|
فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
قه‌ت ئه‌و رۆژه‌ی له بیر ناچێ. که له ماڵ هاته
ده‌ر
هه‌ر له خۆوه هه‌موو جه‌سته‌ی گۆرانی ده‌گوت. ته‌نیا
ئه‌وه‌نده‌ی بوو که ده‌نگی لێوه نه‌ده‌هات. به‌ڵام
هه‌ر که‌س بینیبای ده‌ست به جێ به چاویا ده‌یزانی چ
باسه! چاوه‌کانی گه‌ش گه‌ش پێده‌که‌نین. ئه‌گه‌رچی
قیت و قنج و خێرا ده‌ڕۆیشت و به جوانی نیگای بۆ پێش
خۆیه‌وه به‌ڕێ ده‌کرد، به‌ڵام هیچی نه‌ده‌دیت. ئه‌و
شته‌ی ده‌روونی داگیری کردبوو و مه‌ست و چه‌له‌نگی
وزه‌و مۆسیقای له‌شی ته‌نیا ده‌ڕۆیشت و ده‌خه‌نی. ئا،
چاوی له هیچ نه‌بوو. ئاگای لێ نه‌بوو که چلۆن
ئاپۆرایه‌ک ده‌وری شیتێکی گیرفان پڕ له به‌ردیان
دابوو و گاڵته‌یان پێده‌کرد. ئاگای لێ نه‌بوو که رێک
له به‌رده‌میدا کوڕێکی گه‌نج نقورچکی له کچێکی
ته‌نیای چارشێو به‌سه‌ر گرت. کچه‌که نه قیڕاندی و
نه قسه‌ی به کوڕه گوت. ته‌نیا سوور سوور هه‌ڵگه‌ڕا
و هه‌نگاوه‌کانی خێراتر کرد. ئاگای لێنه‌بوو که
یه‌کێک له‌وبه‌ره‌وه له‌مبه‌ری ده‌ڕوانی و له به‌ر
خۆیه‌وه جوێنی ده‌دا! شێته‌که و کچه‌که و جوێن
فرۆشه‌که‌یش ئاگایان له‌م نه‌بوو. ده‌ڵێی ئه‌م شاره
که‌س تێیدا ئاگای له‌وی دی نه‌بوو! به‌ڵام نا! بێگومان
ئه‌گه‌ر پشویه‌کی به ئاوازی ده‌روونی بدایه و
سه‌رنجێکی ده‌ورووبه‌ری خۆی دابا، ده‌یبینی که رێک
به پێچه‌وانه‌وه گه‌لێک که‌س ئاگایان له یه‌که.
ئه‌ی ئه‌وه نیه ئه‌و ئاپۆرایه ده‌وری ئه‌و شێته‌یان
داوه؟ ئه‌ی ئه‌وه نیه ده‌ستێک لاسمتی ئه‌و کچه‌ی
سوور کرده‌وه؟ ئه‌ی ئه‌وه نیه یه‌کێک جوێن ده‌دا؟
شتێک له ده‌روونه‌وه پێی ده‌گوت ئه‌مڕۆ شتێک
رووده‌دات. شتێک که له هیچ شتێکی دی ناکا. سه‌ری
هه‌ڵبڕی، سه‌یری ئاسمانی کرد. سه‌یری کرد؟ که‌س
نازانێ. چه‌ند خێرا شه‌قامی ده‌بڕی. ویزه‌و گیڤه و
گیڕه‌ی سه‌یاره و مۆتۆرسیکله‌کان، ورته و هه‌را و
سرته و نه‌ڕه‌ی رێبواران و وه‌ستاوانی سه‌ر شه‌قام
له‌م نه‌ده‌ئاڵان. ئه‌و ته‌نیا هاتبووه ده‌ر بۆ
ئه‌وه‌ی روودانی ئه‌و شته ببینێ. نه ئه‌م له
ده‌ورووبه‌ری خۆی ده‌ئاڵا و نه ده‌ورووبه‌ریش له
ئه‌و. دنیا چۆڵ و ئه‌م ته‌نیا. یاخود هه‌ر بۆخۆی
ته‌واوی دنیا. شه‌قامی یه‌که‌می بڕی. گه‌یشته چوار
رێیانێک. شه‌قامی ده‌ستی راستی گرت. بڕیاری دا؟
هه‌ڵیبژارد؟ نه. له خۆوه وا رۆیشت. ده‌کرا به
شه‌قامی ده‌ستی چه‌پ یاخود روو به روودا بڕوات.
قه‌رار بوو که شته‌که له یه‌کێک له‌م شه‌قامانه‌دا
روو بدات. بیستبووی که هه‌موو شتێک له شوێنێکدا روو
ده‌دات. له شوێنێکدا و له زه‌مه‌نێکی دیاریکراودا.
شوێن، بۆ ئه‌و شه‌قام بوو. زه‌مه‌نیش، ئێواره‌یه‌کی
هاوین، کاتێک فێنکاییه‌کی له‌ززه‌ت به‌خش شار
ده‌گرێته‌وه. به‌ڵام کات و شوێن هه‌ر ئه‌مانه بوون؟
بۆ ئه‌وه‌ی له ئاسمانه‌کانه‌وه ده‌یڕوانی، شوێنی
روودانی ئه‌و شته زه‌وی بوو. بۆ ئه‌وه‌یش که مێژوو
ده‌گێڕیته‌وه، زه‌مه‌نی ئه‌م روودانه بریتی بوو له‌و
سه‌رده‌مه‌ی که تفه‌نگه‌کان فێری پیاسه‌ی کوچه و
کۆڵان و شه‌قامه‌کانی شار ببوون، "ئێواره‌ی پیاسه‌ی
تفه‌نگه‌کان!" ئه‌وانه‌ی ده‌وری شێته‌که‌یان دابوو،
تفه‌نگه‌کان بوون. ئه‌وه‌ی نقورچی له‌و کچه گرت،
تفه‌نگ بوو. ئه‌وه‌یشی له‌و به‌ری جاده‌وه جوێنی
حه‌واڵه‌ی ئه‌م به‌ری جاده ده‌کرد هه‌ر تفه‌نگ بوو.
ئه‌م گوێی له ته‌قه‌ی تفه‌نگه‌کان نه‌بوو، به‌ڵکوو
ته‌نیا ده‌ڕۆیشت و بزه‌ی ده‌هاتێ. ئه‌و ته‌نیا له
رووداوه گه‌وره‌که ده‌گه‌ڕا. له‌م شه‌قامه‌ش
کۆمه‌ڵێک منداڵ نێو زبڵێکیان ده‌پشکنی، گه‌وره‌یه‌ک
له یه‌کێک له په‌نجه‌ره‌کانه‌وه تفێکی هه‌ڵداشته
ده‌ره‌وه و گه‌نجێکیش به دوا مژی جگه‌ره‌که‌یه‌وه
لێوی سووتا.
شه‌قامی دووهه‌میشی بڕی. گه‌یشته سێ رێیانێک. دیسان
شه‌قامی ده‌ستی راستی گرت. هه‌ر له خۆڕا. لێره‌ش
تفه‌نگه‌کان. یه‌ک جگه‌ره‌ی ده‌فرۆشت، یه‌ک میوه.
ئه‌وی دی جاجکه له ده‌م ته‌سبێحی هه‌ڵده‌سوڕاند.
یه‌ک سه‌یاره‌ی خاوێن ده‌کرده‌وه. تفه‌نگه‌کان چه‌ند
سه‌رقاڵ بوون. ئه‌میش چه‌ند ده‌روون قاڵ! دیسان ئاگای
لێ نه‌بوو که دوو تفه‌نگ له یه‌کیان دا. خوێنی
یه‌کیان چه‌ند سوور تکایه سه‌ر زه‌وی. تفه‌نگێکی دی
باوێشکی دا و به‌وه‌ی په‌نای گوت هه‌ر تاریک بێت
ده‌زانم چی ده‌که‌م! تفه‌نگێکی تریش له سه‌ر تاقه
پرده‌که‌ی شاره‌وه له چۆمه‌که‌ی ده‌ڕوانی و وه‌ک
بڵێی له بیری خۆکوژی‌دا بێت. که ئه‌م شه‌قامه‌ی
تێپه‌ڕاند، ئاگای لێ نه‌بوو که تفه‌نگی سه‌رپرده‌که
له کاتی کشانه‌وه‌یدا گولله‌یه‌کی وێڵ به‌و دیویدا
خست و که‌وته ناو ئاوه‌که‌وه. تفه‌نگه‌که ئاو بردی
یان نا، نازانێ. ره‌نگه یه‌کسه‌ر نوقم بووبێت. گرنگ
نیه. ده‌ڕۆیشت. هه‌ر ده‌ڕۆیشت. رووداوه‌که ده‌یگوت
نابێ راوه‌ستێ. رووداو رۆیینی پێویسته. گه‌یشته
شه‌قامێکی دی. ئه‌مجار راسته‌ورێ رۆیشت. که له ماڵ
هاته ده‌ر دایکی بینی بووی. ده‌نگی دابوو: "زۆر قیت و
لێو به بزه مه‌ڕۆ ده‌ره‌وه. تفه‌نگه‌کان حه‌زیان
له مرۆڤی مۆنه. مرۆڤی مۆن و بێده‌نگ!" ئه‌م گوێی لێ
ببوو؟ که‌س نازانێ. نه ئاوڕی دابووه‌وه‌و نه بۆ
ساتێکیش سووکه راوه‌ستانێکی بۆ کردبوو. ته‌نیا
رۆیشتبوو. رووداوه‌که نه‌یهێشتبوو. دایکی به ئه‌ژنۆی
خۆیدا کێشابوو. دواتر به ده‌م نوێژی ئێواره‌وه دوعای
کردبوو: "خوایه تفه‌نگه‌کان ئه‌م ئێواره‌یه که‌ڕ و
کوێر که‌ی!" هه‌ر له ده‌رگاکه‌یان هاتبووه ده‌ر
دراوسێکه‌شیان بینیبووی. ئا، کچی دراوسێکه‌یان که
زۆریشی دڵ به‌مه‌وه بوو. به‌ڵام ئه‌م سه‌رنجی
نه‌ده‌دایه. کچێکی ئه‌وه‌نده جوان که لاوان له
گه‌ڕه‌که‌کانی دوور و نزیکه‌وه بۆ دیتنی ده‌هاتن.
وه‌ک ده‌ڵێن قژ زه‌رد و چاو کاڵ و سپیکه‌ڵه، وه‌ک
کچانی ئه‌ورووپا. دیتبووی و ئاخی هه‌ڵکیشابوو. وه‌ک
جاران. باشه بۆ نایبینێ؟ هاوڕێکه‌ی گوتبووی: "ئه‌مه
له‌وانه‌یه که هه‌میشه پێی وایه شته گرنگه‌کان
له دوور دوور روو ده‌ده‌ن. لێی گه‌ڕێ سه‌رئه‌نجام
رۆژێک پێت ده‌زانێ."
شه‌قامه راسته‌ورێکه‌ش وه‌ک شه‌قامه‌کانی دی پڕی
تفه‌نگه‌کان و ئه‌و خانووانه‌ی که شه‌وانه
تفه‌نگه‌کان تیایاندا ده‌حه‌سانه‌وه. لێره‌ش هه‌ر وا
قیت و چاو گه‌ش و لێو به بزه به بێ سه‌رنجدانی
ده‌ورووبه‌ری گوزه‌را. به‌ڵام تفه‌نگه‌کان لێره
مقۆمقۆیان تێکه‌وت. یه‌ک لووله‌ی ئاماژه‌ی بۆ راداشت و
گوتی: "پێی وایه سه‌رده‌می شه‌ڕه‌کان به سه‌ر
چووه." ئه‌وی دی پێکه‌نی و گوتی: "ته‌نیا گولله‌یه‌ک
به‌سه بۆ به خه‌به‌ر هاتنه‌وه‌ی" ئه‌وجار سیره‌ی
تێگرت. تفه‌نگێکی دی به‌ری پێگرت: "ئیستا کاتی نیه
ده‌بێ له پێشا بزانێ که ئێمه هه‌ین." ئیتر هه‌موو
بێ ده‌نگ بوون. له بێده‌نگی ئه‌واندا ئه‌میش به‌ره
به‌ره له کۆتایی شه‌قام نزیک که‌وته‌وه. ئاسمان
ئیدی مه‌یلی گۆڕینی ره‌نگی بوو. هه‌تاو، به زمانی
تیشک دوا چپه‌کانی ده‌چرپاند. له دارگوێزه‌کانی
شاخه‌که‌ی ئه‌و به‌ر کۆمه‌ڵێک مه‌لی ماندووی رۆژ، له
دارگوێزێک ئاڵان. ئه‌م دیتی؟ که گه‌یشته کۆتایی
شه‌قام ئه‌مجار به ده‌ستی چه‌پدا سووڕی خوارد. ئه‌م
شه‌قامه رووه‌و رۆژئاوا بوو. تیشکی زه‌رده‌په‌ڕ له
ناو چاوانی چه‌قی. که‌چی ئه‌م نه ناوچاوی تێک ناو نه
سه‌ری بۆ نه‌وی کرده‌وه. ره‌نگه رووداوه‌که له‌م
شه‌قامه بێت. له شه‌قامی مه‌رگی ئێوارانی هه‌تاودا.
ئه‌و کاته‌ی که شه‌قام لێره و له‌وێ سێبه‌ری تاریک
له ئامێزی ده‌گرێ. ئا! رووداوی گه‌وره په‌یوه‌ندی
به تاریکاییه‌کانه‌وه هه‌یه. تۆ نایبینی، به‌ڵام
ئه‌و له‌وێیه. له‌وێیه و کت‌وپڕ خۆی ده‌رده‌خا. له
تاریکاییه‌وه به‌ره‌و رووناکایی. ئه‌و شوێنه‌ی که
ئیدی تۆ ده‌توانی بیبینی. بیبینی و راوه‌ستی و ئه‌وسا
لێی ورد بیته‌وه. تا تێی ده‌گه‌ی زۆری پێ ده‌چێ. له
بینینه‌وه تا تێگه‌یشتن ره‌نگه مه‌ودایه‌کی دوور
بێت.
که‌چی ئه‌م کونج و که‌له‌به‌ره سێبه‌راویه‌کانیشی
نه‌بینی. ته‌نیا ده‌ڕۆیشت. نه‌یزانی که له‌م
شه‌قامه تفه‌نگه‌کان خۆیان کشاندووه‌ته ناو
سێبه‌ره‌کان. له‌وێ جگه‌ره ده‌کێشن و باسی هاتنی شه‌و
و رێبوارێکی غه‌ریب ده‌که‌ن.
که باوکی هاتبووه‌وه بۆ ماڵ دایکی بۆی گێڕابووه‌وه.
باوکی هیچی نه‌گوتبوو. ته‌نیا که‌مێک سه‌ری هه‌ڵبڕیبوو
و دواتر به لای راستیدا خستبوو. وه‌ک بڵیی گوێ
هه‌ڵده‌خا. هه‌ڵنه‌ستابوو بچێ به شوێنی‌دا. وه‌ک بڵێی
هه‌موو شتێکی دابووه ده‌ست قه‌زا و قه‌ده‌ر. هه‌ر
له‌و کاته‌یدا باوکی به پێچه‌وانه‌ی جاران به ده‌نگی
به‌رز نوێژی خوێندبوو، کوڕه‌که‌ی شه‌قامی رووه‌و
رۆژئاوای شاریشی بریبوو. ئه‌مه ئیدی دوا شه‌قام بوو.
ئه‌م شه‌قامه کۆتاییه‌کانی له سه‌ره‌تاکانی سروشتدا
کۆتایی ده‌هات. دوا خانووه‌کان به پێچه‌وانه‌ی
ماڵه‌کانی دیکه سه‌رنجیان راکێشا. دڵی پێی ده‌گوت که
ده‌بێ ئه‌و شته لێره له‌م شه‌قامه‌دا رووبدات.
سه‌یری په‌نجه‌ره‌و ده‌رگای خانووه‌کانی کرد.
روخسارێک، ته‌نیایه‌کی چاوه‌روانی پشت په‌نجه‌ره!
نه، هیچی نه‌دیت. ته‌نیا ئه‌و په‌نجه‌رانه‌ی که له
گه‌ڵ هه‌تاو له گه‌مه‌ی زه‌ردی تیشکدا بوون. بۆ
یه‌که‌م جار له‌و ئێواره سیحراویه‌دا دڵی گوشرا. هه‌ر
رێک له‌م کاته‌دا تفه‌نگی به‌ر سێبه‌ره‌کانی بینی.
وه‌ک بڵێی خۆیان له زه‌رده‌ی خۆر ده‌شارده‌وه. له
ناو چیمه‌نتۆی خۆڵه‌مێش ئاسای دیواره‌کاندا چه‌نده
له بزربووندا بوون. بیری کرده‌وه که ره‌نگه له
هه‌ڵه‌دا بێت و هه‌ر که گه‌یشته کۆتایی شه‌قام به
لای راست یان چه‌پدا شه‌قامی دیکه ده‌ست پێ بکا.
چه‌ند له هه‌ڵه‌دا بوو. راست و چه‌پ ته‌نیا ئه‌و
خانووانه‌ی بوون که سنووری شار و سروشت بوون. که‌مێک
داهێزرا. هه‌نگاوه‌کانی هێواش بوونه‌وه. نیگاکان
که‌مێک ژاکان و له‌ش و لار ئه‌و قیت و قنجیه‌ی نه‌ما.
بیر، نه‌وی کرده‌وه. له‌وێ له ده‌ره‌وه له ناو
سروشتدا پێی وانیه که ئه‌و شته رووبدات. ئه‌و شته
لێره له ناو ئه‌م شه‌قامانه‌دا و له ناو ئه‌م
شاره‌دایه. بگه‌ڕێته‌وه؟ نازانێ. نه،
ناگه‌ڕێته‌وه. مادام تا ئیستا له‌م شه‌قامانه رووی
نه‌داوه. ئیدی روو نادات. نابێ بگه‌ڕێته‌وه. یه‌کێک
له تفه‌نگه‌کانی ناو سێبه‌ره‌که به‌وی دیکه‌ی گوت:
"هه‌ر بگه‌ڕێته‌وه ده‌یکوژم" سه‌ری هه‌ڵبڕی و سه‌یری
دوا خانووه‌کانی کرده‌وه. هێشتا دره‌نگ نه‌بوو. هێشتا
به ته‌واوی نه‌گه‌یشتبووه کۆتایی کۆلان. ده‌ی شتێک
له‌م خانووانه‌دا! به‌ڵام هیچ. کۆڵان و خانوو هه‌روا
بێده‌نگ. راوه‌ستا. بیری کرده‌وه: "که‌واته له‌م
شه‌قامانه‌دا روو نادات. ده‌بێ له شوێنێکی دی بێت.
شوێنێک له ناو سروشت یان واوه‌تر له سروشت، له‌وبه‌ر
ده‌ریاکان. رووداوێکی گه‌وره له شوێنێکی گه‌وره."
بۆ دواجار لای کرده‌وه‌و له شه‌قام و شار و تفه‌نگی
به‌ر سێبه‌ری روانی. ئه‌وسا پێی هه‌ڵگرت و رۆیشت.
باوکی ده‌ستی دۆعای به‌رز کرده‌وه: "خوایه با
ئاواره بێت، به‌ڵام به‌س بمێنێت!"
|