باڵنده‌کانی غه‌م
هه‌موو شتێک
له‌و رۆژه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد که باوکم مرد. ئارام رووی تێ‌کردم و
گوتی: "خه‌فه‌ت مه‌خۆ!"
سه‌عاته‌که
زه‌نگی لێدا. چاره‌ک بۆ حه‌وت بوو. هه‌ستام. چووم بۆ حه‌مام. دۆشم
گرت. جل و به‌رگم پۆشی. چووم بۆ ئاشپه‌زخانه. خواردنی ئه‌و
رۆژه‌یشم پێچایه‌وه. گوێم له هه‌واڵه‌کان گرت. کتێبه‌کانم خسته
ناو جانتاکه‌مه‌وه. چووم بۆ قوتابخانه. له هیچ ده‌رسێکدا
غه‌یبه‌تم نه‌کرد. ئه‌و خواردنه‌ی پێم بوو، فڕێم دا. چوومه‌وه بۆ
ماڵ. نیوه‌ڕۆم نه‌کرد. ته‌کلیفه‌کانم ئه‌نجام دا. چووم بۆ وه‌رزش.
گه‌ڕامه‌وه ماڵه‌وه. راکشام. سه‌عاته‌که‌م کۆک کرد، چاره‌ک بۆ
حه‌وت. خه‌وتم.
خه‌فه‌تم
نه‌خوارد.
باوکمیان
ناشت.
به‌هار بوو.
مانگی خاکه‌لێوه. وه‌رزێکی وا و ناشتن! نا، شتی وانابێ! کاتێک
به‌ره‌و مانگی گوڵان ده‌ڕۆین و به‌ره‌و هه‌فده‌ی مانگ*
و به‌ره‌و پشووی هاوینه. ئاه، به‌ره‌و ئه‌و هه‌موو شته خۆشه.
خه‌به‌رم
بووه‌وه. هه‌ستامه سه‌ر پێ. جل و به‌رگه‌کانم پۆشی. ره‌ش. کراسه
ره‌شه‌که‌ی باوکم، کراواته ره‌شه‌که‌ی، قاته ره‌شه‌که‌ی،
پاڵتاوه ره‌شه‌که‌ی.
له به‌ر
تابووته‌که‌یدا راوه‌ستام. گوڵه‌کان سه‌رنجیان راکێشام. چه‌ند
نه‌گونجاو ده‌هاتنه به‌ر چاوم. کاتێک کۆتایی مانگی خاکه‌لێوه‌یه
و خۆڵه‌مێش له ئاسمانه‌وه ده‌بارێ.
سه‌یری
تابووته‌که‌م کرد که چۆن ئارام ئارام ده‌خزایه ناو گۆڕه‌که‌وه.
گوێم له قه‌شه‌که بوو که ده‌یگووت له خاکه‌وه هاتووی و ...
گوێـم له باوه‌گه‌وره‌م بوو که شتێکی گوت، به‌ڵام نه به جوانی.
ره‌نگه ئه‌وه‌ی که باوکم گوتبووی دوای گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ماڵه‌وه
ده‌بێ زمانی فه‌رنسیه‌که‌م بخوێنم و رۆژی دواتریش ده‌بێ بچم بۆ
قوتابخانه.
باوه‌گه‌وره‌م گوتی: "بیر، بیره‌کان هه‌میشه له‌وێن. باوکت مرد.
زۆر ناخۆشه.
کوڕه‌که‌ی من مرد. گه‌لێک ئازاری هه‌یه. به‌ڵام ده‌بێ کارێک
بکه‌ین که غه‌م به هێزترمان بکا. ئه‌م ئازاره بناسه، بیزانه
که ئه‌مه ئازاره. ئه‌مه قه‌بووڵ که، که خه‌فه‌ت ده‌خۆی.
به‌ڵام نابێ وه‌ها بێ که غه‌م به سه‌رتدا زاڵ بێ. لێ گه‌ڕێ با
غه‌مه‌کان بێن و ئه‌وه‌ی بکه‌ن که ده‌بێ بیکه‌ن، دواتر تۆ له‌وان
به هێزتر ده‌بی. گه‌ر پاڵ به بیره‌کانه‌وه بنێی و بته‌وێ
دووریان بخه‌یته‌وه، ئه‌وا به هێزتر له جاران پێته‌وه ده‌لکێن،
وه‌ها که ناتوانی لێیان ده‌رباز بی"
گوتم: "به‌ڵێ
باوه‌گه‌وره"
هاوین هات.
چووین بۆ پروڤێنس.Provence**
هه‌ر
وه‌ک هاوینه‌کانی پێشووتر، له‌و کاته‌وه‌ی له دایک ببووم.
هه‌ر ئه‌وه‌مان کرد که پار کردبوومان.
هه‌روه‌ها به‌تر پار، یان به‌تر به‌تر پار. هه‌موو شتێک وه‌ک جاران
بوو. به بێ باوکم.
له پروڤێنس بووین، به‌ڵام به بێ باوکم غه‌ریب
ده‌هاته به‌ر چاوم. باوم هی ئێره بوو. هه‌ر وه‌ها من و
باوه‌گه‌وره‌یشم. ئێره پروڤێنس بوو، هه‌ستم ده‌کرد به بێ باوکم
هه‌ڵه‌یه‌کی تێدایه. زۆر ناخۆش بوو، ده‌با ناخۆش بێ.
باوه‌گه‌وره‌م گوتی، ئێمه ده‌بێ بتوانین به بێ باوکم له پروڤێنس
بین. گه‌لێک هاوینی دیکه‌مان به به‌ره‌وه مابوو. ئه‌و هاوینانه‌ی
که ده‌با له پروڤێنس به‌سه‌ریان به‌رین. باوه‌گه‌وره‌م له‌و
کاته‌وه که له گه‌ڵ دایه گه‌وره فه‌ره‌نسییه‌که‌م
ئه‌ڵقه‌یان گۆڕیبووه‌وه، به‌رده‌وام هه‌موو هاوینه‌کانی لێره به
سه‌ر ده‌برد.
به‌ڵام
هاوینه‌کانی پروڤێنس چیدی هاوینه‌کانی پروڤێنس نه‌ما‌بوون.
باوه‌گه‌وره‌م گوتی ئێمه ده‌بێ بچین بۆ ئه‌وێ
گوتی ئێمه ده‌بێ فێر بین که ده‌کرێ هاوینه‌کانی پروڤێنس به بێ
باوکیشم خۆش بن. گه‌لێک بیره‌وه‌ری خۆشمان له باوکم له پروڤێنس
هه‌بوو. ئه‌مه ده‌توانی غه‌مه‌که‌مان سووکتر بکا. گوتم: "به‌ڵێ تریفه‌ی مانگ بزر بوو پیه‌ر Pierre ماچی کرد کچه شۆخه‌که نۆروێژییه‌کی تۆکمه بوو."***
گوتم: "باوه‌گه‌وره، سه‌رنجی خه‌ڵکت داوه
کاتێک وا ده‌نوێنن که به دڵی ئه‌وان ده‌گوزه‌رێ"
یه‌که‌م رۆژی ده‌ست پێکردنی پاییز و ون بوونی
هاوین بوو.
هه‌ستام. جل و به‌رگم پۆشی. چووم بۆ
قوتابخانه. له هه‌موو کلاسه‌کاندا به‌شداریم کرد. چوومه‌وه ماڵ.
ته‌کلیفه‌کانم ئه‌نجام دا. چووم بۆ وه‌رزش. خه‌وتم.
باوه‌گه‌وره گوتی: "نان ناخۆی؟"
گوتم: "نا،
لای مالین
Malinنانم
خواردووه ده‌مه‌وێ بچم بۆ وه‌رزش ده‌رسه‌کانم ئه‌نجام بده‌م کاتم
نیه"
باوه‌گه‌وره
گوتی: "مایا
Majaسه‌یر
که چه‌ند لاواز بووی، ده‌بێ بخۆی"
گوتم: "برسیم
نیه کاتم نیه یه‌کجار کارم زۆره"
باوه‌گه‌وره
ده‌ستی دایه خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه.
سۆقرات، ئیفلاتوون، ئه‌ره‌ستو، کانت، سپینوزا، بێرکلی، سارتێر، دی
بوڤاری.
ده‌یگوت:
"سه‌رنج راکێش، هه‌ژێنه‌ر و یه‌کجار پڕن"
گومانم بوو
له‌وه‌ی توانیبێتی باوکم له بیر به‌رێت.
باوکم
چرپاندی: "باڵنده‌کانی غه‌م. هیچت له سه‌ر بیستوون؟
قه‌ت ناپرسن، ته‌نیا خۆ به ژوورێ‌دا ده‌که‌ن. حه‌زت به
هاتنیان نیه، گوێیان لێ ناگری، به‌ڵام ئه‌وان گوێ به‌مه ناده‌ن.
دێن و ده‌مێننه‌وه، ئه‌وسا هێلانه‌ی خۆیان له سه‌ر سه‌رت له ناو
قژه‌کانتدا چێ ده‌که‌ن. ئیتر قه‌ت ناڕۆن، به جێت ناهێڵن"
باوه‌گه‌وره
قیڕاندی: "مایا، ئه‌وه خه‌ریکی چیت؟" تووڕه و جۆره‌یه‌ک بوو،
قه‌تم وا نه‌دیبوو. "مایا، باوکت مردووه. به نه‌خواردنی تۆش
ناگه‌ڕێته‌وه. تێگه‌یشتی، ئه‌و مردووه! ئیتر ده‌بێ واز بێنی.
داهاتووی ژیان مردنه. ئه‌مه ته‌نیا شتێکه که به دڵنیاییه‌وه
ده‌یزانین. به‌ڵام بیر له‌وه بکه‌وه که تۆ ئیستا ده‌ژی! ئا، رێک
له‌وه‌ی که تۆ هه‌ر ئا ئیستا خه‌ریکی ده‌ژیت! گه‌لێک ده‌رفه‌ت له
ژیان‌دا هه‌یه، به‌ڵام تۆ زۆر ئاسان ده‌هێڵی که باڵنده‌کانی غه‌م
داگیرت بکه‌ن."
گوتم:
"به‌ڵێ، باوه‌گه‌وره"
شه‌وێکی
ئه‌نگوسته‌چاو بوو. هه‌ستام، یان ره‌نگه هه‌ر خه‌وم لێ
نه‌که‌وتبوو. باڵنده‌کان په‌نجه‌یان له قژم وه‌رده‌دا. ده‌ستم برد
بۆ سه‌رم. ترسام. هاوارم کرد باوه‌گه‌وره تکایه فریام که‌وه!
له بیرم بوو که باوه‌گه‌وره چی له سه‌ر باڵنده‌کانی غه‌م
گوتبوو. هێلانه‌که‌یانم هاته‌وه بیر. ئیستا ئه‌وان هێلانه‌یان له
ناو قژی مندا ساز کردبوو.
ئارام
ئه‌و فرمێسکانه‌م گریاند که ته‌ڕ ده‌یاننواند، یان ره‌نگه
ته‌ڕیش نه‌بوون.
گوتم:
"باڵنده‌کانی غه‌م هێلانه‌یان له سه‌ر سه‌رم چێ کردووه"
باوه‌گه‌وره
گوتی: "ده‌زانم"
گوتم:
"به‌ڵێ، به‌ڵام ئیستا چ بکه‌م؟"
باوه‌گه‌وره
گوتی: "عه‌قڵ، هه‌ست نیه. هه‌ستیش عه‌قڵ نیه. عه‌قڵ ده‌ڵێ که تۆ
ده‌بێ له ژیان به‌رده‌وام بی. باوکت مردووه. تۆ له ژیانای.
هه‌سته‌کانت باو‌کتیان کردووه به به‌شێک له تۆ. هیچ که‌سیش
ناتوانێ وه‌ک نیوه مرۆڤ بژی."
گوتم: "نا،
ناتوانێ"
"عه‌قڵی تۆ
له‌وه ده‌گا که بۆچی باڵنده‌کانی غه‌م به ده‌وری تۆدا
هه‌ڵده‌فڕن. به‌ڵام هه‌ستی تۆ له‌مه ناگا، به‌ڵام ده‌بێ قه‌بووڵی
کا. تۆ ده‌بێ ئه‌م باڵندانه ببینی. ئه‌وسا ده‌توانی ببیته‌وه به
مرۆڤێکی ته‌واو و ئیتر له ژیان کردن به‌رده‌وام بیت."
گوتم: "به‌ڵێ
باوه‌گه‌وره. به‌ڵام تۆ گوتت که نابێ ستایشی غه‌م بکه‌م."
باوه
گه‌وره گوتی: "دوو شتی جیاوازن، ئه‌وه‌ی که بوێری و باڵنده‌کانی
غه‌م ببینی، له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ستایشی غه‌م بکه‌ی. باس
له‌وه‌یه که چۆن مرۆڤ ده‌توانێ جیاوازییه بچوکه‌کانی نێوانیان
په‌یدا بکا."
گوتم: "زۆر
دژواره."
باوه‌گه‌وره
گوتی: "راسته"
هه‌موو شتێک
له‌و رۆژه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد که باوه‌گه‌وره مرد. ئارام رووی
تێ‌کردم و گوتی: "خه‌فه‌ت بخۆ!"
* هه‌فده‌ی ئا‌پریل رۆژی نه‌ته‌وه‌یی له نۆروێژه.
**
شوێنێکی سیاحیه له باشوری فه‌رانسه.
***
ئه‌م رسته‌یه جوان زه‌ینی شێواوی کاراکته‌ری سه‌ره‌کی چیرۆکه‌که
پیشان ده‌دات.
نووسینی: ریتا ساندنێس Rita Sandnes
وه‌رگێڕانی
له نۆروێژییه‌وه: فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
سه‌رچاوه:
Stemmer,
Erna Vibeke Gjernes og Rita Hvistendahl |