|
فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
پاسه‌که ئارام رێگای ده‌بڕی. ده‌ره‌وه تاریک تاریک.
سارد و بێده‌نگ. له ناو پاسه‌که‌دا دانیشتوون.
ناوه‌وه پڕه له هاوڕێیانی کۆن. ئه‌مانیش
هه‌ردووکیان له پێشه‌وه روو به‌وان. پاسه‌که
ده‌ڕواو ئه‌م شانه و شان ده‌کا، موسافیره‌کانیش له
گه‌ڵیا. هه‌موو ئه‌وان له‌مان ده‌ڕوانن و ئه‌مانیش
له‌وان. نیگاکان چه‌ند قورسن! هاوڕێیانی کۆن هه‌موویان
ره‌پ دانیشتوون. ده‌ست له سه‌ر ئه‌ژنۆ و بێده‌نگ.
وه‌ک سه‌رده‌می منداڵی له کلاسی ده‌رسدا، کاتێک
موبسری کلاس به دارێکه‌وه قوتابیه‌کانی ئارام
ده‌کرد. دوو تفه‌نگچیش له به‌ر ده‌رگاکه‌دا
راوه‌ستاون، ئاماده‌ن بۆ هه‌ر چه‌شنه رووداوێکی
نه‌خوازراو. ئه‌وانیش دوو موبسر به دوو
دارتفه‌نگه‌وه. به‌رپرسه‌که هه‌ردووکیانی دابووه
ده‌ست ئه‌م دوو تفه‌نگچیه و گوتبووی بیانبه‌ن. ئیستا
خه‌ریکه ده‌یانبه‌ن. پێیان وانه‌بوو ئه‌وه‌نده خێرا
بڕیارێكی وه‌هایان له سه‌ر بده‌ن. که ئه‌مه‌یان بیست،
ته‌زوویه‌ک به له‌شیاندا گه‌ڕابوو. کت‌وپڕ شتێک هاتبوو
که ژیانی وه‌ک تابلۆیه‌کی دووره‌ده‌ست لێکردبوو.
ئه‌وه‌نده دوور وه‌ک مرۆڤی ناو تابلۆکانی سه‌ده‌ی
چوارده. هه‌ردووکیان سه‌ریان هه‌ڵبڕیبوو و له
دووریان روانیبوو، ئه‌گه‌رچی تا دیواره‌که ته‌نیا دوو
مه‌تر مه‌ودا هه‌بوو!
ده‌یانزانی به پاس ده‌یانبه‌ن. ئه‌م پاسه به
ناوبانگ بوو. له منداڵییه‌وه باسیان بیستبوو. سالانی
ساڵه به‌مه رایانده‌گوێزن. پاسه‌که کۆن کۆن بوو،
به‌ڵام مۆتۆڕه‌که‌ی هه‌ر وا به گوڕ و به هێز بوو.
ئیستایش ده‌یتوانی به هه‌زاران و هه‌زارانی دیکه
راگوێزێ. هه‌ر که سوار بوون واقیان وڕما. پێیان سه‌یر
بوو. پاسه‌که پڕ بوو له هاوڕێی کۆن، ئه‌و
هاوڕێیانه‌ی وا ئیستا ته‌نیا به
یاده‌وه‌رییه‌کانه‌وه به‌مانه‌وه
به‌ستراوبوونه‌وه. باشه ئه‌مان بۆ؟ دانه‌یه‌ک له
تفه‌نگچیه‌کان پێکه‌نی و گوتی:
ـ "ئه‌مانه له مێژه له گه‌ڵ ئه‌م پاسه دێن و
ده‌گه‌ڕێنه‌وه!"
ـ "ده‌گه‌ڕێنه‌وه؟"
هاوڕێکه‌ی دیکه‌ی لاشانێکی تێکوتا. ئه‌م بێده‌نگ بوو.
پاشان گوتی:
ـ "جاران ته‌نیا ئێمه و ئه‌وان بووین، که‌چی ئیستا
ئه‌وانه‌یش وا نه ئێمه‌ن و نه ئه‌وان!"
دایانیشاندن، به‌ڵام وه‌ها که ده‌با روویان له
هاوڕێیانی کۆن با. هاورێیانی کۆن چه‌ند به شێوه‌یه‌کی
سه‌یر له‌مانیان ده‌ڕوانی. وه‌ک شتێک پێیان گوترابوو
که ده‌بێ ئاوا بڕوانن. سه‌ره‌تا ئه‌مان خۆیان له‌وان
ده‌بوارد، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام ئه‌مانیش که‌وتنه
روانین. نیگای هاوڕێیانی کۆن نیگایه‌کی سه‌یر بوو.
نه‌ده‌خوێندرایه‌وه. هه‌موو شتێک بوو و هیچ شتێک.
نووسرابوو و نه‌نوسرابوو. شتێک بوو وه‌ک مه‌ودایه‌کی
کورت پڕ له ترس و شانازی و مه‌خابن. ره‌نگه ترس له
خۆیان، شانازی به‌مان و مه‌خابن بۆ ئه‌وه‌ی که ده‌کرا
ئه‌وانیش ئاوا بان. یان مه‌خابن بۆ ئه‌وه‌ی بۆچی ده‌بێ
خه‌ونی خۆش به شکان یان مردن کۆتایی بێت.
ئه‌ی نیگای ئه‌مان؟ نیگای ئه‌مانیش هه‌ر هه‌مان.
به‌ڵام ره‌نگه شتێک زیاتر، وه‌ک "له‌خۆ بایی بوونی
مرۆڤی یاخیی به‌رده‌می مه‌رگ". جار و بار هه‌ستیان
ده‌کرد که نیگای هاوڕێیانی ناو پاسه‌که
یارمه‌تیده‌ره بۆ تاراندنی ترسی مه‌رگ. هه‌ر
ئه‌وه‌نده‌ی که ته‌نیا نه‌بوون بۆخۆی زۆر بوو.
هاوڕێکه‌ی گوتی:
ـ "هێناویانن که له گه‌ڵیان بگه‌ڕێینه‌وه. دوا رێگا
بۆ گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و ژیان."
سه‌ریان
هه‌ڵبڕی و سه‌یری ده‌ره‌وه‌یان کرد. دنیا هه‌روا چه‌ند
تاریک. شانیان به‌رده‌وام به شانی یه‌کتره‌وه بوو.
چه‌ند هه‌ستیان به ئاسووده‌یی ده‌کرد. هێشتا
نه‌که‌وتبوون و ده‌کرا پاڵ به یه‌کتره‌وه به‌ن. دوو
پالتۆیه گه‌وره‌کانی به‌ریان گه‌رمای له‌شیانی
ده‌پاراست، ته‌نانه‌ت دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پاسه‌که‌ش.
له‌و به‌رزایه قه‌رار بوو له ناو دۆڵێکدا تا ئه‌به‌د
بمێننه‌وه. هه‌ڵبه‌ت به راکشاوی و له کا‌تێکدا که
ئیتر نه‌یانده‌توانی له گه‌ڵ یه‌کتر بدوێن. ته‌نیا
به راکشاوی و به نیگایه‌که‌وه که له
دوورده‌سته‌کانی ئاسماندا له ناو ئه‌ستێره‌کان ون
ده‌بوو. یه‌کیان به چرپه‌وه به‌وی دیکه‌یانی گوت:
ـ "کۆتاییه‌کان چه‌ند به په‌له‌ن!"
پاسه‌که راوه‌ستا. دایانبازاندن. وه‌ک هه‌میشه
هاوڕێیانی کۆن دانه‌به‌زین، به‌ڵام گه‌ردنیان کێشا.
به ده‌م دابه‌زینه‌وه ئه‌مانیش بۆ دواجار له‌وانیان
روانی. له‌و تاریکاییه‌دا به جوانی دیار نه‌بوو که
چۆنن، خۆشحاڵن له‌وه‌ی که جارێکی دی به‌ره‌و ژیان
ده‌گه‌ڕێنه‌وه یان داهێزراوی سه‌فه‌ره بێ
کۆتاییه‌کانی نێوان ژیان و مردن. پاسه‌که ماوه‌یه‌ک
راوه‌ستا. دوو تفه‌نگچیه‌که به وردی له‌مانیان
روانی. نه پاڕانه‌وه‌یه‌ک و نه راکردنێک به‌ره‌و
پاسه‌که به‌دی نه‌کرا. ئه‌وان هه‌روا وه‌ک دوو
سێبه‌ری تۆخ شان به شانی یه‌کتره‌وه له‌و
تاریکاییه‌دا راوه‌ستابوون. تفه‌نگچیه‌کان ده‌ستیان
له شۆفیره‌که راوه‌شاند. پاسه‌که بێ ئه‌مان به
هاوڕێیانی کۆنه‌وه گه‌ڕایه‌وه. تفه‌نگچیه‌کان
ده‌نگیان دان. له کا‌تێکدا به ئه‌سپایی له ناو
تاریکاییدا هه‌نگاویان هه‌ڵدێنا، بۆ دواجار له
پاسه‌که‌یان روانی. تاریکی نیگاکانی قوت دابوو. که
پاسه‌که دوور که‌و‌ته‌وه ترسێکی خه‌ست به قه‌ده‌ر
تاریکایی دایگرتن. ژیان چه‌ند سه‌یره! دوو
تفه‌نگچیه‌که هه‌ردووکیانیان ریز کردن. ئه‌وسا چه‌ند
مه‌ترێک لێیان دوور که‌وتنه‌وه. جه‌سته ببوو به
خه‌یاڵێکی لۆکه‌یی. سپی سپی که هه‌رده‌م ده‌کرا به
ده‌م باوه سه‌فه‌ر کا. به بێ ویست شانیان به شانی
یه‌کتره‌وه نا. نا، هێشتا جه‌سته قورس و قایم بوو.
لایان کرده‌وه و له یه‌کتریان روانی. بزه‌یان هاتێ.
نیگایان له نیگای هاوڕێ کۆنه‌کانی ناو پاسه‌که‌ی
نه‌ده‌کرد. ئاه چه‌ند حه‌زاوی بوون! تفه‌نگچیه‌کان
نه‌ڕاندیان. ئیدی هیچیان نه‌ده‌بیست. ده‌نگه‌کانیش
وه‌ک تاریکایی ده‌کرا مرۆڤ تیایاندا نوقم بێت. وه‌ها
که ئیتر ببی به به‌شێک له ده‌نگ. هه‌ر له‌و کاته‌دا
تفه‌نگه‌کان که‌وتنه سه‌رپێ، به‌فرێکی ده‌نک درشت و
قورس دایکرد. کلوه‌کان ئارام ده‌نیشتنه سه‌ر زه‌وی،
سه‌ر شاخ، سه‌ر شان و باهۆی ئه‌مان. کلوه به‌فره‌کان
له نیگای هاوڕێیانی ناو پاسه‌که‌یان نه‌ده‌کرد،
گه‌لێک گه‌رمتر بوون. ئاه چه‌نده هاوڕێ بوون!
چه‌نده هه‌ستی ته‌نیایی ئه‌و شه‌وه‌یان
ده‌ڕه‌وانده‌وه! له‌و
شه‌وه‌دا به سه‌ر ئه‌و شاخه‌وه له ناو ئه‌و دۆڵه
کپ و بێده‌نگه‌دا ئه‌مان بۆ دواجار دیسان بزه‌یان
هاتێ. ترس به یه‌کجاری ره‌وییبووه‌وه. هاوڕێیانی
به‌فر چه‌نده بێ فیز و بێ داوا به ده‌میانه‌وه
بوون. له گه‌ڵ ته‌قه، سه‌ریان هه‌ڵبڕی و روخساریان
دایه به‌ر هوروژمی سوپای سپیی به‌فر. کلوه
درشته‌کانی به‌فر چه‌ند ئارام، چه‌ند نه‌رم زه‌ویی و
جه‌سته‌ی ئه‌وانی داگیر ده‌کرد.
|