کوشتن؟ ده‌یانکوژین و دواتر
به ئاوری چقڵه‌کان ده‌یانبرژێنین.
گه‌رمایه‌کی وا ته‌نیا گۆشتی برژاوی که‌مه!
راده‌چه‌نێ. وه‌ها که ده‌ڵێی هاوین نیه. سه‌یری
تفه‌نگه‌که ده‌کا. چه‌ند جوانه. ده‌ڵێی تفه‌نگی
راسته‌قینه‌یه. له‌و تفه‌نگانه‌ی که مرۆڤی پێ
ده‌کوژن. له‌وانه‌ی وا هه‌موو که‌س که له شانی ده‌کا
هه‌ستی ئازایه‌تی ده‌یگرێ. ده‌ستی بۆ ده‌با. گه‌رم
گه‌رمه. وه‌ک جه‌سته‌ی ئه‌م. هه‌تاو ئه‌میشی
برژاندووه. نیگای ئیدی سپی نابینێ. ره‌نگی قاوه‌یی
قۆنداغی تفه‌نگه‌که، ده‌ڵێی ئه‌سپی ره‌حێڵه.
ـ با بڕۆین!
ده‌ڕۆن. به حه‌ساری قوتابخانه‌که‌دا هه‌ڵده‌گه‌ڕێن و
ئاودیو ده‌بن. سه‌گه‌کان به بێ وازی هه‌ڵدێن. سێبه‌ر
ده‌ڵێ:
ـ پێویست ناکا به کۆڵانه‌کاندا بگه‌ڕێین. له‌م حه‌وشی
قوتابخانه‌یه ده‌توانین راوی خۆمان بکه‌ین.
ئه‌م ته‌نیا چاوی له تفه‌نگه‌که‌یه. شێوه‌ی ئه‌م
تفه‌نگه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ته‌نیا له شانی ئه‌و
گه‌ورانه‌دا بینیوه که به گرژ و مۆنی دێن و ده‌چن.
ئه‌و جڵ به‌ڵه‌کانه‌ی که ده‌ڵێی به تفه‌نگه‌وه له
دایک بوون.
به ناو دڕکه‌کاندا هه‌نگاو هه‌ڵدێنن. تێپه‌ڕ ده‌بن.
به دیوی ئه دیوی بیناکه‌دا کۆمه‌ڵێک دره‌خته. گچکه
باغچه‌یه‌ک! باغچه‌یه‌ک له دارسێوی پیر و دارقۆغی بێ
به‌رهه‌م.هه‌ر وه‌ها به درێژایی حه‌ساری ده‌ستی
چه‌پدا ئه‌و وایه‌ره کاره‌بایانه‌ی که ره‌شی
قه‌ترانین. ئێره شوێنی حه‌سانه‌وه‌ی ریشۆڵه‌کانه.
سێبه‌ر گوتی:
ـ "له باغه‌که چۆله‌که ده‌کوژین. به سه‌ر ئه‌م
سیمانه‌وه ریشۆڵه و له بن شیروانیه‌که‌شدا کۆتر!
ـ "جا ئه‌م تفه‌نگه کۆتر ده‌کوژێ؟"
سێبه‌ر لێوێکی لێ هه‌ڵقرنجاند.
ـ "له سه‌ری بده‌ی، ته‌واوه، یه‌کسه‌ر ده‌یکوژێ.
به‌ڵام گه‌ر له باڵ یان جه‌سته‌ی بده‌ی ره‌نگه بۆ
ماوه‌یه‌کی کورت هه‌ڵفڕێ، به‌ڵام زۆر دوور
ناکه‌وێته‌وه. ده‌توانین بیگرین.
به پاڵ بیناکه‌دا تێده‌په‌ڕن. لێره ئیدی ده‌نگی
منداڵ و رادیۆ نایه‌ت. ده‌نگ مردووه. که به پاڵ
ئاوده‌سته‌کاندا تێده‌په‌ڕن، بۆگه‌ن خه‌ریکه کاسیان
ده‌کا. خێراتر هه‌نگاو هه‌ڵدێنن. هێشتا ناگه‌نه ئه‌و
سوچه‌ی که به سه‌ر باغه‌که‌دا ده‌ڕوانێ، که سێبه‌ر
فرمانی راوه‌ستان ده‌دا.
ـ "نابێ کت‌وپڕ خۆمان ده‌رخه‌ین. ده‌بێ له‌م سوچه‌وه
به ئه‌سپایی و ئارامی بڕوانین!"
ئه‌مه‌ی پێ ناخۆش بوو. ویستی بڵێ که ده‌بێ جنۆکه
کت‌وپڕ خۆی ده‌ربخا. به‌ڵام نه‌یوێرا. نه‌ده‌کرا قسه‌ی
سێبه‌ر که خاوه‌ن تفه‌نگه‌که بوو بشکێنێ. له
سوچه‌که‌وه روانینان. پڕی چۆله‌که. سه‌ره‌تا سێبه‌ر
سیره‌ی لێگرتن. یه‌که‌م ساچمه هیچی نه‌پێکا. ته‌نیا
گه‌ڵاکانی سمی. سه‌یر ئه‌وه بوو چۆله‌که‌کانیش
نه‌بزوان. ره‌نگه گه‌رما. سێبه‌ر جارێکی تر سیره‌ی
لێگرتن. ئه‌مجاره چۆله‌که‌یه‌ک که‌وته خواره‌وه.
تفه‌نگه‌که‌ی دایه ده‌ست ئه‌م و هه‌ڵات. هه‌ر که
گه‌یشته سه‌ری، چۆله‌که‌که‌ی هه‌ڵگرت و له
چاوتروکانێکا ملی هه‌ڵقه‌ند. ئه‌وسا خستیه ناو ئه‌و
دڵقه ره‌شه‌وه که به لا که‌له‌که‌یه‌وه بوو (ئه‌م
تا ئیستا دڵقه ره‌شه‌که‌ی نه‌بینیبوو). چۆله‌که‌کان
هه‌موویان هه‌ڵفڕین. به‌س گرنگ نه‌بوو. سێبه‌ر
هاته‌وه‌و و بۆ ماوه‌یه‌ک پشویان دا تا سه‌ر له نوێ
گه‌رما چۆله‌که‌کان ناچار بکاته‌وه که بگه‌ڕێنه‌وه.
ئه‌م سه‌ری له غیره‌تی سێبه‌ر سوڕمابوو. هه‌ر وا به
حه‌په‌ساویه‌وه سه‌یری سێبه‌ر و دڵقه‌که‌ی به‌ر
که‌له‌که‌ی ده‌کرد. سێبه‌ر گوتی:
ـ "ئه‌مجاره نۆره‌ی تۆیه. ئه‌وه‌ی بکوژێ ده‌بێ
سه‌ریشی هه‌ڵکه‌نێ!"
قه‌ت تفه‌نگی بادی نه‌ته‌قاندبوو. که سێبه‌ر
تفه‌نگه‌که‌ی دایه، دڵقه ره‌شه‌که چواری تیا بوو.
ـ "ده‌بێ ئه‌م درزه له گه‌ڵ نووکی ئه‌م به‌رزاییه
رێک خه‌یت و له سه‌ر نیشانه‌که‌ی دابنێی، ئه‌وجار
ده‌یته‌قێنی."
ته‌قاندی. ته‌قاندی. جارێکی تریش. جارێکی تریش.
نه‌یپێکاو نه‌یپێکا. سێبه‌ر گاڵته‌ی پێ‌کرد. به خۆ‌یا
شکایه‌وه. سێبه‌ر دڵقه ره‌شه‌که‌ی له که‌له‌که‌ی
خۆی کرده‌وه‌و دایه ده‌ستی:
ـ "من ده‌یانکوژم و تۆ سه‌ریان هه‌ڵده‌که‌نی، باشه؟"
له کاتێکدا چاوی له سه‌ر دڵقه‌که بوو، ده‌ستی بۆ
برد و گرتی. ئه‌گه‌رچی نه زۆر خێرا. قورس‌تر بوو
له‌وه‌ی که به زه‌یندا ده‌هات. هه‌روه‌ها گه‌رم،
گه‌لێک گه‌رمتر له نیوه‌ڕۆیانی هاوین. جنۆکه‌ی به‌ر
هه‌تاو بۆ یه‌که‌م جار له نێچیره‌که‌ی ترسا!
که سێبه‌ر چۆله‌که‌یه‌کی تری خست، ئه‌م وه‌ک ئه‌و به
پڕتاو بۆی چوو. که چووه سه‌ری، بینی که چۆله‌که‌که
باڵی له عه‌رز ده‌خشاند و گێنگڵی ده‌دا. راما. ده‌ستی
بۆ ببا یان نه‌یبا؟ سێبه‌ر ده‌نگی دا. ده‌ستی بۆ برد.
هه‌ڵیگرت. له‌ره‌ی جه‌سته‌ی ناسکی چۆله‌که‌که‌ی هه‌ست
پێ‌کرد. قێزێک جه‌سته‌ی ته‌نی. ویستی فڕێی دا. ده‌ستی
شل بوو. به‌ڵام فڕێی نه‌دا. ئه‌وسا ملی گرت. که
رایکێشا، سه‌ری چۆله‌که‌که به ده‌ستیه‌وه نه‌هات.
کرته‌یه‌کی هه‌ست پێ‌کرد. سێبه‌ر قیڕاندی. ئه‌مجار قورس
و قایمتر رایکێشا: "نابێ منار بێته‌وه!" سه‌ره‌که
به ده‌ستیه‌وه هات. هه‌ڵکه‌ندراو چه‌ند قه‌تره خوێن
تکایه سه‌ر زه‌وی. خستیه ناو دلقه‌که‌وه‌و
گه‌ڕایه‌وه. له نیوه‌ڕۆی داغی ئه‌و هاوینه
برژاوه‌دا، ئه‌وه‌نده‌ی دی گه‌رم داهات. که
گه‌ڕایه‌وه سێبه‌ر گوتی:
ـ "یه‌که‌م جار هه‌میشه وایه!"
ئه‌وسا بزه‌یه‌کی هاتبوویه. تا عه‌سر دڵقه‌که‌یان
نیوه کرد. کۆتریان بۆ راو نه‌کرا. به‌لام دوو
ریشۆڵه‌شیان کوشت. که گه‌ڕانه‌وه ناو دڕکستانه‌که،
پیویستیان به شه‌مچه بوو. دڵقه‌که‌ی دایه ده‌ست
سێبه‌ر و به سه‌ر حه‌ساره‌که‌دا سه‌رکه‌وت و چوو بۆ
ماڵه‌وه. کۆڵان سووکه جوڵه‌یه‌کی تێکه‌وتبوو. لێره
و له‌وێ ده‌رگاکان ده‌کرانه‌وه‌و منداڵان سه‌ریان
ده‌کیشایه ده‌ره‌وه. ئه‌م سه‌یری نه‌کردن. به
په‌له ده‌رگاکه‌ی کرده‌وه‌و خۆی به ژوورێ‌دا کرد. به
بێ سڵ کردنه‌وه له دایکی، که له ئاشپه‌زخانه
خه‌ریکی خاوێن کردنه‌وه بوو، شه‌مچه‌یه‌که‌ی هه‌ڵگرت
و خستیه ناو گیرفانیه‌وه. گرژ و مۆن له کاتێکدا
دایکی ده‌نگی ده‌دا، پێڵاوه‌کانی هه‌ڵکێشا و به پرتاو
هاته ده‌ره‌وه. منداڵه‌کان ئاگایان لێ‌بوو که
جنۆکه‌ی به‌ر هه‌تاو چه‌ند به په‌له پانتایی کۆڵانی
بڕی و خۆی گه‌یانده حه‌ساره‌که. به‌ڵام
نه‌یانده‌زانی کاتێک به سه‌ر حه‌ساری قوتابخانه‌که‌دا
هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه، بیری ده‌ستێک جلی به‌ڵه‌ک، وه‌ک
هه‌وره تریشقه به ئاسمانی مێشکیدا گوزه‌ری کرد.
|